فه‌رهاد چۆمانی

Loading

ئێمە لێرەین، لەنێو کۆمەڵگەی حیزبدا دەژین. کۆمەڵگەی حیزب وەک هاوواتای ئەو کۆمەڵگە داخراوەی هێنری بێرگسن پێناسەی کرد و کارڵ پۆپەر پەرەی پێدا. ئەگەر هەر قۆناغێکی حکومڕانیی کوردی پێناسەیەکی بۆ دابنێین، لە سەرەتاوە کۆمەڵگەیەک لە نێوان هیواداربوون و خەیاڵشکاندا جۆلانێی پێ کراوە و هەڵدێراوە. سەرەتای دەیەی نەوەدەکان “ساڵانی هیواداریی” ناوەڕاستی دەیەی نەوەدەکان “ساڵانی خەیاڵشکان” و ساڵانی سەرەتای سەدەی ٢١ “ساڵانی دووبارە هیواداربوونەوە” و کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی ٢١ “دووبارە خەیاڵشکانەوە … ئەگەر ئەم نەبزەیە وەک لێدانی دڵی مرۆڤێک لەسەر ئامێری هێڵکاریی لێدانی دڵ دەستنیشان بکەین دەبینین؛ هیوای نێو دڵی کورد لە باشووری کوردستان هەر تا دە ساڵی یەکەمی سەدەی ٢١ دەمێنێ و دەبێتە ڕاستەهێڵێک، وەک ئاماژەیەک بۆ مردنی.

 

فۆتۆ؛ به‌شدار سامی

دەکرا باشووری کوردستان زێدەتر پێشبکەوێت، ئەوەی ئێستا وەک دەمگۆ و بانگەشەیەکی ناوبەتاڵ دەڵێن “نموونەی هەرێمی دیموکراسیی ناوچەکە” و “گواستنەوەی ئەزموونی باشووری کوردستان بۆ…” دەکرا بەحەق بکرێتە نموونەیەکی جوانی پەیڕەوکردنی ئازادییەکانی مرۆڤ و گەشەدانی دیموکراسیی و پێشکەوتنی ژیاریی و کولتووری، بە جۆرێک ئەو پێشکەوتنانە لەگەڵ خۆیدا پێشکەوتنی ئابووری و بەهێزکردنی پێگە و شوناسیش لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە لەباتی ئەمە بووە “کۆمەڵگەی حیزب”. کۆمەڵگەی حیزب بەو مانایەی حیزب بازنەیەکی داخراوی گەورەیە و هەر کەسێک بکەوێتە دەرەوەی ئەو بازنەیە پەراوێز دەخرێت. کۆمەڵگە زیاتر بەسەر خۆیدا داخرا، حیزب و دینداریی و نەتەوەپەرستیی گەورەبوون و لەباتی گەشەی ئابووری؛ هەلپەرستی و ئابووریی کەسە هەلقۆزەکان تەقینەوە و چەکەرەیان کرد. ئەوەی وەک “پێشکەوتنی ئابووریی کوردستان” ناوزەد کرا و دواتر بووە دروشمێکی فشەڵی وەک “ئابووریی سەربەخۆ” جگە لە هەڵگێڕانەوەی ڕێکاری سروشتیی پێشکەوتنی هەر نەتەوە و کۆمەڵگەیەک، هاوکات بووە چەکێک بۆ لێدان لە هەر پڕۆژە و بەرنامەیەک، کە بە دیوە ڕەخنەییەکەی ویستبێتی ڕەخنەی ئەو گەشەکردنە بکات و مەترسییەکانی گەشەکردنی دەسەڵاتێکی تۆتالیتاریزم لە باشووری کوردستان بخاتەڕوو. “ئاوسانی گیرفانی هەلپەرستان” دێوی حیزبی گەورەتر کرد، بە جۆرێک گەورە و قەبە بوو هەر کەسێک لە ماوەی ئەو چەند دەیەی دەسەڵاتدارێتی کوردی ویستبێتی “لەپڕێ ببێتە کوڕێ” خزاوەتە نێو ئەو ئەسپی تەڕوادەیە و لەنێو دێوی حیزبدا بە ئامانجی ناشەرعی خۆی گەیشتووە. کاتێک هەموو سەرنجەکان لەسەر خزانە نێو ئەو دێوە گەورەیە بوون، هیچ کەسێک، بە ڕۆژنامەنووس و کەسانی سەربەخۆ و ئەکادیمیشەوە ئاگایان لە پاشەکشێی کولتوور و ئەدەب و هونەر نەبووە. کەس ئاوڕی لە زیادبوونی جیاوازی چینایەتی نەداوەتەوە، ئاوڕ لە جیاوازی جێندەری نەدراوەتەوە، زمانیی کوردی لە پاشەکشێیەکی مەترسیداردا بووە و هیچ دامەزراوە و لایەنێک بەلایەوە گرنگ نەبووە. -بۆ هەموو ئەمانە واز لە دروشمەکان بێنە، کە لەم بوارانە و زیاتریش دەسەڵاتی حیزبە کوردییەکان هەمیشە دروشم و گوتاری زۆروزەوەندیان ئامادەبووە و هەیە-.

 

سندووقی هەڵبژاردن هیچ وڵاتێک ناکاتە وڵاتێکی دیموکراسی، ڕۆژنامەنووس و نووسەر و ئەکادیمیسیەنانەی کە دەکرا ئومێدیان لەسەر هەڵبچنرێ بوونە نیوەبازنەی تەواوکاریی بازنەی دەسەڵاتی تۆتالیتاری باشووری کوردستان. کەم جار وابووە دەسەڵاتی حیزبە کوردییەکان هەر بەو جێباوەڕ و ئومێدانە بەرگری لە خۆیان نەکەن و نەڵێن “ئەوەتا ئازادی هەیە، ڕۆژنامەی ئازاد هەیە و کەسانی ئازاد جوێنمان پێ دەدەن!” و لەپاڵ ئەم بانگەشە لەخشتەبەرانەیەش زیاتر و زیاتر بازنەی ئازادی ڕۆژنامەگەرییان بەرتەسک کردەوە. دوالیزمەکانیش لەم سەرەتایەوە دەستیان پێکرد؛ لە ئێمەی یان لە ئەوان، پارتی یان یەکێتی، لە زۆنی سەوزی یان زەرد، دەسەڵاتی یان ئۆپۆزیسیۆن، لەگەڵ دەوڵەتی کوردی دایت یان دژیت… ئەم جارە ئەم دوالیزمانە وەک گەردیلەکانی ئەتۆم وردتر کرانەوە: لە دەسەڵات یەکێتی یان پارتی، لە ئۆپۆزیسیۆن ئیسلامییەکانی یان گۆڕان، گۆڕانی یان نەوەی نوێ، نەوەی نوێی یان…. ئەم دوالیزمانە هەر تەنیا دابەشکردنی تاکەکان نەبوو بەسەر تێڕوانین و چۆنیەتی بیرکردنەوەیان، بەڵکو کاتیگۆریکردنی تاکی کورد بوو بەسەر “دوژمن” و “دۆست”دا. هەر کەسێک ڕەخنەی لەم دۆخە گرتبێت بە “دژە دەسەڵات و حوکمڕانیی کوردی” ناوزەدکراوە، لە بازنەی حیزب کراوەتە دەرەوە، کراوەتە “خائین”، بە “جەماعەتی گردەکە” زانراوە. مۆدێلی هەرە کۆمێدی، لە ڕاستیدا تراژیۆکۆمێدی فرەحیزبی ئەوەتا لای ئێمە؛ لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ئەو چەمکەی شەڕی کراوە و سڕاوەتەوە “ئەویتر” بووە. دەسەڵاتی حیزبە کوردییەکان فۆبیای بەرانبەر “ئەویتر” هەبووە. هەر کەسێک وەک خۆی بیری نەکردبێتەوە “ئەویتر” بووە. ئەم شەڕە وایکرد تاکی کوردی نەک هەر بە ئەندامانی حیزبێکی تر نامۆ بن، بەڵکو بە شار زۆن و شاری دیکەش نامۆ بن. کۆمەڵگەیەکی هەڵوەشاوەیان لە “تاکی نامۆ” دروست کرد. کە لە هەموو شتێک تووڕەیە، تف لە هەموو شتێک دەکات، تا بە پیرۆزییەکانی خۆیشی دەگات. تا تف لە پرەنسیپ و بنەمای بیرکردنەوەی خۆیشی. تا ئەوەی پەلاماری خۆی بداتەوە و وەک دووپشکێک لەنێو گەمارۆی ئاگردا بەسەری خۆیەوە بدات. ئەوەی خەمێکی گەورەیە حیزبەکانی تر کاریان لەسەر کۆکردنەوەی “ئەویتر” نەکرد، کە لەم کۆمەڵگەیەدا “ئەویتر” واتە هەموو ئەو کەسانەی لەلایەن دەسەڵاتی حیزبە کوردییەکانەوە خراونەتە پەراوێزەوە و بێسەرپەنان. لەجیاتی ئەمە هەموو ئەو حیزبانەی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات بوون ئەم جارە هاتوون شەڕی سڕینەوەی چەمکێکی تریان کردووە، سڕینەوەی “جیاوازی” بەڕاددەیەک فشاریان کرد تا گەیاندیانە جیلاکردن و سڕینەوەی هەر جیاوازییەک، کە بشێ ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتیان، ئازادیخواز و دەسەڵاتخوازیان، دیکتاتۆر و لیبڕاڵیان، گۆڕانخواز و مەلاپەروەریان لێک جودا بکەینەوە. ئێستا ئەگەر گۆڕانخوازێکی سەرسەختیش بیت کێشەیەکی ئەوتۆت نابێ لەگەڵ ڕێبازی پارتی و بارزانی، ئەگەر هاودید و نەوەی نوێش بیت هیچ دابڕانێکت لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی دروست نەکردووە ببێتە ماکی جیاوازی و کەلێنی نێوانتان.

 

چونکە ئەم کۆمەڵگەیە لە ڕووی بەپیرۆززانینەوە چارەنووسی خۆی دایە دەست کۆمەڵێک سیاسی کە تا ئەودەم هەر بەو کێوانەوە بوون، کە دێنە شارەکان دەچنە کۆشکەکان و لەو بەرزەوەڕا، بە فەرمانی دەرەکی حوکمی نەتەوەیەکیان کرد، هەر کاتێک سەر هەڵببڕی و بەرگری لە ئازادی بکەیت دەڵێن “دەستی دەرەکییە”، بەرگری لە ئازادی ئایین بکەیت دەڵێن “لە دین وەرگەڕاوە” داوای ماف و یەکسانی نێوان ژن و پیاو بکەیت دەڵێن “داوای بەرەڵایی دەکات”، بەرگری لە شەهید و قوربانییەکانی دەستی ئەوان بکەیت دەڵێن “ژێربەژێر دەستی لەگەڵ دەزگایەکی هەواڵگری وڵاتانی دراوسێ تێكەڵە. لەم دۆخەدا کۆمەڵگە ناتوانێ پشت ڕاست بکاتەوە. ناتوانێ بیربکاتەوە و ژیانێکی تر ئەزموون بکات. مێژووی لای ئێمە چیتر مەحکوم نییە بەوەی بەرەوپێشەوە دەچێت و پێشدەکەوین، نەخێر، ئێمە لەنێو خولخواردن و چەقبەستنێک داین، کە بەسەر هەموو ئەگەرێکی هەستانەوە، گۆڕین، هۆشیاربوونەوە و تووڕدانی ئەو نۆڕمەی تا ئێرە بە هەنگەشەلێ پێی هاتووین داخراوە. ئەمە دەڵێم چونکە ئەوەی ئێمە دەکوژێ ڕەشبینی و تاریکی ڕەها نییە، هێندەی ئەو ئومێدە نیوەمردووەیە کە دوای هەر “بەڵام ، لەگەڵ ئەوەشدا” یەک بە زماندا دێنین و پێمان وایە هەر باشە حوکمی کوردیمان هەیە، بەڵام ناپرسن ئازاری ئەوەی کوردێک بە هەمان ئەداتی جەلادێکی داگیرکەر کۆمەڵگەکەت وێران بکات چەندە زۆرە. دەڵێن؛ ڕاستە هەموو ئەمانە هەن، بەڵام ئەوەتا پەرلەمان و حکومەت و یاسا و دەستوور و دادگامان هەن. دیسان هەر کاتێک ئەمەم گوێ لێدەبێت گوێم لە قاقای بەربەر دەبێت کە هەر جارە و لە لایەک دەمانڕووتێنێتەوە.

 

ئەوەی لێرەدا بەلامەوە گرنگ بووە بیڵێم؛ بۆ دەرچوون لە چنگی ئەم دێوە دێوانەیە شۆڕشێکی هۆشیارییە لەسەر ئاستی کولتووریی و پەروەردەیەکی سەردەمی، بە واتای شۆڕشێکی نەرمە، دەکرێ میکانیزمەکەی ڕێکخراو بێت لە چێوەی گرووپێکی بەرفراوان و بەدوور لە هەیاهووی میدیایی، ئەمەش بۆ ئەوەی نەچێتە ڕیزی ئەو پنتانەی لەم کۆمەڵگەیە پێویستە بگۆڕێن و شێوەی ئەوان بگرن. لەم دەیەی دواییدا بۆمان دەرکەوت نە خۆپیشاندان، نە ناڕەزایی، نە مانگرتن، نە دروستکردنی حیزبی سیاسیی (تازە)، نە چالاکی مەدەنی و لە هەموویشی ساویلکانە و بێکاریگەرتر: نە هاشتاگ دەتوانن ئەم دۆخەی باشووری کوردستان بگۆڕێ. ئەمەش زۆر بەسادەیی بەوە دەکرێت کە ڕووی ڕەخنەکان لە کۆمەڵگا و تاک بن نەک لە سیاسی و حیزبە سیاسییەکان، وەک چۆن دەرمانی دژە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان پەرەیان پێ دەدرێت، هاوکات ڤایرۆسەکانیش قەڵغانی دژە دەرمان بەهێزتر دەکەن و بەرگەگرتر دەبن، بە هەمان شێوە حیزبی سیاسییش لە هەمبەر هەموو ئەو چالاکییانەی سەرەوە ئاماژەم پێدان میکانیزمی بەرپەرچدانەوە و بێبەهاکردنی دۆزیونەتەوە. کارکردنی ڕێکخراو بۆ ئەم هۆشیارییە سەرەتایەکی نوێ و قۆناغێکی تازە دەبێت لە باشووری کوردستان، کە بیری لێ کراوەتەوە و کاری بۆ دەکرێت. داهاتوو پێوار و لەبار نییە تا ئێستا کاتی پشوودان بێت، بۆ ئەوەی چیتر گوێمان لە قاقای بەربەر نەبێت، دەبێ مشووری ڕێگە بخۆین.

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.