نەژاد عه‌زیز سورمێ

ئاماژە پرسیارپێچەكانی شوێن


Loading

ئاماژە پرسیارپێچەكانی شوێن

نەژاد عزیز سورمێ‌

 

( ئەم دەقانە ، لەو خەونانە دەچن ،

لە بێداربوونەوەدا بە پچڕپچڕی بە بیر دێنەوە.. 

هەوڵێكە لە وردبوونەوە لە ( شوێن ) و ( ناشوێن )دا .. )

 

 

  • بانیژەی جودایی

 

شمشێری ئاوریشمینی

 لێ‌ هەڵكێشراوە..

ئاسمانی لێ‌ ونە..

خۆزگە بۆ پەیمانەیەك دەخوازێ ‌.

 

  • لە ناو توولی تەمدا

نەژاد عزیز سورمێ – کاری شیعری و کۆلاژەکان

ناخاینێ‌ ،

هێندەی نەماوە دەبارێ ‌.

 

  • پاردە

  بە چیلە مێوەكەی تەنیشتیەوە

 خۆی ،ڕاگرتووە ..

  لەوەتەی بڵێسە سەردانی دەكا ،

 كەلارێكی بێ‌ سامی باركەوتووە .

 

 

  • دوورگەی زاراوە

   بۆ كەسی باس مەكە !

  گەوهەری بێدەنگی ،

  گۆرانییەكی خەمباری

  نیوەشەوانە…

داری ئومێدی پێ‌ شین دەبێ .

 

 

  • سێبەری دارەبەن

    باخچەی باران

هاوڕازی ئەستێران  ..

  خەو ،

 لەو باوەشانه‌دا

ئیكسیری ئارامییە

قووڵ …

نەرم  .

 

 

  • بەهاربەند

منداڵیی تەوتەمە بێ‌ موریدەكان

جەژنا و جەژن ..

وەرزا و وەرز …

دەگەڕێتەوە …

نوخشەت لێ‌ دیار نییە ، بزانی

چ دەبێ ، چ دەگوزەرێ ‌.

 

 

 

  • ڕێژگەی ئاوهەڵدێر

 

بەفراوی ..

بە خوڕ ..

ژنان ،

دامەنی كراسی

لێ‌ پیرۆز دەكەن ..

پیاوان ،

گوناهی پێ‌ دەسڕنەوە  ..

ڕێژگەی ئاوهەڵدێر

تەنیا لە چیا و كەپكان نییە

لە وتارانیش دەردەكەوێ .

 

 

  • كاول

 

تۆدەڕۆی بە جێم دێڵی

پێكگەیشتن خەون نییە ، مۆتەكەیە ..

چۆلەكەیش بێرەدا نایەن.

 

 

 

 

  • هێللانەی ژێر گوێسەبانە

باڵداران هەڵەیان نەكردووە

مرۆڤ لەوێ‌ هەڵدەدێردرێن .

 

 

 

 

  • گیرفانی جەنگاوەر

نەینۆكێكی بچكۆڵە

وێنەی منداڵەكەی ،

گەواڵەیەك گریانی ئامادە ..

پێنج هەزاریەكی شین و

دوانامەی ژنەكەی.

 

 

  • شۆستەی عاشقان

 

 هەست لە بێ‌ سنووریدا دەخنكێ‌

 شازادە ماچیان لێ‌ دەدزرێ ‌..

   خۆشەویستم بنووسە!

 كامیراكان ناهێلن لێت نزیك ببمەوە .

 

 

 

 

  • كەناری دادخوازی

نەژاد عزیز سورمێ – کۆلاج

ئەو دەڤەرە ،

ڕووپێوێكی كوشندەیە  ..

شیناوەردی بێزار كردووە  ..

زۆرجار پەرۆشیی

سێدارەی لە دارستانان

بۆ هەڵدەخرێ .

 

 

 

  • بەردەمراز

 

لەوەتەی نیشتمانیان لێ‌ ون كردووین ،

ڕێی بێچارەییمان گرتووە :

داماو ، لەبەر سێبەری خۆماندا

بەردەمراز هاوارە!

 

 

 

 

 

  • قەڵای تارمایی

 

هەرزە  ..

بێ‌ چاند ..

بێ‌ خەیاڵ ..

بۆ جاری هەزارەم

عاجیباتیان هەڵدەنێ ‌..

چەشەخواز ، بێباك

بۆ جاری هەزارەم

زارۆمان ،

بە جاری هەزارەم دەسپێرێ.

 

 

 

 

 

  • بنمیچی دووری

لە بیابان فڕێدراوم ..

دەمم درواوەتەوە ..

فرمێسكم دڵۆپ دڵۆپ بەزەوی دەكەون ..

زمانم گۆ ناكا  ..

دەیان بینم ،

شاباشم بەسەردا لێ‌ دەدەن ..

 

 

 

  • گۆڕستانی پەپوولان

بەدوای شوێنەواری گۆرانییەكەوەم

بێ‌ ئاگاداری ،

بێ‌ ڕەزامەندی خۆم ،

پێش مەرگ

كفنیان بۆ ئامادە كردووم .

 

 

 

 

 

  • بەرئاستانەی ڕوانیین

لات .. كز

سەیری ئاسمانەی(تاسان) دەكا  .

 

 

 

  • تەلانی برۆكانی

 

چرا  لە دوورڕا  دەبینرێن  ..

ڕووناكی ،

بەلای لووتكەدا دەشكێنێتەوە ..

متمانەت پێ دەكەم

دڵە لانەوازەكەمت لە دەست دەنێم .

 

 

 

  • باوەشی نیگەرانی

 

بەهەورازێك سەردەكەوێت ،

ژیانی لێ‌ نزیك بووەتەوە ..

لێرە فێر بوو

دڵنیایی بە كوێ‌ دادێ ‌.

 

 

 

  • بیلبیلەی ڕێكەوت

چركە ئەبەدییەكانی لێ‌ كۆ دەبنەوە ..

خاكەڕایی تەنكەبەفرێكە تازە باریوە ..

ناتوانم بلێم دونیا سپی دەكا.

 

 

 

  • باڵی شەپۆل

تۆقەلانی بەخۆ وێران ..

ئەزموونی هاوسەنگی

هەستێك ، لەنەوای خۆماربوون دەچێت .

 

 

 

 

  • ئاگردان

لە چاخە بەردینەكانەوە

لەو كسپەیە نەگەیشتم ،

بە پڕووشەیێ دەنگ دەداتەوە .

 

 

 

  • ناوەڕاستی ڕستە

 

چ شەوبەكێوییەكی سەختە

ڕێگاكانت ،

بە (سەقەتایەتی) لێ‌ بگیرێ .

 

 

 

 

  • پشتی بوراق

 

ڕاسپاردەكانم لە بیر كردووە

بمبە كەشەكەڵانی فەلەك !

لە ڕێگادا ، بیرم بێنەوە  ..

ئێستا و دواڕۆژیان

لێ‌ بە تاڵان بردووم

بمبە كەشەكەڵانی فەلەك

شایەد بیان هێنمەوە .

 

 

 

  • كووچەی بنبەست

لە چۆلایی ، چۆلتر..

كولاژ – نەژاد سورمێ

لە خەم ، غەمگینتر..

لە دەستبەتاڵی ، بێ‌ ئیشتر..

قەڵەمڕەوێكی بێ‌ حاكم.

 

 

 

 

  • ناخی تەنیایی

ئۆقیانوسێك گریانی تیا قەتیس ماوە ..

چیایەك لە هەنسك ..

قەسیدەیەكی سەر بڕاو ..

ڕۆمانێكی زیندانی.

 

 

 

 

  • ڕۆژهەڵاتی نیگا

تۆم بینی ،

یاقوتێكم لە خۆمدا دۆزیەوە .

 

 

 

 

  • دڕاڵەی چۆل

وەختێك خەونەكانمان ،

هاتووچوویان پێدا دەكرد ..

سەردەمێك ، (ئازیزە)ی ژوانی پێ‌ دەكرد .

 

 

 

 

  • بۆشاییی با

كولاژ – نەژاد سورمێ

جوانی ،

لێرە زەفەری پێ دەبرێ ‌..

قەڵای دڵ ،

لە وێدا

لە بۆشایی ماندوویدا

داگیر دەكرێ ‌ ..

لە داد مەپرسە !

 

 

 

 

  • ئەو سەری پەرەگراف

ئەتمۆسفێری گیرسانەوە

 لە ڕستەی ،

(بڵێی تا سەر بێ‌) دایە .

 

 

 

  • مۆڵگەی بوونەوەران

بوونەوەر ،

چاوی شەیدایان

لەگەنجینەی سەروبنی دونیا دایە

ماڵ و مۆڵگە

بە (میم) دەست پێ دەكەن .

 

 

 

  • بناری چاوەڕوانی

بەبیرت دێتەوە

چ تافتەیەكی باڵانوێنت لەوێ‌ بەجێ‌ هێشتبوو ؟

لەوێ‌ لەناو گەرداوی گومان ،

لە داڵانە بێ‌ كڵاوڕۆژنەكەدا :

(لاوك)ێك بوو لە فرمێسك

(هۆرە)ی ماڵ ئاوایی ..

(ئەڵلاوەیسی)یەك لە داخ ..

بەبیریت دێتەوە وتم :

ئەگەر بڕۆی برینەكانت دەدەمەوە؟!

شوباتی 2017

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌