تابلۆو هونەرمەند نیکۆفۆرۆس ١٨٦٥ ئەنتیگۆنە لەبەردەم پۆلینایسیسی مردوو Antigone in front of the dead Polynices by Nikiforos Lytras 1865

ژنانی یاخی لە ئەفسانەی یۆنانیدا


Loading

ساڤان عەبدولڕەحمان

ژنانی یاخی لە ئەفسانەی یۆنانیدا، شانۆنامەی ئەنتیگۆنە و نزاکاران بە نموونە

ساڤان عەبدولڕەحمان

 

 

پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژن لە کۆمەڵگەی یۆنانی کۆندا

دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی شارەکان لە یۆنانی کۆندا، لە لایەن ئەو سیستمە هێرارکییە سروشتییەی هەبووە و فەیلەسووفەکانیان بڕوایان پێی هەبووە و تیۆریزەیان کردووە، داڕێژراوە. بەو مانایەی کە سیستمی هێرارکیەتی سروشتیی گەردوون، کاریگەرییەکی دیار و بەرچاوی بەسەر بیر و مامەڵەی تاکی یۆنانیدا هەبووە.

قۆناغی کۆیلایەتی لە یۆنانی کۆندا بەردەوام لە گەشەسەندندا بوو، لە دوای سەرهەڵدانی خاوەندارێتیی تایبەت و دەستبەسەرداگرتنی موڵکەوە، بەرهەمهێنان هەمووی کەوتبووە سەر شانی کۆیلەکان. کۆیلەکان هیچ سوودێکیان لەم گەشەسەندنی بەرهەمهێنانە نەدەبینی، مرۆڤی کۆیلە لای یۆنانییەکان مرۆڤێکی سووک و نزم بووە. ئەم گەشەسەندنەیش بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە؛ کۆمەڵی یۆنانی لە سەدەی هەشتی پێش زاین، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئابوورییەکی کشتوکاڵی ڕاوەستابوو، کە چینێکی کێڵگەدار دەسەڵاتی تێدا گرتبووە دەست و سەربەستیی ئابووری، تەنها بۆ ئەوان فەراهەم بووبوو، کە ئەوانیش یان پاڵەوانانی جەنگەکان بوون، یاخود وەچەی ئەم پاڵەوانانە بوون. هەروەها لەگەڵ ئەم موڵکدارە گەورانەدا، کۆمەڵێک جوتیاری بچووکیش هەبوون کە خاوەنی هەندێک زەویوزار بوون، ئەمانە ژیانێکی سەخت و ناخۆش دەژیان، زەویوزارەکەیشیان زۆر بێپیت بوو، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لادێکان لە کێڵگەی خاوەن زەویوزارە فراوانەکاندا کەوتنە سەر کار. بەم جۆرە هەر موڵکدارە گەورەکان دەیانزانی ئاسوودەیی چییە و بەشێکی زۆری داهاتەکانیان بۆ تێرکردنی ئارەزووە تایبەتی و شەهوانییەکانیان تەرخان دەکرد و بایەخیان دەدا بە دروستکردنی چەک و جۆرەکانی و داهێنانی نوێ تێیاندا، لەگەڵ ئەمانەیشدا کۆمەڵێک کۆیلەیان لە ماڵەکەی خۆیاندا بۆ خزمەت و بەردەستیکردن ڕاگرتبوو.

ژنانی كۆمه‌ڵگه‌ی یۆنانی

لێرەوە لەگەڵ دابەشکردنی کۆمەڵایەتی بەپێی بنەچە و بنەچەکاری، دابەشکردنێکی نوێی کۆمەڵایەتی بەپێی سامان و هێز سەری هەڵدا و خێزانە گەورەکان بەگوێرەی شوێنی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی ئابوورییان، دەسەڵاتێکی بێهاوتایان هەبوو. لە پاش ئەم دەروازە گشتییەی باری کۆمەڵایەتی و ئابووریی یۆنانی کۆن، بەرەو باسکردنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەی یۆنانی کۆندا دەچین.

ژنان لە کۆمەڵگەی یۆنانیدا ئەرکی بەڕێوەبردنی ماڵیان لە ئەستۆ بووە، ئەرکگەلی وەک بەخێوکردنی منداڵ، ئامادەکردنی خواردن، شتن و پاکڕاگرتنی کاروبارەکانی ماڵ، هەروەها ئەرکی شۆردنی تەرمەکانیان لەسەر بوو. دەتوانین بڵێین ڕۆڵی ژنان کورت کراوەتەوە بۆ ئەو ئەرکانە و ئەمەیش وای کردووە کە ڕۆڵێکی لاوازیان لە بەشداریکردنی شار و کۆمەڵگەدا هەبێت لە ڕێگەی بڕیاردانەوە. ژنان هەمیشە ڕەگەزی دووەم بوون و وەک بابەتی شەهوەت و پڕکردنەوەی ئارەزووەکان لێیان ڕوانیون.

تابلۆی زەیتی؛ پلاتۆی پیر لەگەڵ ئەرستۆی گەنج – ئەکادیمیای یۆنانی

ئەرستۆ نموونەیەکی دیاری ئەم جۆرە تیڕوانینەیە بۆ ژنان لە کۆمەڵگەی یۆنانیدا بەوەی کە پێی وایە هێرارکیەتێکی سروشتیی گەردوونیی هەیە، کە لەپێناو ئامانجێکدایە و ئەرستۆ دێت بەهانەی لۆژیکی دەداتە پاڵ و بەهۆیەوە ژنان دەکات بە پاشکۆی پیاوان. بە بڕوای ئەرستۆ؛ چونکە هێرارکیەتێکی سروشت هەیە بەسەر مادەکاندا، بۆ نموونە وەک چۆن هێرارکیەتی گەلان بەسەر یەکتریدا هەیە، بەو جۆرەی دەڵێن؛ ئەورووپاییەکان ئازان، بۆیە کەس ناتوانێت داگیریان بکات، بەڵام زیرەکی و سیستمێکی سیاسیی باشیان نییە، بۆیە ناتوانن وڵاتەکانی دراوسێ داگیر بکەن. ڕۆژهەڵاتییەکانیش زیرەکن و کارامەن، بەڵام ئازا نین، بۆیە هەمیشە بەکۆیلەکراو و داگیرکراون، بەڵام یۆنانییەکان هەردووکیان هەیە، بۆیە هەمیشە سەروەرن. هەر بەو جۆرەیش دەکرێت کە هێرارکیەتی کۆمەڵایەتییش هەبێت، بە جۆرێک کە تاکەکان بەپێی ڕیزبەندیی پلە و پایە و هێز و توانا، ڕیزبەند بکرێن. بەو جۆرەیش ژنان لە ڕیزبەندیی خوارەوەن و پیاوان لەبەر چەنین هۆکار، لە سەرەوەن و خاوەن بڕیارن. بۆ ئەوەی پراکتیککردنی بیرۆکەی هێرارکیەت بەسەر خێزاندا ببینین، ئەرستۆ دێت پیاو بە باڵا دادەنێت و ژنیش بە نزم، پیاو بوو بە هیولا و ژنیش بە فۆرم، ژن مادەیە و پیاویش بنەمای عەقڵی.

 

 

ژنان لە هەناوی تراژیدیادا

لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەموو بەهرەیەکی ژنانی دەکوشت و تەنها وەک خزمەتکاری باوک یان مێرد، دانی پێدا دەنان، بە بیانووی ئەوەی پێنەگەیشتوون و تەنها کاری ماڵەوە شارەزان، نموونەی ژنانی ئاوارتە و ئازا لە هەناوی تراژیدیادا دەبینین، کە خوڵقێنەری دید و تڕوانینێکی دیکەی سەربەرزانەن بۆ ژنان. شانۆنامەی ئەنتیگۆنە و نزاکاران، دیمەنێکی شۆڕشگێڕانەی ژنانمان نیشاندەدەن. بێگومان لە ڕێگەی ناسینی ڕۆڵ و یاخیبوونەکانیانەوە دەتوانین دنیابینییەکی جیاوازمان هەبێت و مێژوویەکی جیاواز لەو مێژووە بخوێنینەوە کە هەمیشە ژنانی وەک لاواز هەژمار کردووە و پیاوان باڵادەست بوون. تێما و کرۆکی هەردوو شانۆنامەی ئەنتیگۆنە و نزاکاران، پەیوەست بە پرسی یاخیبوونی ژنانەوە، بە کورتی باس دەکەین.

 

شانۆنامەی (نزاکاران) لە لایەن (ئەسخیلۆس)ەوە نووسراوە، ئەم شانۆنامەیە بۆ یەکەمجار لە ٤٧٠ی پێش زاین لە زنجیرەیەک تێترالۆژیی دانەیددا نمایشکراوە

نزاکاران 

شانۆنامەی نزاکاران لە لایەن (ئەسخیلۆس)ەوە نووسراوە، ئەم شانۆنامەیە بۆ یەکەم جار لە ٤٧٠ی پێش زاین لە زنجیرەیەک تێترالۆژیی دانەیددا نمایشکراوە و یەکەم دەقی زنجیرەکەیە کە توانراوە پارێزراو بێت. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکە بریتین لە دانۆس، پاشای ئارگۆس، هێڕاڵدی میسڕ، کۆرسی کچانی دانۆس و ئامادەبوان. ئەفسانەکە باس لە دانۆس و پەنجا کچەکەی دەکات کە لە دەقەکەدا بە کۆرسی دانەیدەکان دەدوێن.

کچانی دانۆس لە لایەن باوک و مامیانەوە زۆریان لێ دەکرێت، هاوسەرگیری لەگەڵ پەنجا لە کوڕە مامەکانیان بکەن، ئەوانیش خۆشحاڵ نین بەم کارە، بۆیە لەپیناو خۆدەربازکردنیاندا ڕادەکەن و پەنا دەبەنە بەر شاری ڕاگۆس تا داڵدەیان بدات.

شانۆنامەکە باس قانوونێکی ئیلاهی دەکات، کە پەناهەندەییە. پێلاسگۆس (پاشای ڕاگۆس)، لێرەدا دەکەوێتە نێوان دوو بیرکردنەوەوە، یەکێکان ئەوەیە کە ئەگەر بێتو داڵدەیان بدات، ئەوا هێراڵدی میسڕی هێرش دەکاتە سەر شارەکە و خاپووریان دەکات، ئەگەر داڵدەیشیان نەدات، ئەوا قانوونێکی ئیلاهی دەشکێنێت. بۆیە پێلاگسگۆس بڕیار دەدات کە ئەم بڕیاری داڵدەدانە بە تەنها نەدات و بیداتە دەست خەڵکی ڕاگۆس. خەڵکی ڕاگۆسیش ڕازی دەبن و دانەیدەکان داڵدە دەدەن. لێرەوە میسڕییەکان هێرش دەکەنە سەر ڕاگۆس و خاپووری دەکەن و کچەکان دەگەڕێننەوە و بە ناچاری هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕە مامەکانیاندا دەکەن.

لە شەوی هاوسەرگیریدا، چلونۆ لە دانەیدەکان هاوسەرەکانیان دەکوژن، تەنها یەکێکیان نەبێت، کە عاشقی هاوسەرەکەی دەبێت. ئەوەی لەم شانۆنامەیەوە دەیبینین، دوو جار وزە و یاخیبوونی شاردراوەی ژنانە، یەکەمیان کاتێک بە دۆخی هاوسەرگیریی زۆرەملێ قایل نابن و بۆ شاری ڕاگۆس هەڵدێن، دووەمیان ڕێککەوتنیانە لەسەر کوشتنی مێردەکانیان لە شەوی هاوسەرگیریدا. ژنانێک کە هەمیشە ڕۆڵێکی دیاریکراویان لە لایەن کۆمەڵگەوە پێ دراوە، هەرگیز چاوەڕێی ئاکتێکی لەم جۆرەیان لێ نەکراوە لە کۆمەڵگەدا، یاخیبوونی کچانی دانوس پیشانمان دەدەن کە ئیرادە و خواست هەمیشە بۆ مرۆڤ سەروەرن و پێمان دەڵێن کە کچانی دانوس کۆیلایەتی و ژێردەستی قبووڵ ناکەن.

 

 

 

نزاكاران؛ ئەنتیگۆنە   

نزاکاران؛ ئەنتیگۆنە (,Suppliants, Antigone) یەکێکە لە دەقە تراژیدیاکانی سۆفۆکلیس و ٤٤١ی پێش زاین نووسراوە. دەقەکانی سۆفۆکلیس بریتین لە زنجیرەیەک کە تێیدا ئەنتیگۆنە بە ڕیزبەندیی سێیەم دێت، بەڵام یەکەم دەق بووە کە پیش دوانەکەی تر نووسراوە. چوارچێوەی ڕووداوەکان بە گشتی لە کۆشکی پاشا کریۆندا ڕوو دەدەن و کارەکتەرە سەرەکییەکان بریتین لە ئەنتیگۆنە، ئیسمین، کریۆن، هایمۆن، یوریدایس و تێرێسیاس و چەند پاسەوان و پەیامبەرێک.

شانۆنامەکە بە ڕووکەشی ڕووداوی کوژرانی دوو برا ئیتۆکلیس و پۆلینیسمان پیشان دەدات، کە پاشا کریۆن بڕیار دەدات یەکێکیان بە خاتری ئەوەی شایەنی نییە، ناشتنێکی شایستەی نەبێت و جەستەی بکرێتە خۆراکی سەگ و باڵندەکان. لەم نێوەندەدا ئەنتیگۆنی خوشکیان پێچەوانەی ئیسمین، کە ملکەچی بڕیار و فەرمانەکانی پاشا دەبێت، لەسەر بنەمای کەسی، پێی وایە کە ئەخلاقییانە بەرپرسیارە بەرامبەر بە ناشتنی براکەی، هەڵوێستێکی یاخییانە دەنوێنێت و دەچێت بە دەستەکانی خۆی براکەی دەشوات و لە ژێر خاکدا دەینێژێت، پاشا کریۆنیش بڕیاری کوشتنی ئەنتیگۆنە لەپێناو شەرمەزارکردنیدا دەدات.

 

تابلۆو هونەرمەند نیکۆفۆرۆس ١٨٦٥ ئەنتیگۆنە لەبەردەم پۆلینایسیسی مردوو
Antigone in front of the dead Polynices by Nikiforos Lytras 1865

 

ئۆدیب و ئه‌نتیگۆنه‌

لەم شانۆنامەیەدا، هەڵوێستی بوێرانە و ئازایانەی خوشکێک دەبینین لە کۆمەڵگەیەکی وەک یۆنانی کۆندا، کە نەک تەنها وەک سۆزێک بۆ براکەی دەینوێنێت، بەڵکو وەک پارێزەری قانوونێکی ئیلاهی کە جەستەی مرۆڤ هەیبەتێکی هەیە و و دەبێت بنێژرێت، هەڵوەستە دەکات. ئەنتیگۆنە سەرەڕای ئەوەی دەزانێت بە ناشتنی براکەی چارەنووسی مردن دەبێت، هەڵدەستێت و براکەی بە ناشتنێکی شایستە دەنێژێت. کارەکەی ئەنتیگۆنە بە  پێی کۆمەڵگە و سەردەمەکەی خۆی، کارێکە کە لە ئەرک و ڕۆڵی ژنان بەدەرە و ژنان لێیان چاوەڕێکراو نییە لە فەرمانەکان لا بدەن. بۆیە لە تراژیدیاکەدا بەر دیمەنێکی شۆکبوونی پاشا دەکەوین، لەو کاتەی دەزانێت ئەنتیگۆنە هەستاوە بەو کارە؛ لە وەڵامی کریۆن بۆ هایمۆنی کوڕی، غرووری لە ڕادەبەدەری پاشایەک دەبینین کە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵاتەکەی بە جۆرێک پەروەردەی دەکات، ژنان بە نزمتر لە ئاستی شانی خۆی ببینێت و دەیەوێت تەنانەت گەر هەڵەیش بێت، بەرامبەر پیاوێک بێت، نەک بەرامبەر بە ڕەگەزی دووەم، کە ژنە.

ئێمەین سەروەری یاسا و خاوەنی مرۆڤە یاسادانەرەکان، هیچ ژنێکیش نابێت فریومان  بدات،

گەر بڕیاڕ بێت بدۆڕێین، با بەرامبەر پیاوێک بدۆڕێین، ئایا ژنێک لە ئێمە ئازاترە؟

 

شانۆنامەی ئەنتیگۆنە و نزاکاران دوو دەقی سیاسی و یاساین، کە هەڵگری دنیابینین. مێژووی یاخیبوونی ژنان هەر لە یۆنانی کۆنەوە و لە تراژیدیادا سەری هەڵداوە و ژنانێکی ئازا هەبوون کە بە دۆخی هەنووکەیی سەردەمەکەیان قایل نەبوون و هەوڵی گۆڕینی دۆخ و هەلومەرجی خۆیان داوە. هەروەها دەبێت ئەوەیش لەبەرچاو بگرین کە یاخیبوون لە یۆنانی کۆندا چەمک نەبووە، چونکە بەر بنەمای بیرکردنەوەی فیکریی و فەلسەفیی قووڵ نەبوون و دەتوانین بە کاردانەوە هەژماریان بکەین.

 

ئۆدیبۆسی کوێر و ئەنتیگۆنە – تابلۆی چارلس جێلوبەرت ١٨٤٢
Oedipus and Antigone
by Charles Jalabert 1842

 

ئیسمین و ئه‌نتیگۆنه‌

ئەم ئاکتە یاخییانە دەیسەلمێنن کە ڕۆڵی ژنان ناتوانرێت بەرتەسک بکرێتەوە بۆ ئەرکی ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵ، بەڵکو ئەوان ڕۆڵی گەورەتر و فراوانتر لە کۆمەڵگەدا دەگێڕن. ئەوەی وا دەکات بڵێین ئەم شانۆنامانە دەقێکی سیاسین، ئەوەیە کە ژنان بە بیانووی ئەوەی لاوازن و ئەرکیان تەنها خستنەوەی منداڵە، لە سیاسەت وەدەر نراون. ئەرستۆ باس لە کەموکوڕییەکانی ژنان دەکات و لە دەستەواژەکانیدا ئاماژە بەوە دادات کە ژنان زوو هەڵدەچن، توندوتیژن، ڕەگەزێکی هەستیار و ناسک و سۆزاوین، زوو کاریگەر دەبن، زیاتر پشت بە هەستەکان دەبەستن وەک لە عەقڵ، هەر بۆیە کەمتر ئامادەییان تێدایە بۆ سەرۆکایەتیکردن وەک لە پیاوان، چونکە سەرۆکایەتی پێویستی بە عەقڵە نەک بە هەست. هەروەها پێی وایە ژن ناتوانێت وەک پیاو فەزیلەتە ئەخلاقییە جیاوازەکان ئەزموون بکات، ناتوانێت هیچ پلەیەکی کۆمەڵایەتی یان ڕۆشنبیریی هەبێت، ئەرکی ژن تەنها خستنەوەی منداڵە، کارەکتەرانی ناو شانۆنامەکە دێن و ئەم وەدەرنانە ڕەت دەکەنەوە و پیشانی دەدەن کە ژنانیش دەتوانن ڕۆڵی سیاسیی فراوان و کاریگەر ببینن.

 

ئه‌نتیگۆنه‌

وەک چۆن مرۆڤبوون دراوێک نییە لە لەدایکبوونەوە خاوەنی بیت، بەڵکو ئەرکە لەسەر شان کە ببیت بە مرۆڤ، بەم جۆرەیش لاوازی و بەهێزیی ڕەگەزەکان ئەرکە و لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، کەسایەتی و کارەکتەری کەسەکان دادەڕێژرێت، پەروەردەکردنی کچان و کوڕانمان بە یەکسانی و فێرکردنیان لەبارەی بوێری و ئازایەتی و ئازادییەوە، وا دەکات کچان و کوڕانێک پەروەردە بن کە مل بۆ کۆیلایەتی کەچ نەکەن و خەون بە ئازادییەوە ببینن. لە ئەنتیگۆنەدا دوو خوشک هەن کە یەکیان یاخییە و ئەوی تریان بە هەلومەرجی کۆیلایەتی ڕازییە، لە ڕێی ئەم هەڵوەستەیەوە دەبینین کە ژنانێک هەن پارێزەر و درێژەپێدەری هەمان کولتوور و نۆرم و بەها کۆنەکانن و خەون بە ڕزگارییەوە نابینن، هاوشێوەی ئەو ژنانەی لەمڕۆدا ئاوەزیان بە باکگراوندێکی ئایینی شۆردراوەتەوە و هەر ئەوانیشن دوو هێندەی پیاوان ترادسیۆنە کۆنەکان دەپارێزن، کە دەبوو لەمێژەوە تێبپەڕێندرایە و ببوایەتە چیرۆکی سەر ڕەفەکان و ڕێگرن لە بەردەم ڕزگاریدا. لێرەدا پێویستە بڵێین کە ئیدراکێکی گشتیی نایەکسانی و نادادپەروەری هەیە، بەڵام پێویستی بە ئاڕاستەکردنێکی ڕێکخراوە کە بەر بنەمای بیرکردنەوەی فیکری و فەلسەفیی سەردەم بێت. بیرکردنەوەیەک کە ئامادە بێت هەمیشە لە خۆنوێکردنەوەدا بێت و دۆگما نەبێت.

 

تەواو

 

تێبینی: ئەم بابەتە پێشکەش بە (خانەی حیکمەت) بۆ لێکۆڵینەوەی فەلسەفی کراوە.

سەرچاوە:

– ئەرستۆ و ژن، د. ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام، و: سەرکەوت جەلیل، چاپخانەی موکریانی، ٢٠١٣.
– ئەفڵاتوون و ئافرەت، د. ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام، و: ئەژین عەبدولخالق، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٠٨.
– بیری فەلسەفیی یۆنان پێش ئەفڵاتوون، د. حسێن حەرب، و: ڕەفیق غەفوور، دەزگای فارابی، بەیروت، ١٩٨١.
The Suppliants, Aeschylus, Global Grey eBooks –
Antigone, Sophocles, translated by Elizabeth Wyckoff –
– فاروق ڕەفیق، کۆرسی فەلسەفەی سیاسەت، خانەی حیکمەت، ٢٠١٩.