لێدوانی ژاوێن شاڵی
پرسیاری یه‌که‌م: ئه‌مین مه‌علوف ده‌رباره‌ی رۆیشتن و جێهێشتنی نیشتیمان له كتێبی تائهوندا ده‌ڵێت: (جێهێشتنی نیشتیمان سوننه‌تی ژیانه، هه‌ندێكجاریش رووداوه‌كان به‌سه‌رماندا ده‌یسه‌پێنن، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت پاساوێكی بۆ دروست بكه‌ین)، ئایا لای سه‌ڵاح حه‌سه‌نی نووسه‌ر جێهێشتنی نیشتیمان پاساوه‌كه‌ی چییه؟ ئایا له‌دیدی تۆیشه‌وه پێتوایه له‌دایكبوون هاتنه بۆ ناو دنیا نه‌ك نیشتیمان و هه‌رێمێكی دیاریكراو وه‌ك مه‌علوف ده‌ڵێت؟ یاخود به‌دیدێكی جیاوازتره‌وه ده‌ڕوانیته جێهێشتنی نیشتیمان؟
میران ئه‌براهام: سه‌ره‌تا ئه‌و دوو نووسه‌ره‌ی تۆ ناوت هێناون، به‌داخه‌وه‌م که من ته‌نها ناویانم بیستووه و هیچ بهرههمێکیانم نه‌خوێندۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌م پرسیاره به‌رده‌وام له نووسه‌ران کراوه.
ساڵی دووهه‌زار و هه‌شت له کتێبی (نووسه‌ران له تاراوگه)دا به‌زمانی هۆڵه‌ندی به‌شداریم کرد، که ئه‌ویش هه‌مان پرسیاریان لێ کردبووم، ئه‌گه‌ر ئێستا دوای زیاتر له ده ساڵ ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی خۆم بخوێنمه‌وه، هه‌ست به بێزاری ئه‌که‌م و خه‌یاڵی ئێستام ئه‌شێوێنن، چونکه له زۆر بڕگه‌و وشه‌دا، خۆم وه‌کو سه‌گێکی بریندار و زه‌لیل دێته بێشچاو، که چۆن له بێده‌سه‌ڵاتی و غه‌ریبیدا ئه‌قروسکێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س له هۆڵه‌ندییه‌کان له قروسکه‌ی ئه‌و سه‌گه تێبگات که منێکی کوردم.
له‌وانه‌یه بۆ من ئه‌م پرسیارانه زیاتر ئازار به‌خش بن وه‌ی له‌وه‌ی بتوانم به سانایی وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه، چونکه کاتێک پرسیاری شوێن و ناشوێنم لێ ئه‌کریت، هه‌ست ئه‌که‌م ئه‌بێت زۆر قوڵ بگه‌ڕێمه‌وه ناو خۆم و له ڕابوورددومدا بگه‌ڕێم، بزانم من چۆن هاتوومه‌ته ژیان و چۆن گه‌یشتوومه‌ته تاراوگه و چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و غه‌ریبییه‌دا ژیاوم، ئه‌وه پرسیارگه‌لێکن که ته‌نها لێدوانێک یان ڕۆمانێک به‌س نییه بۆ ده‌ربڕین، هه‌روه‌ک چۆن ڕۆمانی (شه‌وگه‌ڕه‌کان و نیشتیمانی سارا)یش له‌ژێر کاریگه‌ری وه‌ڵامی ئه‌و پرسیار و مێژووهمدا نووسراون.
من باوه‌ڕێکی یهقینینم به‌وه هه‌یه که ئه‌ڵێن، ئێمه‌ی مرۆڤ که‌ره‌سته‌ی چوارده‌ور یان ڕابووردومانین، چوارده‌ور و مێژوویه‌ک که منی پێ مه‌حکوم کراوه، به خواست ئه‌وانی تر من هاتوومه‌ته ژیان، به خواستی ئه‌وانی تر من گه‌یشتوومه‌ته تاراوگه، ئه‌توانم زۆر ڕاشکاوانه ئه‌وه بدرکێنم، که من کوڕی پیاوێکی نه‌ته‌وه په‌رست بووم، به واتا کوردییه‌که‌ی (نیشتیمان په‌روه‌ر)م مه‌به‌سته، هه‌ڵبه‌ته ئێستا پره‌نسیپ و باوه‌ڕی ئه‌و باوکه‌م تێپه‌ڕاندووه و به‌جۆرێکی تر له مانای نیشتیمان و نه‌ته‌وه ئه‌ڕوانم، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه من ئیدی به چاوی ئه‌و باوکه ناڕوانم و به پرهسنیپی ئه‌و باوکهیش بیر ناکه‌مه‌وه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێک جار هه‌ست ئه‌که‌م لێک چوونێک هه‌بێت و کاریگه‌ری له‌سه‌رم به‌جێ هێشتبێت، به‌جۆرێک وه‌کو له شوێنێکی نادیار له جه‌سته‌ی مندا هێلانه‌ی کردبێت، بۆ ئه‌وه‌یش هه‌رده‌م من سوپاسگوزاری ئه‌و باوکه‌م و شانازی پێوه ئه‌که‌م، گه‌لێک جار له هاوڕێکانم ئه‌وه ئه‌بیستم ئه‌ڵێن (کورد بوون خه‌مێکی گه‌وره‌یه)، منیش له‌و خه‌مه بێبه‌ش نیم، به‌ڵام تاوه‌کو ئه‌چمه ته‌مه‌نه‌وه جێگای زیاتر له ناو ڕۆحمدا ئه‌گرێت، به‌تایبه‌تی له‌و ساڵانه‌ی دواییدا که بڕیارم داوه به زمانی کوردی بنووسم و به‌رده‌وام ئاگاداری ڕووداو و جیهانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کوردی بم، جیاواز له‌وانی تر هه‌ست ئه‌که‌م ئه‌و خه‌مه له‌لای من بووه به هیوا و خه‌ون و له پێناویدا ئه‌ژیم، زۆر جار که‌سانی نزیکم له هۆڵه‌ندییه‌کان پێم ئه‌ڵین، خۆزگه ئێمه‌یش خه‌ون و خه‌یاڵێکی له‌و جۆره‌ی تۆمان هه‌بوایه تاوه‌کو له‌پێناویدا بژیاینایه، چونکه هه‌موو که‌سێک له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه پێویسته له‌پێناوی هه‌ر شتێک یان خه‌ونێکدا بژی، مه‌رج نییه ئه‌و شته یان ئه‌و خه‌ونه گه‌وره‌بێت، پێئه‌چێت له‌پێناوی جامێک ئاودا بیت.
له‌و کاته‌وه‌ی بیرم کردۆته‌وه و هه‌سته‌کانم توانای هه‌ڵسه‌نگاندنی بهرلێک که‌وتنی هه‌بووه، هه‌ستم به ته‌نیایی و غه‌ریبی کردووه، هه‌ستم به به‌جێ هێشتنی ئه‌و نیشتیمانه کردووه و به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانم پاساوێکی بۆ بێنمه‌وه، له‌وانه‌یه بۆ من نووسین ته‌نها پاساو بێت، هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام ئه‌و پرسیارم له چوارده‌وره‌که‌م کردووه، به‌داخه‌وه‌م که لای ئه‌وانیش وه‌ڵامێکم ده‌ست نه‌که‌وتووه که سوکنیایی به دڵم بدات، جاران ئه‌موت، له نێوان شوێن و ناشوێندا جێگایه‌ک نییه بۆ ژیان، به‌ڵام له ئێستامدا هه‌ست ئه‌که‌م توانیومه به نووسین ئه‌و شوێنه (نیشتیمان)ه له‌ده‌ست چووهم به‌چه‌ندین شیوه‌ی جیاواز دروست بکه‌مه‌وه و خۆم وه‌کو کاراکته‌رێک له‌ناویدا دووباره ئه‌زموونی ژیان بکه‌مه‌وه، ئیتر زۆر جار پێ ئه‌چێت من له‌ناو چیرۆک یان ڕۆمانێکمدا چڵێک داربم. له ڕابورودوومدا به‌تایبه‌تی کاتێک منداڵ بووم به‌رده‌وام به شێوه‌ی جیاواز هه‌ڵسوکه‌وتم له‌گه‌ڵ ئه‌و نوقسانییهمدا کردووه، به‌بیرم دێت له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی به‌رده‌وام سکێچم ئه‌کرد و له‌سه‌ر دیوار و کاشی و ته‌خته‌ڕه‌شی قوتابخانه‌که‌مان وێنه‌م ئه‌کێشا، ئه‌و وێنانه هه‌موو ئه‌و دیمه‌نانه‌بوون که باوکم به گێڕانه‌وه‌ی ڕابووردوومان به دیواره‌کانی ڕۆحی مندا دایکوتابوون، به جۆرێک له لای من بووبوون به جیهانێک و به‌رده‌وام لێم ئه‌ڕوانین، به‌تایبه‌تی دیمه‌نی ئه‌و شوێنه‌ی لێی له‌دایک بووبووم.
له ڕۆمانی شهوگهڕهکاندا ئه‌و دیمه‌نه ئه‌بینیت، که‌چۆن مارتن له سه‌ر دیواری پۆله‌که‌یان نیگار ئه‌کێشێت و پاشان له‌لایه‌ن مامۆستاکه‌یه‌وه سزا ئه‌درێت، هه‌ر وه‌ک چۆن له‌م برگه‌یی ڕۆمانی شهوگهڕهکاندا ئه‌و دیمه‌نه نمایش کراوه: (هه‌موو ده‌باشیر و قه‌ڵه‌م بۆیهکانم له جانتاکه‌م ده‌ر هێنان و ده‌ستم کرد به وێنەکێشانی چه‌ندین ئاژه‌ڵ، گه‌وره و بچووک، بۆ کێشانی گه‌وره‌کان، ده‌چوومه سه‌ر مێزه‌کان، چه‌ند باڵندهیهکیشم له‌سه‌ر شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌کان کێشان، له‌سه‌ر مێزێک ڕاوه‌ستابووم خه‌ریکی کێشانی سه‌ر و گوێی ورچێک بووم، کاتێک گوێم له ده‌نگی هاوپۆله‌کانم بوو، به لێشاو خۆیان کرد به ژووردا، یه‌کێک له قوتابییه‌کان زریکاندی، ‘تۆ بۆت نییه!’
به‌دوای ئه‌ودا هه‌موو به کۆرس، ‘بۆت نییه، تۆ بۆت نییه!’
بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕیان لێ بده‌مه‌وه، به‌ده‌م نیگارکێشانه‌وه له‌به‌ر خۆمه‌وه گوتم،
‘بەلاتانهوه جوانه؟’)
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م دیمه‌نه ده‌قاو ده‌ق هاوشێوه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی سه‌رده‌می منداڵی من نییه، به‌ڵکو ته‌نها لێک چونێک هه‌یه ئه‌ویش هه‌ست به غه‌ریبی کردنه، کاراکته‌ری ناو ڕۆمانی یه‌که‌مم (شه‌وگه‌ڕه‌کان) که مارتن سهلهمۆیه، تائاستی موتمین بوون به شوێن و دایکییه‌وه هۆگره، منیش به هه‌مان شێوه له‌وه‌ته‌ی بیرم کردۆته‌وه ئه‌و دووانه (شوێن و دایک)که لێیان دابڕاوم، ته‌واوی خه‌یاڵی منیان داگیر کردووه، به‌جۆرێک که ڕۆمانی دوومیشم ئه‌و ناونیشانه‌ی وه‌رگرتووه (نیشتیمانی سارا).
پرسیاری دووه‌م: سروشتی مرۆڤ وایه وابه‌سته‌ییه‌كی سه‌یری هه‌یه به شوێنه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك شوێنگه‌لێك هه‌ن له زاكیره‌ی هه‌ر یه‌كێكماندا ده‌كرێت و وێنای جیاواز له هزر و خه‌یاڵماندا دروست بكه‌ن، بۆ مرۆڤێك كه ساڵانێكی درێژه له شوێن و مه‌كانێك دووره و له‌جێگه‌یان شوێن و جێگه‌ی تر له‌ئامێزیان گرتووه، ئه‌ده‌ب له‌كوێدا و چۆن ده‌توانێت ئه‌و شوێنانه پێكه‌وه گرێ بداته‌وه؟ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان شوێن له ئه‌ده‌بیاتی تۆدا ئه‌وی نیشتیمان و گوزهشتهیه؟ یاخود ئێسته‌ی تاراوگه؟
میران ئه‌براهام: دیسان تۆ به‌م پرسیاره‌ت مه‌جبوورم ئه‌که‌یت به‌وه‌ی من بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ناو بڕگه‌ی ڕۆمانێکم، که کاراکته‌رێکی هۆڵه‌ندی و ڕۆح و هه‌ستێکی کوردی هه‌یه، له کاتێکدا ئه‌و کاراکته‌ره ده‌که‌وێته ته‌نگانه و له به‌ینی چواردیواردا به جه‌سته به‌ند ئه‌کرێت، به ئاشکرا هه‌ست به وابه‌سته‌یی ئه‌و ئه‌که‌ین به شوێنه‌وه، که به هێز و کاریگه‌ری هونه‌ر شوێنه‌کان پێکه‌وه گرێ ئه‌دات و سکاڵای ناخی خۆی ده‌رئه‌بڕێت، ئه‌ویش دیمه‌نی ناو سجنی یه‌که‌مه له میسر، کاتێک مارتن سهلهمۆی تێدا به‌ند ئه‌کرێت، به سکێچ کردن له‌سه‌ر دیواره‌کان غه‌ریبی بۆ شوێن و لێ دابڕانی سه‌رله‌نوێ ئهخوڵقێنێتهوه، به خه‌یاڵ و به‌هره‌ی وێنه‌کێشانی سه‌رله‌نوێ ئه‌و سجنه به‌رته‌سک و قێزه‌ونه ئه‌کات به جیهانی ناو خه‌ونه‌کانی، له هه‌مانکاتدا زوو زوو تابلۆکانی سامان خدر دێنه‌وه پێش چاوی که هه‌موویان سکێچی دیمه‌نی کوردستانن، که‌واته له ناو رۆحی مارتن سهلهمۆدا چه‌ندین یادگاری و چه‌ندین دابڕان هه‌یه، که ئه‌وانیش پێکه‌وه ئه‌بن به دیمه‌نێک له‌سه‌ر دیواری سجنه‌که و به‌رده‌وام دووباره ئه‌بنه‌وه، له‌م بڕگه‌یه‌دا که جه‌نجاڵی ناو خه‌یاڵه‌کانی مارتن هه‌ست پێ ئه‌کرێت، که منیش هه‌رده‌م ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی ئه‌وم هه‌بووه، به‌تایبه‌تی خه‌وبینین به سه‌رله‌نوێ سکێچ کرنه‌وه‌ی نیشتیمانێک که بۆ ئێمه جێگای ژیان بێت: (له‌سه‌ر دیواره‌کان، زۆر ڕسته‌ی ته‌واونه‌کراویان له‌سه‌ر بوو، زۆربه‌یان کورت، که‌مێکیشیان درێژ و بێکۆتا، له‌ناویاندا چه‌ندین وشه‌ی ته‌نیا و غه‌ریب، له‌و ده‌وروبه‌ره و له‌ژێر سێبه‌ری چیرۆک و هۆنراوه‌کاندا بۆخۆیان ئه‌گه‌ڕان، زۆربه‌یان بێ ده‌نگ و ڕه‌نگ بوون، له‌ناو هه‌موویاندا تاکوته‌را ته‌نیایی و غه‌ریبیی خۆیان له‌بیر چووبووه‌وه، هه‌ندێک وشه خۆیان به ڕسته‌ی ئه‌م چیرۆک و ئه‌و هۆنراوه‌دا هه‌ڵده‌زنی، چه‌ندین ڕوخسار بێده‌نگ له که‌ناره‌وه ته‌نها بینه‌ر بوون، په‌یکه‌رئاسا بێده‌نگ چاویان به هه‌موواندا ده‌گێڕا، چاویان پڕ بوو له شه‌رم و گومان. یەک یەک به‌سه‌ریاندا گه‌ڕام، له‌ژێر تۆزی چه‌ندین ساڵه‌ی ئه‌و چوار دیواره ده‌رم ده‌هێنان، تۆخم ده‌کردنه‌وه و ده‌ستی شه‌رم و بێدهنگییانم ده‌گرت. ئه‌و پۆرترێته ناوازانه‌ی له‌ژێر ته‌ڵخیی ڕه‌نگ و په‌چه‌ی سه‌ر ڕوخساری خۆیاندا، ته‌نها چاویان زیته‌ی ده‌هات، پێده‌چوو خۆشیان بەگومان بووبێتن له ڕه‌گه‌زی خۆیان، ڕێگەم بۆ ده‌کردنه‌وه و دووباره هێڵکاریی ڕوخسار و جهستهیانم ده‌کێشایه‌وه.)
هه‌روه‌ها ئێستای تاراوگه بۆ من ناچارییه، من خۆم وه‌کو مه‌لێک ئه‌بینم که له وه‌رزه‌کاندا و هه‌موو ساڵیک سه‌رله‌نوێ گه‌رمیان و کوێستان ئه‌کات، ئیتر به‌و جۆره منیش له‌نێوان هۆڵه‌ندایه‌کی کوێستان و کوردستانێکی گه‌رمیاندا تاوه‌کو له ژیاندا مابم هه‌موو وه‌رزێک بۆ باوه‌شی هه‌ردوو وڵات ئه‌فڕم.
پرسیاری سێهه‌م: ده‌وترێت غه‌ریبه‌كان له‌ماڵی خۆشیاندا بێماڵن، بۆیه ده‌بینین به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان به‌رهه‌مه‌كانی تاراوگه ده‌توانین بڵێین شتێكی تر ده‌گێڕنه‌وه، چیرۆكێكی جیاوازترمان پێ ده‌ڵێن، گه‌ڕانێك كه من بۆخۆم له‌به‌رهه‌می هه‌ندێك له ئه‌دیبه جیهانی و خۆماڵییه‌كانی دوور له نیشتیمانیشدا هه‌ستم پێی كردووه، ده‌كرێت ناو له‌و گه‌ڕانه بنێین گه‌ڕان له ماڵ؟ ئایا گه‌ڕان له ماڵ به‌دیوێكی ترا هه‌مان گه‌ڕان نییه له نیشتیمانێكی جێهێڵدراو؟
میران ئه‌براهام: ئه‌گه‌ر سه‌رنج له تابلۆکانی پیکاسۆ بده‌ین له زۆر شوێن فیگوری گایه‌ک ئه‌بینین، که ئه‌و گایه ڕه‌مزێکی ئیسپانییه و ئه‌وه پیکاسۆ خۆیه‌تی، که به‌رده‌وام له ڕێگای ئه‌و فیگورهوه خۆی ئه‌خاته ناو دیمه‌نه‌کانی ئه‌و نیشتیمانه‌وه که جێی هێشتووه، هه‌روه‌ها من فیگوری ئه‌و گایهیی ناو تابلۆکانی پیکاسۆ وه‌کو مۆرێک ئه‌بینم، که پێمان ئه‌ڵێت شوناسی ئه‌م کاره هونه‌ریانه ئیسپانییه.
ئه‌توانم له هه‌موو بواره هونه‌رییه‌کاندا گه‌لێک نموونه‌ت له‌و جۆره بۆ بێنمه‌وه، که ئه‌توانین بڵێین نیشتیمانی ئه‌به‌دی بۆ ئێمه‌ی نووسه‌ر ناو جیهانی ڕۆمان یان چیرۆکهکانمانن، بێگومان له هه‌موو نوسینێکی نوێ‌دا ئه‌و جیهانه ئه‌گۆڕێ و سه‌رله‌نوێ ئهخوڵقێنرێتهوه، من کاتێک ڕۆمانێک ئه‌نووسم ئه‌بێت به که‌ره‌سته‌ی زمان جیهانێک به دار و به‌رد و کاراکته‌ر و فیگوری ناو ئه‌و ڕۆمانه بخوڵقێنم، هه‌ر جاره‌و به شێواز و ڕه‌نگێک، ئه‌وه‌یش گه‌ڕانی نووسه‌ره له‌و ماڵ و جیهانه ئه‌به‌دییه‌ی به‌رده‌وام خه‌ونی پێوه ئه‌بینێت، یان وه‌کو تۆ له پرسیارهکتدا ئاماژه‌ت پێداوه، به‌دیوێکی تردا گه‌ڕانه له نیستیمانی جێهێڵراو.
ئه‌گه‌ر کۆی به‌رهه‌می نووسه‌ریک یان شیوه‌کارێک کۆبکه‌ینه‌وه و شیکاری له‌سه‌ر بکه‌ین، ئه‌وا بۆمان ده‌ر ئه‌که‌وێت که کاریگه‌ری تاراوگه‌نشینی پێوه دیاره، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌یش خوێنه‌ری ئاسایی هه‌ستی پێناکات، چونکه نووسه‌ر یان هونه‌رمه‌ند له کاره هونه‌رییه‌کانیاندا ڕاسته‌وخۆ خۆیان نماییش ناکه‌ن، تاوه‌کو به ئاسانی بناسرێنه‌وه، به‌ڵکو به‌ڕه‌نگ و شێوازێکی تره‌وه خۆیان ئه‌گێڕنه‌وه، بیست ساڵێک پێش ئێستا له کورته چیرۆکێکمدا به‌سه‌رهاتی سه‌گێک ئه‌گێڕمه‌وه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وسا به مه‌به‌ست من ئه‌و کاره‌م نه‌کردبوو، به‌ڵام که ئێستا ئهیخۆوێنمهوه، هه‌ست ئه‌که‌م که ئه‌و سه‌گه خۆمم و ئه‌و چیرۆکه کورته بیۆگرافیای نووسه‌ره‌که خۆیه‌تی.
له کۆتایدا لێدوان یان به‌رکه‌وتنی نووسه‌ره‌کان به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی کتێبه‌کانیان سه‌رنج ڕاکێش نیین، چونکه هه‌موو هێز و توانای نووسه‌ره‌کان له دووتوێی کتێبهکانیاندایه، منیش ئه‌ڵێم، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت وه‌ڵامی ئه‌وه‌ت ده‌ست که‌وێت ده‌رباره‌ی رۆیشتن و جێهێشتنی نیشتیمان و په‌ی بردن به قووڵایی خه‌یاڵی منێکی نووسه‌ر، ئه‌وا له دوو کاری هونه‌ری ڕۆماندا به ڕه‌نگێکی تر و له‌ژێر ناوێکی تردا ته‌واو به‌رهه‌می خه‌یاڵی خۆمم سکێچ کردووه و ئه‌توانیت بیان خوێنیته‌وه.
ئه‌م گفتوگۆیه ٢٠١٩ له ڕۆژنامه‌ی ژیان بڵاوکراوه‌ته‌وه