فریدریک نیتچە - هێڵکاری کارڵ باوەر

دیسکۆرسی یەکەم: خێر و شەڕ، چاکە و خراپە


بەشی سێهەم

Loading

فریدریک نیچە

 دەربارەی جینیالۆجیای ئاکار

نووسینێک بۆ دیسکۆرس

بە مەبەستی تەواوکردن و ڕوونکردنەوەی دوایین وەشانی

 (ئەودیوی خێر و شەڕ)

 

لە ئەڵمانییەوە : موئەیەد مستەفا

 

 

دیسکۆرسی یەکەم:

خێر و شەڕ، چاکە و خراپە

 

١

ئەم دەروونناسە ئینگلیزانە، ئه‌وانه‌ی مرۆڤ سۆپاسگوزاریانە بۆ تاکە هەوڵێک، کە دایان شتێک دەربارەی مێژووی ئافراندنی مۆڕاڵبنووسنەوە[1] بە ئاستەنگیەک، لە فۆڕمێکدا هەر لە خۆیان دەچێت؛ ڕێگاش بەخۆم دەدەم بڵێم ئەو لوغزانە کاریگەریەکی گەورەیان لە سەر نووسینەکانیان هەیە، – ئەوانه‌ خۆیان سەرنجڕاکێشن! ئەم دروونناسە ئینگلیزانە، ئاخۆ بە دیاریکراوی چییان دەوێت؟ لە هەموو دەڤەرێکا دەیاندۆزیتەوە، ئینجا بتەوێت یان نا، بە هەمان کارەوە خەریکن، – پەڵە ڕەشەکەی جیهانی ناوەوەمان دەخەنە پێشی پێشەوە و لەو شتە دەگەڕێن کە کاریگەرە، پێداگیرە و چارەنووسسازە لە بڕیارەوە؛ لە کۆتایی دا لەو شوێنەی خوازیارن کە کەمترین شکۆی ڕۆشەنبیری مرۆڤی گەرەکە (بۆ نموونە: خۆ ڕاهێنان لە تەمبەڵی، یان لە بیرچوونەوە یان بەیەکەوەلکانێکی بە ڕێکەوت و میکانیكی بیرۆکەکان، یانیش لە شتێکی بێگەری پاسیفی[2]ا، ئۆتۆماتیکیانەی وەکو ڕەنگدانەوە یاخود مۆلیکولەری[3] یانیش لە بنەڕەتا گەمژانە) باشە چی وا لەو دەروونناسانە دەکات تەنیا بەو ئاڕاستەیە دا بڕۆن؟

ئایا ئەمە تەنیا حەقیقه‌تێکی پەنهان و شەیتانیە، ئاخۆ غەریزەی بچووککردنەوەی مرۆڤ نییە؟ یان نزیکەی ڕەشبینی گوناهێکە، یانیش نزیکەی گومانە لە هیوابڕاوەکەی تاریکی، ژەهراوی و ئایدیالیستە[4] سەوزبووەکان،  یانیش تەنیا دژبەریەکی بچووکە و ڕقە دژی مەسیحییەت ( هەروەها ئەفلاتونیشە) کە تەنانەت نەگەیشتۆتە کەمترین ئاستی هۆشیاری؟ یان ئارەزووێکی نامۆیە، چێژە لە نامۆییه‌كه‌، لە دژیەکە ئازاربەخشەکە و لە پرسیارە بێماناکەی بوون؟ یاخود لە کۆتایی دا و بەر لە هه‌ر شتێک، نزیکەی هەندێک بەکەمزانینە، هەندێک خەمۆکی و دژە-مەسیحە، یاخود هەندێك ختۆکەیە، ئارەزووکردنی بیبەرە؟ بەڵام مرۆڤ دەڵێت، کە پیرە بۆقێکێ ساردوسڕی بێزارکەرە دەوروخولی مرۆڤ دەدات و دەچێتە ناویەوە و هەڵدەبەزێت هەر وەک ئەوەی لە پێکهاتەکەی خۆی،- لە زۆنگاوەکەی خۆی دا بێت. گوێم لێیە بە نیگەرانییەوە و باوەڕم پێی نییە، بەڵام مرۆڤ کاتێ ئارەزوودەکات، کاتێك مرۆڤ توانای زانینی نییە؛ لە دڵیەوە هیواخوازە کە پێچەوانەکەی ڕاست بێت – کە ئەم شرۆڤەکارانە میکڕۆسکۆپی ڕۆحن وەلێ لە بنەڕەتا دەبێ گیانداری ئازاتر و دڵفرەوانتر بن، ئەوانەی دڵنیان، دەزانن ئازارەکانیان لغاو بکەن واش پەروەردەکراون ئارەزووکانیان بکەنە قوربانی حەقیقەت، هەر حه‌قیقه‌تێكی تەنانەت توون و قێزەوەن و پێچەوانەش؛ سەراپای حەقیقەتی نامەسیحی، نائەخلاقییه‌…. حەقیقەتی ئاوه‌ها لەم جۆرەش، هەیە!….

٢

ئاوا عەقڵە خێرمەندەکان پایەدارکەن، کە لەو مێژووناسانەی مۆڕاڵ دا کاردەکەن! بەڵام داخەکەی ئەوەیە، عەقڵی مێژوویی خۆی جێدەمێنێت و لە لایەن هەموو عەقڵە خێرمەندەکانی مێژووەوە جێما! هەموویان لە سەر نەریتێکی فەلسەفی کۆن کاردەکەن، کە لە جەوهەری دا بێگوومان نامێژووییە، دەبەنگی جینیالۆجیای مۆڕاڵییان دیاردەکەوێت کاتێک پرسەکە دێتە سەر بنەچە و لێکۆڵینەوە لە چەمکەکە و حوکمدان و ئاوەڵاکردنی خێر؛ لە بنەڕەتا بڕیار لەسەر حوکمەکە دراوە –  ئەو دانوسانانە خۆنەویستییە لە لایەن وەرگرەوە وەکو خێر ناوی لێدەنرێت – ئەوانەی بەڵگەیان بۆ هێنراوەتەوە و سوودیان هەبووە و لە کۆتایی دا مرۆڤ بنەڕەتی وشەی ستایشی لە یادکردووە و کردە خۆنەویستەکانی بە ئاسانی وەرگرتووە چوونکە بەپێی نەریت بووە و هەروەک ئەوەی کە خێر شتێک بێ لە خۆیەوە بۆ خۆی: مرۆڤ ڕاستەوخۆش دەبینێت، یەکەمین ئەنجام خاسیەته‌كانی دەروونناسێکی ئیدیۆسێنکڕازی[5] ئینگلیزییان لە خۆگرتووە – وەلێ بێسوودی و لە بیرچوونەوە و نەریت و لە دواییش دا هەڵە – هەموو ئەوانە بەڵگەنامەن وەکو بنەڕەتی نرخاندنی بەهاکانی مرۆڤی خانەدان کە لە پێناویان دا سووپاسیکراوە هەر وەک جۆرێک لە ئیمتیازی گشتی مرۆڤایەتی –  ئاخۆ پێویستە ئەم شکۆیە سووكبكرێت؟ ئاخۆ ئەم بەهایە بێبەهابکرێت: ئاخۆ وای لێکراوە؟ ئێستا بە دیدی من ڕوونە کە ئەم بیردۆزە دیاریکراوەی چەمکی ئافراندنی مێگەلیی خێر لە شوێنێکی هەڵە دەگەڕێت و دەیخاتە ئەرکەوە: حوکمدان لەسەر خێر لەوانە نادرەوشێتەوە کە خێریان نیشاندراوە، بەڵکو خێرەکە خۆیان بوون، واتای خانەدان بوون، بەهێز و باڵاتر بوون، هەستی باڵایان هەبوو، ئەوانەی خۆیان حوکمی کارەکانی خۆیان وەکو خێر دا! لە بەرزترین پایەیان دانا و خستیانە ئەرکەوە بە پێچەوانەی هەموو شتێکی نزم و هەموو هەست نزمییەک و خاسیەتێکی بازاڕیانە. ئەو بیرۆکانەی لە لایەن کەسانی خانەدانەوە ئافرێندراون – ئەوانەی ماف دەبەخشنە خۆیان کە بەها بخولقێنن و ناویان لێ بنێن و کاریگەرییان هەبێت ئینجا قبووڵدەکرێن، ئاخۆ ئەمانە چ پەیوەندییەکیان بە چاکەوە هەیە! دیدەکە دەربارەی سوودمەندی پەیوەندیدارە بە ورووژانێکی گەرمی سیستەمێکی پلەبەندی باڵا و پلە بەرزکراوەی نرخاندی ئەو بەهایانەی کە زۆر نەشیاو و نامۆن: ئەمە خاڵێکە کە هەست دەگاتە پێچەوانەی پلەیەکی نزمی گەرمی بەمەبەستی گەیشتن بە خەمڵاندنێکی حەکیمانەی سوود وەرگرتن نەوەک تەنیا بۆ ساتێکی دیاریکراو بەڵکو هەمیشەییە. پاتۆس[6] و مەودا، هەروەک گوتم، بریتییە لە  بنەڕەتی هەستێکی سەرداریی سەراپایی و هەمەکی، کە جۆرێکی باڵایە کاتێک لەگەڵ جۆرێکی نزم، لەگەڵ جۆرە نزمەکەی ژێرەوەبەراوردی دەکەین – لە ڕاستی ئەمە بنەڕەتە دژیەکەکەی خێر و شەڕن. (لەوەش زێدەتر دەڕۆم و مرۆڤ ڕێگای پێدەدرێت، بڵێت کە بنەڕەتی زمانیش کەرستەی گوزارشتکردنە لە دەسەڵات و سەرداری کە دەڵێت (ڕاستی پێویستە ئاوەها بێت)، مۆرەکەی خۆی بە دەنگێکی بەرزەوە لە هەموو شت و ڕووداوێک دەدات و هەر لەم ڕێگایەوە دەیکاتە موڵکی خۆی. ئەوەی پەیوەندی بەم بنەڕەتەوە هەیە ئەوەیە کە وشەی خێر هەر لە سەرەتاوە و بە پێویستیبوون پەیوەندی نییە بە کردە خۆنەویستەکان هەر وەک ئەو باوەڕە پووچەی جینیالۆجیستە مۆڕاڵییەکان هەیانە؛ بە پێچەوانەوە ڕۆچوونی بەهای حوکمە خانەدانییەکان سەرەتایەکە زیاتر و زیاتر پاڵ بە سەراپای ویژدانی مرۆڤەوە دەنێت بۆ کردە دژیەکە خۆویست و خۆ نەویستەکان – ئەگەر کەرەستەی زمانی تایبەتی خۆم بەکار بهێنم ئەوا دەڵێم (غەریزەی مێگەل) و لە کۆتاییدا (له‌ ڕێگه‌ی وشكانیه‌وه‌) دێتە زمان. ماوەیەکی زۆریش دەخایەنێت تاکو ئەو غەریزەیە دەبێتە مێگەلە-سەردار و بە شێوازێکی ئاوەها کە نرخاندنی مۆڕاڵی دەبێتە دژبەریه‌كی، دەچەقێت و دەوەستێت ( بۆ نموونە هەروەکو ئەو کەیسە هەنووکەییەی ئەوروپا): لەمڕۆدا حوکمە پێشوەختەکانی ڕەوشت، بەد-ڕەوشتی و خۆنەویستی هەمان بەهایان هەیە، ئێستاش بوونەتە بیرۆکەیەکی جێگیر و نەخۆشی دەروونی!

٣

خاڵی دووەمین وەلانانی ناڕەوایەتی مێژوویی بیردۆزەکەیە دەربارەی حکومدانی نرخی (خێر)، ئەم ناڕەوایەتییە مێژووییە و ئازاردەچێژێت لە بێهودەییە ناوەکییە دەروونییەکانیدا. بەرژەوەندی دانوسانی نا-ئیگۆیستی[7] دەبێت بنەڕەتی ستایشکردنەکە بێت، ئەم بنەڕەتەش دەبێت، لە بیرکراوبێت – بەڵام ئاخۆ ئەگەری لەبیرکردن چۆنە؟ ڕەنگە سوودی ئەم دانوساندنانە لە ناکاو کۆتاییهاتبێت؟ ئەم سوودبەخشیە بەشێکی هەمیشەیی ئەزموونەکانی ڕۆژانەیە؛ کەواتە شتێکە، هەمیشە جەختی لێکراوە و لە پاشانیشدا لە بری ئەوەی لە هۆشیاری دا ونبووبێت، لە بری ئەوەی لە بیرکرابێت، کاریگەرتر بووە و گەیشتۆتە ڕوونییەکی گەورەتر. دژە تیۆریکە چەند عەقڵانی ترە لەو بیردۆزەی لە لایەن هێربێرت سپێنسەرەوە نوێنەرایەتی دەکرێت (کە هەر لەبەر ئەم هۆیە حەقیقەتی نییە): کە ئەو چەمکی (خێری) هەر وەکو چەمکی سوود و کردەیی بە کارهێناوە بەو شێوازەی کە مرۆڤایەتی لە حوکمەکانیدا خێر و شەڕ و ئەزموونەکانی لەبیرچۆتەوە و لەبیرکراوەکانیشی لەسەرووی ئامانجی سووده‌وه‌ داناوە و هەروەها گەمارۆی خستۆتە سەر ئامانجە زیانبەخشەکان. خێر بەگوێرەی ئەم بیردۆزە، هەر شتێکە کە هەمیشە سوودئامێزانە خۆی بەڵگەدار کردووە، لێرەش دا وەکو بەرزترین بەها و بەهاداری ڕەوایی بەخۆی داوە. ڕێگای ئەم روونکردنەوەیە، هەر وەکو گوترا، هەڵەیە، بەڵام لانی کەم ڕوونکردنەوەکە لە خۆی و لە دەروونناسی دا ڕەوایەتی، هەیە.[8]

٤

پرسیارەکە پەنجەی درێژکرد و ڕێگا راستەکەی پێ به‌خشیم، ئاخۆ خێر ئاماژەی باوی چییە لە زمانە جیاوازەکان- و لە ڕووی واتای ئیتمۆلۆجییه‌وه‌[9]: ڕوانیم كه‌ تێکڕای واتاکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو چەمکەی ترانسفۆرماسیۆن،[10] هەموویان له‌ بنەڕەتی هەستێکی سەردارییه‌وه‌ هاتوون و واتاكه‌شیان سەردارییه‌، خانەدانە، لێ هەڵیشقوڵاون لە ڕۆحی ئیمتیازی خانەدانیەوە، ڕۆحانین و بە پێویستیبوون گەشەیانکردووە: پەرەسەندێک كاتێك هاوتەریب لەگەڵ چەمکێکی تری شەیتانی ڕۆیشتووه‌، كه‌ عەوامه‌، نزمه‌ و لە کۆتاییدا بۆتە خراپی؛ ئەمەش لە زمانی ئەڵمانی دا شلیشت ([11]Schlicht) ه‌ هەمان واتای شلێشت- Schlechtی هەیە و لە بنەڕەت دا مەبەست لێیی پیاوە بوغزاویەکەیە،- بێگومان دەبێت بە گومانێکیشەوە بێت، بەڵام ئاماژەیەکە، پێچه‌وانه‌ی خانەدانەکەیه‌. لە سه‌رده‌می شەڕی سی ساڵە دا[12]، واتە زۆر دواتر، ئەو چەمکە ئەم واتاییەی وەرگرتووە کە ئێستاش باوە. – کە بە ڕواڵەت پەیوەندیدارە بە جینیالۆجیای ئاکار و مەبەستێکی حەکیمانەیە، کەواتە زۆر دواتر دۆزراوەتەوە و وەرچەرخاوە بۆ واتاکەی ئێستای و پەیوەندی هەیە بە کاریگەرییە شاراوەکەی بەرژەوەندی دیموکراتی لە چوارچێوەی جیهانی مۆدێرن و تێکڕای پرسی ڕەچەڵەکی خستۆتە ژێر پرسیارەوە[13]. ئەوەش لە ڕاستی دا چۆتە ناو کایەی بابەتی زانستی سرووشتی و فیزیۆلۆجیاوە، کە لێرەدا پێویستە ڕوونبکرێتەوە. بەڵام ئەم حوکمە پێشوەختە بێواتایە چ ڕقێک لەگەڵ خۆی کێشدەکات بە تایبەتی چی له‌ ئاكار و مێژوو ده‌كات، دەتوانرێت لە كه‌یسه‌ پووچەکەی بوکڵدا[14] نیشانبدرێت؛ گەدایی عەقڵی مۆدێرنە لە ئینگلیزەکانەوە هاتووە و به‌ڵام جارێکی تریش هه‌ر لەسەر خاکی وڵاتەکەی تەقیەوە بەڵام یەکجار پێشێلکارانە وەک بورکانێکی قوڕاوی، خوێواوک؛ بە دەنگێکی بەرز و هه‌ڕشه‌دار؛ بەو دەنگانەی تاکو ئێستاش بورکانەکان قسە دەکەن.-

٥

ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی ئێمەوە، کە بە حەق دەکرێت وەکو کێشەیەکی بێدەنگ ناوی بنرێت و مەبەستدارانە تەنیا ئاڕاستەی چەند گوێیەک دەکرێت و کەم بەهاش نییە، ئەگەر ئاماژە بە وشە و ڕەگەکانی (خێر) بکرێت، کە واتا سەرەکییەکەی تێدەپەڕێت بە نێو ئەو خانەدانانەی هەستدەکەن پایەیەکی بەرزتریان هەیە. لە ڕاستی دا، لە زیاترین حاڵەت و بە ڕوونی- بە گوێرەی بڵندی دەسەڵاتیانەوە (دەسەڵاتدارەکە، سەردارەکە، سەربەخۆکە) ناو لە خۆیان دەنێن؛ یانیش بۆ نموونە دیارترین ئاماژەی ئەم بڵندیە (دەوڵەمەندەکە، موڵکدارەکە) کە ئەمەش هەستێکی ئاریاییه‌ و هەمان واتای هەیە لە زمانە ئێرانی و سلاڤیەکان دا؛ بەڵام بەگوێرەی خاسیەتەکانی، تایپێک پێشاندەدرێت، کە لەم کەیسە داپەیوەندی بە ئێمەوە هەیە. خانەدانەکان، بۆ نموونە ناو لە خۆیان دەنێن (ڕاستینە) لە پێش هەمووشیانەوە لە زاری خانەدانە یۆنانییه‌كه‌– هۆزانڤانە مێگارییەکە[15]وە، سیۆجینس.[16] ئەم وشەیە Esthlos-ئێسلۆس واتای ڕەگی شتێکە ڕاستینەیی هه‌بێت، ڕاستەقینەیە، کە ڕاستە؛ پاشانیش وەرچەرخاوە بۆ بکەرێک، بۆ ڕاستینەیەکی ڕاستەقینە: ئینجا بۆتە دەستەواژەیەکی ئەریستۆکراتی[17] و بە یەکجاری تواوەتەوە لە هەستی خانەدانی و جیاکراوەتەوە لە پیاوە درۆزن و بوغزاویەکە، ئەمەش هەر وەک سیۆجینس ڕوونیکردۆتەوە؛ تاکو لە کۆتایی دا دوای ڕۆچوونی خانەدانەکە وشەکە بۆتە ئاماژەیەک بۆ ڕۆحی خانەدانی و ئەوەشی ماوەتەوە هەمان واتای پێگەیشتوو و شیرین دەبەخشێت. لە وشەی (کاکۆس[18]) دا، هەروەک لە (دیلۆس[19]) یشدا (ڕەعیەت دژی ڕۆحی پاکە[20])، ترسنۆکیش ڕەتکراوەتەوە: ئەمەش غەمزەیەکمان پێدەبەخشێت ئاخۆ لە کام ئاڕاستە لە بنەچە جیاوازەکانی ئەگاسۆسدا [21]Agathos بگەڕێین. لە زمانی لاتینی دا مالوس Malus[22] (لێرەدا وشەی [23]Melas دەخەمە لاوە) ڕەنگە واتای پیاوە بوغزاویەکە، ئەسمەرەکە بێت؛ پێش هەمووشیانەوە ئاماژەی بە قژ ڕەشەکە پێكراوه‌، (hic niger est)[24]؛ کاتێک ئاکەنجیە پێش ئاریاییەکان لە سەر خاکی ئیتالیا جێگیربوون، ئەوانەی خۆیان لە سەردارە قژ زەردەکان، بە دیاریکراویش خۆیان لە رەگەزە ئارییەکان جیادەکردەوە تەنیا لە ڕێگای ڕەنگیانەوە دژیان دەوەستان، لێ به‌ لایەنی کەمەوە هەمان کەیسم لە لای گالیەکانەوە[25] دیت. Fin  فین (بۆ نموونە ناوی Fin-Gal، فینگال) ئاماژەیەکە بۆ وشەی خانەدان، خێرئامێز، بێگەرد و لە بنەڕەتا واتای قژ زەردە، کە پێچەوانەی دانیشتوانە کەڤنارە قژ ڕەشەکانن. کێلتەکان[26] بە هەمان شێوە، بە تەواوی ڕەگەزێکی قژ زەرد بووینە، هەڵەشە بیانبەستینەوە بەو پاشماوانەی بە پێویستیبوون خەڵکانی قژ ڕەشن، کە لە نەخشە ئیتنۆگرافیەکانی ئەڵمانیا بە وردی دەبینرێن، لێ ناتوانین لەگەڵ ڕەگەزی کێلت و خوێن ئاوێتەکان دا تێکەڵاویان بکەین هەر وەکو ڤێرشۆڤ[27] كردوویه‌تی، کە ئەمەش کەیسی دانیشتوانە پێش ئارییەکان لە ئەڵمانیا دا بە ڕوودەخات (کە هەمان شتە بۆ تێکڕای ئەوروپاش): لە ڕاستی دا، بە هەموو نیەت و مەبەستێک، ڕەگەزە ڕەعیەتەکە دووبارە باڵادەستی لە کۆتاییدا کەوتەوە دەست، بە ڕەنگیه‌وه‌، تەنانەتە بە کەللە سەرە کورتەکەیەوە لەوانەیە خزابێتە نێو غەریزەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشەنبیریشەوە؛ کێ هاوڕای ئێمەیە؟ ئاخۆ دیموکراسی مۆدێرنە کە مەیلی ئەنارشیزمی مۆدێرنه‌یه‌ و بە دیاریکراویش خۆی هەڵدەواسێت بە (کۆمۆنە[28]) ی فۆرمێکی سەرەتایی کۆمەڵایەتییەوە، کە تێکڕای سۆسیالیستەکانی ئەوروپا هاوبەشن لێی، واتای لێدانێکی کاریگەر نییە لە داگیرکەر و ڕەگەزە سەردارە ئارییەکە، کە تەنانەت لە ڕووی فیزیۆلۆجیشەوە شکستی هێنا؟ باوەڕم وایە، کە وشە لاتینیەکە (بۆنۆسBonus[29])، واتای شەڕکەرە، بەو مەرجە و بە حەقیش دەیگەڕێنمەوە بۆ فۆرمە کۆنەکەی (دونوس – Duonus) بەراورد دەکرێت بە (Bellum=Duellum، Duen-Lum) کە وادیارە تەنیا Duonmus) لێ ماوەتەوە. بۆنوس واتای پیاوی شەڕکەرە، ڕقداره‌، هەروەها واتای دوو لەتبوونیش لە شەڕا دەگرێتەوە. مرۆڤ دەتوانێت لە ڕۆمای کۆندا ببینێت، کە چی پیاو (باش) دەکات. ئاخۆ وشە ئەڵمانییەکەی ئێمەش واتای خوایی نییە، واتای پیاوێک نییه‌ لە ڕەگەزی خوایی؟ ئایا گەلی ئەڵمانی لە بنەڕەتا خانەدان نییە، هەمان شت نییە لەگەڵ گۆتەکان دا[30]؟ هۆكاره‌كانی ئەم پێشبینیەم پەیوەندیان بێرەوە نییە و باسناکرێت.

 

[1] Entstehungsgeschichte واتای مێژووی خولقاندی، درووستبوونی مۆڕاڵە، لە دایکبوونی مۆڕاڵە؛ بنەڕەتی مۆڕاڵە.

[2] Passivناکارا.

[3] Molekularپێکهاتە وردەکانی خانە، پرۆسە و کارلێکردنی بایۆکیمیاوییە.

[4] Idealismusفەلسەفەی ئایدیالیزم، وێناکردنە هەر باڵاکان لەو دیوی عەقڵ و سرووشتن میتافیزیک.

[5] Idiosynkrasieئەم وشەیە یۆنانییه‌، واتای خۆ تایبەتمەندییە، هەرەوەها کۆمەڵێک ئاماژەی ئەناتۆمی جەستەیی  کەسێک یان گرووپێکی دیاریکراوە. لە ڕووی زانستی پزیشکیەوە ئەم وشەیە واتای هەستیاربوونی بێ ئەندازەی مرۆڤ بەرامبەر هەندێک پێکهاتە و تەن، پڕۆسەیەکی بایۆکیمیاوییە.

[6] Pathosوشەیەکی گریکییە، واتای بەزەیی و ئەزموونکردنە.

[7] Unegoistischنا-بەرژەوەندی، ناخود پەرەستی یانیش سوودی گشتی.

[8]  نیتچە بۆچوونی وایە کە (خێر، چاکە) خاسیەتێکی ئەریستۆکراتیە و لەوانەوە هاتووە؛ ئەوان دیاریدەکەن خێر و شەڕ چییە، لێ وەرگری خێرەکە مرۆڤی گشتییە (ڕەعیەت) و کاتێک دیموکراسییەت لە ئەوروپا سەریهەڵدا و بووە سیستەمی حوکمڕانی، ئاکارە ئەریستۆکرتییەکانیش بە-گشتیبوونەوە و ونبوون.

[9] واتای زانستی ڕه‌گناسی وشه‌یه‌.

[10]  واتای وەرچەرخانە.

[11] ئەم وشەیەیە لە زمانی ئەڵمانیی دا واتای خراپە، کە بەڕای نیتچە لەگەڵ شلیشت Schlicht یەکدەگرێتەەوە و واتاکەشی لووسه‌، ئاسانه‌، یانیش ڕووکەشە.

[12]  شەڕی سی ساڵەی ئەوروپا لە ساڵی ١٦١٨ ده‌ستیپێكرد و لە ساڵی ١٦٤٨ کۆتاییهات، ململانێیەک بوو لە شانشینی پیرۆزی ڕۆم و بە گوێرەی لێكۆڵینه‌وه‌كان، شەڕێکی ئاینی بووە و پاشان وەرچەرخاوە بۆ شەڕ لە پێناوی دەسەڵات و قەڵەمڕەوەی جوگرافیەوە.

[13]  بە بۆچوونی فریدریک نیچە، دیموکراسی کۆتایی بە ئەریستۆکراتیزم هێنا.

[14] هێنری تۆماس بەکڵ (١٨٢١-١٨٦٢)، مێژوونووسێکی ئینگلیزه‌، یەکێک لە کتێبە بە ناوبانگەکانی (مێژووی شارستانیەتی بەریتانیایە).

[15] Megarikقوتابخانەیەکی فەلسەفی و وێژەیی ئیرسیتیکیە (جەدەلیە) بە ناوی شاری مێگاریکەوە کراوە، کە دەکەوێتە خۆرئاوای شاری ئەسینا.

[16] نووسەرێکی یۆنانییه‌، لە سەدەی شەشەمی پێش زاین ژیاوە، کۆمەڵێک هۆنراوەی جێهێشتووە، کە ١٤٣١ کۆپلەن.

[17] Arestokratواتای خانەدانە.

[18] Kakos، به‌ یۆنانی واتاكه‌ی خراپ-ه‌.

[19] Deilosبە یۆنانی واتای خراپە، لاوازە، ترسنۆکە، بۆگەنە.

[20] لە زمانی لاتینیدا وشەی Patricius پاتریسیوس واتای خانەدانە و پێچەوانەکەی Plebs پلێبس، کە واتاکەی گەل یانیش ڕه‌عیه‌ته‌.

[21] Agathos وشەیەکەی یۆنانییه‌ واتای خێر و بەزەیی هەیە.

[22] Malusلە لاتینیدا ئەم وشەیە واتای پیس، نەگریس، درۆزن، خراپ و لاوازی هەیە؛ (واتا سەرەکییەکانیەتی).

[23] Melasوشەیەکی یۆنانییه‌، واتای ڕەنگی ڕەش یانیش تاریکە، مەبەست لە ڕەنگی پێستی مرۆڤە.

[24]  دەستەواژەیەکی لاتینیە، واتای (ئەمە ڕەشەکەیە).

[25] Gälischزمانێکە لە باکوری ئەوروپا و بە دیاریکراویش لە سکۆتلاندایە، یەکێکە لە زمانە ئه‌ڵمانییه‌كان.

[26] Keltenگرووپێکی نه‌ژادی باکوری ئەوروپایە، لە سەردەمی بەستەڵەکدا Eiszeit لە سەرچاوە یۆنانییه‌كاندا ئامەژەیان پێکراوە؛ توێژینەوە ئارکیۆلۆجییەکان پشتڕاستیانکردۆتەوە، کە ئەم گرووپە بنیاتێکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری ئاڵۆزیان هەبووە.

[27] ڕودۆلڤ ڤیرشۆڤ (١٨٢١-١٩٠١) پزیشک، پاتۆلۆجیست، مرۆڤناس و ئەناتۆمیستی ئەڵمانییە.

[28] Kommuneسیستەمێکی سەرەتایی مرۆییە، تیایدا هاوبەشی لە نێو ئەندامەکانی دایە و جیاوازی چینایەتی نییە.

[29] Bonusهەمان واتا

[30] گۆتەکان یەکێکن لە پێکهاتەکانی ڕەگەزی ئەڵمانی و لە زمانی ئەڵمانی دا وشەی Gut مانای (باش یان خێرە)؛ بە بۆچوونی نیچە لە هەمان وشەی Gott وە هاتووە  کە (خوایە).

 

تێبینی وەرگێڕ: ئەم کتێبەی نیتچە بەگشتی وەرگێڕانی تەواو بووە و بۆ یەکەمجارە لە بەشی فەلسەفی – کولتور مەگەزین –  چەند بەشێکی بڵاودەکەینەوە. زەمەن یار بێت  و دەستپێکەری تەواو و گونجاو  هەبێت بۆ چاپکردنی،  دەیخەینە بەردەست خوێنەران.  

 

بۆ کۆی بەشە بڵاوکراوەکانی تاوەکو ئەم بەشە فەرموون کرتە بکەنە سەر ئەم بەستەرەی خوارەوە 

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فهلسهفی/فریدریک-نیچە؛-دەربارەی-جینیالۆجیای/