ته‌قی
پارچه‌پارچه بوو!
تۆپی ژێر تایه‌ی ئۆتۆمبیلێک نه‌بوو که ته‌قی، نا،
دڵی بیمار و ئۆقره‌بڕاوی عاشقێک نه‌بوو که پارچه‌پارچه بوو، نا.
پێ ده‌چێ ئه‌مجاره کڕنووش بۆ په‌یکه‌ری خواوه‌ند، نا، (کێل)ێک به‌رم.
نا هیچ دوور نییه ئه‌مجاره، له‌گه‌ڵ دوانووشتاندنه‌وه‌مدا، چی دی، ئه‌گه‌ر به ده‌نگی ئه‌و نه‌بێ، سه‌ر هه‌ڵنه‌بڕم.
نـاڵه‌ی حه‌زێکی ناکامه، ئه‌گه‌ر بڵێم ئیدی، له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی کانیاویشدا، نائومێدی ده‌بارێنم.
بۆ له‌مه‌ودوا، به بیستنی هه‌ر زرمه‌یه‌ک، (نــــــــــا) ده‌که‌مه نه‌یزه‌کێک و به پانتایی گشت گه‌ردووندا ده‌یکشێنم.
بریا پێڕاده‌گه‌یشتم به‌ر له‌وه‌ی پارچه‌پارچه بن، له‌بۆ سه‌ری هه‌ر خه‌ونێکتان، (کڵاو)ێک به دیاری بێنم!
ته‌مه‌نێک به‌ر له ئێستا، هه‌ر كه له‌سه‌ر سووچی كۆڵانه‌كه‌وه ده‌ركه‌وت، به كاسکێته‌كه‌یدا ناسیمه‌وه و ده‌سته میزه‌ڵانه‌که‌ی ملی بۆ لای خۆی كێشی كردم، نۆ ساڵان ده‌بووم، ئاره‌زوویه‌كی گه‌وره‌م بۆ میزه‌ڵان ده‌رچاندن هه‌بوو، ئه‌و ده‌ستانه چه‌ندین میزه‌ڵانی به قه‌باره جیاواز بوون، به كارتۆنێكه‌وه شۆڕ بوبوونه‌وه و هه‌ریه‌ك ژماره‌یه‌كی له‌سه‌ر بوو، فرۆشیاری میزه‌ڵانه‌کان په‌تیان به كارتۆنه‌كه‌وه ده‌به‌ست و ده‌یانكرده ملیان، هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك میزه‌ڵانیش (ده‌سته)یه‌ک ژماره‌ی داپۆشراوی له‌گه‌ڵدا بوو، به هه‌ڵبژاردنی هه‌ر ژماره‌یه‌ك میزه‌ڵانێكت بۆ ده‌رده‌چوو، له ناوه‌ڕاستی میزه‌ڵانه‌كاندا میزه‌ڵانێكی زۆر گه‌وره‌ی تێدا بوو، خه‌ونی هه‌موو منداڵان بوو.
نزیك بووه‌وه و به بزه‌یه‌كه‌وه وتی: “چۆنی؟” من كڵاوه‌كه‌یم له سه‌ری ڕفاند و به قیژه و هاواری یاریكردنه‌وه ڕام كرد تا ڕاكات به دوامدا. ئه‌و هێواش هێواش بۆ لام ده‌هات و به ده‌نگێكی پچڕ پچڕ ده‌یوت: “نا توخوا، به‌س ئه‌و كڵاوه نا …”
دره‌نگ له نهێنیی هۆگربوونی ئه‌و به كڵاوه‌وه گه‌یشتم! ئه‌و كاتانه‌ی بۆ قۆشمه كڵاوه‌كه‌یمان لێ بزر ده‌كرد، بێــــوێنه ناڕه‌حه‌ت ده‌بوو، به دۆزینه‌وه‌شی یه‌كڕاست له‌سه‌ری ده‌نا و هێنده‌ی ده‌ربازبوونی دیلێك له‌ده‌ست چه‌ته، هێور و ئاسووده ده‌بوو. من دره‌نگ په‌یم به‌وه برد، كه سێبه‌ری كڵاوه‌كه‌ی سه‌ر ڕوخساری ئارامترین په‌ناگه‌ی بوو. ئه‌و پێی وا بوو گه‌ر كڵاوه‌كه‌ی له‌سه‌ردا بێت، كه‌س به بێداریی نازانێت، كه‌س گوێبیستی قریشكه‌ی زامه‌كانی نابێ و كه‌س كه‌لێنی جلوبه‌رگه دڕاوه‌كانی نابینێت. وای ده‌زانی بێ ئه‌و كڵاوه، ده‌بێته گاڵته‌جاڕی منداڵان، ده‌كه‌وێته ژێر ڕه‌حمه‌تی به‌زه‌ییی چاوچنۆكه‌كان، بڕوای وا بوو به‌بێ بوونی ئه‌و كڵاوه له سه‌ریدا، مانی له مه‌ترسیدا بێ، خۆزگه ڕه‌نگزه‌رده ترساوه‌كانی تێكه‌ڵی (با) بێ و چی گریانی شه‌وه‌ته‌نیاكانی هه‌یه ئاشكرا بێ!
نهێنی له خودی كڵاوه‌كه خۆیدا نه‌بوو، (كاسكێت)ێكی ئاساییی ڕه‌نگسپی به تۆز بواردوو بوو، به ده‌زووی سوور و ڕه‌ساسی، شێوه‌ی سێبه‌ری پڵنگێكی هه‌ڵپه‌كاری له‌سه‌ر چنرا بوو، من هه‌میشه وام هه‌ست ده‌كرد، ژێر كڵاوه‌كه لانه‌ی پڵنگێكی برسیی بریندار بێت، بۆیه له‌گه‌ڵ ڕفاندنیدا ده‌ستوبرد ده‌مزریكاند، تـــا بمتوانیبا ڕام ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی ده‌روونیی له‌گه‌ڵ كڵاودا به‌ستبوو، كاسكێته‌كه‌ی له‌جێی چه‌تر، ماڵ، نیشتیمان و دایكیشی بوو، كه هه‌ر له زووه‌وه كۆچی كردبوو.
كاسکێته‌كه‌یم بڵـــند هه‌ڵدا، وه‌ك كۆترێكی مه‌شقپێكراو له شیناییی ئاسماندا سه‌مایه‌كی ئه‌فسووناویی نمایش كرد، من وا ده‌هاته به‌ر چاوم په‌رییه‌ك بێت، به كراسێكی كورتی سپییه‌وه له نێوان زه‌وی و ئاسماندا سه‌مای مه‌رگ و ژیانی ده‌كرد، پاشان وه‌ك ستایشی ئه‌و بكات، چه‌ند جارێك له نزیكیه‌وه خولی خوارد و چه‌مییه‌وه، دواجار له‌سه‌ر سه‌ری نیشته‌وه! ده‌ستی برد پێشی كاسكێته‌كه‌ی له ناوچه‌وانی توند كرد، ئاهێكی به بزڕكاندنی وشه‌ی (ئـــۆخه‌ی)ـه‌وه هه‌ڵكێشا و به چاوی پڕ له ترس و دڵنیاییی تێكه‌ڵه‌وه:-
+ ئێستا وه‌ره میزه‌ڵانێكی جوان به نسیبی خۆت بکه.
– با میزه‌ڵانه گه‌وره‌كه‌م بۆ ده‌رچێ، توخوا میزه‌ڵانه گه‌وره‌كه.
+ میزه‌ڵانه گه‌وره‌كه بۆ که‌س ده‌رناچێ، چونكه ژماره‌كه‌یم له لیسته‌كه ده‌رهێناوه.
ـ ئه‌وه فێڵه، گوناهبار نابیت؟
+ هه‌موو میزه‌ڵانفرۆشه‌كان وا ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت میزه‌ڵانه گه‌وره‌كه زوو بۆ یه‌كێك ده‌رده‌چێ و ئیتر هیچ منداڵێك نایه‌ت میزه‌ڵانه بچووكه‌كان ده‌رچێنێت. وه‌ك داوای لێبووردن بكات، به ماتی هێدی هێدی ده‌ستی به ڕوومه‌تمدا هێنا و:
+ میزه‌ڵانه گه‌وره‌كه ده‌بێت تا سه‌رفبوونی دوایه‌مین میزه‌ڵان به كارتۆنه‌كه‌وه بێت.
ـ ئه‌ی دوایی میزه‌ڵانه گه‌وره‌كه بۆ كێ ده‌رده‌چێت؟
+ پێم وتی بۆ كه‌س ده‌رناچێت، دوایی به نرخێكی گرانتر ده‌یفرۆشینه‌وه!
به په‌نجه ئاماژه‌ی ژماره‌یه‌كم كرد، له‌گه‌ڵ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌یدا وه‌ک بڵێی خۆم له ڕاستیی نه‌بوونی ژماره‌ی میزه‌ڵانه گه‌وره‌که له لیسته‌که‌دا گێل کردبێ و چاوه‌ڕێی په‌رجووی ده‌رچوونی بم، ده‌موت ئه‌ی به‌خت یاوه‌رم به! په‌کوو میزه‌ڵانێكم بۆ ده‌رچوو هێنده بچووك و ئه‌ستوور بوو، به هه‌موو هێزی خۆمه‌وه فووم تێ ده‌كرد، كه‌ڵكی نه‌بوو. ئه‌و لێی وه‌رگرتم، به هه‌ڵكێشانی هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ، هه‌وایه‌كی زۆری له سییه‌كانی و هه‌ردوو گوپیدا كۆكرده‌وه و فوویه‌كی قایمی كرده میزه‌ڵانه‌كه‌وه، به‌ڵام به‌قه‌د گڵۆپی بنێشتێك هه‌ڵتۆقی و وه‌ك بڵقی پێستێكی سووتاو فش بۆوه!
ئه‌و ڕۆژه میزه‌ڵانه‌كه‌ی بۆ گۆڕیم به میزه‌ڵانێكی بڕۆنزیی جوان، قه‌باره‌شی زۆر گه‌وره‌تر بوو له‌وه‌ی بۆم ده‌رچووبوو، دڵم به میزه‌ڵانه تازه‌كه زۆر خۆش بوو، فوویه‌كی زۆرم تێ كرد، زۆر گه‌وره بوو، به‌رده‌وام هه‌ر فووم تێ ده‌كرد، له ئاكامدا به ده‌موچاومدا ته‌قی، پارچه‌پارچه بوو …
چیتر به‌رچاییی به‌یانیم پێ نه‌خورا، بۆ کڕینی نان هاتبوومه ده‌ر، کاتێ ئه‌وم له‌سه‌ر سووچه‌که‌وه بینی. زرمه‌ی ته‌قینی میزه‌ڵانه‌که کاسی کردبووم، چاوێکم له‌سه‌ر پارچه‌کانی بوو که له ئینجانه‌یه‌کدا کۆم کردبوونه‌وه، دوو ده‌نک چواله‌م تێیدا ڕواندبوو. نیگایه‌کیشم لای ئه‌و بوو، کاتێ به‌ره‌وخوار ڕێی کرد و دوور دوور که‌وته‌وه، له چاوم ون بوو.
زه‌مه‌نێک پاش ته‌قینی میزه‌ڵانه‌که، به‌ر له دوادیده‌ن، له ماڵی باوکی بینیم، ئه‌و کات له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی لاوێتیدا بووین، گه‌نده‌موو ڕوخساری ئه‌وی ته‌ڵخ کردبوو، ده‌یان زیپکه‌ی ڕووخێنه‌ریش سیمای من. چ ناحه‌قییه‌که له سروشته‌وه، که له‌و ده‌مه ناسکه‌دا به‌و شێوه‌یه ده‌تشێوێنێ، وه‌ک بییه‌وێ له‌و کاته‌وه له دزێوی ڕووی گه‌وره‌یی بتتۆقێنێ!!
ئه‌گه‌رچی ئه‌و ڕۆژه‌ش وه‌ک هه‌میشه، سه‌رزاری به ئازاره‌کان پێده‌که‌نیم، له منداڵێکی لاسار و هه‌م گوێڕایه‌ڵیشم ده‌کرد، که تامه‌زرۆی بیستنی ڕووداوه ئه‌فسانه‌ییه‌کان بێ و چاوقایمانه بییه‌وێ بگاته کۆتایی. وه‌لێ دڵم تووند، چاوم لێوان‌لێو له فرمێسک و ناخم گڕکانێکی بێ‌ئامان بوو، کاتێک ڕوانیم، به‌و قرچه‌قرچی نیوه‌ڕۆیه له گه‌رماوه‌که‌یاندا ته‌شتێكی گه‌وره‌ی له ئاو پڕ كردبوو، به‌بێ تایت و سابوون كراسه‌كه‌ی تێدا ده‌شت و به‌ده‌م سه‌رزه‌نشتکردنی ڕۆژگاره‌وه، دڵی خۆی به‌وه ده‌دایه‌وه که به‌س نییه ئاویشی ده‌ست که‌وتووه و وه‌ک جارانی تر ته‌شته‌که‌ی به گریان پڕ نه‌کردووه! سانا نه‌بوو گوێبیستی گێڕانه‌وه‌ی چه‌ندین لێپرسینه‌وه و فه‌رته‌نه‌پێگێڕانی که‌سێک بم که به تۆمه‌تی خواردنی دوو هه‌نجیر به تاوانبار ناوبرابێ و به په‌ندی درشت و وردی خوشک و براکانی کرابێ!!
ته‌واو په‌شۆکابووم، ده‌توت ته‌ممووزه و له به‌رده‌م کووره‌ی ئاسنگه‌رێکدا به دیار تواندنه‌وه‌ی (پۆڵا)وه ده‌سته‌وه‌ستان داماوم، زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی پریشک و کڵۆی گه‌وره‌گه‌وره‌بوون، له ئاگره‌که‌وه ده‌ڕژانه هزر و چاوانمه‌وه، ئه‌مما به دزه‌سڕینێ فرمێسکه‌کانم ونی تاریکیی گه‌رماوه‌که کرد و ته‌نیا به پێكه‌نینێكی خۆكرد وه‌ڵامیم دایه‌وه …
كراسه‌كه‌ی له ته‌شته‌ئاوه‌كه ده‌رهێنا و گوشیی، ئاوی ڕوونی لێ ده‌چۆڕی، چووین له سه‌ربان هه‌ڵی بخا، وه‌ك بڵێی تینووی قسه‌كردن بێت له گێڕانه‌وه‌ی باسه‌كان نه‌ده‌كه‌وت، دیار بوو جامی ناخی لیمان لیمان بوو لێی ده‌ڕژا، بێ ئه‌وه‌ی هیچی لێ بپرسم وتی: من دۆشه‌كڵه‌یه‌كی باریكی كورتم هه‌یه شه‌وانه له‌سه‌ری ده‌نووم، ده‌نوومی چی! حه‌رام! هه‌رچی پێی بڵێی خه‌و له‌سه‌ری نایه‌ته چاوم، ئه‌ڵێی چی، نازداری … نا، (پازدار)ی باجیم، ئه‌وه‌ی پێ بڕیووم!
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه باسی خوشکێکیشی بۆ کردم، به‌ڵێ له گه‌رمه‌ی گێڕانه‌وه‌ی گێژاوه‌کاندا، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک سیمای ژییانده‌وه و وتی ته‌نیا ئه‌و، خه‌نده‌ی خوشکم، ئه‌گه‌رچی منداڵه، له چواری سه‌ره‌تایی ده‌خوێنێ، هه‌ر ئه‌و خواردنم بۆ دێنێ و که‌لوپه‌له‌کانم ڕێک ده‌خا، به کاکه (بێ‌ژان)یش با‌نگم ده‌کا، زۆرمان یه‌کتری خۆش ده‌وێ …
به درێژاییی قسه‌کردنی ئه‌و، من له دوو کۆترم ده‌ڕوانی که به شێوه‌ی بازنه‌یه‌کی هێلکه‌یی له ژوور سه‌رمانه‌وه ده‌خولانه‌وه، که بێ‌ژان زانیی خۆزگه‌یان پێ ده‌خوازم و تامه‌زرۆی ڕامووسانیانم، فیکه‌یه‌کی بۆ لێ دان، هاتنه سه‌ر ده‌ست و شانی گیرسانه‌وه، پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستم به په‌ڕ و باڵیاندا هێنا و توند به سنگمه‌وه نووساندن، بۆ ئاسمان هه‌ڵیدانه‌وه …
بێ‌ژان نه‌نكی ناوی ناوه، هه‌میشه سه‌رقاڵی مانای ناوه‌كه‌ی بوو، له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه ده‌یوت: “بێ‌ژان! بێ ژان! واته به‌بێ ژان! بوونێك به‌تاڵ له ژان، هاهاها …” به قوڕگی پڕگریانه‌وه گاڵته‌جاڕانه پێ ده‌كه‌نی و ده‌یوت: “ناوێكی نایابه”، ئاخر نه‌نه به‌دبه‌خته‌كه‌م تۆیه‌ك كه تاقه کچه‌که‌ت له تووندیی ژانی من بوونی گیانی له‌ده‌ست دا، چما په‌شیمان نه‌بوویته‌وه له‌و ناوه‌ی بۆت هه‌ڵبژاردبووم!
من له بێژانم بیستووه، كاتێ دایكی سكی به‌و پڕ بووه، نه‌نکی وتوویه‌تی: “ئه‌گه‌ر كۆرپه‌كه‌مان كوڕ بوو ناوی ده‌نێم بێ‌ژان، ئه‌گه‌ر كچیش بوو ناوی ده‌نێین تاژان.” پێ ده‌چێ دایه‌خان بوونی کۆرپه‌یه‌کی کوڕی به هه‌توانی برینه‌کانی زانیبێ و بوونی کچێکیش به له‌دایکبوونی (تا) و ژان! له‌هه‌مووشی ناخۆشتر به‌لای بێژانه‌وه ئه‌وه بوو، کاتێک سکاڵایه‌کی لای نه‌نکی بکردایه، له وه‌ڵامدا پێی ده‌وت کوڕی خۆم ناشوکری مه‌که، شانمان ئه‌وه‌نده هه‌ڵده‌گرێ! گالیسکه‌ی ژیان ڕاکێشه و له ڕێ لامه‌ده.
سه‌رده‌مێک هاته پێش که ئیتر یاده‌کان تێیدا فراوانتر بوون له زه‌مه‌ن. ئیدی مه‌زنبوون مانایه‌کی تری دابووه ته‌مه‌ن … ده‌مێ بوو له‌گه‌ڵ ته‌نیاییدا ده‌دوام، له‌مێژ بوو ئه‌وم نه‌بینی بوو، تامه‌زرۆی دیدارێکی بووم، به‌ڵام، به تۆمه‌تی گه‌وره‌بوونم! ده‌ستوور و یاسا ئێکسپایه‌ره‌کان ڕێی ئه‌وه‌یان پێ نه‌ده‌دام له‌گه‌ڵیدا بچمه‌وه کۆڵان، کڵاوه‌که‌ی بڕفێنم و بقریشکێنم له خۆشیان. هه‌ڕه‌شه و سه‌رکوتکردنه‌کان، ئاسمانیان لێ کردبوومه زیندان، فێری شه‌رمیان کردبووم، هه‌رگیز له‌خۆم ڕانه‌ده‌بینی وه‌ک جاران وه‌ڵامم بۆ سکاڵا و ڕازه‌کانی تێڕامان و (خه‌نده)یه‌ک بێ، شێتگیرانه په‌ست نه‌بم و ده‌ست نه‌ده‌مه پڕمه‌ی گریان.
له پرسه‌ی باوکی هاوڕێیه‌کم ده‌گه‌ڕامه‌وه، دواجار که به ڕێکه‌وت بینیم، له‌گه‌ڵ براده‌رێکیدا له ده‌ستپێکی ئه‌و شه‌قامه ته‌سکه‌دا وه‌ستابوون که پڕ بوو له یادگاری شیرین و تاڵی منداڵی، له‌و جێیه‌دا بوون که میزه‌ڵانه‌که‌ی لێ ته‌قی! هه‌رچه‌ند به‌ویادا تێده‌په‌ڕیم دڵم داده‌خورپا، هه‌ردوو چاوم ده‌نووقاند و بیرکردنه‌وه‌م ده‌بووه قاپێکی قه‌ڵا له ده‌نکه هه‌ناری په‌رشبووی ده‌م ڕه‌شه‌با، زرنگانه‌وه‌ی هه‌ر زه‌نگێکی ئه‌و کوچانه، په‌یامی ئاگادارکردنه‌وه‌ی که‌وتنه‌وه‌ی سووتانی ده‌دا! گفتوگۆی زه‌وی و ئاده‌مییه‌کانیان ده‌کرد ئه‌وان، دیاره من زۆر له لایان نه‌وه‌ستام، پاش سڵاوکردنێکی به‌په‌له ملی ڕێگا ته‌نگه‌که‌ی پێشم گرت و جێم هێشتن. به‌ڵام تا ئێستاش زۆر جار به خه‌یاڵ ده‌گه‌ڕێمه‌وه لایان و درێژه به‌و ڕسته‌یه ده‌ده‌م که له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند چرکه‌یه‌دا، له ده‌می هاوڕێکه‌یه‌وه بیستم؛ (ئه‌مانه شیری ئاده‌مییان خواردووه!! ئیدی چۆن ده‌بنه پێشه‌نگی هیوا و چاوه‌ڕێی چۆن هه‌ڵوێستێکی شاهانه‌یان لێ ده‌که‌ی؟ پێم بڵێ چۆن …؟) واژه‌کانی بیرۆکه‌ی خه‌مێکی دێرین و ماندوویان لام ده‌وروژاند، چه‌ندین جاران ده‌که‌وتمه به‌راوردکردنی ئه‌ستێره و هه‌ساره‌کان، ئه‌م به‌وان و ئه‌وان به‌مان، شیکاره‌کان به ئاسۆیی و به ستوونی به‌یانیان ده‌کرد که ئه‌فسووس چه‌ند نه‌گریسه (زه‌وی).
حه‌وت ڕۆژ دواتر و ئێواره‌یه‌کی سوور، به خوێنی دوو کۆتری به به‌ردی دارلاستیک پێکراو …
حه‌وت ڕۆژ دواتر و هه‌ڵوه‌رینی دوو دره‌خت چواله‌ی بێ‌ئاو …
دوای حه‌وت ڕۆژ، ته‌قینی (لوغم)ێکی چه‌ند سووچ و پارچه‌پارچه‌بوونی دوو لاو …
نه‌نکیم بینی، شیوه‌نی مه‌رگی (هه‌توان)ی ده‌گێڕا، ئاسمانی پڕ کردبوو له سکاڵا و چی دی شوکر نه‌بوو به به‌شی … خه‌نده‌م بینی، به چاوی خوێن تێزاوه‌وه ده‌دوا و (کڵاو)ه به‌جێماوه‌که‌ی ئه‌وی کردبووه باوه‌شی … باوکیم بینی، ده‌روێشئاسا له عه‌زره‌تا هه‌ڵده‌په‌ڕی، خۆی ده‌دا به ته‌رمه‌که‌یدا و ده‌گریا بۆ به‌ختی ڕه‌شی …
زۆر له‌مێژه ئه‌و کاره‌ساته ڕووی داوه و که‌سێ ده‌نگی نییه لێره، له‌و کاته‌وه ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌م جێ هێشتووه و بیناییی داهاتووم لێڵه، هه‌میشه بۆ گه‌شتنه گۆڕه‌که‌ی، هه‌نگاوم ڕێبوارێکی وێڵه … زۆر جار له په‌ڕه‌یه‌کی نوێ‌دا سه‌رله‌نوێ باسه‌کان ده‌نووسمه‌وه، به چه‌ندباره ژیانه‌وه‌م له‌گه‌ڵیاندا، دڵخۆشیی خۆم ده‌ده‌مه‌وه.
وه‌لێ زریکه‌ی له‌ت‌له‌ت‌بوون، ئاوازێکی پڕ که‌سه‌ره، به‌رده‌وام به گه‌رووم فێره … زایه‌ڵه‌ی پارچه‌پارچه‌بوون، ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌رایه‌که، سێ ژه‌مه گه‌ده‌می پێ تێره … ئاخر من ساڵانێکه میزه‌ڵانێک له گوێچکه‌مدا ده‌ته‌قێته‌وه … هاوار ده‌که‌م، ده‌نووشتێمه‌وه، کوت‌کوت و پارچه‌پارچه جه‌سته‌ی ئه‌و کۆ ده‌که‌مه‌وه …
Oct 2004