شتدۆزه‌ره‌وه‌یه‌كی خۆهه‌ڵواسه‌ر به‌په‌نجه‌ره‌ی قوتابخانه‌یه‌كه‌‌وه‌

خود- نوسینه‌وه‌ی ژنان

به‌یان ناسیح

پیپی گۆره‌ووی درێژ
1,918

حه‌سار

لە شوێنیکی ئەم دنیایە لە دایکبووم،  لە چاوی منداڵێكی وه‌ك  مندا  (حه‌سار)  خۆشترین و جوانترین جێی زەوی بوو، بێگومان ئە گەر لە سنووری دێیەکە بەو لاوە نەچووبوومە دەرەوە. لە گەڵ ئەوەشدا دێیەکە زۆر گەورە بوو بۆ من. شیو و تەپۆڵکەکانی دەووروبەری، هەڵەتوو پەرێزەکانی، گۆڕستانی گەورە، شامە غەریبە، گۆلە سوورکە، هێڵی شه‌مه‌نده‌‌فه‌ره‌كه‌، قومساڵ، قەرەچکوڵ، کەندەڵانە سوور، عەمەرە شیت، خڕناوخران، خڕەکە، جۆگەی گۆلدەرە و زۆر شوێنی تر. لە دەووروبەری دێیەکە گەورەترین دنیای بۆ من دروستکردبوو.

به‌یان ناسیح

ماڵی ئێمە لەوانە بوون کە هه‌موو سامانیان ئەوەندە بوو، كه ‌لەوەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر پێی دەژیان. سامانه‌ گەورەکەمان یەک دوو مانگا بوو لەگەڵ گۆله‌کەکانیان. هەر یەکێك لەمانگاکان ناوی خۆی هەبوو. (مانگا زه‌ردە) و (مانگا سوورە) و  مانگاکان خۆشییان دەبەخشی بە هەموو خێزانەکە. که‌ شیریان باش دەبوو سەرسفرەی بەیانیان خۆشترو ئاوەدانتر دەبوو، ئەو کاتانەشی یەکێك لە مانگاکان ئەزا، بەلامانەوە بەقه‌د ئەندازەی جەژن خۆش بوو. دایک و باوکم بە شانازییەوە باسیان لە گوێرەکە ساواکە دەکردو ئێمەش تێرمان لە (فرۆ)  زەربادباوه‌کەی دەخوارد. تا وه‌كو سێ رۆژ لە گەڵ گۆلکەی تازە لە دایکبوو چێژمان لە فرۆ دەبینی، كه ‌له‌شیری مانگا تازه‌ زاوه‌كه به‌رهه‌مده‌هات‌.

یەكێ لە شتە خۆشەکانی ئێمەی منداڵانی (حەسار) شایی و زەماوەمدی ناو گونده‌كه‌ بوو لە کاتی هاویندا. لەو شەوانەدا منداڵان ئازادتر بوون و  تا درەنگانێ بۆمان  هەبوو لەدەرەوە بین و یاریبکەین لەگەڵ منداڵانی تردا. یەکێك لەو شتانەی  زۆرم پێخۆش بوو ئەوە بوو، کە فەقیانەی کچە شاییکارەکان بەیەکەوە ببەستیتەوە، ئیتر کاتێ دەستیان به‌ردەدا، یه‌كتریان ڕاده‌كێشا چونكه‌ نه‌یانده‌زانی فه‌قیانه‌كانیان پێكه‌وه‌ گرێدراون!  هه‌رچه‌نده‌  ئه‌وان دەستیاندەکرد بە قاقای پێکەنین ، به‌ڵام ئێمەی منداڵانی بزێویش چەند جنیوێکمان دەخوارد.

یەکێك لە یارییەکانی تر چاوشارکێ بوو؛ کۆڵانەلانی (حەسار) مان دەکرد بە شوێنی یارییەکەمان و تاوه‌كو پێماندەکرا ڕاماندەکرد تاوه‌كو یەکتر بدۆزینەوە. لەو کاتەی من شەش حەوت ساڵان بووم، هیچ یارییەکم نەبوو کە کڕدرابێت، بەڵکو یارییەکانم پێکهاتبوو لەبەردی هەڵماقۆ، سۆتکە، کەرتە شوشەی ڕەنگاوڕەنگ، پارچە قوماشی ڕەنگدار لەگەڵ ئەو هەموو کەرەسانەی بە قووڕی سوور دروستماندەرکرد، لە قاپ و کەوچک و پەرداغ.

پێڵاوی بووكه‌ په‌مه‌ییه‌كه‌

 هه‌ر لەو زه‌مه‌نه‌دا  خوویەکی تایبەتیم هەبوو بە دوای شتدا دەگەڕام بەتایبەتی لەناو زبڵدانەکان! زۆرجار پارچە شووشەی ڕەنگاورەنگم دەدۆزیەوە. ڕۆژێکیان تاکە پێڵاوێکی پەمەیی زۆر بچوکم دۆزیەوە، تێگەیشتم کە پێڵاوی بووکێکە.  ئەو پێڵاوەم ئەوەندە حەز لێبوو خەونم بەوەوە دەبینی، کە بووکەکەشی بۆ بدۆزمەوە. بەڵام ئەوە ڕووینەدا و داوام لە باوکم کرد  “کەبە کاکە بانگمان دەکرد” کە دەچێتە شار “کەرکوک” ئەو بووکەم بۆ بکڕێت کە ئەو پێڵاوەی بۆ ده‌بێت. باوکێشم  هەمیشە میهرەبان بوو له‌گه‌ڵمان، ئەگەر توانای شتکڕینیشی نەبوایە دڵی نەدەشکاندین و دەیگووت؛ باشە کە چوومە شار دەپرسم بۆت…

ئەو ڕۆژانەی باوکم دەچوو بۆ شار تا کاتی نیوەڕۆ لە ناو خۆڵ و ژێر سێبەری دیوارو دەووروبەری حەوزەکەو مزگەوتەکە چاوەڕوانیم دەکرد، من تاوه‌كو ئەو کاتە  شارم نەبینیبوو. کاتێ باوکم لە یەکێك لەئۆتۆمبێله‌كانی  ناو حەسار دادەبەزی، ڕامدەکرد بۆ به‌رده‌می. ئەویش وەکو پیشەی خۆی سەری ماچدەکردم. پرسیاری یەکەمم ئەوە بوو:

  • کاکە بووکەکەت بۆم کڕی؟

باوکیشم زۆر لەسەرخۆ هەر جارەی وەڵامێکی ڕێکی دەدامەوەو قەناعەتی پێدەکردم  وه‌ڵامه‌كانی به‌مجۆره‌ بوو: ئەمڕۆ ئەو مام حاجیەی کە بووک دەفرۆشێت، دووکانەکەی قەپات بوو!

-مام حاجی نەخۆشبوو نەیتوانی دوکان بکاتەوە؟

-مام حاجی ژنەکەی نەخۆشە نەهاتببو بۆ دوکان!

-مام حاجی چووە بۆ بەغدا شت بێنێ بۆ دوکانەکەی!

-مام حاجی بووکەکانی تەواو بووبوو!

-مام حاجی سووژن ڕۆچووه‌ دەستی، ناتوانێ بووک دروست بکات!

لە دواییدا من بووکەکەم بیرچۆوە و بیرم لە مام حاجی دەکردەوە و دڵ پێی دەسووتا. ئێستاش کە بووکی (باڕبی)  دەبینم بەو پێلاوە بچووکانەوە، هزرم وەکو بروسکە دەمباتەوە ئەوسەردەمەی خاوەنی تاکە پێڵاوێکی بووکێک بووم.

 

من (شتدۆزه‌ره‌وه‌كه) ‌ی پیپی بووم

(ئەسترید لینگرێن) کاتێ (پیپی گۆرەووی درێژی) نووسی هەموو منداڵانی دنیای لە (پیپی) کۆکردەوە. (پیپی) ناوێکی تازە دەدۆزێتەوە بۆ ئەو منداڵانەی بە دوای شتدا دەگەڕێن و ئه‌مه‌ش  بۆهاوڕێکانی (تۆمی و ئانیکا) باسدەکات، به‌وه‌ی  پیپی ناوی ( شتدۆزەر)  ده‌نێت  له‌و کەسەی کە دەگەڕێت شت دەدۆزێتەوە، و ناویده‌نێت شتدۆزەرە!  من شتدۆزەرە بووم.

ڕۆژێ لەگەڵ یەکێك لە خوشکەکانم لەلای  (مانگا) دەگەڕایەنەوە. لەلای مانگاش کارێکی تر بوو کە کردوومە بە منداڵی. لە سەرەتاوە بچوک بووم نه‌مده‌توانی بە تەنها مانگاکان بەرم بۆ لەوەڕ لەقەراغ دێیەکە بۆیە ئامینەی خوشکم وهاوڕێکانی، ئه‌وان  بەرپرسی یەکەم بوون و هەریەکەیان خوشکێکی بچوکی لەگەڵدا بوو بۆ یارمەتیدان و بەردەستیکردن وەکو مانگا گلدانەوە و لێخوڕینیان، دۆزینەوەی لەوەڕی باشو ئاودانیان. دوایش من بوومە بەرپرسی یەکەمی چوونە لای مانگا و  خوشکیکی بچوکتر لە خۆم  بوو بە یارمەتیدەرم بوو…دەمەو ئێواران بە بەردەم قوتابخانەی کوڕاندا تێدپەڕین،  كه‌ لەپشت دیواری بەرزی قوتابخانەکەوە پیسی و خۆڵی  ڕۆژی قوتابخانه‌یان فڕێدابوو، پێشتر ئەوەم نەبینیبوو.

قوتابخانەکە کەوتبۆوە ئەوپەی دێیەکەوە بۆ منداڵێکی وەکو من چوونە لای مانگا، هەموو بەشەکانی دێیەکەی له‌لا ئاشنا کردم. ئەو جارە وەکو (شتدۆزەرەوەیەک)  بۆ یەکەمجار شتێکم دۆزیەوە کە هەرگیز نەمبینیبوو. پارچە پێنوسێکی بچووک بە ئەندازەی پەنجە تووتەم، هەردوو سەرەکەی تەراش کرابوو. ئەوەندە دڵخۆش بووم بەو شتە تازەیە، بۆیە بەدەست لەناو خۆڵەکەدا زیاتر گەڕام لە شتیتر. گەڕانەکەم بێهودە نەبوو پارچەیه‌ک سوورگیم (لاستیكی خه‌تكوژانه‌وه‌) دۆزیەوە. هەر لەدوای دۆزینەوەی ئەو پێنووس و سوورگییە پرسیاری قوتابانەم لا دروستبوو!  چییە وچیدەکەن؟ چۆنە؟  پێشتر کوڕی گەورەم بینیبوو کتێبیان بەدەستەوە بووە و دەهاتن و دەچوون. پێێان دەگووترا (تەلەبە) و ئەخوێنن! ئیدی قوتابخانه‌ بوو به‌خولیام.

هه‌ندێ ڕۆژ نه‌ده‌چووم بۆ گاڕان بۆ  لای مانگاكانمان،  ده‌چووم به‌دووی شتومه‌كدا ده‌گه‌ڕام. دەووروبەری قوتابخانە بوو بە خولیام، زۆری پێ نەچوو بۆم دەرکەوت، کە لە نزیکی قوتابخانەی کوڕان، قوتابخانەیه‌كی کچانیش کراوەتەوە.  خانوویەکی دوو ژووری بە قایە و گەچ دروستکرابوو. ئەوانیش خۆڵ و خاشاكیان هەبوو، بەڵام هیچم نەدۆزیەوە. کچەکانم ده‌بینی دەنگەدەنگیان ده‌هات له‌قوتابخانه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش  شاگەشکەی کردم، کە دەبێت چی بکەن لە ژوورەوە؟ دیواری حەوشه‌ی قوتابخانه‌كه‌  زۆر بەرز بوو یان به‌باڵای منی بچکۆلە زۆر کورتبوو. لەدوای ئەوە چەند جارێك لەماڵەوە باسمکرد، کە دەمەوێ بچمە مەکتەب،ك هیچ وەڵامێك نەبوو، به‌وه‌ی بمنێرن بۆ قوتابخانەی کچان یان نا!

ئیتر بەیانیان لەگەڵ کاتی دەوامدا لە دوورەوە تەماشای کچەکانم دەکرد، دەمبینن بە جلی شین و قردێلەی سپییەوە لە کچەکانی ناو دێیه‌كه‌مان  نه‌ده‌چوون. ئەوانم پۆشتە و پەرداخ دەهاتە بەرچاو  خۆمم پێپەتی، جلێکی بێ ڕەنگ، قژم بژو شانە نەکراو، سەری دەستەکانم وشک و قڵیشاو. هەستمدەکرد من زۆر دوورم لەوانەوە. به‌تایبه‌ت کاتێ کچەکان لەحەوشە نەدەمان و دەچوونە ژوورەوە.  ئیتر ده‌چووم  به‌دوویاندا و بەسەر ئەو پەنجەرەیەدا کە زۆر بەرز بوو خۆم هه‌ڵده‌واسی پێوه‌ی و سه‌یرمده‌كردن.  هه‌رچۆنێك بێت‌ من دەمتوانی خۆم به‌ په‌نجه‌ره‌كدا هەڵگژێنم و بە لێواری پەنجەرەکەوە خۆم هەڵواسی.

پەنجەرەکە جامی پێوە نەبوو، بەڵکو تەلیشی پێوە بوو بۆیە یەکسەر نەدەبینرام، بەڵام  من ئەوانم زۆر باش دەبینی. دووڕیزی ڕەحڵەی (بانكی خوێندن) لێ بوو لەسەر ڕەحلەیە دوو کچ دانیشتبوون. مامۆستایەکیش لەناوەڕاستدا وەستابوو. هەتا هێزم تیابوو ملم قووتکردبۆوە تاوه‌كو بزانم چی ڕوودەدات، به‌شێوه‌یه‌ چاودێریمده‌كردن…

 لەدوای چەند ڕۆژێك یەکێك لە کچەکانی ئەو پۆلە کە خزمی دایکم بوو، لەبەردەم قوتابخانەکە بینیم و گووتی؛ هاتووی بۆ مەکتەب؟  گووتم؛ نه‌خێر! پاشان  چەند مەترێک لەبەردەم دەرگای قوتابخانە دوورکەوتمەوە. کاتێ دەنگە دەنگی ناو حەوشەی قوتابخانە کپبوو وه،‌ منیش هێدی هێدی نزیکبوومەوە لە پەنجەرەکە و جارێکیتر خۆم پێدا هەڵواسیەوە. به‌ڵام زۆری پێنەچوو ئەو کچەی خزمی دایکم کە لەوە دەچوو هەستی بە نهێنییەکەم کردبێت و  پەنجەی بۆ لای من ڕاکێشا و مامۆستاکە یەکسەر ڕووی بەلای مندا وەرگێرا. ترسام و دڵم بەپەلە لێیدەدا. ئەوەندە بەپەلە خۆم فڕێدایە خوارەوە، دیوارە قایە و گەچەکە هەردوو ناو لەپ و قۆڵمیان ڕوشاند و دەستیان کرد بە چوزانەوە.

خۆم خۆمم قه‌یدكرد

من ده‌ست و قۆڵم نیشانی كه‌س  نەدا و کەسیش لەماڵەوە نەیپرسی چی بووە. بۆ ڕۆژی دوایی تۆزێ بەترسەوە نزیکبوومەوە و جارێکی تریش خۆم هەڵواسیەوە بە پەنجەرەکەدا. ئەمجارە ئامادەبووم باشتر ڕابکەم ئەگەر بینیمیان. لەو کاتەدا بوو مامۆستاکە بەر لەوەی بچێتە پۆلەوە دەرگای قوتابخانەکەی کردەوە کە بە ڕیزی پەنجەرەکەوە بوو. حەپەسام و بە هێواشی هاتمە خوارەوە. یەکەم شت کە گووتی ئەم پرسیارە بوو؛  ئەتەوێ بێت بۆ مەکتەب ؟

– ئا!

-دەوەرە ژوورەوە…

مامۆستاکە کە دوایی زانیم ناوی ( مامۆستا فه‌وزیه‌ یان  ست فەوزیە) بوو بردمیە ژوورێ و لەسەر کورسیەک بۆ یەکەمجار دانیشتم.

-ناوت چییە؟

-بەیان حاجی ناسیح!

بەنەرمی گووتی؛  بەس بڵێ ناسیح، حاجی پێویست ناکات، جگه‌له‌وه‌  لە جیاتی (ئا)  بڵێ (بەڵێ) باشه‌؟

-به‌ڵێ باش.

-چەند ساڵی؟

-نازانم!

-ناوی باپیرت؟

-کاکەوەیس…

– کاکەوەیس باوکی باوکتە یان دایکت؟

-دایکم

-ناوی باوکی باوکت چییە، باپیره‌ت؟

-نازانم

-باشە ئێستا ئەڕۆیتە ماڵەوەو پێیان دەڵێیت؛ خۆت قەید کردووه‌ (ناونوسکردن) لە مەکتەب. لەبەیانیەوە تۆ دێت بۆ مەکتەب. دەستەکانت پاک دەشۆیت و  پێڵاویش لەپێ ئەکەی. بەدایک و باوکیشت ئەڵێیت کراسی مەکتەبت بۆ بکڕن. شین یان ڕەش لەگەڵ قردێلەی سپی. ئەگەر هەویەت (ناسنامه‌ت) هەیە بیهێنە لەگەڵ خۆت، ئەگەر نیتە دەبێت بۆت دەربکەن. بیریشت نەچێت بپرسی باپیرت ناوی چییە؟

 بەحەپەساوی لە خۆشیدا، لە ترساندا، لە تازەیی هەر قسەیەک، وەك ئه‌وه‌ی کەسێک جلی شاری لەبەردایەوە قسە لەگەڵ مندا دەکات. بەکورسێکەدا وەکو قیروزفت نوسابووم،  تاوه‌كو مامۆستا هەڵساو لەگەڵ خۆی بردمیە دەرەوە و گووتی؛ سەلام لەدایک و باوکت بکە کە تۆ سبەی بنێرن بۆ مەکتەب.

ئیتر لەگەڵ هاتنە دەرەوەم لە دەرگای قوتابخانەکە بوومە ئەو باڵندەیەی کە دەفڕیم لەشوێنی ئەوەی بڕۆم. هەتا ماڵ نەوەستامەوە. کە گەیشتمەوە ماڵ کردم بە هەراو لە پەلە پەلیدا نەمدەزانی چۆن باسی خۆ قه‌یدكردنی خۆم بکەم، تەنها ئەوەندە نەبێت هەڵدەبەزیمەوە و دەمگووت؛ خۆم قەید کرد، خۆم قەید کرد لە مەکتەب…

عه‌زییه‌كی بازه‌ی بێ ڕه‌نگ

 لە ئێوارەدا هەموو تێگەیشتن کەمن دەمەوێ بچمە مەکتەب و تازە مامۆستا وایگوتووه‌. ماڵەوە بوون به‌ دووبەشەو؛ هەندێکیان پێیان وابوو لەڕێگه‌ی مەکتەبەوە تووشی بەڕەڵایی دەبم. تێنەئەگەیشتم بەڕەڵایی مانای چی؟!  یەکێك لەخوشکەکانم دەیگووت؛ بابڕوات تاوەکو ئێمە کوێر نەبێت! باوکیشم بە ناڕاستەوخۆ ڕازی بوو. گووتی؛  کچەم ئەبێتە مەکتەبلی.

لای من هیچ شتێکی تر نەبوو جگە لەوەی سبەی دەچمە مەکتەب. ئەی چی لەبه‌ربکەم؟ نەعلەکانی یەکێك لە خوشکەکانم بوو بەچارەسەر، هەر چەندە بۆم  گەورەبوون. ئەی کراس. عەزییەکی قوماشی بازەم هەبوو کە باوکم بۆی دووریبووم، بەڵام ڕەنگی تێدا نەمابوو، ئیدی ئەوەم کردە بەر،  و بەیانی زوو لە خەو هەستام. خۆ گۆڕینی نەویست چونکە هەر ئێوارەوە ئامادەبووم. وشکی وقڵیشەکانی سەردەستم بەهیچ نەدەڕۆیشت. زۆر زوو لەبەردەم دەرگای قوتابخانە وەستام نەمئەزانی چیبکەم و چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌م. کەچوومە ژوورەوە منداڵەکانی تر زانییان یەکەم ڕۆژمە و ژووری پۆلی یەکیان پێ نیشاندام.

 ئەو دوومامۆستا ژنە کە لەکەرکوکەوە دەهاتن بە هەمان سەیارەی مامۆستایانی کوڕان گەیشتن. مامۆستا فەوزیە بانگی کردمەوە بۆ ژووری مامۆستا کتێبێک، دوو دەفتەر، پاکەتێ قەڵەم ، قەڵەم تەراش، سوورگی (لاستیكی خه‌ت كوژاندنه‌وه‌). هەموو ئەمانەم وەرگرت. لە خۆشیاندا حەزم دەکرد بفڕم. مامۆستا  نیشانیدام چۆن کتێبەکە لەبەرگ بگرم و گووتی جانتایەکم پێویستە. بیریشی خستمەوە کە دەبێت زوو جلی مەکتەب بکەم و ناسنامه‌ بێنم بۆی.

 قوتابخانەی کچان تەنها دوو پۆلی تێدابوو، ئەو پۆلەی لە پەنجەرەکەوە سەیرم دەکردن پۆلی دوو بوون وژوورێکی تریش کەتازە بەقوڕ دروست کرابوو بۆ پۆلی یەک. خانووەکە بۆ خۆی تەنها دوو ژوور و هەیوانێ بوو، کە لەقایەو گەچ دروست کرابوون.  ژووری مامۆستاکان و پۆلی دوو سپی بوو، زەویەکەشی چیمەنتۆ بوون. بەڵام پۆلی یەک هەمووی قووڕ بوو. تەختە ڕەشێک و پەنجەرەیەکی تێدا بوو. ژمارەی قوتابیەکان نزیکەی ده‌ تاوه‌كو دوانزه‌ قوتابی دەبووین، هەندێك لە کچەکان لە دێی (گۆلدەرە) وە دەهاتن بۆ مەکتەب. پۆلەکە شەش ڕەحلەی تێدابوو، هەر سێ دانە و لە لایەکی پۆلەکە. من لە ڕیزی سێهەم دانرام لەگەڵ کچێکدا، کە ماڵیان نزیکی ماڵی خۆمان بوو. یەکێ لە کچەکانی (گۆلدەرە) شەڕی لەگەڵ کردم کە زۆر تازە بوو بۆم. منیش ئەوەی پێم کرا کردم و گووتم؛ بە (مەرجانه) ‌ی خوشکم دەڵێم و  هەمووکەس لێێ دەترسێ وزۆر ئازایە!….نازانم ئەمە چەند ڕاست بوو، بەڵام من وا تێگەیشتبووم.

جانتای په‌ڕۆ

هەر له‌ ڕۆژەکانی یەکەمه‌وه‌ خوشکە گەورەکەم جەمیلە بە قوماشی کۆنە جانتایەکی پەڕۆی بۆ دروستکردم. خەمی گەورەم لە ڕۆژانەی یەکەمی قوتابخانەدا کراس وپێڵاو بوون. هەندێ لە منداڵەکان پێڵاوی لاستیکی ڕەشیان لەپێدا بوو، کە پەرەزوانەی هەبوو. کچی یەکێك لە مامۆستاکانیش لەپۆلی دوو بوو کراسێکی لەبەردابوو تاوه‌كو سەری ئەژنۆی، زۆرم پێ جوان بوو. منیش هەموو ڕۆژێ بە (کاکە)م یان  بڵێم باوکم دەگووت: کاکە توخوا کراسێکی وەکو کچی مامۆستاکەم بۆ بکڕە، ئه‌وه‌ی خاڵی سپی و ڕەشی تیایە…باوکیشم هەموو جارێ دەهاتەوە دەیگووت؛ نایدۆزمەوە.

گەیشتە ئەوەی دەگریام بۆ کراسی مەکتەب و بۆ پێڵاو. دواجار پێڵاوە لاستیکەکانم بۆ هات بەڵام کراسەکە دیار نەبوو. نیوەڕۆیەکی باوکم لە ناوشار هاتەوە گووتی؛ قوماشی ڕەشم بۆت هێناوە بۆ کراسی مەکتەب.  ئیتر له‌خۆشیدا وازم لەکراسی کچی مامۆستاکە هێنابوو، بۆیە زۆرم پێخۆش بوو تەنها ئه‌وه‌نده‌ی کراسێکم بۆ بێت، چونكه‌ مامۆستا فەوزیە هەموو ڕۆژ دەیپرسی كوا كراسه‌كه‌ت.

خوشکە گەورەکەم کراسی بۆ دووریم و دوو گیرفانی بۆ کربوو لە پێشەوە. لەسەر گیرفانەکان و لە جیاتی یەخەی سپی، قوماشێکی سپی کۆنی توولی پێوە دووریبوو. کە کردمە بەرم زۆر شۆڕ بوو، پان بوو. دەستم کردە گریان و نیگه‌ران بووم له‌ شۆڕییه‌كی . خوشکەکەم گووتی؛ بیهێنە من بۆت چاکدەکەم…ئیتر دوایی كه‌وته‌ شتنی و هه‌ڵیخست بۆ وشكبوونه‌وه‌. كه‌چی   لە شانسی مندا کە بەیانی کردمە بەرم ئەبینم تا سەر ئەژنۆمە قوماشه‌كه‌ی چوو بووه‌ ئاو. ئەو بەیانییە بەشانازییە وە لەماڵ دەرچووم بەرەو مەکتەب.

زۆربه‌ی  جار دەرگای قوتابخانە نەکرابۆوە، کە  من لەوێ بده‌ووم. ئەو ڕۆژە یەکێك لەکچەکانی خەڵکی (گۆلدەرە) م لەڕێگه‌ی  مەکتەب بینی. کە کراسەکەمی بینی گووتی؛ ئەو سپیانە بۆرن و گیرفانەکانی ناشیرینە…قسەکەیم پێ ناخۆش بوو، بەڵام ئه‌مه‌ لە دڵخۆشی کەمنەکردەوە وبۆ من سپی دیار بوو.

حەزو چێژ وەرگرتنم لە فێربوون وایکرد هەر لە مانگەکانی یەکەمەوە ببمە زیرەکترین قوتابی لە پۆلدا. لەپۆلی دووهه‌مدا قوتابخانەکەمان لەگەڵ هی کوڕاندا تێکەڵ کرا  و هەندێك لەکچەکان هەر لەوێدا به‌هۆی ئه‌و  تێكه‌ڵكردنه‌  لە ژێر فشاردا له‌ قوتابخانە هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و وازیان هێنا.

 پۆلی شەشم  تەواو کرد  و من بەتەنها مامەوه‌،  له‌به‌رئه‌وه‌  ماڵەوەمان ڕێگه‌یان پێدام لەقۆناغی ناوەندیدا هاتوچۆی کەرکوک بکەم. گه‌یشتمه‌ قۆناغی دواناوەندی و   بۆئه‌وه‌ی  لەخوێندن دانەبڕێم  ناچار بووم بچمە ماڵی یەکێك لە خاڵەکانم لە  گه‌ڕه‌كی ڕەحیماوا  و له‌وێ بژیم .

 هەر ئەو کاتە بوو له‌هه‌شتاكاندا كه‌ ڕژێمی دڕندەی بەعس گوندی  (حەسار) یان بە زۆرەملێ بارپێکردوو لەگەڵ زەویدا تەختیانکرد.  ئیدی هەرچی شوێنەواری ژیان، قیژەو هاواری منداڵانی قوتابخانەی حەساری گەورە، یاری منداڵان، حەیرانی شوانەکان، پیرێژنە ڕۆحسووکەکانی ژێر دیوارەکان، ترپەی دڵەکان، یادگاری دایک وباوکەکان، باپیرونەنکەکان، ئاژەڵ وباڵدارەکان، هه‌موویان  لە ژیان هەڵکەندران…

بەڵام هەرگیز ئەو وێنانەی لەیادمن و گرنگترین یادەوەری ساڵەکانی ژیانمە، هه‌رگیز کۆن نابن و ئەو پەنجەرەیەی خۆم پێیدا هەڵواسی هەرگیز ناڕوخێت و هێشتا له‌خه‌یاڵی مندا ئاماده‌یه‌. ئەو پەنجەرەیە دەروازەیەی دنیایەکی گەورەتری بۆ کردمەوە، کە بەهرەمەندی کردم لەژیاندا.

  ئێستا نازانم  (مامۆستا فەوزیە)  چی بەسەرهات، بەڵام لێرەوە و له‌م خود نوسینه‌وه‌یه‌مدا سوپاسیدەکەم. ئه‌وێك له‌جیاتی ئه‌وه‌ی منداڵێكی من بترسێنیت،  رێزی لێگرتم. بەو قەیدکردنەم ڕێچکەی ژیانم گۆڕا،  باڵی فڕینی بۆ دروست کردم و له‌شه‌قه‌ی باڵمدا ….

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project

You might also like More from author

Comments are closed.