*
بۆئه‌وه‌ی ببیت به‌نوسه‌ر له‌م نیشتمانی کورد و عه‌ره‌باندا، ده‌بێت توانای ئه‌وه‌ت هه‌بێت ببیت به‌جاشولكه‌یه‌ك، ئه‌وانیتر له‌كاتی جێهێشتی پاس، سوارت ببن و نه‌قیزه‌ت لێده‌ن. هه‌رئه‌وه‌نده‌ش نا برایان، به‌ڵكو ده‌بێت سیسركێكی ڕامكراو بیت، له‌ئاوده‌سته‌كاندا ده‌رتبهێنن، بۆئه‌وه‌ی ببیت به‌قۆشمه‌چی بازرگان و به‌ڵێنده‌ر و گه‌وادەکان، ببیت به قۆشمه‌چی ئه‌و ژه‌نراڵانه‌ی سه‌ر سنگیان به‌ویسامی شه‌ره‌ف وسه‌ركه‌وتنێك ڕازاوه‌ته‌وه، كه‌جگه له‌شه‌ڕی مێشوله وسه‌رجێگاو وه‌هم و سه‌راب نه‌بێت، هیچ شه‌ڕێك نەبووە به‌سه‌ركه‌وتوویی لێوه‌ی هاتبێتنه ده‌ره‌وه.
*
بۆئه‌وه‌ی نوسه‌رێكی سه‌ركه‌وتوو شه‌ریف و ده‌سته‌مۆ و باش بیت، پێویسته مه‌یمونێكی ڕاهێنراوی نێو قه‌فه‌سی سكرتێری گشتی حزبێكی شۆڕشگێڕبیت، پێویسته نوسه‌ری گوتاره‌كانی بیت، هه‌ڵگری جانتا و كیسه‌ی خورده و توركه‌ی ئالیكی باگیره‌كه‌ی بیت. پێویسته پاكژكه‌ره‌وه‌ی مێزه‌كه‌ی بیت، سوارچاكی ئه‌و بیت له‌دژی هه‌موو ڕه‌خنه و پرسیارێكی نیگه‌ران. تۆ ده‌بێت ئه‌وه بكه‌یت، چونكه ئه‌و له‌به‌ره‌بابی خوداوه‌نده‌كانه‌وه و تۆش له‌ڕه‌گه‌زی مێروو قالۆنچه‌كان.
*
بۆئه‌وه‌ی نوسه‌رێكی موحته‌رم بیت پێویسته گه‌وادێكی عه‌نابی و باشی سه‌ركرده‌یه‌كی ئوسوڵی ڕاسته‌ڕه‌و یان چه‌پڕه‌و یاخود قه‌ومی بیت. ده‌بێت ساتی توڕه‌بوونی وه‌لی و سه‌رۆك و هاوڕێ و سكرتێری گشتی و ته‌ڕتوڕه‌كان له‌جه‌ماوه‌رو غه‌یب و باران و ڕه‌شه‌با، هه‌مان ساتی له‌ده‌ستدانی شه‌رف و ناموس و هه‌ڵوێستت، ته‌نانه‌ت قوونیشت بێت.
*
بۆ ئه‌وه‌ی نوسه‌رێكی گرنگ و به‌ڕێز بیت له‌نیشتمانی عه‌رب و کوردان‌دا ، ده‌بێت بزمارێكی ئاماده‌بیت بۆ ئه‌وه‌ی له تابوتی جه‌نازه‌ی هه‌موو سیخوڕێكی به‌توانا بدرێیت، ده‌بێت هه‌ڵگری گوڵ بیت له جه‌نازه‌ی مردووانی ژووره سووره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئاسایش. ده‌بێت زڕونایه‌كی ئاماده‌بیت له پرسه‌ی مەنسول و خه‌لیفه و وه‌زیر و حوشتردا.
*
بۆ ئه‌وه‌ی نوسه‌ر و ڕۆماننوس و شاعیرێكی باش بیت له مه‌مله‌كه‌تی عه‌ره‌بان و کوردان‌دا، ده‌بێت وه‌كو ده‌رمانسازی خه‌فه‌ر له‌جانتای بیست و چورا كاتژمێری‌دا بخه‌ویت، چونكه ده‌بێت حیسابی ئه‌وه بكه‌یت له هه‌ر كاتێكدا بێت پاسه‌وانانی سه‌رۆك و کوڕی سەرۆک ومامۆژنی سه‌رۆک و کوڕه زازای سکرتێری گشتی له ده‌رگای ماڵه‌كه‌ت بده‌ن وبەتۆمەتی تەشهیر و تیرۆر فڕێت ده‌ده‌نه سه‌ر سنوره‌کانی مه‌رگ، بێئه‌وه‌ی به‌خۆت بزانی به‌درپێ كوڵه‌وه باشترین خه‌ڵاتی ڕووته‌ڵه‌یی وه‌رده‌گریت له سارایه‌كی وه‌حشی ڕووته‌ن و له‌جه‌هه‌نمێکی پان و به‌ریندا.
*
بۆئه‌وه‌ی بیریارێكی گرنگ و ڕۆشنبیر و ئه‌دیبێكی باش بیت له نیشتمانی عه‌ره‌ب و کوردان‌دا، ده‌بێت عه‌ترێك بیت له‌هه‌موو ساتێك‌دا بكرێت به سه‌ر قه‌حبه‌یه‌كدا، یاوه‌كو بکرێیت بەسەر كۆبوونه‌وه‌ی کوتلەیەکی بۆگەندا، یاخود بكرێت به‌سه‌ر شه‌قامێكدا كه هه‌رچی بێــقـیمه‌ت و سه‌فیر و وه‌زیر و گزیر و به‌ڵێنده‌ر و والــی و ساخته‌چی و ده‌جالێكی نیشتمان و دنیا هه‌یه پێدا تێپه‌ڕبوون.
*
بۆ ئه‌وه‌ی نوسه‌ر بیت له‌م پرسه‌خانه کوردیەدا، ده‌بێت به‌رده‌وام له قۆنه‌ره‌یه‌كی بێ قه‌یتانی سه‌فه‌ریدا بخه‌ویت ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ئاماده‌باش بیت بۆ ڕاكردن به‌دوای قافڵه‌ی ئه‌میر و سه‌رۆك و سكرتێری گشتی و مه‌یته‌ره‌وان و به‌رتیلده‌ران و گەندەڵان و فیفی عه‌بده‌کانی سلێمانی پاڵاس و پاڵاساکانی تری ئه‌م ده‌ڤه‌ره .
*
هه‌روه‌ها پێویسته ته‌پڵه‌كی جگه‌ره‌ی شۆفێری تاكسیه‌ك بیت که‌زا‌نیاریه یان پاراستن، یاخود دژه تیرۆره یان ئاسایش و هێزی تایبه‌ته یان زێره‌ڤانیه‌کی عه‌یاره بیست و چواره، ده‌بێت ببیت به‌ته‌په‌ڵکی ئه‌و وجگه‌ره‌كانیت پێ بكوژێنێته‌وه بێئه‌وه‌ی زاتی ئه‌وه‌بكه‌ی بڵێیت له‌ل، نه‌بادا له ژێرزه‌مینێكی كۆن و نسرمی ئاسایشی گشتیدا بكرێت به‌شوشه‌یه‌ك سركه‌ی عه‌نابی. نه‌بادا لیژنه‌یه‌كی پشكنینی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ده‌رگای ماڵه‌كه‌ت بنووسێت : ته‌نه‌كه‌ی خۆڵ.
*
بۆ ئه‌وه‌ی نوسه‌رێكی گه‌وره و قبوڵكراو بیت له مه‌رگه‌نیشتماندا، پێویسته پانكه‌یه‌كی ئاماده‌باش بیت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌مووچاوی سه‌رۆك و ده‌ست و پێوه‌ند و سكرتێری گشتی حیزب له شه‌وانی هاویندا فێنك بكه‌یه‌وه ، یاخود له‌دوای هه‌موو شه‌ڕه چینایه‌تیه سپیه‌كانیاندا فێنكیان وه‌كه‌ی .
*
پێویسته حه‌مامێكی گه‌رم بیت بۆ میزكردن و خۆشتن و شێلانی هه‌موو ساتێكی جه‌نابی پاشا و ژنی جه‌نابی پاشا،و ژنی جه‌نابی سه‌رۆك و ژنی وه‌سی و ڕابه‌ری ته‌پاڵه و كورسی حوكم و حكومه‌ت. حه‌مامێكی گه‌رم بیت بۆ خوشكه‌زای سه‌رۆك و خاڵی سه‌رۆكی گشتی سوپای وه‌هم و كۆكه‌ڕه‌شه و سه‌ربازی مێروله ئاسا له نمایشكردنی ترس و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی برسی و نه‌خۆشه‌كاندا.
*
پێویسته سه‌بیلێكی حه‌شیش و میز و قات و زوهری بیت، به‌تاڵكه‌ره‌وه‌یه‌كی هه‌وای تسی وه‌سی و وه‌لی و سه‌رۆكەکان بیت.
*
پێویسته هه‌موو ڕۆژێك پاكوته‌میز و بۆنخۆش و پۆشته وپه‌رداخ بیت ، ئاماده‌بیت بۆ ئه‌وه‌ی بچیته نێو دیكۆر و میهره‌جان و نمایشی ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا و ڕۆژنامه و كۆشكی سه‌رۆك و خه‌ڵوه‌تگای خه‌لیفه و وه‌كیلی خودا له‌باڕ و خه‌ڵوه‌تگا وه‌همیه‌كاندا.
*
داوا له‌هه‌موو نوسه‌رێک ده‌که‌م له‌م ڕۆژهه‌ڵاته‌دا، له نیشتمانی خۆیاندا، چاوبخشێننه‌وه بانگه‌وازه‌كه‌ی (ئینسی ئەلحاج) و به‌گوێی بكه‌ن، ئه‌و له‌ساڵی حه‌فتاكاندا داوای له نوسه‌ران كردبوو گووتبووی : ده‌بێت نوسه‌ران مه‌فره‌زه‌ی چه‌ته‌یی پێكبهێنن و بكه‌ونه بڕینی هه‌موو بانقه‌كان و ڕووتكردنه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رۆكه دزه‌كان، داوای كرد ببن به‌چه‌ته و به‌تالێۆنی چه‌ته‌یی پێك‌بێنن بۆئه‌وی برسێتی و سه‌بر و چاوه‌ڕوانی و ترس و تۆقاندن له ژیانیاندا ڕیشه‌كێش بكه‌ن.
*
منیش وه‌ك خۆم داوا له‌هه‌موو نوسه‌رانی عه‌ره‌ب و کورد ده‌كه‌م، كه ڕێكخراو پێكبهێنن بۆ ئه‌وه‌ی مه‌وكیبی سه‌ركرده و سكرتێری گشتی و سه‌رۆكی حیزبه‌كان و ئه‌میر و وه‌لیه‌كان به هێلكه‌ی پیس و پێڵاو و ده‌بده‌به و جڕت و قۆنه‌ری بۆگه‌ن و گۆره‌ویی دڕا‌و به‌رده‌بارانكه‌ن.
*
داوایان لێده‌كه‌م ئیعلانی (عوسیانی مه‌ده‌نی) بكه‌ن ، داوا ده‌كه‌م له هه‌موو ده‌زگا ڕه‌سمیه‌كاندا، له‌هه‌موو مزگه‌وت و كڵێساكاندا، له‌هه‌موو مه‌لهاو قه‌حبه‌خانه‌كاندا كارنه‌كه‌ن و مان بگرن له كاركردن. مابگرن لر گووكردنیش، ( هه‌ر چه‌نده ده‌زانم ئه‌م گوونه‌كردنه دوایی ده‌بێته چه‌كێك دژی بێنه‌وایان دوای ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه ڕامده‌كرێنه‌وه)…. داوایان لێده‌كه‌م له‌كاتی تێپه‌ڕبوونی مه‌وكیبی نه‌گبه‌تی سه‌ركرده‌كاندا له‌شوێنی خۆیان نه‌جوڵێن و ئاوڕ بۆ شه‌قامی ئه‌وبه‌ر، بۆ دوكانی پێڵاو و فه‌لافیل نه‌ده‌نه‌وه. چیدی نه‌وه نه‌خه‌نه‌وه، بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش بێت نه‌پیتێن له‌یه‌كتری، مادامه‌كی منداڵه‌كانمان له‌برساده‌مرن، مادامەکی چارەنوسیان دەکەوێتە بەردەستی هەموو گەندەڵ و کوڕی سەكردە و سکرتێری گشتی و سه‌رۆكێك، یاخود له حه‌وزی تێزابی ئاسایش و جه‌نگە بێهودەکان، یاوەکو لەمه‌نفاكاندا ده‌توێنه‌وه.
*
داوا له‌هه‌مووان ده‌كه‌م وه‌ك عوسیانێكی سه‌لبی له‌كاتی كاركردن و ده‌وامدا بخه‌ون. له ئاهه‌نگ و بۆنه سیاسیه‌كانی گوتارخوێندنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدارۆچكه‌كان و موعاره‌زه‌ی دۆرینەدا و ڤیستڤاڵەکاندا بخه‌ون و پرخه‌تان بێت. ئاخ … مه‌چن بۆ ئاهه‌نگی پێشبڕكێی ئه‌سپ و شه‌و… دوورپه‌رێزی سێكسی و سارا و و قیتكه‌ش باش، باش، ده‌مانناسن.
*
داوایان لێده‌كه‌م دڵداری له‌گه‌ڵ ژنی سه‌ركرده و سه‌ركردۆچكه و پیاوانی حزبی فاشی وحاكم و مه‌حكوم، بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی له‌تاو سه‌رقاڵی مێردی سه‌رۆك به‌كاره‌كانی نیشتمان وفه‌رامۆشبوونیان، له‌تاو چه‌پاندنی سێكسی و ئاڵۆشیان، نه‌چن خۆیان به خزمه‌تكار و سه‌گ و قتوویی مه‌عجونی دان ڕه‌حه‌ت بكه‌ن.
*
داواده‌كه‌م هوتاف بكێشن به ناوی خودای میهره‌بان له كاتی نوێژی ساخته‌دا، چونكه هه‌موو شتێك ساخته‌یه له به‌ڵگه‌نامه‌ی مردوانه‌وه بیگره تاوه‌كو ده‌نگوباسی كه‌ش و ئاو و هه‌وا و پیلانی فڕینی فڕۆكان و بەڵێنی مەسئولەکان.
*
داواتان لێده‌كه‌م بڕێكی كه‌م له په‌ره‌گرافی مافی سه‌گ بخوێنه‌وه كه‌ده‌ڵێت : نابێت له سه‌گ بدرێت،نابێت برسی بكرێت ، سه‌گ شایه‌نی خواردنێكی لایه‌قدار و شوێنێكی لایه‌ق و ڕێك و پێكه بۆ خه‌وتن، نابێت به‌ره‌ڵابكرێت، چونكه سه‌گی به‌ره‌ڵا خاوه‌نه‌كه‌ی بۆ به‌ندیخانه ڕاپێچــده‌كات. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه هه‌موو میلله‌تی عه‌رب و کورد به‌ره‌ڵای جاده و كۆڵان و مه‌نفاكانن. كه ئاهه‌نگیش ده‌گێڕن، یان له‌سه‌ر قه‌برانن یاخود له‌سه‌ر گۆڕی وه‌لیه‌كان، یاخود ئاهه‌نگ ناگێڕن جگه له بۆنه و جه‌ژنه‌كانی خودا‌و سەرکدەکاندا نه‌بێت.
*
بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش بێت،قه‌ڵه‌مه‌كانتان بشكێنن، خۆتان چه‌كدار كه‌ن به لیس و هه‌ڕاوه و هه‌ڵكوتنه سه‌ر كادێنی ئه‌سپه‌كانی میر و وه‌زیر و گزیر و بێقیمه‌ت و قالۆنچه و پاسه‌وانه‌نانی نیه‌ت و كوڕانی نیوه‌شه‌و. بڕوام پێبكه‌ن به‌درێژایی سه‌ده‌كان هیچ نوسینێكتان تووكی قوونی مه‌سئولێكی نه‌گۆڕیوه، هه‌موو مافه‌زۆره‌كانی ئێوه‌ش كه‌هه‌تانه ، قیمه‌تی مافه‌كانی ته‌نها یه‌ك سه‌گی ئه‌وروپی نییه!.
—- ته‌واو —
پەراوێزەکان
-
دەق ئاوێزانی تێکەڵبوونی دوو دەقە لەیەک دەقدا، کەبەهاڕۆمۆنیەوە تێکەڵی یەکتر دەبن.
-
حه‌مزه حه‌سه‌ن نوسه‌رو ڕۆمانووسێكی عه‌ره‌بی ئێراقیه، له‌مه‌نفای نه‌رویجی ده‌ژیت، لەنامەیەکمدا بۆم نوسی (من و تۆ دەچینەوە سەر یەک فەسیلەی حەیوانی بەنەعلەتکراو لەئێراقدا، کە ئەویش فەیسلەی حەیوانی نوسەرانە) .
-
سه‌رچاوه‌ی دەقی یەکەم: حمزه الحسن: ماذا یعنی ان تكون كاتبا فی الوطن العربی؟ –
www.kikha.com <http://www.kikha.com
– ئه‌م ده‌قه كاتی خۆی له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ساڵی ٢٠٠٧ دا بڵاوبۆته‌وه.