ڕۆژ بە ڕۆژ سەنتەرى شارى سلێمانى ناشرینتر و قەرەباڵغتر دەبێت بە دانانى پەیکەرى نۆهەم کە پێدەگووترێت؛ پەیکەرى شار !
لێرهوه ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم پەیکەرانە ناسنامەى ئەم دەسەڵاتە کولتوریەیە، کە ئێستا شار بەڕێوەدەبەن و دەیەوێت بە (پەیکەرى شار) شارمان بۆ بکات بە شار! بە پێوستم زانى دووبارە هەمان پێشنیار دووبارە بکەمەوە بۆ گواستنەوەى گشت پەیکەرەکانى سەر شەقامەکانى شار بۆ کارگەى جگەرە و ئیتر تەواو خنکاین لە ناو ئەم هەموو ناشرینیەدا شوێنێک نەماوە بۆ ژیان.
تێبینى:-
ئەم پێشنیارەم لە 2018/10/16 دا بڵاوكردهوه و پێش ئەوەى (پەیکەرى شار) تەواو بێت. بەڵام م بە پێوستم زانى، لە بەر گرنگى بابەتەکە و بەدەستکاریکردنێکى کەمەوە، دووبارە بڵاویبکەمەوە.
پێشنیار: گواستنەوەى پەیکەرەکانى شار بۆ کارگەى جگەرە
بۆ؛ ئەو بەرێزانەى کە شاریان گەیانە ئەم دۆخە ناشرینە
پارێزگاى سلێمانى
ئەنجومەنى پارێزگارى سلێمانى
بەرێوەبەرایەتى گشتى باخچەکان
شارەوانى سلێمانى
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی
لە سۆنگەى دڵسۆزیمەوە بۆ شارى سلێمانى پێشنیاردەکەم؛ بە گواستنەوەى گشت پەیکەرانەى ناو شارى سلێمانى بۆ ناو کارگەى جگەرە. کێشەى پەیکەرەکانى شار ڕۆژ بە ڕۆژ گەورە و ئاڵۆز دەبێت، بەو پێیەى کە تاوهكو ئێستا هیچ یاسا و ڕێسایەکى تایبەت نییە بۆ دانانى پەیکەر لە شوێنى گشتیەکانى شاردا. زۆربەى ئەو پەیکەرانە بەبێ پلان و ستراتیژی هونهری و ماستەر پلانى شار دانراون. زۆربەیان بە (میزاجى شهخسى ) یان حیزب بڕیاریداوه لەو جێگانە دابنرێن. تەنانەت هەندێکیان بەهیچ جۆرێک مەرجی کوالیتى و هونەرى و زانستى و سیفهتى و سەلامەتى تێدانییە. ئهمه هیچ، كه بههیچ جۆرێک لەو شوێنەى کە پەیکەرەکەى لێ دانراوە، حساب بۆ (سپێس) و (فەزا) و (شوێن) نهكراوه. ئەم زۆرى و بۆرییە، وههایکردووە کە کاریگەرى نێگهتیڤی هەبێت لە ڕووى ژینگەییهوه و ببێتە هۆى ناشرینکردنى شارەکە و لە ڕووى دەروونیەوە و تهنانهت هەندێك جار لە ڕووى کۆمەڵایەتیشەوە، کاریگەرى خراپى هەبێت، لە سەر دانیشتوانی شارهكه.
له هەمووشى گرنگتر ئاستى ئەم پەیکەرانە لە ڕووى هونەرییەوە لە نزمترین ئاستدا خۆى دەبینێتەوە. نموونەش بۆ ئەم (بێ پلانیە) سەنتەرى شارە واتا ( بەردەركى سەرا ) کە تاوهكو ئێستا (9) نۆ پەیکەری لهو جۆره، لەو شوێنە بوونى هەیە! نۆهەم دانە (پهیكهری شاره). ئەمە خۆى بۆ خۆى بەڵگەیەکە بۆ ئەو بێ پلانیە کە لەم شارەدا ڕوودەدات. دەبێت هاوڵاتیانی ئەم شارە باجى هەڵەکانى ئەم بێ پلانیە بدهن بە بەریهکەوتنى بەردەوامى ڕۆژانەیان لەگەڵ ئەم پەیكەرانەدا. لێرەوە من پێشنیاردەکەم بە گواستنەوەى ئەم پەیکەرانە لە شوێنەکانیانەوە بۆ کارگەى جگەرە بە شێوەیەک کە بەهیچ جۆرێک زەرەر و زیانێک بەر ئەو پەیکەرانە نەکەوێت لە کاتى گواستنەوەیدا وە دووبارە دانانیان بە هەمان شێوە لە نێو کارگەى جگەرەدا.