Foto

Loading

ئیسماعیل سابیر

ئەوەی لەژێر بنمیچی ئەم شەوانەدا نوزە نوزی دەهات دەنگی شەڕکەرێکی شکاو بوو

ئەوەی لەژێر بنمیچی ئەم ماڵانەدا جەستەی بە برینی شەڕەکان تەڕ بوو، سەربازی کوژراوی ناو مەیدانەکانی لەززەت و ئەڤین بوو
یادەوەرییت لەناو لەپی دەستمدا شاخێکی عاسێ بوو، بە سەرمدا شوێنپەنجەت بەفری گرت، ئەم چەم و ڕێگایانەی بۆمیان دەهێنای
عاسێ نەبوون،
لەبیرت کردن.

هەروەکو چۆن نەتویستن،
ئەو شوفێرانەی شوێنیان بۆ نەما، ناچار بە دزییەوە لەناو ماشێنەکانیان گریان
دەستم بزری نەکردن،
ئەو قوڕانەی هەرگیز بۆم چاک نەکران،
بزر نەبوون،
بیرت چوو، لەبیرت کردن.
گۆڕهەڵکەن نەبووم، ڕۆژگار بوو ئەم شادییەی پێ ناشتم.

بیرت چوو، لەبیرت کرد،
پرسەیەک نەبوو؛
ویستن وخەمگینیت نەگوازمەوە سەر زمان؟

لە یادیان گوندێکی خاپوورکراوی ژێری دەستی ئەنفالچیەکانیش نەبووم،
کە ناوم زۆر دەهات
لە مردنیاندا.
نەمویست.

کە بوومە هەناسەیەکی تەنگ
قووتدرام.

 

لە ڕۆژانی تۆز و “با”دا بە قورسیەوە لە دڵ و سییەکان هاتمە دەرەوە،
نەتویست، هەناسە بووم
کاتێ ئەم بەچکە گرینۆکانەت بەسەر هێلانەکانی شیعردا بەجێهێشت
زوڵمەت تا کۆتایی هاتنی دواین پەڕە لە کاتەکانی فریوی داین.
بۆ خاتری ئەم مانگە کزانە، پەڕەسێلکەکان لە لەززەتەکانی شەو بێ بەش کران
ڕێبوارێکی ناشارەزا بووم، لەم میرنشینە فەرامۆشەدا، خەشیمانەی دڵی بووکەشووشەکانم کردە ماڵ
بەو هۆیەوە سەفەرکارانی کەیف وسەفا، دەمارگیرانە یادەوەرییان شێلا.

تۆ لە زەمانەوەندی مناڵە فیرعەونەکان هەڵپەڕکێت بە یادەوەری ئەو پیاوانە دەکرد،
کە ڕۆژانێک بۆ وەفای ئەم ئەڤینەت
بە ڕێگای سارددا پیتزایان بۆ هۆتیل و باڕەکان برد.
خوێنیان لێدەهات
کاتێ هەواڵی بووکێنی تۆیان بە تێپەڕینی سەر پلیکانەکان بەڕێ دەکرد.

 

لەم کافێیانەدا لەدەستم دا بووی
کەچی دەستم لەجیات قاوە
تۆی لەدەستمدا لێ ڕژا.

 

ئەم شۆڕشگێیە ئەندازیارێکی هەوەسباز بوو، لەبەر نمایشی ستیان و مەمکی زلەوە، نەخشەو وادەی بەڵێنی شۆڕشی لێ شێوا
گومانەکانی خوڕافی بوون، نەخشە و داڕشتنی ئاسوودەیی بۆ ئەم میللەتە داماوانە بە لەخشتەبردنی گەمژەکان دەکێشا.

زەمەنی پێکەوەییمان
لەسەر نەویستن و ناسنامەکان ڕوونە
کە ئێستا ئێمە وەک تاکە مرۆڤی بێکەس و تەنیا لەسەر گۆی زەوی ماوینەتەوە

 

لەبەر غروری ئەم کچە بەنازانە، باوەش و گەرمی خۆشەویستەکانمان لێ بوو بە تێزاب.
ماچیان کردین، ئەم چرکانە وەک مووشەک خێرا بەسەرماندا تێپەڕی
سووراوەکانیان وەک بۆیاغ ئەم دیوارە گەنمییانەیان ڕەنگ کرد.
ئەم ڕۆیشتووانەی وا لەناو گۆڕی دڵدان، هێندە بە پەلەبوون فریا نەکەوتین نیگایەکیان بۆ چەقبەستووی ڕۆژەکان لە قوتووبنێین.

 

ژنە ڕەشپۆشەکان چەند ڕۆژ تەرمیان لەناو دەستەکانیان ناژت
ئامادەبوون؛ فرمێسکیان بۆ ئایندە و پێگەیشتنی ئەم پیاوە شەهادەدارانە بکەن بە دەریا.

 

 

 

شەوەکان شاهێدبوون؛ پاسەوانێکی غەریبە بوویت
دوای تەواوبوونی لە خوێنڕشتنی ژیان، بە شەکەتی دەگەڕایتەوە، پێخەفت پڕ دەکرد لە عەبەسیەت و ئازار.
بیرت لە کۆتایی پشوو، ڕاکشانی دیار ئەستێرەکان دەکردەوە، چەن جوان دەبوو گەر ئایندەت وەک شووتییەک لەبن باڵت نابا و وەک پیاوەکانی تر ڕۆژێک بەختەوەریت ببردبایەوە بۆ سەرسفەری مناڵەکان.

 

 

بنمیچێکی هەبوو، لەجیات ئێمە؛
هەموو ڕۆژێک پیاوە بەڕەونەقەکانی بردەوە ژێری.

 

 

ماڵێکی هەبوو غەمباری بوو بۆ مودمینەکان، گۆڕێکی هەبوو تەنگ بوو بۆ گیرۆدەکانی ئەڤین، یادێکی هەبوو چەقۆ بوو بۆ وەفاکێشەکانی شەو.
لە شەقامە ساردەکان کڕێوە وەک پۆلیسێک بە دوای پیاوە سەرگەردانەکان کەوتبوو، هەرچی داڵغە و پیاسەی ئەم ئەڤیندارانە بوو بێ ماڵی ڕاوی کردبوون، پێت نەگوتبوون:(لەم هەموو شوێنە توونێل جێیە بۆ گریانی شەوان؟)

دەرگا چاوی داخستبوو کاتێک ژنە شۆخەکان چوونه ناو جێگاوە
کتێک دڕندانە جێ خەوەکەت ڕاکشاندبوو بۆ ئاهوناڵە، لەناو وێنەی کێدا دەگەوزای؟
دەتبینی و سەیرت دەکردین وەک ڕاوچییەکی دڕندە لە زوڵمەت دەڕۆیشتین و هەرشەوە و ماینێکمان لەناو دارستانەکان بریندار دەکرد.

ئاراستەی لێوەکان شاهێدبوون؛ ماچەکان وەک گوللە وابوون کاتێک لە دوورەوە بۆمانت دەهاوێشت چایخانەکان شاهێدبوون؛ وێنەی شیعری وەک دووکەڵی سەر پیاڵە چایەکان، گەرمییان لە سییەکانمان دەهێنا دەرەوە.

 

 

باڵەخانەیەکی بەرز بوویت؛ کەچی برسییەتی دایڕماندی بەسەر لاشەی ئەم کرێکارانەی وشەدا
پێخەفێکی گەرم بوویت؛ کەچی بۆ نواڕین لە ئەستێرەیەک فریوی ناو دیوان و ئەم پەڕە وشکانەی شاعیرەکانت خوارد.

ڕووبارەکان شاهێدبوون؛ ماسییە بچووکەکان، چەندە ساویلکانە بۆنی قولابەکانت مەست دەبوون.

 

هەور شاهێد بوو؛ بە دیار ئاسمانێکی خەمگیندا
زەوی شاهێدبوو؛ بەسەر خۆشەویستیەکی خوێنیندا

لە پێدەشتەکانی دوورییەوە بۆ بەستەڵەکی تەنیایی ناو شەوەکانی ئازار، شاعیرەکان وەک گا دەیانبۆڕاند، مناڵەکان بۆ کەمێک ئاسوودەیی دەگریان، ئۆتۆمبێلەکان لە شەوانی تاریکدا وەک دز بە دوای سەرنشینەکانیاندا دەگەڕان
هەوا بەڕەلڵا بە دواتدا
کۆڵان بەڕەڵڵا بە شوێنتدا
شەقام بەڕەڵڵا بە دیارتدا
تەنیایی بەڕەڵڵا بەناو کاتتدا
شیعر بەڕەڵڵا بەناو بەڕەڵڵایەکانتدا
تا هەرچی یادگارییە بووه ماشێن و ماچی سەرنشینەکانی لە کافێیەکان بەجێ هێشت،

 

 

چیرۆکەکان شاهێدبوون؛ زمان لەناو ماڵەکان بێ کات بوو
تێکستی ژنەکان لە چاوەڕوانی ئەم شەوە درێژانەدا بێ گێڕەرەوە بوو.

دوای چەند ساڵێک یەکێک لەسەر لادیوارێکی ئەم شارە کپە نووسی بووی:
“مەولانا ” شاهێدبوو(وەک دەروێشێک لەسەر ڕەمزی نازەکانت سەمام دەکرد و چەند بە دەورتدا سووڕامەوە و ماندوو نەبووم!) شەوێک کەس ئاگای لێ نەبوو هەمووان خەوتبوون، دزێک وەک وەچەیەکی “هۆلاکۆ” دەبەیەک نەوتی بەسەر نووسراوی سەر ئەو بیرەوەرییانە داکرد، پێیان سەیربوو ئەم شاری خەڵووزە بۆ هیچ کڵپەیەک ناکات. کەس نەیزانی تۆ ئاگری ئەم شوورایانەت چی لێکردبوو.

 

هینری لوتریك تولوزه‌ -خۆشتن ١٨٩٦-
Washing
1896
Henri de Toulouse-Lautrec French

سۆزانییەکان شاهێد بوون؛ دەستت لەناو شۆستەکان جێی نەدەبووەوە، شەقام زۆپایەک نەبوو تا قاچەکانت بخزێنیتە نزیکی.

 

وەک شێتێک شەڕم بە گڵۆپەکان دەفرۆشت
شەقم لە دارتێله‌كان  دەدا،
لەسەر مقەباکان خەو دەیبردمەوە،

مانگەشەو شاهێد بوو؛ پیاوێک بەدیار ئەم ئەستێرە کزانەوە سەرخۆش بوو
لەپێش باڕەکان وەک ئەوەی مۆڵ بێت بەدوای خۆشەویستەکەیدا زۆر گەڕا.

 

 

نێوگیرفانی پالتۆکەیت پڕکردبوو لە سەمەرەی خۆکوشتن، ئەی ئەو هەموو وایەر و هیتفۆنە چیبوو وەک پەتی سێدارە لە ملی ئەم وەچە دۆڕاوانەت ئاڵاندبوو.

 

گوێچکەکان شاهێد بوون؛ وشەکان لە قوڕگدا دەئێشان و ساف نەدەبوون بە گۆرانی.
دکتۆرەکان شاهێدبوون؛ لەناو نۆڕینگەکاندا دڵی باڵندەکانت شەق شەق دەکرد و لە سەر جەستەی شەکەتیاندا، غروری ڕووخسار و پێکەنینی وێنەکانت تێدا تاقی دەکردەوە.

 

 

 

ئەوکاتەی گوێچکەی بەردەم تەلەفۆنەکان کەڕ بوون، هەر ئەوکاتەی شەو لە پاڵتا بە بێدەنگی ڕاشکابوو یان خەریکی هەڵبژاردنی بۆیەی نینۆکەکانت بوو بۆ بەیانی؛
خۆشەویستکەت وەک گا لە شەقامەکاندا، بەدوای برینی ئەبەدی ئەم شاعیرانە سووڕایەوە
کەوا تیۆرێکی دیاریکراویان پێ نەبوو بۆ ئازار و ڕێڕەوە دووبارە بووەکان.

تۆمان بزر کرد؛
هەربۆیەش بە دواتدا
هەوا وەک بەڕەڵڵایەک لە کۆڵانەکان پیاسەی پێ کردین.

تۆمان چی لێکرد؟
کە شەو بەوهەموو میهرەبانییەی خۆیەوە، بە تاریکیەکانی ئازاری داین!

 

 

 

بۆ تاقە ڕۆژێکیش بێت بنمیچێک سەیری ئەبەدیەت و فرمێسکەکانی نەکردی
دەرگایەکی داخراوغەریبی کردنەوەی بەخت و کیلۆنی ناو ئەم دیوارە ڕەقانەی نەکردی.

بنمیچی تەڕی ماڵەکان شاهێدبوون؛ سەرینەکان سەریان با دەدا کاتێک تەرمی ژن و پیاوە جێهڵدراوەکان بەتەنیشت یەکەوە خەو نەیدەبرنەوە.

 

 

 

لە شەودا:
دەنگێکی گڕ لە هەوادا دەجولێتەوە، کەس گوێی لێ نییە، کەس گوێچکەی نییە، کەس ناتبینێ وەک قوربانیەک دڵت دەکەیتە چرا بۆ ڕووناکردنەوەی ئەم میللەتە تاریکانە. دەبێت بیزانی؛ ئەوەی لە دەشتاییەکان دادەگیرسێت تۆیت، نەک ڕۆشنایی سەر چاڵە نەوتییەکان. ئەوەی لە شەقامەکان دەسووتێت تۆی نەک گڵۆپ. ئەوەی لە درەنگاندا دەڕشێتەوە تۆی نەک سەرخۆش. ئەوەی بە برین مەستە تۆی نەک گۆرانی. ئەوەی لەهەوادا ون دەبێت / ئەوەی لە تابووت ڕادەکشێ / ئەوەی دەبێت بە هەڵم و بزر دەبێت تۆی.
شۆستە بە قوتووە بەتاڵەکان ئیزعاج دەبێ، شەقام بە سەرخۆشەکان مەست دەبێت، بێ وەستان ڕەسیفەکان دەژمێری و وەک ئەوەی مرۆڤبن و یەک یەک لە دیاریان ڕادەوەستی، تۆ لێرە نامۆی، کەس تۆ ناناسێتەوە، هیچ کەس ڕووخساری تۆی بیرناهێتەوە؛ کەوا ڕۆژانێک لەژێر ئەم بنمیچانەدا چەندجار وەک وەک باڵندەی داماو بریندار کراویت و چەندجار بە فیشەکی حەرفەکانەوە ڕەوانەی مەرگ کراویت….

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌