بەکر عەلی
لەم کتێبە تازەیەیدا جارێکیتر سلۆتەردایک لێهاتوویی و شارەزایی لە وردبینی و قوڵی ڕاڤەکردنی مێژووی مرۆڤایەتی سەلماندەوە، کتێبێک کە تا ئێستا لە لیستی پڕفرۆشیەکانی ساڵدایە وگەنگەشەیەکی تیژی خسۆتەوە. کە بەلای هەندێکەوە کتێبی منداڵە ترسناکەکانی نوێکات، کتێبێکی کۆنزێرڤاتیستە و لەدژی گۆڕانکارییە، بەڵام بەلای هەندێکی ترەوە کتێبێکی هەمەکی مێژووی مرۆڤایەتییە و یەکێک لە دیارترین کتێبی سەدەی بیست و یەک دەبێت. بەڵام لەنێوان ئەم ڕەخنانەدا سلۆتەردایک وتەی خۆی هەیە، جگەلەوەی کتێبەکە گەر بە وردی بخوێنرێتەوە مرۆ دەتوانێت وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دەست کەوێت، ئەوا سلۆتەردایک خۆیشی لە دیدار و گەشتە سیمینارییەکانیدا ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە چییە.
لە ئێوارەی ٣٠.١٠.٢٠١٤ لەسەر شانۆی برتۆلد برێشت لە بەرلین، کلاوس پەیمان گفتوگۆیەکی درێژی دوو کاتژمێری سەبارەت بەم کتێبە لەگەڵ دا سازکرد، هۆڵەکە هێندە پڕبوون وەک هەرکۆڕێکی تری سلۆتەردایک کە ژمارەیەکی زۆری میوانەکان لە ڕاڕەوەکاندا دانیشتبوون یان بە پێوە وەستابوون. لە یەکێک لەو پرسیارانەی ئاراستەی کرا: بەڕێز سلۆتەردایک دەڵێن تۆ کۆنزێرڤاتیستیی. سلۆتەردایک بەلاقرتییەکەوە پێکەنی و وەڵامی دایەوە: من دەمەوێت مرۆڤایەتی یادەوەری کولتوری لەکیس نەدات، ناکرێت ئێمە کارە گەورە ئەفرێنەرەکانی ڕابوردوو نەپارێزین، بەڵام دەبێت تازەکارییان تێدا بکەین. مامۆستایەک ناتوانێت باسی تێکستەکانی پلاتۆ و هیگڵ و هایدیگەر نەکات بۆ خوێندکارەکانی. من لەگەڵ پاراستندام و لەگەڵ گۆڕانکاریشدام. لێرەوەیە سلۆتەردایک وەک چەپێکی هایدێگەری پێناس دەکرێت.
سەرباری هەڵکشانی تەمەنی سلۆتەردایک، کە بەرەو هەفتا دەچێت، هێشتا بە ئارامی و ئۆقرەیەکی نەرمەوە ڕۆدەچێتە نێو ئەو مێژووە و داستانی دروستبوونی سەردەمی نوێ و مۆدێرنەمان بە شێوازێکی تەواو جیاواز و نەبیستراو و ناباو بۆ دەگێڕێتەوە، بەشێوەیەکی هێندە پڕ سەرنجڕاکێش و کاریگەر کە خوێنەر هەست دەکات لەپاڵ و لە ساتەوەختی ڕوداوەکاندا هەناسە دەدات. وەک خۆیی دەڵێت هونەری گێڕانەوە ئەوەیە (( وەها بکە، وەک ئەوەی تۆش هەر لەسەرەتاوە تێیدا بوو بیت.)).
پرسیاری سەرەکیش لەم کتێبەدا ئەو شوێنی بکەوێت ئەوەیە چۆن مۆدێرنە لەدایک بوو، یان بابڵێین ئەو کەلێن و درز و دەلاقە و شەبەق و دابڕانانە کامانەن، کە بوارەکانی مێژوو، دەسەڵات، هونەر،زانست ، ئاین، ئەدەب و فەلسەفە لەناو مێژوودا بەرپایان کرد. ئەگەر خوێندنەوەی باو هەمیشە گرێدانەوەیەکی ئەڵقە بەئەڵقەی ئەم زریزەیە بوو بێت، ئەوا ئەم کتێبە لێکپچڕاندنی ئەڵقەکانی ئەم زریزەیەمان بۆ دەخاتە بەرچاو، ئەگەر خوێندنەوەکانی تر ئێستا و نەوەکانی ئێستا بەدرێژکراوەیەکی ڕەچەڵەک و پێشینان بێت، ئەگەر ئەو خوێندنەوانە لە نێوان میراتی و ئێستادا پەیوەندییەکی جینیالۆگی بینی بێت، ئەوا سلۆتەردایک تەواو بە پێچەوانەوە لەنێوان پێشینان و ڕەچەڵەک و نەوەکاندا پەیوەندییەکی ئەنتی جینیالۆگی دەبینێتەوە. ئەم کتێبە وەک هەر کتێبێکی تری سلۆتەردایک چڕە بە بیرۆکە وردەکانی، بە میتافەرە نەبیستراوەکان و ڕازاوەیە بە ڕستە و دەستەواژە زمانەوانییە بێوێنەکانی، پڕە لە چیرۆک و بەسەرهات و ئەنیکدۆتەی ناو مێژوو، کە سلۆتەردایک بەزمانێکی زۆر جیاواز پێکەوەیان دەچنێت. بەڕادەیەک هەست دەکەیت ئەم کتێبە دەیەوێت داستانەکانی مێژوو جارێکی تر بە زمانێکی نوێ بگێڕێتەوە، بە ڕاڤەیەکی نوێ ڕوناکی بخاتە سەر بەسەرهاتە مێژووییەکان. ئەم کتێبە ئەڵقەیەکیترە بۆ سەر زریزەی ئەنترۆپۆلۆژیای سلۆتەردایکی. کتێبێکی سەرسامکەر و پڕ لە ئەفۆریزم و پەند و پێناسێکی وردی دۆخەکانە. ئەم کتێبە بە تەنیا دەگەڕێت بەدوای سەرەتایەکی تردا، سەرەتایەک نازانین چی بوو، هەر داستانە و شتێکمان بۆ دەگێڕێتەوە: گوناه، وشە یان کردار. بەڵام بەتەنیا ئەم گێڕانەوەیەی سلۆتەردایک شتێکی نوێمان بۆ سەربار دەخات کەلەوەوبەر داستانەکانیتر نەیاندرکاندبوو: (( سەرەتا وشە نەبوو، سەرەتا نائارامی و نیگەرانییەک هەبوو کە بەدوای وشەدا دەگەڕا. ل١٠)).
لە دێرزەمانەوە تاوەکو ڕۆژگاری ئەمرۆمان ڕوودانی سەرەکی بەرەو پێشچوونی ژیان چۆن دەستنیشان بکەین. واتە چیرۆکی بەرەوپێشڤەچوون چۆن ڕوویدا؟ و ئەو پاڵهێزانە کامانەن کە مۆدێرنە دەبەن بەڕێوە. و ئایا مۆدێرنەبوون لەسەر تێچووی چ شتێک بەرپابووە؟
ئەم کتێبە لە پێشەکییەک و شەش نەسک و ڕوانینێکی دەرەکییەوە لە دووتوێی نزیکەی ٥٠٠ لاپەڕەدا بە وردی شوێن ئەم پرسیارانە دەکەوێت. سلۆتەردایک مۆدێرنە وەک ڕووداوێکی سۆسیال ئیکۆنۆمی نابینێت، هەروەها بە ململانێی چینایەتیشی نازانێت، بەڵکو وەکو لێک جیابوونەوەی جینیالۆگی دەیخوێنێتەوە. جیابوونەوە لەوەی پێش خۆت تاوەکو ببیت بە خۆت. بەلای سلۆتەردایکەوە مۆدێرنە چاخێکی دێوئاسایە، کە تێیدا نەوەکان و ترادیسیۆنەکان و نەریتەکان و جینیالۆگی تووشی لێک بچڕان دەبن، کە تێیدا باوکایەتی و بنەچە و نەریتەکان پاشەکشە دەکەن، کە تێیدا منداڵەکان بەبێ پشتبەستن بە نەریتەکان و بە باوکان خۆیان خۆیان دروست دەکەن، کوڕەکان بێ باوکن، و نەوەی نوێ بەبێ یادەوەری دەژی، دوور لەهەموو سەرچاوە مەزن و ئەفرێنەرەکان دەژی. نەوەی نوێ سڕەرەوەی میراتییەکانە. منداڵە ترسناکەکان، منداڵە بێ ڕەچەڵەکەکانن، ئەو زۆڵانەن کە بەشێوەیەکی ناشەرعی کولتوری لەدایکبوون. باوککوژەکان و پاشاکوژەکان و مامۆستاکوژەکانن. ئەم دابڕانانە بە دیوێکدا تازەگەری داهێناوە کە بزوێنەری پێشکەوتنە، بەڵام بە دیوەکەی تریدا ئەم دابڕانە پرۆژەیەکی وێرانکەری شارستانی و ژیانە، کە پێشکەوتن بووە بە کەوتن بۆ پێشەوە. بەڵام دیارە چارەنووسی مرۆڤ لەنیوان ئەم دوو پەتەدا یاری دەکات، سەربەست و بەستراو، هەروەک چۆن ئەلبێرت کامێ لە کتێبی(( مرۆڤی یاخی))دا هەمان دەرەنجامگیری کردووە. ((میراتی)) کە کرۆکی گرێدراوی و بەستراوی مرۆڤە، هێمایە بۆ گرێدانەوەی مرۆڤ بە بیرۆکەی یەکەمین گوناهەوە، هەروەها بەستراوی مرۆڤە بە نەریت و خووەکانەوە. لە کاتێکدا کەسی سەربەست و ئازاد، جۆرە یاخییەکە کە مەشقی ناڕازیبوون دەکات و دەخوازێت خۆی لە سەپاندنی هەموو هێزە گرێدراوەکان ببچڕێنێت.
دازین لە هیاتوس دا..
سلۆتەردایک ناجێگیری و نابەردەوامی پەیوەندییە بنەچەییەکان ناودەنێت هیاتۆس، واتە دابڕان و کەلێن لەنێوان نەوەکاندا وە درز و چاڵ لە نێوان جیهانیژیانی کۆن دا و لەنێوان ڕۆژگاری نوێکاتدا. هیاتۆس ئەو درزە جینیالۆگییەیە کە تامۆدێرنە خێراتر بڕوات ئەو قووڵتر و فراوانتر دەبێت.
لێرەدا سلۆتەردایک دەمانباتەوە ناو بەسەرهاتەکانی ناو شۆڕشی فەرەنسی و وتە ناودارەکەی مادام پۆمپادۆرمان بۆ دەهێنێتەوە کە دەڵێت: لەدوای ئێمەوە لافاوەکەیە. مدام خۆیشی ڕەچڵەکیکی ناشەرعی هەبوو، ئەو زۆڵ بوو، لەبەرئەوە لە پاشا تێگەیشتووتر بوو، وە زیاتری سەبارەت بە کەلێنی نێوان بنەچە و زۆڵ، پێشینان و داهاتوو دەزانی و لەبەرچاویدا بوو کە کوڕەکان چی لە باوکەکان دەکەن. لیرەوە سلۆتەردایک ئەو پرۆسێسەمان بۆ وەسف دەکات کە چۆن(( زەمەن خۆی دەخزێنێتە ناو بیرۆکەوە)) و لە منداڵەکانی زەمەندا بەرجەستە دەبن کە هەمان ئەو مانایەی هەیە کە نیتچە ناوی نابوو (( سەربازەکانی ساتەوەخت)).
سلۆتەردایک شاڕستەی دینامیکێتی شارستانی دەستنیشان دەکات بە لەیەکتردابڕانی ڕەچەڵەک و داهاتوو، بە لێک جیابوونەوەی بنەچە و وەچە، کاتێک دەڵێت: لە پرۆسیسی جیهاندا دوای هیاتۆس، تا دێت بەردەوام وزەی زیاتر بەکاردەبرێت، وەک لەوەی بتوانرێت خۆی گرێبداتەوە بە فۆرمی میراتی گواستنەوەی شارستانییەوە)). واتە مۆدێرنە بەردەوام زیان بە جیهانی ژیان دەگەیەنێت و کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم دیاردەیە گەورەترن لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی. ئیتر رۆژگاری مۆدێرنە سەرفکردنێکی وزەی کردووە بە ڕستەی سەرەکی خۆی، بەڵام سلۆتەردایک کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم ڕستەیەمان پیشان دەدات. وەک هاملێت دەڵێت: زەمەن لەگرێژنەچووە. کارەکتەری سەرەکی نووسینەکانی سلۆتەردایک گەورەکردن و بەسەرەکی کردنی دیوە لاوەکییەکەی پرۆسێسی مۆدێرنەیە. ئەوەی نوێکات لە پێشکەوتن و تازەگەری بەرپای کردووە هەر بایەخێکی بەرچاوی هەبێت، کە ئەم بایەخەش زۆرینەی هۆشیاری ئاپۆرەیی داگیرکردووە، سلۆتەردایک لەو فیلۆسۆفە دەگمەنانەیە کە دیوە لاوەکییەکەی ئەم پرۆسیسە قەبەیە پیشان دەدات کە لەسەردەمی ڕۆمییەکانەوە پێی دەگوترێت خۆرئاوا و دواتر ئەوروپا.
فێربوون لە مێژووەوە
کەوتن بۆ پێشەوە
نەسکی چوارەم، کە داڕشتنێکی ئیدیایی و زمانەوانی زۆر وردی لەخۆی گرتووە، بەڕاستگۆیی بڵێم گەلێک پڕوکاندمی. لێرەدا باس لە پەند و وانەی مێژوو دەکات.. ئەو فیگور و تەڤگەر و ڕووداوانە دەهێنێتەوە یاد کە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابوردوودا بەرجەستەی کەوتنی گەورە دەکەن بەرەو پێشەوە. لەپاریسەوە ناپۆلیۆن دەهێنێت، پیاوێک لە هیچەوە دێت و ئەوروپای کۆن لەناو دەبات و دەیەویت نازناوی قەیسەری بەشێوەیەکی ڕەوا وەرگرێت. کاتێک کە تاجی شاهانەی دەنێتە سەر بانگهێشتی پاپ دەکات، وەک هێمایەک بۆ ڕەوایەتیدان و شەرعیەتی خۆی، دەچێت ئەنگوستیلەکەی دەستی پاپ ماج دەکات. سلۆتەردایک ئەم نموونەیە بۆئەوە دەهێنێتەوە تاوەکو بیسەلمێنێت: (( ئەگەرچی ناپۆلیۆن یەکەمین قەیسەرە و لەپێش ئەوەوە کەسێکیت تر نییە، کەچی هەر حەزی دەکرد خۆی گرێ بدات بەکەسێکی ترەوە. ل ١١٤)).
پاشان بەرەو زیوریخ، لەوێ کە لە ساڵی ١٩١٦دا تەوژمێکی گرنگی وەک دادایزم لەدایک بوو، کە کاریان ڕەفزکردنەوەی واقیع و ڕیالیتێتی خزمەتی سەربازی بوو، ئەمان خاڵی سفرکردنەوەی مێژوویان داهێنا… (( ڕۆحی دادا بۆئەوەی ڕوخسارەکانی خاڵی سفر پیشان بدات، دەبوو زنجیرەیەک بەرپەرچدانەوە دەست پێ بکات. سەرەتاش بەوە دەستی پێکرد کە لەناوەوە ڕەفزی خزمەتکردنی سەربازی بکاتەوە و لەدەرەوەش بەرپەرچی جەنگ بداتەوە. ل١٣٥)). لێرەوەیە دادایزم بریتییە لە بەرپەرچدانەوەی ڕیالیزم و ئیدیالیزم پێکەوە. لای دادا خاڵی سفر واتە دەستپێکی نوێ بە دابڕاوی لەهەموو ڕابوردوویەک. لێرەوەیە هێزی تەقینەوەکەی دادایزم لەوێدایە، ((کە ئاماژە ڕۆحییەکەی دازاین دەکەوێتە ناو هیاتۆس و دابڕانەوە، واتە نەشیاوی ئەوەی وەچە و نەوە بخەیتەوە ڕادیکالترین دامەزراندنی ئەو بوو. ل١٣٧)).
پاشان بەرەو کۆمۆنیزمی ساڵی ١٩١٧ دەمان بات بۆ مۆسکۆ کاتێک لێنین دەردەکەوێت. لێنین وادەکات هەنووکە وەک دۆخی نائاسایی تیرۆر بسەپێنێت، کۆمۆنیزمیش لەخۆیدا بریتی بووە لە دابڕان لەگەڵ بنەچە و ڕابوردوودا. لێرەوەیە هەردوو ئەم ڕەوتە بەشدارن لە پرۆسێسی (( کەوتن بۆ پێشەوە))، کەچی جیاوازیشن لەیەکتری، چونکە کۆمۆنیزم بریتییە لە یۆتۆپیای کوڕەکان و ڕۆڵەکان بۆ کۆمەڵگایەکی بێ چین، بەڵام دادایزم بریتییە لە پێشینەیی دان بە نابەردەوامی پێدان. هوگو بال خۆی بەلشەویزمی بە جەمسەرە دژەکەی دادایزم دادەنا. ل ١٣٩. لیرەوە مەسەلەی کات جومگەیەکی سەرەکی سەرهەڵدانی مۆدێرنەیە، بەڵام کات وەک قۆناغە پۆلێنکراوەکانی خۆی هەمیشە لەمۆدێرنەدا ئێستا بینراوە و پۆلەکانیتر وێڵ کراون.. سلۆتەردایک تێبینییەکی زۆر جوان لێرەدا فڕێدەدات بۆمان، کە دەبێت ئێمە بەوریاییەوە هەڵیگرینەوە: (( تائێستا هیچ مێژوونووسێکی ئیدیاکان، نەیتوانیوە لەهاودۆخی نێوان<< هەڵهاتن لە زەمەن>>ی هوگۆ بال ١٩٢٧ وە << بوون و زەمەن>>ی هایدێگەر ١٩٢٧، تێ بگات. ل١٤١)).
پاشان هیتلەر و ستالین دەردەکەونە سەر سەکۆی مێژوو، ئەم دووانە سەرسامن بە رژێمەکانی پاکتاوکردنی لەڕێی سیاسەتی خاڵی سفراندن. گۆڕینی دەسەڵات لە لێنینەوە بۆ ستالین بریتی نەبوو لەپێدانی میراتییەکی شەرعییانە بە شێوەی ڕاگواستنەوە بۆ دەستی ئەوەی دوای ئەو دێت. لێنین خۆیشی لە ڕاسپاردەنامەکەیدا هۆشداری داوە لە حەزی ترسناکی ستالین بۆ دەسەڵات. بۆیە ستالین لەدوای دەسەڵات گرتنە دەست ئیتر وەسیەتەکەی لینینی فەرامۆش کرد. ل١٧٣. لێرەوەدەبینی ستالین وەچەی لێنین نییە، بەڵکو زۆڵەکەیەتی. تەنانەت ستالین کارە تیرۆریستییەکانی بۆ سەلماندنی ئەوە بوو، کە شۆڕش نەوەی دووەم ناخاتەوە. واتە چیتر ناخوازێت دەسەڵات لەگەڵ هێزەکانی پێشتردا دابەش بکات. ستالین تیرۆرەکەی لەوەدا بوو، کەخۆی بەرەو خاڵی سفر برد. ل١٧٥. ستالین دابڕانی لە لێنین کرد، چونکە لێنین هیچ وەسیەتنامەیەکی بۆ درێژەدانی شۆڕش نەنووسی بوو… شۆڕشگێڕ کەسێکە هیچ وەسیەتنامەیەک نانووسێت. ل١٧٧
لێرەوە سلۆتەردایک دەگاتە ئەوەی بڵێت: ((ئەگەر لەشۆڕشی فەرەنسیدا ئەم وانەیە فێربوو بین، کەوا: شؤڕش، وەک ساتۆرن، منداڵەکانی خۆی دەخوات، ئەوا لە شۆڕشی ڕووسییەوە ئەم وانەیە فێر دەبین: منداڵانی شۆڕش تۆڵە لە پێشوونانیان دەسەننەوە. ل١٧٨.)).
هیتلەریش وەکو لاساییکەرەوەیەکی ستالین و مۆسۆلۆنی، گەڕا بەشوێن ئامرازێکی تایبەت بە خۆی، کە شەڕە دابچڕاوەکە بگۆڕێت بۆ شەڕێکی بەردەوام. هیتلەر بیمارێکی نموونەییانەی نائارامی بوو. ل١٨٠.
ئەم ڕووداو و فیگورانە لای سلۆتەردایک دیاردەی دابڕانی جینیالۆگین لە مێژووی جیهان دا. بە دەرکەوتنی ئەمان نەریتەکان و ترادیسیۆنەکان و دووبارەبوونەوەکان و لاساییکردنەوەکان دیار نامێنن. سلۆتەردایک لێرەوە ناخوازێت ناڕەوایەتی نوێکات بخاتەڕوو، بە پێچەوانەوە زۆر لەو دابڕانانە وەکو قڵپکردنەوەیەکی ئەفرێنەر تەماشا دەکات. ئەو نیازی ڕەخنەگرتنە لە یادەوەری مرۆڤ کە چۆن بە دابڕانە ترسناکەکانی سەرچاوە ئەفرێنەرەکانی شارستانی فەرامۆش کردووە.
دوامرۆڤ… وەک خۆخۆر
ئەم کتێبە فەرهەنگێکی جینیالۆگی و ئەنتی جینیالۆگییە دەربارەی ڕیشە و بنەچە و ڕەچەڵەک. کلیلی سەرەکیشی بریتییە لە چەمکی کوڕەکان و ڕۆڵەکان. ئەو کوڕانەی چیتر بایەخ بە باوکیان نادەن. ئەو کوڕانەی چیتر وەک نیوتن نەماون کاتێک سێوەکە لە دارەکە بەردەبێتەوە بکەونە بیرکردنەوە لە درەختەکە، بەڵکو ئەوان تەنیا بیر لەوە دەکەنەوە کە ئێستا سێوەکەیان لەناودەستدایە. کورەکان ئاگایی نادەنە ڕابوردوو، داهاتووش نابینن، ئەوان تەنیا کاتی ئێستاکە سەرف و گەردان دەکەن. ئەوانە منداڵە ترسناکەکانی مۆدێرنەن، کە نیتچە پێی دەگوتن ((دوامرۆڤ)) و سلۆتەردایک پێیان دەڵێت ((خۆبەکاربەر)). مرۆڤی مۆدێرنە وەکو کۆتابەکاربەری چانسەکان و کاڵاکان و پەیوەندییەکان دەژین. ئەم مرۆڤە نایەوێت وەچە بخاتەوە، هێندە ئیگۆیست بووە، تەنیا بیر لە چێژە سێکسوالییە کاتییەکانی خۆی دەکاتەوە، لەبەرئەوەیە وەک سلۆتەردایک دەڵێت: ((ئەو سێکسی زۆر و منداڵی کەمی دەوێت)). ئەو دەیەوێت بە تەنیا و رەبەن بمێنێتەوە، ئەم مرۆڤە منداڵێکی ترسناکی نوێکاتە. بەلای سلۆتەردایک، مەسیح ترسناکترین منداڵی مۆدێرنەیە، ئەو باوکێکی ڕاستەقینەی نەبوو، وەنەشیدەویست خۆی ببێتە باوک و وەچە بخاتەوە.
ژیانی کۆمەڵگاکان سیخناخ بووە بە پارادۆکس و لێکدژیارەکان. ئەگەرچی ڕۆژانە ماڵ و خانووی نیشتەجێ بوون بۆ کۆکردنەوەی مرۆڤەکان دروست دەکرێن، کەچی تا دێت مرۆڤ گۆشەگیرتر و تەنیاتر و دابڕاوتر دازاین دەژی. تادێت زانست و تەکنەلۆژیا ڕۆشنایی زیاتر دەخەنە سەر تاریکستانەکانی جیهانیژیانمان، کەچی ڕادیکالئزمی غەیبانی تادێت ئەکتیڤتر دەبێت. کتێبی(( منداڵە ترسناکەکانی نوێکات)) بەگەشتێکی ورد و بەپشوویەکی درێژ و بەئارامییەکی نەرمەوە چیرۆکی هەموو ئەو پارادۆکسانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە بوونە مایەی ئەوەی مۆدیرنە لە ڕێی خۆی لابدات. مۆدێرنە پەتای کۆنزومگەری داهێنا. کاپیتالیزمیش تەکنیکی قەرزی داهێناوە. مرۆڤی مۆدێرن چیتر لەسەر ڕیتمی درەخت ناژی، کە بیر لە چڵ و لق و قەد و ڕیشە بکاتەوە، بەڵکو لەسەر ڕیتمی ڕیزۆم دەژی، کە هەر نەوەیەک ڕاستەوخۆ لەوەی پێش خۆی دابڕاوە و تەنیا ئەوەیە لە رووی جینیالۆگییەوە باوانی هەیە، وەکو تر مرۆڤێکی تەواو ئەنتی جینیالۆگییە. مرۆڤئ مۆدێرن زۆڵ و باستاردە.
لە کۆبەندی تەواوی مێژووی درێژی مۆدێرنەدا سلۆتەردایک لەناو چوارچێوە مێژووییەکەدا نامانسووڕێنێتەوە، بەڵکو پێشنیاری دەرچوون و چارەسەریشمان دەداتێ، کە بریتییە لە: پاراستنی بەردەوامی جینیالۆگی، درێژەپێدانی ڕابوردوو بۆ داهاتوو، بنەچە بۆ وەچە، وە منداڵ دروستکردن و پەروەردە کردن و بەخێوکردن، هەروەها دورکەوتنەوە لە کۆنزوم و تەکنیکی قەرز و کرێدیت.
ئەم کتێبە تێزەی زۆرگرنگ و بایەخداری لەناواخندایە، کە دەکرێت لەچەندین دیدگاوە بخوێنرێتەوە، جارێک وەک ب جارێک وەک چیرۆکی ئازادی تاک لەڕۆحی زۆڵێتییەوە، جارێکیش وەک درێژەدان بە بنەچەی ڕابوردوو. کتێبەکە دەشێت وەک گەمەیەکی فیکری فراوان ببینریت سەبارەت بەو درز و کەلێنانەی لە مێژووی مۆدێرنەدا بەرپابوون.