شێرکۆ کرمانج
خەڵکێکی زۆر، موسڵمانو ناموسڵمان، عەلمانیو ئیسلامیی، کوردو عەرەب، لێرەو لەوێ، پێیانوایە کە ئەمریکا رێکخراوەکەی ئوسامە بن لادن واتە ‘قاعیدە’ی دروستکردوە. بۆ هەڵسەنگاندی ڕاستیو ناڕاستی ئەم بانگەشەیە بەخێرایی چاوێک دەخشێنین بە سەرەتاکانی دروستبوونی پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ موجاهیدەکانی ئەفغانو ئاوڕێکیش لەو ڕۆژانە دەدەینەوە کە قاعیدەی تێدا دروستبوو.
قاعیدە لەلایەن ئەو موجاهیدە غەیرە ئەفغانیانە، کە زۆرینەیان عەرەب بوون، دروستکرا کە لەنێو ڕیزەکانی موجاهیدە ئەفغانییەکان لە دژی یەکێتی سۆڤییەت لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردو دەجەنگان. لێرە یەکدو خاڵو وێستگەی مێژوویی هەیە کە دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین بۆئەوەی ڕاستیو ناڕاستی ئەو بانگەشەیە دەربخەین کە گوایە ئەمریکییەکان قاعیدەیان دروستکردوە. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت بگەڕێینەوە سەرەتاکانی دروستبوونی پەیوەندی ئەمریکییەکان لەگەڵ موجاهیدەکانی ئەفغان، کە لێرە بەچەند خاڵێک دەیانخەینەڕوو:
یەکەم، یارمەتی ئەمریکییەکان بۆ موجاهیدەکان لە ساڵی ١٩٨٠ لەسەردەمی سەرۆکایەتی جیمی کارتەر دوای ساڵێک لە داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دەستپێدەکات.
دووەم، لەدوای هاتنی رۆناڵد رێگن بۆ سەر حوکم ئەم یارمەتیانە تا ١٩٨٤ بەردەوام لە زیادبووندابوون.
سێیەم، بەپێی زانیارییەکان ئەمریکا چەندی یارمەتی موجاهیدەکانی دابێت بەردەوام سعودییەش ئەوەندە بە پارە یارمەتی داون.
چوارەم، لە ١٩٨٥ سیناتۆرێکی ئەمریکی بەناوی چارلی ویلسن (Charlie Wilson) دوای چەند سەردانێک بۆ ئەفغانستان بەو قەناعەتە دەگات کە کۆمەکو یارمەتییە ماددییەکانی ئەمریکاو سعودیە هاوسەنگی هێزیان بەقازانجی موجاهیدەکان پێ ناگۆڕدرێت. بۆیە ئەو پێیوابوو دەبێت ئەمریکا چەک بدات بە موجاهیدەکان چونکە هێلیکۆپتەرەکانی یەکێتی سوڤیەت لە ئاسمانەوە زەرەری زۆریان لە موجاهیدەکان دەدا.
پێنجەم، لەسەر داوای چارلی ویلسن، حکومەتی ئەمریکاو کۆنگریسو سی ئای ئەی رازیدەبن کە چەکی دژە تەیارە، کە ناسراوبوو بە ستینگە (Stinger)، بدەن بە موجاهیدەکان.
شەشەم، لە ١٩٨٥ لەگەڵ گەیشتنی چەکەکان ئیدی هاوسەنگی هێز لەبەرەکانی شەڕ بەلای موجاهیدەکان لاردەبێتەوەو موجاهیدەکان لە کۆتایی ١٩٨٧ دا تەنگ بەهێزەکانی سۆڤیەت هەڵدەچنن تادەگاتە ئەو ڕادەی کە بەشێکی زۆر لە ئەفغانستان لەدەست سۆڤییەتییەکانو حکومەتەکەی کابول رزگاربکەن.
حەوتەم، لە نیسانی ١٩٨٨ یەکێتی سۆڤیەت نیازی خۆی بۆ کشانەوەو دەرچوون لە ئەفغانسان بەیاندەکات.
هەشتەم، دوای سەرکەوتنی موجاهیدە ئەفغانییەکان، دیارە بە یەکجارەکی نا بەڵام بەدڵنیاییەوە هێزەکانی سۆڤیەت شکستیان خواردبوو و ئەمریکا ئامانجەکەی خۆی لە دەرپەڕاندنی سۆڤیەت لە ئەفغانستان پێکابوو، ئەوجا موجاهیدە غەیرە ئەفغانییەکان لە ئابی ١٩٨٨ قاعیدە لە ئەفغانستان دروستدەکەن.
نۆیەم، دوای دروستبوونی قاعیدە بە سەرۆکایەتی ئوسامە بن لادنو ئەیمەن زەواهیری، کە کۆنە ئیخوانێکە، بە دوو ساڵ، ئەمریکا هێزەکانی خۆی دەنێرێتە سعودییە بۆ ڕزگارکردنی کوێت لە دەست عێراق.
دەیەم، لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی ئەمریکا بە سعودییە، بن لادنو رێکخراوەکەی رەخنەی توند لە حاکمو دەسەڵاتدارانی سعودیە دەگرنو بەگشتی سعودیە بەجێدێڵنو بەرەو سودان بەڕێدەکەونو ئیعلانی شەڕ لە دژی ئەمریکا دەکەن.

ژنەکە: واو سەری ئەفلام کارتۆنێک، چەندە جوانە لەتۆوە ..
عەبدول ؛ بۆ تۆیە گیانە ..
لەم گێڕانەوە مێژووییە کە قسەی گیرفانی خۆم نییە ئەمانە هەمووی بە دۆکیومێنت هەنو لە کەس شاراوە نین، چەند راستییەکمان بۆ دەردەکەوێت:
یەکەم، ئەمریکییەکان رێکخراوە موجاهیدەکانیان لە ئەفغانستان دروستنەکرد بەڵکو یارمەتیاندان.
دووەم، یارمەتیدانەکەی ئەمریکییەکان لەبەر چاوی ڕەشی موجاهیدەکانو ئیسلامو موسڵمانان نەبووە بەڵکو لەدژی یەکێتی سۆڤیەت بوو.
سێیەم، بۆ تێگەیشتن لە یارمەتیدانی موجاهیدە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان دەبێت لە سیاقو بارودۆخی شەڕی سارد هەڵسەنگاندنی بۆ بکەینو تێیبگەین چونکە لەو سەردەمانەدا هەم ئەمریکییەکان هەم سۆڤییەتیەکان یارمەتی دەیان رێکخراوو بزوتنەوەیان دەدا کە هیچی بنەمای ئایدیۆلۆجیو ئەخلاقی نەبوو بەڵکو هەر لایەنە بەرگری لە هەژمونو نفوزی خۆی دەکردو لە هەوڵی بردنەپێشی بەرژەوەندییەکانی خۆی بوو بەدژی بەرژەوەندییەکانی لایەنەکەی دیکە شەڕی لەبری (proxy war) یان دەکرد. لەو ئانوساتدا ئامانجی سەرەکی ئەمریکا ئەوەبوو کە یەکێتی سۆڤییەت لە ئەفغانستانەوە نەخشێ بەرەو پاکستانو خۆی بگەێنێتە ئاوە گەرمەکان (المیاە الحارە).
چوارەم، قاعیدە دوای سەرکەوتنی موجاهیدەکان لە ئەفغانسان دروستکراوە، نەک لەو کاتەی کە ئەمریکییەکان یارمەتی موجاهیدە ئەفغانییەکانیان دەدا.قاعیدە نەک ئێستا ئەوکاتیش هیچ خزمەتی بە بەرژەوەنییەکانی ئەمریکاو رۆژئاوا نەکردوە.
پێنجەم، دوو ساڵ لە دوای دامەزراندنی قاعیدە، رێکخراوەکە بەشێوەیەکی فەرمی ئیعلانی جیهاد لە دژی ئەمریکاو ڕۆژئاوا دەکات.
ئیدی من نازانم ئەو قسەیەی کە دەڵێت موجاهیدە نوێکان، قاعیدەو نمونەکانی، ئەمریکاو رۆژئاوا دروستیانکردون بنەمای لەسەر چ بەڵگەیەک داناوە بەغەیرەز نەزەرییەی موئامەرە نەبێت کە لە گیرفانی نەزانیو ناشارەزایی دەردەهێنرێنو بڵاودەکرێنەوەو بەبێ بوونی هیچ بنەمایەکو بەڵگەیەک.
ئەوانەی ئەم قسانەدەکەن، دەڵێن ئەمریکاو رۆژئاوا رێکخراوە موجاهیدەکان دروستدەکەن یان پشتیوانییان لێدەکەن بۆ ناشیرینکردنی ئیسلام. دەتوانین دەیان بەڵگەو قسە لەسەر ناڕاستی ئەم قسە بێبنەمایە بێنینەوە بەڵام لێرە من ئاماژە بە یەک شت دەکەم ئەویش ئەوەیە کە ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن یەک تۆزقاڵ لە رۆژئاوا نەگەیشتونو نازانن دنیای رۆژئاوا دنیای سەرمایەدارییەو سەرمایەداری بەدوای بەکاربەر (موستەهلیک) دا دەگەڕێتو هیچ گوێ بە دینو نەتەوەی بەکاربەریش نادات.
ئەوان نازانن کە دنیای ڕۆژئاو دنیای سەرمایەیەو دنیای سەرمایەش بەدوای بازاڕدا دەگەڕێتو بازاڕی سەرمایەش لە سەقامگیرییو ئاشتیدا گەشەدەکات نەک ئاژاوەو گێرەشێوێنو شەڕوشۆر، کە موجاهیدەکان لەتەواوی دنیادا دەیانەوێت دروستی بکەن.
ئەوانەی دەڵێن کە رۆژئاوا بەدوای ساغکردنەوەو چەکدا دەگەڕێت بۆیە پشتیوانی لەم رێکخراوە موجاهیدانە دەکات بەمەبەستی هاندانی وڵاتان بۆ کڕینی چەک. ئەوانەی ئەو قسە سادەگۆییانە دەکەن هیچ ئاگاداری ئەوە نین کە ئەوە بیست ساڵیش دەبێت گەورە کۆمپانیاکانی جیهانو رۆژئاوا کۆمپانیا ناعەسکەرییەکانن. هەر بۆنمونە لە ١٠٠ کۆمپانیا زەبەلاحەکەی دنیا کە بەپێی ئەو ریزبەندییەی کە گۆڤاری فۆربس (Forbes) بۆ کۆمپانیا دەوڵەمەندو داهات بەرزەکانی کردوە تاکە یەک دانەشیان کۆمپانیا عەسکەرییەکان نین، واتە ئەوانە نین کە کەلوپەلی سەربازی دروستدەکەنو دەفرۆشن بەڵکو هەموویان یان لە بواری تەکنۆلۆجیا یان خواردنن. کۆمپانیا گەورەکانی دنیا ئێستا گوگڵو ئەپڵ و سامسۆنگو فەیسبوکو ماکدۆناڵدو نایکیو ئەدیداسو مایکرۆسۆفت… هەتادواین. ئەم کۆمپانیایانە دەیانەوێت یان پێویستیان بە دنیایەکی ئارامو رۆژهەڵاتێکی سەقامگیر هەیە نەک پڕ شەڕو شۆڕو خوێنڕشتن. بۆیە ئەو قسەیەی کە دەڵێت رۆژئاوا بەدوای ئاژاوەوەیە لە رۆژهەڵات خوێندنەوەیەکە فڕی بە دنیای سەرمایەداری ئێستا نییەو هیچ بنەمایەکی لۆجیکیو بەڵگەیی نییە، ڕاست وەک ئەوەی کە گوایە ئەمریکا قاعیدەی دروستکردوە.
موسڵمانانو ئیسلامییەکانو عەلمانییەکانی ڕۆژهەڵات، بەکوردیشەوە، بۆئەوەی لە کێشەو گرفتەکانی کۆمەڵگەکانیان بگەنو چارەسەریان بکەن، لەپێش هەموویانەوە ئافاتی رادیکالبوونی گەنجانی موسڵمانو تەشەنەکردنی بیری سەلەفی جیهادی، واچاکە لە کۆمەڵگەکەی خۆیان بڕوانن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکان نەک لۆمەو زەمی ئەمو ئەو بکەن، چونکە ئەوەی دواییان بە هیچ شوێنێکیان ناگەیەنێت.