کاتێک پێنج ساڵان بووم، دایکم و باوکم لە پڕێکدا کوڕێکی بچکۆلەیان دروستکرد، دایکم دەیوت ئەوە شتێک بوو کە من، هەمیشە دەمخواست. ئەو تێگەشتنەی لە کوێوە وەرگرتبوو، نازانم. زۆر جار باسی دەکرد و بیرۆکەکەی بە وردەکارییەوە دەڕازاندەوە، هەرچەندە وردەکارییەکان ڕاستەقینە نەبوون بەڵام بەرپەرچدانەوەیان ئاستەم بوو.
ساڵێک دواتر کچێکی بچکۆلە لەدایک بوو، ئەوەش دیسان ڕووداوێکی گرنگ بوو، بەڵام ئەمجارە هەراوهوریاکەی زۆر گەورە نەبوو.
تا کاتی لەدایکبوونی یەکەم منداڵ، باوەڕم نەبوو کە دەکرێت سەبارەت بە شتەکان هەستگەلێک هەبێت جیاواز لەوەی کە دایکم بۆی ڕووندەکردمەوە. تا ئەو کاتەش هەموو ماڵەکە پڕ بوو لە دایکم، لە هەنگاوەگانی، لە دەنگی، لە شومی بۆنی بۆدرەکەی کە لە هەموو ژوورەکاندا دەمایەوە، بەو کاتانەشەوە کە خۆی لەوێ نەدەبوو.
بۆچی دەڵێم شوم؟ من هەستم بە ترس نەدەکرد. ئەوە نەبوو کە دایکم سەبارەت بە شتە جیاوازەکان بۆی ڕووندەکردمەوە چۆن هەست بکەم. ئەو بەبێ ئەوەی پێویست بکات هیچ شتێک بخاتە ژێر پرسیار، لەمەدا لێهاتوو بوو. نەک تەنها سەبارەت بە برایەکی بچکۆلە بەڵکوو دەربارەی پەڵووڵەش کە بەسوودە بۆ من، بۆیە دەبێت حەزی لێ بکەم. هەروەها سەبارەت بە لێکدانەوەی من بۆ ئەو تابلۆیەی کە لە خوارووی سیسەمەکەمەوە هەڵواسرابوو، ئەوەی پیشان دەدا کە عیسا ئازار دەچێژیت کاتێک منداڵە بچکۆلەکان دەچن بۆ لای. ئەو سەردەمە ئازار مانایەکی هەبوو بەڵام سەرنجی ئێمە لەسەر ئەوە نەبوو. دایکم ئاماژەی بۆ ئەو کچە بچکۆلەیە دەکرد کە لە سوچێکدا نیوەی گیانی شاردراوە بوو، دەیویست بچێتە لای مەسیح بەڵام شەرمی دەکرد. ئەوە من بووم، دایکم وای وت، منیش پێموابوو، بەبێ ئەوەی دایکم ئەوە بڵێت خۆم نەمدەتوانی بزانم کە ئەوە منم و ئاواتەخوازیش بووم کە ئەوە من نەبوومایە.
ئەوەی بەڕاستی غەمگینی دەکرم، ئەوە بوو کە ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەران لە کونە کەروێشكێکدا گیری خواردبوو، بەڵام لەبەردەم دایکمدا پێکەنیم، چوونکە ئەو کەیفخۆش دەردەکەوت لەو کاتەدا.
لەگەڵ هاتنی براکەم و ئەو باسە بێکۆتاییەدا کە دەوترا براکەم بەجۆرێک دیارییەکە بۆ من، بۆمدەرکەوت کە تێگەیشتنەکانی دایکم دەربارەی من، جیاواز بوون لە تێگەیشتنەکانی خۆم.
هەموو ئەمانە وایانکردبوو من ئامادەبم بۆ هاتنی سەیدی، کاتێک لای ئێمە دەستی بە کارکردن کرد. سنووری ناوچەی دایکم بە جیهانی منداڵی ساواوە بچووک بووەوە. ئەو کاتانەی کە دایکم نزیک نەبوو لێمەوە، دەمتوانی بیربکەمەوە لەوەی چی ڕاستە و چی ڕاست نییە. ئەوەشم دەزانی کە نابێت ئەمە لای کەس باس بکەم.
سەیرترین شت دەربارەی سەیدی، کە لە ماڵی ئێمە جەختی لێ نەدەکرایەوە، ئەوە بوو کە ئەو کەسێکی ناسراو بوو. شارەکەی ئێمە وێستگەیەکی ڕادیۆی تێیدا بوو، سەیدی تێیدا بە گیتارەکەیەوە گۆرانی کردنەوەی ڕادیۆکەی دەوت.
“سڵاو، سڵاو، سڵاوتان لێ بێت ــ”
پاش نیوکاتژمێریش “ماڵئاوا، ماڵئاوا، ماڵئاواتان لێ بێت.” لە نێوانەکەدا هەندێ گۆرانی داواکراو و هەندێکی دی دەوت کە خۆی هەڵیبژاردبوون. دانیشتوانە ئاست بەرزەکان گاڵتەیان بە گۆرانییەکانی سەیدی و بە هەموو وێستگەی ڕادیۆکەش دەکرد کە لە کەنەدادا بە بچووکترین ویستگە دادەنرا. ئەو جۆرە خەڵکانە گوێیان لە ویستگەی تۆڕنتۆ دەگرت کە بە درێژایی ڕۆژ گۆرانی ناواداریان پەخش دەکرد ”Three little fishes and a Momma fishy too” و گوێبیستی (جیم هانتەر) دەبوون کە بە هاوارەوە هەواڵە نائومێدەکانی جەنگی دەخوێندەوە. بەڵام خەڵکی بێستانەکان حەزیان لە ویستگە ناوچەییەکە و ئەو گۆرانییانە بوو کە سەیدی دەیچڕین. سەیدی دەنگێکی بەهێز و خەمگینی هەبوو، دەربارەی تەنهایی و ئازار گۆرانی دەوت.
پاڵمداوە بە لێواری پەرژینێکی کۆنەوە، لە تەویلەیەکی گەورەدا
بۆ هاوڕێیەکی لەمێژەوە لەدەستچووم دەگەڕێم، لە ئاسەوارەکانی کازیوەدا
زۆربەی بێستانەکانی لای ئێمە گەشەکردووی سەدوپەنجا ساڵ لەوەوبەر بوون، دەتوانرا لە هەر بێستانێکەوە بە دووری چەند مەزرایەک بێستانێکی دراوسێ ببینرێت. بەڵام ئەو گۆرانییانەی جوتیارەکان دەیانویست، باسی کاوبۆییە تەنهاکان و شوێنە نائومێدە دوورەکانی دەکرد و دەربارەی ئەو خەتا تاڵانە بوون کە دەبوونە هۆی ئەوەی تاوانکارەکان کاتێک دەمردن ناوی دایکیان یاخود ناوی خودایان لەسەر لێو بێت.
سەیدی بە لەرەی دەنگێکی خەمگینەوە لەم جۆرە گۆرانییانەی دەچڕی، بەڵام کە لە لای ئێمە کاری دەکرد، پڕ بوو لە وزە و ئومێدبەخشی و حەزیدەکرد قسە بکات، بەتایبەت باسی خۆی. بە زۆری هەر منی هەبوو کە قسەی لەگەڵدا بکات. جۆراوجۆری کاروبارەکانی ئەو و دایە وایانکردبوو هەریەکەیان لەلای خۆیەوە سەرقاڵ بێت، جگە لەوەش پێموانییە حەزیان بکردایە زۆر بەیەکەوە قسە بکەن. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، دایکم کەسێکی جدی بوو. بەر لەوەی وانە بە من بڵێتەوە، خۆی مامۆستا بوو. ڕەنگە پێشی خۆش بووایە سەیدی فێری زمانی ئاخاوتنی ڕێکوپێک بکات و یارمەتی بدات، بەڵام سەیدی وای پیشان نەدەدا کە هیچ یارمەتییەکی لە کەس دەوێت و نەیدەویست بە شێوازێک قسە بکات جیاواز لەوەی کە خۆی هەمیشە دەیکرد.
نیوەڕوان سەعات دوانزە، من و سەیدی لە چێشتخانەکە بەتەنها بووین. دایکم سەرخەوێکی دەشکاند و ئەگەر بەختی هەبووایە، منداڵە ساواکانیش دەخەوتن. کە لە خەو هەڵدەستا عەزییەکی تری لەبەردەکرد، وەک ئەوەی چاوەڕێی پاشنیوەڕۆیەکی دەستبەتاڵ بکات، ئەگەرچی پێویستی دەکرد چەندین دایبی بگۆڕێت و بەشێکیش لەو ڕووداوە نالەبارە دووبارە ببێتەوە کە من دەمویست خۆمی لێ لابدەم، ئەوەی کە ساواکان یەک مەمکیان دەمژی.
باوکیشم پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ گەوڕەکە، نیوەڕوان کەروێشەکە خەوێکی دەکرد. دەکرا بە بڵاوکراوەی (ساتردەی ئیڤنینگ پۆست)ەوە لەسەر دەموچاوی، پانزە خولەکێک لەسەر قەنەفەکان بنوێت.
سەیدی لەسەر تەباخەکە ئاوی گەرم دەکرد و بە هاریکاری من حاجەتی دەشت و پەردەی پەنجەرەکانی دادەدایەوە تا خۆرەکە لەدەرەوە بمێنێتەوە. کە تەواو دەبووین، ئەو زەویەکەی دەشت و من وشکمدەکردەوە، بە ڕێگایەک کە خۆم دامهێنابوو، بە پەڕۆیەکەوە کە لە قاچمەوە پێچابوو، دەڕۆشتم و دەخولامەوە و دەخولامەوە. پاشان ئەو لەزگە شریتییە زەردانەمان لێدەکردەوە کە لە دوای قاوەڵتی بەیانییەوە داماننابوون بۆ گرتنی مێشومەگەز و پڕ بووبوون لە مێشی ڕەشی مردوو وە نیوەمردوو، ئینجا لەزگەی تازەمان دادەنا کە لە نۆرەی خۆیاندا تا دەمی خوانی ئێوارە، پڕ دەبوون لە مێشی مردوو. بەردەوامیش سەیدی باسی ژیانی خۆی بۆ دەکردم.
من لەو کاتەدا زۆر بیرم لە تەمەن نەدەکردەوە. دەکرا منداڵ بیت یان گەورە و من وامدەبینی سەیدی گەورە بێت. لەوانەیە شانزە ساڵان بووبێت، لەوانەیە هەژدە بووبێت یان بیست. تەمەنی هەرچەنێک بووبێت، زیاتر لە جارێک ئەوەی ڕوونکردەوە کە پەلەی نییە هاوسەرگیری بکات.
هەموو پشوویەکی هەفتە دەچوو بۆ سەما، بەڵام بەتەنها. دەیوت لەگەڵ خۆم و لەبەر خۆم. باسی سەماگاکانی دەکرد. لە ناوشار یەکێک هەبوو، لەودیو شەقامە سەرەکییەکەوە، کە زستانان یاری کەرلینگی لێ دەکرا. دە سەنتت دەدا بۆ سەمایەک و دەچوویتە سەرەوە بۆ سەماکردن لەسەر سەکۆکە، هاوکات خەڵکانێکی زۆر لە چواردەور دەوەستان و سەیریان دەکرد. سەیدی هەمیشە دەیویست خۆی دە سەنتەکەی بدات و پێویست نەکات قەرزاری سوپاسکردنی کەس ببێت. بەڵام هەندێک جار کوڕێک پێڕادەگەیشت پێشبکەوێت. کوڕەکە پرسیاری ویستی سەماکردنی ئەمی دەکرد و یەکەم شت کە سەیدی دەیوت: دەتوانیت؟ دەزانیت سەما بکەیت؟ کوڕەش بە سەیریی دەیڕوانی و دەیوت بەڵێ. ئەی ئەگەر نا بۆچی لەوێیە. بە زۆریش وا دەردەکەوت کوڕە مەبەستی لە سەما هەر ئەوە بووە بە دەستە ئارەقاوییە گەورەکانییەوە لە دەستی ئەمدا، لەسەر دوو پێ ببزوێ و بسوڕێتەوە. هەندێک جار سەیدی سەماکەی دەپچڕاند و لێدەگەڕا کوڕەکە لەولاوە بووەستێت، لە کاتێکدا خۆی بەتەنها سەمای دەکرد، ئەم خۆی زیاتر ئەوەی دەویست. سەیدی کۆتایی بە سەما هەقدراوەکە دەهێنا و ئەگەر کابرای بلیتفرۆش ناڕەزایی دەرببڕیایە و هەوڵی بدایە پارەی دوو کەسی لێ وەربگرێت، کاتێک بە تەنها سەمای کردبوو، وەڵامی یەکڕاستی هەبوو، هەموو ئەوانی تریش گەر بیانویستایە بەوە پێدەکەنین کە بەتەنها سەمای کردبوو.
سەماگاکەی تر ڕێک لە دەرەوەی شار بوو، لای شاڕێکەوە. لەوێ پارەی چوونە ژوورەوەت دەدا، نەک بۆ یەک سەما، بۆ هەموو شەوەکە. هۆڵەکە ناوی (ڕۆیاڵ تی) بوو، سەیدی لەوێش خۆی پارەی خۆی دەدا. ئەوانەی دەچوونە ئەوێ لە سەماکردندا باشتر بوون، بەڵام سەیدی بەر لەوەی بهێڵێت دەستی بگرن و بیبەنە مەیدانەکە، هەوڵیدەدا بزانێت چەنێک کارامەن. زیاتر کوڕانی شار دەچوونە ئەوێ، لەکاتێکدا سەردانکەرانی هۆڵی سەماکەی تر خەڵکانی لادێ بوون. کوڕانی شار لە بزواندنی پێیاندا لێزانتر بوون، بەڵام پێیەکان شتێک نییە کە هەمیشە سەرنجی بخەیەتە سەر بەڵکوو گرنگ ئەوەیە چۆن دەتگرن و دەست دەخەنە سەر چی لە کاتی سەماکەدا. سەیدی هەندێک جار دەیتوانی مەرامەکەیان بخوێنێتەوە و پێیان بڵێت کە چییان پێدەکات ئەگەر بێتو دەستبەجێ واز لەو ڕفتارە نەهێنن. وایدەکرد بزانن کە ئەم هاتووە بۆ ئەوێ تاکوو سەما بکات، پارەی خۆی داوە بۆ ئەوەی بیکات. جگە لەوەش دەیزانی نوقورچ لە کوێیان بگرێت، هەمیشە دەستەمۆی دەکردن. جاری واش هەبوو سەماکاری باش بوون و کاتی خۆشی لەگەڵدا دەبردنەسەر. کاتێک دوا سەماش دەهات، دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە.
وتی ئەو وەکوو هەندێک نییە، ناهێڵێت بیگرن. کاتیك وتی گرتن، تۆڕێک وایەری گەورەم هاتە بەر چاو، کە کۆمەڵێک جانەوەر، لێوەت دەپێچن، بە جۆرێک کە چیتر نەتوانیت هەناسە بدەیت و هەرگیز لێی بەرەڵا نەبیت. ڕەنگە سەیدی کاردانەوەی ئەمەی لە دەموچاومدا بینیبێت، چوونکە پێیوتم نەترسیت.
“لە جیهاندا هیچ شتێک نییە لێی بترسیت، تەنها بە باشی ئاگاداری خۆتبە.”
دایکم وتی “تۆ و سەیدی قسە زۆر دەکەن.”
دەمزانی شتێک ڕوودەدات کە دەبوو ئاگاداری بم بەڵام نەمدەزانی چییە.
“تۆ ئەوت لەلا شیرینە، وانییە؟”
وتم بەڵێ.
“بەڵێ بێگومان، منیش هەروەها.”
هیواداربووم ئەوە هەموو شتەکە بێت و بۆ چرکەیەک باوەڕمکرد هەر ئەوەندە بێت.
پاشان: “ئێستا کە منداڵی ساوامان هەیە، من و تۆ کاتمان پێکەوە زۆر نییە، وانییە؟ بەڵام ساواکانمان خۆشدەوێت، وانییە؟
من بە خێراییی وتم بەڵێ.
وتی: “بەڕاست؟”
وازینەدەهێنا تا نەڵێم بەڕاست، بۆیە وتم بەڕاست.
شتێک هەبوو کە دایکم زۆر بە تووندی دەیویست. ئایا هاوڕێی دڵگیر بوو؟ ژنانێک کە یاری کاغەزیان دەکرد و مێردەکانیان بە قاتەوە دەچوون بۆ کار؟ نا بە تەواوی بەو شێوەیە نا، جگە لەوەش هیچ شتێک نەبوو هیوای پێ بخوازێت. ئایا خۆم بووم؟ کە وەک جارانم لێبێتەوە، بە پرچی لوولی برمەییەوە کە بە مەیلەوە ڕێک دەوەستام بۆم چاکبکات و بە خوێندنەوەی بێخەوشی خوێندنی یەکشەممانی کڵێساوە.. ئەو خۆیشی بۆ ئەوە کاتی نەمابوو. لە شوێنێکی ناخی خۆمدا، خەریکبوو دەبوومە ناپاک، ئەگەرچی ئەو نەیدەزانی بۆچی و خۆمیش نەمکرد. من لە خوێندنگای یەک شەممان هیچ هاوڕێیەکم نەبوو. لەجیاتی ئەوە سەیدیم دەپەرست. ئەوەم لە دایکم گوێ لێ بوو، بە باوکمی وت: “سەیدی دەپەرستێت.”
باوکم وتی کە سەیدی خواناردەیە. ئەمە مانای چییە؟ شاد دیاربوو. ڕەنگە واتای ئەوە بدات کە نەیویست لایەنگیری کەس بکات.
دایکم وتی “خۆزگە شۆستەی تەواو هەبوایە بۆی. ئەگەر شۆستەی تەواو هەبووایە، لەوانەیە فێری سواربوونی پێڵاوی تایەدار ببووایە و هاوەڵی پەیدابکردایە.” من بەڕاستی خوازیاری پێڵاوی تایەدار بووم، بەڵام بەبێ ئەوەی بزانم بۆچی، دەزانم کە هەرگیز قبووڵم نەدەکرد. پاشان دایکم شتێکی وت دەربارەی ئەوەی کە دەستم بە قوتابخانە کرد، باشتر دەبێت. شتێک کە بۆ من باشتر دەبێت یاخود شتێک کە لەبارەی سەیدییەوە باشتر دەبێت. من نەمویست گوێم لێ بێت.
سەیدی خەریک بوو هەندێک لە گۆرانییەکانی فێری من دەکرد، دەشمزانی کە من زۆر باش نیم لە گۆرانی وتندا. ئاواتەخوازبووم ئەوەی کە باشتر دەبێت، کۆتاییهاتنی ئەم دۆخە نەبێت. من بەڕاستی دەمویست ئەمە تەواو نەبێت.
باوکم زۆری نەبوو بۆ وتن. من ئەرکی سەرشانی دایکم بووم، جگە لە دواتر، کە زۆر دەمەوەر بووبووم و دەبوو سزابدرێم. باوکم چاوەڕێ بوو براکەم گەورە ببێت و ببێتە ئەرکی ئەو. کوڕ زۆر ئاڵۆز نەبوو، بەڕاستیش براکەم ئاڵۆز نەبوو، لەگەڵ گەورەبوونیدا کارەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ دەکرد.
ئێستا قوتابخانە دەستیپێکردووە. چەند هەفتەیەکە کراوەتەوە، بەر لەوەی گەڵا ڕەنگی خۆی بە سوور و زەرد بگۆێ و هەڵبووەرێتە سەر زەوی. من پاڵتۆی قوتابخانەم لەبەردا نییە بەڵکوو پاڵتۆجوانەکەم لەبەردایە، ئەوەی کە سەر قۆڵ و ملوانەکەی قەیفەیەکی تۆخە. دایکم ئەو پاڵتۆیەی لەبەردایە کە بۆ کڵێسا دەیپۆشێت و سەرپێچێکیش کە زۆربەی قژی داپۆشیووە.
دایکم بەرەو ئەو شوێنە لێدەخوڕێت کە بەڕێگاوەین بۆی. ئەو زۆر ئوتۆمبێل نائاژوێ، شێوازی لێخوڕینی هەمیشە لە هی بابە بێکەموکوڕی ترە بەڵام نادڵنیاتریشە. دایە لە هەموو پێچێکدا هۆڕن لێدەدات.
دەڵێت “ئاوا” بەڵام دەمێکی پێدەچێت تا ئۆتۆمبێلەکە دەخاتە شوێنی خۆی.
“واتە گەیشتبووین.” پێدەچوو مەبەستەکەی هاندەرانە بێت. دەستی دا لە دەستمەوە بۆئەوەی دەستی بگرم، بەڵام من خۆم وا دەرخست کە هەستم نەکرد و ئەو دەستی کێشایەوە.
خانووەکە ڕێگای گشتی لەسەر نییە و تەنانەت شۆستەیەکیشی لەبەردەمدا نییە. ڕێکوپێکە بەڵام زۆر سادەیە. دایکم دەستی بەرز کردەوە لە دەرگا بدات بەڵام وا پێدەچێت پێویست نەکات. دەرگاکە دەکرێتەوە بۆمان. دایکم دەستدەکات بەوەی شتێکی هاندەرانەم پێبڵێت ـ شتێک وەک ئەوەی بڵێت لەوە خێراتر تەواو دەبێت کە باوەڕدەکەیت ـ بەڵام فریا ناکەوێت تەواوی بکات. ئەو تۆنەی قسەی پێکرد تووند و دڵنەواییکەر بوو. دەنگی لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا دەگۆڕێت، وەک ئەوەی بۆ سڵاوکردن بنەوێتەوە، کزتر و نەرمتر دەبێت.
دەرگاکە کرایەوە بۆئەوەی چەند کەسێک بێتە دەرەوە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە بچینە ژوورەوە. یەکێک لەو ژنانەی کە دێتە دەرەوە لەسەر شانەوە بە دەنگێک هاوار دەکات کە هەر هەوڵیش نادات نەویبکاتەوە.
“ئەوە ئەو ئافرەتەیە کە ئەو کاری بۆ دەکرد، وە ئەو کچە بچکۆلەیە.”
پاشان خانمێک بە بەرگێکی ڕێکپۆشەوە دێتە لای دایکم و هاریکاری دەکات لە پاڵتۆ داکەندنەکەیدا. دوای ئەوە، دایکم پاڵتۆکەی من دادەکەنێت و بە خانمەکە دەڵێت کە من ئێجگار هۆگری سەیدی بووبووم. هیوا دەخوازێت لەگەڵبوونەکەی من باش بەڕێوەبچێت.
خانمەکە دەڵێت “ئۆهـ ئەو بچکۆلە شیرینە” و دایکم بە هێواشی دەستمپێدا دەهێنێت تا سڵاو بکەم.
خانمەکە دەڵێت “سەیدی منداڵی خۆشدەویست، بەڕاستی خۆشیدەویستن.”
دەبینم دوو منداڵی تر لەوێن، کوڕن. دەیانناسمەوە لە قوتابخانەکەمن، یەکێکیان لە پۆلی یەکە لەگەڵ من و ئەوەی تریان گەورەترە. تەماشای دەرەوە دەکەن لەو شوێنەوە کە پێدەچێت چێشتخانە بێت. بچووکەکەیان بە شێوەیەکی هەزەلی کێکێکی تەواو دەخنێتە دەمییەوە و گەورەترەکەیان بە مڕومۆچ کردنی شێوەی دەموچاوی، بێمەیلییەک پیشان دەدات، بۆ کێکخۆرەکە نا، بۆ من. دیارە ڕقیان لێمە. کوڕان ئەگەر لە دەرەوەی قوتابخانە یەکێکیان ببینیایە، یان کەسەکەیان فەرامۆش دەکرد یاخود ئەم جۆرە بێمەیلییەیان دەنواند و تانە و شورەتی خراپیان پێدەوت. ئەگەر من ناچار ببوومایە بچمە نزیکی یەکێکەوە، ڕەق دەبووم و دەموت چی بکەم. بێگومان ئەگەر کەسێکی گەورە لەو نزیکانە بوایە جیاوازتر بوو. ئەم کوڕانە خۆیان بێدەنگ گرتبوو، بەڵام من هەستمدەکرد تەواو بێچارەم، تاکوو یەکێک هات و ئاراستەی دەرەوەی چێشتخانەکەی کردن. پاشان من لە دەنگە میهرەبان و دۆستانە نائاساییەکەی دایکم ئاگادار بوومەوە، کە لە دەنگی ئەو خانمەش ئارامتر بوو وا لەگەڵیدا قسەیکرد. وامبیرکردەوە کە دەشێت دەموچاوناشرینکردنەکەش بۆ ئەو بووبێت. هەندێک جار خەڵک لاسایی دەنگیان دەکردەوە کە لە قوتابخانەوە دەیبردمەوە.
ئەو خانمەی قسەی لەگەڵ دایکم کرد، گەیاندینییە بەشێکی ژوورەکە، ژن و پیاوێکی لێبوو، لەسەر قەنەفەیەک دانیشتبوون و خۆیان تەواو حاڵی نەبوون بۆچی لەوێن. دایکم نوشتایەوە و بە ڕێزێکی زۆرەوە قسەی لەگەڵ کردن و منی پیشاندان.
دایکم وتی “ئەم بەڕاستی سەیدی خۆشدەویست.” زانیم دەبێت شتێک بڵێم بەڵام پێش ئەوەی فریا بکەوم، ژنە پیرەکەی کە لەوێ دانیشتبوو، ناڵەیەکی لێوە هات. سەیری کەسمانی نەکرد، وەک ئەوەبوو ئاژەڵێک پەلاماریدابێت. قۆڵەکانی ڕێککردەوە، پێدەچوو بیەوێت ئەوەی کە ڕوویدا خەڵاس بێت بەڵام دۆخەکە ون نەبوو. سەیری دایکمی کرد وەک ئەوەی ئەو بتوانێت شتێک بکات.
پیاوە پیرەکە پێیوت بێدەنگ بێت.
ئەو خانمەی ئێمەی بردە ئەوێ وتی “زۆر قورس دەیگرێت، نازانێت چی دەکات.” خۆی نوشتاندەوە، چووە پێشتر و وتی “هێواش، هێواش، ئەو کچە بچکۆلەیە دەترسێنیت.”
پیاوەکە گوێڕایەڵانە وتی “ئەو کچە بچکۆلەیە دەترسێنیت.”
کە پیاوەکە وای وت، ژنەکە بێدەنگ بوو، دەستی هێنا بە قۆڵە بە چڕنووکزامداربووەکانیدا وەک ئەوەی نەزانێت چییان بەسەرهاتووە.
دایکم وتی “خانمی داماو.”
ژنەکەی کە لەگەڵ ئێمە بوو وتی “جا تاکە منداڵیشێتی”
بە منی وت “نیگەران مەبە.”
من نیگەران بووم بەڵام بە هاوارەکە نا.
دەمزانی کە سەیدی لە شوێنێکدا لەوێیە و من نەمدەویست بیبینم. دایکم پێینەوتبووم کە دەبێت بیبینم، بەڵام نەشیوتبوو نەیبینم.
سەیدی مردبوو کاتێک لە هۆڵی سەماگای (ڕۆیاڵ تی)یەوە بەرەو ماڵەوە گەڕابوویەوە. ئۆتۆمبێلێک لێیداوە، کاتێک لەسەر ڕێ بچکۆلە چەوڕێژەکەی نێوان گەراجی هۆڵی سەماکە و شۆستەکەی دوای ئەودا بووە. دیارە وەک هەمیشە بە خێرایی ڕۆیشتووە، هەمان ڕێ وەک هەموو کات، بە دڵنیاییەوە لەو باوەڕەدا بووە ئۆتۆمبێلەکان بیبینن یاخود پێیوابووە ئەمیش هەمان مافی ئەوانی هەبێت. لەوانەیە ئۆتۆمبێلەکەی پشت ئەو بە لادا پێچی کردبێتەوە یان لەوانەیە ڕێک لەو شوێنەدا خۆی نەبینیبێتەوە کە وایزانیوە لێی بووە. ئەو لە پشتەوە لێیدراوە. ئەو ئۆتۆمبێلەی بەسەریدا ڕۆیشتووە، خۆی لە ئۆتۆمبێلی دواتر لاداوە، ئۆتۆمبێلەکەی تریش چاوەڕێ بووە ئۆتۆمبێلی یەکەم بەرەو لای جادەکە پێچ بکاتەوە. ئەمە زۆرێکی لە هۆڵی سەماکە سەرخۆش کردبوو، ئەگەرچی کەس نەیدەتوانی لەوێ بادە بکڕێت. کاتێک سەماکە تەواو دەبوو خەڵکی بە هۆڕن و هاوارکردنەوە یەکدیان ڕاودەنا. سەیدی کە وەک لایتێک، بەرەو پێش پێیهەڵدەگرت، بەبێ هیچ زۆرکردنێک، دیارە پێیوابووە هەموو ئەوانی تر خۆیان لەسەر ڕێگاکەی لادەدەن.
ئەو خانمەی کە هێشتا میهرەبان بوو لەگەڵ دایکمدا، وتی “کچێک بەبێ دۆستی کوڕ، دەچێت بۆ هۆڵی سەما بە پێ.” بە بێدەنگی لەمە دوا و دایکم لە ژێر لێوەوە هاوخەمی دەربڕی.
خانمە میهرەبانەکە بێدەنگتر وتی ئەمە خواستی بەدبەختی بوو.
من لە ماڵەوە گوێبیستی هەندێک قسە بووبووم تێینەگەیشتبووم. دایکم دەیویست شتێک بکات کە پەیوەندی بە سەیدی و ئەو ئۆتۆمبێلەوە هەبوو کە لێیدابوو، بەڵام باوکم وتی لێیگەڕێ، ئێمە هیچمان نییە لە ناو شار بیکەین. من تەنانەت هەوڵیشم نەدا تێبگەم چی بوو، چوونکە دەمویست بیر لە سەیدی و لەوە نەکەمەوە کە ئەو مردووە. کاتێک بۆم دەرکەوت لەسەر ڕێی چوونەژوورەوەین بۆ ماڵی سەیدی، ئارەزوومکرد بۆم بکرێت نەچم بەڵام هیچ شێوازێکم نەدۆزییەوە لێی دەرچم بێ ئەوەی زۆر نالەبارانە ڕەفتار بکەم.
دوای ئەو ڕووداوە کتوپڕەی بەسەر ژنە پیرەکەدا هات، هەستمکرد ئیتر دەتوانین ئەوێ بەجێبهێڵین و بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە. ئیدی پێویست نەبوو من بڵێم چەند تۆقابووم لەوەی لاشەیەکی مردوو ببینم.
لەو کاتەدا کە بیرم لە گونجاوی ئەمە دەکردەوە، گوێم لە دایکم و خانمەکە بوو لە ڕێککەوتنێکی نهێنیدا باسیان لەوە دەکرد کە لە هەموو شت سەختتر بوو.
بینینی سەیدی.
دایکم وتی بەڵێ بێگومان، دەبێت سەیدی ببینین.
سەیدی مردوو.
من نیگای خەمگینم نەوی گرتبوو، تەنها ئەو کوڕانەم دەبینی کە بەحاڵ لە من درێژتر بوون و ئەو ژن و پیاوە پیرەش کە لەسەر قەنەفەکە بوون. بەڵام وا دایکم دەستی گرتم و بەرەو گۆشەیەکی تری بردم.
هەر لە سەرەتاوە تابووتێک لە ژوورەکەدا بوو، بەڵام من وامزانیبوو شتێکی ترە. بەهۆی کەمی ئەزموونمەوە نەمزانیبوو شێوەی شتێکی وا چۆنە. ئەوەی ئێمە لێی نزیک دەبووینەوە دەکرا دۆڵابێک بێت گوڵی بخرێتە سەر و دەکرا پیانۆیەکی داخراو بێت. ڕەنگە ئەو خەڵکەی لە دەوری شتەکە بوون مەبەستە ڕاستەقینەکەیان پەنهان کردبێت. بەڵام ئیدی بە ڕێزێکی زۆرەوە خۆیان لادا و دایکم زۆر بە هێواشی قسەی کرد.
بە منی وت “ئێستا وەرە”، تۆنی ئەو دەنگە میهرەبانەی وەک سەرکەوتنێکی کیناوی هاتە گوێی من. نوشتایەوە و سەیری دەموچاومی کرد، بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوەی ڕێ لەوە بگرێت کە بیرمکردبووەوە بیکەم ـ چاوەکانم قایم داخەم. پاشان نیگای لەسەر من لابرد بەڵام بە تووندی دەستی گرتم. هەر کە ڕووی لەسەر من لادا، توانیم خێرا پێڵووەکانم نەوی بکەم، بەڵام بۆ ئەوەی پێم هەڵنەکوتێ و بەرەو ئاڕاستەیەکی نەخوازراو پاڵنەدرێم، بە تەواوی چاوم نەنوقاند. دەمتوانی بە ناڕوونی گوڵە ڕەقبووەکان و ڕووبەرە تەختە بریقەدارەکە ببینم.
پاشان گوێم لە لوشکاندنی دایکم بوو، وە هەستم کرد منی ڕاکێشا. کە جانتاکەی کردەوە دەنگی ترکەترکێک هات. دەستی لە دەستم بەربوو، من توانیم خۆم ئازاد بکەم. دایکم گریا. ئەوە دەنگی فرمێسک و گریانەکەی بوو منی ئازاد کرد.
من ڕێک سەیری ناو تابووتەکەم کرد و سەیدیم بینی.
مل و دەموچاوی لە ڕووداوەکە پارێزراو بوو بەڵام من زوو هەموویم نەبینی. تەنها بە گشتی ئەوەم بینی کە ئەوەندە ترسناک نەبوو کە من پێموابوو. بە پەلە چاوم داخست بەڵام بۆم دەرکەوت کە خۆم ناگرم گەر جارێکی تر سەیر نەکەمەوە. یەکەم شت سەیری ئەو سەرینە بچکۆلە زەردەم کرد کە لەژێر پشت ملیدا بوو، بەشی تەواوی ملی و چەناگەی و ئەو ڕوومەتەشی کردبوو کە من دەمتوانی کەمێکی ببینم. فێڵەکە لەوەدا بوو بە خێرایی سەیری بەشێکی ئەو بکەیت و بگەڕێیتەوە سەر سەرینەکە، بۆ ئەوەی جاری داهاتوو ڕوونتر ببینیت کە زۆر ترسناک نییە. پاشان من سەیدیم بینی، هەموو ئەو، یاخود ئەوەندەی کە لەلای منەوە دەکرا ببینرێت.
شتێک جوڵایەوە. من بینیم، پێڵووی ئەو چاوەی کە لە لای منەوە بوو جوڵایەوە. بە تەواوەتی یاخود نیوەی نەکرایەوە بەڵکوو کەمێک بەرزبووەوە، هەر ئەوەندەی کە لە نێو برژانگەکانەوە ببینیت ئەگەر ئەو بیت، ئەگەر لە ناو ئەودا بیت. ڕەنگە تەنها بۆ ئەوەی ئەوە جیابکاتەوە لە دەرەوە چی ڕووناکە و چی تاریکە.
من سەرم نەسوڕما و یەک تۆزیش نەترسام. ئەوەی بینیم دروست لەگەڵ ئەوەدا کە لەبارەی سەیدییەوە دەمزانی و بە جۆرێکیش لەگەڵ ئەو ئەزموونه تایبەتەدا کە هەمبوو، دەگونجا و پێکدەهاتەوە. بیریشم نەکردەوە کە سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشم کە ڕوویدا، چوونکە مەبەست لەوە کەسی دی نەبوو بەڵکوو تەنها و تەنها بۆ من بوو.
دایکم دەستی منی گرتبووەوە و وتی ئامادەین بڕۆین. چەند وشەیەکی تریش ئاڵوگۆڕ کرا بەڵام پێش ئەوەی وشەیەکی بزانم، لە دەرەوە خۆمان بینییەوە.
دایکم وتی: “ئێستا تۆ زیرک بوویت.” دەستمی گوشی و وتی: “ئاوا، تەواو بوو.” دەبوو بوەستێ و قسە لەگەڵ کەسێکی تردا بکات کە دەچوو بۆ خانووەکە، پاشان چووینە ئۆتۆمبێلەکەوە و لێمانخوڕی بەرەو ماڵەوە. هەستمکرد دەیەوێت شتێک بڵێم یاخود شتێکی بۆ بگێڕمەوە، بەڵام وام نەکرد. هەرگیز شتێکی لەو جۆرە ڕووی نەدا، لە ڕاستیدا سەیدی زوو لە یادەوەریمدا کاڵ بووەوە. ئەگەرچی بیری دەستپێکردنی قوتابخانە شۆکهێنەر بوو، لەوێ بە شێوەیەک فێربووم بە یارمەتی تێکەڵەیەکی سەیر لە ترسی کوشندە و دژواری بەرگەبگرم. لە ڕاستیدا ئەو لە یەکەم هەفتەی مانگی سێپتەمبەرەوە شتێک لە ئەرزشی خۆی لەلام لەدەستدابوو، کاتێک وتی ئیتر لای ئێوە کار ناکەم، ناچارم لە ماڵەوەبم و ئاگام لە دایکم و باوکم بێت.
دوایش دایکم پێیزانیبوو کە لە کارگەی شیرەمەنی کار دەکات.
بەڵام کاتێک بیرم لێی دەکردەوە، لەمێژ بوو قەت ئەوەم نەخستبووە ژێر پرسیار کە باوەڕم وابوو بینیبووم. بە درێژایی ماوەیەکی زۆر دوای ئەوە، کاتێک هیچ ئارەزوومەندییەکم بۆ دیاردەی باڵاسروشتییش نەمابوو، هێشتا دڵنیابووم لەوەی شتێکی لەو جۆرە ڕوویدا. زۆر بە سانایی باوەڕم پێی بوو، هەر وەک ئەوەی باوەڕت هەبێت و بیرت بێت کە جارێک تاقمێک ددانی ترت هەبووە کە ئێستا نەماوە بەڵام سەرەڕای ئەوە، بەڕاستی هەبووە. هەتا ڕۆژێک، کە ڕەنگە لە هەرزەکاریمدا بووبێت، بە کونێکی لێڵدا لە ناخمدا زانیم کە چیتر باوەڕم پێی نەماوە.