ئەگەر سەرەتای دروستکردنی عەتر، لە گژوگیا و گوڵان مۆتیڤەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، ئینسان ویستوویەتی بەشتێک بۆنی ناخۆشيی جەستەی لێ بڕوات، تا ئەوانی تر سپەیسی لێ وەرنەگرن و لێی دوور نەکەونەوە، ئەوا ئێستا عەتری نوێ ئەرکێکی گرنگتری هەیە، ئەرکێک، کە توانای کەمەندکێشکردنی ئەوانی ترە بۆ نزیکبوونەوە…
لەوانەیە بەکارهێنانی عەتر لەسەر جەستە هەوڵێک بێت بۆ شاردنەوەی بۆنی ناخۆشی ناخیشمان. ئێستا هەر کەسێک لە ئێمە عەتر لە خۆی دەدات، بە زمانیحاڵ دەیەوێت بەوی تر بڵێت: وەرە کەپووت بنێ بە گەردنمەوە، تا بزانیت چ بۆنیکم هەیە!
بەڵام من دەمەوێ باسی عەترێکی تر بکەم، عەترێک، کە خودا دڵۆپاندویەتییە ژێر پێستی پیاوەوە، عەترێک هەموو کات بۆنی نایەت. هەروەک چۆن ئاژەڵە یەکسمەکان لە وەرزی زاوزێدا، مێینەکانیان بۆنێک دەردەن و سەرنجی نێرەکانیان بۆ خۆیان ڕادەکێشن، لە مرۆڤدا بەپێچەوانەوە؛ پیاوان ئەو بۆنە دەردەدەن، بۆنێک، کە خۆشیان وەک زۆر شتی تری خۆیان لێی بێ خەبەرن!
پیاوان کاتێک ئەم بۆنە ژنکوژە، ئەم عەتری خودایە دەردەن، کە لە پەیوەندييدا بن لەگەڵ ئافرەتێک، ئەوەشی ئەتوانێ ئەم بۆنە بکات بە تەنها ژنان خۆیانن، بۆنێکە پیاو تێیدا ڕۆڵی ونە، خۆی نازانێت، لووتی هیچ پیاوێک لە دونیادا ئەم بۆنەی نەکردووە؛ بۆنەکە شلەیەکە لەژێر پێستیاندا چڕ بۆتەوەو وەک خەرمانەیەکی ڕووناک، بەڵام نادیار بە دەوریانەوەیە.
ئەم بۆنەی پیاو لە لووتی ناسکی ژناندا؛ عەترێکە زۆر لە دامبێڕ و نۆوەن و پۆلۆڕێد و بۆتیگا خۆشترە. ئەوەی ئەلفوبایەکی لەبارەی سێکسەوە خوێندبێتەوە، دەزانێت؛ ئەوەی ژنان شێت دەکات؛ بە تەنها قەدوباڵا و چاوی گەش و سنگی پان و دەستی پڕ ماسولکە و پەنجەی درێژمان نییە، بەڵکو ئەوەی ژنان هار دەکات بۆنمانە، بۆنێک، کە هی هیچ دوو پیاوێک لە دونیادا؛ لەیەکتر ناچێت.