تێكست: فریدریك هێدلوند
وه‌رگێڕانی له سویدییه‌وه
زۆر ده‌مێكه، بینین و بوونی خوێن به‌سه‌ر ئه‌و چه‌رچه‌فه سپییه‌وه كه به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی بوكێنی له ژێر تازه بوكدا ڕاخراوه، تاكه به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنی پاك و بێگه‌ردیی و ده‌ست لێنه‌دراویی بوكێ بووه.دیاره له سویدیشدا هه‌ر به هه‌مان شێوه بووه، وه‌ك چۆن تا ئێستایش له سه‌رانسه‌ری جیهان و زۆربه‌ی كه‌لتوره‌كاندا هه‌ر وایه. به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، هه‌ر بۆیه كاتی ئه‌وه‌یش هاتووه كه ئه‌م ئه‌فسانه‌یه، ئه‌فسانه‌ی په‌رده‌ی كچێنی، پوچه‌ڵ و به‌درۆبخرێته‌وه!
به مانایه‌كی تر، بوونی خوێن به‌سه‌ر چه‌رچه‌فه سپییه‌كه‌وه، واته بوونی په‌رده‌ی كچێنی به پاكی و بێگه‌ردیی، به‌ده‌ست لێنه‌دراوی تا رۆژی بوكێنی و دڕاندنی له لایه‌ن ئه‌و پیاوه كه خوێنه‌كه ده‌بینێت و ئه‌و هه‌ست و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌داتێ كه ئه‌و یه‌كه‌م كه‌سه ئه‌م پاكییه ده‌كاته‌وه و مۆری خۆی لێده‌دات، دیاره هه‌موو ئه‌م بابه‌ته‌یش، چ له كاتی خۆیدا و چ له ئێستایشدا، دروستكراون.
خۆی ڕاستیه‌كه ئه‌وه‌یه. كه‌په‌رده‌ی كچێنی له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر بوونی نییه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر هاتوو لێره‌دا په‌رده‌ی كچێنییمان به‌و ناوپۆشه دانا كه هه‌موو ناو له‌شی ژنی داپۆشی بێت. (لێنا مارێونس) پزیشكی سه‌رپه‌رشتیار له كلینیكی ژنانه‌ی زانكۆی پزیشكی كارۆلین له سۆلنا، له سوید ده‌ڵێت: په‌رده‌ی كچێنی بوونی نییه، چونكه ئه‌گه‌ر بوونی هه‌بووایه ئه‌وا ژن نه‌یده‌توانی ته‌نانه‌ت دهستپهڕیش بكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه هه‌یه به‌ته‌نها په‌رده‌یه‌كی لینجه كه وه‌ك ئه‌ڵقه‌یه‌ك به ده‌وری ده‌رچه‌ی (یون) ڤاجایناوهیه و ئێمه پێیده‌ڵێن; ئه‌ڵقه‌ی ڤاجاینا. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی توێژاڵێك په‌رده‌ی لینجه كه له یه‌كێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر و به پێی ته‌مه‌نیش ده‌گۆڕێت. بۆ نموونه لای زۆربه‌ی كچان، به تایبه‌تی گه‌نجه‌كان، ئه‌م په‌رده لینجه به‌شێكی زۆری ده‌می ڤاجاینا ده‌گرێت. له‌كاتێكدا لای زۆرێك له كچان زۆر به زه‌حمه‌ت ده‌بینرێت!
لێنا مارێونیس ده‌ڵێت: هه‌ڵبه‌ت زانستی پزیشكی زۆر له مێژه گه‌یشتۆته ئه‌و ڕاستییه‌ی كه په‌رده‌ی كچێنی بوونی نییه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بووه له‌وه‌ی له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌و شێوه‌یه‌ی كه پێوستدهكات، بڵاوی بكاته‌وه و جێگیری بكات. لێ هه‌وڵی زۆریش دراوه بۆ ئاشكراكردنی ئه‌م ڕاستییه، به‌ڵام زۆر ئاسته‌نگی كه‌لتوری هه‌بووه كه وایكردوه نه‌توانین ئه‌م كاره به‌و شێوه‌یه بكه‌ین كه ده‌مانه‌وێت، ڕه‌نگه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بووبێت كه هه‌میشه ویسترابێت سێكسوالیتی ژن ڕام بكرێت و نه‌هێڵدرێت ئازاد بێت.
دیاره هه‌ندێ ژنیش له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م جوتبوونی سێكسی‌دا خوێنیان لێوەدێت، به‌ڵام ئه‌مه یاسایه‌ك نییه بۆ هه‌موو ژنێك گونجاو و ڕاست بێت. به پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێی سویدی له هه‌موو پێنج ژنێكدا یه‌ك ژن له كاتی یه‌كه‌م سێكسدا خوێنی ده‌بێت. به مانایه‌كی تر، چوار ژن له پێنج ژن خوێنی نییه! كه‌واته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ده‌ڵێت ده‌بێت ژن له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م سێكسدا خوێنی لێ بێت، به ته‌نها ئه‌فسانه‌یه‌كه و له‌وه زیاتر نیه، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه تا ئه‌مڕۆش و ته‌نانه‌ت له سویدیش كه‌سانێكی زۆر باوه‌ڕیان به‌م ئه‌فسانه‌یه هه‌یه و وه‌ك هه‌قیقه‌تێكی حاشا هه‌ڵنه‌گر لێی ده‌ڕوانن و ئه‌زمونی ده‌كه‌ن. لێنا ده‌ڵێت: هۆكاری ئه‌وه‌ی كه بۆچی هه‌ندێ ژن خوێنیان لێ دێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه پچران له توێژاڵی په‌رده لینجه‌كه‌ی ئه‌ڵقه‌ی ڤاجاینا خۆیدا، یان له توێژاڵ و شانه‌كانی ده‌وروبه‌ریدا دروستده‌بێت.
لێنا مارێونس ئه‌م هه‌له ده‌قۆزێته‌وه تا له ئه‌فسانه‌یه‌كی تر بدات و پوچهڵیبكاتهوه، كه ئه‌ویش بریتیه له‌وه‌ی: ئایا ده‌كرێت له ڕێی سه‌یركردنی ئه‌و توێژاڵه لینجهوه بزانین كه ژنێك سێكسی كردوه، به ڕاده‌یه‌كی وەها كهبووبێته هۆی كونكردن و دڕانی په‌رده‌كه‌ی؟
لێنا له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: دیاره زۆر جار كچی گه‌نج له پێش رۆژی بوكێنیاندا ده‌برێن و دهپشكێنرێن تا دڵنیابن له‌وه‌ی كه ده‌ستیان بۆ نه‌براوه و په‌رده‌كه‌یان به پاكی و بێگه‌ردی ماوه‌ته‌وه! به‌ڵام ڕاستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شته به پشكنینی جینۆكۆلۆژی نابینرێت، یاخود ئه‌م توێژاڵه لینجه شتێك نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك پێیوایه كه ئه‌سپسواری، پاسكیل لێخوڕین و هه‌ڵگرتنی تامپۆنگ كونی ده‌كات و نایهێڵێت. به ڕای ئه‌م خانمه پزیشكه مانه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه له ناو خه‌ڵكدا به‌م شێوه‌یه و ئه‌و هه‌موو كاته‌ش، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌كه‌وه پیاو پێویستی به‌وه‌یه كه سێكسوالیتی ژن كۆنترۆڵ و ڕام بكات، له لایه‌كی تریشه‌وه ژنیش خۆی له‌م گه‌مه قێزه‌وون و ناشرینه‌دا به‌باشی هێشتۆته‌وه.
دیاره ژنیش له هه‌موو كات و سه‌رده‌مێكدا شێوازی جیاوازی گرتۆته به‌ر تا خۆی له‌و حاڵه‌ته ده‌رباز بكات. بۆ نمونه به به‌كارهێنانی خوێنی ئاژه‌ڵ یان به‌كارهێنانی ده‌رزی بچوك به ناو له‌شیدا تا له‌و كاته‌دا خوێنی لێوە بێت. هه‌ڵبه‌ت گه‌لێك فێڵ و ته‌ڵه‌كه هه‌بوون كه‌هه‌ر له زووه‌وه خه‌ڵكی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌كاریانهێناوه. به مانایه‌كی تر، ئه‌م شتانه هه‌م زانراون وه هه‌میش یاریشیان پێكراوه. به‌ڵام له دونیای ئه‌مڕۆدا و له تیماركاری مۆدێرنه‌دا ئه‌م شێوازهكۆنانه كێشه‌ی نوێ دروستده‌كه‌ن.
بۆ نمونه پرسیارێك، داوایه‌كی زۆر هه‌یه بۆ ده‌ستێوه‌ردانی نه‌شته‌گه‌ری جوناكاری بۆ هێنانه‌وه‌ی شتێك كه له بنه‌ڕه‌تدا بوونی نه‌بووه، واته كردنی كارێك كه هیچ پێویست نییه.
به ڕای لێنا مارێونس؛ كلینیكی تایبه‌تیش له سویدا هه‌یه كه ئه‌م هه‌له‌ی قۆستۆته‌وه و ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییانه ده‌كات. به‌ڵام ڕاستییه‌كه ئه‌وه‌یه دوورینه‌وه‌ی ئه‌م توێژاڵه لینجه كارێكی ئه‌سته‌مه((چونكه وه‌ك ئه‌وه وایه كه بته‌وێت كه‌ره بدوریته‌وه))، ئه‌مه وایكردوه كه خه‌ڵكی به دوای چاره‌سه‌ری تردا بگه‌ڕێن، بۆ نمونه هه‌ندێك ده‌چن ده‌می (یون) ڤاجاینا بچوك و ته‌سك ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی شتێكی باش نییه و له كاتی سێكسكردندا ئازارێكی زۆر دروستده‌كات.
هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لێنا مارێونس بانگێشه‌ی كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزێونی سوید ده‌كات بۆ ئیشكردن له‌سه‌ر بابه‌تی سێكسوالیتی، ئه‌ویش له رێگه‌ی ووتنه‌وه‌ی وانه له هه‌ر یه‌كه له ته‌له‌ڤزێون و له خوێندنگه‌كانیش. به ڕای ئه‌م خانمه ئێستا باشترین كاته تا ئه‌فسانه‌ی په‌رده‌ی كچێنی تێكبشكێنین و پوچه‌ڵی بكه‌ینه‌وه. ئا چیتر له‌وه زیاتر كچ و ژنه‌كانمان نه‌تۆقێنین به‌وه‌ی كه پهردهكانیان كون ده‌بێت یان ده‌توانن ئه‌گه‌ر به‌ر له شوكردنیان سێكس بكه‌ن، دواتر بیدروونهوه، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و په‌رده‌یه خۆی هه‌ر بوونی نییه.
لێنا مارێونس ده‌ڵێت :سروشت به‌و شێوه‌یه ژنی دروستنه‌كردوه، واته وه‌ك ئه‌وه‌ی پاكه‌تێكی نه‌كراوه بین و چاوه‌ڕێی پیاوێك بین تا ههڵمانبچڕێت و بمانكاته‌وه!
سه‌رچاوه:
گۆڤاری ته‌ندرستی و زانست ، ژماره1: 2011