ساڵانێكی زۆره به فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیدا هاتوچۆ ده‌كه‌م و بێگومان فڕۆكه‌خانه ده‌موچاوی ئینته‌رناسیونالی ئه‌و شار و وڵاته‌یه، هه‌موو جارێك له‌به‌رخۆمه‌وه ده‌ڵێم؛ ئه‌مانه ئاشنا نین به سیستمی فڕۆكه‌خانه‌ی جیهانی و فێرده‌بن. به‌ڵام ساڵ ڕۆیشت و هات نه‌ك هه‌ر چاك نه‌بوون، به‌ڵكو خراپتر ده‌بن، هه‌ر بۆیه كاتی ئه‌وه هاتووه باس له‌م گه‌راجه ترسناكه بكه‌ین كه ناوی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیه. بێگومان باسی به‌شێكی هه‌ڵسوكه‌وتی ئاسایشه‌كه‌ی و سوستێمی ئاسایشیان ده‌كه‌م و ئه‌ویتر له‌ڕێگه‌ی (فاشیه‌تی شوێن) و ماتڕیاڵه‌وه گوزارش له‌خۆی ده‌كات. كۆی كاره‌كه‌م قسه‌كردنه له‌سه‌ر كۆنسێپتی فاشیزم له هه‌ڵسوكه‌وت و شوێندا، له بیناسازی و شێوازی كۆنترۆڵ و جوڵه و گواستنه‌وه‌دا. به‌مه‌ش له‌سه‌رێكه‌وه نێزیكده‌بینه‌وه له پڕنسیبی به‌شداریكردن له گۆڕینی كۆنسێپت وه‌ك هه‌وڵێكی ڕیفۆرمیستانه له كۆنسێپتی ئیداریدا، به‌هه‌مان شێوه‌ش قسه‌ده‌كه‌ین له‌سه‌ر فاشیزم كه وه‌ك میراتی له حكومه‌ته یه‌ك به‌دوا یه‌كه‌كانی ئێراق و ناوچه‌كه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه و ئێمه‌ی كوردیش به‌بێ بیركردنه‌وه دایه‌نگه‌مان كردووه و كۆپی هه‌مان ئه‌قڵی ئیداری ده‌كه‌ینه‌وه. له‌م خاڵه‌وه هیوادارم ئه‌م بابه‌ته له‌چوارچێوه‌ی كۆنسێپتی (گه‌ڕان به‌دووی فاشیزمی نوێ‌دا) سه‌یری بكرێت و بخوێنرێته‌وه.
پاسه ده چركه‌ییه‌كه یان سندوقی به‌عسیه‌كان
دوای ئه‌وه‌ی فڕۆكه ده‌نیشێته‌وه و دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رنشینه‌كان له فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌وروپاوه (له‌نده‌ن، فرانكفۆرت، دوسلدۆرف، میونشن، یۆتۆبۆری…هتد) سه‌فه‌رێكی پڕ هیلاكیان كردووه، لانیكه‌م هه‌شت كاژێر زیاتر ده‌بێت، چونكه له ئه‌وروپاوه چوار كاژێر ونیو و له بریتانیا وه پێنج كاژێر و نیو و هه‌ندێك له سه‌رنیشینیان له ئه‌مریكا یان كه‌نه‌دا ده‌گه‌نه ئه‌و فڕۆكه‌خانه ئه‌وروپیانه كه ده كاژێر زیاتریان پێچووه. ئه‌مه جگه له‌وانه‌ی به شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ناو وڵاته ئه‌وروپیه‌كاندا سه‌فه‌رده‌كه‌ن و به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌چن. هه‌موو ئه‌مانه به‌ڕێزان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی منداڵیان هه‌یه، ماندبوون و هیلاكیه‌كی زۆریان چه‌شتووه. ئه‌مه جگه له چاوه‌ڕوانی فڕۆكه، كه هێڵه‌كانی كوردستان به‌رده‌وام فڕۆكه‌ی ته‌سك و ناقۆڵا و نیمچه سكراب و پڕ ستیوارتی بێ ئه‌ته‌كێت و نه‌فه‌ری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ن كه هه‌ر زۆر زوو ته‌والێته‌كه ده‌كه‌نه ته‌نه‌كه خۆڵ و هه‌ندێك جار جگه‌ره‌ی تێدا ده‌كێشن، ئیدی هه‌ر زوو هه‌ستده‌كه‌یت ئه‌م سندوقه فڕیووه به‌ره‌و شوێنێك ده‌ڕوات كه گه‌راجه، فه‌وزایه، بێ سه‌روبه‌ره و بێ یاسایی هه‌م له‌ناو خودی نه‌فه‌ره‌كاندا ده‌گه‌شێته‌وه و هه‌م له‌هه‌ڵسوكه‌وتی كارمه‌ندانی فڕۆكه كه زمانیان ڕه‌ق وناشرینه و له فرۆكه‌ی دیكه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپی ئه‌و زمانه زامنی ده‌ركردنیان ده‌دا، به‌ڵام له‌م سندوقه فڕیوه پڕ ته‌قه ته‌قه‌دا هه‌موو شتێك تێپه‌ڕده‌بێت و ئیدی لێره‌وه هه‌ستده‌كه‌یت جۆرێك دیسپۆتیزم و چه‌وسانه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌ویتر و فه‌وزا ده‌ستپێده‌كات، به‌تایبه‌ت گه‌ر هه‌موو سه‌رنشینه‌كان كوردی باشوور بین، لێره‌وه هه‌ستده‌كه‌یت شتێكیان تێدا گه‌شاوه‌ته‌وه كه ده‌رچوونه له‌یاسا، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی كه ستیوارته‌كانیش (ئه‌وانه‌ی له فرۆكه‌دا خزمه‌تده‌كه‌ن) هه‌ڵسوكه‌تیان بگۆڕێت. ئه‌مه زه‌مه‌ن یار بێت هه‌ڵده‌گرین بۆ نوسینێكی دیكه.
نه‌فه‌ره‌كان به‌تایبه‌ت كورده‌كانی خۆمان له هاتوچۆی به‌رده‌وامدان له‌ناو فڕۆكه‌كه‌دا و ئه‌وه‌ش جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه و له‌دوایشدا هه‌مان هاتوچۆ دووباره ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه. ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتی( ماخۆلان – گرتن)ه و نائارامییه هه‌میشه جێگه‌ی سه‌رنجی من بووه. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی ئه‌م فرۆكانه‌ی دێن بۆ كوردستان ته‌نانه‌ت خه‌تی دوبه‌ی و ئیماراتیش ، هه‌مووی فڕۆكه ده‌ستی دوو و ناقۆڵا و بێ خزمه‌ت و ته‌سك و تروسكن و هه‌میشه له ڕووی دیسپلینی كاته‌وه؛ كاتی فڕین‌دا دواكه‌وتوون. ئه‌مه سه‌ره‌تای گه‌شته‌كه‌یه و به‌گشتی دوای ئه‌م هیلاكییه كه داده‌به‌زیت عه‌نتیكه‌خانه‌كه پێشوازیت لێده‌كات، عه‌نتیكه‌خانه یه‌ك كه‌ناوی؛ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیه.
دوای تێپه‌ڕبوون به‌كۆنتڕۆڵی به‌هێزی فڕۆكه‌خانه ئه‌وروپیه‌كان، داده‌به‌زیته عه‌نتیكه‌خانه‌كه‌وه كه ئه‌كته‌ره‌كانی ده‌یانه‌وێت پێت بڵێن؛ ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌وان خاوه‌ن كۆنترۆڵی به‌هێزین، به‌ڵام كۆنترۆڵی كێ؟ ئا له‌مه‌دا به‌درێژایی ئه‌م هه‌موو ساڵه شكستیان هێناوه. لێره‌وه (بێ ئه‌ته‌كێتی) و نه‌زانی به‌وه‌ی كارمه‌ندی فرۆكه‌خانه‌ی نێو ده‌وڵه‌تیت نمایشی خۆی ده‌كات و پێتده‌ڵێت؛ ئێره گه‌راجه و گه‌راجه‌كه له ڕێگه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتیانه‌وه خۆیت بۆ نیشانده‌دات، چۆن؟!
جارێ هه‌ر كه‌دا ده‌به‌زیت ده‌خرێیته پاسێكه‌وه و تاوه‌كو پاسه‌كه نه‌بێته (قوتووی ماسی سه‌لمۆن) و (نه‌فه‌ره‌كان تێك نه‌ترجێن) به‌ناو یه‌كدا و هاواریان لێ هه‌ڵنه‌ستێت ناكه‌وێته جوڵه. جوڵه‌یه‌ك هه‌زه‌لیانه‌یه و خولانه‌وه‌یه‌كه هیچیتر، له‌شوێنی خۆی ده‌خولێته‌وه و ته‌نها پێنج تا حه‌وت چركه ده‌خایه‌نێت و پاش ئه‌م چركه خولانه‌وه‌یه نه‌فه‌ره‌كان داده‌به‌زنه‌وه! پاس هه‌یه له‌دونیادا بۆ حه‌وت چركه لێخوڕین، زیاتر له پێنج تا ده‌خوله‌ك چاوه‌ڕه‌یی نه‌فه‌ر بكات تاوه‌كو ئاره‌قی شین و مۆر بكه‌نه‌وه، ته‌نها بۆئه‌وه‌ی حه‌وت چركه بجوڵێت، كه ده‌توانی به‌پێ به ده چركه بگه‌یته شوێنی مه‌به‌ست؟! ئه‌م خولانه‌وه‌یه‌ی پاسه‌كه به‌شی نیو هه‌ناسه هه‌ڵكێشان ناكات و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی پێكه‌نینه و (خۆكردنه به كۆمیدیا) چونكه له‌وه‌ته‌ی من سه‌فه‌ر ده‌كه‌م ده ساڵ زیاتره هه‌مان چیرۆكه، له فڕۆكه‌كه‌وه بۆ ترانزێت به‌پێ ته‌نها ده تا دوانزه چركه كه‌مترت به‌پێ ڕۆیشتن پێویسته نییه بۆئه‌وه‌ی بگه‌یته ترانزێتی ئه‌م عه‌نتیكه‌خانه‌یه و ئیدی نازانم حیكمه‌تی ئه‌مه چییه؟!
چه‌ند جار بنیوومه خه‌ڵك هه‌بووه پێویستی به‌هه‌ناسه بووه له هیلاكی و ڕاوه‌ستان به‌پێوه و ویستوویه‌تی بچێته به‌رده‌م پاسه‌كه، كه‌چی له‌به‌رده‌م پاسه‌كه‌دا وه‌ك (ئه‌منی جاران) بۆی وه‌ستاون و بێ گوێپێدان به‌ته‌مه‌ن و ئه‌ته‌كێك و ڕێز له ئه‌ویتر نابه‌رپرسیارانه مامه‌ڵه‌یان كردووه و له‌خه‌ڵكیان خوڕیووه. ئیدی تاوه‌كو (پاسه سوڕاوه‌كه) وه‌ك پاسی نه‌فه‌راتی گه‌راجی عه‌هدی قه‌دیم پڕ نه‌بووبێت ئه‌وا خولانه‌وه‌ی ده‌ستیپێنه‌كردووه. به‌مه‌رجێك گه‌ر هه‌ر جاره‌ی بخولێته‌وه و پڕی نه‌كات وه‌ك قوتووی سه‌لمۆن، ئه‌وا قه‌ره‌باڵغی له‌به‌رده‌م كۆنترۆڵ دروست نابێت، بۆچی بیریان لێ نه‌كردۆته‌وه ئه‌وه‌ش چیرۆكی خۆته، چیرۆكی كۆمپانیای ئه‌و پاسه كه هه‌مووكه‌س ده‌یزانێ. ئیدی نازانم ئه‌مه‌یه شانازی شاری سلێمانییه به فڕۆكه‌خانه‌كه‌یه‌وه؟ ئه‌م پرسیاره بۆ خۆیان جێدێڵم.
خۆ ئه‌گه‌ر بڵێن بۆ سه‌لامه‌تیه، ئه‌وا من به‌هۆی كاره‌كه‌م به‌رده‌وام له‌سه‌فه‌ردام، بۆ نمونه من چه‌نده‌ها جار له فڕۆكه‌خانه‌ی ئیبراهیم لنكۆلن له ئه‌مریكا یان ستاندستێدی له‌نده‌ن یان كۆلن یان فرۆكه‌خانه‌ی به‌رشه‌لۆنه یان پورتوگال (ئالگاف) له فڕۆكه دابه‌زیوم و هه‌موویان زیاتر له سی چركه زیاترمان پێ نه‌چووه به‌پێ و تۆزێكیش باران لێی داوین و فرێش بووینه‌وه و چووینه ناو ترانزێته‌وه و زۆر ئاسایی بووه.
به‌دیوێكی تردا (كۆنسێپتی ئه‌م سندوقه) و چاوه‌ڕێكردنه تاوه‌كو هه‌مووان تێكده‌ترنجێن، كۆنسێپتێكی ئیداری ئه‌قڵیه‌تی فاشیستانه‌ی به‌عسیه و بۆته نه‌ریت له ئێراقدا. یان له‌ناو پیكابی پۆلیس یان له‌ناو موسه‌له‌حه‌ی ته‌واری یان له‌ناو زیلی عه‌سكه‌ریدا وه‌ك به‌ندكراوێك، سه‌ربازێكی زه‌لیل، تاوانبارێك، بێگوێدانه باری ته‌ندروستی و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز ده‌تخه‌نه ناو سندوقه‌كه‌وه و له ده‌ره‌وه خێسه‌ت لێده‌كه‌ن. ئیدی ئه‌م چاوه‌ڕوانیه زۆره تا پاس پڕ ده‌بێت بۆ خولانه‌وه‌ی چركه‌یی تا ده‌تگه‌یه‌نێته به‌رده‌م ترانزێت، هه‌ستێكت ده‌داتێ كه له كابینه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌منیدایت و له‌بۆكسی پۆلیسدایت و بێگومان له‌سه‌ر هه‌مان كۆنسێپت دامه‌زراوه. ئه‌مه هه‌ستێكه وه‌ك ئه‌وه وه‌هایه كه به‌ندكرابیت و ده‌تگوێزنه‌وه بۆ مه‌خفه‌رێكی دیكه، ده‌نا بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك مرۆڤی ئاسایی ناخرێته سندوقه‌وه، ته‌نها له‌بارێكدا نه‌بێت كه تاوانباره.
ئه‌مه‌ش ئه‌قڵیه‌تی فاشیه‌تمان بیردێنێته‌وه كه ده‌بێت بۆ ده‌چركه‌ش بێت چاوه‌ڕێی بكه‌یت و پێتده‌ڵێت؛ تۆ هاتوویته ناو جوگرافیای منه‌وه و ده‌بێت چاوه‌ڕێم بكه‌یت تامن دێم، لێره‌وه تۆ له‌ژێر كۆنترۆڵی مندایت…ئه‌م كۆنسێپته (كۆنسێپتی به‌عسه) و (شێوازی به‌عسه) له ئیداره‌دا گه‌ر بۆ كاری حه‌وت چركه‌ش بێت، ئه‌وا به‌بێ هۆ له‌به‌رده‌م ده‌رگا و پاس و شوێنه‌كاندا ڕاگیرده‌كات و پاسه‌وانێكت بۆ داده‌نێت و ده‌تخاته بۆكسه‌وه!
خۆ باسی پاسێكی دیكه‌ی ناشرینی بچوك ناكه‌م كه له پاسه‌كانی پاكستان ده‌چێت و په‌نجه‌ره‌كانی به په‌رده‌ی قاوه‌یی ناشرین باڵاپۆشكراوه و گوایه ئه‌مه بۆ (ڤی ئای پی)ه گرنگه‌كانی كوردستانن و كه ئه‌مانه نه‌فه‌ری ئاسایین له‌فڕۆكه‌كه‌دا و له‌پڕ به (قوده‌ره‌تی قادر) ده‌بنه كه‌سی موهیم و ده‌كرێن به‌ودیوودا و واسته‌كه‌یان چه‌وره و ده‌یخوا!…له‌ڕۆمانی (كێ ساله‌ی كوشت؟) خاڵه بله‌ی جا‌و ده‌ڵێت؛ ئه‌وه‌ی له‌سلێمانیدا ڕووده‌دات له‌هیچ شارێكی دیكه‌ی دونیادا ڕوونادات…ئه‌مه‌ی له‌م فڕۆكه‌خانه‌یه‌دا ڕووده‌دات له هیچ فڕۆكه‌خانه‌ی دونیادا ڕوونادات!
هۆڵی ته‌حقیق و واسته
هه‌ر دوای ده چركه لێ خوڕین له‌ناو بۆكسه‌كه وه‌ك به‌ندكراوێك له بۆكسه‌كه داده‌به‌زیت و له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی ده‌رگای ترانزێت یان ده‌رگای ده‌زگای ئاسایشه‌كه، كۆمه‌ڵێك پۆلیس به‌ده‌موچاوێكی گرژه‌وه به‌ره‌وپیرت دێن. زۆرجار تێبینیمكردووه زۆر ناشرین ده‌چنه پێشی ژنه‌كان و به‌ناوی هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌منیه‌وه له‌به‌رده‌م و ته‌نیشتیان ڕاده‌وه‌ستن و چاویان ناتروكێنن، به‌تایبه‌ت ژنه بیانیه‌كان و ژنان به‌گشتی…ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌رامبه‌رت خۆیان جیڕ ده‌كه‌نه‌وه و به‌شێوازێكی ناشرین و ناشارستیانه و بێ ئه‌ته‌كێت، بێئه‌وه‌ی بزانن ئه‌م خه‌ڵكه له‌كوێوه هاتوون و هیلاكن، كێن، پله و پایه‌ی كۆمه‌لایه‌تی و ئه‌كادیمیان چییه، به‌مه‌ش ئه‌م پۆلیس و ئاسایشانه ده‌بنه ناشرینترین نوێنه‌ری حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌شاری سله‌مانیدا. خۆ ئه‌وه لایان گرنگ نییه كه خه‌ڵك منداڵیان پێیه و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ڕێز ته‌مه‌نیان بگرن و ڕێز له ژن و منداڵ و پیر بگرن، ده‌كه‌ونه خێسه و مۆڕه‌ی پڕ ئیره‌ییه‌وه وه‌ك تاوانبار به‌بازنه‌یی ده‌ورت ده‌ده‌ن و زۆر به‌ناشرینی له خه‌ڵك ده‌خوڕن.
ترانزێت وه‌ك حه‌وشه‌ی پۆلیسخانه
سه‌ره‌تا گووتمان؛ فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی وه‌ك حكومه‌ته‌كه‌مان ساوایه و هێشتا ئه‌قڵیه‌تی گه‌راجه‌كانی به‌عس له‌ئارادایه، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه تاوه‌كو ئه‌مڕۆش ئه‌م عاده‌ته ناشرینه و (به‌گه‌راجكردنه ئه‌منییه) و هه‌ڵسوكه‌وته ناشرینانه‌یان ته‌رك نه‌كردووه. ئیدی وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رنشینه‌كان له وڵاتی مافیا یان له به‌ندیخانه‌وه هاتبن، ئاوا وه‌ك ڕیزی به‌ندیخانه، ڕیزی به‌ندییه‌كان بۆ به‌رده‌م پۆلیسی كۆنترۆل ده‌ستپێده‌كات. له‌وه‌ش تراژیدیتر ئه‌وه‌یه دیسانه‌وه (ئه‌قڵیه‌تی بۆكسی مه‌خفه‌ر) ده‌ستپێده‌كاته‌وه و ده‌چیته ترانزێتێكی بچوكه‌وه كه لێره‌وه ته‌واو ڕووی ئه‌م شاره و فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی ناشرین ده‌كرێت.
ماوه‌ی نێوان ده‌رگای گه‌وره‌ی ترانزێت و كۆنترۆڵ زۆر كورته و ته‌سكه دیسانه‌وه خه‌ڵك و پۆلیس و ئاسیش قه‌ره‌باڵغیه‌ك دروستده‌كه‌ن كه وه‌ك مارێكی حه‌وت سه‌ر كلكی ڕیزه‌كه په‌پك ده‌خواته‌وه و كۆی هۆڵه‌كه له هۆڵی فڕۆكه‌خانه ناچێت به‌ڵكو مرۆڤی تێدا ده‌ترنجێت و كۆنسێپتی بیناسازییه‌كه‌ی وه‌ك هۆڵی به‌ندیخانه‌ی ته‌حقیق وایه. هه‌ستده‌كه‌یت تۆ نه‌هاتوویت بۆ پاسپۆرت كۆنترۆڵ به‌ڵكو بۆ لای موحه‌قیقێك كه تاده‌گه‌یته لای ده‌بێت له‌ناو پاڵه‌په‌ستۆ و مۆڕه و قیژه‌ی منداڵ و هاتوچۆی ئاسایش‌دا ئاگات له‌خۆت بێت نه‌تبه‌ن بۆ ژووری لێدان. سه‌یر نییه كه چاویان ئه‌وه نابینێت و كۆی ئه‌م هه‌موو ساڵه بیریان له گه‌وره‌كردن و فراونكردنی نه‌كردۆته‌وه، چونكه پێده‌چێت چێژ له‌و تێكترنجانه ببینین كه جگه له‌سایكۆلۆژیه‌تی ئیره‌یی و ستراتیژی فاشیستانه‌ی بچوكردنه‌وه‌ی مرۆڤ نه‌بێت هیچیتری ناگه‌یه‌نێت.
له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌وه ئه‌وه‌ی سه‌رنجی منی ڕ‌اكێشا جوڵه‌ی ئاسایش و پۆلیسه‌كانه له‌و ڕووبه‌ڕه بچوكه‌دا، هاتوچۆیه‌كی سه‌یر ده‌ستپێده‌كات، كه‌سه‌رنجی ڕاكێشاوم و ناشزانم ئه‌م هه‌موو هاتوچۆیه چییه. كه له هاتوچۆ و پیاسه‌ی بێزاری و بێكاری كارتی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌چێت له به‌رده‌م مزگه‌وت و سه‌ربانی گونده‌كاندا له‌زستان و ئێوارانی هاویندا. جوڵه‌یه‌ك كه بێگومان هیچ پڕۆفیشناڵ نییه، من دوو ساڵ وانه‌ی سایكۆلۆژیام به یه‌كه‌مین وه‌جبه‌ی كولیه‌ی عه‌سكه‌ری قه‌ڵاچوالان گوتۆته‌وه (ده‌وره‌ی یه‌كه‌م – ملازم جوامێر) – له‌به‌شێك له موحازه‌ره‌كانمدا له زانستی سایكۆلۆژیای سه‌ربازی، گفتوگۆی ڕاوه‌ستان و فۆكۆسكردنی پرۆفیشناڵانه‌مان كردووه كه به‌شێكه له‌كاره‌كته‌ری ئه‌فسه‌ری ده‌وڵه‌ت. هێمنی و له‌سه‌رخۆیی و شێوازی گفتوگۆ له‌ناو سه‌ربازه‌گه‌كانیشدا ئسوڵی خۆی هه‌یه، چجای فڕۆكه‌خانه كه‌هه‌موو میلله‌تانه‌كی پێدا ده‌ڕوات، هه‌ر بۆیه سه‌رم ده‌سوڕمێت له‌م هه‌موو جوڵه‌یه به‌ڕاست و چه‌پدا له‌كاتێكدا سه‌رنشینه‌كان به‌هێمنی ڕاوه‌ستاون له‌سه‌ره‌دا.
له‌وه‌ش سه‌یرتر جارجاره یه‌كێك دێت و له‌نێزیكه‌وه به خێسه‌یه‌كی بازاڕیانه‌وه له‌بنی پێته‌وه تاوه‌كو ته‌وقی سه‌رت لێت ده‌ڕوانێت و گه‌ر میزاجی باش نه‌بێت زۆر بێ ڕێز و بێ ئه‌ته‌كێت به خه‌ڵك ده‌ڵێن؛ جوان ڕاوه‌سته…چه‌نده‌ها جار ئه‌م دیمه‌نه دووباره‌یه‌م بینووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ت پێده‌ڵێت؛ كه ئه‌م ستاڤه له‌ناو خۆیاندا چه‌ند گروپێكن و كه‌س ئه‌ویتر ناخوێنته‌وه و دیسپلینیان نییه، ده‌نا ئاوا بێ منه‌تانه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا هه‌ڵسوكه‌وت ناكه‌ن و ئه‌م هاتوچۆیه هه‌مووی چاودێریكردنی یه‌كترییه. له‌وه‌ش عه‌نتیكه‌تر ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا مۆڕه و خێسه ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌نده بێگانه په‌رستن له به‌رده‌م ئه‌وروپیه‌كاندا هه‌ر له‌خۆیانه‌وه ده‌بنه (شتێكی زه‌لیل) و له‌وه تێناگه‌م بۆچی؟!
بۆ نموونه: ساڵێكیان له‌ڕیزدا وه‌ستابووین، كچێكی منداڵكاری هه‌رزه‌كار ئه‌ڵمانی دیار بوو له‌وانه بوو كه بێ سه‌روبه‌ره‌كان بوو، فێری نۆبه بڕین و (خۆش بێگانه‌په‌رستی كوردی) كرابوو هه‌ر بۆیه خێرا بێزاری له‌سه‌ره‌كه ده‌ربڕی و داوای لێكردم یارمه‌تی به‌م و بچێته پێشه‌وه و منیش گووتم؛ ڕێگه ناده‌م، خانم تۆ له‌من گه‌نجتری ده‌توانیت بوه‌ستیت و له‌ئه‌وروپا هه‌مووان له به‌رده‌م یاسادا له سه‌ره‌دا ده‌وه‌ستین و تۆش ده‌بێت بوه‌ستیت…كه‌چی تۆزێكی نه‌برد كاكی پۆلیسی مه‌تاری عه‌نتیكه‌خانه ده‌ستیگرت و پێشی خست. به‌جۆرێك گووتم؛ به‌ڕێزم ئه‌و خانمه بێگانه‌یه له ئه‌ڵمانیا ته‌مه‌نی نۆزه‌ده‌یه، گه‌ر مه‌سه‌له ئه‌وروپیه‌كانه ئه‌وا من بیست و دوو ساڵه له ئه‌ڵمانیام و زۆربه‌ی ئێمه‌ی ڕیزه‌كه ئه‌وروپین وه‌ك ئه‌و و هه‌مان پاسپۆرت و هه‌مان ماف و باستریش له منداڵێكی هه‌رزه‌ره‌كار!….مه‌جبور هێنایه دواوه و لێدا ڕۆیشت و ئه‌ویش ونبوو.
نازانم ئه‌مانه له‌چ كونێكه‌وه دێن و خۆیانی پێداده‌كه‌ن كاری هه‌ڵه ده‌كه‌ن و له‌پڕ ونده‌بن؟! ئه‌م بێ سه‌روبه‌ره‌ییه و هاتوچۆ بێ ئامانجه كێ لێی به‌رپرسه؟ ئه‌و پرسیاره بۆ ئیداره‌ی فرۆكه‌خانه‌یه‌ك جێدێڵم كه وێنه‌ی (سه‌رۆك مام جه‌لال) به‌هه‌موو شوێنكه‌وه‌یه‌تی، به‌داخه‌وه وه‌ك ڕێزێك بۆ مام جه‌لال ده‌بوایه ئه‌م فڕۆكه‌خانه‌یه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له ئاستێكی ڕاقیدا بوایه.
با ئه‌م ڕووداوانه‌ش تێ بپه‌ڕێینن و باس له (واسته) بكه‌ین له‌م فڕۆكه‌خانه‌یه‌دا، كه دیارده‌یه‌كی زۆر ناشرینه و چه‌نده‌ها جار به به‌رچاوی سه‌رنیشه‌ره‌كانه‌وه ڕووده‌دات، بۆ نمونه: بیرمدێت ساڵێكیان یه‌كێك ئاوڕی له‌من دایه‌وه و گووتی؛ خۆزگه ئه‌م دیارده‌یه نه‌ده‌ما…پرۆفیسۆرێكی ئه‌ڵمانی بوو له‌بواری ڕۆژنامه‌نوسی و له‌گه‌ڵ هاوڵێكی به‌ڕێزیدا بوو كه كوردی ئه‌ڵمانیا بوو پێكه‌وه له‌میونشنه‌وه هاتبوون….ئیدی خوێنه‌ری به‌ڕێزم زۆر نابات دیسانه‌وه جوڵه ده‌ستپێده‌كات و له كونه‌كه‌وه پۆلیسی به‌رگ شین و ئاسایشی خۆنوێنه‌ری قات له‌به‌ری چینی ده‌موچاومۆن خۆیانی پێدا ده‌كه‌ن و ده‌ستی ئه‌م و ئه‌و ده‌گرن و به خاترانه ده‌یانبه‌نه به‌رده‌م كۆنترۆڵه‌كان و پاشان دیسانه‌وه له‌كونه‌كه‌وه ونده‌بن.
جارێكیان خانمێكم له‌پێشه‌وه بوو كه ئینگلیزیه‌كی زۆر شكاو قسه‌ی ده‌كرد و هه‌ر زۆری نه‌برد بردیانه پێشه‌وه؛ كه‌هاوارم كرد بۆچی؟ گووتیان؛ ئاخر ستاڤی مه‌تاره؟ منیش گووتم؛ كه‌واته ده‌بێت ئه‌و له‌هه‌مووان زیاتر ڕێزی سه‌ره‌كه بگرێت…كه‌چی گووتیان؛ فه‌رموو ئوستاز تۆش ده‌توانیت بێیت! سوپاسمكردن بۆ لوتفیان و گووتم؛ من وه‌ك ئه‌وانه له‌سه‌ره‌دا ده‌وه‌ستم..بێگومان پێكه‌نینم به‌مجۆره هه‌ڕاجخانه‌یه ده‌هات و هیچم نه‌گووت. چی بڵێم، هه‌رچی بڵێم وه‌ك (گێچه‌ڵخانه) تووشی گرفتێكت ده‌كه‌ن یان وه‌ك خۆیان زۆر بێ منه‌تی و چه‌ورانه ده‌ڵێن؛ كه‌رامه‌تت ده‌شكێنین… ئیدی ئاوا له‌م گه‌راجه‌دا له‌و كونه‌وه پۆلیس و ئاسایشی كوتله‌كان دێن و ده‌چن و ئه‌م ئه‌و پێش ده‌خات و ئه‌م دیارده‌یه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ له‌م گه‌راجه‌دا بوونی ماوه به‌داخه‌وه، بێگومان ئه‌مه له‌هاتن به‌ڵام له چوونیش چیرۆكی دیكه‌یه.
ئه‌مه شتێكی كۆمیدی بیرهێنامه‌وه، ئه‌ویش ئه‌و كاته بوو كه ئه‌ندامێكی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی پێمی گووت؛ ئوستاز مه‌تاره‌كه‌مان نمونه‌ییه، ئه‌وانه په‌روه‌رده‌ی ئێمه‌ن….له‌به‌ر ڕێز له ته‌مه‌ن و شوێنی دانیشتنه‌كه نه‌مویست بڵێم؛ گه‌ر ئه‌مه په‌روه‌رده بێت، ئه‌ی ده‌بێت بێ ته‌ربیه‌ته‌كان چۆن بن! هه‌ر بۆیه بێده‌نگیم لێ كرد و زانیم ئه‌ویش سه‌ره‌ڕای پله‌ی باڵای هیچی به‌ده‌ست نییه، چونكه فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی له‌ناو كوتله‌گه‌ری و نه‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كتریدا له‌ده‌ست ده‌رچووه… كۆی ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه و زۆریتر كه لای من و زۆربه‌ی خه‌ڵكان تۆماركراون و دێنه سه‌ر باس و ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت؛ كه ئه‌م فرۆكه‌خانه‌یه جیاوازی ناكات له‌نێوان فڕۆكه‌خانه و گه‌راجی نه‌هزه‌ی كۆن و دائیره‌ی حكومی پڕ واسته و واسته‌كاری.
كۆنسێپتی ئه‌م نوسینه‌م له‌وه‌دایه كه فاشیزم مانای ته‌نها بوونی دیكتاتۆر نییه، به‌ڵكو (ئه‌قڵیه‌تی كۆنترۆڵكردن و جیاكردنه‌وه و مۆرلێدانه له‌ناوچه‌وان) فاشیزم مامه‌ڵه‌ی مرۆڤه وه‌ك ئه‌وه‌ی نێچیرێكه و كه‌وتۆته به‌رده‌ست و لێره‌وه هه‌ڵده‌گرێت بۆ ئه‌وێ و ده‌كرێت له‌پڕ ونی بكه‌یت و دونیایه‌كی بشوێنیت. لێره‌وه ئه‌و كۆنسێپته‌ی ئه‌م فڕۆكه‌خانه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه، هه‌مان ئه‌قڵیه‌تی ئیداری به‌عسیه‌كانه به ورده‌كاریه‌كانیه‌وه و پێویسته كۆی ستاڤه‌كه له سه‌ره‌وه تا خواره‌وه بگۆڕدرێن و دووربخرێنه‌وه و بچنه‌وه پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی وانه‌گوتنه‌وه‌ی (ئیتیك و ئه‌خلاق ) و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا ….
له‌به‌شی دووهه‌مدا زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م فاشیزمه ده‌دوێین.