شێركۆ بێكه‌س 1940- 04.08.2013

شیرکۆ لەباوەڵێکی تەنەکەدا


Loading

وێنەی باوەڵێک پڕ شیعر

 

لەچەند ڕۆژیکی کەمدا هەردوو بەشی بیۆگرافیای مامۆستا شێرکۆ بێکەسم خوێندەوە، سەیر لەوەدابوو،   لەدوای خوێندنەوەی یاداشتەکانی (نووسین بەئاوی خۆڵەمێش)، وێنەک ئامادەگی هەبوو، وێنەی شاعیرێکی مێردمنداڵ بەباوەڵێکی تەنەکەی پڕ شیعرو خەونەوە، پەڕەوازەو بێ لانەو پشت و پەنا. ئەم وێنای باوڵە تەنەکەیە، وێنەیەکە بەدوومەوەیە ولەگەڵ هێرشکردنە سەر گۆڕی (شێرکۆ بێکەس) ئەم باوڵە تەنەکەیە جارێکیتر گەمارۆیدام. وێنەیەکی کاریگەرە، تیژبڕە، پڕە لە هێزی ڕەمزی و ڤیزیۆنی ترسناک، ئامادەیە لەهەموو شوێنێکدا کەیادەوەری شیعری پەی پێبەرێت.  لەوانەیە کاریگەری ئەم وێنەیە لەسەر من، لەو  لەبیرکردنەوەیەوە بێت، چارەنوسمان وەک نوسەرێک لەنێو کولتورێکی کۆمەڵایەتی دواکەتوودا لەزەمەنی بێکەسی باوکەوە تازەمەنی کۆچی دوایی بێکەسی کوڕ هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە! تەنانەت وەها هەستدەکەم  مردنی نوسەر لەم کولتورەدا مردنێکی لەسەرخۆیە وخۆی بەدرێژایی ساڵەکانی تەمەنی درێژدەکاتەوە. ساڵانێک لەنێو خۆتدا گیردەخۆیت، لەنێو دونیای ئەدەبی خۆتدا هەموو ڕۆژێک بەر جۆرێک لەگەمژەیی کولتوری دەبیتەوە کەکولتوری خێڵەکایەتی بەرهەمیهێناوە، سیاسەت بەردەوام فۆرمی نوێی پێدەبەخشێت. ئاوەها لەوانەیە وەک  کامەران موکری شاعیر بەتەنها لەئوتێلێکدا لەگەڵ باوەڵە تەنکەکەماندا بمرین یاخود لەژوورە تەنهاکانی مەنفاکان لەبیربکرێین.

ئەم باوەڵە تەنەکەیە، ئەو دونیا ئیستاتیکی وپڕ چیرۆک وشیعریەیە کەلەگەڵ خۆماندا هەڵیدەگرین وتامردن هاوەڵمانە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین هێزێکی گەورە لەم کۆمەڵگەیەدا بوونی هەیە کەبەردەوام هەوڵدەدا ئەو باوەڵە بچوکەت لێبسەنێت و تەسلیم بە سیاسەتی چەوت وهەستمردوویی نەریتەکان ودواکەتوویی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بکات. ئەم هێزە  لەزەمەنی گۆران و بێکەسی باوکدا بەزەقی ئامادەبوو، ئێستاش بەرگی سیاسەت وڕۆژنامەنوسی سیاسی بێ کولتور وپارتی سیاسی جۆراورجۆری لەخۆگرتووە، هەروەها لەماسکی   دیموکراسدا خۆی نمایشدەکات.  لەنوێترین دیاردەی پۆستمۆدێرنەدا فۆرمی ئاکادیمی وەرگرتووە و بەهەمووان  لەجەنگدان لەدژی ئەدەب، لەدژی  ئەو سوبێکتە ئەدەبیەی لەنێو کولتوری کوردیدا مەشقی خۆی دەکات. هێزیکی ترسناک بونی هەیە  وبەردەوام هەوڵدەدات ژیانی نوسەر بخاتە ژێر هەڕەشەوە، تیرۆری کەسایەتی بکات، گومان بخاتە سەر کاراکتەری وبەدوویەوە بێت لەهەڵەکانیدا وەک ئینسان، تانەی لێبدات وبژێوی وژیانی بخاتە ژێر گوشارەوە.  ئەم هێزە تاریکە دژە ئەدەبیە ساڵانێکە لە شیرکۆدا ئەو فیگورە دەبینێت کەدەبێت لێیبدات، تەنانەت بەناوی شیعرو ڕەخنەی ئەدەبی و ئەدەبەوە لەدژی شێرکۆ لەکاردابوون.

ئەم هێزە تاریکە دژە جوانیە لەکۆمەڵگەی کوردیدا دەمامکدارە وتەنها لەوەدا کورتناکرێتەوە کەبەئاشکرا کاربکات، بەڵکو خۆی لەو نیمچە ڕۆشنبیر ولەتە ئەدیبانە دەبینێتەوە، کەبەدرێژایی مێژوی ژیانی ئەدەبی ئێمە، خۆیان بەدەسەڵاتەکانەوە هەڵواسیوە وئەوەندە نوسینیان هەیە کەبتوانن بەردەوامی بدەن بەناونیشانەکانی خۆیان ولەڤیستیڤاڵەکاندا پێی دەربکەون، لەکردەی داهێنانیشدا بچوک و زۆر بچوکتردەبنەوە. ئەم هێزە هەمان فۆرمی خێڵە،  هەمان خەمی گردبونەوەی خێڵی هەیە، لەبەرئەوە دەرکەوتنی خۆی لە ڤیستڤاڵ  ودیوەخانەکانی دەسەڵاتدا زۆر لەلا گرنگترە وەک لەکردەی داهێنان. ئەم خێڵەکیەتە ماسکدارە  لەم کەشە مۆدێرنەدا کەڕەنەڤاڵیەدا لەفیگوری ئەدیب ولەماسکی شاعیر وئەکادیمیست وچالاکەوان وسیاسی پۆست مۆدێرنیست و لیبرالدا خۆی نمایشدەکات. به‌مانای دەکەوینە هەڵەیەکی گەورەو مەزندەی ئەوە بکەین کەتەنها سەلەفیە توندڕەوەکان لەدژی شیرکۆ لەکاردا بوون، بەڵکو لەپشت ئەمانەوە سوپایەک لەو ماسکدارە هیلاکانە داینەمۆی ئەو هێزە بوون، کەلەدژی ئەو هێزە ئیستاتیکایە گەورەی لەکاردا بوون، ئەمانە لەدژی شێرکۆ بوون، چونکە بوونی  شیرکۆ، بوونی شاعیرێک بوو لەجیهاندا. ئەم ماسکدارە نوێیە لەگەڵ کۆچی شێرکۆدا فرمێسکی درۆینەی ڕشت، بەڵام لەبنەڕەتدا لەدژی ئەوە بوو وەسێتنامە جوانەکەی جێبەجێبکرێت. ئەم هێزە خێڵەکیە دیوانخوازیە ماسک مۆدێرنە، دەیەوێت هەمیشە ئەو وێنەیە زەقبکاتەوە بەوەی  شیعر کورتبکاتەوە بۆ سەر فیگوری شاعیر و چیرۆکنوسێک کەناتوانێت دەستی لەسەری جیابکاتەوە، ئەم هێزە دەیویست بڵێت کە باوەڵە ئەبەدیەکەی  شیرکۆ، باوەڵی پیاوێکە نازانێت چی لەدونیادا دەگوزەرێت، دەیانەویست باوەڵەکەی پێ دابنێن ولەدیوەخانەکەیاندا داینیشێنن، بەڵام شیرکۆ تاکۆچی ئەو باوەڵەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت و تائێستاش باوەڵەکەی درێژبونەوەیەکی ڕەمزی هەیە لەنێوماندا.

 

چیرۆکی ئەم باوڵە تەنەکەیە

 

شیرکۆ بەباوەڵێکی قەدیمەوە، بێ شوێن وڕێگەو جێگەو بێ هاودەم و هاوڕێ لەگەڵ هەژاریەکی ترسناکدا ڕوو بەروو دەیێتەوە. لەدوای مردنی بێکەسی باوک وشووکردنەوەی دووهەمی  دایکی وسەفەرکردنی بۆ بەغدا بەخۆی  کچەکانیەوە، شیرکۆی مێردمنداڵ بەجێدەمێنێت!. شێرکۆی مێرد منداڵ،  ڕازی نییە بچێت لەگەڵیاندا. لەیاداشتەکانی ئاوی خۆڵەمێشدا نوسیویەتی: (من تەمەنم سیانزە چواردە ساڵان بوو، کەدایکم شووی بەعومەر هەڵمەت کردەوە. خەریکبوو شەشی سەرەتایی تەواو بکەم، بەڵام من ئەم شووکردنەوەیەی دایکم زۆر پێناخۆش بوو..)

لەشوێنێکی دیکەدا نوسیویەتی (زۆرم لەگەڵدا خەریکبوون، باسی بەغدایان بۆ ئەکردم، بەڵام من وەک یاخیبوون، یاخیبووم و نەچووم. ئەم جیابوونەوەیە برینێکی قوڵ وبەسوێی کردە دڵمەوەو ڕۆژانی ئایندەمی لەبەرچاو ڕەشکردم ! ئیتر دایکم و خوشکەکانم ڕوویانکردە ماڵی تازەی بەغدایان و منیش نائومێد و دڵشکاو، باوەڵە تەنەکەکەم خستە سەرشانم و ڕوومکردە ماڵی خاڵە عومەرم ل٦٨ )

ئاوەها شیرکۆ بێکەسی مێردمنداڵ دەبینین  تەنیایی خۆی لەگەڵ قەسیدەدا هەڵگرتووە، بەتەنیا لەسلێمانیدا وەک گەنجێک، وەک مێردمنداڵێک کەسەری پڕێتی لەبیرۆکەی شیعری وخەون،  هەتیو  وتەنیا لەماڵە خزمانی گیرسایەوە، لەو بڕوایەدام لەو ساتەوە کە بێکەسی مێردمنداڵ باوەڵەکەی هەڵدەگرێت، لەوساتەوە تامردنی ئەو باوەڵە هاوسەفەری شیرکۆ بووە. ڕاستە باوەڵەکە لەڕووی فیزیکیەوە وندەبێت، بەڵام وەک نەبینراویک هەمیشە لەگەڵ شێرکۆدا هاوسەفەر وهاوخەم و هاوشیعر بووە.

(فایەق بێکەس) شاعیر  بەگەنجی لەتەمەنی چل وسێ ساڵیدا کۆچدەکات، بێکەس باس لەو بەیانیەی کۆچی باوکی دەکات و بەو دێڕە وەسفی دەکات ، بەوەی (هەرگیز ئەو بەیانیەم بیرناچیتەوە! ١٧)  فایەق بێکەسی شاعیر  لەو تەمەنە کورتەیدا شێرکۆ وخوشکەکانی بۆ زەمەنێکی سەخت و ڕۆژگارێکی  بێئامان جێدێڵێت. شێرکۆ نوسیویەتی و دەڵێت:  (ئەو ڕۆژە شوومە ١٨/١٢/ ١٩٤٨ بوو، تەمەنم هەشت ساڵی پڕ نەکردبۆوە، لەپۆلی دووی سەرەتایی بووم. تا ئێستەش بەووردی دیمەنی ساتەوەختی  ئەو مردنەی باوکم لەپێش چاوە. دایکم خەبەری کردمەوە…لەپڕ ئەو کۆکەیەم بیست و دایکم شڵەژاو پەلاماری باوکمیداو ڕایوەشاند، و هەر ئەو ساتە داوای لێکردم  بچم بەشوێن کاک ئەحمەدی ئامۆزایدا… هەر ئەو ڕۆژەش هەستمکرد چەند ساڵێک گەورەتر بووم، وەک لەناخەوە هەڵتەکابم وابوو، تووشی ڕامانێکی قوڵی خەماوی بووم…ل١٨ )

ئاوەها لەهەندێک شوێنی خوێندنەوەی یادەوەریەکاندا من  گریاوم، منێک کەهەرگیز نایەڵم هەستەکانم بگاتە ئاستی ڕۆمانسیەتێکی گەرم و مەشقی ئەقڵانی کانتی یان سڵۆتێردایکانە دەکەم بۆ زاڵبوون بەسەر سۆزداریدا، بەڵام بێ ویستی خۆم و زۆرجار چاوم پڕدەبوون لەفرمێسک، زۆر جاریش توڕە دەبووم، زۆر جاریش دەمگووت: بۆ، ئاخر مامۆستا بۆ؟!

من لەدوای تەواوکردنی ئەم دووکتێبەی مامۆستا شێرکۆ ، کەبەچەند ڕۆژیک و بەخێرایی خوێندمەوە،  بیرم لەوە دەکردەوە بچم بۆ ( ده‌زگای سەردەم) و لەسەر شێوازی نوسینەکەی قسەی لەگەڵدا بکەم، کەچی کە بیرمدەهاتەوە مامۆستا شێرکۆ ڕۆیشتووە وئێستا ناتوانم ڕەخنەی لێ بگرم و بڵێم: دەکرا بەشێوەیەکی دیکە ئەم بیۆگرافیایەت بنوسیایە! حەتمەن وەک پیشەی خۆی ڕاکەی  بەجیدی وەردەگرت وبەبێدەنگی گوێی لێدەگرتم! بەڵام ئەمە مەحاڵە چونکە شێرکۆ ئێمەی بەجێهێشت، بەڵام باوەڵە تەنەکەکەی بەنەبینراوی بۆ ئێمە جێهێشت.

 

باوەڵەکەی شیرکۆ، باوەڵەکەی نەجمەدەینی مەلاو گۆران

 

لێرەوە مەزندەی ئەوە دەکەم کەئەدەبی کوردی لەم باوەڵەی تەنەکەیە هەژارەی  خۆیدا خەسڵەتەکانی خۆی پاراستووە، یەکەمیان لەدژی دەسەڵاتی بێگانە کەلە نالی گەورەوە درێژدەبێتەوە تائەمڕۆ. دووهەمیان لەدژی هەموو ئەو هێزە گەورەیەی دژی ئیستیاتیکا وڕۆحی شیعر وپرۆزا کاری خۆیدەکات. ئەو هێزە دواکەتووەی ڕقی لەئەدەب وهونەری باڵایەو بەکاری شێت ونابووت وسەرلێشواوەکانی تێدەگات.  ئەم هێزە تاریکە کەتائێستا لەفۆرمدا گۆڕاوە دەنا لەجەوهەردا وەک خۆی ماوەتەوە، هێزیکە هەمیشە هەوڵیداوە باوەڵە تایبەتەکە لەشاعیر وڕۆحی شیعر وچیرۆکنوسین بسەنێت، هەمیشە هەوڵیداوە باوەڵەکەی پێدانێت و لەخانە بەندیەکانی دیوەخانی سیاسی وکاری دیکەدا قەتیسی بکات. بەڵام ئەم باوەڵە پڕی لەتەنیایی وچیرۆک وشیعر، باوەڵێکە کێشە وجودیەکانی سوبێکتی ئەدەبی و ڕۆحی شیعر و ئایدیاکان لەدرەوەی جەوقە موزیکیە نەشازەکە هەڵدەگرێت وسەرقاڵە بەخۆیەوە. هەر یەک لەئێمە لەباوەڵە تەنەکەکەی خۆیەوە لەگەڵ جیهاندا قسە دەکات و سەرقاڵە بەکاری خۆیەوە، لێرەوە دەتوانم بڵێم کەئەم باوەڵە تەنکەیە ئەو دووریە  ڕەمزیە گەورەیەیە، کەلەشیرکۆوە بەمیراتی بۆمان ماوەتەوە.

ئەم باوەڵە قەدیمە باوەڵەکەی نەجمەدینی مەلایە، کەدەمرێت چەند کەسێکی کەم بەدووی تەرمەکەیەوە دەبن، شاعیریک، خەمخۆریک بۆ کولتور لەتەنیایی خۆیدا ولەگەڵ باوەڵەکەیدا دەمرێت، کەتاکە قاسەیە لەکەشتیەکەی ئەودا. باوەڵێک فێرکردنی زمانی کوردی وشیعر وخۆشەویستی مرۆڤ وئاژەڵانی لەنێودا بوو. دەڵێن کە (نەجمەدینی مەلا) دەمرێت چەند منداڵێکی ڕەش و ڕووت وهەژارێک بەدووی تەرمەکەیەوە دەبن. بەمەرجێک کە تەرمی فەرمانبەریکی گەورەی کورد لەبەغداوە دێتەوە، هەموو سلێمانی پێشوازی لێدەکەن. تەرمی پیاوێک لەتەنیشت مەلیک فەیسەڵەوە ولەدیوەخانەکاندا خۆی وەک شاعیر ومێژوو نوس ناساندووە، ئەم دوو وێنەیە لەزەمەنێکی کورتدا بەدووی یەکدا دێن.

گۆران

ئاوەها ئەم هێزە تاریکە هەڵدەدات باوەڵەکە لەدەستی گۆرانی شاعیر بفڕێنێت، دەیەوێت شاعیرێکی گەورەی وەک (گۆران) بچوکبکاتەوە بۆ سەر ڕووداوێکی  بچوک لەژیانیدا وبەمەش باوەڵەکەی تەسلیم بەئەوان بکات. بۆ نمونە چیرۆکی کورتهێنانێک لەخەزێنەی فەرمانگەکەی وبەندکردنی گۆران لەسەر ئەو کورتهێنانە بەردەوام تائەمڕۆ دووبارە دەکەنەوە. بەڵام ئەو شۆڕشە گەورە زمانەوانیە نابینن، ئەوە نابینن گۆران لەپێچێکیدا کلاسیک بەجێدەهێڵیت ودونیایەک موزیکی تازە،  هەناسەی نوێ و وێنەی مرۆڤی خەیاڵبۆکراوی نوێ دەهێنێتە زمانەوە. زمان لەسەر ئاستە کلاسیە پاشکۆیەتیە عەرەبیەکەیەوە دەبێتە زمانێک کە هەناسەی کوردی وموزیکالیەتی نوێ نمایشدەکات، زمانی کوردی لەگۆرانەوە هەناسەیەکی نوی وەردەگرێت وبانگەشەی خەونێکی نوێی کوردی  دەکات. لەباوەڵە تەنهاکەی گۆرانەوە مرۆڤیکی نوێی کوردی ئازاد بوو لەدواکەتوویی کۆمەڵایەتی بەخۆی وخەونەکانیەوە خۆی نمایشدەکات. گۆران هەرچەندە لەبەندیخانەکاندا و لەقاوشی خەستەخانەکاندا لەژێر زۆرداری ژیان و دیکتاتۆر و زەمی هاوڕێکانیدا ژیانی بەسەربرد، کەچی لەباوەڵە تەنەکە وتەنهاکەیدا دونیایەکی دیکەی پڕ ڕۆحی شیعری بوونی هەبوو. ئەم هێزە دژە ئەدەبیە ئەوەندە ناشرینە تائێستاش لەوە ناوەستێت هەڵەیەک لەژیانی گۆران باسنەکات، بەمەرجێک دادگا لەیەکەم دانیشتندا بڕیاڕی ئازادکردنی گۆران دەدات لەبەرئەوەی ئەو هەڵەیە پەیوەندی بەئەوە نەبووە وکەمکردنی پارە لەقاسەی خەزێنەکە هەڵەیەکی ژمێریاریە. هەرچەندە کەسانێکی دڵسۆز بەگۆران دەڵێن ئەوان دەتوانن پارەکە بدەنەوە لەجیاتی ئەو و کێشەکە کۆتایی پێدێت، بەڵام گۆران ڕازی نابیت بەوە، چونکە دەزانێت کەتاوانبار نییە. سەیر لەوەدایە لە تانە لێدانەوەی بڕیاڕی ئازادکردنی گۆرانی شاعیر، ئەم شاعیرەمان بەندکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت.

تائێستاش ئەو هێزە ناشرینەی لەبۆسەدا بوو بۆ گۆران، بەسەر هەموو جوانیەکانی گۆراندا بازهەڵدەدا وباسی (بەندکردنی گۆران دەکات لەسەر دزی) و دەیەوێت وێنەی گۆران بشوێنێت. تەنانەت ئەم هێزە تاریکە چەقۆکێشەکانی سلێمانی دەنێرن بۆ گۆران بۆئەوەی سوکایەتی پێبکەن و لەچایخانەیەکدا تفی لێدەکەن. نەک هەر ئەوە بەڵکو کاتێک  گۆران  بەخۆی و باوەڵە تەنەکە تەنهاکەیەوە دەچێتە مۆسکۆ بۆ چارەسەر، داوا لە حزبەکەی دەکات کەبڕێک زیاتر لەمۆسکۆ بمێنێتەوە، کەچی لەلایەن هاوڕێ شیوعیەکانیەوە ئەو داوایە  ڕەتدەکرێتەوە!. بێگۆمان  بۆ یەکێکی وەک گۆران  مۆسکۆ بەشێک بووە لەو هێورییەی کەجەستەی نەخۆشی و ڕۆحی شیعری پێویستی بووە، لای گۆران مۆسکۆ وڵاتی پۆشکین ودێستۆێفسکی وچیخەف و تۆلستۆی بووە. نەک هەر ئەوە بەڵکو  لەبەغدا هەموویان سەردانی گۆران دەکەن ودەبینین ژوورەکەی چەندە هەژارانە و ڕووتە لەمۆبێل، هەموویان لەیادەوەریەکاندا باسی ئەو هەژاریە دەکەن، بەڵام خۆیان لەوە دەدزنەوە، کە قەرزاریان بۆ کولتور و خەباتی بۆ ئازادی ئەو ئەرکەی دەخستە سەرشانیان، کەنەدەبوایە گۆران ئاوەها بژیایە. گۆران تامردنی باوەڵەکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت وتەسلیمی هیچ هێزیکی دیکەی نەکرد لەدونیادا، جگە لەهێزی شیعر نەبێت.

بەمشێوەیە لەکۆنەوە تائێستا ئاوەها ئەم هێزە تاریکە لەدژی ئەدەب کاردەکات،  لەبۆسەدایە بۆ شاعیر، ئیدی کە ڕۆحی شیعری  دەڕوخێت، کەدەکەوێتە چاڵە ڕەشەکانی سیاسەتی باو یان وشکدەکات، ئەم هێزە بەختەوەرە وسەمادەکات، بەڵام کەبەردەوام باوەڵەکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت وسنورەکان دەبڕێت ولەم شار بۆئەو شار ولەم سنور بۆ ئەویدیکە ڕۆحی شیعر لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، ئیدی ئەم هێزە غەمبار وتوڕەیە و بەزەڕەبین چاوەڕێی ژماردنی یەک دێڕە، کەچەند مانایەک هەڵبگرێت، یاخود ئەم شاعیرە لەسنوری مرۆڤبوون دەردەکات کەنشێو وسەرکەوتنی هەیە، هەڵەی هەیە وەک هەموو مرۆڤێک. لایەنگری سیاسی ولێکدانەوەی هەڵە و دڵداری و ژیانی تایبەتی خۆی هەیە، نەخێر ئەم هێزە بەناوی پێرفێکتیەوە، بەناوی بەهائەخلاقی وشۆڕشگێریەکانەوە پەلاماری شاعیر دەدات ولەهەموو وێستگەیەکدا دەیەوێت باوەڵەکەی دابنێت ولەگەڵیاندا دانیشێت و تەسلیمی ئەوان بێت.

 لەجیاتی هێمنی فەوزای شەڕەئاو

 

ڕۆژێک پێش هاتنەوەی تەرمی شێرکۆ  لەشاری سلێمانیدا بەپێی قسەی ڕێکخەرانی میهرەجانی شەڕە ئاو ( قاوه‌خانه‌ی كولتوری  و چالاكه‌وانێكی ژنان – هه‌ڵاڵه‌ رافیع)  زیاتر  سەد هەزار کەس لەپارکی ئازادی شەڕە ئاو وشەڕە قوڕدەکەن. سه‌یر له‌وه‌دایه‌  لەڕۆژی دووهەمدا بەنیوەی ئەم ژمارەیە لەپێشوازی تەرمی شیرکۆدا ئامادەنابن! ئه‌م كاره‌ هه‌موومانی برینداركرد.

ئەم میهرەجانە بەناوی بەختەوەری وکرانەوە لەسەر شاردنەوەی غەمباریمان بەکۆچی شیرکۆ ئەنجامدرا، ئەم میهرەجانە لەدژی ئەو هێمنیەبوو کەدەبوایە وەک ڕێزیک بۆ شێرکۆ لەو ڕۆژانەدا پارێزگاری لێبکرایە، چونکە مەرگی شاعیرێک تاقانەیە ویەکجار ڕوودەدات، بەڵام شەڕە ئاوەکان نەک ڕۆژ بەڵکو چەندەها ساڵیان لەبەردەمدایە بۆ دووبارەکردنەوە. سەیرلەوەدایە مەرگی ئەم شاعیرەمان کەشیعری بۆ هەموو کۆڵانیکی ئەمشارە گوتووە نابێتە هۆی دواخستنی تەنانەت هەفتەیەک یان چەند ڕۆژێکی ئەم میهرەجانە، ئەو هێمنیە باڵاو ترانسێندێنتاڵەی  هاتنەوەی شیرکۆ پێویستی پێ بوو، لەقوڕولیتەی پارکی ئازادیدا خنکێنرا.

شیرکۆ شیعری بۆ هەمووان نوسیوە،  بۆ ئەو منداڵانەی چوارباخ کەلەماشێنێکی بەندیخانەدا بەزیندوویی بەعس سوتاندنی، شیعری بۆ دەرگەزێن، پیرمەسوور، مەڵکەندی  وکۆترەکانی کاکە ئەحمەدی شێخ و کانێسکان. شێرکۆ گۆرانی بۆ مێژووی ئەمشارە گوتووە، هەڵقونەی کەوێک نییە، جریوەی چۆلەکەیەک نییە، خوڕەی ئاوی جۆگەیەک نییە لەکوردستاندا دێڕێکی شیرکۆمان بیرنەهێنتەوە. سمکۆلانی ئەسپە شێیەک نییە، بەردێک نییە کۆپلەیەکی شێرکۆی لەبندا پاڵ نەکەوتبێت، شەقامێک نییە قەسیدەیەکی شیرکۆی پێدا تێپەڕنەبوو بێت، دونیایەکی کوردی نییە شیرکۆ شیعری بۆ نەگووتبێ. کەچی کەتەرمەکەی لەهەولێر دادەبەزێت، ژمارەیەکی کەم پێشوازی لەتەرمەکەی دەکەن، دەبوایە  حکومەت ودونیا لەو ڕۆژەدا بۆ ڕێز لەوشەی نوسراو وشیعر سڕومات بوونایە. کەدێتەوە بۆ سلێمانی جگە لەچەند هەزارێک نەبێت، لەوانەشە کەمتر، لەپێشوازی ئەودان.

پێش هاتنەوەی تەرمەکەی دونیایەک مەلای سەلەفی لەدژی ناشتی لەتەنیشت مۆنمێنتی شەهیدانی حوزەیران فەتوایاندا، فەتوای نەناشتنیاندا، چونکە شیرکۆ خودای لەچاوی منداڵە بۆیاخچیەکەوە بینیوە، نەک لەچاوی سەلەفیەکان. ئەم فەتوایە لەڕاستیدا فەتوای دەرکردنی لاشەی ئەو بوو لەنیشتمان، فەتوای ناشرینیکردنی هێزی شیعر بوو، فەتوایەک بوو لەدژی باوەڵە تەنەکەکەی شیرکۆ، کەبەدرێژایی تەمەنی وەک گۆران نەیدا بەهیچ هێزێکی ئەم دونیایە. شیرکۆ دۆڵابەکەی  بۆ خودا نەکردەوە، بەڵکو بۆ منداڵیکی بۆیاخچی کردەوە ولەگەڵیدا بەپێکەنینەوە بیریان لەپێڵاوەکانی خودا دەکردەوە، چۆن ئاوەها بەسەرسەری مرۆڤەوە ئامادەیە ودونیای پڕکردووە لەجەنگ وکوشتار. ئەم هێزە سەلەفیە لەلایەک ولەلایەکی دیکەوە هێزیکی کرچ وکاڵ وڕووکەش وبازاڕیی،  بەناوی ئازادی وکرانەوە بەسەر چێژخۆریەکانی مۆدێرنەدا، ئامادەنەبوو شەڕە ئاوەکەی دوابخات. ڕۆژێک پێش هاتنەوەی تەرمی شێرکۆ لەشوێنی شەهیدانی حوزەیران شەڕە ئاو وگاڵتەبازاڕی منداڵانەو موهەڕیجی نوێی پۆست مۆدێرن سەمای بەختەوەری خۆیان دەکرد.

هەر لەو ڕۆژەشدا گۆڕی شیرکۆ بۆ ناشتنی ئامادە دەکرا، لەو ڕۆژەدا ئەوە ڕوویدا، وەک ئەوەی هەموویان بەمردنی ئەم شاعیرەمان بەختەوەربن، وەک ئەوەی هیچ حورمەتێک بۆ مردنی شاعیرێک لەم دەڤەرەدا نەمابێت، ئاوەها مەرگی دەکرێت بەمەهزەلەی شەڕە ئاو،  یان فەتوای مەلاسەلەفیەکان. لەو ڕۆژەدا هەردووکیان، کەڕەناڤاڵخوازە مۆدێرنەکان وسەلەفیەکان لەتیرۆرێکی دیکەی ڕەمزی شێرکۆدا یەکیانگرتەوە. ئەم مێگەلە جەماوەریە لەجەوهەردا هەمان مێگەل بوون لەدژی گۆران، لەدژی نەجمەدینی مەلا و نالی و مەولاناخالید و جەمال عیرفان لەکاردابوون، ئەمجارەیان بەناوی کرانەوەی نێرو مێ ومیهرەجانی شەڕە ئاو تیرۆری غەمباری ئێمەیان کرد. ڕۆژی دوایی بەنیوەی ئەوانەی لەشەڕە ئاوەکەدا بوون نەهاتن بۆ پێشوازی لەتەرمی شێرکۆ! ئەمە جگەلەوەی پارکی ئازادی لەفەوزا و پیسی و قوڕی ڕۆژی یەکەمدا نقومبوو، ئەمە زیاتر ناشتنی کەش و هەوای ناشتنی تەرمی شێرکۆی قورستر کرد.

 

لەدواجاردادەمەوێت بڵێم: لەئەدەبی ڕوسیدا  نۆڤڵێتی (پاڵتۆ) ی (گۆگۆڵ) ڕەمزی ئەدەبێکە کەئازاری گەورەی چەوساندنەوەی مرۆڤی ڕووسی بەرجەستە دەکات، (ئاکایی ئاکاێیسڤیچ) پاڵەوانی ئەو ڕۆمانەیە وڕەمزی ئەو فەرمانبەرە دڵسۆزەیە، کە نەبەرتیلخۆرە، نەدزە ونەدەشتوانێت گەندەڵ بێت. بەهیلاکی چەند ساڵیک پاڵتۆیەک دەکڕێت ولەدوایشدا ولەیەکەم شەوی تۆفاندا دز وجەردە ڕووتیدەکەنەوە. (ئاکایی ئاکاێیسڤیچ)  بەخەفەتی پاڵتۆکەیەوە دەمرێت، بەڵام دوای مردنی دەبێتە خێوێک دەچێتە سەر ڕێگای پالتۆ دزەکانی کۆمەڵگەی ڕوسی. ڕۆمانوسی ڕووسی (دۆستۆێفسکی) دەربارەی ئەم نۆڤڵەی (گۆگۆڵ) دەڵێت: ئێمە هەمووان لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە هاتووین…بەمەش گۆگۆڵ دەبێتە قوتابخانەیەک بۆ نەوەیەکی دیکەی ئەدەبی ڕووسی. لەبەرئەوە  مافی خۆمانە لەبەرامبەر گەورەیی شێرکۆ  و ژیانیدا بڵێین:  ئێمە هەموومان لەباوەڵە تەنەکەکەی شێرکۆوە هاتووین، تائەبەد لەباوەڵەکەی دەڕوانین..

سلێمانی 15.08.3013

ته‌واو

سەرچاوە: شیرکۆ بێکەس: نوسین بەئاوی خۆڵەمێش ، بەرگی یەکەم، چاپی غەزەلنوس ٢٠١٣