ئیسماعیل حەمەئەمین - باگراوند تابلۆیەکی فایەق ڕەسوڵ بەناوی `جێماوەکانی یادەوەری - ڤێنا - ئاتێلێری فایەق ڕەسوڵ - تەمووزی ٢٠٢٤

حیکمەتەکانی سیلین


قەسیدە

Loading

حیکمەتەکانی سیلین

قەسیدە 

ئیسماعیل حەمەئەمین  – ٢٠٠٢

 

١

ئۆی جوانییەکان، ئۆی جوانییەکان

ئەی جوانییەکان لە کوێن؟ لە کوێ خۆیان شاردۆتەوە؟

لە کوێ خۆیان درێژدەکەنەوە؟

ئۆی هاوڕێم جوانەکەم! جوانییەکان لە کوێن؟

جوانییەکان خۆیان لەنێو چ ڕەنگێکدا حەشارداوە؟

لەنێو چ بەستەڵەکێکدا چیرۆکی خۆیان و مێژووی خۆیان و سەرفڕازییەکان و بەهاداری خۆیان پەخش دەکەنەوە؟

ئۆهـ لە جوانییەکان!

ئەی هاوڕێم، ئەی دوژمنم.

٢

ئەی دوژمن، لە ژیانی ڕۆژانەدا پەی بەو هەموو جوانییە نابەی، ئەو ڕەگانە نابینی، وەک ئەژدیها خۆیان دەکەن بە ڕەشەبای ڕەشدا و هاوار دەکەن و دەڵێن:

ئەی ڕەشەبا ئێمە لەدوای جەنگەکانی قینەوە سەما دەکەین، دامانپۆشن بە هەموو ناشیرینییەکی خۆتان، بۆ ئەوەی هەموان بە خەونەکانی لاولاوێک خۆمان جوان بکەین.

ئۆهـ لە جوانییەکانی دوای ڕەشەبا.

ئۆهـ لە سەمای نووستووی نێو ڕەگەکان.

                                                            

 

٣

تۆ نازانی ئەی هاوڕێم، ئەی دوژمنی ترسنۆکی دێڕەکانم! جوانییەکان ئەو کاتە دێن، کە من مانگە زەبوونەکانی ئێوە لەنێو دەریاکانی ناشیرینی قوتار دەکەم و بە قاچاخی دەیانکەم بەودیو سنووری پەنچەرەی ئاهاتی ئەو وشانەی تۆی گرگن پێی سەرمەست دەبێت.

شێواندنەکانیش ئەی هاوڕێ، ئەی دوژمنی ترسنۆک، لەدوای سەرسامی پووچی تۆوە دەست پێ دەکات؛

پووچێتیی تۆیش… پووچێتیی وشە نییە.

پووچێتیی ژیان نییە دوای هەموو بیرکردنەوەیەک،

پووچێتیی تۆ، بۆگەنبوونتە لەنێو ترسنۆکی خۆتدا،

ترسی خۆتە لە هەموو جوانییەکان.

٤

ئۆی هاوڕێم! ئەی ئەو دوژمنەی بۆنی پێڵاوی دەسەڵاتت لێ دێت؛

ئەی ئەوەی بۆنی مشەخۆری ڕۆژە بێتام و تەمەڵەکانت لێ دێت. پێم بڵێ پووچێتیی شتەکان لە کوێن؟

بێماناییەکان لە کوێن؟

ڕۆژەکانی مشەخۆری و ڕیاکاری لە کوێن؟

بۆنی شێواندنی جوانییەکان لە کوێن؟

لە کامە کونجی ڕەشی ئەم ژیانەدا دوای شێواندنی جوانی، هەناسەی فەرامۆشی خۆت هەڵدەکێشیت؟

چ ڕۆژنامەیەک دەخوێنیتەوە تاوەکوو ئاوەها بە شێواندنی دێڕەکان شاگەشکە بــیت؟

لە پاشووی کامە وەحشی دەسەڵاتدا گەورە بوویت؟ تاوەکوو گێلیت ببێت بەو هەموو ناونیشانەی بە خۆتت بەخشیوە.

 

 

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ

 

 

٥

ئۆهـ لە جوانییەکان و مێژووی شاگەشکەبوون بە هەقیقەت!

ئۆهـ لە جوانییەکان و سەرگوزەشتەی ئەپۆڵۆنیزی!

ئۆهـ لە جوانییەکان و لە زەمەنی فـــرە خوداوەندی!

ئەو خوداوەندانەی بە حەسرەتەکانی ئیشق و شەوانی بێهوودەییی خودابوونیانەوە دەتلانەوە، بە دەست جەســـتەی نــازداری کەنار دەریاکانی ئەو پادشـــایانەی بـــاوەڕیــان بە زیــۆس بــوو، ئــاهاتی ئاگریــنیان هەڵدەکێشا…

بە دزی یەکدییەوە خۆیان دەکرد بە گای قۆچداری ڕەنگاوڕەنگ و لە کەنار ئۆقیانووسی زەمەنە شینەکاندا خانمی کۆشکەکانیان سواری پشتی خۆیان دەکرد. مەستیان دەکردن و دەیانفڕاندن بۆ پەرستگا دوورەکانی ئەودیو زەمەنی ئۆقیانووسەکان.

لەوێ… لە بەردەمی جوانی ئەو کیژانەدا خۆیان ڕووت دەکردەوە، گوڵەکانی خوداوەندیان، سەوڵەجانەکانی ئاگر و بەستەڵەکی وەرزەکانیان دەبەخشییە جوانیی.

ئۆهـ لەو خوداوەندانەی لە زەمەنی خەلیقەبووندا وازیان لە خوداوەندی خۆیان هێنا بۆ جوانیی.

ئەی هاوڕێ، ئەی دوژمن، ئەو زەمەنە زەمەنی ئەو خوداوەندانە بوون کە دەسەڵاتی تاکوتەنیاییان دەبێزا.

ئەو زەمەنە پڕبوو لە ئاوێنەی ئاو، کە نەرسیس جوانی خۆی تێدا دەبینی.

ئەو زەمەنە زەمەنی دیۆنیسۆس بوو…

زەمەنی خوماری جوانییەکان، زەمەنی گێڕانەوەکانی خوداوەندەکان بوو…

                  

 

 

٦

بە ئاسانی بۆتی دەگێڕمەوە، بەڵکوو بتوانی دوور لە هەموو وەرزەکانی کۆنەقینی نێو خۆت، کورتە چیرۆکێک بنووسی، بە ئاسانی بۆتی دەگێڕمەوە ئەی هاوڕێ، ئەی مردووی نێو سانسۆری خۆت! پێت دەڵێم زەمەنی زیندووبوونەی خوداوەندەکان، زەمەنی سەدەی نۆزدە بوو، سەدەیەک بوو هێشتا نیتچە زۆری مابوو بۆ ئەوەی لە (بازل) باوەش بکات بە ملی ئەسپێکدا و تێر بگریێت. ئەو زەمەنە بوو خوداوەندەکان حیکایەتخوانی خۆیان، نیتچەیان هەڵبژاردبوو. ئەو زەمەنە زەمەنی خوماری خوداوەندەکان بوو…

 

 

٧

من دەزانم تۆ ئەی هاوڕێ، ئەی دوژمنی ڕەنگپەڕیو، لەم چیرۆکانە دەترسیت کە نیگەرانیت پێدەناسێنن،  من دەزانم لە خوماری خۆت دەترسیت؛

لە چیرۆکێک دەترسیت هیی تۆ نەبێت… تۆ لەو ڕۆمانە دەترسیت فەرامۆشی خۆتت بیر دێنێتەوە، پێت دەڵێت تۆ پاشماوەی کۆنەقینێکی بێمانایت؛

ناچارم ئەی هاوڕێ… ئەی دوژمنی گرگنی نێو قەوزە بۆگەنەکانی چەکمەجە قووپاوەکانی سانسۆر! چیرۆکی خوماری و جوانییەکانت بۆ بگێڕمەوە، بۆ هیچ نا، تەنیا بۆ ئەوەی زیاتر لەنێو بۆگەنی ڕۆژەکانت قوتارت بکەم، چ نەبێت بتوانم پەنجەرەیەکت بەسەر باخچەی بچووکی ئەودیو چیرۆکەکاندا بۆ بکەمەوە، چ نەبێت بۆ ساتێکیش بێت لە بۆنی لاشەی خۆشەبەخەتییەکانی دوای ڕیاكاری دەرت بهێــنم، بتخەمە سەر شەقامێک پڕبێت لە ڕاستییە سادەکانی ژیان.

 

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ

٨

زەمەنی خوماری، زەمەنی دیـۆنیسۆس بوو، زەمەنێک بوو هێشتا خوداوەندی خوماری، خوداوەندی ئاگری ئیشق و شێتاتی ژیان، خودای ئارەزوو، خوداوەندی چێژ، لەنێو هونەری باڵادا خۆی پەرش نەکردبۆوە؛

هێشتا خوداوەندێک بوو لەنێو ئاگری کەونەکانی خۆیدا دەژیا، لەنێو حیکمەتەکانی خۆیدا خودای دیکەی پەروەردە دەکرد، بێ ئەوەی لە داهێنانیان لە بەهرەکانیان بترسێت؛

دەیخستنە نێو ڕووبارەکانی بیرچوونەوەی مرۆکانی ئەو زەمەنەی مرۆڤ و بوونەوەرەکان شتێک بوون لە شیعر، شتێک بوون لە دێڕی هۆمیرۆسی، شتێک بوون لە پەژموردەییی خەونی خۆرەکان، ئەو خۆرانەی ئەپۆڵۆیان بە تەنێ لەنێو باخچەکانی هیوادا جێ دەهێشت، لەنێو ڕاڕەوەکانی گەشتێک، گەڕانێک بە دوای تیشکدا.

ئەو زەمەنە زەمەنی تێکەڵبوونی وشە و خوداوه‌نده‌كان و خۆر و هونەرەکان بوو… ئەو زەمەنە زەمەنی گەشانەوەی دیۆنیسۆس بوو لەنێو هەنگوینە ژەهرینەی چێژدا. زەمەنی حیکمەتێک بوو نزیک بوو لە حیکمەتی نووسین؛

ئــەو حیکمەتەی (سیلین) خــودای هاوەڵی دیۆنیسۆس بە (میداس)ـی پاشای تینووی حیکمەتێکی ونبووی گوتبوو باشترین شت ئەوەیە لە دایک نەبیت، نەبیت بە مانای بوون، هەر نەبیت… نەبیت بە مانای نەبوون. باشتریش لەو ئەوەیە زۆر زوو بمریت.

ئۆهـ لە جوانییەکانی لەدایکنەبوون…

ئۆهـ لە مردنی نێو لێرەواڕان…

ئۆهـ. لە جوانییەکانی ئەو دڕندانەی شەوانە سەردانم دەکەن و بەرەبەیانیش لەنێو پەردەکاندا خۆشبەختی ونبوودا دەمدۆزنەوە.    

 

 

 

٩

منیش وەک میداس گەڕامەوە بۆ نێو دارستانێکی بەجێماوی خۆم…

دارستانێک هەموو دڕەندەکانی ئاشنابوون پێم، دارستانێک پڕبوو لەو مردووانەی زەمەنێکی دوور بوو جێم هێشتبوون.

گەڕامەوە وەک میداس، بەڵام بێ ئەوەی بە دووی حیکمەتەکاندا بگەڕێم، دەمزانی زەمەنی حیکمەتەکان گوزەشتن، دەمزانی دڕەندەکانی حیکمەت لە پیریدا حیکمەتە گچکەکانی بەرپێی خۆیان نابینین، ئیدی چۆن دەتوانن حیکمەت ببەخشن بە میداس کە بە کتێبێکی نووسراوی خۆیەوە گەڕاوەتەوە بۆ دارستان.

منم میداس… هاتمەوە بۆ ئەوەی تاکە حیکمەتی بەجێماو قوتار بکەم؛

هاتمەوە بۆ ئەوەی چ نەبێت بڵێم: هێشتا شتێک هەیە ون بووە، شتێک لەنێو ئاگری ڕۆژە پاتبووەکانماندا سەما دەکات؛

هاتمەوە بۆ ئەوەی ئازایانە بە ونبوونی خۆمان ئاشنا ببینەوە؛

منم میداس… لە مەنفاکاندا بیرم چووبۆوە کە مێژووی ئەوان لە فەرامۆشییەوە دەست پێ دەکات و لە فەرامۆشیدا خۆی پات دەکاتەوە؛

منم میداس… نەمدەزانی هاوڕێ دێرینەکانی نێو ئەم دارستانەم شتێکن لە فەرامۆشییەکی بەجێماو، شتێکن لە قینێک نازانن لە کوێـوە سەری هەڵداوە؛

شتێکن لە پووچێتیی بەجێمانی خۆیان لەنێو بێخەونیدا.

منم میداس… کە گەڕامەوە بۆ دارستان، گوتم: ئای لە ژیان لەنێو ئەو هەموو حیکمەتە کوێرانە! ئای لە بەجێمانی ئەو هەموو خەونە بچووکانەی نێوی ژیانی ڕۆژانەی ئەمانە؛

گوتم ئای لەو دارستانەی خاڵییە لە دڕندە! ئای لەو دارستانەی لەنێو خۆیدا بە جێ ماوە!

منم میداس… پاڵەوانێکی گێڕانەوەی نیتچە بووم، ویستم لە قەرەباڵغی دڕندەیەکەوە بگەمە حیکمەتە نووستووەکان؛

منم میداسێکی نوێ، بێ تاج و سەوڵەجان، بێ تیروکەوان و خەونەکانی ڕاوچێتی، بە جانتایەکی قاوەییەوە گەڕامەوە نێو دارستان؛

جانتایەک پڕبوو لە پەپوولەی وشکبوو، هەڵوەریو لەنێو خەونی خۆیاندا؛

پەرشبوو لەنێو یەکەمین ڕەشەبای بابردووی خۆیاندا.

من ویستم گەڕانەوە خەونێک بێت، چەندان سەدەی دیکە لە دڵڕەقی مەنفاکان بمپارێزێت، چ نەبێت هەناسەیەکم پێبەخشێت بۆ ئەوەی ڕۆژەکانم لە پاتبوونەوە قوتار بکەم… بۆ ئەوەی چ نەبێت بە خۆم بڵێم  ئاها حیکمەتەکان لە شوێنێکی دووری دیکەی ئەم دنیایە خۆیان لە بەر خۆری ڕۆژهەڵات پاڵ خستووە…

منم میداس… نە خۆرم بینی و نە هاوڕێ، نە منداڵی و نە گەڕانەوە، نە سەفەری دوور بەنێو منداڵی و حیکمەتی دڕەندەیەکی وەک سیلیندا.

 

 

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ

                             

 

 

١٠

مەگەڕێ بەنێو لاشەی مردووی خۆتدا ئەی هاوڕێ، ئەی دوژمن!

مەگەڕێ بەنێو خەرەفاوی خۆتدا، چونکە تۆ لە بۆنی پیسی ئەوانی دیکە درووست بوویت؛

تۆ لە بێخەونی و بێ یۆتۆپیایی ئەوانی دیکە درووست بوویت؛

لەو سپێرمە درووست بووی وەک سەرەمێکوتە بۆ چەند ساتەوەختێك لەنێو گۆلاوی سۆزانییەکی پیردا خۆی بەختەوەر دەکات و لەگەڵ یەکەمین میزکردندا پەرش دەبیتەوە!

ئۆی هاوڕێ، ئۆی دوژمنم!

پێم بڵێ چۆن دەتوانیت جوانیت خۆش بوێت کە خۆت شیبوونەوە بیت لەنێو ناشیرینی خۆتدا؟!    

ئۆهـ لە جوانییەکان ئەی هاوڕێم… ئۆهـ لە جوانییەکان!

گەڕانەوەم نشوستی ئەژدیهایەکە دوور لە تاریکاییی شەوە دەیجوورەکانی ئەفسانە، دوور لە ئاگری سووتێنەری نەعرەتەکانی جەنگ، دوور لەو پاڵەوانانەی بە ئەسپی سپییەوە شەڕ لەگەڵ کۆشکی دێو و ئەژدیهاکاندا دەکەن؛

گەڕانەوەم گەڕانەوە بوو بۆ دارستانی پیاوە گرگنەکان؛

ئەی تۆ نازانی گەڕانەوە بۆ نێو تۆپەڵە پیاویلەی ئەم دارستانە چەندە ئازاری داوم؟

چەندە بە سوێ بوو دارستان دوور لە دڕندەیی سیلین.

تۆ نازانی ئەو دڕندە خومارە زەمەنێکی زۆر هاوەڵ و قوتابی دیۆنیسۆس بوو، مـەســت بوو بە شێـتیی هونەرە باڵاکانی خوماری، دەمێک بوو لەنێو پەرستگاکانی دیۆنیسۆسدا وەک دووەم گیانەوەری حیکمەتە ڕەشەکانی سەرمەستی سەمای کردبوو. بەنێو ئاگرەکانی هەوەسی ئەو پیاوانەدا تێپەڕیبوو، جەنگیان جەنگی مانا بوو لە بێهۆشیدا، شەویان شۆڕبوونەوە بوو بەنێو لەبیرچوونەوەیەکدا، لە ئاگابوونەوە نزیک بوو وەک لە خوماری، خومارییان گەڕانەوەی هەستکردنێک بوو بە دنیایەک کە چەندان ساڵ و وەرزی تێپەڕیو لەنێو هەراوزەنای جەنگەکاندا لە بیریان کردبوو، جەنگیان جەنگێک بوو لەنێو ئۆقیانووسە سەیرەکانی خەیاڵدا، خەیاڵیان شەڕانگێزی هەموو وشەیەکی مەنگی ئاسوودە ڕاکشاوی نێو لەشی ئەو ژنانه‌ بوون کە ئیشقیان ئاگرێک بوو لەنێو شەهوانیەتی خۆری جەستەیاندا، وەک خەون بێکۆتایـیان درێژ دەکردەوە بەرەو نەبوون…

 

 

١١

تۆ هەر نەبیت باشترە بە مانای نەبوون، هەر بمریت باشترە بە مانای مردن!

ئەم حیکمەتە بۆ تۆ نییە ئەی خەرەفاوی پیاویلە… ئەم حیکمەتە حیکمەتی دڕەندەکانی نووسینە کە شەو بە هیواکانی خۆیان ڕاو دەکەن و دەیکەن بە پێکێکی پڕ خوماری ئافرەتێک لەسەر چەرپای ئاگرینی خۆیدا بە ڕووتی وەک مانگێکی وەحشی پاڵ کەوتووە و هەموو هەناسەی خەونەکان لە جەستەیدا ڕەها دەکات، کە هەناسەی میداسن لە گەڕانەوەیدا بۆ نێو جەستەی خۆی؛ بەڵام تۆ ئەی هاوڕێ، ئەی دوژمن، نە میداس دەناسی و نە حیکمەتەکانی نەبوون.

گوێ بگرە بۆ ئەوەی لە چیرۆک تێبگەیت، بزانیت دەرگاکان بە چ ڕوویەکی ئەم دنیایەدا دەکرێنەوە؛

گوێ بگرە بۆ ئەوەی لەگەڵ حیکمەتی دیۆنیسۆسدا لە شتێک تێبگەیت نامۆیە بە تۆ؛

شتێک لە خەونی خۆرێک دەچێت، لە خەونی ڕەشەبایەک دەچێت کە تۆ لە بچووکی خۆتدا هەرگیز ناتوانیت چێژی لێ وەربگریت…

گوێ بگرە لە چیرۆکی میداس… گوێ بگرە لە خەونەکانی نیتچە، گوێ بگرە و فێرە بیرکردنەوە ببە…

زەمەنی کۆڕاڵی کێڵگەکان، تێکەڵبوونی خەیاڵ و ڕاستی بوو،

تێکەڵبوونی گوڵە شەڕانییەکانی شاعیرێکی ڕۆمانسی و هۆمیرۆسی گریکی بوو،

تێکەڵبوونی ئانتیکا و مۆدێرنە بوو،

تێکەڵبوونی هەموو زەوی و ئاسمان بوو لەنێو بێسنووریدا،

کرانەوەی هەموو باڵندەکان بوو بەسەر دوورییەکانی ئاسۆدا،

زەمەنی کۆڕاڵێک بوو تەنیا خەونبینەرێکی تاکڕەوی وەک میداس دەیبینی،

جەستەیەک لە ڕۆشناییی مانگ، لە گۆشتی بە ئاڵۆشی ژنە قەرەجێک، نیوەشەو لەژێر ڕۆشناییی هێمنی مانگی گەلاوێژدا سەمای دەکرد،

نیوەشەوێک جەستەی ڕۆشناییی قەرەجێک، سەمای پووزە ئاشقیلەکانی تێکەڵی خەیاڵ دەبوو،

تێکەڵی هەموو تاکڕەوەندێکی ئەم خەونانە دەبوو، دوور لە هەموو تخووبێک خۆیان بۆ نێو ئازادی خەیاڵ بەر دەدایەوە و ترسیان لە بەربوونەوە نەبوو بۆ نێو بیرە قووڵەکانی خەونبینین بە ڕەنگی ڕەنگەکانەوە، بە وشەی وشەکانەوە، بە هەناسەی نێو هەناسەکانەوە…

کۆڕاڵێک لە تێکەڵبوونی هەموو زەمەن و ڕەنگ و بوونەوەر و خەیاڵ، خۆی بۆ تاکڕەوەندەکانی نێو دارستانەکانی بیرکردنەوە و خەیاڵ دەکاتەوە…

کۆڕاڵێک نیتچە نووسیبووی: دەیەوێت خودا بکاتە بوونێکی ڕوونکردنەوە، خودا لە چوارچێوەیەکدا بینراو بکات…         

کۆڕاڵێک بەشێکە لە هەموان و تاکێکیشە لەنێو تاکڕەوی جەهەنەمی،

کۆڕاڵێک میداسە بە گەڕانەکانی بەنێو مانگەکانی نەمریدا، میداسێک تەنیایە و بە دووی حیکمەتی تەنیاییترین بوونەوەری ئاگرین، بوونه‌وه‌ری خودایی خوماردا وێڵە، ئەو ساتە بەختەوەرە کە (سیلین) ڕاو دەکات و پێی دەڵێت؛ تۆ هەر نەبیت باشترە، هەر نەبیت بە مانای بوون، باشتریش لەو ئەوەیە زۆر زوو بمریت!

ئۆهـ لە جوانییەکان… ئۆهـ لە خۆشەبەختییەکانی جوانیی مردن!

ئۆهـ لە جوانییەکان… ئۆهـ لە جوانییەکان!

                                     

         

١٢

منم میداس… هەرگیز گەورە نابم، هەرگیز لەژێر پێخەفی منداڵی نایەمە دەرێ؛

منم هەرگیز نامەوێت لەنێو دارستانەکانی گەورەیی درۆینەدا گەورە بم، نامەوێت گەورە بم لە جیهانێکدا سەرتاپای ڕیاکارییەکە بۆ گەیشتن بە هیچ، بە درۆکانی ژیانی ڕۆژانە؛

منم میداس… خۆشەبەختم بە سیلین لە دوو دێڕدا زیوینی ڕۆژەکانم بۆ کورت بکاتەوە سەر هیچبوونێک نزیکە لە منداڵی بوونەوە؛

نزیکە لە تەنیایی هەڵبژاردە؛

نزیکە لە ژیان وەک خەونبینەرێکی ئەبەدی…

                              

   نورنبێرگ ١٧ی  یونی ٢٠٠٢

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌