لە زیندانەوە بۆ زیندان
زاهیر عەبەڕەش
پاژی یەکەم
وێنەی کۆچبەر لە شانۆی کۆچبەران ـ ی سلاڤۆمیر مرۆژێک:
پێشەکی: هەڵبەت ئەم نووسینە لێکۆڵینەوەیەکی درێژە سەبارەت بە نوسەری پۆلۆنی سڵاڤۆمیر مرۆژک، شانۆی کۆچبەران و سەرهەڵدانی شانۆی ژوور. پاژی یەکەم هەم نوسینێکی سەربەخۆیە و هەم پێشەکیە بۆ لێکۆڵینەوەکەم.
شانۆی کۆچبەرانم لە ستۆکهۆلم و فێستیڤاڵی شانۆیی خوریبکە لە وڵاتی مەغریب بە زمانی سویدی نمایش کرد، کە بووە جێی ڕەزامەندی بینەران، وەک دەرهێنەر و دراماتۆرگی شانۆیی کۆچبەران خەریکی خوێندنەوە، کنە پشکنین و قۆڵبوونەوە بووم لە سەر ژیانی مۆرژک و هۆکاری نووسینی تێکستەکەی. پرسیار گەلێک هاتنەپێش وەک ئەو هەل و مەرجانە چین کە ئەم تێکسستەکەی تێدا نووسراوە؟ کیشەی کۆچبەران؟ بارو دۆخی ئەو دەمەی وڵاتی پۆلۆنیا چۆن بووە؟ گیروگرفتەکانیان، هۆکاری پاڵنەر بۆ کۆچ کردن چیە؟
بەگوێرەی زانستە کۆمەڵایەتیەکان کۆچکردن دوو هۆی هەیە
یەکەمیان: هۆکارە پاڵنەرەرکانی، لەو وڵاتەی لێیەوە هەڵدێیت
دووەمیان هۆکارە ڕاکێشەرەکانی ، ئەو وڵاتەی بۆی هەڵدێیت
کە لە بەردەوامی نووسینەکەمدا تیشک دەخەمە سەر ئەو دوو هۆکارە.
وڵاتی پۆڵۆنیا کە ئێستا یەکێکە لە ئەندامانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وناتۆ جێ و پایەی خۆی هەیە و هەروەها مەقامی خۆی هەیە لە پەرلەمانی ئەوروپادا . بۆچی خەڵکانێکی زۆر کۆچیان لەووڵاتەدا کرد بوو؟ مرۆژک دەیەوێت بڵێ چی لە پشت ئەم تێکستەوە؟ تێکستی کۆچبەران چ دەنگدانەوەیەک و کاریگەریەکی هەبوو لەوکاتەی وڵاتی پۆلۆنیادا؟ تا چەند پرسی کۆچبەران تازەکورەیە (ئەکتوێلە)؟ شتێکی ڕوونە لەهەرشوێنێک ناعەدالەتی هەبوو نەخۆشیە دەرونیەکان، خەمۆکی، سترێس، تراوما هەیە، جا چۆن بە چ شێوەیەک خەڵک گوزاشت لەو نیگەرانی و گرفتانە و دردۆنگیانە دەکات، هەندێک جار بەجێهێشتنی وڵات وەڵامدانەوەیەک و گوزارشتێکە لە دردۆنگی و گرفت، لەو توندوو تیژیی و نادادپەروەرییەی لە وڵاتی کۆچبەردا هەیە. کۆچ ئەو ساتەیە، کە قسە کۆتایی هاتووە. شۆڕشێکی سپیە خەڵک چەک هەڵناگرێت بەڵکو جانتاکەی هەڵدەگریت و کۆچ دەکات. کالیفادی نوسەری یۆنانی، دەیگوت مرۆڤ هەمیشە تاسە دەکات، یان بۆ ئەوەی لە شتێک ڕزگاری بێت یان بەدووی شتێکدا وێڵە. ئەم دووانەش بارتەقای یەکترن.
لێرەوە دەتوانین بڵێین کۆچبەران جەوهەری ئەزموونی مرۆڤە و مێژووی مرۆڤەیەتی لە مێژووی کۆچ جیا نابێتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ساڵی 2024 ی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) ئاماژە بەوە دەکەن 304 میلیۆن کۆچبەرهەیە لە جیهاندا. ئەم ژمارەیەش کۆی (3.7٪ی) دانیشتوانی جیهانن. هۆکارەی پاڵنەری یەکەم: ئەم کۆچکردنە لە هۆکاری سیاسی، ئابووری، ناسەقامگیریەوە هتد سەرچاوە دەگرێت، لەوانە نادادپەروەی، نەبوونی ئازادی، شەڕ و ململانێی ناوچەیی و شەڕی ناوخۆی جۆراوجۆر، ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتانەوە هەڵهاتوون کە وڵاتەکانیان گۆشەگیر و دیکتاتۆرن و یان بە هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە کۆچیان کردووە. شانۆیی کۆچبەران لە سروشتیە هەمالایانەوە سەرچاوە دەگرێت.
جێی سەرنجە زۆر لە کۆچبەرانی پۆڵۆنیا ئامادەی نمایشە بوون وجێی ڕەزامەندیان بوو، چونکە مرۆژک سیمبۆپلێکی گەورەی وڵاتی پۆلۆنیایە، پێیان خۆش بوو کە دەرهێنەرێکی ڕۆژهەڵاتی چۆن مرۆژک دەخوێنێتەوە. بێگومان من لە پێشکەشکردنی نمایشەکەدا گۆڕانێکی بنەڕەتیم لە دیدی ئەودا کردبوو.
کۆچ و سیاسەت
دیاردەی کۆچکردن بۆ ماوەی چەند سەدەیەک بەشێک بووە لە دیمەنی کۆمەڵایەتی و کولتووری سیاسی پۆڵەندا. لە سەدەی بیستەمدا شارەزایانی ئەدەب تەنها بە پلەی یەکەم لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە ئەم دەقانەیان دەخوێندنەوە و شرۆڤەکرد، ئەمەش زۆرجار دەبووە هۆی ئەوەی کە بەهای هونەری نووسراوەکان کەم بێتەوە. دیاردەی کۆچکردن لە بەرهەمە ئەدەبیەکانی نووسەرە پۆڵۆنیەکانی تاراوگە نشین پانتایەکی زۆری لە ئەدەب و فەرهەنگدا داگیر کردووە. شانۆی کۆچبەران نموونەیەکی زیندووە، کە تەنها لە کات و شوێن و کەسانی دیاریکراودا سنووردار نییە. ڕوداوەکانی ئەم شانۆییە لە دەرەوەی زێدی مرۆڤە و لە هەموو شوێنێکە، فراوانگیرە بەردەوامیشی هەیە، بەشێکە لە کۆچی جیهانی و ژیانی دەربەدەری و ئاوەرەیی.
کازم حەبیب نوسەری ناوداری عێراق هەمان وتە دەبێژێت (نیشتمان دایکە، وڵاتی دەربەدەریش باوەژنە). بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین کە لە زۆرجاران، نیشتمانی ڕاستەقینە دەبێتە باوەژنە دڵرەقەکە وتاراوگەش دەبێت دایکی میهرەبان، هەروەک ئەو عێراقی و کوردانەی سەردەمی دەسەڵاتی ملهوڕی و دیکتاتۆری دەسەڵاتی سەدام هەڵهاتن، یان ئەو کوردانەی کە لە دەستی ڕێژەمە توتالیتاری و زۆردارەکانی تورکیا و ئێران و سوریا هەڵهاتوون، وەک دایکێکی میهرەبان تاراوگە لە هەمبێزیان دەگرێت.
لە خوێندنەوەی ڕەخنەگراندا، ئەدەبیاتی کۆچبەران بە گشتی، وەک بەشێکی جیانەکراوە لە مێژووی ئەدەبیاتی پۆڵەندی لە سەدەی بیستەمدا سەیر دەکرێت، زۆرترین جار تێکەڵ بە گرێکوێرەی (paradigm) سیاسی دەکرێت و بەستراوەتەوە بە سیاسەتەوە، بە ڕاستییە سیاسییەکانەوە ڕوون دەکرێتەوە و لە ڕێگەی بەستێنە سیاسییەکانەوە دەخوێندرێتەوە لە ڕوانگەی هەڵوێستی سیاسیەوە نوسەرەکان هەڵدەسەنگێندرێت.( جۆزێف گارلینسکی لە ساڵی ١٩٨٦دا نووسیویەتی بێ سێ و دوو دەتوانم بڵێم:” ئەو کێشە بنەڕەتیانەی کە زۆرترین جار لەلایەن شارەزایانی ئەدەبیاتی پۆڵەندییەوە لەسەریان دەنووسرێت..ئەدەبیاتی کۆچکردنە و دەرئەنجامی ڕەچاوکردنی ئەم پارادایمەی کۆچکردنە بۆیە دەتوانرێت دیاری بکەین” ڕەچاوکردنی قۆناغبەندی، بیرۆکە و بابەت و دیاردەی کۆچبەری ناو ئەدەبیاتی کۆچبەریدا بدۆزرێتەوە. لە ڕوانگەیەکی وەهاوە، کە کۆچ و ئەدەبیاتی سیاسی، دوو دیوی یەک دراون، کە لە یەک کات و بە یەک دەستنووس نووسراون.
کۆچبەرانێک یان چاررەنووسی دردۆنگ.
کۆچبەران یان چارەنووسی لەدەستچوو.ڤلادیمێر بۆلێسکی دەڵێت ( پۆڵەندییەکان لە دەرەوەی وڵات هێشتا خۆیان بە کۆچبەر دەزانن و ڕەنگە حەزیان لەوە بیت هەربە کۆچبەر هەژمار بکرێن، بۆچی؟ یەکەم: هەمیشە و لە هەموو شوێنێک هەست بە خۆی باشتر بە ژیرتر لە خەڵکی ڕەسەن ئەو ڵاتەی تێدانیشتەجێیە دەزانێت.
دووەم – دەکەوێتە خەمۆکییەکی قووڵەوە، چونکە ئاگاداری بەکەم سەیرکردنی فەزیلەتە شەخسی و لایەنە باشیو پۆزەتیڤە نەتەوەییەکانی خۆیەتی لە سۆنگەی خەڵکانی وڵاتە نوێکەیەوە، لەبەر ئەوە ئەو وڵاتەی تێدا دەژی بە باوەژن دەچوێنێت. ئەم دیدە تەواو لە کارەکتەری xx ی کۆچبەراندا مرۆژکدا بەرجەستە دەبێت و لایەنی دەروونی کارەکتەرەکەیە، هەرچەندە کارەکتەرەکە، کەسێکی نەخوێندەوار و مشەخۆرە هەڵهاتووە بۆ وڵاتێکی ئەوروپی بەڵام هێشتا ئەو لوتبەرزییەی تێدایەوە ئەوانی تر بەکەم سەیر دەکات و نایەوێت تێکەڵ بە ژیان و ژیاری ئەو وڵاتە بێت کە هانای بۆ هێناوە.
پۆڵەندا و داگیرکاری
ئەگەر سەیری مێژووی داگیر کاری وڵاتی پۆلەندا بکەین ، دەبینین چەندین جار داگیر کراوە و لە نێوان ئیمپراتۆریەت و وڵاتە زلهێزەکاندا دابەشکراوە، ( مەغۆلەکان لە سەدەی سیانزەهەمدا، ١٧٥٠ کاندا، لە نێوان ڕوسیا و پروسیا، ئیمراتۆریەتی هاپسبۆرگ ـ نەساوی / هەنگاری فەرمان ڕەوایەتی ناپلیۆن ) لێرەدا دەمەوێت بەخێرایی ئەو دابەشکرایییەی بەسەر پۆلۆنیادا هاتووە بگێڕمەوە.(*) کرۆنۆلۆگی وڵاتی پۆڵۆنیایە کە چەند جار داگیر کراوە، بەڵام ئەوەی بۆ باسەکەی من گرنگە، داگیرکاریەکانی ئەڵمانیاو یەکێتی سۆڤێتە.
دوای ئەوەی ناپلیۆن شکستی ھێنا دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگ، لە ساڵی ١٨١٥ لە کۆنگرەی ڤێنا ڕێکەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆڵەندا، پۆلۆنیایان وەک دەوڵەت سڕییەوە.
پێش ساڵی ١٩١٤، زلهێزە گەورەکانی ئەورووپا لە نێوان دوو بەرەدا دابەش ببوون بەرەی یەکەم ( فەرەنسا و ڕووسیا و بەریتانیا ) بەرەی دووهەمیش لە هاوپەیمانی ( ئەڵمانیا و نەمسا-مەجارستان و ئیتالیا ) پێکهاتبوو.
کاتیکیش شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٤هەڵدەگیرسێت، لە نێو ئەو دووبەرەیەدا، بەرەی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا پۆڵەندا داگیر دەکات. دوای وەستانی شەر ساڵی ١٩١٨، لە ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٩ لە کۆشکی ڤێرسای لە پاریس لایەنە شەڕکەرەکان پەیمانی ڤێرسای مۆردەکەن. هەر لە بەندەکانی ئەم پەیمانەدا دان بەسەربەخۆیی کۆماری پۆڵەندا دەنرێت کە لە ساڵی ١٩١٨دا لە نێوان ساڵانی جەنگی جیھانیی یەکەم کۆماری پۆڵەندا ڕاگەیەندرا..
لەم پەیماننامەیەدا ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی یەکەمی جەنگی گرتە ئەستۆو چەند ئیمپراتۆریەتێک هەڵوەشانەوە. ئەمەش نارەزایەتیەکی زۆری ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی لێکەوتەوە ، یەکێک لە دەرهاویشتەکانی دواتر بووە ھۆی سەرھەڵدانی نازیەکان لە ئەڵمانیا.
ئەو ماوەیەی کە کەوتە نێوان دوو جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم، واتە لە نێوان ساڵانی ١٩١٩–١٩٣٩ وڵاتی پۆڵەندا تووشی بارودۆخی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری بووە، لاوازی و بێھێزی پۆڵەندا وای کرد کە نەتوانێت ڕووبەڕووی مەترسی بەردەوامی ھەر دوو دەوڵەتی ئەڵمانی و سۆڤیەتی ببێتەوە.
١ی سێپتەمبەر ١٩٣٩ ئەڵمانیا لەبەری باکور و باشورەوە ھێرشی کردە سەر پۆڵەندا، لە ئەنجامدا شەڕی دووەمی جیهان هەڵدەگیرسێت و یەکێتی سۆڤێتیش لەبەری خۆرهەڵاتی پؤلۆنیاوە هێرشی بۆ ئەڵمانیا کرد، فەرەنساش شەڕی لەگەڵ ئەڵمانیا ڕادەگەیاند. ئەڵمانایش بۆ ئەوەی لە دوو بەرەوە لێی نەدرێت، لە هەمان مانگی ئۆکتۆبەردا، لە کۆتایی هەمان مانگدا بەپێی پەیمانی مۆلۆتۆڤ – ریبینترۆپ پۆڵەندا لە نێوان ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت دابەشکرا.
ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤١ جەنگی بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت ڕاگەیاندەوە و توانی دەست بەسەر خۆرھەڵاتی پۆڵەندا دابگرێت کە ھێزەکانی سۆڤیەت پێشتر داگیریان کردبوو. لە ژێر دەسەڵاتی نازییەکان ژیانی ڕۆژانەی پۆڵەندییەکان بەشێوەیەکی دراماتیکی گۆڕا لە ژێر دەسەڵاتی نازییەکان. سیاسەتی توانەوەی میللی ” بە ئەڵمانی کردن و تواننەوە ” جێبەجێ کرا، کە تیایدا زمان و کولتووری پۆڵەندی قەدەغە کرا. سیستەمی پەروەردە داخرا، زانکۆکان و ناوەندە کولتوورییەکان وێران کران.
لە کۆتایی 1944 و سەرەتای 1945دا، سوپای سوور پۆڵەندای لە دەست نازییەکان ڕزگار کرد. بەڵام ئەم “ڕزگارکردنە” بووە هۆی داگیرکارییەکی نوێ. بەپێی ڕێککەوتنی یاڵتا، پۆڵەندا کەوتە ژێر داگیرکاری سۆڤیەت و حکومەتێکی کۆمۆنیستی بەسەریدا سەپێنرا.
پۆڵەندا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە زۆرترین وێرانکرای لە جەنگی جیهانی دووەم. لە ساڵی 1939 تا 1945، ئەم وڵاتە بووە گۆڕەپانی شەڕ و داگیرکاری، کوشتار و وێرانکاری.
پۆلۆنیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە زۆرترین زیانی لە جەنگی جیهانی دووەم پێگەیشت، نزیکەی شەش میلیۆن پۆڵۆنی تێدا کوژران کە دەکاتە (نزیکەی ١٦-١٧%ی کۆی دانیشتوانی پۆڵۆنیا).
پاش جەنگیش دەستگیرکردن و ڕاوەدوونان بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٨٩. ئامانجی ئەو داگیرکاریانەش نەھێشتنی کلتووری پۆڵەندا و ملکەچکردنی گەلەکەی بوو. فەرهەنگی خەڵک و کولتوری پۆلۆنیا بەردەوام لەگەڵ دوو ئاراستەی دژ بەیەک بوون ئاڕاستەکردنی ناسیۆنالیستی وسۆسیالیستی.
یەکێتی سۆڤیەت بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵات و نفوز و ئاسایشیی نەتەوەتی خۆی کەوتە دروستکردنی رێکخستن و پارت وحکومەتی کۆمۆنیستی، ئامانجی ستراتیژی یەکێتی سۆڤیەت سیاسەتی کۆنترۆڵکرکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری نیشتمانی ناوچەکە بوو ئەوەش کارێکی زۆر خراپی دەکردە سەر فەرنگی کۆمەڵاتیەتی پۆڵۆنیەکان، ئەمە بووە هۆی بەرپەرچدانەوە، یەکەم گروپیش کە بەرهەڵستی کاری سۆڤیەت بوو، ڕۆشنبیران و ئەدیبان بوون، لەبەر ئەوە ئەوان یەکەم گروپ بوون کە بەر شاڵاوی قڕکردن کەوتن لایەن کۆمۆنیستەکانەوە، زۆربەی ئەو کەسایەتییانە کە لەلایەن سوڤیەتەکانەوە کوژان ئەوانە بوون کە لە ناوەندە زانستی و کولتوریەکان بەرچاو کاریگەر بوون بەشێکـیان ئینتەلیکتیول، ڕۆشبیر، مامۆستا، پزیشک، هونەرمەند، موسیکزان وشانۆکارو چالاکوانان بوون. بەشێکیشیان بۆ سیبریا دوورخرانەوە ، ئەوانەش کە توانیان خۆیان دەرباز بکەن هەڵهاتن بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ومەکسیک وئەمریکا.
ڕۆشبیرە سیاسیەکانی پۆڵەنداش لە وڵاتی بەریتانیا بانگجاڕی حکومەتێکیان لە تاراوگە کرد. هەندێک چالاکی سیاسی و فەرهەنگیان بە نهێنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتدا ئەنجام دەدا.
لە مانگی ئابی ٢٠٠٩ توێژەرانی پەیمانگای یادکردنەوەی نیشتمانیی پۆڵەندا، ژمارەی قوربانیانیەکانی ئۆپراسسیۆنەکانی ئەڵمانیا (بە جوولەکەکانی پۆڵەنیایشەوە) لە نێوان ٥٫٤٧ بۆ ٥٫٦٧ ملیۆن (بەھۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەڵمانیا) وە قوربانیانی ١٥٠ ھەزار (بەھۆی سۆڤیەت)ەوە خەمڵاند، سەرجەم قوربانیەکان کە دەکاتە نزیکەی ٥٫٦٢ و ٥٫٨٢ ملیۆن بەکۆی بە گشتی.
گەورەترین کۆمەڵکوژی لە کاتین بوو لە بەهاری ١٩٤٠ کە “کۆمیساریای گەل بۆ کاروباری ناوخۆ” ” NKVD “نزیکەی ٢٢ هەزار پۆلۆنی لە ئەفسەرو ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی پۆلەندای لە (کۆمەڵکوژی کاتین) کۆمەڵکوژ کران، لە نێوانیاندا نزیکەی لە ٢٠٠ کەسیان یان شانۆکار بوون. هەڵبەتە ژمارەیان زۆر زۆرە ناکرێت ناوی هەموویان بنووسین، دەستەی قوربانیەکانی لاتین لاپەڕەیەکیان هەیە من لێرەدا حەز دەکام. ئاماژە بە چەند کەسێکیان بکەم (**)
ــ ڤلادیسلاڤ سێبیلا (١٩٠٢-١٩٤٠) – شاعیر، ڕەخنەگر، ئەندامی بازنەی ئاڤانگاردی ئەدەبی پۆڵەندی.
ــ زیگمۆنت ماریان لۆتۆکی (١٩٠٤-١٩٤٠) – نووسەر و شاعیر، چالاک لە بازنەکانی ئەدەبی نێوان جەنگەکاندا؛ لە کاتین کوژرا.
ــ ماریان ڕێنتگن (ماریان ئەنتۆنی گونتنەر) (١٨٨٨-١٩٤٠) – ئەکتەری بەناوبانگی شانۆ و سینەما؛ ئەفسەرێک لە یەدەگەکەدا، لەلایەن سۆڤیەتەکانەوە زیندانیکرا و لە کاتین لەسێدارەدرا.
ــ ولادیسلاڤ سێبیلا (1902-1940) — شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی؛بەهاری ساڵی ١٩٤٠ لەسێدارەدراوە.
ــ زیگمۆنت ماریان لۆتۆکی (1904-1940) — نووسەر(و کەسایەتی وەرزشی
ماریان ڕێنتگن / ماریان ڕێنتگن-گونتنەر (1888-1940) ئەکتەر.
ــ برۆنۆ شوڵزبە (١٢ی تەمموزی ١٨٩٢ – ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٤٢) نووسەروهونەرمەند و ڕەخنەگری ئەدەبی و مامۆستای هونەری پۆڵەندی بووە.
ــ تادێوس بۆی-زێلێنسکی (1874-1941) نووسەر، شانۆنامەنووس و وەرگێڕ.
ــ ستیفان جاراکز (١٨٨٣-١٩٤٥) بەناوبانگترین ئەکتەر و دەرهێنەری شانۆ، ئەوکاتە.
ــ یوجینیۆس شڤیرچیڤسکی (١٩٠٩-١٩٤٤) – دەرهێنەر و ئەکتەری شانۆ، چالاکوان، لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە لەسێدارەدرا.
زۆر نووسەری تر دووچاری هەڵهاتن هاتن لەوانە
ــ نوسەری بەناوبانگ خاوەنی براوەی نۆبڵ، چێسلاڤ میلۆسز. ( ٣٠ی حوزەیرانی ١٩١١ ــ ١٤ی ئابی ٢٠٠٤ لە شاری کراکۆڤ کۆچی دوایی کرد)
ــ ١٩٧٨ کەسایەتی بەنێوبانگ کارۆڵ ڤۆیتیلا کراکۆڤ، پاشان لە ساڵی ١٩٧٨ وەک پاپای فاتیکان هەڵبژێردرا، نازناوی جۆن پاوڵس دووەمی هەڵبژارد.
ــ سلاڤومێر مرۆژێک ١٩٦٣ پۆڵۆنیای بەجێ هێشت لە پێشدا بەرەو مەکسیک هەڵهات و لە پاشاندا لە فەرنسا گیراسایەوە
ــ چیسلاڤ میلۆس (لە ساڵی ١٩٥١ داوای مافی پەنابەری لە فەرەنسا)،
ــ مارێک هلاسکۆ (لە ساڵی ١٩٦٦ کۆچی کرد بۆ لۆس ئەنجلۆس)
ــ لێسزێک کۆلاکۆڤسکی (لە ساڵی ١٩٦٨ ناچار بووە کۆچ بکات).
ژمارەکەیان زۆر زۆرە و ناکرێت ناوی هەموویان بنووین.
ڕۆشبیری لەسەردەمی داگیرکاریدا
کۆمەڵناس تادێوس پیۆترۆڤسکی دەڵێت ھەردوو دەسەڵاتی داگیرکەری نازی و سۆڤێتی دوژمنی سەروەری پۆڵەندا و گەلەکەی و کولتوورەکەی بوون و ئامانجیان دروست کردنی نەوەیەکی بێ فەرهەنگ و لەناوبردنی گەلەی بوون، کتێبخانەو زانکۆکان و سینەما و شانۆکانیان داخست، تەنها بۆ بانگەشەی سیاسەتی خۆیان جاروبار دەیانکردەوە.
کتێب و ژورنال و بڵاوکراوەکان بە فیلتەرێکی زۆردا تێدەپەڕین، هەر نوسینێک و نمایشێک ناوەرۆکێکی سیاسی یان نەتەوایەتی هەبوایە، ئەوا وەک تاوان سەیر دەکرا، سزای بەدواوە بوو، ئەو نووسەرو ڕۆشنبیرانەی کە لەگەڵ سیاسەتی داگیرکەراندا نەبوون خۆیان نەدەدا بەدەستەوە، دەگیران و حکوم دەدران یان ناچار دەبوون بەرەو تاراوگە هەڵبێن. لە ژێر داگیر کاری سۆڤیەتدا دەزگایەکی کولتوری بەنێوی سۆسیالیست ریالیزم بۆ پشتیوانی لە ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیستی دامەزرا، ئەمەش وای کرد هزر و خەیاڵ و فەنتازیای هونەرمەندان لە قاڵب بدرێت.
فەرهەنگی ژێرزەمینی
پۆڵۆنیەکان بۆ بەرانگاربوونەوەی ئەو داگیرکاریە کولتوریە ژینگەیەکی تریان بۆ فەرهەنگی خۆیان دروست کرد پێیان دەگوت ” فەرهەنگی ژێرزمین” (underground culture) چونکێ سەرجەم زانکۆ و کۆلیژەکان زۆرێک لە قوتابخانەکان داخران، تەنانەت خوێندنی باڵاشیان لێ قەدەغەکرا، بەشێکی زۆر لە مامۆستایان دەستگیرکران لەسێدارا دران، ئامانج ئەوەبوو پۆڵۆنیەکان لە ئاستێکی نزمدا بمێننەوە، بەهۆی نەبوونی ئازادییەوە “کلتووری ژێرزەمین” مانایەکی زۆر گرنگ و تایبەت وەردەگرێت. ئەویش مەبەست چالاکییە ڕۆشنبیری و فیکرییە نهێنییەکان بوو وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بەرامبەر بە چەوساندنەوەی نازی و دواتر یەکێتی سۆڤیەت، وەڵامدانەوەیەک بوو بۆداگیرکەران. جەوهەری کولتوری ژێرزەمینی لە سەردەمی داگیرکاریدا پرۆسەیەک بوو ناویان لێنابوو” تاژنە کۆمپلێتی” (Tajne komplety) ، تاژنە کۆملێتی، زاراوەیەکی پۆڵەندی بوو بۆ ئەو چالاکییە پەروەردەییە نهێنیایەکان کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن مامۆستایان و خوێندکارانی پۆڵەندییەکانەوە ڕێکخرابوو واتای پۆلی نهێنیەکان، فێرگەی نهێنی، یان کلاسی نهێنی، یان تەواوکردنی خوێندنی نهێنی، سیستەمێک بوو بۆ پەروەردە. بەهۆی کلاسی نهێنیەوە دەیان هەزار گەنج توانیان درێژە بە خوێندن بدەن سەرەڕای هەوڵی نازییەکان بۆ بنبڕکردنی کولتوور و ڕۆشنبیری پۆڵەندا.ئەمە بوو بە هێمای بەرخۆدان و ناسنامەی نەتەوەیی. ئەم پۆلە نهێنیانە بە گروپی بچووک لە ماڵە تایبەتەکاندا بەڕێوە دەچوو، مامۆستایان وانە نهێنیەکانیان لە ماڵە تایبەت،کلێسادا، یان لە شوێنە شاراوەکانی تردا ڕێکدەخست، خوێندنیان لە هەموو ئاستەکاندا پێشکەش بە خوێندکارە پۆڵۆنیەکان دەکرد، لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە تا زانکۆ، بە مەبەستی پاراستنی کولتوری پۆڵەندی و دابینکردنی زانست و زانیاری بوو. بەو پێیەی ئەڵمانییەکان و سۆڤێتیتیەکان خوێندنی باڵایان بۆ پۆلەندییەکان قەدەغە کردبوو، پەروەردە هەموو شتێکی گرتەوە لە قوتابخانەی بنەڕەتی تا ئاستی زانکۆ. تەنانەت پزیشکی و یاسا و زانستە مرۆییەکانیش.
دەیان هەزار خوێندکار بەشداریان لەم فیرگانەدا کرد و زۆرێک لە ئەکادیمیستە بەناوبانگەکانی پۆڵەندا بە نهێنی وانەیان لەم فێرگانەدا دەگوتەوە. خوێندکار بڕوانامەی ڕاستەقینەی وەردەگرت، دوای جەنگ زۆربەیان لەلایەن زانکۆکانی پۆڵەندا بەشێوەیەکی فەرمی بەڵگەنامەکانین ناسێنران دانیان پێدا نرا.
چاپەمەنی و ئەدەبی ژێرزەمین
لەم بارو دۆخەدابوو چاپەمەنی ژێرزەمین سەری هەڵدەدات، ڕۆژنامە یاساغکراو، نامیلکە و کتێبی قەدەغەکراو چاپ دەکرا و لە وارشۆ و شارەکانی دیکە دابەش دەکران، پێشانگا دەکرایەوە، شانۆ نمایش دەکرا کۆڕو کۆبونەوەی ئەدەبی سازدەدرا، بەڵام ئەمانە هەمووی بە نهێنی دەکران، شانۆکاران وازیان لە پێشکەشکردنی بەرهەمە کلاسیکیەکان دێنن و بەرهەمی تازەی نووسراو پێشکەش دەکەن، مۆسیقاژەنەکان نمایشی نهێنیان ڕێکدەخست، ئەم چالاکیانە لە شوێنی تایبەت و شاراوەدا سازدەکران ، بۆ ئەوەی کولتوری پۆڵەندی زیندوو بهێڵنەوە. بەرخۆدانی ئەدەبی بوو بەرهەمەکانیان گوزارشت لە بەرهەڵستی و هیوا و ناسنامەی نەتەوەیی دەکرد. واتا، کولتووری ژێرزەمینیی لە پۆڵەندا لە سەردەمی داگیربوونیدا بوو بە خەباتێک بۆ پاراستنی شوناس و زمان و کولتووری نەتەوەیی، لە ژێرزەمینەکاندا و لە سەرزەمینەکانیش داگیرکەران هەوڵی سڕینەوەی دەدا. ئەمە بارتەقای شەڕی گەریلا بەشێک بوو لە بەرخۆدانی چەکداری، بەڵام لە بەرەی فیکری و ڕۆشنبیریدا. کولتوری ژێرزەمین و چالاکیە ڕۆشنبیرو هونەرییەکان دەبێتە ڕێگایەک بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.
ئەو جموجۆڵە فۆرم و شێوەیەکی وایگرتبوو کە پییان دەوت، دەوڵەتی ژێرزەمینیی پۆڵەندا. ساڵی١٩٤٥ دوای کۆتایی هاتنی جەنگ، زۆرێک لەوانەی بەشدارییان لە کولتوری ژێرزەمیندا کردووە، دەبنە پێشەنگ لە بنیاتنانەوەی ژیانی کولتووری پۆڵەندادا. لەم کاتەدا کە ڕژێمی سوڤیەت بەردەوام دەبێت نەریتی خەباتی ژێرزەمینی گەشە دەسەنێت و فۆرمێکی نوێ دەردەکەوێت.
“کلتووری ژێرزەمین” مانایەکی زۆر تایبەت و گرنگی وەرگرت. فەرهەنگی ژێرزەمینی بەمانا کولتوور مۆدێرنەکە نەبوو، بەڵکو باسی چالاکییە ڕۆشنبیری و فیکرییە نهێنییەکان بوو وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بەرامبەر بە چەوساندنەوەی نازی و دواتر سۆڤیەت.
لێرەدا تێڕوانینێکی گشتی ڕوون بۆ کولتوری ژێرزەمین لە پۆڵەندا لە سەردەمی داگیرکاریدا دەخەینە ڕووبەشە گرنگەکانی کولتوری ژێرزەمین
1. زانکۆ نهێنییەکان (“Tajne komplety”) فێرگەیەکی تەواو بوو، هەم زانستە مرۆییەکان و هەم زانستە سروشتییەکان و هەم پزیشکی دەوترێتەوە. هەزاران خوێندکار و چەندین پرۆفیسۆر بەشداریان تێداکردبوو.
2. چاپەمەنی و ئەدەبی ژێرزەمین ڕۆژنامە و نامیلکەی نایاسایی چاپ دەکران و بە نهێنی دابەش دەکران. دانیشتووانی پؤلۆنیا لە هەواڵەکان ئاگادار دەکرایەوە، هیوای پێبەخشی. ئەدەب (شیعر، کورتە چیرۆک، وتار) زمان و ناسنامەی نەتەوەیی پاراست.
3. ئاهەنگی مۆسیقا و نمایشی شانۆیی بەنهێنی لە ماڵە تایبەتەکان و شوێنی شاراوەکان پێشکەش دەکرا، ئەکتەرەکان بەرهەمی قەدەغەکراو و شیعریان دەخوێندەوە. مۆسیقای شۆپین مانای تایبەتی و ڕەمزی وەرگرت.
4. بەرهەمهێنانی هونەری نهێنی و هونەری بینراو و هێماسازی، کە سەرتاپا شەقامەکانی پۆلۆنیایی گرتەوە وەک هێمای (وەک کۆتویکا – “لەنگەری”) وەک نیشانەی بەرخۆدان لەسەر دیوارەکان نەخشێنران.
5. پەروەردە و ڕۆڵی منداڵان قوتابخانەی نهێنی بۆ خوێندکارە بچووکەکان زۆر گرنگ بوو چونکێ منداڵان فێری زمانی پۆڵەندی و مێژوو و کولتوور بوون، سەرەڕای قەدەغەکردنەکە.
6- گەشەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی و چالاکییە فەرهەنگیەکان وەک بەشێک لە شەڕی داگیرکاری سەیر دەکران. قسەکردن بە زمانی پۆڵەندی و خوێندنەوەی کتێبی پۆڵەندی و وتنی گۆرانی پۆڵەندی بوون بە کردەی سیاسی، ئەمە پێکەوە بەرخۆدانێکی فیکری و کولتووری پێکدەهێنا کە بەقەد خەباتی چەکداری گرنگ بوو، ڕۆحی میللەتی دەپاراست کاتێک دەوڵەت خۆی ژێردەستە بوو.
لە دەوڵەتی ژێرزەمیندا هونەرمەندانی ئەودەمە پیشبڕکێیەکان ساز کرد بۆ دروستکردنی سیمبوڵێک کە هێمابێت بۆ بەرخۆدانی گەلی پۆلۆنیا،بۆ ئەمە لۆگۆ و سیمبۆلێکیان هەڵبژارد بەناوی کۆتیک، ئەم سیمبوڵە لە شێوەی لەنگەرێکدایە ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە پۆڵەندا ڕاوەستاوە و شکستی نەهێناوە، کۆتیکا بەمانای پۆڵۆنیا بەرەنگارە و شەڕ دەکات، کە یەکێک بوو لە هێما هەرە گرنگەکانی بزووتنەوەی بەرخۆدان لە پۆلۆنیا، پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە پیتەکانی P و W کە کورتکراوەی ” Polska Walcząca”” بە زمانی ئنگلیزی Fighting Poland.
دەرکەوتنی ئەو هێمایە لەسەر باڵەخانەکانی وارشۆ و شارەکانی دیکە، بوو بە نیشانەیەکی بەهێزی بەرخۆدان و هۆکارێک بۆ ئەوەی مۆڕاڵی دانیشتووان بە بەرزی بمێنێتەوە. دواتر کۆتیکا بوو بە هێمایەکی نەتەوەیی بۆ ئازایەتی و نیشتمانپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم. ئێستاش سیمبوڵێکی گەورەی بەرەنگاربوونەوە و چالاکوانانە.
دەرەنجام
جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر پۆڵەندا بەجێهێشت. نزیکەی 6 ملیۆن هاوڵاتی پۆڵەندی (بە جوولەکەکانیشەوە) گیانیان لەدەستدا، 3 میلیۆن خەڵکی ئەو وڵاتە دەربەدەربوون، زۆربەی شارەکان وێران بوون و ئابووری وڵات تێکشکا. سەرەڕای ئەمانە، پۆڵەندا توانی لە دوای جەنگ خۆی بنیات بنێتەوە و ئەمڕۆ یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی یەکێتی ئەوروپا. کە بزووتنەوەیەکی شانۆو فەرهەنگی بەهێزی تێدایە. ئەو ڕۆژەی کە لە کوردستان ڕاپەڕین دەبێت، هەر ئەو ڕۆژە ساڵی ١٩٩١ هەر ئەو ڕۆژە دوای هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی دوای ڕووخانی کۆمۆنیزم. سەربازانی سۆڤیەت دەست دەکەن بە جێهێشتنی پۆڵەندا.کۆمەڵگەی کولتوری دیاسپۆرای پۆلۆنی تا سەدەی بیستەم بەهێزترین دیاسپۆرا بوو لە تاراوگەدا. ئەوان هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەو کەسانەی کە لە زێدی خۆیان بۆ ئەوروپاو ئەمریکا و کەنەدا هتد هەڵدەهاتن لە دام و دەزگا فەرمیاکانی هاوکاریان دەکردن ، هەتا ئێستاش چالاکترین رێکخراو و ئینستیوتی فەرهەنگیان لە ئەوروپادا هەیە. هەروەها ١٠ ساڵ دوای بەجێهێشتنی سۆڤیەت لەساڵی ٢٠٠١ پۆڵەندا ڕێگەی بە هاوڵاتیان دا کە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بینینی ئەو فایلانەی کە لە سەردەمی کۆمۆنیستەکاندا لەلایەن پۆلیسی نهێنیەوە بۆیان کرابووە.
پەراوێز
(*) کرۆنۆلۆجیەک لەسەر داگیرکردنی پۆڵەند
https://www.bbc.com/news/world-europe-17754512
(**) دەستەی قوربانییەکانی پۆلۆنیا، لاپەڕەیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لەلیستەکەدا ناویان تۆمار کراوە بە ناوی کۆمەڵکۆژی کاتین. ئەمەی خوارەوە ناوی قوربانیەکانی کۆمەڵکوژی کاتینە.(katyn.ipn.gov.pl)
https://katyn.ipn.gov.pl/kat/form/229,Lista-katynska.html
