دەبینم لە دەرگاکەوە دێیتە ژوورەوە، هه‌ندێك جار کچه‌كه‌میت، هه‌ندێك جار کوڕه‌كه‌میت، هه‌ندێك جار هەردووكتانن پێکەوە. لەو کاتەدا، من له‌سه‌ر كورسییه‌كی دارین دانیشتووم، به ده‌ستی له‌رزۆكه‌وه خوری ده‌چنم، لەگەڵ تێڕووانینتدا، فرمێسکە قەتیسه‌كانی چه‌ند ساڵه‌م، بە قورسایی ئاسن لە چاوەکانمەوە، دەکەونە خوارەوە، قاچەکانم بە بارستایی شاخێکەوە بە زەوییەکەوە دەلکێن، ناتوانم بەرزیان بکەمەوە و ناتوانم لە جێی خۆم هەستم … دەبینم لە دەرگاکەوە دێیتە ژوورەوە، هه‌ندێك جار کچه‌كه‌میت، هه‌ندێك جار کوڕه‌كه‌میت، هه‌ندێك جار هەردووكتانن پێکەوە. لەو کاتەدا من بە پێوەم، قاپ دەشۆم یان پەڕۆیەکم پێیە و چوارچێوەی تابلۆ هەڵواسراوەکان، لە تۆز، خاوێن دەکەمەوە. کە گوێبیستی دەنگی پێت دەبم، ئەژنۆکانم شل دەبن، وەک ئەوەی لە ساتێکدا، هەرچی ئێسکەکانی جەستەمە، ببنە خۆڵ و بە ژوورەکەدا پەرش ببنەوە، بە پێوە خۆم بۆ ناگیرێت و دەکەوم …
سەختە، هاتنە بەر چاوی وردەکاری ئەو شتانەی کە لە کۆندا ڕوویانداوە و ئەو شتانەش کە دەکرێت ڕووبدەن، ئازاركێش و تاقەتبه‌ره. من دەزانم، هەر ڕابردوویەک کە بە ئێشه‌وه یان بە چێژەوە لە زەینمدا ماوە، هێشتا تێمنەپەڕاندووە، بۆیە سڵ لە بەرکەوتنی دەکەمەوە، یاخود بە پێچەوانەوە، توند دەستم پێوە گرتووە و نامەوێت لێی دوور بکەومەوە. دیارە هەموو داهاتووش لە پێشبینییەکانمدا، هەڵگری هەمان خەسڵەتە، بەس ئێوه … ببەخشن، هەڵبەت مەبەستم ئەوە نییە کە بە بوونتان لە بیرکردنەوەکانمدا بێزاربم، درۆش دەکەم ئەگەر بڵێم ئاسوودەم، ببه‌خشن، به‌ڵام پێویسته ڕاشكاو بم له‌گه‌ڵتان، پێویسته هه‌موو شتێكتان وه‌كوو خۆی پێ‌بڵێم.
پێم بڵێ، تۆ ئه‌و هه‌سته‌ت ئه‌زموون كردووه، ئایا سه‌رنجی ئه‌و بارودۆخانه‌تداوه كه جوڵه و ڕووداوی زۆر زۆر بچكۆله، كاردانه‌وه و ده‌رئه‌نجامی زۆر گه‌وره و چاوه‌ڕواننه‌كراویان لێكه‌وتبێته‌وه؟ یان به پێچه‌وانه‌وه، كاتێك بابه‌تگه‌لی گه‌وره، زۆر هیچ و بێبایه‌خ ده‌كه‌ونه‌وه؟ ئه‌مه له‌گه‌ڵ مندا، زۆر ڕوویداوه. هه‌ر ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی به هه‌موو پێوابوونی خۆمه‌وه، ده‌ستم بردبێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كۆڵه‌پشتێك كا، به‌ڵام كۆڵه‌پشته‌كه، چه‌و و چیمه‌نتۆی له ناواخندا بووبێت، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو هێزم كۆكردبێته‌وه بۆ پاڵنانی ته‌نێك كه قورسایی گاشه‌به‌ردی هه‌بێت، به‌ڵام ته‌نه‌كه، به كێشی ته‌به‌دۆره‌وه جوڵابێت و ملیشمی پێوه شكابێت. به‌ڵێ، زۆرجار خۆت ته‌واو بێخه‌به‌ریت له‌وه‌ی قه‌ده‌ر بۆتی ڕێكخستووه، كه‌چی قه‌راره به‌رپرسیارییه‌تی هه‌موو شت له ئه‌ستۆی خۆت بێت!
ده‌زانیت، كۆنترین دیمه‌نی منداڵییم كه له یاده‌وه‌ریمدا هه‌میشه وه‌ك سه‌عاتی سفر به خورپه‌یه، ڕۆژی تاسانه گه‌وره‌كه‌مه. ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌گه‌ڵ دایكم و باوكمدا بۆ سه‌یران چووبووینه قه‌راغ شار و له‌سه‌ر گردێك، دوور له قه‌ره‌باڵه‌غی، له‌ژێر سێبه‌ری دره‌ختێكی گه‌وره‌دا لاماندابوو. ئه‌و ده‌م دایكم به منداڵی دووهه‌می دووگیان بوو، باوكم زوو زوو پێیده‌گو‌وت، ده‌ست مه‌ده هیچی قورس، خۆت هیلاك مه‌كه، خۆم كاره‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌م. من هه‌موو وه‌خته‌كه سه‌رقاڵی بازنگه تازه‌كه‌ی ده‌ستم بووم، بازنگه‌كه‌م ڕستێك مورووی دوو ڕه‌نگ بوو، مورووی شین و په‌مه‌یی، به داوێكی لاستیكی باریكه‌وه، ده‌وری مه‌چه‌كمی دابوو، به ده‌سته‌كه‌ی ترم به‌رده‌وام لاستیكه‌كه‌یم ڕاده‌كێشا و مورووه‌كانیم ده‌ژمارد و له‌به‌رخۆمه‌وه ده‌مگووت ئه‌م په‌مه‌ییه منم، ئه‌م شینه براكه‌مه، ئه‌م په‌مه‌ییه منم، ئه‌م شینه براكه‌مه، له‌ناكاو بازنگه‌كه‌م پچڕا، مورووه بچكۆله‌كانم به‌سه‌ر لێژاییه‌كه‌دا گلۆربوونه‌وه، پڕ به خۆم زریكاندم و به عه‌زره‌تی كۆكردنه‌وه و گرتنه‌وه‌یانه‌وه ڕامكرد، خێراتر له‌وان به‌سه‌ر گرده‌كه‌دا خلبوومه‌وه. هه‌موو ڕووداوه‌كه له چه‌ند خوله‌كێك تێنه‌په‌ڕی، وه‌ختێك له خوار یاڵه‌كه‌وه به ده‌ستی به‌تاڵ و به چاوی پڕ له فرمێسكه‌وه، ئاوڕم بۆ لای دایكم و باوكم دایه‌وه، واقموڕما، كه بینیم هاوكات له‌گه‌ڵ خلۆربوونه‌وه‌ی من و ده‌ستبه‌نه پچڕاوه‌كه‌مدا، له‌وسه‌ری شه‌قامه‌كه‌وه، لۆرییه‌ك به هۆكاری بوونی تاسه و چاڵوچۆڵی زۆر له جاده‌كه‌دا، هاوسه‌نگی له‌ده‌ستداوه و له ڕێ لایداوه و به خێرایی به‌رق باوكم و دایكم و كۆرپه‌كه‌ی ناو سكی و دره‌خته گه‌وره‌كه‌شی شێلاوه! ئای ئازیز، ئه‌گه‌ر جیهان ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره دروستی كردبێت، دونیای من، له‌دوای ئه‌و تاسانه گه‌وره‌یه‌وه، قه‌ت سه‌ر خۆی نه‌هاته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی دایكم و باوكم خوشك و برایان نه‌مابوو، من تا ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری هه‌ر ماوه‌ی له ماڵی ناسیاوێك ده‌ژیام. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ماڵ و ئه‌و ماڵكردن تا بڵێیت دژوار و ناخۆش بوو بۆم، به‌ڵام له‌ناو منداڵیمدا، گه‌وره‌ییه‌ك، به‌رده‌وام دانی خۆڕاگری ده‌دا پێم، به‌رده‌وام له چاوه‌ڕوانی ڕۆژانێكی باشتردا، سه‌ركه‌ش و بێده‌ربه‌ست ناهه‌موارییه‌كانم به‌ڕێده‌كرد و بێ‌باك بووم له هه‌ر كۆسپ و كه‌نده‌ڵانێك بێته ڕێم. هێشتا له قۆناغی دواناوه‌ندی بووم، كاتێك شووم به یه‌كه‌م كوڕ كرد كه هاته خوازبێنیم. خه‌ونی گه‌وره‌م هه‌بوونی ماڵ و خێزان بوو، هاوسه‌ره‌كه‌مم خۆش‌ویست و بووه هه‌موو كه‌سم. له‌گه‌ڵیدا ڕۆژانێكی ڕووناك ژیام، سكم به جمكێكی نێر و مێ پڕ بوو، له خۆشیاندا دیواره‌كانی ماڵه‌كه‌م پڕ كرد له تابلۆی منداڵی دووانه، به ئه‌ندازه‌یه‌ك دڵخۆش بووم، ده‌مگووت ئیدی هیچ شتێك توانای دڵته‌نگكردنی منی نابێت. تا پاشنیوه‌ڕۆیه‌ك له به‌رهه‌یوانه‌كه دانیشتبووین، ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌م پیشانی هاوسه‌ره‌كه‌م ده‌دا كه بۆ ساواكانمانم كڕیبوو، ده‌مگووت سه‌یركه، ئه‌م كراسه په‌مه‌ییه قشته بۆ كچه‌كه‌مان، ئه‌م كڵاوه شینه جوانه بۆ كوڕه‌كه‌مان … له‌و ساته‌وه‌خته‌دا، ئه‌وه‌ی كه له خه‌یاڵی ڕووداندا نه‌بوو، ڕوویدا، له‌ناكاو گوله‌یه‌كی وێڵ، ناوچه‌وانی هاوژینه‌كه‌می پێكا! ئای جه‌رگم، وشه نییه وه‌سفی ئه‌و دیمه‌نه بكات، ناشمه‌وێت ئاوه‌زی ئێوه ئه‌و تراژیدیایه وێنا بكات، به‌ڵام لێره‌وه، لێره‌وه من بۆ جارێكی تر و تاهه‌تا ته‌نیابوومه‌وه، ئه‌گه‌ر پێشتر وه‌ك منداڵێك، چاوی به‌زه‌یی و سۆزی ئه‌وانیترم له‌سه‌ربوو، له دوای ئه‌و ڕووداوه‌وه، چاوی ته‌ماح و غه‌دری خه‌ڵكی، وه‌ك گه‌له‌گورگ هه‌میشه به‌دوامه‌وه بوو.
ببووره په‌رتم و زۆر ده‌ڵێم، ببووره نامه‌وێت هه‌ڵبێم، ده‌زانم تۆ شه‌كه‌تی پرسیارێکی گەورەیت، دەزانم وەڵامێکی ڕوونت دەوێت لێم. به‌ڵێن بێت، هه‌موو شتێكت پێ ده‌ڵێم، ته‌نها هه‌ندێك پشوودرێژبه له‌گه‌ڵم، هه‌ندێكی تر دواپارچه‌ی وێنه ناته‌واوه‌كانت ده‌ده‌مێ و خۆت سه‌رپشكبه له ته‌واوی حیكایه‌ته‌كه، چی له سه‌رزه‌نشت و تێگه‌یشتن ده‌ده‌یت پێم.
پاش چه‌ند مانگێك له له‌دایكبوونی دووانه‌كه‌م، قه‌رزی دونیا‌م له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه بوو، به‌جارێك قه‌رزاری خاوه‌نخانوو، دوكانی به‌قاڵ، فرۆشگای وشكه و شیر و دایبی و سووته‌مه‌نی بووم. هه‌مووان له یارمه‌تیدانم بێزاربوون، كه‌س خوڵقی هاوكاریمی نه‌مابوو. سه‌ختتر له هه‌مووی، وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكم پێ شكبه‌رن، به ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، به به‌رامبه‌ر و به له‌بری دانان، سه‌وای مه‌یل و سه‌وای له‌شولاریان ده‌كردم! ته‌حا، له‌و بازاڕی ڕیسواییه‌دا، كاڵا چ گران و مرۆڤایه‌تی چ بێ‌نرخ بوو، په‌كوو له‌و بازاڕه پڕ ڕسوایه‌دا، ئاوه‌ز چه‌نده فه‌رامۆش و جه‌سته چه‌ند داوای له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام نا، تایبه‌ت له‌م مه‌یانه‌دا نیگه‌رانی ته‌نهاییم مه‌به، چوون هه‌میشه توانیومه به شێوازی خۆم، وه‌ك ته‌وارێكی بریندار، چڕنووك له مۆخی گه‌نیویان گیر بكه‌م. هه‌میشه توانیومه به شێوازی خۆم، له‌گه‌ڵ ژێرپێنانی مه‌رامه گڵاوه‌كانیاندا، ڕووی زه‌ردیان پڕ له تف بكه‌م.
هێشتا لە ناو دەرگاکەدان و من توانام نییە بێم باوەشتان پێدا بکەم، بێم بڵێم لەمێژە چاوەڕێتانم یان بڵێم لەم هاتنەتان دەترسام. ڕاستتان ده‌وێت، من شه‌رمه‌نده‌م، ڕاستتان ده‌وێت، من شاگه‌شكه‌م. هه‌نووكه به قوڵپی گریان و به قاقای خه‌نده‌وه، له شێت نه‌بێت، له هیچی تر ناچم، به‌ڵام من ده‌زانم، ده‌زانم به پرسیارێكی گه‌وره‌وه هاتوونه‌ته ده‌رگاكه‌م، ده‌زانم وه‌ڵامێكی ڕوونتان ده‌وێت لێم.
ده‌مه‌و ئێواره‌یه‌كی زستان، هه‌ور پڕ به ئاسمان ده‌یگرمان. ساواكانم پله‌ی گه‌رمیان ئه‌وه‌نده به‌رز بووبوه‌وه، هه‌ناسه‌ی ساردمیان ده‌سووتاند. ترسام له گریانی خۆیاندا بخنكێن، ترسام ئه‌و تا نه‌فره‌تییه گیانیان ده‌ربكات. به‌په‌له پڕمپێداكردن و گه‌یاندمنه به‌رده‌م نزیكترین ده‌رمانخانه كه له‌وه‌دابوون قفڵ له ده‌رگاكه‌ی بده‌ن و دایبخه‌ن. له‌به‌رده‌میاندا، كه‌وتمه سه‌ر چۆك و گووتم تكایه، تكایه كۆرپه‌كانم وا ده‌مرن، ده‌رمانێكم فریاخه‌ن. كارمه‌ندی ده‌رمانخانه‌كه، دوای ئه‌وه‌ی زانی هیچم له پاره و له ڕه‌چه‌ته‌ی دكتۆر پێ نییه، داوای لێبووردنی كرد و جێیهێشتین. ئای ئازیز، من ده‌رده‌سه‌ری زۆرم چه‌شتبوو، به‌ڵام هه‌رگیز دڵمم تاریكتر له‌و ئێواره‌یه نه‌بینیبوو. له‌و كاته‌دا كه سه‌ری دونیا‌م لێهاتبووه‌وه‌یه‌ك، له‌و كاته‌دا كه سیمای ساواكانم شین و مۆر ده‌چووه‌وه و منی ڕه‌نگ په‌ڕیو و سه‌رگه‌ردان، هاوئاواز له‌گه‌ڵیاندا ده‌كڕوزامه‌وه و ده‌منوزاند … سۆپه‌رێكی سپی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه، له‌به‌رده‌مماندا وه‌ستا. له‌ناو سۆپه‌ره‌كه‌دا، ژن و مێردێك هه‌بوون، خانمه‌كه به سه‌رشانێكی شیكی فه‌رووه‌وه، به ده‌سته ناسكه‌كانی، هه‌ڵاوی سه‌ر جامی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌سڕی و وه‌ك ئه‌وه‌ی له جامخانه‌ی كۆگایه‌كدا، له كاڵایه‌كی دڵخوازی گرانبه‌ها ڕابمێنێت، له ئێمه‌ی ده‌ڕوانی. پاش كه‌مێك پیاوه‌كه‌ی هاته لامان، گووتم كاكه تكایه، له دارای دونیا هه‌ر ئه‌م منداڵانه‌م هه‌یه، نه‌خۆشن، برسیانه، پێویستیان به پزیشكه، پێویستیان به هانایه … پیاوه‌كه نوشتایه‌وه، منداڵه‌كانی لێگرتم و گووتی خوشكی من، ئێمه له دارای دونیا، ته‌نها منداڵمان نییه … یادم نییه چیترمان له ڕاز و نیاز گۆڕییه‌وه، به‌ڵام بیرمه، له عه‌لاگه‌یه‌كی ڕه‌شدا، دوو سه‌فته پاره‌ی بۆ به‌جێهێشتم و له‌گه‌ڵ چوونیدا پێیگووتم هه‌ر ئێستا ده‌یانبه‌مه لای دكتۆر، بێخه‌مبه باش ده‌بن! بیرمه شێتگیربووم، زه‌رفه‌كه‌م هه‌ڵگرت و ڕاپه‌ڕیم تا پاره‌كه‌ی بۆ بگه‌ڕێنمه‌وه و پێی بێژم جه‌رگی من بۆ فرۆشتن نییه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده فریاكه‌وتم به دوای ڕۆشتنی سه‌یاره‌كه‌دا ڕابكه‌م و هاوار بكه‌م؛ با چاره‌سه‌ری باش وه‌ربگرن، با پۆشته‌وپه‌رداخ و تێروپڕبن، با بخوێنن، با هه‌میشه پێكه‌وه‌بن، تكایه با له‌یه‌ك نه‌بن …
ئه‌و ئێواره‌یه تا خوا ڕۆژی كرده‌وه، منی سیابه‌رگ و سیاچاره، به گریان و سوێ و عه‌لاگه ڕه‌شه‌كه‌ی ده‌ستمه‌وه، به جاده پڕ له گۆلاوه‌كانی شاردا سوڕامه‌وه. به‌یانییه‌كه‌ی چووم هه‌رچی قه‌رزم هه‌بوو له پاره‌كه دامه‌وه و له پاشماوه‌ی سه‌فته دیناره‌كانم ڕووانی، بۆ ساتێك له خۆم پرسی؛ داخۆ ده‌بێت ده‌ستیان پێوه‌بگرم؟ هه‌ڵیانبگرم؟ خه‌رجیان بكه‌م؟ داخۆ ئه‌مه نرخی ئێوه بوو؟ به‌مه ئاڵوگۆڕم پێكردن؟ پرسیار له‌سه‌ر پرسیار له خۆمم ده‌كرد و وه‌ڵامی ڕاسته‌وخۆم به (نا) و (نه‌خێر) و (هه‌رگیز) بۆ هه‌ر یه‌كێكیان ئاماده و حازر بوو. له‌و ساته‌دا كه له ناو پرسیار و وه‌ڵامه‌كاندا گێژم ده‌خوارد، له‌و ساته‌دا كه قێزم له دراو ده‌هاته‌وه و بێمنه‌تی ده‌ست ده‌رده‌سه‌ری بووم، هه‌رچیم پێمابووه‌وه، له كۆڵان تا ده‌ستم گه‌یشت تووڕمدا و به‌ده‌م گریانه‌وه، پێده‌كه‌نیم كه ده‌مبینی پاره‌كان به‌ناو جۆگه‌له‌ی قوڕوچڵپاو‌دا ده‌خزێنه زێرابه‌كانه‌وه …
ئای ئازیزم، ئازیزه‌كانم، من كه ڕێكه‌وتی بێئه‌رزش و جوڵه‌ی بچكۆله بچكۆله، كه‌لێنی گه‌وره گه‌وره‌یان كردووه‌ته ژیانمه‌وه، هه‌میشه‌ش باوه‌ڕداربووم كه ده‌شێت ڕۆژێك حه‌ره‌كه‌یه‌كی له‌پڕ و لابه‌لاش، ته‌واوی زینده‌گیم به‌ره‌و باشی ببات. بۆچی نا، من كه بێستانی پڕ به‌رهه‌مم، له ساتێك‌دا بووبێته خاكه‌سار، من كه خه‌ونی به‌دیهاتووی ته‌مه‌نم، له ساتێك‌دا بووبێته تراویلكه، بۆ نابێت ڕۆژێك گه‌ر به په‌رجووش بێت، دره‌ختی به ساباتی حه‌وانه‌وه و ئاسووده‌گیم، له چڵوچێوی به‌سوتووبووی ئاته‌شگه‌ی چاره‌نووسمه‌وه سه‌وز بێت و سه‌رهه‌ڵدات … من له ده‌می له‌ده‌ستدانتانه‌وه، ئومێده‌وار و چاوه‌ڕێم، ڕۆژێك به‌هه‌ر هۆكارێك بێت، قه‌ده‌ر ڕێتان بگه‌یه‌نێته ماڵه‌كه‌م … به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ڕۆیشتنی داڵغه‌مدا؛ ده‌بینم له ده‌رگاكه‌وه دێنه ژووره‌وه، هه‌رجاره‌و یه‌كێكتانن، هه‌ندێك جار هه‌ردووكتانن پێكه‌وه، له‌و كاته‌دا، من دانیشتووم، له شلیله خوری په‌مه‌یی و شین، ملپێچ و ده‌سته‌وانه‌تان بۆ ده‌چنم … له‌و كاته‌دا، من به پێوه‌م، به تاسه‌ی چه‌ندین ساڵه‌وه، له تابلۆی منداڵه دووانه‌كان ڕاده‌مێنم …
May 2018