فلاتكاپێكی هاوینه
ئاری عوسمان خه‌یات
چیرۆك
(1)
خۆ من له پێشه‌كی ئه‌و كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌ی خۆمدا، ئه‌مه‌ی لێره باسی ده‌كه‌م، له‌وێیش باسم كردووه، به‌ڵام چونكه من هیچ خوێنه‌رێكم له هیچ كوێ نییه، چونكه كه‌س نامخوێنێتهوه، بۆیه دڵنیام ئێوه‌ی به‌ڕێزیش نازانن باسی چ ده‌كه‌م، چونكه وه‌ك چۆن پێشهكییهكهتان نه‌خوێندووه‌ته‌وه، هه‌ر ئاوا ئه‌م سێ- چوار دێڕه‌یش ناخوێننه‌وه.
(2)
چوار ساڵ پێش ئێستا چیرۆكێكم نووسی، و ئه‌مڕۆ له‌ناو بازاڕی كه‌لار، كاره‌كته‌ری ناو ئه‌و چیرۆكه‌ی خۆمم بینییه‌وه… تكایه، ئیشه‌كه مه‌كه‌ن به گاڵته‌جاڕی و ئه‌م شتانه، من به خه‌یاڵ، چوار ساڵ پێش ئێسته باسی كه‌سێكم له چیرۆكێكی خۆمدا كردبوو، ئه‌مڕۆ له‌ناو بازاڕی كه‌لار، دیتمه‌وه!
خۆی بوو، هه‌ر ئه‌و پیاوه‌ی له‌وێ، له‌ناو ئه‌و چیرۆكه نهعلهتییهكهی كه خۆم باسم كردبوو.
(3)
هاوڕێیان، من ئیتر خه‌ریكه تاقه‌تم له‌وه بچێ، له خه‌یاڵی خۆمدا كاره‌كته‌رسازیی بكه‌م و به‌یانییه‌كه‌ی له واقیعدا بیبینمه‌وه. هه‌ر به جدیمه، بێزار بووم له‌وه‌ی به‌شه‌و بێنه سه‌رم، به ڕۆژيش خۆیان بكه‌ن به كارمه‌ندی شاره‌وانیی و بێن زێرابی گیراوی ماڵه‌وه‌مان بۆ به‌ربده‌ن.
ڕۆژێكی مابێ، ئیتر ئه‌م چیرۆكه ده‌كه‌م به ڕاستی، یان ئه‌م ڕاستییه ده‌كه‌م به چیرۆكێك.
(4)
باشه من بۆچی دێم ئه‌مه باس ده‌كه‌م و ده‌شمه‌وێ بتانخه‌مه سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی، كه شته‌كه ڕاستییه نه‌ك خه‌یاڵ و قسه‌ی به‌تاڵ؟! واته بۆچی ده‌مه‌وێ بۆتانی بسه‌لمێنم، كه من له واقیعدا كاره‌كته‌رێكی خه‌یاڵیی ناو چیرۆكێكی خۆمم بینیوه‌ته‌وه؟ ئه‌مه چ سوودێكی بۆ ئێوه‌ی خوێنه‌ر هه‌یه؟
له‌ڕاستیدا هیچ سوودێكی ئه‌وتۆی بۆ به‌ڕێزتان نییه، به‌ڵكوو ته‌نێ سوودی بۆ خودی خۆم هه‌یه، سووده‌كه‌شی ئه‌وه‌یه، من بۆخۆم دڵنیا ده‌بمه‌وه، كه ئیتر ئه‌م شته‌ی ئه‌وه چه‌ند جاره باسم كردووه، درۆ نییه و هه‌ر به‌ڕاستی له ژیانی مندا ڕووده‌دات و دووباره و چه‌ندباره ده‌بێته‌وه…
واته هه‌ركه به خه‌یاڵ كاره‌كته‌رێك دروست ده‌كه‌م، ئه‌وه‌نده نابا له شوێنێكدا لێم تایین ده‌بێ!
(5)
هه‌ڵبه‌ته من هه‌ر له خۆڕا قسه ناكه‌م، به‌ڵكو به‌ڵگه‌م لایه، من ده‌یان به‌ڵگه‌م لایه، كه ده‌توانم به بێئه‌وه‌ی ئێوه بتوانن بچووكترین گومان له قسه‌كانم بكه‌ن، بۆتانی بسه‌لمێنم، كه من ڕاست ده‌كه‌م له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كاره‌كته‌ری چیرۆكێكی چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ری خۆم، له‌ناو بازاڕی كه‌لار یه‌خه‌ی پێ گرتم و… دیاره كێشه‌كه هه‌ر ئه‌وه‌نده نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه، كه من پێم وابوو، ئه‌و له‌و چركه‌ساته‌دا منی ناسیوه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه كاتێك قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم، زۆر گوێم نه‌دایه و له نیهانی خۆمدا وام دانابوو وه‌ك چه‌ندین جاری تر، ئه‌مه‌شیان خه‌یاڵێكی تری ناو ئه‌و كه‌للـه پووته‌ی خۆم بێت و هاكا وه‌ك ته‌می خه‌مێك له به‌رچاوم ده‌ڕه‌وێته‌وه، كه‌چی ئه‌و نهعلهتبابه، گووتی؛
– مامۆستا گیان، هه‌ر بۆ یادگاریی ئه‌م كڵاوهشم به دیاریی بۆ هێناویت!
گووتم؛ سوپاس، پێویست ناكات عه‌زێت بكێشن.
گووتی؛ نا، عه‌زێتی چ… من له زستانی 2014ه وه ڕه‌دووی جه‌نابتان كه‌وتووم، ده‌زانم زۆرتان حه‌ز له‌م جۆره كڵاوه‌یه. ڕاستییه‌كه‌ی لێتانیش دێ، بۆیه پێم خۆش بوو هه‌ر له‌و كڵاوه، هاوینیهكهیشیتان هه‌بێت.
(6)
هاوڕێیان، بڕواتان بێت، من كێشه‌م ئه‌وه نییه، كابرا له 2014ه‌وه چاودێریی كردووم و ته‌نانه‌ت چه‌ندین وێنه‌ی دووراودووریشمی به مۆبایله‌كه‌ی خۆی گرتووه، كه تێیاندا به‌و ستایله‌وه ده‌رده‌كه‌وم، كه زۆربه‌تان له زستاناندا منی پێ ده‌ناسنه‌وه، به‌ڵكوو كێشه ئه‌وه‌یه، ئێستا ئیتر وا نزیكه‌ی بیست و چوار كاژێرێك به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌دا تێپه‌ڕیوه و هیچ شتێك له گۆڕێ نه‌ماوه، تا پێویست بكات بۆتانی بسه‌لمێنم، كه ئه‌وه‌ی باسی ده‌كه‌م ڕاستیی ڕاستییه و هیچ درۆ و ههڵبستنێكی تێدا نییه، به‌ڵام بۆ خۆشم تێ ناگه‌م چی له‌م كڵاوه بكه‌م؟
فلاتكاپێكی هاوینه، كه له‌دوا چركه‌دا له كاره‌كته‌ره‌كه‌ی ناو خه‌یاڵی خۆمم وه‌رگرت.
(7)
هه‌ر كه‌سێكتان لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ بابه‌ته‌كه هه‌یه، تكایه په‌یوه‌ندیی به ژماره مۆبایلی 07701977953 بكات، ئه‌گه‌ر به‌رده‌ست نه‌بوو، ئه‌وا دیاره ئه‌مانه له (ئاسیاسیل)شدا پیاوی خۆیان مه‌ڵاس داوه؟!