سلۆته‌ردایك و پرۆژەکەی شێلینگ

پرۆژەکەی شێلینگ


Loading

مرۆڤ، نێر،مێ، یاخود نێرەمووک بێت، ئاژەڵێکە مەحکومە بەناسینی ژن. شتی دروست لەبارەیەوە کەم زانراوە و شتی چەواشە لەبارەیەوە زۆرە.

سلۆتەردایک

 

فیلۆسۆف پیتەر سلۆتەردایک لەدوای ڕۆمانی << درەختی جادوو>> ١٩٨٥ کە تەرخان بوو بۆ دۆزینەوەی << نەست >> لەنیوەی دووەمی سەدەی هەژدەدا، واتە بەرلەوەی فرۆید مانیفێستی بکات. ئەم ڕۆمانەشی بەناوی <<پرۆژەکەی شێلینگ>> ٢٠١٦ کە دووەمین ڕۆمانێتی بڵاوی بکاتەوە، بەڵام لەم ڕۆمانەیدا سەبارەت بە پەیوەندی ئاڵوگۆڕی سێکسوالیتی لەدیدی فەلسەفەی سروشتی شێلینگەوە مێژووی پەرەسەندنی زایەندایەتی و ئارەزووی سێکسوالیتی مێیایەتی دەنووسێتەوە … تێزەی ڕۆمانەکەش ئەوەیە کە وا: حەز و زەوق و هەستیاری مێ وردتر و قووڵتر و زۆرترە لە هی نێر.

 

پرۆژەکەی شێلینگ – ڕۆمان – سلۆته‌ردایك

ڕۆمانەکە لەشێوازی نامەکاریدا لە سێ بەشدا نووسراوە. بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە بەناوی << هەلومەرجە نادڵنیاکان>>ە، کارەکتەرەکان ئاڵوگۆڕی نامەی ئەلەکترۆنی دەکەن و باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە بارودۆخەکە کۆمەکیان نەکات و هیچ پشتگیرییەکی ئەکادیمیایان دەست نەکەوێت. ئەوان ئەزموونە تایبەتییەکانی خۆیان دەگێڕنەوە و لەڕێیەوە کار بۆ دامەزراندنی بنەماکانی ئەو سێکسوالیتی و ئیرۆسە دەکەن. لێرەدا زۆر جەغد دەکرێتەوە لەسەر گرێبەستێکی سوبیەکتیڤییانە، لەپێناوی ئەوەی تیمەکە باشتر و بەمتمانەتر بتوانن پێکەوە کار بکەن. واتە لەسەر بنەمای دانپێدانی کارەکتەرەکان سەبارەت بە ئەزموونی سێکسی خۆیان توێژینەوە زانستییەکەیان بەئەنجام دەگەیەنن. لە بەشی دووەمیشدا کە لەژێر ناونیشانی << تیۆری گەشەسەندنە>>. بە پشتبەستن بەو بنەما خۆیی و کەسییانەیان پرۆژەی توێژینەوەکە هەڵدەچنن و کاریش بۆ ئەوە دەکەن هەموویان پێکەوە لە شوێنێک یەکتری ببینن. لە بەشی سێهەمیشدا بەناوی << فۆرمی بێئومێدی>>، باس و ڕەخنەگرتن سەبارەت بە دەزگا زانستییەکان بەچڕی زاڵ دەبێت بە سەر کەشی ڕۆمانەکەدا. لەبەرئەوەی پرۆژەکە ناباوە دەزگای ئەکادیمی بەرپەرچی دەداتەوە.

 

لەم ڕۆمانەدا بەشێکی بنەڕەتییانەی هەموو پرۆژە فەلسەفییەکەی سلۆتەردایک زۆر بەچڕی ئامادەیە، بۆیە گەر بمانەوێت لە ڕستە و کۆپلە و هەڵوێستە و تێڕامانەکانی تێبگەین بەڕای من پێویستیمان بە پاشخانی مێژووی بیرۆکەکانی سلۆتەردایک دەبێت، بەتایبەتی کتێبەکانی << کایەکان>> وە << هاتنە جیهان، هاتنە زمان>> وە << منداڵە بەدەکانی نوێکات>>.

 

دیارە ئەمەش یەکەمین هەوڵە تا ئێستا لەو بوارەدا درابێت کە فەلسەفە و پۆرنۆگرافی تێکهەڵکێش بکرێن. هەڵبەتە لەئەدەبیاتدا کارەکانی فیلیپ ڕۆت و گونتەر گراس لەتەمەنێکی هەڵکشاویاندا سەبارەت بەم تێمایە سووڕاوەتەوە، بەڵام وەک ئەم کارەی سلۆتەردایک کارەکانیان چنینێکی فەلسەفی پێوە دیار نییە. سلۆتەردایک یەکەمین بیریارە توانی بەئامرازی فەلسەفە قسە لەسەر دیوی ناوەوەی مرۆڤ بکات. مۆدێلی بیری سلۆتەردایک لەمێژووی فەلسەفەدا تا ئێستا بێوێنەیە. ئەو تاکە بیریارێکی نیتچەییە توانیویەتی خۆی لەتیۆری سیستەماتیکی و لە چێوەی ئەکادیمی دەرباز بکات، لەم ڕۆمانەشیدا ڕەخنەی توند دیسانەوە لە دەزگا زانستی و ئەکادیمییەکان دەگرێت.

 

ئەو لە پرۆژە زەبەلاحەکەی << کایەناسی>>دا تەواوی مێژووی <<بوون و شوێن>> دەنووسێتەوە. شوێنە ناوەکییەکان و شوێنە دەرەکییەکان، کایە بچووکەکان و کایە گەورەکان. لە بەرگی یەکەمی سێینە کتێبی << کایەکان>>دا بەناوی << بڵقەکان>> بیرۆکەی << دووانەی سەرەتایی>> باس دەکات، کە هێمایە بۆ دووانەی دایک و منداڵ. واتە منداڵدانی دایک وەکو یەکەمین شوێن و دایکایەتیش وەک یەکەمین بنەڕەتی شوێن. بەمپێیە منداڵ لەدایکەوە نایەت، بەڵکو هەردووکیان دووانەیەکی بنەڕەتین و لەناو کایەی << دایکایەتی>> دا دروست دەبن. خۆشویستنی دایکیش بۆ منداڵ یاخود منداڵ بۆ دایک لەپلەی یەکەمدا بەشێوەیەکی ئەوتۆماتیکی ڕوو نادات لەبەرئەوەی ئەم دووانەیە ماشێنەی دووانەیین، بەڵکو لەپلەی دووەمدایە کەوا هەر یەکێک لەم دووانە خولیایی و حەزیان بۆ شوێنە دێرینە ناوەکییەکەی خۆیان هەیە، واتە بۆ ئەو شوێنەی کە تیایدا هەردووکیان دووانەیەکی بنەڕەتییان چێ کردبوو وە نوێنەرایەتی دەکەن. لێرەدا سلۆتەردایک شۆڕشێکی تاقانە بەرپا دەکات، دایک دەکاتە سەرەتا، دایک چیتر کەسێک نییە بەڵکو << دەرەکەس>> و دەرەهێزێکە. بەمەش ئەو جیاکارییە جێندەرییەی نێوان باوک و دایک تێدەپەڕێنێت. واتە دایکایەتی دۆخێکی تاک نییە بەڵکو دۆخێکی دووانەییە. لێرەوە سلۆتەردایک لە پۆزیسیۆنی دایک دا ئیتۆسێکی نوێ ڕادەگەیەنێت، ئیتۆسی ئەوەی << پێکەوەبوون>> دەکەوێتە پێشەوەی << جیابوونەوە و تاکایەتیی>>یەوە. لەوێدا ئەو دەڵێت: سەرەتا دووان هەبوو، دواتر دابەشبوون ڕوویدا … مرۆڤ تاک نییە، مرۆڤ دووانە … تاک هیچ نییە جگە لەبەرەنجامی دابەشبوونی جووت.

 

بەڵام جەستەی دایک هەم وەکو شوێنێکی << بەرهەمهێنان>> دەبینرێت، هەم وەکو جەستەیەکی << خۆڕایی و سروشتی>> یانە ناسراوە. لێرەوەیە ئەم جەستەیە ناتوانێت خۆی بکاتە کاپیتال … بۆیە دایک ئەو قوربانییەیە کە جەستەی خۆی دەکاتە قوربانی. لێرەوەیە ڕۆمانەکە بانگهێشتی ئەوەمان دەکات، مێژووی مرۆڤ، بەتایبەتی ئەوەی سەبارەت بە مێژووی ژنە، دەبێت لەسەرەتایەکی نوێوە بیری لێ بکرێتەوە. << پرۆژەکە. ل١٦>>.

                                             

خۆهەڵقورتاندنی فەلسەفە بۆناو بوارەکانی ژیان

ئەوەی پێی دەڵێن ژیان، لەڕاستیدا هیچ نییە جگە لە تیۆری.

ئێمە لەڕۆژگارێکدا دەژین زۆرێک لە دیاردەکانی ژیانی ڕۆژانە لەگۆشەنیگای فەلسەفییەوە تێڕامان دەکرێن … دیارە لەبەرئەوەی فەلسەفە گەڕانێکی دۆستانەیە بەدوای ناسینی ڕاستیدا، ئەوا << ڕاستی >> ش هیچ نییە جگە لە << مێ>> یەک، وەک نیتچە دەیگووت. لێرەوەیە پرسیارکردن لە هەقیقەتی مێیایەتی دەمانبەستێتەوە بەپرسیارکردن لە ئارەزووە سێکسوالێتییەکانی مێیایەتییەوە. ئەم ڕۆمانەش توێژینەوەیەکی فەلسەفییە لە سروشتی مێیایەتی، بەستنەوەی فەلسەفەیە بە ئیرۆسەوە. بایەخدانێکی فەلسەفییە بە جەستە … وەک خۆی لە دیدارێکدا دەڵێت: چیتر فەلسەفەی مۆدێرن دژە جەستە نییە. ئەوە سەردەمی ئەفلۆتین بوو کە دەگووترا شەرم لەجەستەم دەکەم، بەڵام لە سپینۆزا و دیدرۆ و فۆیەرباخ و نیتچە بەدواوە فیلۆسۆفەکان لەسەر دیوی ڤیتالیتێت دان و دڵنیاشم هەروەها دەمێنێتەوە.

 

ڕۆمانەکە بە زمانێکی چڕ و پڕ لە میتافۆر نووسراوە، زمانێک سلۆتەردایک خۆی دانی پێدا دەنێت کە لەهۆگربوونیەوە بە ستایلی نیتچەوە سەریهەڵداوە: نووسینەکانی نیتچە تاکە وانەی زمانی ئەڵمانین کە تاوەکو ئەمڕۆش کاریگەریان بەسەرمەوەیە.

 

ڕۆمانەکە بریتییە لەئاڵوگۆڕکردنی نامە و ڕاپۆرت نووسین سەبارەت بە ئەزموونی سێکسوالیتی پێنج کارەکتەری ئەکادیمی، کە پێکهاتوون لە سێ زانای پیاو و دوو زانای ژن. تەمەنی هەموویان لەسەروو پەنجا ساڵییەوەیە بۆ ئەمەش لەوەڵامی پرسیارێکدا لە ڕۆژنامەی زوید دۆیچە تسایتونگ لە ١٨.٠٩.٢٠١٦ دا کە لێیدەپرسرێت: بۆچی هەموو فیگورەکانی ڕۆمانەکەتان لەتەمەنی سەروو پەنجا ساڵییەوەن؟ ئەو دەڵێت: ویستم بەوە چاکەیەک لەگەڵ خۆمدا بکەم، دواتر کتێبێک بخوێنمەوە کە بەردەوام حەزم لەلاپەڕەی دواتری بێت.

 

ناوی ئەم پرۆتاگۆنیستانە ناوی سەیرن کە سلۆتەردایک بە گۆڕینی پیتێک یان چەند پیتێکی ناوە ئاساییەکان دایهێناون، یەکێک لە پرۆتاگۆنیستەکان ناوی پیەر سلۆتەردایکە، نەک پیتەر سلۆتەردایک. واتە خودی سلۆتەردایک خۆیەتی بەس بە کەمکردنی پیتێک، وە هەروەها ناوەکانی تریش … ئەم زانایانە لە ڕاپۆرتەکانیاندا گفتوگۆ لەسەر زەوق و ئاڵۆشی <<سێکسوالێتی مێینە>> دەکەن، هەر لە سەرەتای مێژووەوە وەکو <<ژنی هۆمینۆدە>> تا دەگاتە نوێکات وەکو <<ژنی ساپینس>>. وە بابەتی توێژینەوەکەیان بریتی دەبێت لە << بنەما بیۆسۆسیالەکانی ژیانی سێکسوئێلانەی مێ لەماوەی سەردەمی کۆن و هاوچەرخ دا، لەبەر تیشکی گریمانەی: مێ وەکو خودێکی پەرەسەندوو.>> واتە پرسیارەکە ئەوەیە: داخۆ مرۆڤ لە پرۆسێسی پێشکەوتنیدا بەرەو پێشەوە، سێکسوالێتی خۆیشی پەرە پێداوە؟ ڕۆمانەکە لەڕێی توێژینەوەکانی ئەم دەستە زانایەوە دەیسەلمێنێت کە بەبێ هیچ گومانێک پەرەسەندنی سێکسوالێتی ڕوویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە نە لەڕووی فیزیکی و نە لەڕووی سایکۆلۆگییەوە لەو ڕووداوە تێنەگەیشتووین.

 

توێژینەوەکانیش لەسەر ئاستی ئەزموونە خۆییەکان ئەنجام دەدەن، واتە دەرەنجامە زانستی و فەلسەفییەکانیان لەڕێی بەکەسیکردن و بەخۆییکردنی ژیان و ئەزموونی <<ئارەزووی سێکسی>>یەوە بەدەست دەهێنن. فیگورەکانی ڕۆمانەکە لەئەزموونەکانی خۆیانەوە دەدوێن، ئەمە وەکو دیاردەیەکی نوێی دانپێدانانی چۆنێتی مەشقکردنی ئارەزووی سێکسی. ئەم پرۆسێسەش لەو دیدە شێلینگییەوە دەبینێت و لەم ڕستە سەیرەدا کورتی دەکاتەوە کە دەڵێت: سروشت چاوەکانی خۆی لەناو ئۆرگازمۆسی ژن دا دەکاتەوە. لای شێلینگ فەلسەفە بەتەنیا ئەوە نییە کە هەموو زانستەکان دەخاتە پاڵ یەکتری، بەڵکو ئەوەشە کە شتە زانستییەکانیش دەکاتە بوارێک کە شیاوی بیرلێکردنەوە بن. بەهەمان ئەمشێوەیە سلۆتەردایک دێت و بوارێکی زانستی وەکو جینیاکۆلۆگی/ زایەندناسی لە چێوە باوەکەی زانستدا کە تەنیا سەبارەت بە زانستی مێناسییە دەردەهێنێت و دەیکاتە بنەهەڵوێستێکی ئەپیستیمی کە فەلسەفە و ئەنترۆپۆلۆگیا و سێکسناسیش لەخۆدەگرێت، واتە ڕۆمانەکە لەو شوێنەوە دەست بەفەلسەفاندن دەکات کە زانستی بەجێهێشتووە، ئەم تیمە لە شوێنەوارەکانەوە توێژینەوە ناکەن، کە وەکو باوە تیمەکانی توێژینەوەی زانستی هەمیشە لە شوێنەوارەکان و پاشماوەکانەوە لێکۆڵینەوەکانیان دەکەن، بەڵکو لە بێشوێنەوارییەوە، لە ناـ هیچەوە هەقیقەتەکان دەدۆزنەوە … << بێشوێنەواری بریتییە لە هەقیقەتی مێژووی سروشی. ١٨ل>>. ئەمەش کارێکی بێوێنەیە لە مێژووی فەلسەفەدا، کارێکە وەک جۆرێک لە بەگژداچوونەوەی تەواوی سیستەمی باوی بیرکردنەوە.

 

ئاڵوگؤڕکردنی نامەکان لەڕێی ئی-مەیلەوە دەبێت، وەکو نوێترین ئامرازی کۆمیونیکاسیۆن. لە دەستپێکی ڕۆمانەکەشدا توێژینەوەیەکی وردی جیاوازی نووسین لەسەر کاغەز و ناردنی بە پۆست لەگەڵ نووسینی نامەی ئەلەکترۆنی دەکات. لە ئیمەیل دا مەودایەکی دوورمان لە ئارەزوو هەیە، بەڵام لەنامەدا هێندە هەست بەنزیکی دەکەیت بێزار دەبیت … لەوێدا دەڵێت: من هیچ باوەڕم بە ناکۆکی نێوان تیۆری و ژیان نییە، چونکە ئەوەی خەڵک پێی دەڵێت ژیان، لەبنەڕەتدا بریتییە لە تیۆری.

 

لەڕاستیدا، وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، تێگەیشتنی تەواو لە نێوەڕۆکە فەلسەفییەکانی ئەم ڕۆمانە، بەبێ ئاگاداری تەواو لە کتێبی <<هاتنە جیهان، هاتنە زمان>> کە زۆر تەرخانە لەسەر پێڤاژۆی لەدایکبوون و هاتنە دونیا، وە لە سێینە کتێبی <<کایەکان>> ی سلۆتەردایک مەحاڵە.

 

لەو پرۆژەیەدا سلۆتەردایک بایەخێکی گەورەی بە میتافیزیکی تیۆری جەندەر داوە، هەروەها زۆر کاری لەسەر پەیوەندی << ژن و شوێن>> کردووە. بەتایبەتی لە کتێبی یەکەمی (کایەکان) دا بەناوی <<بڵقەکان>> کە تیایدا پەیوەندی نێوان منداڵ و دایک دەگەڕێنێتەوە بۆ بەر لەدایکبوون لەناو هەناوی ژندا لەناو منداڵدانی دایکدا … منداڵدان وەکو کایەی دروستبوونی پەیوەندی دەبینێتەوە. واتە ژن وەکو ئەفرێنەرێکی سروشتییانەی ژیان تەماشا دەکات، << بنەمای دەسەڵاتی ژن ئەوەیە ئەو هێلکەی هەیە>>. لێرەوەیە سلۆتەردایک جۆرە فیمینیزمێک دادەهێنێت کە نەرێی بیرۆکەی خواش دەکاتەوە، چونکە ژن تاکە ئەفرێنەرەکەی بوون و ژیانە. هەموو ئەو تێزانەی لە کتێبی کایەکاندا تیۆریزەکراون لەم ڕۆمانەدا لە کۆنتێکستێکی تردا دەیبینینەوە، بۆیە ئاگاداربوون لەو پشتخانەی فەلسەفییە پیویستە بۆ تێگەیشتن لەڕۆمانەکە. لەمەدا ڕۆژنامەی زوید دۆیچە تسایتونگ لێی دەپرسیت: سەبارەت ئەو ژنانەی لەڕۆمانەکەتدا هاتوون، ئایا ئەوە چۆن بوو بەلاتانەوە لە دیدی ژنەوە بنووسن؟ سلۆتەردایک: ئەوە بۆ من شتێکی ئەوتۆ نوێ نەبوو. پرۆژەی <<کایەکان>> کە هەشت ساڵ کارم تێداکرد، لەدیدی مێژووی فەلسەفییەوە هیچ نییە جگە لە سەربارخستنی دیدی مێیایەتی بۆناو جیهانوێنەکەی نێرایەتی. لەوێدا مۆتیڤی << ژن و شوێن/ فراو ئوند ڕاوم>> لەهەموو جێیەکدا ئامادەیە. ئەم دەورە تازەیەشم بەلامەوە تەنها هەڵخلیسکانێکی سووک بوو بۆناو شوێنێکی چۆڵەوە. ئیتر لەدوای مەشقێکی پێشوەختی ئاوا وردکارانەوە مرۆ دەتوانێت بچێتە نێو دەنگی <<من>>ی مێیایەتییەوە، بەبێ ئەوەشی جێی خۆی بشێوێنێت.

 

لەیەکێک لە دێباتەکاندا ئەم پرسیارە هاتووە: ئایا تۆ بەوەت زانیوە کە لەکاتی سێکسکردنی عاشقانەدا بەهیچ جۆرێک وەکو خۆت نامێنیتەوە. هەڵبەتە ئەم پرسیارە ڕێک پەیوەندی بەو تێزەوەیە کە لە کتێبی کایەکاندا خستوویەتیە ڕوو، تێزەی<< زێدەبایی سێکسوالیتی>>. زێدەبایی سێکسیش بریتییە لە زۆربوونی بەهاکان لەڕێی جووتبوونی دووانەوە، دووان جووت دەبن و شتیتر بەرهەم دەهێنن، دووان جووت دەبن و دەگۆڕێن. چێژی ئارەزووی سێکسوالێتی گەر لەنێوان دوواندا ئەنجام بدرێ، ئەو دووانە دەگەن بە بەهای تر و ئاستی تر، ئەم ئاستەی تر بریتییە لەو کایەیەی کە هەموو جووتەکان لەخۆدەگرێت، کایە بریتییە لەو شوێنەی من و ئەویتر پێکەوە تێیدا هەین، مرۆڤیش بوونەوەرێکی کایە دروستکەرە.

 

ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی ناباو هەوڵی ئەوە دەدات پەیوەندی فیکر و ئیرۆس لە ئایدیالیزمی بابەتگەری ئەڵمانییەوە داتاشێت. لەبەرئەوەیە ڕۆمانەکە ناوی پرۆژەکەی شیلینگ ی هەیە. شێلینگ ١٧٧٠ تا ١٨٥٤ دامەزرێنەری ئایدیالیزمی بابەتییانەی ئەڵمانییە، لای ئەم ئایدیالیزمە بابەتییەش ڕاستییەکان لەناو دەرەوەدان، لەناو سروشتدان، نەک لەناو <<خود >>و <<من>> دا وەک فیشتە پێیوابوو، فیشتە ڕەهەندە ماتریالییەکەی فەرامۆش کردبوو. لای ئایدیالیزمی بابەتگەری ڕاستییەکان لەناو سروشتدا، لەناو ئەویتردا دەردەکەون نەک لەناو من دا، لێرەوەیە سلۆتەردایک سروشت وەکو ئۆرگازمۆسێک دەبینێت، وەکو هێزێکی زایەندییانەی نزیکە ڕۆح. واتە سروشت لێرەدا بریتییە لەو زیندەوەرەی گەشە دەسەنێت، سروشت مادەیەکی ڕەقی مردوو نییە، سروشت وزەیەکی موگناتیزییانەی زیندوو و بزێوە. ئەم سروشتەش ڕێک لەناو مرۆڤدا بە بچووککراوەیی مت بووە، وە پەرەسەندنی سروشتی مرۆ دەبێتە مایەی فراژووبوونی هۆشیاری مرۆیی بۆ خۆناسین، ئۆرگازمۆسی ژنیش بریتییە لە جۆرێک لەو هۆشیارییە. چونکە ئۆرگازمۆسی ژن لەپلەی بەرزی ئۆخژنی خۆیدا بەرجەستەی سروشت دەکات. سروشت هێلکەی لەناو جەستەی ژن دا حەشارداوە و وایکردووە پیاو هەمیشە بە فالۆسی خۆی بخزێنێتە ناوی، وەک خانمی لیپە، یەکێک لە پرۆتاگۆنیستەکانی ڕۆمانەکە دەڵێت: ڕەپبوون و ئیرەکسیۆن چییە، جگە لە چوون بۆ پێشەوە. ئەم ڕستەیە لێرەدا ڕستەیەکی هیگلم دێنێتەوە یاد کە دەڵێت: کونکردنی ئاسۆییانەی شاخێک، هەڵکەندنێکە لە قووڵاییدا. واتە ئاسۆیی و ستوونی لە دیالێکتیکێکی نەبڕاوەدان.

 

<< پیاوان نەوەی مارن، کە لەتاو فشاری سکەخشێکەیان دەیانەوێت هەستن و قیت بنەوە، لەکاتێکدا ژنان نەوەی باڵندەن، ئەوان وا خۆیان پیشان دەدەن کە دەبێت بنیشنەوە سەر زەوی، چونکە ئەوێ ماڵیانە. هەموو کێشەکانی نێوانیشیان لەمەوە دێن. ل٦٣

لێرەوەیە خودی سروشت دەبێتە دیارییەک بۆ ئارەزوو، بۆ خرۆشە بەرزەکان کە دەبێتە مایەی زاوزێکردن و دروستبوونی بوونەوەریتر: سروشت ژنە. ل٢١٣. ئەمەش تێزەی زێدەباییە کە تەنیا لای مرۆڤ شک دەبرێت و لای ئاژەڵی تر نابینرێت. بەنموونە ماسی گەراکانی لەدەرەوەی منداڵدانی خۆیدایە، کەچی لای شیردەکان شوێنی هێلکەدانان <ناوەوە>یە. لێرەوەیە لەڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە ڕووداوی لەدایکبوون تایبەتە بەوان.

 

سەبارەت بەو تێزەیەشی کەوا ئارەزووی سێکسی و ئۆرگازمۆسی ژن زۆرترە لە هی پیاو سلۆتەردایک کار بەم ئەفسانە گریکییە دەکات: ئەفسانەی (تایرێسیاس)، یەکەمین مرۆڤە ئەوەی ئەزموون کرد، هەم ژن بێت و هەم پیاویش. ئەو دەیتوانی ڕەگەزی خۆی بگۆڕێت، جا دیار نییە ئەمە سزای خوداکان بوو لەسەری یاخود خەڵاتێک بووە بۆی. جگە لەوەش بەهرەی ئەوەی هەبوو بیر لەشتەکانی زووتر و پێشتریش بکاتەوە. ئەمەش دەبێتە مایەی مشتومڕێکی فیکری لەنێوان هەردوو خوداوەند (زیۆس) و خوداژن(هیرا)ی دا . ئەوان لەوەدا کۆک نەبوون، داخۆ ئەو لەکاتی جووتبوونی دا لەگەڵ خۆی، دەبێت کام لایەنەی << نێرەکەی یاخود مێ یەکەی>> خۆشی زۆرتر وەربگرێت. هیرا پێیوابوو لایەنە نێرینەکەی، بەڵام زیۆس گرەوی لەسەر لایەنە مێینەکەی دەکرد. لەم نێوەندەدا ئەم دوو خوداوەندە دەچنە لای تایرێسیاس و لێی دەپرسن، داخۆ خۆی چۆن ئەو مەسەلەیە دەبینێت؟ تایرێسیاس بەشێوەیەکی سافیلکانە و نادیپلۆماسییانە ڕاستییەکە دەڵێت: << زەوقی ئیرۆتیکییانەی ژن، نۆ جار گەورەترە لە هی پیاو.>>. خوداژن هیرا بە درکاندنی ئەم نهێنییە زۆر تووڕە دەبێت. لەبەرئەوە هیرا ڕووناکی چاوی تایریس دەبات و کوێری دەکات.

ئەفسانەی تایریس ل٢٤٧

سلۆتەردایک وەکو پاڵپشتییەک بۆ تێزەکانی خۆی لەڕۆمانەکەدا وتەی چەندین نووسەر و فیلۆسۆفی هێناوەتەوە لەوانە، نیتچە، ڤیتگنشتاین، سۆمبارت، ئیبن عەرەبی. واتە هەوڵیداوە ڕووماڵکردنێکی تەواوی کولتورە سەرەکییەکانی دونیا بکات سەبارەت بە تێڕوانینیان لەسەر ژن و سێکسوالیتی. سەبارەت بە کولتوری خۆرئاوا، دەمانگەڕێنێتەوە سەر ساتەوەختی شۆڕشی شەست و هەشتی سەدەی بیست کە جووڵانەوەیەکی توندی ئازادکردنی حەزە سێکسوالیتییەکان بەرپابوو بوو، بۆیە ئەوەی بخوازێت لە شەست و هەشتەکان تێبگات دەبێت ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە. لەم ڕووەوە لەیەکێک لەنامەکانی ڕۆمانەکەدا سەبارەت بەو جووڵانەوە سێکسوالێتیە دەنووسێت: لەو سەردەمەدا بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین، ئێمە ئەو گورگە نیتچەییانەبووین کە لەپێستی مەڕی مارکس دا بووین. ئەوسا بەو سەرلێشێواوییەی خۆمان دەگووت: شۆڕش. ل٥٧.

 

ڕۆژنامەی taz نووسیویەتی: ئەمە کتێبێکی دروستە بۆ ناسینی نەوەی شەست و هەشت، وەکو نەوەی پاشەکشەکردن و شکست.

بۆیە ئەوەی بزووتنەوەی شەستوهەشتی ژیاند بێت، یاخود بخوازێت بیناسێت دەبێت ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە. لەم ڕۆمانەدا باسی ئەوە دەکات چۆن خەباتی ئەو نەوەیە بەرەو توندوتیژی ملی نا.

 

لە خۆرئاوادا پرۆسێسی ڕۆشنگەری بووە مایەی ئاشکراکردنی جەستە، ڕۆشنگەری خۆی واتە خۆڕووتکردنەوە، لەکاتێکدا لەکولتورێکی وەکو سعودیەدا کە دوورە لە ڕۆشنگەرییەوە ژن هێشتا دەبێت داپۆشراو بێت، ئەمە ئاماژەیە لەسەرئەوەی نزیکایەتییەکی زۆر هەیە لەنێوان << تووکی سەر و تووکی شەرم>> دا. لێرەوەیە لەچاوی پیاوی عەرەبیدا ڕووی ژن بریتییە لە ناوچەیەکی تری ئەندامی زاوزێی ژن و پرچی سەریشی بریتییە لە دارستانێکی تری << بەری ژن>>. واتە لەڕووی ئەتنۆلۆگییەوە ڕوخساری ژن دەبێتە ئەندامی زاوزێ Vulva. واتە ژن بەهەموو جەستەی خۆیەوە کورت دەکرێتەوە بۆ ئەو کونەی لە ڕووبەندەکەیدا/ بورقەعەکەیدایە. بۆیە کاتێک ژنێک لە کونی ڕووبەندەکەیەوە تەماشای پیاو بکات، ئیتر لەوێدا ڤولڤا/قوز خۆی دەردەخات.

                     

سەبارەت بە ئیرۆتیکی ئیسلامی

لە لاپەڕەی ٢٢٦ دا باسی خوێندنەوەی کتێبێکی سۆفییانەی ئیبن عەرەبی دەکات لەبارەی خۆشەویستییەوە، ئەگەرچی ئەو کتێبە بەشێوازێکی شەپڕێوانە نووسراوە و زۆر دووبارەبوونەوەی وەڕسکەری تێدایە، بەڵام وردبینانە شوێن ڕاڤەکردنەکانی کەوتووە.

لە کتێبەکەدا دیمەنێکی تێدایە کە سەبارەت بە کولتوری ئیرۆتیکی خۆرهەڵاتی ناوەند دەدوێت. خوێندکارێک کە سووتاوی ئەوینی ژنێکە دەچێتە لای مامۆستاکەی بۆئەوەی باسی ئەم ئەوینە سووتێنەرەی بۆ بکات، مامۆستاکەی کە شێخێکە زانیاری پێدەدات، کاتێکیش جەنابی شێخ لە قسەکردندایە بۆی، جەستەی عاشقی دەردەدار لە ‌تاوا شی دەبێتەوە بۆ مشتێک شلەمەنی، لەو بەینەشدا یەکێکی تر خۆی دەکات بەژووردا و دەپرسێت ئەرێ ئەوە چی بەسەرهات ئەو کوڕەی پێش تۆزێک بینیم هاتە ژوورەوە. حەزرەتی شێخیش ئاماژە بۆ پەڵە ئاوەکەی سەر زەوی دەکات. ((ئەو پیاوەی پێش کەمێک پێشوازیم لێکرد، ئا ئەوەی ماوەتەوە. ئەو بوو بە ئاو، واتە بوو بەو شتەی کە <<ئەڵڵا>> هەموومانی لێ دروستکردووە.)).

 

سلۆتەردایک پێیوایە خۆرهەڵاتییەکان وەکو گریکەکان پێیان وابووە، عەشق بریتییە لە دەروازەی گەڕانەوە بۆ ئەو سەرەتایەی چ بیچمێکی نەبووە.

هیچ شتێک لەوە ڕوونتر نییە کەوا هەمانشت خولیایی بۆلای هەمانشت هەیە. ل ٢٢٦

بەڵام ئیبن عەرەبی چەند لاپەڕەیەک دواتر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی بۆ ئاو توایەوە هیچ لەمەسەلە جەوهەرییەکە تێنەگەیشتبوو. چونکە خودا زەوقی ئەوەی هەیە کە هەمیشە و بێکۆتا ببێتە تاک و تەنها. و ئەم شیعرەی بۆ دەنووسێت …

 

تۆ کە لەناو فۆرمی بوونی مندا

خۆت تاک و تەنها کردووە

ئەمەش ئەوە پیشان دەدات

کەوا ئەو شتەی لەمن بەرکەماڵترە

ناتوانێت بێتە بوونەوە

ل٢٢٧.

 

لای سلۆتەردایک ئەمە زرنگانەوەیەکی ئاوتیستیکی. تاکگەرایی، خودگەرایی هەیە … تاکگەر/ئاوتیست کەسێکە پێویستی بەکەسی دووهەم نییە. ل٢٢٧

کەواتە تاکگەرایی لەبنەڕەتدا شتێکی تیۆلۆگییە، چونکە ئەوە خودایە خۆی کردووە بە تاک و چیتر پێویستی بەکەسی تر نییە … لەبەر ئەم هۆیەیە کە شاعیر دەتوانێ بڵێ شتێکی بەرکەماڵتر لە <<من >> ی ئەو وێنا ناکرێت.

 

لێرەوە جۆرە پلاتۆنیزمێکی خۆرهەڵاتییانە لەناو ئیسلامدا بەرهەم دەهێنرێتەوە کە لە هێلینیزمەوە دەگوێزرێتەوە ئەو دونیایە … نیتچە مەسیحایەتی بە پلاتۆنیزمی خەڵک دادەنا، هەڵبەت ئەوەی لەبیرچووە، ئیسلامیش بە پلاتۆنیزمی بەدەوییەکان دابنێت. ل ٢٢٨

سلۆتەردایک دەڵێت لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین جار سورەتەکانی ٤٤ (دوکەڵ) و سورەتەکانی کێو ٢) م خوێندۆتەوە و سەرسامی وزە شیعرییەکەی بووم، بەڵام بۆ ناوەڕۆکەکەی، هەمیشە ڕەخنەییانە سەرم ڕاوەشاندووە.

 

سلۆتەردایک ڕەخنەش لەو تەوژمە خۆرئاواییە بێئاگایە دەگرێت کە دژایەتی ئیسلام دەکات و ئاگایان لەوە نییە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سەرزەوی لەڕێی ئەو گفت و پەیمانەی بۆ ئەو دونیا پێیان دەدرێت لە دیپرەسیۆن ڕزگاریان بووە … بەڵام ئیسلام تاکە دینی ناو مێژووە کە لەبنەڕەتەوە بەهەڵە لەو دونیا تێگەیشتووە. ل٢٣١

حۆرییەکانی بەهەشت و بە پۆرنۆگرافیکردنی ئەو دونیا جۆرە چەواشەکردنێکی ترسناکە، کە خودی موفەسیرە ئیسلامیستەکان دەیکەن، ئەگەرنا وەک ئیسلامناس کریستۆف لوکسەمبێرگ پێش پانزەساڵێک ئەو دەستەواژەیەی لە قورئاندا هاتووە بە حور ئەلعەین، دەگەڕێنێتەوە بۆ زمانە ئارامییە کۆنەکە و مانای << ترێی سپی >> دەگەیەنێت و هیچ پەیوەندی بە ٧٢ حۆرییەوە نییە.ل٢٣٢

لەئیسلام نەبێت، لەهیچ کوێیەکی دونیادا پیاو خۆی ناکوژێت بۆئەوەی لەو دونیا جیماع بکات. ل٢٣٤

دەرەنجامێکی گشتگیری نێوەڕۆک و شێوازی ڕۆمانەکە

ئەو شێوازی نامە ئاڵوگۆڕکردنە، کاتێک نێرەرێک نامەیەک بۆ وەرگرەکەی دەنێرێت و تۆی خوێنەر بە جۆشێکی زۆرەوە چاوەڕوانی وەڵامی کەسی وەرگر دەکەیت، ئەم جۆرە تەکنیکی جۆش دروستکردنە یەکێکە لە هونەرەکانی تەشویق دروستکردن لای خوێنەر، بەتایبەتی کاتێک دەرک بەوەش بکەیت کە زمانی کەسی نێرەر و کەسی وەرگر هەر هەمان زمان و ستایلی سلۆتەردایکە بەڵام لە فیگورێکی تردا. من وا هەست دەکەم سلۆتەردایک ئەو پێنج فیگورەی لەخۆی داتاشیوە تاوەکو مۆنۆلۆگە نێوەکییەکانی خۆی بکاتە دایالۆگێکی پێنج کەسی.

 

ڕۆمانەکە لەزۆر دیمەنیدا بە ساتیرە زمانەوانی و زانستی و فەلسەفییەکانی دەتخاتە قاقا و پێکەنین. ئەم کتێبەش وەک هەر کتێبێکی تری سلۆتەردایک پڕاوپرە لە هومۆری فەلسەفی، دیارە ئەو وەکو نیتچەگەرێک کار بۆ <<زانستی شاد>> دەکات. زانستێک لەدژی دڵتەنگی و دیپرەسیۆن بەرهەم دەهێنێت. تەنانەت خودی سلۆتەردایکیش لەکاتی نووسینی ڕۆمانەکەدا کەوتۆتە پێکەنین و قاقای بەرز، وەک لەو دیدارەیدا دەڵێت: لەکاتی نووسینی ڕۆمانەکەدا، لەژووری نووسینەکەم، هاوسەرەکەم لەودیوەوە گوێبیستی قاقاکانم بووە.

 

ڕۆمانەکە وات لێ دەکات پەیوەندی نێوان ڕووتی و هەقیقەت وەکو پۆرنۆیەکی ئەپیستیمی ببینیت. ڕۆشنگەریش لات ببێتە پرۆسەیەکی سێکسوالیتی چونکە هەردووکیان خۆئاشکراکردن و و خۆڕووتکردنەوەن.

کتێبەکەش بەتێکڕا جۆرە سەرسامییەکی فەلسەفییانەی پیاوە بەژن. ئەمە جگەلەوەی لەڕێی ئۆرگازمۆسی ژنەوە بەڵگەی هەبوونی خوداش بەرپەرچ دەداتەوە. چونکە ئۆرگازمۆسی ژن باڵاترین پەرجووی سروشتە. سروشت ژنە. ل٢١٣

لەم ڕۆمانەدا زۆرێک لە پرۆژە فەلسەفییەکانی سلۆتەردایک چڕ کراونەتەوە. بەگشتی بەشێوازی << زانستی شاد>>ی نیتچەییانە نووسراوە، چونکە ڕۆمانەکە زۆرتر وەکو ئیعجابێک و حەزێکی فەلسەفییانەی پیاوە بە ژن. وەک لەدیداری فیلۆسۆفی ماگەزین دا دەڵێت: من پەیوەندی فیکر و ئیرۆس لەڕێی ئیدیالیزمی ئەڵمانییەوە دادەتاشم.

 

هەرلەو ڕۆژنامەیەدا پرسیاری ئەوەی لێ دەکرێت: نیتچە دەیگووت، فیلۆسۆفێک ژن بهێنێت ئەوە کۆمیدیایە. کەچی ئێوە سێ جار ژنتان هێناوە و سێ جاریش جیابوونەتەوە؟ سلۆتەردایک: من پێموایە فیلۆسۆفەکان دەبێت ژن بهێنن. لەسوکراتیان پرسی، بۆچی ئیسانتیپەت هێناوە، کە ژنێکی وا سرکە. سوکرات گووتی: مەیتەرەوان پێویستیان بەوەیە خۆشیان مەشق بکەن لەسەر ڕاهێنانی ئەسپە سرکەکان.

 

لەڕووی مۆرالیشەوە ڕۆمانەکە ئامۆژگاری ئەوەمان دەکات، ژیانمان وەها بژێنین کە بتوانین ئۆرگازمۆسەکانمان دووبارە بکەینەوە. چونکە، وەک لەدیدارەکەی فیلۆسۆفی مەگەزیندا دەڵێت، هۆشیاری بەختیار ئەوەیە کە بتوانێت لەحزە خۆشەکان دووبارە بهێنێتەوە، ئەگەرنا ئەوە هۆشیارییەکی بەدبەختە. ئەدەبیاتی سەردەم خۆی لەسەر ئەو ئەکسیۆمە ڕاگرتووە، کە قۆناغی مناڵی وەکو قۆناغێکی بەدبەخت و دڵتەنگی مرۆڤ نمایش بکات … لەتێکڕای سەدەی بیستەم دا من تەنها گاستۆن باشلار دەبینم کە گووتوویەتی: لەجەوهەردا هەموو بوونێک بریتییە لە خۆشی بوون. ماگەزین فیلۆسۆفی ل ٣٥

بایەخی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە کە: ئەدەبێکی باڵای ناباوی سەردەمانە دروست دەکات. هەروەها وا دەکات گوتاری سێکسوالێتی گرێ بداتەوە بە ئەزموونە تایبەتی و خۆییەکانی سێکسوالێتیەوە. ئەمە جگە لەوەی بایەخی بیری ئازاد پایەدارتر دەکات کاتێک ناکەوێتە ژێر پێوەرە باوە زڕەکانی دەزگا بیرۆکراتییەکانی توێژینەوە زانستییەکانەوە.

 

چەند ڕستە و کۆپلە هێنانەوەیەک لەڕۆمانی << پرۆژەکەی شێلینگ>>ەوە …

ــ لەکوێ دووان جووت بن، لەوێ شەو دادێت. ل٢٤

ــ تاوانی گەورەی سەدەی بیستەم لەوەدا بوو کە دانەوێڵەیان هۆگری دەرمان کرد. ل٢٨

– هەوڵدان بۆ هەقیقەت، بریتییە لە ڕاوکردنێک کە تێیدا ڕاوچییەکە لەلایەن تانجییەکەی خۆیەوە قەپاڵی لێ دەگیرێت. ل٤٤

– لەناو هەموو تاکێکدا گۆڕی سێکس هەیە. سێکس تەنها لەڕوودا مردووە، ئەو تووشی مەرگی ڕواڵەتر بووە. ل٥٦

ــ تەواوی تاوانەکانی سەدەی ڕابوردوو لە هونەری پەیین دا بوون، کاتێک دانەوێڵەیان مودمینی دەرمان کرد.

ــ لەدەموچاوی هەموو پیاوێکدا لاقەکەرێک دەبینرێت.

ــ ئەگەر ژنان بیانەوێت چێژ وەربگرن، دەبێت واز لەوە بهێنن بیانەوێت تۆڵە بسەننەوە. بەڵام ئەوان بەبێ ئەوەی بەوەیان زانیبێت بەردەوام ویستوویانە تۆڵە بسەننەوە … تۆڵە و ئیگۆ هەمانشتن.

ــ زەمەن خودایە، هەمیشە چرکەساتی خۆی دەبینێتەوە. ل١٠٣

– مرۆڤ، نێر،مێ، یاخود نێرەمووک بێت، ئاژەڵێکە مەحکومە بەناسینی ژن. شتی دروست لەبارەیەوە کەم زانراوە و شتی چەواشە لەبارەیەوە زۆرە. ل١١٧

ــ ئایا چاویش ئۆرگانێکی دەست لێدان نییە؟ ل١٢٢

سەبارەت بە مانای پرۆژەکەی شێلینگ بروانە ل١٢٥

مرۆڤ چاویلکەی سروشتە، سروشت لەناو مرۆڤدا چاوی خۆی دەکاتەوە. ل١٢٧

– مرۆڤ چاوی بوونە، لەهەمان کاتدا کوێرێتییەکەیەتی. ل ١٢٨

ــ ژیان هەڵهاتن نییە بۆ پێشەوە، بەڵکو زۆرتر هەڵهاتنە بۆ سەرەوە. ل١٢٩

ــ شەرم ڕاستکەرەوەیەکی بێدەنگی کتێبی سروشتە. ل١٢٨

ــ دەبێت شێلینگ بە بنەچەی فیمینیزمی لۆجیکی دابنرێت. ل ١٢٩

ــ سروشت بریتییە لە کۆی ئەو هێزانەی کە توانای زایینیان هەیە. شێلینگ ئەوەی ئاشکراکرد، بەرلەویش پلاتۆ و ئەریستۆ و سپینۆزا و لایبنتس پێیان وابووە فیزیک و سروشت بریتین لەو بوونەوەرەی توانای هێنانە ئاراوەی بوونەوەری تری هەیە. ل١٣٠

ــ <<پرۆژەکەی شێلینگ>> لای ئێمە بریتییە لە هەوڵی گەڕانەوە بۆ بنەچە و بنەما و بنەڕەتە یەکەمینەکەی ئەو توانستەی دەخوازێت بێتە بوونەوە، لەڕوانگەی گەشەسەندنی سێکسوالێتیەوە، واتە لەڕووی مێیایەتییەوە. ل١٣١

ــ دەستەواژەی << بەڵگەی خودا>> ئاماژەیە لەسەر ئەو ساتە وەختەی کەتێیدا عەقل زەلیلە لەبەردەم جیاکردنەوەی << ئەگەر>> لە << ڕاستی>>. ل١٣٣

ــ لەڕاستیدا مرۆڤ لەسەردەمی خەلیقەتەوە هەیە و لەوکاتەوە ئیتر بووەتە یەکێک لە خودانەکانی بنەڕەت. ل١٤٢

ــ داهاتوو نەبێت، هیچ شتێک وەکو ڕابوردوو بەسام نییە. ڕابوردوو هێمای نەخۆشییەکی کرۆنیکییە.ل١٤٨.

ــ سروشت ژنە. ل٢١٣

ــ شارێک کە بەربادی / ئۆرگی، تیا بەرپا نەبێت، شارێکی مردووە. ل٢١٦

ــ لەڕووی ئاکوستیکییەوە ژن و پیاو هەمان ئارەزووی دەنگەوەرییان نییە، پیاو زیاتر حەز بە بیستنی ئاخ و ئۆفی ژنە لەکاتی سێکسکردندا… ل ٢٤٠

دوواهەمین دێڕەکانی ڕۆمانەکە ئەمەیە …

– جیهان بەگشتی لەپێداویستییەکی گەورەتردا نییە وەک لە مرۆڤێکی تاک … تاکە مرۆڤێک زۆر موحتاجترە لە جیهان بەگشتی …

یان …

– گەردوون لەناو تاکە کەسێکدا بەپیتترە وەک لەهەر جێگایەکی تر. ل ٢٤٨

 

سەرچاوە:

  1. Peter Sloterdijk, Das Schelling Projekt. Suhrkamp. Berlin 2016.

  2. Philosophie Magazin. Nr. 05/2016 S.20-33

  3. Süd Deutsche Zeitung. 18.September.2016

     

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.