بۆچی ناتوانم ببم بە تارکۆڤسکی؟" . - 'موراد دووزگونئۆغڵوو'ـ

بۆچی ناتوانم ببم بە تارکۆڤسکی؟


Loading

بۆچی ناتوانم ببم بە تارکۆڤسکی؟” . – ‘موراد دووزگونئۆغڵوو’ـ

بۆچی ناتوانم ببم بە تارکۆڤسکی؟” ئەم ڕستەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە مێشکی هەر سینەفیلیایەکدا هەبووە. بەڵام بەڕاست بۆچی ئێمە ناتوانین ببین بە تارکۆڤسکی؟  لە ڕاستیدا هەم ناونیشانی فیلمەکە و هەم ناوەڕۆکی فیلمەکە وەڵامی ‘موراد دووزگونئۆغڵوو‘ـە کە بۆچی ساڵانێک لەمەوبەر فیلمێکی بازاڕیی وەک “دووبارە لەلای من دەمێنیتەوە – ٢٠٠٧” بۆ تەلەڤیزیۆن دروستکرد و ئێستاش پاش تێپەڕین بە سەر یەکەم ئەزموونی سینەمایی خۆیدا، خەونی بوون بە تارکۆڤسکی دەبینێت؟!

 

هەڵبەت وەڵامەکە غەمگینە و وەک گۆدار دەیگوت؛  “چەند غەمگینە سینەما هونەرێکە بە بێ پارە دروست ناکرێت….”

 

 

 

موراد وەڵامی ئەو پرسیارە ڕاستەوخۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ ئارەزووی کۆمەڵگه‌.  بە گشتی بەرهەمهێن و کۆمپانیای فیلمسازییە تورکییەکان هەمیشە لە هەوڵێکدان تا سەر ئیسقان  لێکچوون و هاوشێوەیی (تەنانەت لە خراپترین فیلم)ـی هاڵیوودی. وەک گلوبێر ڕۆشا دەڵێت؛

 

“ کۆمەڵگەیەک کە موعتادی مۆدیلی ئەمریکی و پۆپ-ستار و دەربڕینی I love you ـە. ڕوانگەیەکی سینەمایی (ئەگەر ئەم دەربڕینە ڕاست بێت) کە چاوەڕێی دروستکردنی بازاڕ و بە بەردەوامیی فڕۆشتنی بلیتی هۆڵی سینەماکان و بینەری گەنمەشامیخۆرە، بینەرگەلێک کە هەمیشە لەبەردەم شاشەدا چاوەڕێی ئەوەن بهێنرێنە پێکەنین یاخود گریان…“

 

 

بەهادیر دەیەوێت فیلم دروستبکات، ئاشقی تارکۆڤسکیە، شیعر دەخوێنێتەوە و دەیەوێت درێژە بە میراتی سینەمای شیعری بدات. بەڵام کۆمپانیاکان سیناریۆی بازاڕیی دەدەنێ و ئەو دەبێت خەریکی فیلمی بازاڕی بێت.

لە جێیەک (بەهادیر)  سیناریۆکەی پێشکەش بە پرۆدیوسەرێک دەکات و ڕەتدەکرێتەوە، لەبری ئەوە پێشنیاری

فیلمێکی بۆ دەکەن لەسەر دوو ژن و پیاوێک، ئه‌مه‌  هەمان ئەو چیرۆکە بازاڕیانەن كه‌  لە دراماکاندا دەیبینین. هەر زوو پرۆدیوسەر دەڵێت؛ تارکۆڤسکی، کیاڕۆستەمی و بێرگمان بۆ ئێرە نابن، کەس ئەوانەی ناوێت!

 

 

 بەهادیر دەپرسێت مەگەر ناتوانین، بەرهەمهێنەرەکە بە ڕستەیەک تەواوی زه‌یه‌نی کاربەدەستانی سینەما لە ڕۆژهەڵات دەردەخات: “بە پارەی باوکتان، بۆ نا” …ئێمە بە درێژایی فیلمەکە گه‌واهی  نەویستنی تارکۆڤسکین لەلایەن کۆمەڵگه‌ وە؛ کاتێک هاوڕێکانی بەهادیر بەدیار فیلمی (ستاڵکەر) ی تارکۆڤسکییەوە دانیشتوون و گڵۆبەڕۆژە دەتروکێنن.  هەر زوو بێزار دەبن و خەریکی تاوڵە دەبن، کاتێک لە شیعریترین جێی فیلمی( ئاوێنە) دا خۆشەویستەکەی بەهادیر دەخەوێت پڕخەی دێت و… بۆچی ناتوانم ببم بە تارکۆڤسکی؟

 

هەڵبەت دەکرێت بەردەوام ئەم پرسیارە بکەین و بەردەوامیش وەڵامی جیاوازمان هەبێت. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە هەرگیز ئەم پرسیارە لە یاد نەکەین: بۆچی ناتوانم ببم بە تارکۆڤسکی؟