خـەون
نەژاد عزیز سورمێ
(شەو) لە ژێر لێفەی ھەوران ئارامی گرتووە…
ئاوازی باران پرووشان.
شازادە چاوی بە کڕێوە ڕشتووە..
قامیشی لێواری (ئابزۆ)(1) ی پۆشیوە..
بەخشڵی پەرستگای پاییزیی (نینئەننا)(2) خەمڵێوە…
بەیانی بەم شکۆ و بەرزییەوە
باران دێ کێشمانەی خۆی دەدا
چارۆگەی ڕێژنەدار ،
بە کێڵگەی سکداوی دمووزی(3)دائهدا..
(ڕۆژ) لە ژێر ساماڵی چاوی گەش کەوتووە..
کڵپەی گیان سووتان ،
شازادە ڕووت و قووت
لەبەردەم حەفتەمین ئاستانە ،
بارانی پشکۆی لە چاوە..
ھەر بینا شەو داھات
ھەر بینا تریفەی حەوتڕەنگی شازادە،
ختۆکەی شەوی ژێر لێفەی ھەوری دا.
ھەر بینا کڵپەی گیان سووتان
بەیانی (ئوور) و (نیپۆر)ی بەردا.
نیسانی 1987
- ئابزۆ (Abzo ئیشارەتە بۆ ئاوە ئەزەلیەكەی سەربردەی خوڵقاندن.
(2)ئینەننا (nin-an-na) كچی ئاسمان – (عەشتار).
(3)دمووزیDumiuzi) ) تەممووز.