بەکۆیلەکردنی ژنان ؛ tanoux-1887 namouna-

Loading

یاری بە تەختەی شەتڕەنجەکەی بەردەمم دەکەم، وردە وردە بە دەوری خۆی دا دەیسوڕێنمەوە ، نیو خول سەربازانی سپی دێنە بەردەم و نیو خولی دواتر سەربازانی ڕەش، بەخێرای نیو خولی دووەم تێدەپەڕێنم. نازانم خۆشاردنەوەم لەم چایخانەیە تاکەی بەردەوام دەبێت، لە وانەیە تا مردن بێت؛ لە دەره‌وە باران دەبارێت، ڕێژنە باران بەر جەمەلۆنەکە دەکەوێت، ئایی چ مۆسیقایەکە؟ خودا سەنتور بە جەملۆنەکان لێدەدات، من ئەم خودایەم خۆشدەوێت نەک خودای سەردەمی شەڕ.

 

ـ یاری بەم تەختەی بەردەمت مەکە، ئەمەش جیھانەکەی تۆ نییە ، وەرە با من و تۆ یاریەک بکەین.

سەرم ھەڵبڕی دەنگیک لە بەردەم دەرگاوە دەھات لە بەر تاریکی چایخانەکە و کزی چاوم، نەمدەتوانی ببینم کێیە، بەڵام دەنگەکەی دەناسمەوە. ئەوە ھاوڕێیە نوێیەکەمە، بەھەستی منداڵە!

ـ دەتەوێت یاری بکەین؟

ـ بەڵێ.

تەختەی شەتڕەنجەکەم لە بەر دەمی خۆم جێگیرکرد، وەک ھەموو جارێک سەربازانی سپی بۆ من و سەربازانی ڕەش بۆ بەھەست. ڕەنگی ڕەش بۆ من بووە بە وەیشومەیەک، دواین جار کە ڕەنگی ڕەشم کردە بەرم، ئەمیرێکی ھەڵاتووی داعش بووم.

ـ یاللە دەست پێ بکە.

بەھەست وایگووت.

من یەکەم جوڵەی خۆمم کرد، ئەسپی سەر خانەی ڕەشم جولاند بۆ خانەی سێی ئاسۆیی و لە ڕاستەوە بۆ سێی ستوونی. یەکەم جوڵەی ھەر یاریەکی ژیان ئاسانە، کاتێک دەکەویە ناو یاریەکە ئەو کات دەرفەتی گەڕانەوەت نابێت، یان دەبێت تا کۆتایی بجەنگی، یانیش ھەڵبێیت  و خۆت بشاریەوە وەک ئێستایی من،. ھەڵاتنێکی وا ھەڵاتووم کە ڕەنگە منداڵەکانی خۆشم نەمناسنەوە. پیرە پیاوێکی ڕیش ماش و برنجی کە خەنە تاڵە سپیەکانی سوور کردبوو و تاڵە ڕەشەکانی قاوەی کردبوو، ئێستا نەک ھەر ڕیشی نەماوە ترسی ئاشکرابوون سیماشی گۆڕیووە.

کە ماڵەوەم بە جێھشت و چوومە ڕێزی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام،  لە دوایی خۆم و سێ منداڵم لە ژنی یەکەم و دوو منداڵم لە ژنی دووەم بە جێھێشت. منداڵی بچوکم ھەر لە تەمەنی بەھەست دابوو، شازدە ساڵان. مجێوری مزگەوتێکی لای خۆمان بووم لە ڕێگای چەند ھاوڕێکمەوە پەیوەندیم کرد بە داعشه‌وه‌.

بەھەست جوڵەی بە سەربازی بەردەم پاشا کرد، دوو خانە بۆ پێشەوە.

ـ مامە پیرە، ھێندە لە  یاریەکە مەڕوانە، ئەمرۆ بەشی تۆ دۆڕان دەبێت.

بزەیەک کەوتە سەر لێوم، وام ھەست دەکرد لێوەکانم ماسولکەیەکی ئاژەڵی سەر بڕاوە لە کاتی داچۆڕانی تنۆک تنۆکی خوێنی گیانی ئاژەڵەکە ھەڵدەپەرن. چەند درۆزنانەیە ئەم زەردە خەنەیە.

جوڵەی دووەمی خۆمم کرد، ئەسپی سەر خانەی سپیم جوڵاند بۆ خانەی سێیەمی ستونی و لە لای چەپەوە بۆ خانەی سێیەمی ئاسۆیی.

بەھەست جوڵەی بە فیلی سەر خانەی ڕەشکرد سێ خانە بۆ پێشەوە. ئەم جوڵەیەی بەھەست تەواو پەشۆکاندمی،گەڕاندمیەوە نێو بیرەوەریەکی تاڵ، ھەستمکرد کە دەیوویست بە ئاسانترین ڕێگا یاریەکەم لێ بباتەوە. دیاره‌  دەمتوانی ڕێگە نەدەم پلانەکەی سەربگرێ بەڵام وام نەکرد، ئاخر من کاتێک لە بەردەمی چارەنوسسازترین بڕیاری ژیانم دابووم ئاسانترین ڕێگەم ھەڵبژارد. ھەنووکە چۆن ڕێگری بکەم لە بەھەست کە ئەم ڕێگایە ئاسانە دڵخۆشی دەکات.  جوڵەم بە ئەسپی لای چەپ کرد بۆ دواوە، منێک کە ئاسانترین ڕێگام ھەڵبژارد کە ژیانی تاڵ دەکردم، گەر دەرفەتم بۆ بڕەخسابایە یەک ھەنگاو یاری ژیانم بگەڕاندبایەوە دواوە، ئێستا من براوەی یاری ژیان دەبووم…

ماوەیەکی کەم بوو ببووم بە ئەمیر، شەوێکیان کچێیان نارد بۆم تاکو (نیکاح)ـی لەگەڵ بکەم، فەرمانم کرد بیبەنە ژووری نوستنم با لەوێ چاوڕێم بێت، تاکو من چەند (عه‌بوە)یەک دروست دەکەم، پێشتر ھیچم لەسەر (عبوە)نە دەزانی لە شەش مانگی چەکداریم لە ناو داعش فێری دروستکردنی ببووم. کە گەڕامەوە ژووری نوستن کاتژمێر لە دوازدە لایدابوو، کە چوومە ژورەوە کچێکی باڵا مام ناوەند بە پێوە ڕاوەستا بوو، لە ترسان ھەڵدەلەرزی،  مینایی چۆلەکەیەکی تەڕی ژێر سواندە بوو، چارشێوەکەی نوکی تیژی برۆکانی شاردبوویەوە، بڕژانگە زەردە تاڵ تاڵەکانی بە قەسەڵی بە جێماوی سەر ئەرز دەچوون.

چارشێوەکەم لە سەر دەموچاوی لابرد، کەمێک تاسام دوو ھەنگاو گەڕامەوە دواوە، کچێکە تەمەنی لە سێزدە ساڵ تێپەر ناکات، دەموچاوێکی زەرد ھەڵگەڕاو، چەند وردە شڵییەک لەمبەر و لەوبەری لووتی ھەیە، کە بە وردی لێمدەنواڕی گەندە مووەکانی سەر ڕووخساریم بە باشی دەبینی. گەڕامەوە پێشەوە و بە ھێمنێ لێی چوومە پێش، ترس ھەموو گیانی داگرتبوو، بە نەرمی ماچێکم لەنێو چاوانی کرد، گوێم لە دەنگی ماچەکەم بوو وەک دەنگی تکانی دڵۆپە ئاوی بەلۆعەیەک کە لە بێدەنگی شەودا بتکێتە سەر زەوی وابوو. حەزمدەکرد دووبارە گەنج ببوومایەوە کەوتبامە خۆشەویستی لەگەڵیدا، بەڵام کوا تەمەن ھەڵدەگەڕێتەوە. دەستم بەسەر شانەکانی دا شۆر کردەوە و گوتم: مەترسە ھیچت لێ ناکەم، ناوت چییە؟

ئاھێک بەگیانی داھات، لێ لە جەنگەڵستانێکی  ئاوا کێ دەتوانێت ترس لە گیانی دورکاتەوە.

گووتی؛ سوورەییە…

 

ماوەی مانگێک شەوانە دوای بەجێ ھێنانی ئەرکەکانم لە ژوورەکەم لە گەڵ سوورەییە بەیەکەوە دەبووین، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەکەوتمە خۆشەویستی سوورەییە، ھەستم بەوە دەکرد ئەویش وردە وردە منی خۆشدەوێت، ئەمما خۆشەویستیەکەی سوورەییە  جیاواز بوو، خۆشەویستی کچێک بوو بۆ باوکی، شەوانە یاری بە ڕیشم دەکرد، ڕیشم ببووە  بوکەڵە بە جێماوەکەی لە شەنگال، کە دەستی بە ڕیشم دادەھێنا بوکەڵە باربیەکەی خۆی دەکەوتەوە یاد کە  دەیەوێت پرچی کەزی بکات.

 

ـ مامە پیرە ، نۆبەتی تۆیە….

 

(بەھەست)  جوڵەی سێیەمی خۆی کردبوو، چاوەڕێی من بوو، وەزیرەکەی چوار خانە بۆ پێشەوە جوڵاندبوو، منیش جوڵەی چوارەمی خۆمم کرد و ئەسپەکەم گەڕاندەوە شوێنی بەر لە جوڵەی، ھەروەکو  جوڵەی سێیەمم، بەڵام ئەمجارە ئەسپی لایی ڕاستم گەراندەوە، یاریەکەم ھێناوە خاڵی سەرتا.

دوای ھەڵاتنم لە ناو داعش گەڕانەوەم بۆ خاڵی سەرەتا ببوو بە ئاواتم. گەر بمتوانیبایە ئەوکاتەی سوورەییەیان بۆم ھێنا تا (نیکاح)ـی لە گەڵ بکەم، ئەوکات ھەموو شتەکانم دەگەڕاندەوە خاڵی سەرەتا، ئەم ئیشقەش نەدەبووە بەڵای سەرم. وەھا گیرۆدەی خۆشەویستی کچێک نەدەبووم، تەنیا خەیاڵەکانی حۆری بەھەشت بەس دەبوون بۆ ئەوەی بجەنگم بۆ پلەی شەھید بوون. دوایی مانگێگ شەوێکیان کە لە چاندنی (عەبوە) گەڕامەوە، دەرگایی ژورەکەمم کردەوە، ھیچ شتێک لە شوێنی خۆی نەمابوو، وەک ڕۆژانی پێشوو سوورەییە بەرە و ڕووم نەھات، ھەر لە ژوورەکەش نەمابوو، شڵەژام و ڕامکردە دەرەوە شێتانە پرسیارم دەکرد، تا ئەو ساتەی گوتیان؛ بە فەرمانی والی سوورەییەیان بردووە بۆ ئەمیرێکی تر،  و کچێکی تر بۆ من دەنێرن تا (نیکاح)ـی لە گەڵ بکەم..

ئەو شەوە گەڕام و تا شوێنی ئەو ئەمیرەم دۆزیەوە کە سوورەییەیان بۆ بردبوو، پێدەچوو ھێشتا نەگەڕابێتەوە ژووری نووستنی، یاخود دوای ئەوەی خۆی لێ بەتاڵ کردووە، ژوورەکەی جێ ھێشتبێت، بە پەنجەرە چوومە ژوورەوە و لە دواوە بە دەستی چەپ دەمی سوورەییەم گرت، ڕوومەتم بە سەری وەنا و ڕیشم بەسەر شانی شۆر کردەوە، لە ترسان نەیدەتوانی بمناسێتەوە، چەند خولەکێک بیرم لەوە کردەوە چیبکەم…سورەیە ھەڵبگرم و بڕۆم یانیش لێی بگەڕێم ئەو کچەی کە ئاشقی بووم کەسێکی تر شەوانە لە پێخەفی خۆی بی خەوێنێ. دوای کەمێک دڕدۆنگیم نەماو بیرم لە ڕێگایەکی ئاسان کردەوە، کە نەتوانین بەیەکەوە ھەڵبێین و ئاشکرا بین، دواتریش بکەوینە ژێر ئەشکەنجە بێ بەزەیەکانی داعش، وا باشترە ھەر  تەنیا خۆم ھەڵبێم بەبیانووی چاندنی چەند عەبووەیەکی تر لە سنوور نزیک ببمەوە و دواتر ھەڵبێم کە لە کۆتایدا وامکرد، وە ھەروەھا سوورەیەش ڕزگار بکەم لە ژێر ڕکێفیان.  دەستمبرد بۆ چەقۆییەکەم کە لە ژێر بەنە خوێنەکەم بەستبوو، بەدەستی راستم ڕامکێشا و لە کیفەکەی ھاتە دەر، چاوەکانم چوقاند و سەری خۆمم کشاندە دواوە جارێک بەخێرای لە ملی سورەیەم خشاند، فیچقەی خوێنی پرژایە سەر دەستم.

ـ کش و مات.

دەنگە پڕ لە پێکەنینەکەی بەھەست بوو، کش و مات ..کش و مات.

 

بەھەست جوڵەی چوارەمی کرد و بە وەزیری ڕەش لە سەربازی بەردەم فیلی سپی دا، یاریەکە کۆتایی ھات.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین