Francis Bacon Painting Of Lucian Freud Francis Bacon's Painting Of Lucian Freud Is A Portrait Of Two

لەمەڕ کتێبی لێکدانەوەی خەونی سیگموند فرۆید


گوتاری هزریی

Loading

لەمەڕ کتێبی لێکدانەوەی خەونی سیگموند فرۆید

موئەیەد مستەفا

١

سیگموند فرۆید ١٨٥٦ – ١٩٣٩ دیارترین دەروونناسە، دەتوانم بێژم، کە ئەو ئافرێنەری لێکدانەوەی دروونناسی قووڵی خەونە، یانیش لێکدانەوەی بنهۆشی <نەست یانیش ئەودیوی هۆشمەندی مرۆڤ>. ئەو هەوڵیدا بە ئاوایەکی سیستەماتیکی شرۆڤە و لێکۆڵینەوە دەربارەی جیهانە قووڵەکەی خەون بکات؛ خەون، کە پێش ئەو بە بۆچوونی زۆربەی باوەڕدارانی میتافیزیکی و دینییەکان و لێکۆڵەرەوانی پێش خۆی، بۆ نموونە هیلداگارد فۆن بینگن ١٠٩٨ – ١١٧٩، یۆهان گۆتلیب فیشتە ١٧٦٢ – ١٨١٤، فریدریش ڤیلهێلم یۆزێف شێلینگ ١٧٧٥ – ١٨٥٤، ئێدوارد بێرنێت تایلەر ١٨٣٢ – ١٩١٧ ، تەنانەت فەیلەسووفانی سەدان بگرە هەزاران ساڵیش پێش خۆی خەو بریتی بوو لە چالاکییەک کە هێچ پەیوەندی بە خودی مرۆڤەوە <دروون و جەستە> وە نییە، بەڵکو خەون چالاکیەکی چارەنووسسازە و ئیرادەی بێسنووری هێزە خوایی و ئەودیوسرووشتییەکانە! هەر وەکو ئەریستۆتالیس ٣٨٤ – ٣٢٢ پ.ز باوەڕی وایە خەون کاردانەوەیەکی وروژاوی جەستەییە گۆڕانکاری بەسەرا دێ، تەواوی میتۆدی کلاسیکی بیرکردنەوەی مرۆڤ بەر لە ڕۆشنگەری،- خەونیش دەگرێتەوە مێتافیزیکی بوو، لە دەرەوەی ویستی مرۆڤا خۆی مەڵاسدابوو، لێ فرۆید پێچەوانەی بیرمەند و دروونناسەکانی پێش خۆی، وتی: خەون مرۆڤە،- سایکۆسۆماتیکە (دەروون و جەستەیە) وە هیچ پاڵنەرێکی خوایی دینی لە دوای خەونەوە نییە، جگە لە مرۆڤ خۆی.

٢

دەروونناسی قووڵ، Tiefenpsychologie لای سیگموند فرۆید، بریتییە لە چالاکییەکانی ڕۆحی بێدار، ڕۆحی بە ئاگا، بریتیە لە شیکردنەوەی چالاکییە ئاگاییەکانی رۆژ، کە تەنیا خەونە، شرۆڤە و شیکار و چارەسەرییان دەکات، هەر لە کەرەستەکانی خەونTraummaterial ، کردەی خەون Traumarbeit سەرچاوەکانی خەونTraumquellen ، چڕبوونەوەکانی خەونTraumverdichtung ، سیمبۆلیزمی خەون Traumsymbolismus ئەو خەونانەی پەیوەندییان بە زارۆکایەتی و منداڵدانی دایکەوە هەیەinfantile  Träume، تا دەگاتە بنهۆشی و  کاریگەری خەون Tarumaffekte کە سەراپایان مرۆڤیە، چەپاندنی مرۆڤە و هیچیتر! فرۆید هەڵسوکەوتی پیرەپیاوێک، مۆڕاڵی سێکسی، کردەی سێکسی و گرێییە دەروونییەکانی دەگەرێنێتەوە بۆ منداڵی، سیمای باوک وەکو ئافرێنەر، وەکو خوا، منداڵدانی دایک وەکو خەوێک وا بێت لە ئاو دا بووبیت، هەموویان ئەو مۆڕاڵانەن کە مرۆڤ تا پیری پیادەیان دەکات. پەروەردەی مرۆڤ لای دایک و باوانی، ترس و دڵەڕاوکێی، هەستکردن بە خۆشی و ناخۆشییەکانی، چێژ و قێزی؛ پەروەردەی، ئەوپەڕی کارگەرییان لەسەر بوون و ژیانی مرۆڤەوە هەیە؛ خەون سیناریۆیەکی سەرنجڕاکیشی مرۆڤە، پێکوەبەستانی ڕووداوەکان لە ماوەیەکی یەکجار کورت دا، ڕەنگ و دەنگ لە سەردەمە جیاوازەکان, هەوەس و لەشساغی، دیارترین ئەو دیاردانە بوون مێشکی سیگموند فرۆیدیان قاڵکردبوو تا ئەو گەیشتە ئەو باوەڕەی میتۆدێکی زانستی هەیە، لە ڕێگایەوە دەروونناسێک دەتوانێت گرێ کوێرەکانی ڕۆحی مرۆڤ بکاتەوە، <کە لە سەرەوە ئاماژەم بە چەمک و میتۆدەکان داوە> هەر لە شڵەژان و ترس تا دەگاتە ؛عوساب و تووندوتیژی، تێکڕایان پەیوەندییان بە شتێکەوە هەی پێی دەڵێن بنهۆشی Unterbewusstsein وە بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆش بکەین، پێویستە بچینە قووڵاییەکانی دەروون و بایۆلۆجیای مرۆڤەوە، جگە لەمانەش، زانست تا ئێستا پشتڕاستینەکردووەتەوە ئاخۆ دەروونناسی زانستێکە سەر بەر جەستەناسی یانیش سرووشتناسییە یان هیی زانستە مرۆڤییەکانە <زانستە ئەقڵییەکان> Geisteswissenschaften؛ بۆیە پێی دەڵێن زانستی سایکۆ-سۆماتیک (دەروونی-جەستەیی) کە سیگموند فرۆیدیش هەمان تێڕوانینی هەیە، لە بەشێکی <لێکدانەوەی خەون دا> کاریگەری بابەتییانە objektive Affekte تا دەگاتە کاردانەوەی هەناو بۆ نموونە گەدە، دڵ و سییەکان) بەشێکە لەو کتێبەکە دا نموونەی بۆ هێناوەتەوە.

 

فرانسیس بەیکن؛ فیگورێک

 

٣

سیگموند فرۆید لەم کتێبە پڕ بەهایە دا، بەو میتۆدانەی دایڕشتوون هەوڵیداوە کێشە عوسابیی، هیستیری و فۆبیاییەکان چارەسەربکات، ئەم میتۆدانە پەیوندییەکی ڕاستەوخۆیان بە فەلسەفە، سیاسەت و ئەدەبەوە نییە، بەڵکو سایکۆلۆژیا خوێندنەوەی تیۆرییەکەیە و سایکایاتری <کلینیکی> شوێنی چارەسەری دەروونییە، سایکۆلۆژیا زانستێکی کردەیییە هەر وەکو فیزیا، کیمیا، ئەندازە و هتد،  دەروونزانی هەوڵێکە بۆ مرۆڤ، بەختیاری خۆی بدۆزێتەوە، سیگموند فرۆید دەروونناسی کردە زانستێکی کۆنکرێتی و دووری خستەوە لە تێگەیشتنی ئەفسانەیی، دینی و نەریتی، خەون-بینینی بردە پایە ڕاستەقینەکەی خۆی، بۆ ئەمەش چووە قووڵایی مرۆڤەکان، لە تەمەنی منداڵییەوە تاکو مێردمنداڵی کە کاراترین کاریگەری لەسەر تەواوی ژیانی مرۆڤ هەیە، لای فرۆید ئەم ماوە-تەمەنە، خۆ هۆشیاری نییە، درککردنە، پێگەیشتنێکی سایکۆ-جەستەییە و دەبێتە خامی هەموو خەونەکان؛ کاتێک مرۆڤ بە لاڕێدا بردرا، دەبێتە نەخۆشێک، نەوەک هەر خۆی، بەڵکو تەواوی دەوروبەری وێراندەکات. خەون جێبەجێکردن و بەرجەستەکردنی حەز و ئارەزووە، تێرکردنی هەستە سێکسوالییەکانە،  پێکهاتەی هەموو خەونەکان لە ژیانی ڕاستەقینەوە سەرچاوەیان گرتووە، خەون کۆبەندێکە لە نێوان بکەرە جیاوازەکان، لێ کە دەبێتە وێنەیەکی خەونی، هیچ دژ-بەرییەک نامێنێت، هەموو پێکهاتەکان دەبنە وێناکردنێکی ڤیزوالی، ناوەکان تێکەڵ دەبن، سیماکان تێکەڵ دەبن، ئاکارەکان تێکەڵ دەبن، ڕەگەزەکان ئاڵوگۆڕدەکەن.- بە بۆچوونی فرۆید باشترین کاری هونەری نیگارکێشانە کە گوزارشت لە خەون بکا.

٤

زانستەکان پەیوەندییان بەیەکترییەوە هەیە، وە لە ڕاستیدا وەک پاکێجێکن بۆ ژیانی  مرۆڤ لێ میتۆدی جیاوازیان هەیە، پزیشکی دەروونی و فەیسلەسووف عەقڵ و سرووشت بە هەمان چاو نابینن، لێ فرۆید دەڵێت: لە ڕاستی دا نەست – بنهۆشی حەقیقەتی سایکۆلۆژیاییە، سرووشتە ناوەکییەکانی، كە نەناسراون هەر وەکو حەقیقەتی دەرەوەی؛ بەم پێیە، داتابەیسەکانی هۆشیاریش کە پێمان دەگەن لە ڕێگەی هەستەکانەوە، ناتەواون. فرۆید گەلێک جار تەنیا وەک دەروونناسێک ناڕوانێتە ناوەوەی مرۆڤ، بەڵکو وەکو دەروونناسێک بەڵکو سوود لە کایەکانی تر زانست <مێژووناس، مرۆڤناس، پزیشک، دینناس و ئەفسانەناس> سەیری سایکۆلۆژیا دەبینێت. ئەوەی گرنگە بگوترێت، ئەوەیە کە خوێنەر دەبێ بە قووڵی و بە وردی لەم زانستە دانسقەیە وردبێتەوە، کە تەواوی مۆڕاڵی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لەسەر دا بنیاتنراوە. با بیریشمان نەچێت فرۆید دەڵێت: نۆکەرێکی قەیسەری ڕۆم، لە خەونیدا، خەوی بە کوشتنی قەیسەرەکەی دی بوو، قەیسەریش لە ڕاستیدا ملی پەڕاند، چوونکە  وای بینی کە نەست – بنهۆشی حەقیقەتی مۆڕاڵ و ئەمەکی نۆکەرە لە هەمبەر سەردارەکەی، ئاوا قەیسەر لە دنیای سڕیەوە. ئاوا: ئۆرگانە هەستەکییەکان هیی کوالیتی بەرزی ئیدراکی سایکۆلۆژین (سیگموند فرۆید). ئەوەی دەمەوێت فۆکەسی بخەمە سەر ئەوەیە کە سایکۆلۆژیا هاوتا نییە لەگەڵ سۆسیۆلۆجیا، دین، ئەدەب و خودی هونەر. خەوێکی نایرۆتیکی، شێوان، ترس، سێکسوالیتی لەلایەن دەروونناسێکەوە وەکو زانستێکی سەربەخۆ لێکدەدرێتەوە و کەسی تووشبووش وەکو نەخۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دا دەکرێ، وە ئەرکی دەروونناسییە، بەختیاری رۆحی و فیزیکی بۆ بگێڕێتەوە. دەروونناسی چەندین ئایدیا و کردەی جیاجیای هەیە، وەکو هەر زانستێکی تر هەمیشە لە پەرەسەندنێکی بەردەوام دایە؛ نۆرینگەکانی ڕۆژئاوا، دامودەزگا زانستییەکان لە خزمە پەرەسەندی ئەم زانستەیە، کە ئەرکی چێکردنی کۆمەلگەیەکەی ساغ و ئازادە، کۆمەڵگەیەک دوور بێ لە تووندوتیژی، پێشێلکردنی مافی سەرەکی مرۆڤ و لێکهەلوەشانەوەی کۆمەلگە. دەروونناسی شەرم لە سێکس و دین و سیاسەت ناکا، ئەو دەیەوێت بچێتە نێو قوڵایی مرۆڤ و هەموو کەرەستەکان لە پێناوی دا بەکاربهێنێت.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌