شارا تاهیر

خۆنیشاندان وەک جوگرافیایەک بۆ شاردنەوەی جەستەی ژنان


Loading

(تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تەئریخی میللەتا، قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێت لە هەڵمەتا)

پیرەمێرد

 

نێراندنی خۆپیشاندان: کورتەیەکی مێژوویی لە ئەدەبیاتی کوردیدا

پیره‌مێرد

لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا، کەم چەمک هەیە هێندەی ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان ڕەگەزێندرابێت، بەو مانایەی کە هاتنەسەر شەقام پتر کردە و ئاکتێکی پیاوانە بووە و هەژموونی نێر تیایدا و بەسەریدا زاڵبووە. نێر یان پیاو تاکە داخوازیکاری گۆڕانکاریەکان بووە، تەنها و تەنها ئەو خواستی هەبووە بۆ گۆڕینی دۆخەکان، وروژاندن یان قڵپکردنەوەی مۆدێلێکی جێگیر و نەخوازراوی سیاسی. مێینە لە مارش و هەژان و هاتنە سەر شەقامەکاندا ئامادەییان نەبووە، پتر لە ڕیزی دواوەی خۆپیشاندانەکاندا بوون و فیگەرێک بوون پاسیڤ، ئەگەرچی لای شاعیرێکی وەک (پیرەمێرد)پتر وەک ئارایشتێک بۆ ڕازاندنەوە، دنەدان و ترشوخوێکردنی کردەکە بەکارهاتوون، لێ بۆ ئەو خۆیشی شۆک بووە و مەحاڵە کە ژن توانیبێتی ئاوەها بێتە سەر شەقام. شیکارکردنی کۆپلە بەناوبانگەکەی ئەو، ئەوەمان پێ دەڵێت کە هاتنی ژن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی راستەوخۆ، جۆرێکە لە مەحاڵ، چەشنێک نمونەی دەگمەن و بێوێنەیە لە مێژوودا کە بۆ یەکەمجارە ڕووبدات. سەرباری کۆپلە ڕەونەقدارەکەی پیرەمێرد بۆ ستایشی ژن، ئامادەبوونی و هەژموونی سینەی وەک قەڵغانی گوللە لە هەڵمەتدا، وەک ئەوەی لە کولتوری ئێمەدا بووە بە گۆرانیەکی میللی-نیشتمانی و (حەسەن زیرەک) بەردەوام لە جەژنی نەورۆزدا بیرمانی دەخاتەوە، کەچی هەر دوو پاڵەوانە ئارەزووکراوە مێژووییە تراژیدیەکەی ئەو خۆپیشاندانە نێرن: (عەولە سیس) و (قالەی ئایشەخان) وەک دوو پاڵەوانی نێرینە و جەربەزەی بەناوبانگترین خۆپیشاندانی سیاسی کوردی باشور لە مێژووی مۆدێرنی خۆیدا کە لە یادەوەریدا مابێتەوە، مەبەست لە خۆپیشاندانەکەی بەر دەرکی سەرای سلێمانیە لە 6 ی ئەیلولی 1930دا دژ بە ئینگلیزی ئیستیعمار و رژێمی عێراق. ئەو ڕووداوە مێژووییە بەجۆرێک دەنگی داوەتەوە و بۆتە ئیدیاڵ و کردارێکی چاولێکراوکە تەنانەت شاعیرێکی وەک (گۆران) یش لە دەقە بەناوبانگەکەیدا بەناونیشانی (قالە مرد)، پیایدا هەڵداوە و گریاننامەیەکی بۆ نووسیوە.

یەکێکی تر لە نمونە کلاسیکیەکانی بوونی پیاو بە پێشڕەوی خۆپیشاندانەکان، پاڵەوانە سەرەکیەکەی ڕۆمانی (ژانی گەل) ی ئیبراهیم ئەحمەدە بە ناوی (جوامێر) کە هەر خودی ناوەکەی هێمایە بۆ پیاوەتی و ئازایەتی. لەو کارە ئەدەبیەی ئەودا کە ساڵی 1956 نووسراوە و کاردانەوەیەکە دژ بە هەژموونی ئیستیعمار، (جوامێر) بێمەبەست و بە شێوەیەکی خۆوەکیانە دەبێتە ڕابەری خۆپیشاندانەکە)وەک سیمبولێک بۆ فەزای گشتی)، لەکاتێکدا ژنەکەی لەماڵەوە (ماڵ وەک فەزایەکی تایبەتی) بەدەست ژانی مناڵبوونەوە دەناڵێنێت.

هەر هەمان رۆمان لە تازەترین نیشاندانەوەیدا وەک فیلم کە (جەمیل رۆستەمی) بەنزیکەی زیاتر لە نیوسەدە لە بڵاوبوونەوەی تێکستەکە (2007) دەریهێناوە و ستایشێکی زۆر کراوە، تیایدا نەک نەتوانراوە ئەم سترەکتورە نێرسالارانەیە بشاردرێتەوە، بەڵکە ساتی بەریەککەوتن و یەکاڵابوونەوەکان بارگاوین بە بەهای نێرانە. لە تەواوی وێنە و گرتە خوێنگەرم و حەماسیەکاندا بۆ گۆرانکاری، هەژموونی پیاو بەسەر فەزای گشتیدا وەک هێمایەک بۆ کردەی سیاسی، زۆر بە ئاسانی دەبینرێن. خودی گوتاربێژی خۆپیشاندانەکە لەسەر شانۆکە و تەنانەت ئەو جەماوەرەی چواردەوریشی هەر پیاون، چەپڵەلێدەر و هوتافکێشەکان بە زۆری پیاون. ئەوە پیاوانن کە لە پێشی پێشەوەی ئەو خۆپیشاندانەکەدان و زۆرترین ڕوبەری جوگرافییان داگیرکردووە. ژنەکان کە بە ژمارە زۆر کەمن و لە دوو گرتەی کورتدا وەک دایک دەردەکەون، بێدەنگ و بێ چەپڵەلێدان یا سەندنەوەی هوتافەکان، بە عەبا ڕەشەکانی بەریانەوە، وەک تەنێکی سارد و ڕەقی بێ جوڵە، بەتەنها چەند دروشمێکیان هەڵگرتووە و کەوتوونەتە پەناوپاسار یان ڕیزی دوای دواوەی خۆپیشاندانەکە وەک ئاکتێکی پێرفۆرمانس (کردەیەکی ڕۆڵگێڕانە).

دیارە ڕاپەڕینی خوێندکارانی زانکۆ لە هەشتاکاندا دژ بە بەعس، خودی ڕاپەڕینی ١٩٩١، یەکەم ڕاپەرین لە دژی بەرەی کوردستانی و ناڕەزاییەیەک لەدواییەکەکانی تریش کە لە هەناوی ئەزموونی کوردیەوە هەلقوڵاون (کۆمۆنیستەکان بۆ نمونە)، هیچیان بەدەر نین لە هەژموونی نێرسالاری و نائامادەیی ژن وەک بکەرێکی ئەکتیڤ و خاوەن پرس، لێ وەستان لەسەر ئەو وێستگانە دادەنێین بۆ نوسینی تر.

ئەو چەند نمونەیە لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا زۆر سانا بۆمان دەسەلمێنن کە لە تەواوی خۆدیارخستن و پرۆتێستۆکاندا وەک کردەی کۆمەڵایەتی و نیشاندانی ناڕەزایی، مێینە بوونەوەرێکی زیادەیە. هەبوون و نەبوونی هیچ لە قەبارە و بە مەرامگەیشتنی خۆپیشاندانێک ناگۆڕێت و یەکاڵای ناکاتەوە. ناڕەزایەتی دەربڕین کردەیەکە نێرسالارانە، مرۆڤی ناڕازی بەبەردەوامی نێرە، ژن هەمیشە وەک پاشکۆ، هەڵگری دەرئەنجام و ئەنجامەکانی ناڕەزاییەکانی نێرە و پتر لە فەزای تایبەتیدا نەک گشتی، رۆڵی هەیە.هەربۆیە شتێکی سەیر نییە کاتێک دەبینین ژنە شیوەکارێکی وەک ڕۆژگار موستەفا هەست بە بێدەنگی وپاسییڤی ژن لە خۆپیشاندانەکانی سەرای ئازادیدا دەکات، وەک هەولێکیش بۆ زەقکردنەوە و بەرجەستە کردنی نەبوون و غیابی ژن لەو ئاکتە گەورەیەدا ‌هەڵدەستێت بە دانانی چەند بوکەڵەیەک بە بەرگی کوردی ژنانەوە و دەیانگێڕێت بە ناو خۆپیشاندەرە پیاوەکاندا، تا بڵێت ژن تەنها جەستەیەکی پاسیڤە و بۆ جوانکردن و ڕازاندنەوەی ئاکتەکانی پیاو بەکاردەهێنرێت.

لەبەرئەوە پرسیارە کە تا ئێستا هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانی ژن نەبۆتە ئاکتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەوتۆ کە دەسەڵاتێک ناچار بکاتئاوڕ لە خواست و داواکانیبداتەوە!

ئایا هۆکاری نەبوونی ژن بە ژمارە و هێزێکی کردەگی دەگەڕێتەوە بۆ گردنەبوونەوەی بڕێکی زۆر لە ژنانوەک یەکەیەکی هاودەنگ و یەکگرتوو تا بتوانن وەک کۆتەنێکی جەستەیی، نمایشی خۆیان بکەن؟ یانئەوەی کە ژن نەیتوانیوە هاوشێوەی (سەرای ئازادی)، فەزایەک بۆ خۆدەرخستن و خودپیادەکردن کە تایبەت بە خۆیان بێت، بخوڵقێنن دەرەنجامی داگیرکردنی ئەو جوگرافیا کۆمەڵایەتی و فەزا گشتیەیە و تاپۆکردنیەتی لەلایەن پیاوەوە لەسەر خۆی؟ئایا گرفتەکە زیاترناگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستیە سانایەی کە ژن وەک جەستە پتر شوێنی ماڵەوەیە، جەستەیەکی مت و بێدەنگ و دیسپلینکراوە؟ تەنانەت لەو کاتانەیشدا کە دەردەکەوێت ناتوانێت بە کردە و گوتارەکانی وا لەوانی تر بکات بیبینن و بیبیستن؟ئایا دەرکەوتنی ژن بە مانا بۆردیۆییەکەی، درێژکراوە و فۆتۆکۆپی ئەو ستراتیژە فێڵاویە نیە کە لە ستراتیژی میدیای مۆدێرن (بەتایبەتی تیڤی) دا بەکاردەهێنرێت: واتە جۆرێک لە خۆدەرخستن بە مەبەستی خۆشاردنەوە، خۆپیشاندان بە مەبەستی خۆونکردن؟([1])

بۆ ئەوەی زیاتر لە مەبەستەکەم نزیک ببمەوە و بتوانم شیکارێکی وردی ئەم پێوارو نائامادەبوونەی ژن لە خۆپیشاندانەکاندا بکەم، لە سێ گۆشەنیگای جیاوازەوە لێی دەروانم کە پتر وابەستەی تێزەکانی سێ بیریاری جیاوازن، مەبەستم لە میشیل فوکو، هانا ئارێنت و جودیث باتلەر.

 

١/ ژن وەک جەستەیەکی دیسپلینکراو: دیدی میشێل فوکۆ

میشێل فوكۆ

میشێل فوکو له‌ نوسینه‌كانیدا (بەتایبەتی چاودێریکردن و سزادان)([2])، بە گشتی وا باس له‌‌ جه‌سته‌ی دیسپلینكراودەکات‌ کە بەبێ سزادانێکی کردەگیانە، بێ پڕۆسەی ئەشکەنجەدانێکی ئاشکرا لەبەر چاوی خەڵکیدا، تەکنیکێک هەیە پێشوەخت ملکەچ و ڕامیکردووە. لەبری ئەوەی هێزێکی سزادەری یاسایی یان پۆلیسی لێپرسینەوە ئەشکەنجەی بدات، خۆی و بەها هەڵگیراوەکانی ناو خۆی، فانتازیە کۆمەڵایەتیەکانی، بوونەتەوە بە سانسۆر بەسەریەوە. جەستەی دیسپلینکراو تەواوی سیفات و خاسیه‌ته‌كانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌وه‌ و له‌ ڕێی پرۆسه‌یه‌كی فەرهەنگی/دەروونی، کە ‌مه‌به‌ستەکەی تەنها و تەنها دیسپلینكردنه‌‌، وه‌رده‌گرێت، هاوكاتیش خۆی به‌به‌رده‌وامی خه‌ریكی دیسپلینكردنی خۆیه‌تی تا له‌و سنوور و چوارچێوه‌یه‌ ده‌رنه‌چێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ بۆی داڕشتوه‌. به‌مانایه‌كی تر، ئه‌م جۆره‌ له‌ جه‌سته،‌ خۆی له‌ ڕێی دیسپلینكردن و ڕامكردن و كۆنترۆڵكردنی خۆیه‌وه‌، بەچاوپۆشین لەوەی چ سترەکتورێکی پانۆپتیکییانەی لەپشتە، ئاكتیڤانه‌ به‌شداره‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و ژێرده‌سته‌کردنی خۆیدا. ئەوەی کە لە جەستەی دیسپلینکراودا گرنگە خۆسانسۆرکردن و خودچاودێریکردنە بە پێی ویژدان و بەها و نۆرمە باوەکان، واتە مرۆڤ بە ویژدانی خۆی، لێ بەو بەهایانەیشی کە لەلایەن کۆمەڵگەوە تێیدا چێنراون، خۆی خۆی ڕامدەکات. لەوەیش گرنگتر، پۆلێنکردنیەتی لە شوێنی بۆدیاریکراودا تا هەمیشە لە ژێر چاودێریدا بێت و لێی دەرنەچێت (جا خەستەخانە بێت، کارگە یا خوێندنگە، خێزان و دەزگای سەربازی یا زیندان بێت). ئەم جۆرە لە جەستە، ئاکتیڤانە بەشدران لە ئەشکەنجەدان و بێنرخکردنی خۆیاندا، لە ڕێی خۆدیسپلینکردن و خۆ کۆنترۆڵکردن و باوەڕنەکردنیانەوە بە خۆیان وەک جەستەیەکی ئازاد.

جەستەی دیسپلینکراو (بێگومان لێرەدا ئێمە مەبەستمان لە ژنە) جەستەیەکە پابەندی کات و شوێنگەلێکی سنوردارە، ملکەچی شێوازێکی دیاریکراوە لە دانیشتن و هەڵسوکەوتکردن لە مەجلیس و بۆنە کۆمەڵایەتیەکاندا، پۆشینی بەرگی تایبەت و زیاتر ئامادەبوونی لە هەندێک ژوور و جوگرافیای تایبەتدا (موبەق یان ژووری نووستن، سەرکانی، سەیرانی خێزانی یا پرسە و بۆنە ئاینیەکان بۆ نمونە).

جەستەی دیسپلینکراو خۆی وا ڕاهێنراوە کە نابێت لەو شوێن و فەزا گشتیانەدا ئامادە بێت کە وەک بەهای کۆمەڵگە بۆ هەبوونی ئەوی ژن ئارەزووکراو نین: ژووان، یانەی خواردنەوە، مەلەوانگەکان یان کافیتێریا و چایخانە و چێشتخانە و سینەماکان.

بۆ ئەوی ژن، کاری نەکردەیە لە هەندێک کاتیشدا ئامادەگی هەبێت: بۆ نمونە شەوان بچێتە دەرەوە، یان لەکاتی خوێندن بەدواوە دەبێت یەکسەر بیتەوە ماڵێ، کە میوانێکی غەریبە هات، لەو کاتەدا خۆی دەرنەخات و نادیار بێت.

بەکورتی، لەبەر رۆشنایی تێزەکەی فۆکۆدا بۆ دیسپلینکردن و هێنانەوەی نمونەی چەمکی پانۆپتیک (چاودێریکردنی هەمووان)([3]) لەلای (جێرمی بینتام)، دەکرێت بڵێین جیهانی ژن لە کولتوری کوردیدا جیهانێکی نیمچە بازنەییە و لە هەموو لایەکەوە دیارە، بەجۆرێک تەلارسازی بۆ کراوە، کە لە هەموو پنتێکەوە دەبینرێت، بە هەر کوێیەکدا گوزەر بکات دەناسرێتەوە، لە هەموو چرکەساتەکاندا چاوی لەسەرە و هیچ شانسێکی ئەوتۆی بۆ خۆدەرخستن و کردارنواندن لە فەزای گشتیدا نیە، بە مەرجی کەم کەم و دانسقە نەبێت. ئەو دیسپلینکراوە، واتە بەبەردەوامی چاودێریکراوە، بەبێ ئەوەی خۆی بزانێت کێ و چی چاودێری دەکەن یا ئەوەی کە بتوانێت چاودێری چاودێریکەرەکانی بکات.

دیسپلین لێرەدا واتە تۆ لەناوەوە سنوورەکانت لەلایەن دەسەڵاتێکی نادیارەوە بەزێنراون کە بەبێ ئەوەی سزای جەستەییت بدەن، پێشوەخت ناچاریانکردوویت پابەندی هەندێک یاسا و ڕێسای کۆمەڵایەتی و دەزگایی ببیت، چونکە هەمیشە لە ژێر چاودێریدایت. بەکوردی، فشار و چاودێریەکە لە فۆرمی ئەشکەنجەی جەستەییدا نەماوە، بەڵکە جۆرێکە لە کۆنترۆڵکردنی نائاگایی.

 

٢/ جەستەی ژن لەنێوان فەزای تایبەتی، گشتی و خۆدیارخستندا:

دیدی هانا ئارێنت

هانا ئارێنت

بۆ تاوتوێکردن و تیشکخستنە سەر ڕەهەندەکانی جەستەی ژن وەک جەستەیەکی تایبەت(Private)، بە شێوەیەکی سەرەکی پەنا دەبەمە بەر تێزەکەی هانا ئارێنت دەربارەی فەزای خۆدەرخستن یان خۆنیشان.

سەرەتا گرنگە بزانینکە ئارێنت هیچ کاتێک جێندەری وەک پرسێکی سیاسی تیۆریزە نەکردەوە، ئەمە جگەلەوەی کە هیچ کام لە ئیش و نوسینە گەورەکانی باس لە کێشەکان، مافەکان و سەربەخۆیی ژن بە جیا لە پیاو ناکەن. بەڵام لەگەڵ ئەم ڕاستیەشدا،کتێبە بەناوبانگەکەی(هەلومەرجی مرۆڤ) بۆتە جێی مشتومڕی زۆرێک لە فێمێنیستەکان و چەندەها نوسینیان لەسەر نووسیوە، ئەمە سەرباری ئەوەی کە شیکاری جیاوازی فێمێنیستییانەیشی- وەک هەوڵێک بۆ تێگەشتن لە بێدەنگی و نەبوونی تیۆری جێندەری لە بیروبۆچوونە سیاسیەکانی ئارێنتدا – بە دوای خۆیدا هێناوە.

بە حەوت ساڵ دوای کتێبی بنەماکانی تۆتالیتاریزم، کتێبی هەلومەرجی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٥٨ دا چاپکراوە. ئەم کتێبە تایبەت و دانسقەیەی ئارێنت وەک تیۆریستێکی سیاسی، پتر دەسپێکێکە بۆ تیۆرییە فەلسەفی و مێژووییەکانی.

لە کتێبی (هەلومەرجی مرۆڤ)([4]) دا، هانا ئارێنت باس لە دوو جۆر فەزا دەکات کە ئەوانیش (فەزای تایبەت) و (فەزای گشتی)ین، وەکچۆن هاوکات باس لە دوو جۆر جەستەیش دەکات کە بریتین لە جەستەی تایبەت (Private) و جەستەی گشتی (Public).

ئارێنت دەڵێت بە سیاسیبوون و ژیاندنی دۆخی دەوڵەت/ شاردا مانای ئەوەیە کە هەموو شتێک لە ڕێی ووتە و باوەڕپێهێنانەوە بڕیاری لێدەدرێت نەوەک لە ڕێی بەکارهێنانی هێزو توندوتیژییەوە. بە مانا گریکییەکەی بەکارهێنانی توندتیژی بۆ فشار خستنەسەر و زاڵببون بە سەر خەڵکدا، لە بری باوەڕپێهێنانیان لە ڕێی ووتوێژەوە کۆمەڵە شێوازێکن کە دەگەڕینەوە بۆ دۆخی مرۆڤ بەر لە سیاسیبوونی واتە بۆ ئەو دۆخەی لە ناو ماڵ و خێزاندا ک لە ڕێی توندوتیژییەوە لە لایەن گەورەی ماڵەکەوە.

جەستە خۆی دابەشە بە دوو بەشەوە بەشێک کە گشتییە ئەوەی کە ووتەو کردارە، بەشەکەی تریش کە سێکسوێل و ڕەنجدەرو ، فێمینە، بێگانە، بێدەنگ دەناسرێتەوە و پەیوەستە بە بەشە تایبەت و فەزای بەر لە سیاسەت و سیاسەتبوون، ئەوەی کە پەیوەستە بە دۆخی ماڵ و خێزانەوە.

جیاکردنەوەی فەزای تایبەت لە فەزای گشتی، یان ڕاستتر بواری کۆمەڵایەتی لە بواری سیاسی وا لە شەپۆلی دووەمی فێمێنیزم دەکات کە ئارێنت بە نێرسالار و دژە فێمێنیست ناوببەن، زۆر بەتایبەتییش نوسەرێکی وەک (ئادریان ڕیتچ) کتێبی هەلومەرجی مرۆڤ وەک تراژیدیای هزروئەقڵی مێینە دەبینێت کە بە ئایدۆلۆژیای پیاو ئاودراوە. بەڵاملە لایەکی ترەوە فێمێنیستە ئیتاڵی و فەڕەنسیەکان، بە تایبەتی (ژولیا کرستیڤا) و (ئەدریانا کاڤاریرۆ)، تیشک دەخەنە سەر دوو چەمکی وەک (ژیان، لەدایکببون) لە ئیشەکانی ئارێنتدا و پێیانوایە ئەم چەمکانە بەشدارییەکی گرنگ و شۆڕشگێڕانەی ئارێنتنلە توێژینەوەی فێمێنیستیدا.

هەردوو کریستیڤا و کاڤاریرۆ جەختدەکەنە سەر بەشی پێنجەمی کتێبی هەلومەرجی مرۆڤ، ئەو بەشەی کە باس لە کردار و دەستپێکردنەوەی نوێ دەکات. ئەمان ئەم بەشەی کتێبەکە وەک پاشخانێک دەیبینن بۆ بزوتنەوەی فێمینیزم، بە ڕادەیەک کەدەگەنە ئەو دەرئەنجامەی کە ئارێنت نەک تەنها بە نوسەرێکی فێمینیست بزانن، بەڵکو ئاماژە بەوەیش دەدەن کە ئە بۆ خۆی فێمنیستێکی دانسقە و بەهرەداریشە. تەنانەت دواتریش، فێمێنیستە پۆست مۆدێرنەکان جەختدەکەنەوە سەر چەمکی کردار (act) و ئاخاوتن(speech) ودەڵێن کە ئارێنت پێشەنگی فێمێنیستەکانە.

باسکردنی ئەو پاشخانە مێژوویە دەربارەی کتێبی (هەلومەرجی مرۆڤ) بۆ ئەوە بوو تا بەرچاوڕوونیەکمان هەبێت لەسەر کاردانەوەکان بۆ بوونی ئەو دوو ئارێنتە: ئارێنتێکی گوایە نێرسالار و ئارێنتێکی فیمێنیست.

 

فەزای گشتی

بە ڕای ئارێنت فەزای گشتی بریتیە لە هەموو شتێک کە لە بەردەم گشت یان جەماوەردا دەردەکەوێت، بە جۆرێک کە بتوانرێت ببینرێت و ببیسترێت، واتە توانای خۆدەرخستنی هەرشتێک کە بکرێت هەم لە لایەن خەڵکانی ترەوە وە هەم لە لایەن خۆشتەوە وەک نمایشکارێک، ببینرێت و ببیسترێت.

گەر ئەو ڕاستیە بە هەند وەربگرین کە هەقیقەت لەو کاتەدا دروستدەبێت کە تۆ وەک سوبێکت پێویستە ببینرێت و ببیسترێت، ئەوا دەبێت بزانین هەموو ئایدیاو تەنانەت هەست وسۆزەکانیش ئەو کاتە دەبن بە بەشێک لە هەقیقەت کە لە فۆرمە تایبەتی و تاکە کەسیەکەی خۆیان دادەبڕدرێن و دەبن بە بەشێک لە گشت، واتە دەچنە فۆرمێکەوە کە بۆ خۆدەرخستن و نمایشکردن گونجاو بن. ئارێنت دەڵێت: ((ئامادەبوون و بوونی ئەوانی تر بۆ ئەوەی ئەو ئاکت و دیمەنە ببینن کە ئێمە دەیبینین، ئەو ئاخاوتن و قسانە ببیستن کە ئێمەیش دەیبیستین، لە هەقیقەتی خۆمان و ئەو جیهانەیش دڵنیامان دەکاتەوە کە تیایدا دەژین)).

ئارێنت پێوایە کە فەزای گشتی واتە بوونی فەزایەکی هاوبەش لە نێوان مرۆڤەکاندا کە دەکرێت لە یەکیان نزیکبکاتەوە، وەک چۆن دەشێت ببێتە هۆی دوورکەوەتنەوەیشیان لە یەکتری.ئەو دەڵێت: پێکەوە ژیان لە جیهاندا بە شێوەیەکی سەرەکی بریتییە لە جیهانێک لە شت لە نێوان ئەوانەدایە کە پێکەوە دەژین، هەر وەک چۆن مێزێک دەکەوێتە نێوان ئەو کەسانەی کەلە دەوری کۆبوونەتەوەو دانیشتوون. جیهان بە مانای (لە ناو – نێوان) دێت، کە هەم لێکمان نزیکدەکاتەوە وە هەم لە یەکتریشمان دووردەخاتەوە.

گەر ئێمە ئەم تێزەی ئارێنت بە هەند وەربگرین کە هەموو هەستکردنی مرۆڤ بە هەقیقەت دەوستێتە سەر خۆدەرخستن و بوونی فەزایەکی گشتی کە تیایدا کێشەکان و شتەکان لە ژوورە تاریک و داخرواەکاندا بهێنیتە دەرێ و بیانخەیتە بەر ڕووناکی و بەرچاوی ئەوانی تر تا بتوانن بیبینن و بیبستن، ئەوا ئەو شتانەی کە فەزای گشتی بە گرنگ و پەیوەست بەخۆیەوە نازانێت، وەک خۆی لە بەرگ و فەزا تایبەتیەکەیدا دەمێنیتەوە و نایەتە دەرێ.

 

فەزای تایبەت

بەراود بە فەزای گشتی، ئارێنتفەزای تایبەت و مانای زاراوەی (تایبەت) بەوە پێناسە دەکات کە بریتیە لەژیاندنی ژیانێکی تەواو تایبەت بە واتای نەبوون و لەدەستدانی هەموو شتە جەوهەریەکانی ژیانێکی ڕاستەقینە: واتە بێبەشبوون لەو ڕاستیەی کەلە بینین و بیستنت لە لایەن ئەوانی ترەوە دێت، بێبەشبوون لە پەیوەندیەکی بێلایەن و بابەتیانە (objektive) لەگەڵیاندا کە لە پەیوەندی و جیابوونەوە لە گەڵیاندا لە جیهانێکی هاوبەشەوە دێت: بێبەشبوون لە دەستکەوتنی شتێکی جەوهەری تر و بەردوامتر لە ژیان خۆی. تایبەتمەندێتی ژیانی تایبەتی، واتە نەبوونی ئەوانی تر لە ژیانتدا، سەبارەت بە ئەوانی تریش، چونکە لە ژیانیاندا مرۆڤی تایبەت دەرناکەوێت، هەر بۆیەبوونیشی نیە و نابێت، هەرچیەکیش بکات و بڵێت لە دەرەوەی گرنگی و کاریگەری ئەوانی ترە، ئەوەش کە بۆ ئەو گرنگە نابێتە جێی سەرنج و بایەخی ئەوانی تر.

ئارێنت پێوایە کە نەبوون و بێبەشبوون لەو پەیوەندییە بابەتییە لەگەڵ ئەوانی تردا کە بۆخۆی دەبێتە گەرانتتیەک بۆ بوونی هەقیقەتێک و دانپیانانی لە لایەن ئەوانەوە، دیاردەی گۆشەگیریی و (تەنیاکەوتن) دروستدەکات.

بەڕای ئەو، کە هەرچەندە بناغەکانی جیاوازی لە نێوان فەزای گشتی و فەزای تایبەتیداشانیان داداوەتە سەرجێگە و پێگەی هەر یەک لە : پێویستی و ئازادی، بێمانایی و بەردەوامی دواجاریش شەرم و شەرەف، لێ بە هیچ جۆرێک ئەوە ڕاست نییە کە تەنها شوێن و پێگەی شیاو بۆ پێداویستی و بێمانایی و شەرم لە فەزای تایبەتدا بێت. چونکە یەکێک لە مانا سەرەکییەکانی بوونی ئەم دوو فەزایە ئەوەیە کە ئەو شتانەی پێویستیان بە شاردنەوە هەیە بشاردرێنەوە لە کاتێکدا ئەو شتانەی کە پێویستیان بە دەرخستن و بەگشتیکردن هەیە، دەبێتئەگەر بوونیان هەیە، دیاربخرێن. ئەو ئاماژە بۆ سیفەتی (چاکە) لە ئایینی مەسیحیدا دەکات و دەڵێت: یەکێک لەو کردارانەی کە مەسیح فێریکردووین ئەوەیە کە مرۆڤ هەر چاکەیەکی کرد بۆ خۆی هەڵبگرێت و لە ناو کۆمەڵدا باسی نەکات، چونکە ئەو کاتەی باست لە کردە و ئیشێکی چاک لە ناو خەڵکدا دەکەیت، ئیدی کارەکە باشیەکەی خۆی لە دەست دەدات(ئەڵبەتە ئەمە لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا بە مانا ئایینیەکەی هەرباوە کە دەڵێت گەر دەستی ڕاست چاکەی کرد با دەستی چەپت پێی نەزانێت). کەواتە زۆر گرنگە بزانین کە هەندێك لە کارو کردەوەی مرۆڤ دەبێت بشاردرێنەوە و نەیەنە بەر ڕووناکی.

 

فەزای خۆنیشاندان/دەرخستن

ئارێنت دەڵێت: جەستە ناکەوێتە ناو بۆشاییەوە، بەڵکو لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا فەزاو بۆشاییەکی نوێ دروستدەکات،خودی ئەو فەزا نوێیەیش بە (فەزای خۆدەرخستن) ناودەبات. بە ڕای ئەو فەزای خۆدەرخستن ئەو کاتە دێتە ئاراوە کە هەرکات کۆمەڵە پیاوێک لە دۆخی ووتاردان و کردارکردندا کۆببنەوە. گەروەک ڕاڤەیەکی سەرەتایی، ئەو دابەشکردنانەی ئارێنت دەربارەیکەرتکەرتبوونی بوار یان فەزای کۆمەڵایەتی بۆ بەشداری ژنانی باشوور لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاربهێنین، ئەوەی یەکسەر بە خەیاڵماندا دێت ئەوەیە کە هێشتا پرسی ژن وەک ئایدیا یان وەک هەستێکی مرۆیی نەیتوانیوە لە بەرگە تایبەت و تاکە کەسیەکەی چەند ژنێکی ئاکتڤیست و خەمخۆری پرسی ژن بێتە دەرێ و ببێتە فۆرمێک بۆ خۆدەرخستن تاوەکو ئەوانی تر بیبینن و بیبیستن. تەنانەت ئەم پرسە نەبۆتە ئاکتێکیش کە ژن بۆ خۆی وەکو گشت بتوانن خۆیان ببینن و ببیستن. واتە ژن نە وەک خۆی بوون و ئامادەگی تەواوی هەیە وە نە پیاویش (وەک جەماوەر) بوونی هەیە تا ئەو دڵنیاییە بداتەوە ژن، کە ئەو جیهانەی ئەو باسی لێدەکات (مەبەستم جیهانێک کە پیاو خوڵقاندویەتی تیایدا بە ناشرینترین شێوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن بەکاردەهێنێت) وەک هەقیقەتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییش بوونی هەیە. ئەمەش دەمانخاتە بەردەم ئەو ڕاستییەی کە پرسی ژن تەنانەت لای ژن خۆیشی هێشتا لە بەرگە تایبەتیەکەیدایە و نەبۆتە هەقیقەتێک کە بتوانێت خۆی بسەپێنێت، هەر بۆیە دەبینین لە گردبوونەوەو خۆپیشاندانەکانی ژندا لەمەڕ توندوتیژی دژ بە ژن، ژمارەی ئەو ژنانەی کە دێنە سەر شەقام زۆر زۆر کەمە و چارەکێکی ئەو هەموو زوڵم و سووکایەتی و کوشتن و بڕینە نیە کەلە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرامبەر بە ژن پیادەدەکرێت.ئەوانەی دێنە سەر شەقام، زیاتر وەک سێبەر و خەیاڵی جەستەی ژن دەردەکەون و هیچی تر.

بەکورتی، بە ڕای ئارێنت جەستە بە تەنیا ناکەوێتە ناو فەزاوە، بەڵكو لەگەڵ ئەوانی تردا دەتوانێت فەزایەکی نوێ دروستبکات، ئەو فەزا نوێیەش کە دروستدەبێت دەبێتە نێوەندێک بۆ ئەوانەی کە پێکەوە ئاکت دەکەن. ئەوەی کە شوێن و فەزای گشتی دروست دەکات هاوپەیمانبوونە نەک پارچەپارچەبوون و لێکهەڵوەشاوی.

 

٣/ ڕەهەندە (پێرفۆرمانس) نواندنیەکانی جەستە/زمان: دیدی باتلەر

باتلەر

بە بۆچوونی باتلەر باسکردن لەوەی کە بیر لە خودنیشاندان، نواندن یا ڕاپەڕاندن بکەیتەوە بەتەنها ئەوە ناگرێتەوە کە قسەبکەیت و بدوێێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ جەستەیش دەکەوێتە جوڵە و کردار دەنوینێت. بەو مانایە نا کە جەستە کورتبکرێتەوە بۆ زمان، بەڵکو واتای زمان خۆی هەڵقوڵاوی جەستەیە و لەوەوە دەپژێت. ئەوەی کە دەئاخڤێت و قسەدەکات هاوکات جەستەیەکی کردارنوێنیشە: جەستەیەکە ئاکتیڤ لە دۆخی کردارنواندندا.

لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناونیشانی جێندەری تەواونەکراو(Undoing Gender) دا باتلەر دەنووسێت:((هەر کات دێمە سەر ئەوەی لەسەر جەستە بنووسم، کۆتاییەکەی بە زمان تەواو دەبێت))([5]).ئەمە مانای وایە کە هەرچی گفتوگۆ و مشتومڕێک (وەک زمان) لەسەر جیاوازی جێندەری درووستبوووە، جیاوازی جێندەری وەک جۆرێک لە بەهای جێگیر (نۆرماتڤ) هاوکات جۆرێک لە کرداری (پێرفۆرماتڤ) یشی بە دوای خۆیدا هێناوە کە دەرەنجامەکانی کاریگەرییان لەسەر جەستە خۆیشی هەبووە: جا یا توندوتیژی، بێزراندن، ئەشکەنجە و لاقەکردنی لێکەوتۆتەوە، یا قبوڵکردنێکی کرداریانە و ڕەوایەتی دان پێی کە ئەمانە هەر هەموویان کردارن و بە جەستە و لەسەر جەستە ئەنجام دەدرێن، ئەمەش جەوهەری گرفتەکەیە لای ئەو: تێکەڵبوونی جەستە و زمان پێکەوە وەک دوو دیوی یەک دراو کە پێرفۆرمانس (نواندن، نمایشکردن یا ڕاپەراندنە) دژ بە نۆرماتڤ (بەهای جێگیر، وێنەی پێشوەخت یا چاوەڕوانیە کۆمەڵایەتیەکان).

سیاسەت بۆ ڕەگەزی مێ یان ئەوەی کە بە جێندەر دەناسرێت وەک چەمک، لای باتلەر ئەو چرکەساتەیە کە ئیدی مێینە قۆناغی بەهای جێگیر (نۆرماتڤ) ی تێپەراندووە و ئاکت دەنوێنێت و نمایش دەکات، واتە ڕادەپەڕێت و ئاکتیڤ و چالاکە نەک پاسیڤ و مردە و مت.

بەکورتی، بەڕای باتلەر ئەوەی کە ناهێڵێت ژن وەک بوونەوەرێکی نۆرماتڤ لە ئاستە کۆمەڵایەتی یان فەزا تایبەتیەکەیدا (کە ماڵە، خزمەتکردنی مناڵ و پیاو و چێشتلێنان و جلشتن و شووکردن و پەروەردکار و … هتدە) بمێنێتەوە، تەنهاو تەنها هاتن و بوونیەتی بە بەشێکی کردە و چالاک لە بونیادێکی پێرفۆرماتڤ کە چ جەستە و چ زمان یەکتری تەواودەکەن، هاوشێوەی ئەو دوو چەمکەی ئارێنت کە لەسەرەتاوە باسمان کردن: کردار و وتە یا ئاخاوتن پیکەوە وەک تەواوکەری یەکتری و خوڵقێنەری ئەو کەشەی وا دەکات ژن بەشدارێکی چالاکی فەزای گشتی بێت، نەوەک لە فەزای تایبەتدا بخنکێت.

 

دەرەنجام: مانەوە لە جیۆگرافیایەکی تۆقێنەردا

یەکێک لە ئەفسانە جێندەریە زۆر باوەکانی کۆمەڵگەی کوردیبۆ ژنبریتیە لە زیاتر چەسپاندنی ئەو باوەڕە نۆرماتڤەی کە دەڵێت: ماڵەوە (وەک فەزای تایبەتی) شوێنێکی ئارام و پڕ دڵنیاییە بۆ ژنان، لێ دەرەوە (فەزای گشتی) پڕە لە مەترسی و جیۆگرافیایەکە تۆقێنەر و کوشندە بۆ ئەوان: دارستانێکە پڕ لە گورگ و دەستبۆبردن و لاقەکردن و سوککردنیان.

کۆی قسەکردنی منیش لەم وتارەمدا شکاندنی ئەم دۆگمەیە، لێدانە لەو وێنە زۆر باوەی کە (ماڵ) بۆ ژن وەک بەهەشت و جێگەیەکی پڕ لە هارمۆنی و کەشێکی جێگیری خێزانی دەبینێت.

هەر لەسەرەتاوە و لەبەر ڕۆشنایی تێزەکەی (فوکو) دا بۆ چەمکی دیسپلین ڕوونمکردەوە کە ئافرەت لەماڵەوە چەپێنراوترە و کۆتکراوتر. ئافرەت لەماڵەوە لە چەند پنتێکی جوگرافی داخراودا نەبێت کە (ژوور) ە و هیچ جیاوازیەکی نیە لە کونج و ژووری زیندان، هیچی تری نیە، هەربۆیە وا دەردەکەوێت کە زۆر چوست و چالاک و ئاکتڤ بێت، لەکاتێکدا زۆر پاسیڤە وەک چالاکی هزر و چالاکی جەستەیی و ئاخاوتن خۆیشی. ئەوەی کە وادەکات ئافرەت لە ماڵدا (وەک فەزای تایبەت) کردە و ئاکتڤ ببینرێت، بچووکی ڕووبەرەکەیە نەوەک ئاستی کردار و داهێنانەکانی ئەو. پاشان لە پشت ئەم وێنە ستریۆتایپەوە گوتارێکی تری نێرانە هەیە کە دەیەوێت لەبیرمان بباتەوە ژنان لە ماڵەوە زیاتر دووچاری توندوتیژی دێن تا دەرەوە، گەر لە دەرەوە توانجێکیان لەسەر شەقام لێ بدرێت، لە ماڵەوە بە کردار لە جەستەیان دەدرێت، گەر لە دەرەوە لە ئیشەکەیان بە پارە بێت و مووچەیەکیان هەبێت وەک سەربەخۆیی ئابووری، لە ماڵەوە وەک کەیبانوو بە بێ بەرامبەرە و مایەپووچ، گەر لە دەرەوە بتوانن لە کایەیەک لە کایەکاندا بخوێنن و گەشە بکەن، ستاتوس و پلەوپایەیەک درووستبکەن، ئەوا لە ماڵەوە هەر لەو دۆخەی خۆیاندا دەمێننەوە و ناچارن بۆ هاودەنگی خۆیان بارێکی تر بۆ سەر شانی خۆیان زیادبکەن: مناڵدروستبکەن.

وەک دەبینین، ئەفسانەی پیرۆزی فەزای تایبەتی وەک جوگرافیایەکی ئاڵتوونی و پڕ لە ئارامی هیج نیە جگە لە قەفەز و جوگرافیایەکی تۆقێنەر کە ژن تیایدا بەس خۆی دەخوات و سات لە دوای سات تیایدا بچوکدەبێتەوە و بێ هیچ بەشداریەک لە ژیان و پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا زیاتر و زیاتر دیسپلیندەکرێت.

بەڵام لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێشێ: بۆچیژنان خۆیان بەو هەموو رێکخراوەیشەوە کە بە ناوی ژن و ئافرەت و خوشکانەوە کردوویانەتەوە، خاوەنفەزایەکی گشتی نیین بۆ خۆیان وەک ژن کە تیایدا بتوانن پرسە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بکەنە ئەجێندایەکی سیاسی، کە بتوانن ئاکت بکەن و پێرفۆرمانس بن؟

بە ڕای من ڕێکخراوەکانی ژنان دەکرێت وەک پنتێکی جوگرافی دوور لە دیوارەکانی ماڵ وەک فەزایەکی گشتی ببینرێت، بەڵام کۆبوونەوەی هەندێ ژن لە فەزایەکی وەک ڕێکخراوی ژنان بە ناوە جیاجیاکانیەوە نەیاتوانیوە ژن وەک جەستە لە دۆخە پاسیڤ و تایبەتەکەی خۆیاندا دەربێنن بەلکو بە پێجەوانەوە ئەو ژنانە ئاکتیڤانە ئیش لە سەر بە تایبەتکردنی دۆخە پاسیڤەکەی ژن دەکەن بە خۆ مەڵاسدانیان لە پشت پیاوی سیاسیەوە.

ئیشکردنیان لەسەر دابڕینی کێشەی ژن لە خودی خۆی وەک بەشێکی سەرەکی و گرنگی ململانێکەی لەگەڵ پیاو، بینینی بە تەنها وەک ئۆبێکتێکی ڕووت، وەک سپەیسێکی بێ سنوور کە پیاو تەواوی کار و کردەوەکانی خۆی تێدا ئەنجامدەدات یەکێکە لەو بەربەستە گەورانەی کە بەدرێژایی ئاگایی و ڕاچڵەکینی هۆشیاری فێمینیستی نەیهێشتوە وێنەکە بەتەواوەتی ببینێت: مەبەستم پەیوەندیە دیالەکتیکی و تەواوکەرانەکەی نێوان ژن و پیاوە لە ململانێکەدا.

زاڵترین گوتار بۆ ڕەخنەکردنی هۆشمەندیی پەتریارکی و سەردەستە بوونی پیاو هەر ئەو تەکنیکە لاوازە بووە کە پێی وایە دەبێت هەموو تانە و لۆمەکان ئاڕاستەی پیاو بکرێن، کە ژن  دیسان بەمەیش خۆی بەدەستی خۆی، کارایی و بەشداری خۆی لە ململانێکە سڕکردووە و دیسان بۆتەوە بە تەماشاچیەکی پاسیڤ. ئەو کاتەی کە تۆ بەس پەنجەی تاوان بۆ پیاو ڕادەکێشیت، کە تاوانەکان بەرامبەر بە مێیینە بەتەنها دەخەیتە ئەستۆی ئەو، ئیدی خەونێکی گەورەی ئەوت بەدیهێناوە کە بە هیچکردنی خۆتە وەک ژن.

 

[1]– PIERRE BOURDIEU: ON TELEVISION1996، translation by Priscilla Parkhurst Ferguson، THE NEW PRESS, 1996.

[2] -Michel Foucault DISCIPLINE AND PUNISH The Birth o f the Prison Translated from the French by A lan Sheridan، VINTAGE BOOKS1975.

[3]– چەمکی پانۆپتیک کە بەمانای چاودێریکردنی هەمووان دێت، جۆرە نەخشەیەکە بۆ زیندان کە پێشنیاری جێرمی بێنتامە بۆ تەلاری زیندان تا بتوانیت لە کون یان دەرچە و دەلاقەیەکەوە هەموو زیندانیەکانی ژێر دەستت ببینیت، بەبێئەوەی ئەوان بتوانن تۆ ببینن. ئەمەش بە مەبەستی بەزاندنی سنورەکانیان لەناوەوە، بەبێئەوەی تۆ وەک دەسەڵات دیار بیت.

[4]Hannah Arendt:Människans villkor, Översättare: Joachim Retzlaff, Bokförlaget Daidalos 2017.

[5] -”Every time I try to write about the body, the writing ends up being about language.”

 

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.