کاتێک گەوجاندنو هەڕەشەکردن دەبێته جێگرەوەی لێکتێگەیشتنو دیالۆگ لەبەڕێوەبردنی شانۆی شارێکدا
ڕوونکردنەوەیەک بۆ شانۆکاران، هاوڕێیان، راگەیاندنکارانو وەزارەتی ڕۆشنبیری لەکوردستان
ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت به بەرهەمهێنانی سەمای پینەدۆزەکان
ئەم نوسینه ڕوونکردنەوەیەکه سەبارەت بەمافی بەشدارانی پرۆژه سەمای(پینەدۆزەکان) لەدوای هەوڵدان بۆ دیالۆگو لێکتێگەیشتنو گەیشتن بەچارەسەر که ئامانجی سەرەکی هونەری شانۆیه، دواجار لەنەگەیشتنە ئەنجام لەگەڵ بەڕێوەبەرێتی هونەرو شانۆی سلێمانی نوسراوه.
چیرۆکی پێش گەڕانەوەم
لەمانگی١١ی ساڵی ٢٠١٥ دا بڕیارمدا هەستم بەنوسینەوەی کۆنسێپتی (پینەدۆزەکان) وەک گەشتێک بۆ یەکەمین پرۆژەی سەمای شانۆییو بۆ نمایشکردن بەناوی کۆمپانیاکەمەوه لەکوردستان(کۆمپانیای کاروان عومەر بۆ سەمای هاوچەرخ) بۆ ئەوەی لەسەرەتای مانگی٧ پرۆڤه دەستپێبکەم، تاوەکو لەسەرەتای مانگی٨ ی ساڵی٢٠١٦ لەسلێمانی نمایشبکرێت.
تێکڕای کارکردن لەپرۆژەکەدا دوو مانگ بوو پێش گەڕانەوەم، تادواجار بۆ ئەو مەبەسته لەکۆتایی مانگی ئاپریلدا کۆنسێپتی پرۆژەکەمان لەگەڵ دەرخستەیەک لەڕێگەی هاوڕێیەکمەوه پێشکەش به بەڕێوەبەرێتی هونەری سلەیمانی كرد ، سێ ڕۆژ دوای ئەوه واتە١ی مانگی ٥ وه ک بەڕێوەبەری بەشی هونەر لەسلێمانی پێیڕاگەیاندین؛ گهیشته دەست بەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆ، بۆئەوەی لیژنەی بەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆ که سێ کەسی شانۆکارن بڕیاری خۆیان بدەن سەبارەت بەدەرخستەکه.
بەردەوام وەک هەمیشه پێش هاتنەوەم ،دەبێت هۆڵێک بۆ پرۆڤەو کۆرسەکانی سەما کهبەسوپاسەوه پەیمانگای هونەره جوانەکان یارمەتیمان دەدەن رێکبخەم. بەرامبەر بەنوسینی ناویان وەک هاوکار لەپرۆژەکەدا. دواتر دابینکردنی (تیپی ڕەش) که پیشەیی بێت بۆ دامەزراندنی فەرشی سەما.
یهکەمین شتێک که چاوەڕوان نەبوم پێش هاتنەوەم لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەری بەشی شانۆ ڕوویدا، به بەڕێوەبەری کارەکانمان ڕاگەیاندرابوو، که (فەرشی سەما) مان پێنادات، تامن تەلەفۆنی بۆ نەکەم!
ئەو فەرشەی که گرنگه پێش هاتنەوەم ئامادەبێت تاوەکو دەستپێکردنی پرۆڤەکردنمان دوانەکەوێت، ئەو فەرشەی که ساڵی٢٠١٣ بۆ یەکەمین جار لەسەر هیلاکبوون و هێزو توانای خۆم هەر لەکڕینو داواکردنی، بەپەیوەندی تەلەفۆنو ئێمەیلکردن لەکۆمپانیایەک تایبەته بەکەلوپەلی شانۆو سەما لەئەڵمانیاو گهیاندنی بەشاری دۆسلدۆرف دواتر گوێزانەوەی لەشاری دۆسلدۆرف بەرەو فڕۆکەخانەو گەیاندنی بەفڕۆکەخانەی سلێمانی. ئەو فەرشەی که بەڕێوەبەرێتیو شاری سلێمانی تائەوکات خاوەنی نەبوو، بەڵکو بوونی هەر نەبوو، بەڵام بۆ بەڕێوەبەری نوێی شانۆ نایەوێت پێمانبدات بۆچی؟
دوای ئەوەی پەیوەندیمکرد به بەڕێوەبەری ئێستای شانۆ هیچ پاساوێکی نەبوو، تهنها پاساوێک ئەوەبوو، ویستی دڵنیابێت که بەناوی چ گروپێکەوه کاردەکەم هەر که وتم به ناوی هیچ گروپێکەوه کارناکهم بەڵکو بەناوی کۆمپانیاکەم کاردەکەم چونکه بەشێک لەپارەی پرۆژەکەمان کۆمپانیاکه دابینی دهکات، ئیتر کێشەی نەما، بۆ کێشەیه بۆی ؟ گەر من کار بەناوی گروپێکی شانۆیی ناوشار بکەم؟ کام گروپ مەبەستی بوو ئەوه دەبێت خۆی بیزانێت؟
چیرۆکی دوای گەڕانەوەم
لەیەکەمین دیدارم لەگهڵ بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی هونهری سلێمانی دوای ئەوەی هۆڵی نمایشمان دیاریکرد، جەختی خستەوه سەر ئەوەی که دەرخستەکەم دەمێکه گەیشتۆته بەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆ و ئیتر دەبێت بڕیاری لەسەر بدرێت! دواتر بەڕێز بەڕێوەبەری بەشی شانۆم بینی پێیڕاگەیاندم ئەگەر بەناوی ئەوانەوه پرۆژەکه پێشکەشکەم ئەوا هەڵدەستن بەم کارانه:
1. ئیشکردن لەدەرخستەکەداو بڕیاردان لەسەر بڕی پاره بۆ پرۆژەکه.
2. کاری ریکلامی ڤیدیۆی نمایشەکه دەگرنه ئەستۆی خۆیان.
3. مه خزەنی بەڕێوەبەرێتیشمان لەبەردەستدا دەبێت بۆ هەر پێویستییەکی دیکۆر که هەبێت.
4. ده بێت خۆم لەسەر پارەی بەدەستهاتو، بڕی پارەی کارمەندی روناکیو دیکۆر که خۆیان فەرمانبەرن لەبەڕێوەبەرێتی هونەری سلێمانی دابین بکەم بەپاساوی قەیرانی نەبونی موچه.
منیش رەزامەند بوم که ناوی بەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆو هونەری سلێمانی لەسەر هەمو بڵاوکراوەی کارەکەم بنوسم به پێی رێککەوتن لەسەر ئەو خاڵانەی لای سەرەوه.
ئەو دەرخستەیەی که لەکۆتایی مانگی ئاپریلدا پێشکەشکرا به بەڕێوەبەرێتی هونەریو شانۆی سلێمانی بڕەکەی یانزه ملیۆنو٧٥٠ هەزار دینار بو بەبێ نوسینی کرێی گەشتکردنی خۆم که بڕی پارەکەی١ملیۆن دینار بو که لەئەستۆی کۆمپانیاکەم بوو.
بۆچی وازوو پێشهاتنەوەم پرۆژەو دەرخستەمان پێشکەشکرد، دیاره وەک پێمانڕاگەیاندرا ڕیزبەندییەک بۆ پرۆژه پێشکەشکردن هەیه، تابتوانیت پێشتر پڕۆژه پێشکەشبکرێت باشتره، بەڵام ئایا ئەوه بەو شێوەیه بوو یان پرۆژه پاش و پێشخستن هەبوو، لەسەر چ بنەمایەک و چۆن ئەم کاره دەکرا؟
دیاره هەرزو ئاگادارکراین که باشتره بۆ سپۆنسەر بگەڕێین چونکه بڕی پارەی چالاکی هونەری بەهۆی قەیرانی ئابووریەوه زۆر کەم بوەتەوه، بۆیه بۆ ئەو مەبەسته گەڕام بەدوای سپۆنسەر لەدەرەوەی بەڕێوەبەرێتی هونەرو بەشی شانۆی سلێمانیو هەمانکات هەستام بەچەند هەنگاوێک گۆڕانکاری لەپرۆژەکەدا، بەبێ دابەزینو کارلێکردن لەکوالێتی پرۆژەکه که ئەمانه بوون.
1. کەمکردنەوەی ژمارەی بەشداربوان لەسەر شانۆ له٨ سەماکارەوه بۆ ٦ سەماکار.
2. گۆڕینی بیرۆکەی دیکۆرو دیاره کەمکردنەوەی بڕی پارەی تێچو.
3. گۆڕینی کاری مۆسیقا لەزیندووەوه بۆ تۆمارکردنو بەکارهێنانی مۆسیقای ئاماده، لەجیاتی٣ مۆسیقاژەن بۆ تەنها کەسێکی مۆسیقی شارەزا بەبونی بڕوانامەی ماستەر لەمۆسیقادا.
4. لابردنی بڕی پارەی مانەوەی خۆمو دابینکردنی شوێن لەلایەن هاوڕێیەکمەوە بۆ ماوەی١مانگ کاتی ئیشکردن.
5. کەمکردنەوەی کرێی کاری راهێنەر، کۆریۆگرافو سەماکاری پیشەیی (پیشەیی بەواتای من بەسەما دەژیمو تەنها پیشەمه) له٢ ملیۆن دینارەوه بووە تەنها ملیۆنیك بۆ ماوەی ١مانگ کارکردن ڕۆژی ٥ کاتژمێر، بۆیه هەر لێرەوه بڕی نزیکەی٣ ملیۆن دیناری دابینکردنی دەرخستەکەمان کەوته ئەستۆی کۆمپانیاکەمان.
6. کەمکردنەوەی کرێی کاری سەماکارانی بەشداربو.
7. کەمکردنەوەی بڕی پارەی جلوبەرگو دیکۆر
بەو شێوەیەش دەرخستەکەمان کەمکردەوه بۆ تەنها٦ ملیۆنو٦٠٠ هەزار دینار.
دووهەفته پێش یەکەمین نمایشکردن، لەلایەن لیژنەی بەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆ که سێ کەسن پێمانڕاگەیاندرا ؛ بەپێی چەند رێوشوێنێکی تایبەت دەرخستەکەیان له یانزه ملیۆن و٧٥٠ هەزارەوه کردوه به دووملیۆن و٧٠٠ هەزار. ئێمەیش بەبێ گفتوگۆ گووتمان ئەوه کاری خۆتانەو قبوڵمان کرد.
هەربۆیه یەکەم هەنگاومان گۆڕانکاری بو لەچۆنایەتی ئەنجامدانی پرۆژەکەمان بەپێی بڕی ئەو پارەیەی که٣ ملیۆن دینار بو که لە(پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای قەیوان، هیوا فۆندەیشن، ڕێکخراوی س د ۆ)، سپۆنسەر پەیمانیان پێدابوینو لەگەڵ ئەو٢ملیۆنو ٧٠٠ هه زار دینارەی که بەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆ بڕیاری لەسەر دراوه، لەگەڵ پارەی بلیتی رۆژانەی نمایش که بتوانین بڕی شهش ملیۆنو ٦٠٠ هەزار دەرخستەی پرۆژەکه دابین بکەین.
نمایشی سەمای پینەدۆزەکان له٦ بۆ٩ ی مانگی ٨ پێشکەشکراو بڕی پارەی (تکتی چوونه ژورەوه ) تهنها ٩٩٠هەزار دینار بوو.
لەدوای ماوەیەکی زۆر لەگەڕانەوەم بۆ ئەوروپا لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی پرۆژەکەمان پێمڕاگەیەنرا، لەژێر ناوی پرۆژەیەکی پێشکەشکراو بڕی پارەی بڕیار له سه ر دراو که ٢ملیۆن و٧٠٠ هەزار بوو، کەمکراوه تەوه بۆ تەنها ١ ملیۆن دینار بۆ پرۆژەکەمان، وەک ئەوەی بەڕێوەبەرێتی هونەر و شانۆی سلێمانی که بەشداربوون لەبەرهەم هێنانیدا. دیاره ئەنجامێکی ناچاوەڕوان کراو بوو بۆمان، چونکه ئەو بڕه پارەیه که یهك ملیۆنه دەچێته خانەی تەنها سوپاسکردنەوه، وەک هەمو سپۆنسەرەکانی تر ، نەک پرۆژەیەکی سەمای شانۆیی که بۆ یەکەم جاره بەو شێوازه لەڕێگای سەماو زمانی جەستەوه مێژو و چیرۆکەکانی نەتەوەیەک دەگێڕێتەوه.
- بۆ یەکەمجاره یهك کاتژمێر سەماکردنی بەردەوام دەبێته نمایشێکی سەما لەو شاره دا.
- بۆ یەکەمجار ه گروپێکی گەنج لەماوەی تەنها مانگێکدا رۆژانه بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر مەشقو خۆئامادەکردن دەکەنو بەڕێوەبەرێتی هونەرو شانۆی سلێمانی ناویان لەپاڵ کۆمپانیاکەماندا وەک بەرهەمهێنەر دێت، وەک خاوەنی نیوەی بەرهەمەکه ناویان نوسراوە.
- کەچی هەڵدەستن بەکەمکردنەوەی دەرخستەکەی، لەبری دەستخۆشیکردنو هاندانی ئەو گەنجانه که خۆیان ئامادەکردوه بۆ پرۆژەی داهاتو، که بون بەگروپێک بەبێ داواکردنی هیچ شێوەیەک لەیارمەتی وەک چۆن هەمو گروپێک یارمەتی دەدرێن.
- کەچی دەرخستەکەیان لەلایەن لیژنەیەکی نوێوه که تاپێش ئەم بڕیارەی ئێمه کەس ئاگاداری لەناسینی ئەو لیژنەیه نەبو، که٣ کەسن یەکێک مۆسیقی ئەویتریان شێوەکار تەنها شانۆکارێک لەو لیژنەیەدایه!
- بەڕێز بەڕێوەبەری ئێستای شانۆیه، کەواته بڕیاردەر لەسەر ئەو کەمکردنەوەیه تەنها بەڕێوەبەره ! چونکه کەس لەو٢ بەڕێزەی تر نمایشی ئێمەیان نەبینیوه تابڕیاری وابدەن. بەڕێوەبەری بەشی شانۆ خۆیەتیو بەتەنها بڕیاری خۆی ئەو بڕه پارەیه که لیژنەی بەشی شانۆ داینابو بڕیویەتی، چونکه ئەو٢ بەڕێزەی تر کەسیان نەشارەزا نین لەبواری شانۆداو بەڕێزێکیان پێیڕاگەیاندنین که ئەو بڕیاری وای نەداوه.
- دواتر لەسەر ئەو بنەمایەی که شانۆ واته دیالۆگو ژیانکردنو پێکەوه ژیان، پێش هەمو شتێکی تر، بڕیارمداو بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەری بەشی شانۆ کردو داوامکرد ،گەر هەوڵبدەن بەسەر ئەو بڕیارەدا بچنەوه چونکه ئێمه قهرزاری زۆر لەتێچووی کارەکانین، چونکه بڕیارێکی هەڵەیەو ئێمه پرۆژەکەمان لەسەر بڕیاری لیژنەی بەشی شانۆی ئەوان بونیادناوه که بۆ هەمو پرۆژەیەکی شانۆیی بڕیاری ئەوان دوابڕیاره لەکوردستاندا، وەڵامی تەنها ئەوه بوو: بڕیارەو دراوه پیاچونەوەی نیه منیش تەنها گووتم؛ بۆ زەمانی بەعسه کوڕی باش)، هەروها پێشمڕەگەیاند ده کرا ئێوه بڕی ملیۆنێک یان٧٠٠ هه زاری ببڕن بۆ بەجارێک١ ملیۆنو٧٠٠ هه زار ده بڕن!
- دواتر که زانیم هەوڵی دیالۆگو چارەسەرکردنی کێشەکه نادات منیش پێمڕاگەیاند؛ بەو شێوەیه من ناچار دەبم ڕوونکردنەوەیەک بنوسمو بڵاویبکەمەوه چونکه ئەوه خەڵەتاندنو گەوجاندنه بۆ گروپی پرۆژەکەمان که زۆر هیلاکبووین بەو پرۆژه سەمایەوه، بەڵام بەڕێوەبەری شانۆ زۆر بێباکانه گووتی:بۆ پرۆژەکانی داهاتوت کێشەت بۆ دروست دەکات! منیش گووتم؛ هەڕەشەم لێدەکەیت؟ دواتر وگووتی : ئێمه وەڵامی کەس نادەینەوه چونکه ئەوەنده چالاکیمان هەبووه ئەمساڵ، لەبەرئەوه گوێ لەو شتانه ناگرین، ئاگاداریشت دەکەم که تاهەفتەی داهاتو پارەکه وەرنەگرن دەگەڕێتەوه خەزێنه، وەریگرنو بەشیبکەن لەنێوان خۆتاندا. منیش پێمگووت ؛تکایه بەزمانی هەڕەشەو ترساندن قسه مەکه دواتر زۆر بەلێبوردویی گووتی ؛ من نەبوومایه ئەو بڕه پارەیەشتان بۆ دەرنەدەچوو!
- ، لێرەوه پرسیارێک دروست دەبێت ئەوه کێیه حەز بەپرۆژەی سەما ناکات لەسلێمانیدا؟ لێرەوه کەسانێکی تر دێنه ناو بڕیاردان، ئەوه کێیه دەبێته لەمپەر ئەگەر بەڕێوەبەر خۆی نییه، ئەی کێیه؟ چونکه بەڕێوەبەری هونەری زۆر دەمێکه نیەتپاکی خۆی لەو بارەوه پیشانداوەو پێیڕاگەیاندوین که دەسەڵاتی بەهیچ شێوەیەک بەسەر بڕیاری بەڕێوەبەری شانۆدا نییه، کەواته بەڕێوەبەری شانۆ گەر خۆت نیت ئەوه کێیه ئەو بڕیارەی داوه بەسەر پرۆژەیەکدا نزیکەی ١٥ رێپۆرتاژی هونەری کەناڵەکانی تیڤی لەسەر کراوه! نزیکەی دهجار لەڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا چاوپێکەوتنو دەستخۆشیو باسی سەرکەوتنی پرۆژەکه کراوه، ئەوه کێیه ئەوەنده ڕقی لەژیانه چونکه سەما ژیانه، چونکه سەما هونەرێکه دەتوانێت گۆڕانی کۆمەڵایەتی بەرپا بکات.
هیشتا هیچم لەپێشێلکارییەکان باس نەکردوه
ئەم بەڕێوەبەره بەڕێزەی (بەشی شانۆ) پەیمانی دابوو ریکلامی نمایشەکەمان بۆ بکات، بەڵام لەبەر نەمانی کارەبا و نەبوونی گاز بۆ موەلیدەی هۆڵی رۆشنبیری، وێنەگری بەشی شانۆ وتی من ناتوانم سبەی دووباره بێمەوه، بۆ ئەو مەبەسته بەپەله هاوڕێیەکی خۆمان یارمەتیداینو ئەو کارەی ئەنجامدا.
لەهەموی وێرانتر، کۆمیدیتر، ناشرینتر، کاکی بەڕێوەبەری (بەشی شانۆ) ڕۆژێک پێش نمایشی سەماکەمان، لەڕێگای هەمان وێنەگر که نەیتوانی کارمان بۆ بکات، داوای بڕی پارەی کاری بڕین و مۆنتاجی ڕیکلامی لێکردم؟! دوای پەیوەندیکردنمان بەو کەسەی کاری بڕینی کردبوو گووتی؛ من بەهیچ شێوەیەک داوای شتی وامنەکردوە بەڵکو دیاری منه بۆ ئێوه! ئەمه بۆچیو لەپێناو چی بەڕێوەبەر که په یمانی داوه خۆیان کاری ریکلام بکەن دەگاته دابەزین بۆ ئەو ئاسته؟ من هیچ ناڵێم باشانۆکاران، میدیاکارانو وەزارەتی رۆشنبیری بڕیار بدەن.
تاکه رێگایەک که مابوو بەڕێوەبەری بەشی هونەری بوو كه سکاڵای لابکەین ، بەڵام ئەو بەڕێزه هەر زو وتی من لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی شانۆدا هیچم بۆ ناکرێت!
ئەمەش کۆمیدیای ململانێی حزبو نەبوونی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتیه بەسەر بەڕێوەبەری بەشێک لەبەشەکانیدا، دواهەوڵ ئەوه بوو بۆیان بیسەلمێنین ،که ئێمه دەرخستەمان زۆر زو پێشکەشکردووه ناکرێت لەژێر ناوی پرۆژەی نمایشکراو هەڵسوکەوتمان بکهن، لەڕێگای ئەو هاوڕێیەی که دەرخستەکەی پێشکەشکردبو لەمانگی٤ دا ٢ مانگ پێش هاتنەوەم، تابزانین کارکردن لەسەر دەرخستەکەمان بۆ وا دواخراوه ناوی نمایشێکی پێشکەشکراوی لێنراوه؟ ئیتر کاکی بەڕێوەبەری هونەری نەیتوانی بەسەر ڕاستییەکاندا بازبداتو گووتی؛ من چارەسەری کێشەکه دەکەم…. چارەسەریش ئەوه دەبێت، دووباره، بەڵام کاکی بەڕێوەبەری بەشی شانۆ ناچاربو وشەیەکی نوێ دابنێت بەتەلەفۆن بەو هاوڕێیەمان دەڵێت؛ که ئەو بڕه پارەیەی که٣ کەسی شانۆکار بڕیاریان لەسەر دابوو تەخمین بووه، واته نرخاندن بووه، که شتی وابونی نییەو دروستکراوێکی خۆپەڕاندنەوەی کاکی بەڕێوەبەره! ئیدی لەنمایشێکی نمایشکراو بوەته تەخمین، که بۆخۆی نمایشەکه بەناوی ئەوانەوه کراوه ئیتر تەواو بوبێت یان نمایش نەکرابێت ئەی کەواته بۆ قبوڵی دەکەن ناوی ئەوانی لەسەر بێت؟ ئەی کەواته لیژنەی بەشی شانۆ بۆ بڕیار دەدات؟ ئەمەش کۆمیدیایەکی تر.
ئیتر ئێمەش بڕیارماندا ئەو بڕه پارەیه کهیهك ملیۆنەو له دوو ملیۆنو٧٠٠ هەزارەوه کەمکراوەتەوه وەرنەگرین.
ئهو بڕه پارەیەکی زۆری بەشداران هەر لەسەماکاران، گرافیک، وێنەگرتن (فۆتۆ و ڤیدیۆ)، جلوبەرگ، یارمەتی دەرهێنەر، بەڕێوەبەری مۆسیقا، بەڕێوەبەری گشتی، تۆماری دەنگو ستۆدیۆ، بەڕێوەبەری بەرهەم و کۆریۆگرافی نەدراوە ، كۆت ئهم تێچوونانه لەسەر من کەوتووەو بەڕاستی هەرکەس ڕاستگۆیانه لەم نوسینه بڕوانێت تێدەگات چ گەوجاندنێکو هەڵخەڵەتاندنێک بەناوی چالاکی هونەرییەوه لەبەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆی سلێمانی بۆ پرۆژەکەی ئێمه دەگوزەرێت.
ئەمه ئەو چیرۆکه بو که ویستیان بەسەر پرۆژەیەکی سەمای هاوچهرخدا بیسەپێنن، بەڵام ئێمه نەمانهێشت لەو ساتەوەی بڕیاری ڕەتکردنەوەی بڕه پارەیی هك ملیۆنمان دا، که پێویسته هەمو ڕۆشنبیرێکو هەمو هونەرمەندێک بزانێت قورسترین کار ، کاری پرۆژەی سەمایه بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ لەکوردستاندا، چونکه هۆڵی سهما بوونی نییه، فەرشی سەما گەر بەڕێز (سەفین ئەنوەر) بەڕێوەبەری ئەوکاتەی بەشی شانۆ بڕیاری لەسەر نەدایه بوونی لەسلێمانیو لەبەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆدا نەدەبوو.
سەماکار بوونی نییەو دەبێت دروستیان کەیت، من دەبێت ڕاهێنەر بم، کۆریۆگرافەربم ، دەرهێنەر بم دراماتۆرگ بم و سەماکارێکی نمونەییش بم. هەمانکات بۆئەوەی بەشداران متمانەیەکی پتەویان بۆ نمایشی سەما لادروست بێت، ڕۆژانه ئێمه نزیکەی پێنج کاتژمێر لەگەرمای مانگی تهمووزدا لەبێکارەباییدا، که مۆسیقا بناغەی سەمایه پرۆڤەو ئامادەکاریمان کردووه، رۆژانه پێویستمان بەبڕی پارەی ئاوو میوەو خواردن بوەو زۆر به خۆشەویستیەوه هەمو ئەو قورساییەمان بەڕێ کردوه بۆ ئەوەی بتوانین ٥ کاتژمێر پرۆڤەو ئیشکردنو ئەزمونکردنو بونیادنانمان هەبێتو١ کاتژمێر سەما پێشکەشبکەین که بینەر تامەزرۆی بێت، هەروەک چۆن لەزمانی بینەران خۆیانەوه دواجار بەخۆشحاڵییەوه گوێبیستی بووین. ڕۆژانه لەو قەیرانەدا هاتووچۆمان کردوەو کرێی هاتوچۆمانداوه، شەونخونیو لەپاڵ ئەوەشدا لەوکاتەی که لەسلێمانی بووم وەک کاری جوڵەو سەما و کۆریۆگرافی بێ بەرامبەر هاوکاری دوو کاری شانۆیی بەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆم کردووه. کە ئەوانیش شانۆیی “سێ خوشک” و شانۆیی” مارا ساد” بوون.
دەرئەنجام
– بەڕێوەبەری بەشی شانۆ، بەهەڕەشەی رێگەپێنەدانی کاری هونەری پرۆژەکانی داهاتوومان، بەرەو ڕووی هەموو رەخنەو نوسینێکمان دەبێتەوه، ئەم نوسینەی دوای ههوڵدانی ماوەی دوو مانگ لهدیالۆگو چارەسەرکردن بەڵام بەڕێوەبەر نەیدەویست چارەسەری کێشەکه بکاتو ئێمەی ناچاری نوسینی کرد.
– بەڕێوەبەری بەشی شانۆ بیریچووه ،که دەبێت یارمەتیدەری هەموو گروپەکانی شانۆی سلێمانی بێت بەبێ جیاوازی! بەڵام بەپێچەوانەوه لەبەڕێوەبەرایەتیەکەی هانی ئەوه دەدات، ئەگەر بەناوی ئەو گروپو شوێنانەوه که نزیکن لەبەڕێوەبەر خۆیو پێی باشه ئیشیان بەناوەوه بکەن، ئەوه بەپەلەو بەبێ هیچ کێشەیەک بودجەیان بۆ دابین دەکرێت!
– بەڕێوەبەری بەشی شانۆ بەحەزو ویستو نزیکی دەرهێنەر لەخۆیو رێکخراوی نزیک لەخۆی گرنگیدەدا بەپرۆژەی شانۆیی، ئیتر کوالیتی چۆن و چی دەبێت ئەوه هیچ کێشه نییه! گرنگ ئەوەیه ژمارەی چالاکی زۆر بێتو هەر پرۆژەیەکیش که گرنگ نەبێت لای ئەوه زۆر بەئاسانی نادرێت بەلیژنەی بەشی شانۆ و دەبێت چەندەها جار سەردان و لێپرسینەوه بکەیت بۆ ئەوەی بزانیت چوەته چ دۆڵابێکی داخراوی ناو بەڕێوەبەرێتی.
– دواجار ئێمه ئەو بڕه پارەیەمان ڕەتکردەوه، لەگەڵ ئەوەشدا ناوی هەردوو بەڕێوەبەرێتیەکه لەسەر تێکڕای ریکلامی پرۆژەسەماکەمان بوو، لەپاڵ ناوی کۆمپانیای کاروان عومەردا هاتووه.
هیوادارم هیچکام لەگروپو پرۆژەکانی داهاتوی شاری سلێمانی توشی ئەم کێشەیه نەبن، هیوادارین گەوجاندن خەڵەتاندنو هەڕەشەکردن لەبەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆی سلێمانی کۆتایی پێبهێنرێت و نەبێته سیستەمی کارکردن لەشانۆدا، چونکه شانۆ بەردەوامی ژیانەو لەڕێگای شانۆ وه ئێمه هەمو سنوورەکان دەبڕین، تادەگەین بەڕووناکی، ئێمه لێرەوه هیوادارین ئیتر ئەمه کۆتایی ئەو (هەڵسوکەوته ناهونەریی و ناشارستانییه) بێت.