پێشەوا کاکەیی شاعیر

سێ نالییەکە


ڕۆژمێری ئەدەبی

Loading

سێ نالییەکە

پێشەوا کاکەیی

سپێدە بوو، بە خۆم و گوێدرێژەکەمەوە دە ڕێ کەوتین، بەنێو دۆڵەکاندا شۆڕ دەبووینەوە و بە دەشتاییدا شامان بە سەپان نەدەزانی و بە گردەکانیشدا هەڵدەگەڕاین و دادەگەڕاینەوە. جار جار لەو ڕێیانەدا، شوان و گاوان و مەڕدار دەنگیان دەدام دەیانگوت ئەهۆی کاکی غەریبە، وێگەڕێن بەوێ لایەدا، ئەم قەمچییە پڕ ئەڵغامە. ئیدی لە ڕێ، لامان دەدا و ئاومان دەخواردەوە، جار جار ئالیکم دەدا بە گوێدرێژی ئازیز و ئاوها ملمان دەوێ ڕێیانە نابوو. بەنێو هەر گوندێکدا یان دێ و لادێ و ئاواییەکدا ڕۆیشتباین، جا لە هەر ماڵێک بوایە، گوێدرێژەکەم ڕادەگرت و دەچووم پارووە نانێکم قووت دەخوارد. پێیان سەیر بوو، کە ئەمن شاعیرم و دەگەڵ گوێدرێژدا دە ڕێ کەوتووم بەنێو گوند، لادێ، دێ، ئاوایی، شارەدێ، شارۆچکە، کێو و دەشتودەر، گرد و تەپۆڵە، دۆڵ و هەتاوەکینێ بەنێو شاریشدا دەڕۆم. ڕێم زیاتر دوورودرێژتر بووەوە، چەندی هێنام و بردم و حەولم دا ڕێ کورت بکمەوە تا نەپسێم دە ڕێدا، هیچ فایدەی نەبوو، چەند شەووڕۆژێکم پێچوو؛ دەی نەدەکرا جادەوجاد بە ڕێگا قیرتاوییەکاندا هاتباین، لە ڕێ، ئەمن و گوێدرێژیان ڕادەگرت، سەدان هۆڕنەیان بۆ لێ دەداین. سەدان وێنەیان دەگرتین و دواتر لە تۆڕە گاڵتەجاڕییەکان بە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستیان پێدەکرد و دەیانگوت ئەها سەیری نالیی سێیەم بکەن، ئەوە چ شاعیرێکە بە گوێدرێژەوە بەنێو مەملەکەتی ئی دەخۆندا دەگەڕێت! تاوێک موبایلەکەم دە باغەڵم دەر هێنا و چاوێکم پێدا گێڕا. وێنەیەکی منیان گرتبوو کە خۆم و گوێدرێژ بەوێ ڕێیانەدا دەڕۆین. لە جادە لاماندا، گوتم نەوەک لەوسەریش پۆلیسی هاتووچۆ داوای ئیجازەمان لێ بکات و گوێدرێژەکەم لووشکەیەکی لێ بدات.

وەختی ئەنگۆرەیەکی پاییزی ساڵی دووهەزار و بیستوسێ بوو، گوتم ئۆخەیش خۆ گەیشتمە گوندی مۆردینی شارەزوور، چ گوندێک، ڕێک بۆنی خاکەکەی منی گەڕاندەوە سەدەی سێزدەی زایینی. (ئاــــی هەیئـــ خوایەگیان)ـێکم کرد و هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا.

خەڵکی گوندی چاوەڕێی من بوون، وایان زانی غەریبەم، نەیان زانی نالیی سێیەمم. تاوێك پاڵم وە گڵگۆی پیر نالییەوە دا، هێند شەکەت ببووم، خەوێکم بە گژدا هات، پێڵووی چاوم بۆ هەڵنەدەهاتەوە، بە حاڵ گوێدرێژەکەم دەبینی کە بەرەو گوند ملی دە ڕێیە ناوە و ئیدی خەوم لێکەوت.

چ خەوێک…

کە چاوم بەوێ گڵکۆکەیە کەوت، یەکسەر بیرمی جووڵاند. پەککوو! هەر نەمزانی لێرەیش نییە، بەڵکوو وەها بردبوومیە نێو جیهان و زەمانی خۆیەوە، لێکدان لێکدان تەکبیرم دادەنان و دەمگوت: خۆ ئەوە ئەو منداڵەیە چاوی بە دنیا هەڵهێنابوو و دواتر بە پیر نالی ناسرا و وا ئەمنیش لەگەڵیدام. ئیدی چەرخی چەپگەرد منی داماوی وەها لێکردبوو، بچمە نێو دنیای گەنجێتیی پیر نالییەوە. گوتم: ئای لە باوکت پیر نالی! شێخ عەبدوڵڵا چ مرۆڤێکی بە مەعریفەت و دانا بوو، خودا ڕۆحی شاد بکات. بەڵێ هەر خۆم دەزانم چ دانایەکی بە نێوبانگی ناوچەکە بوو. ئەمن دەزانم هەر لە تەمەنێکی زووەوە، باوکت- شێخ عەبدوڵڵا، ئینگۆ و خەڵکی گوند و دێهات و ئاواییشی فێرە زانستە ئیسلامییەکان و ئەدەبیاتی کردبوون.چییە پیر نالی بیرت چووەتەوە؟ یان داری ماریفەتت، تۆزی بابردووی گەنجێتیتی تەکاندووە و وا لەنێو ئەوێ کۆلکەدارانەدا خۆتت لێ شاردوومەتەوە؟ ئەمن ئەوێ ڕێیە دوورەم دەبەر تۆ بڕیوە، هەی دەبەرت مرم، ئەوە لە کوێی وەرە سوێم، با بتبینم.

پیر نالی بە دەنگ هات و فەرمووی: نالیی سێیەم بە خێرێیت، ئەمن کەی بیرم چووەتەوە، ڕاستە گەنجێکی زیرەک و تینووی زانست بووم؛ هەر لە دێرزەمانەوە لە خەیاڵی سەدان خواناسدا هەم تا دەگاتە لای ئینگۆ. دەزانم زۆر زوو سەرنجی مامۆستاکانم ڕاکێشا، بەتایبەت بە کاری تەسەووف و عیرفان و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانم. ئای نالیی سێیەم! لە تەمەنی گەنجێتیمدا، گەشتم زۆر کردووە بە وڵاتی ئی دەخۆندا، چما گوند ماوە لە مەملەکەتی شارەزووردا سەرم پێدا نەکردبێت. هەتاوەکینێ بۆ چەند ناوچەیەکی جیاوازی کوردستانیش ڕۆیشتووم و پەیامی خۆم بەنێو خەڵکی ئاواییەکاندا بڵاو کردووەتەوە. ئیدی لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەر شوێنێک، زانا و عاریفی نێودارم بینیبێت، فێری زانست و حیکمەت بووم لێیانەوە.

ئەمنیش گوتم: جەنابی مامۆستا پیر نالی، ئۆخەیش کە گوێم لە دەنگت بوو! بێزەحمەت لەو گەشتانەی ئی وڵاتی دەخۆندا کە ڕووت لە مامۆستایەک کردبێت و لەکنت خوێندبێت و خەرقەی پێبەخشیبیت کێهەیە؟ دەی بە خوای هێندەی دە فەرهەنگاندا بگەڕێم، ماندوو بووم، چەندی هێنام و بردم، نێوت کوێر بووەتەوە. درۆ نەبێت لە یادداشتێکی قرندی کوڕی شێخ عەتائوڵڵای شارەزووریدا دۆزیمیەوە و لە سەرەنجامیشدا دوو دانە هۆنینەوەتانم خوێندووەتەوە. ئەوانی دیکەش هەر ئەوە دەڵێنەوە بە نێوی نووسینەوە. لێ ئەمن هاتووم دەستنووسی تۆزاوی هەڵدەمەوە و بزانم ئەوێ ڕۆژگارە چیت کردووە. چما ئەوێ دڵسۆزانەیش کە ئەوێ دەمەی هەبوون، لە دەفتەری خۆیاندا یادداشتیان کردووە، بیریان لە داهاتوو کردۆتەوە ئەی پیری جوان و خواناس، ئێستا کێهە بە ئیشی ئەوی دیکە ڕادەگات، هەمووی خۆی لێ بووەتە پاڵەوان و ئیدی جیهانی پاڵەوانسازییە. ئەی پیری یاران! موشتاقولیقای دیدارت بووم، بۆیە ئەوێ ڕێیە دوورەم دەبەر ئینگۆ بڕیوە. هەر کە گوێم لە دەنگیشت بوو، بە خوای لە خۆشیان هەر دەڵێی باڵم لێ ڕواوە و لەسەر دنیایێش نیم.   

پیر نالی فەرمووی: کاکی نالیی سێیەم، ئەمن (ڕێزمان و وێژەی عەرەبی)ـی و حیکمەت و ئەدەبیاتم لای باوکم خوێندووە و دواتر چوومەتە فەقێیەتی و ئەوجارەکانێ لە مەلا ئەلیاسی مۆریاسی فەرموودەم بیستووە و دواتر لێکدانەوەی قورئانم خوێندووە. ئاوها بەوێ جۆرە خۆم پەروەردە کردووە و ودمی مەلایەتی لە مەلا ئەلیاسی مۆریاسی وەرگرتووە کە دواتر ئەویش بووەتە پیری یاران. ئاخر لەوە خۆشتر هەیە کە ودمی مەلایەتی لە پیر ئەلیاس وەربگرم. چونکوو پیر ئه‌لیاسى مۆریاسی بە دەر لە مە، سەرمەشقی سێهه‌مین بزووتنه‌وه‌ و ڕاپه‌رینى كورده‌كانى چیاى كردووه‌ له‌ دژى مه‌غۆله‌كان. ئاوها له‌دواى كوژرانى شێخ مووساى به‌رزنجى ڕێبه‌رى بزوتنه‌وه‌ى شۆڕشگێر و ڕاپه‌رینى كوردان، دەسەڵاتى ناوچه‌كه‌ كه‌وته‌ ژێر فه‌رمانى شێخ عیساى به‌رزنجى و ئێ دواییش پیر ئه‌لیاسى مۆریاسی و پیر میریاسی مۆریاسی براى بوونه‌ پێشه‌وا و ڕێبه‌رى ڕاپه‌رین و شۆڕشی كورده‌كانی چیا له‌ دژى مه‌غۆلەکان. جا پیر ئەلیاسی مۆریاسی، ڕێنمایی کردم کە بە دیدەنی سان سەهاکشاد بم، چونکوو ئەویش خەرقەی لە سان سەهاک وەرگرتبوو. ئیدی دوای گەڕانێکی زۆر، لە یەکێک لە گەشتەکانمدا گەیشتمە گوندی شێخان و چوومە خزمەت سان سەهاک، چونکوو ئەو زاتە سۆفییەکی گەورە و ڕێبەری تەریقەتێکی بە نێوبانگ بوو. بۆیە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر منی دانا و خەرقەی پێبەخشیم. ئەمە سەرەتای بیرکردنەوە و وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە ژیانی مندا. چیت لێ وەشێرم، ئیدی دوای ئەوە گەڕاومەتەوە بۆ زێدی ئی دەخۆن و دەستم کردووە بە ڕێنمایی و دەرسم بە خەڵکی گوند و ئاواییەکان گوتووەتەوە. ئێ کاتێکیش بوومە یارسانی، جەمخانەم دامەزراند و بوو بە ناوەندێکی گرنگی زانست و عیرفان لە ناوچەکەدا، موریدان لە هەموو شوێنێکەوە ڕوویان تێدەکردم بۆ فێربوون. ڕۆڵێکی گرنگم لە کۆمەڵی کوردەواریدا هەبووە. جا ئێستا چی بکەم، خۆ ئەوێ زەمانە، دنیا دنیای تۆڕی کۆمەڵایەتی نەبوو، دنیای تۆڕی ڕۆحی هەبوو، هەموان لە دەوری یەک کۆ دەبووینەوە. لەکاتی ناکۆکی و شەڕیشدا نێوبژیوانیم دەکردن تا ئاشتی بەرقەرار بێت، یارمەتی هەژارانم دەدا و هەوڵم دەدا ژن بۆ جەحێڵان بهێنم و فیرە دادپەروەریم دەکردن، ئاوها لە ناوچەکەدا سەرگەرم بووم. دەزانم ئێستا ئیماندار کێشەی دەرخستنی ئیمانبوونی هەیە، دەیەوێت لە فەیسبووک چاکەکەی بڵاو بکاتەوە. ئەدی کوو پێت وابێت ئاگادار نیم. هەیهوو!

خەوم هێندە قورس بوو، دەتگوت حەوت شەووڕۆژان خەوم هەر لێ نەکەوتووە. لێ نازانم کە پاڵم بە گڵکۆی پیر نالییەوە دا، بۆ خەو بردمیەوە. ئەوە هەمووی تەقسیری خۆم بوو؛ خۆ بیستبووم لە باووباپیرانەوە ئەگەر کەوتنە ڕێ بۆ شوێنێک و نیازی دیدارتان هەبوو، لەبن هەر دارێکدا دەخەون، ئامان لەبن دارگوێزدا نەخەون، خەوی قورسە و بەرتان نادات، وە درەنگ دەکەون ها!

ساڵ ساڵی ٦٦٢ی کۆچی بوو، ماڵی شێخ عەبدوڵڵا، ماڵێکی خشتی گڵین و سەوز بە گژوگیا و دارودەرخت. خاتوو نازدار، منداڵێکی بوو، نێوی نا پیر نالی. شێخ عەبدوڵڵا گوتی: هەقە نێونان لە منداڵان لە لایەن دایکەکانەوە بێت، مافی ئەوانە و تەواو، جا لەسەری مەڕۆن. دەی خاتوو نازدار،ژنێکی سەنگین و چالاک بوو لە چنینی بەڕە و جاجم. ماڵەکەیان ئەوەندە خۆش بوو، وەک زۆربەی ماڵەکانی گوند، لە چەند ژوورێک پێک هاتبوو، حەوشەیەکی گەورەیان هەبوو، ئەمن نێوم لێنا ماڵحەوشە. ماڵحەوشە ئەوەیە حەوشەکە دەبێتەوە بە ماڵی دووەم، نەک حەوشەیەکی ڕووت و قووت و بێگیان بێت. لە ماڵحەوشەکەدا، دارێکی گوێز و چەندین گوڵدانی ڕەنگاوڕەنگ هەبوون. حەوز و ماسی، سمۆرە و داربەڕوو لە ماڵحەوشەکەدا ئاوێزانی یەکدی بووبوون. ژوورەکان بە فەرش و دۆشەک ڕازابوونەوە، چەند سەرینێکی ڕەنگاوڕەنگ لە گۆشەکاندا دانرابوون. لە تاقچەی دیوارەکاندا، کتێب و دەستنووسە کۆنەکانی شێخ عەبدوڵڵا ڕیز کرابوون. خواردنی ڕۆژانەیان سادە بوو، نان و پەنیر، شۆربای نیسک، برنج و فاسۆلیا. لە جەژن و بۆنەکانیشدا، یاپراخیان دەپێچایەوە و دەیانخستە سەر ئاور. ئاوی خواردنەوەشیان لە کانیاوێکەوە دەهێنا کە لە دەرەوەی گوند هەڵدەقوڵا. ژیان ئاوها بە سادەیی تێدەپەڕی.

گوتم جەنابی مامۆستا پیر نالی، جا ئینگۆ لە تەمەنی گەنجێتییەوە، دەستان کردووە بە گەشت و گەڕان. ئەوە بۆیە دیواری خانووەکەیشتان هەر بە نەخشونیگاری جوان ڕازاونەتەوە. لە باوکتم پرسی، گوتی: نالی لە گەنجێتیدا خۆی ئاوها ماڵەکەمانی خۆشتر کردووە. گوتم: حەتمەن گەشتی ئەودیوت کردووە و فەرشی ئێرانی و قاپ و قاچاخی چینیت بینیوە و لەگەڵ خۆتاندا هێناوتانەتەوە بۆ گوندی.

پیر نالی، گوتی: بەڵێ جا خۆ زەمانی ئێمە ئاوها نەبوو وەک ئێستا. هەر ناوچەیەک وەک ئەمارەتێکی بچووک وابوو، بەڵام لەژێر هەژموونی ئیمپراتۆرەکاندا دەژیاین.

جەنابی پیر نالی، دەڵێن سەعدی شیرازییش بێرەدا هاتووە و بینیوتانە ئێوە؟

پیر نالی: جەنابی نالیی سێیەم، ئەو کاتەی مامۆستا سەعدی بە خۆی و گوێدرێژەکەیەوە هاتووە بۆ ئەو گوند و دێهات و ئاواییانەی دەوروبەر، ئەوا لێرەیش لایداوە و هاتووەتە ماڵمان، ئەمن تەمەنم دە ساڵانێک دەبوو، شارەزاییەکی وەهام نەبوو، باوکم زیاتر گفتوگۆی دەگەڵدا دەکرد. ئیدی ‌هەڵە نەبم دوای چەند ساڵێک لەو گەشتەی بۆ ئێرەکانێ، ماڵاوایی لە ژیان کردووە. هەفتەیەک لە ماڵمان ماوەتەوە و شەوانە دەچوونە زگ تاقەی کتێبان و کتێبی دەستنووسیان دەر دەهێنا و دەیانخوێندەوە. باسی باووباپیرانی یەکدییان دەکرد. ئەوەندەی بیرم مابێت، مامۆستا سەعدی باسی باپیری دەکرد کە دەیگوت: میر ئەتابەکی زەنکی بنەماڵەکەیانی بردۆتە شیراز، دەیگوت: ئەها شێخ عەبدوڵڵا، خۆ ئەو (مثلثات)ـانەشم کە نووسیوە، دێڕی سێیەمیان هەر بە زمانی هەورامی نووسیوە. باپیرانمان کورد بوونە، دەی ئاخر باپیرم خەڵکی جوانڕۆ بووە و باپیریشم هەر ئالەم هەورامانە ماڵاوایی کردووە. ئەمنی گەڕیدە هەر جارێک لە شیرازەوە هاتبم، چوومەتە سەر گڵکۆکەی. ئەی نەمگوت جاران کە تاقەتم هەبوو، لەوێڕا دەچوومە ئامەد و ئاوها بەرەو شاران دەڕۆیشم تا دەگەیشتمە شام و مەغریب و لەولاوە بەرەو حەبەشە و چین و هیندستان و ئەنجارەکانێ دەچوومەوە شیراز، ئیدی ئێستا پیر بووین و توانای زۆر گەڕانم نەماوە. ئاوها شیراز و بەغداد و ئەو شوێنانەی بۆی چووم، هەست دەکەم زێدی دووەممە؛ بەڵام شیراز زێدی لە دایکبوونمە. با بزانیت، زێد هەمیشە ڕۆحی دووەمە. ئەوە نییە باپیرم کە لەو هەورامانە نێژراوە، بە خاتری ڕۆحی دووەمی دێم و دەچم. ئەرێ باشە بۆچی باسی سەعدیت کرد؟

ئەمنیش گوتم: جەنابی مامۆستا، ئەو ڕێیە دوورەم بڕیوە لەبەر ئەوەی هەست بە ڕۆحی ئێوە دەکەم و دانایەکی گەورەن. سەعدییش بۆ من جێی دڵخۆشییە کە باپیرانی کورد بوونە. چۆن خۆم گەشتم کردووە بۆ شیراز و چوومەتە ئارامگەکەی و شیعرم بۆ خوێندۆتەوە. ئارامگەکەیشی کەریم خانی زەند نۆژەنی کردبۆوە.  

پیر نالییش فەرمووی: ئێ چاوەکەم، ئەگەر کورد بووە با بە زاری ماچۆیی یان هەورامی نووسیبای، ئەوێ وەختە ئەوێ ناوچەیە هەر وایان دەنووسی، ئەوەتا ئێستا هەورامی بووەتە زمان و گەشەی کردووە. زمان لە زاردا گەشە دەکات، زاریش لە ئاخافتن و نووسیندا؛ دەنا قسەی کوردایەتیی ئێستام بۆ مەکە. کوردبوون لەنێو زماندایە، نیشتمانیش لەنێو زماندایە.

مامۆستا کوردایەتی چییە؟ ئەمن هەر کوردبوونم بیستووە!

نازانم ئەوە چ کەودەنێک بووە (ئایەتی) خستووە سەر کورد، دەی کورد خۆی شوناسەکەیە. کەسانێک کە ڕێزمان و وێژەیان نەخوێندووە چۆن دەچنە نێو زمانەوە. ئەوە ڕۆژێکیش یەکێک هاتە لام، دوور لە ڕووی جەنابت، هەر وەکینێ تۆ جاهێڵ بوو، پاڵی پێوە دابووم، باسی کوردایەتی بۆ دەکردم، هەرچەندی کردم خۆم ببزوێنم و سەر دەر بهێنم، بە هەردوو دەستم کێلەکەم لە دەم و فڵقیدا بشکێنم، ئێسقانم ڕزی بوون و نەمتوانی گینگڵ بدەم. سەیری ئێسقانی ڕزیوی خۆم دەکرد، ئای هەی! ئێمە خەریکی چی بووین و ئەمانە خەریکی چین! گوتم: دەی کوردایەتی ڕێک لە شوناس کەوتنە. کەس نییە بڵێ فارسایەتی، عەرەبایەتی… ئەهوەلووکانە هەر وەکینێ حەزیا وانە، هەموو شتێک لووش دەدەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیانە کە خۆیان بە کوردەوە هەڵدەکێشن، هەرکەس باسی کوردایەتی بۆ کردن، ئەوە بزانە خۆی لە دەرەوەی کوردبوونە. بۆیە باسی کوردایەتی دەکات، چونکوو لە کوردبوون کەوتووە و دەیەوێت بە نێوی کوردایەتی، تۆ هەڵداتە دەرەوە و خۆی دەر بخات، بەڵام ئەمانە کەوتووی نێو زمان و خەریکی خستنی زمانن.

کە وایە جەنابی پیر نالی، کوردبوون ئەزەلیبوونە؟

گوتی: کوردبوون شتێکە لە دێرزەمانەوە، لە فۆلکلۆر و کولتوور و کەلەپوورەوە سەرچاوەی گرتووە. بە درەختی فەلسەفەدا گەشەی کردووە، ڕەگی ئیمان و ئەفسانەی داکوتیوە. ڕیشاڵەکانی بەنێو کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا درێژ بووەتەوە و هەتاوەکینێ تاڵە مووەکانیشی لە شوێنەوارەکاندا جێ ماوە. لقی شیعر و زمانی دەرکردووە. قەدی بوونی ڕاگرتووە. هەر لە سێبەری داربەڕووەوە بزانە کە سمۆرەش سەرقاڵی کوردبوونە و ڕۆژێک نەچووە نێو گەمەی کوردایەتییەوە. ئەو کوردایەتییەی ئێستای پاتاڵ و چەتە و مافیا لە پشتیەوەیەتی، فەرموون خۆ بە چاوی خۆتان دەیبینن کە سمۆرەش دەکوژن تا گەمە لەگەڵ بەڕوودا نەکات و داربەڕووش بە ڕەگەوە دەیگوازنەوە بۆ ئەوێ ئەستانە قەدیمیەی کە وا حیزبۆڵەکانتان پیلیان ڕاکێشاوە بۆ شاخ و دەوەن و ئەوێ بنارانە تا کوردی پێ بکوژن، ئەوە چییە لە ئی ئەوێ دوو بنەماڵە خۆفرۆشانە نییە. دەبەرت مرم، چاوت بکەوە چاو. هەر کە باسی کوردایەتیان کرد، پێیان هەڵمیزە. کوردایەتی بە بازاڕکردنی بوونە. ئێمە لە دێرزەمانەوە، لە حیکمەت و دەستنووسەکانی پێش مانایی و مادەوە هەتاوەکینێ دووسێ دەورەی دوای خۆیشم کەس نەهات بڵێت ئەمن کوردایەتی دەکەم. هەریەکێمان سەرقاڵی کاری کوردبوون بووین. ئا ئەوێ نازدار خاتوونەی من، هەر بە بەڕە و جاجم و فەرشەوە خەریک بووە، ڕۆژێک نەهات بیکاتە دەهۆڵ و بڵێت خەڵکینە ئەمن ئەوێ پیشەیە دەزانم. جا ئێستاکانێ تەماشای تەمبوورژەنەکانمان بکە، هەموو ماڵێک بە منداڵێکەوە کەوتووەتە تەمبوور ژەنینەوە و نەیگوتووە ئەمن کوردایەتی دەکەم. ئاخ ئەگەر ئێسقانم دەما و یەک تۆز گینگڵم دەدا، حاشا وازم لە پیری دەهێنا و دەم و فڵقی ئەوێ سەرخێڵە حیزبۆڵەکانە و نووسەر و گووسەری دەربارم تێک دەقرماند.

دەی جەنابی پیر نالی، تۆ لەوە گەورەتریت و سەری خۆت بەوانەوە مەهێشێنە..

پیر نالی گوتی: جا ئەمانە لە گۆڕیشدا دەهێڵن دڵخۆش بیت، هێندە کاری قێزەونیان کردووە، مردووش لە گۆڕدا ڕادەچڵەکێنن.

باشە جەنابی پیر نالی، دەی گوێ مەدەیە بەوێ خەڵکەی، ئێمە شۆڕش نەکەین بەسەر خۆماندا، خۆمان دەتوێنینەوە لەنێو خۆماندا. وەک بیستبێتم، ئێرەیش کاروانسەرایەک بووە بۆ خۆی. ئەوەی هاتووە لایداوە. باشە جەنابی پیر نالی، هاوڕێکانت لە هاودەمانی خۆتدا کێهە بوون کە سەرقاڵی خوێندن بوون لە فەقێیەتی هەتاوەکینێ گەیشتنە پیری یاران؟

پیر نالی مۆردێنی گوتی: ڕاستی ئەوەندەی بیرم مابێت چەند کەسێک بوون، یەکێک لەوانە، یادی بە خێر بێت، سەی ئەبولوەفای شارەزووری بوو کە هەر خەڵکی ئەو ناوەی لای خۆمان بوو، لە شارەزوو هاتە دنیا و ئەویش هەر وەکوو من لای باوکی خوێندوویەتی. کاتێک چووە فەقێیەتی، یەکدیمان بینیوە. بێدەنگ و لەسەرخۆ بوو. من بە ساڵێک لەو گەورەتر بووم. دواتر ملی لێنا بەرەو بەغدا بۆ خوێندنگە و ئیدی گەڕایەوە لای شارەزوور بۆ دەرسگوتنەوە. ئەنجار دانەمرکا و ڕێی نا بەرەو هەورامان لای گوندی شێخان و بە دەستووری سان سەهاک ڕۆیشتە هەمەدان و نەگەڕایەوە. یەکدوو جار نامەی بۆ ناردم کە ئەگەر نەمدیتیەوە گەردنم ئازاد بکە و دنیایە ئەگەر زیندوو بووم سەرێکم لێ بدە و ئەگەریش مردبووم، ئەوە بێشک لە تەنیشت گڵکۆی بابا تاهیر نێژراوم. لەوێ خەریکی دەرسگوتنەوە بوو، ئیدی جارێک ڕێم کەوتە هەمەدان و دواتر نەچوومەوە و نەمدیەوە بە داخەوە.

ئەی سەی شەهابودینی شارەزووریت بینیبوو؟

بەڵی چەلێکم لە شێخان دیتوە، چوار ساڵێک لە من گچکەتر بوو، ئەو خەڵکی دێی ئاخجەلەر بوو، دواتر لە کەرکووک خەریکی خوێندن بوو. ئەوانەی هاودەمانی من بوون، دەهاتنە گوندی شێخان. شێخان، کاروانسەرایەک بوو بۆ ڕۆحناسی و خواناسی و دۆستناسی. هەندێکیان لە خۆم گەورەتر بوون، بەڵام بە ڕێکەوت بینیومن لە گوندی شێخان. ئەوانەی لە بیرم مابن، سەی مستەفای شارەزووری و حاجی سەی باوەیسی و یای حەبیبە شارەزووری، یادیان وە خێر. یای حەبیبە هەتا لە ژیاندا بوو، شووی نەکرد و ڕۆحی کردە پەروانەی ڕێ و ڕچەکەی.

ئەی دۆستایەتیت لەگەڵ پیر مەحموودی بەغدادی چۆن بوو؟ وەک دەڵێن زۆر قسەخۆش بووە؟

هەیهوو هەر نەبڕێتەوە! ئەو کە لە بەغدا دێتە دنیا و دواتر باوکی ماڵاوایی لە ژیان دەکات، پاش ماوەیەک خوێندن و نووسین لای زانایانی بەغدا، ڕوو دەکاتە شارەزوور و دێتە لای پیر ئەلیاس. ئیدی لەوێوە دەبینە ئاشنا و زوو دەهاتە ماڵمان. شەوانە هەر نوکتەی دەگێڕانەوە. بە دەم چەرەساتەوە هەموومانی دەخستە پێکەنینەوە. هەفتانە چەلێکم دەدیت و دەچووینە ڕاوەماسی. باسی ئایینمان هەر نەدەکرد. من و ئەو، کاتەکانمان دانابوو بۆ خۆشی و پێکەنین. ئاخر دەمانگوت کتێبەکان هەموو شتێکمان فێر دەکات، با ژیانیش وەک کتێبەکان قەد نەگرێت و کەمێک ئازادتر بێت.

ئەدی دەگەڵ پیر فەیروزی هیندی و پیر تاهیری ئەسپەهانی یەکدیتان بینیوە کە هاودەمانی خۆتان بوو، یاخود پێش ئێوە بوون؟

بەڵێ هەردووکیان لای سان سەهاک ماونەتەوە و پیر فەیرووز نەڕۆیشتەوە هیندستان تا کۆتایی ژیانی لە دێی شێخان مایەوە و هەر لەوێ نێژرا و پیر تاهیرییش نەچووەوە ئەسپەهان لە شارەزوور ماڵاوایی کرد. ئەوان بە ڕاستی چووبوونە نێو ڕۆحی ئایینی یارییەوە. هەر وەکینێ مە هۆنراوەیان بە زمانی هەورامی دەنووسی و لە ئێمەش باڵاتر بوون.

عەسر داهات و وردە وردە گوێم لە دەنگی خەڵکی گوندی بوو، کە چاوم ‌هەڵێنا، دنیا لە بەرچاوم هێند ئاڵۆز بوو، حەزم دەکرد هەر نەیەمە نێو گوندەوە و لێی بنوومەوە. بە حاڵ گوێدرێژەکەم بینی لە خوارەوەیە، دوو پیرە پیاو لەملاوئەولای گوێدرێژەکە هاڵابوون، ئەمن چاوم ڕەشکەپێشکەی دەکرد و گوتم ئەوە حەتمەن نالیی شاعیرە لەگەڵ سالمی شاعیری هاوڕێیدا هاتوونەتە زیارەتی پیر نالی. کە چوومە خوارەوە، خەڵکی کۆڵەکەمیان لێ داگرتم و گوتیان ماڵت ئاوا بێت، ئەوە بۆ یەکسەر چوویتە سەر گڵکۆی پیر نالی و لێی خەوتیت.

گوتم: ڕاستی هێند ماندوو بووم لەو ڕێیانەدا، ئیدی خەوم بە گژدا هات، بە دەست خۆم نەبوو.

هێشتا باوەڕم نەدەکرد نالیی شاعیر بەوێ هەورازەدا هاتبێتە خوارەوە و ڕەشەبا هێنابێتیە ئێرەکانێ. وامزانی دوو کەسەکە دوو پیرە پیاوی گوندیین و لە لای گوێدرێژەکەی منەوە وەستاون تا دەچمە خوارێ و بەخێرهاتنم دەکەن، نەمزانی کە نالی و سالمن و نالی دوای سەدان ساڵ لە کۆچی دواییی پیر نالی، بە خۆی و هاوڕێ و گوێدرێژەکەیەوە لە شارەزوورەوە هاتبوونە زیارەتی پیر نالی لە مۆردین؛ پێش ئەوەی ملی دە ڕێ بنێ بەرەو شام و ئەستانە و مەککە و حیجاز. دەی بە درێژایی ژیانم کە بە شیعری نالیدا ڕۆ چووبووم، نەمزانیوە کە پیر نالی کاریگەرییەکی وەها قووڵی لەسەر ئەو مەلا خضری کوڕی ئەحمەدی شاوەیشی ئاڵی بەگی میکایلییە دانابێت و بووبێتە ئەو نالیی شارەزەورییەی ئەمڕۆ کە هەموان دەیخوێنینەوە لە ماڵ و قوتابخانە و زانستگە و هەتا پەلی هاویشتووەتە جیهانی دەوروبەریشەوە. 

بۆ من جێی تێڕامان بوو، ئەم پەیوەندییە ڕۆحیەی نێوان هەردوو کەسایەتی پیر نالی و نالیی شارەزووری لە دوو زەمانی جیادا. نالیی شارەزووری، دوای چوارسەدوحەفتا ساڵێک لە ماڵاواییی پیر نالی، شەوێک سەر بە دنیادا بکات و گەورە ببێت و بێتە ئێرەکانێ. سەیر! پەکوو! ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەیش بێت کە قەدەر و ڕۆحی پیر نالی وەها کاری لە منی کردبێت کە بە نالیی سێیەم نێوم ڕۆیشتووە، بێمە ئێرەکانێ، بۆ وەی نالیی شارەزوورییش بدوێنم.

خانووەکەی ماڵی پیر نالی تا بڵێیت گەورە و خۆش بوو، پیر نالی لەسەر قەرەوێڵەیەکی تەختەی ساکار دەنووست و لەسەر بەڕەی خۆماڵی دادەنیشت. بە گۆزەی گڵین ئاوی دەخواردەوە و لە بەردەم چرای زەیتیشدا شەوانە دەیخوێندەوە. لەو زەمانەدا، هێشتا زۆربەی خەڵک شوێنەواری ئایینە کۆنەکان و باوەڕە فۆلکلۆرییەکانیان مابوو. شارەزووریش ناوچەیەکی گرنگ بوو لە نێوان ئیمپراتۆرییەتە گەورەکاندا. ژیانی خەڵک ساکار بوو، خواردنیان زیاتر لە بەرهەمی کشتوکاڵی وەک گەنم، جۆ، نیسک و میوەی وەرزی پێک هاتبوو. سرووشتی جوانی مۆردین، بە کێو و دۆڵ و کانیاوەکانییەوە، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بیر و ڕۆحی پیر نالی دانابوو. ئەو بە پێ سەفەری دەکرد بۆ گوند و شارەکانی دەوروبەر، لەگەڵ کاروانەکان دەڕۆیشت و لە خانەکان دەحەسایەوە.

دوای سەدان ساڵ، لە هەمان ناوچەی شارەزوور، لە گوندی خاک و خۆڵ، نالیی شارەزووری لە دایک بوو. ئەو کاتە، دۆخی سیاسی ئاڵۆزتر ببوو. میرنشینە کوردییەکان لەژێر هەڕەشەی عوسمانی و قاجاردا بوون. نالی لە جیهانێکدا گەورە ببوو کە تێیدا چەک و تەقەمەنی باو بوو، بازرگانی گەشەی کردبوو و شارنشینی زیاتر ببوو.

گوتم، سڵاو مامۆست خدر

گوتی: سڵاو تۆش بە خێرێیت و بەڵام پێشوەختە ئەو نێوە دوورودرێژەم لێ بکەوە بە نالیی شارەزووری بانگم بکە و تەواو.

گوتم: باشە مامۆستا نالی، تۆش بە خێرێیت مامۆستا سالم.

گوتی: تۆش بە خێرێت هەی نالیی سێیەمی لووشکەوەشێن. ئەحواڵی گوێدرێژەکەت؟

گوتم: ئەوە گودرێژەکەی منە ئەها لە دەرەوەیە. لە سایەی درۆنەوە، ناچارم گوێدرێژەکەم هەم لووشکە بهاوێژێت لە خۆمان و هەم لە ئەستانە و تارانێش.

ئەویش گوتی: دۆڕۆن خۆشە. هەموویان دایانە قاقای پێکەنین.

گوتم: مامۆستا نالی، وەک بزانیت بۆچی نێوت نراوە نالی؟

نالی ئاوهای گێڕایەوە: ئەمن هەر لە منداڵییەوە زیتەڵە و چاوکراوە بووم، خۆم بە دووی نێوی خۆمەوە بووم تا ئاخیری لە دایکم پرسیوە. دواتر لە نێوی گوندەکەم کۆڵیەوەتەوە. دایکم و باوکیشم لە باپیرانیانەوە دەگێڕنەوە کە گوندی خاک بووە و بە خۆڵ ئاوس بووە. یانی ئێوە وەک دوانەی نالین. نەمدەزانی مەبەستی چییە. گوتم: واتە چۆن دایکەگیان. دایکم گوتی: شەوێکی هاوین، ڕەشەبا لە گوندی مۆردین هەڵی کردووە و چ تۆز و خۆڵی نێو گوند  بووە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی بۆ ئەم گوندەیە. ئەم گوندە، دووسێ ماڵێک بووە و خەڵکەکەیش شوێنکەوتەی پیر نالی بوون. ئیدی گوتوویانە ئەو خاکە با تێکەڵ بێتەوە بە خۆڵی مۆردین و نێویان ناوە خاکوخۆڵ! جارێکیش لە مام ڕەسوو سێگوێم بیستووە کە بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وەڵامی دامەوە و گوتی: کوڕم، باپیرەگەورەی باپیرەگەورەم بۆی گێڕاومەتەوە کە ئەم گوندە لە کۆنەوە هەبووە. دەڵێن کاتێک پیر نالی لە مۆردین دەژیا، موریدێکی هەبووە کە خەڵکی ئێرە بووە، ئێمەش نەوەی نەوەی ئەو موریدەین. ئەو موریدە ڕۆژێک مشتێک خۆڵی لە مۆردینەوە هێناوە و لە گوندەکەمانی ڕشتووە و گوتیەتی: ‘با ئەم خۆڵە پیرۆزە تێکەڵی خاکی گوندەکەمان بێت.’ لەو کاتەوە، خەڵک نێوی گوندەکەیان نا خاکوخۆڵ. ئیدی بە بیستنی ئەم چیرۆکە وای لێکردم کە بپرسم ئەی بۆ نێو نراوم بە نالی؟ گوتی: هەر لەبەر ئەوەی نالی نێوێکی پیری مەزنە و بەڵکوو تۆش مەزن دەرچیت. لەوەوە ئیدی من سەرسام بووم بەوەی کە ئەو پیاوە دیارە لە گوندێکی نزیک ئەوان ژیاوە و کاریگەرییەکی وای لەسەر خەڵک هەبووە، دەبێت بزانم کێیە. ئیدی کاتێک گەورە بووم و بوومە بە مەلا و شاعیرێکی ناسراو، بڕیارم دا سەردانی گۆڕی پیر نالی بکەم لە مۆردین. ئەو گەشتە بۆ من وەک گەڕانەوە بوو بۆ ڕەگەکانی خۆم. جا ئەوە سالم دەزانێت، هەر کە هاتم، لەو ڕێیانەدا بیرم دەکردەوە و هەستم دەکرد بە هەمان ئەو دیمەنە سرووشتییانەدا تێدەپەڕم کە پیر نالی سەدان ساڵ پێشتر- کێوە سەرکەشەکان، دۆڵە سەوزەکان و کانیاوە زوڵاڵەکانی بینیبوو؛ سالم جار جار دەیپچڕاندم و دەیبردمەوە حاڵی میرەکانی سلێمانی!

سالم گوتی: ڕاستی هەی نالی لووشکەوەشێن، -سالم هەر وای نێو دەهێنام- نالیی شارەزووری حەزێکی قووڵی منداڵی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە سەبارەت بە پیر نالی، هەم لە نێوی و هەم لە خۆڵەکەیشدا کە لە هەردوو لاوە مێژووی منداڵی پێوە گرێدراوە.

من هەر زوو تێگەیشتم کە مێژووی ناوچەکە لە زەمانیی پیر نالییەوە تا زەمانی نالیی شارەزووری، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. هەر لە جلوبەرگ، خواردن و شێوازی ژیان گۆڕابوون، بەڵام ڕۆحی خەڵک و پەیوەندییان بە زمان و کولتووری ڕۆحی خۆیانەوە هەر وەک خۆی مابوو. لە قسەکانی نالی و سالمدا، پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سرووشت، زانست و ئیمان، شوێن و دەسەڵاتی شپرزەییم دەخوێندەوە.

گوتم: جەنابی مامۆستا نالی، پێت وایە کە ڕێبازی پیر نالی لە تێگەیشتن لە جیهان و پەیوەندی لەگەڵ خوادا، دەتوانێت ڕێنیشاندەر بێت بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی زەمانی خۆی؟

گوتی: بەم شێوەیەش نا، خۆ دەبینین کە دوو زەمانی جیاوازین لە مێژووی بەڕێوەبەردنی ئەمارەت و ئیمپراتۆرەکاندا، بەڵام لە ڕۆحی و کولتوورییدا هەر پێکەوە بەستراوینەتەوە. ڕەنگە ئەو بە سان سەهاک و پیر ئەلیاسی مۆریاسییەوە گرفتار بووبێت یان ئیمڕاتۆرێکەوە. ڕاستەسەرسامم بە زانست و حیکمەتی پیر نالی، ڕەنگە ئەویش گۆی جەمهووری هیندستانی زۆر خۆشویستبێت و پیر نالی بانگهێشت کردبێت بۆ کۆشکەکەی تا هۆنراوەیەکی بەسەردا هەڵا بڵێت. دەی ئەمنیش لە زەمانی میری باباندا هەروا بووم.

منیش هەڵمدایە و گوتم: دەی بە خوا ئەمن لووشکە دەوەشێنمە هەر میر و وەزیر و سەرخێڵێک چ جای پێیان هەڵا بڵێم. من چاودێریان دەکەم و دەبێت ئەوە بکەن کە خەڵک داوای دەکەن، ئەگەر نا، ئەمن بە خۆم و گوێدرێژەوە بەر لووشکەیان دەدەین.

نەجیبە خاتوون، لە نەوەی نەوەکانی پیر نالی بوو، چیرۆکی سەیری بۆ گێڕاینەوە دەربارەی چۆن پیر نالی یارمەتی هەژاران و نەخۆشانی دەدا.دەرگای ماڵەکەی بە ڕووی هەموو کەسێکدا دەکردەوە کە پێویستی بە یارمەتی یان ڕێنمایی هەبووبێت. فەرمووی ژووری خوێندنەوەکەی کردین، نەجیبە خاتوون گۆزەیەکی گڵینەی گەورەی پیر نالی نیشانداین، نالیی شارەزووری یەکسەر پڕیدایە گۆزە گڵینەکە، هەندێک نامەی پیر نالی تێدابوون بە دەستوخەتی خۆی نووسیبوونی؛ سالمیش لێی وەرگرت و خوێندییەوە:

[بۆ ئەوەی دەبێتە وەرگری میراتی ڕۆحی و فیکری ئێمە؛ ئێمە لە زەمانێکی پڕ کێشمەکێشی و دەربەدەری و ئیپمڕاتۆرەکاندا ژیاوین و خۆمان گرتووەوەتەوە کە چۆن مامەڵە بکەین لە نێوان ئەو هەموو لەشکرکێشییانەدا. کاتێک ئەو نامەیە دەنووسم، وا لە ساڵی ٧٢٠ـی کۆچیدام و تەمەنم پەنجاوهەشت ساڵێکە و نازانم کەی دەمرم، گوتم با چەند نامەیەک بنووسم، بەڵکوو یەکێکی خاوەن پێگەی شیعری و مەعریفە و ئیمانی باڵا دەستی پێڕاگات و ئەویش بە نەوەکانی داهاتوو بگەیەنێت. ڕجام ئەوەیە کە یەکبگرن و ئەو هەموو هۆز و عەشیرەتانە ڕێک بخەن و بیانکەنە یەکدەستە، ئەگینا هەتاهەتایە هەر هۆزە و خۆی لێ دەبێتە ئەمارەتێکی کۆمەڵایەتی و بڕیاربەدەستی دەرەکی. هەر ناوچەیە و زمانی دەشڵەقێ و ڕێنووس و زمانی بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە وەردەسووڕێ. دەی زمان لە ئاخافتن و بەرکەوتندایە. ئێوە کە یەک نەبن، ئەوێ هەموو شێوەزار و بنزارانە لە ناوچەیەی خۆیاندا یان گوم دەبن، یان وەک لخێکی دار گەشە دەکەن. ئەو کات هەر دارە و بە پیری خۆی و سێبەری خۆیەوە سەرقاڵ دەبێت. ئەگەر ئەمارەتیشتان پێ درووست نەکرێت، مەهێڵن زمانتان بنبڕ بکرێت؛ زمان خۆی ئەمارەتە!]

سالم گوتی: نالی دەزانی خۆ ئەوە زۆر زۆر لە مێژینەیش نییە، هەموو پێنجسەدوسێ ساڵێکە ساڵی ١٣٢٠ـی زایینی ئەوێ نامەیەی جێ هێشتووە.

ئەمنیش گوتم: جەنابی مامۆستا، خۆ ئەوە پێنجسەدوسێ ساڵیش تێپەڕی، ئەمارەتتان هەر ئەمارەتی هۆز و تیرەن و هەریەکە لە ئاوازێک دەخوێنێت!

هەرچی نالی و سالم بوون، ئەو نامەیەیان دە گۆزەکە هاویشتەوە و لەژێر دارە گوێزێکی ماڵحەوشەی پیر نالی شاردیانەوە، بە هیوای ئەوەی ڕۆژێک یەکێک ئەو ئەمانەتە جێبەجێ بکات.

ئەمنیش گوتم: مامۆستا نالی چی لێ دەخوێنیتەوە لەو نامەدا، هەر دەڵێی ئەمڕۆ نووسیویەتی!

نالیی شارەزووری گوتی: هیچ نەگوتن باشترە لە خراپ گوتن!

سالم دووسێ نامەی دیکەی بە دەستەوە بوون، بیری چوو دە گۆزەکەیان بهاوێتەوە. دانەیەکی دیکەی کردەوە، پێش خوێندنەوەی گوتی: [ئەی گۆزەی کۆن، چ نهێنییەکت بۆ هەڵگرتووە؟] وەک ئەوەی گۆزەکە وەڵامی دابێتەوە! ئەوجارەکانێ نامەیەکی بە دەنگی بەرز خوێندەوە: تکایە ئاگاتان لە پیری یاران بێت و بە دووی ڕۆحی یارانەوە بن، تەمبوور بژەنن و نەهێڵن لە ژەنین بکەوێت.

نالیی شارەزووری گوتی: مەبەستیەتی بڵێت: کە هەموو مرۆڤەکان بەشێکن لە یەک ڕۆحی گەورە و دەبێت یەکتریمان خۆش بوێت. ئەمەیش کڕۆکی ڕۆحانیبوونە.

سالم نامەیەکی دیکەی کردەوە و خوێندییەوە؛ نووسرابوو: [زمان بناغەی بیرکردنەوەیە و دەبێت بە وردی پارێزگاری لێ بکەین.]

ئەوجارەکانێ ئەمن هەڵمدایە و گوتم: دەی مامۆستا نالی مەگەر ئێمەی شاعیران نەبێت کوا دیوەخانی بابان و ئەردەڵان و میرانی دیکە چوونەتە نێو قووڵاییی زمانەوە. ئەوە نییە زمانمان گەشەمان پێداوە بە شیعر و غەزەل و یەک دنیا بەیت و داستانمان بۆ بە جێ ماوە. جا ئێستاکانێ هەیهوو! لە شیعر و بەیت و چیرۆک و ڕۆمانەوە بۆ سینەما کەڵەکە بووە لە سینەماندا. زمان وەها گەشەی کردووە، زارەکان لە زار کەوتوون و بوونەتە زمان. بنزارەکان بوونەتە زار. دەستێکین و پڕ لە پەنجەی ئاماژەی زمان، بێ یەکتر ناژین و بەیەکەوەش هەڵناکەین.

جەنابی مامۆستا نالی، ئەو ڕۆژگارە تێپەڕی هەتا بڵێیت:

فارس و کورد و عەرەب هەر سێم بە دەفتەر گرتووە

نالی ئەمڕۆ حاکمی سێ مڵکە، دیوانی هەیە

دەی جەنابی مامۆستا ئەمڕۆکە ئەم شیعرە لە دەرەوە بەرەو نێوەوە گوازراوەتەوە. زمان وەها گەشەی کردووە ئەگەر لە ڕووتاندا بیڵێم ئەوا سەدان دیوان بە زمانی کوردیی ناوەندی، کرمانجی، هەورامی و زازایی… نووسراون. هەریەکە پەنجەیەکن و وەک ڕووبارێک درێژبوونەتەوە.

نالیی شارەزوور گوتی: ئێمە هێشتا لە ڕۆژگارێکی پڕ ئاڵۆزیدا دەژین. میرنشینە کوردییەکان لەژێر هەڕەشەی عوسمانی و قاجاریدان. سلێمانییش لە سایەی میر و دەسەڵاتی عوسمانیدا دەناڵێنێت، داخمان گەلێک گرانە. ڕاستە لەژێر دەسەڵاتی بابانەکاندایە، بەڵام ئێمە نیگەرانین کە چارەنووسی شار و ئەمارەت چی لێدێت و کێ هەڵیدەسووڕێنێت. ئەستانە، پایتەختی عوسمانییەکان، هێشتا خەونی زۆر کوردە، بەڵام ئێمە دەترسین کە لەوێ زمان و کولتوورمان لە نێو بچێت.

هێشتا سالم و نالی کوردستانیان جێ نەهێشتبوو، منیش گوتم ئەگەر هەر بڕۆن، ئەوە دەتوانن بە گوێدرێژ بڕۆن، بەڵام وەختێک بەو شاخ و دەوەنەدا بێنەوە، چیدی ناتوانن بە گوێدرێژ بێنەوە. بە درۆن هەلابەهەلا دەکرێن.

ئەوانیش وایان دەزانی دەڵێم بە درۆ ڕەنگتان هەڵدەپڕووکێ!

نالیی شارەزووی پێی گوتم ها نالیی سێیەم پێش ئەوەی ماڵاوایی لە یەکدی بکەین، داهاتووی ئێمە چی لێ شین دەبێتەوە؟

ئەمنیش گوتم: کورد بۆ ئەوەی بمێنێتەوە لەنێو زماندا هەر زمانی لێ دەکەوێتەوە، ئەگەریش لە پێگەی جیۆپۆڵەتیکدا بمێنێتەوە، ئەوا دەبێت خۆی بگەینێتە تەکنۆلۆژیای نوێ و هێزی سەربەزی نوێ، تەنیا زمان وەک ئەتۆمێک نامێنێتەوە، چونکوو دەوروبەر پڕ ئەتۆمە، لەگەڵ تۆمە مامۆستا نالی خەیاڵت لە کوێیە؟

 جەنابی نالیی شارەزووری خەیاڵی ڕۆیشت و بە هەوای قەدیم ملی دە ڕێ نا، زانیبووی میرەکانی بابان حاڵیان شڕە بە دەست خۆیان و سوڵتانی دەرەوە.

سیلسلەی خەیاڵیم پچڕاند و گوتم مامۆستا نالی و سالم با نانی ئێوارە بخۆین و شەو زوو بخەوین و سەرێک لە پیر نالی بدەین.

بۆ سبەی کە هەستام لە خەو، نە نالی لەوێ مابوو نە سالم، تەنیا نەجیبە خاتوون لە ماڵحوشە مابوو، خەریکی گەسگدان بوو، سەنیر و لێفە و دۆشەکەکەم هەڵگرتنەوە و چوومە دەرێ، پرسیارم کرد ئەو مامۆستا نالی و سالم چیان بەسەرهات دیار نین، ئەی کاک سالاری تاقانە چی بەسەرهات و هیچیان دەنگ و ڕەنگیان نییە، بەرەو کوێ ڕۆیشتوون، گوتی: هەموویان چوونە سەر گڵکۆی باپیرەی هەموان پیر نالی، کەمێکم ڕوانی گوێدرێژەکەی نالییش لەوێ نەمابوو.

خواحافیزیم لێکرد و بەرەو گڵکۆ ڕۆیشتم، سەیرم کرد، کەسیان لەوێ نەماون! تەنیا دوو پیرەپیاوی ڕدێنسپی و ماندوو بە گوێدرێژێکەوە. گوتم: خۆ ئەوە گوێدرێژەکەی نالییە. نزیک بوومەوە لێیان و سەیرم کرد، نالی کەوتووەتە نێو قووڵاییی مێژووەوە. سالم لێی ڕوانیم و گوتی گوێت بێنە پێشێ هەی نالیی لووشکەوەشێن، ئێمە کە شانامەمان بەسەر میراندا گوتووە نە پارەمان وەرگرتووە نە پێویستیان پێ بووە، بەڵام هەر پەرشێنانین و پەشیمانین لەو شیعرانەی گوتوومانە بەسەر میری ئەمارەتدا. ئەی چ حاڵ و باسێکە لای ئێوە؟

ئەمنیش گوتم: جا ئەگەر ئێوە دەربار بووبن، هەیهوو لەمڕۆکە! چما شاعیری ئێستا وەکینێ دوێنێیە! هەیە خۆی هەڵدەبژێرێت لەسەر حیزبۆڵەی خۆفرۆش، هەیە خۆی دەکاتە وەزیر و دەزگای بۆ دەکەنەوە و مانگانە چەندین دۆلاری دەدەنێ بە نێوی دەزگا و چیشی پێ خۆش بێت دەیکات و ئەوجارەکانێش جاشی حیزبۆڵە نەماوە شیعری بەسەر هەڵانەڵێت کە مردیش گۆڕی بۆ دەڕازێننەوە و ئیدی خەڵکی خۆیشیان وا تەڵقین داوە کە دوای ئەو شیعر مرد. ئەمن سەیرم لەو نووسەرانەش دێت کە شیعر لەو قووڵتر دەنووسن و کەچی شیعر بە مەرگ ڕادەگەیەنن، ئەی بۆ دەنووسن، خۆشیان نازانن کەوتوونەتە نێو شارچێتییەوە.

سالم واقی سووڕ ما، ئەوە چییە خەون دەبینم، هەر بە ڕاستی لە زەمانی ئەمارەت خراپترە کاکی نالی لووشکەوەشێن؟

ئەمنیش گوتم: هەیهوو مامۆستا گیان! پەککوو! شتی وا هەیە، هەر سەر دەخەیتەوە نێو گۆڕ و ئەوێ سوعالانەیش ناکەیت. ئەوجارەکانێ ماعیری وا هەنە لەوێ هەولێر و سلێمانییە، شەوانە لە شەشی ئێوارەوە، خۆیان دە یەکێتیی گووسەران دەئاخزێنن، دادەنیشن تا دوازدەی شەو هەر دەخۆنەوە. بابەتەکە خواردنەوە نییە، مەستبوونیان ناگاتە هۆشیاری جەنابی مامۆستا سالم، بەڵکوو کە مەست دەبن بە شاعیری سەربەخۆوە دەیگرن، چونکوو لووشکە لە حیزبۆڵەکانیان دەدات و دەم و فڵقی کۆیلەکانیان تێک دەقرمێنێت. جا ئەوێ ماعیرانە تەنبەڵ و نەخوێندەوارن، هەریەکە بە نێوی کتێب چاپکردنەوە، لە دەوری مێزێکدا دادەنیشین یان لە شوێنێکدا کۆ دەبنەوە و تەنیا کتێبی خۆیان دەخوێننەوە و بۆ یەکدی دەستێننەوە، جەنابی شاعیر شیعرەکە چۆن بوو؟ ئەوی دیکەیش بۆی دەستێنێتەوە بژی شاعیری گەورە، تۆ دەتوانیت هەموان بجووڵێنیت. تەنیا کۆمەڵانی خەڵک بە تۆ دەجووڵێن. کە شەویش ڕۆیشتنەوە، بە حاڵ خۆیان پێ دەجووڵێت و بەرەو ماڵ بڕۆنەوە. کە نووستن، سێی پاشنیوەڕۆ خەو بەریان دەدات و دواتر دەچنە بەردەم مەکۆ و مەڵبەند و لق بۆ بڕێک پارە وێنەی کۆیلەبوونی خۆیان لەگەڵ لێپسراوەکاندا بڵاو دەکەنەوە تا مووچەیان لێنەبڕێت بەشی ئێوارانیان و گەدەی ڕۆژانەیان بکات.

سالمیش دایە قاقای پێکەنین و گوتی: هەیهوو! ئەوانە دەیانهەوێت کۆمەڵی کوردەوارییش ڕاچڵەکێنن، عەمریان نەمێنێت بۆ خۆیان و کەسابەتیان. ئامانە ئابڕووی نووسینیشان بردووە.

نالی ئاوڕی دایەوە و گوتی: یانی شاعیری ئێستا ئاوهان؟

گوتم: ئەی مامۆستا نالی، ڕیچ لە زەمانی خۆتدا ناڵێت سلێمانی پێنجهەزار کەسە، ئێستاکە ئەوێ کوردستانەی ڕۆژهەڵات و باشوورەی دوو هێندەی ژمارەی دانیشتوانی سلێمانیی زەمانی ئێوە، ماعیری تێدان، بە هەر کۆڵانێکدا دەڕۆیت، شاعیرێکی تێدایە، بەڵام ڕاستییەکەی ماعیرۆکەنە. شاعرە ڕاستەقینەکانی ئێستا پەنجا کەس تێناپەڕێنێنن.

نالی و سالم بە پێکەنینەوە، گوتیان: کە دەڵێن (١٣٠) حیزبەڵۆک و لیست هەیە، ئەی بۆ ئێوەش لیستێک دانانێن و تەواو! ئێمە بە هەموومان لە دەوری ئەمارەتێکەوە دەوروخولمان لێ دەدا داخۆ چەند جارێک بووە و تەواو، ئەوەتا شاعیرە گەورەکەتان شەوان لەگەڵ بەرپرس دانیشتووە و بەیانیش پەخشانی بۆ نووسیوە.

ئەمنیش گوتم شاعیری ڕاستەقینە خۆی چاودێری دەروونی خۆی و خەڵک دەکات، پێویستی بە لیست نییە و ناهێڵێت کەس ڕێبەری بێت! شاعیر دەبێت خۆی ڕێبەر و یاخی بێت و لەوانی دی نەبێت! دەڵێی چی دەری بهێنم و بە سەرۆکەکانیاندا هەڵمیزم؟

سالم گوتی: نالی ئەوە نالیی لووشکەوەشێنە نە لە تۆ دەچێت و نە لە پیر نالی!

ئەمنیش گوتم: بۆ مەگەر جەنابی پیر نالی وا نییە؟ وەڵامی نەدایەوە!

ئەی ئێوە مامۆستا نالی، مامۆستا سالم وا نییە؟

بێدەنگ بوون.

دیسان گوتمەوە، هەر بێدەنگ بوون!

توورە بووم گوتم بۆ وەڵامم نادەنەوە؟

لەپڕ یەکێک لە نەوەکانی نەوەی نەوەی پیر نالی لە خەوی هەستاندم و گوتی: فەرموو با بچینە خوارەوە بۆ ماڵێ، ئەوە سێ سەعاتە تۆ لای پیر نالی خەوت لێکەوتووە. فەرموو وەختی نانخواردنە! ئەمنیش هەر وەهام زانیبوو کە هەستاوم و لەگەڵ نالی و سالم و خەڵکی گوندەکەدا دەدوێم، وەهام دەزانی هەر دەگەڵ پیر نالیدا دەدوێم و لە زەمانی ئەودام، چووزانم! ئەمن خەونم بینیوە، خەونەکەیشم لەنێو خەونێکی خەوەکەمدا بووە.

ماڵت بە قوڕ نەگیرێت گوێدرێژی ئازیز، دەبوایە تۆش لووشکەیەکت لێ دابام و خەبەرم هاتبایەوە؛ نەک خەوی سێ نالییەکە بە خۆمەوە ببینم!

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌