ڕۆژە رەشەکان لە “هەزار جار شەو باش” دا
فەرهاد چۆمانی
هونەرێک هەیە “بەردەوام پیشەگەرەکانی تۆمەتبار دەکرێن”، تاکە شتێک کە لەپشت تۆمەتبارکردنییەوەیە، ئەو شۆکەیە کە بۆ بینەرانی دروست دەکات: ئەو هونەرە هونەری فۆتۆگرافییە.
ئێریک پۆپ Erik Poppe لە ساڵی ٢٠١٤ رۆڵی فۆتۆ-جۆرنالیستێک دەداتە سەماکار و ژنە ئەکتەری فەرەنسی ژیلیێت
بینۆشێ Juliette Binoche ، بینۆشێ لە فیلمە ئایرلەندی- نەرویژییەکە ناوی رێبێکا-یە و دەچێتە ئەفغانستان تا چیرۆکی ئەو ژنانەمان نیشان بدا، کە وەک بۆمبای زیندوو لەلایەن قاعیدەوە بەکاردەهێنرێن بۆ کاری تیرۆریستی.
ژنێک لەنێو گۆڕدا راکشاوە، کۆمەڵێک ژنی دیکە چەند ئایەتێکی قورئانی بەسەردا دەخوێنن -ئەمە بۆ ئەوەی ئەزموونی مردن و گۆڕی بۆ ئاسان بکەن- لە ماڵێکدا کە دەیان ژن بۆ هەمان مەبەست کۆکراونەتەوە و کۆمەڵێک ریشن سەرپەرشتیی دەکەن، لەلایەن چەند ژنێکەوە بۆمبا زیندووەکە دەشۆن و پشتێنەی تەقینەوەکانی لێدەبەستن. بە سواری مینی باسێک بە ئاراستەی شەقامە قەرەباڵغەکانی (کابول) دەینێرن، پێش ئەوەی بڕوات، رێبێکا داوا لە پیاوە ریشنەکان دەکات لەگەڵ ئەو مینی پاسە سوار بێت کە بۆمبە زیندووەکەی تێدایە، لە بازگەیەکی پۆلیس نزیک دەبنەوە، دەربازیان دەبێ، دواتر داوا دەکات دابەزێ، پۆلیسێک دێت داوای ناسنامەی لێدەکات و فۆتۆ ژۆرنالیستەکە دەشڵەژێت، لەوکاتە پرسیارێکیش لەنێو سەری مندا دەهارووژێت؛
تاچەند پرۆفێشناڵی و سەرکەشی بۆ بەدەستهێنانی فۆتۆ، دیمەنی ڕۆژنامەوانی لەئەخلاق و هەستی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر “ئەویدیکە” دەکوژێ؟ ئایا فۆتۆگرافیی ئەو پیشەیەیە کە دەبێ لێیبگەڕێن ڕووداوەکان چۆنن ڕووبدەن و ئەگەر توانای ئەوەشمان هەبێ دەستکاری قەدەری ڕوودانەکان بکەین هێشتا بێدەنگ بین؟.
بەڵام رێبێکا بێدەنگ نابێت، دووردەکەوێتەوە و هاوار لە خەڵکەکە دەکات بڵاوەی لێبکەن، زۆربەیان دوور دەکەونەوە، بەڵام ژمارەیەکیش دەبنە قوربانی و خۆیشی بریندار دەبێت.
ڕۆژنامەنووس، نەخاسمە فۆتۆ- جۆرنالیست سەرکێشیش بن، مرۆڤن، بچنە بەرەکانی جەنگیش ماڵباتێکیان هەیە، بە لێواری مەرگیشدا بڕۆن، کەسێک هەیە چاوەڕێی هاتنەوەیان بکات، بۆیە ئەوەی لەبەردەم سەرکەشییەکانی رێبێکا دەبێتە ئاستەنگ و گرێچنی خەونەکانی دەکاتەوە، مەترسی هەڵوەشانەوەی خێزانەکەیەتی، هاوسەرەکەی داوای لێدەکات کە دەبێ واز لە کارەکەی بێنێت، ئەویش هەر وا دەکات.
یەکێک لە هاوڕێکانی دوای گەڕانەوەی رێبێکا بۆ وڵاتەکەی خۆی پێی دەڵێ: “هیچ وێنەیەکی تازەت هەیە بۆم؟” ئەو دەڵێ: “من وازم لێهێناوە!”. پێیدەڵێ: “تۆ یەکێکی لە پێنج فۆتۆگرافەرەکانی لوتکە” ئەو دەڵێ: “من دوو منداڵـم هەن، لەگەڵ هاوسەرێك”.
دوالیزمی “ئەخلاق” و “پڕۆفێشناڵێتی” هەمیشە یەکدی ئاستەنگ دەکەن، ڕۆژنامەنووسی بەرپرسیار حوکم نادا، بڕیار نادا، ڕووداوەکان ئاراستە ناکات، ناچێتە بەرەیەکەوە و دژ بە بەرەیەکی دیکە بوەستێتەوە، بۆی نییە وەسفی شتەکان بکات هێندەی لەسەریەتی رووداوەکان وەک “fact” بگوازێتەوە، نابێ دەستی لە هەڵگیرسانی رووداوەکاندا هەبێت، هەروەها ناشبێ دەستی لە بەردەوامبوون و کۆتاییهاتنیاندا هەبێت. بەڵام لە بەرامبەردا “ئەخلاق” داوای گیانی هاوکاری، درێژکردنی دەستی کۆمەکمان لێدەکات، پێماندەڵێ تۆ بەرامبەر هەموو کەسێک، ئەو کەسەی بۆیەکەمجاریشە لە ژیانتدا دەیبینی؛ بەرپرسیاری. رایهێناوین لەسەر ئەوەی پێش بەوە بگرین کارەساتێک رووبدا، کەسێک داوای کۆمەکمان لێ بکات بەهەر نرخێک بێ هاوکاری دەکەین.. ئەم دوو چەمکە لەو کاتەدا قوڵتر دژایەتی و جیاوازییان دەردەکەوێ کاتێک بەو تێگەیشتنەوە چووینە شوێنی رووداوەکان کە: بۆ ئەوەی ڕووداوی کاریگەریتر و هەواڵی گەرمترمان هەبێت، ژمارەی قوربانیان چەند زۆرتر بێت، کارەساتەکە چەند بەرفراوانتر بێت بەهای هەواڵییەکەی بەرزتر بێتەوە. (بەهای هەواڵی!) پێودانگێک بۆ راددەی دەرچوون لە ئەخلاق، دەکرێ تا دوا ئەندازە پیشەگەرانە و پڕۆفێشناڵانە بێت، بەڵام کەم خۆی لە قەرەی ئەخلاق دەدات، هەڵبەت پیشەکە ئەخلاقی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام من باس لە ئەخلاق دەکەم وەک بنەڕەتی مرۆڤبوونمان.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر کامێرا نەبوایە دەبوو گیانی چەند ملیۆن سڤیل و بێدەرەتانی دیکە ببوایەتە قوربانی؟ ئەگەر فۆتۆ-جۆرنالیست کێڤن کارتەر Kevin Carter کێ دەیزانی سودان لە چ کارەساتێکی مرۆییدایە و برسیەتی چۆن دروێنەی مرۆڤەکان دەکات؟
لەرێگەی فیلمی “Bang Bang Club”ـەوە دەزانین کە لەمانگی مارسی ساڵی ١٩٩٣ (کێڤین کارتەر) گەشتێکی بۆ سودان کردووە، کاتێک کە گەیشتۆتە گوندی ئەیۆد گۆیی لە کروزانەوەی منداڵێکی بچووکی بەدخۆراک بووە، کە بەچنگۆڵە دەڕۆشت بۆ ناوەندی دابەشکردنی خۆراک، کاتێک کە منداڵەکە ماندوو بووە و وەستاوە کامێراکەی ئامادەکردوە تا وێنەی بگرێت، لەو کاتەدا داڵاشێک لەتەنیشت منداڵەکەوە نیشتۆتەوە بەو نیازەی منداڵەکە لەبرسا بمرێت و ئەمیش بیخوات، کارتەر دەڵێت: بۆ ماوەی ٢٠ خولەک چاوەڕێم کرد تاوەکوو بزانم داڵاشەکە چی بەسەر منداڵەکە دەھێنێت، بەڵام دوای ئەوە بڕیارمدا کە وێنەکە بگرم و پاشان داڵاشەکەم دوور خستەوە لە منداڵەکە، کارتەر لەسەر ئەم رووداوە زۆر سەرزەنشت کرا لەسەر ئەوەی کە بۆ چی وێنەی گرتووە و یارمەتی ئەم منداڵە بچووکەی نەداوە.
لە ٢٧ی مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٩٤دا کێڤین کارتەر ئۆتۆمبیلەکەی بەرەو رووباری برامفونتاینسبروی برد، کە دەکەوێتە دەوروبەری بەشی باکووری شاری یۆھانسبێرگ کە پایتەختی وڵاتی باشووری ئەفریقایە. لەو شوێنەدا کارتەر زۆربەی ژیانی منداڵی بەسەربردبوو ھەر لەو شوێنەدا دوای ئەوەی کە بۆڕی گزۆزی دووکەڵی ئۆتۆمبیلەکەی بەدەستی خۆی دەباتە نێو سەیارەکەیەوە بەھۆی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە خۆی کوشت و لەدوای خۆی نامەیەکی بەجێھشتبوو بۆ کەس و کار و ھاوڕێکانی و تێیدا نووسیویەتی:
«من زۆر خەمبار و رەشبینم، بەبێ تەلەفون، بەبێ پارەی کرێی خانوو، بەبێ پارە بۆ قەرز، بەبێ پارە، من لە لایەن یادەوەریە زیندووەکانی پڕۆسەی کوشتن و تەرم و تووڕەبوون و ئازار راوەدوو دەنرێم، راوەدوو دەنرێم لە لایەن منداڵە بریندارەکان و ئەو منداڵانەی لە برسان دەناڵێنن، لە لایەن ئەو شێتانەی ھۆگری تەقەکردنن، لەلایەن پۆلیس و جەلادەکانەوە»
ھەندێک لە دۆستە نزیکەکانی دەڵێن؛ کە گوایە کارتەر لە ژێر کاریگەری ئەم وێنەیەی کە بەدەستی خۆی گرتبووی خۆی کووشتووە چونکە ھەر دوای بڵاوکردنەوەی وێنەکە باری دەروونی زۆر تێکچووە.
ئەوەی کارتەر راودەنێ ویژدان و ئەخلاقیەتی لە فۆرمی پۆلیس و منداڵ و قوربانییەکان، ئەم رەوشەی کێڤن دوای گرتنی وێنەکە تێیدەکەوێ بە روونی راستینەی جیاوازی نێوان ئەو دوو چەمکە “ئەخلاق” و “پرۆفێشناڵیەت” دەخاتەڕوو.
“تووڕە بوون وایکرد ببمە فۆتۆگرافەر، فۆتۆگرافەری دەربازی منە، ئارامم دەکاتەوە..”
رێبێکا لە فیلمی “هەزارجار شەوباش”دا وادەڵێ و من بیر لەوە دەکەمەوە کە جیاوازییەکی ڕیشەیی کە لەنێوان رۆژنامەنووسی مەملەکەتی ئێمە و رۆژنامەنووسی وڵاتانی دیکەدا هەیە ئەوەیە: رۆژنامەنووسانی -وڵاتانی رۆژئاوا بە نموونە- خەون و خەمێکیان هەیە، ئەوکاتە دەست دەدەنە ئەو پیشەیە. خەمی زارۆکێکی رەشتاڵەی برسی دەخۆن کە رایەڵە مرۆڤییە پتەوەکان نەبێ هیچ شتێک کۆیان ناکاتەوە. بەڵام ئەوانەی لەمەڕ خۆمان بە رێکەوت دەکەونە نێو ئەو پیشەیە و لەنێویدا خەون بە شتێکی دیکەوە دەبینن. رۆژنامەنووسانی مەملەکەتەکانی دیکە پەیامێکیان هەیە و دەیانەوێ بیگەیەنن، ئەوانەی ئێمە دەبنە هۆکار بۆ گەیاندنی پەیام و مەرام.
لەو کاتەدا وشەی “سەرکەشی challenge” مانا بەخش دەبێت، ئەوکاتەی پەیامێکی مرۆیانەی خودی تا ئەوپەڕی دونیا دەمانبات.
ئاستەنگی بەردەم رێبێکا هاوسەرەکەیەتی، کە پیاوێکە ژیانێکی مەند و ئارام و بێ سەرکەشی دەوێ، ژیانی نێو چواردیوار و رۆتینەکانی نێو بازنەی ژیانی رۆژانە، ژیانێکی بێ شەپۆل و هەڵچوون وریزپەڕی، بەڵام رۆحی سەرکەشی رێبێکا ئەوە ناخوازێ، نایەوێ سەرکزانە ببێتە ژنی ماڵەوە و بەدیار گەورەبوونی منداڵەکانییەوە ساڵان بژمێرێ و هەگبەی ئەزموونی پڕ گوێزی کویرک و رزیوی تەمەنێک بکات کە هەر لە ماڵەکەی بەسەری بردوە.
بەڵام ئەم ڕۆحە سەرکەشە لەنێو هەر کۆمەڵگایەک دابێت تەرە و پەراوێزخراو دەبێت، رێبێکا کاتێک دووبارە دەست دەداتەوە پیشەکەی و لەگەڵ یەکێک لە کچەکانی دەچێتە ئەفریقا و دەگەڕێتەوە، هاوسەرەکەی بەپاڵەپەستۆ لەماڵ دەریدەکات. دەرکردنی رێبێکا تەنیا دەرکردن نییە لەماڵ، دەرکردنیەتی لە تەواوی سیستمی چەقبەستووی کولتووری، ئینجا ئەگەر ئەو کولتوورە لە هەر ئاستێکی گەشەسەندن دابێت جیاوازی نییە. ئەو دەستەی رێبێکا دەردەکات دەستی کولتوور و خووێکە کە دەبێ هەموومان هاوشێوە بژین و وەکو یەک ڕەفتار بکەین، شەمەندەفەرێک بین و هەموومان وەک فارگۆن پەیڕەوی لە هەمان ئەو رێڕەوە ئاسنینە بکەین کە بۆمان دیاریکراوە، ئەگەر نا… رێبێکاتان بینی؟
زۆربەمان بەدەم قاوە خواردنەوەیەکەوە ڕۆژنامە بەدەستەوە دەگرین، کاتێک شوێنێکی گەنجاو و باشمان بۆ پاڵدانەوە دەستکەوتووە، لە یەکێک لە لاپەڕەکان وێنەیەک دەبینین، منداڵێکی تینوو، منداڵێکی کۆبانێ کە بریندارە، یان ئاوارەبووێک کە مردن و سەربڕین پێ بەپێ دوای کەوتووە… پێموانییە چێژی تاڵی قاوەکە هەرگیز ڕێگەی ئەوە بدات هەست بە تاڵی ئەو ئازار و ماندووبوونە بکەین کە فۆتۆ-ژۆرنالیستێک لە شوێنی ڕووداوەکە دەیچێژێت.