چوار شیعرى سامى شۆڕش
باوەشم دە
دڵ ئەشكەوتى دەرگا بزر.
باوەشم دە..
لەچاومایە فرمێسكى كەو.
لەگیانمایە سۆزى كۆتر.
باوەشم دە..
تاڤگەى قژت بڕژێنە ڕووم.
با خەرمانەى نەرمى بەفر
لە شەودا بۆم بێ بە پێخەف.
باوەشم دە..
بۆ قەندیلەى فتیل كزر.
بۆ ئاسمانى دەم پڕ لە كەف.
منم هەتاو. منم ئاگر
باوەشم دە..
منم هەتاو
منم ئاگر.
* ڕۆژنامەى هاوكارى، ژمارە (52) 2/1/1970.
لە دەفتەرى عاشقێكى هەتاوەوە
1
برسى برسیتى تربێ.
ئەوەند عەشقى گوڵەگەنم و باران ئەبێ،
شەوگار هەر چەند درێژتربێ.
ئەوەند غەریب شەیداى خۆرى ئاسمان ئەبێ،
منیش هەر چەند كوشتن بە گیانم فێر ئەكەن
بەرى هەتاوم لێ ئەگرن.
ئەوەند عەشقى ژیان ئەبم.
ئەوەند هەتاوم خۆش ئەوێ.
2
ئەى ئەو پنجە گوڵەى لەبەر
جۆگەى خەمبارى برینى مندا ئەڕوێى.
لەسای مەرگى مندا شكۆفە دەرئەكەى
تاكەى نەتوانم بلبلى عەشقخوانى دەنگى خوێنم
بێنمە سەر چڵت بێنم.
پڕ بە دەنووكى ئارەزووم
بۆ هێلانەى خۆر بخوێنم.
3
– ڕێگا .. تەور
* گیانە درەخت چەند لقوپۆپى ببڕن.
ئەوەند ڕەگ و ڕیشەى بەرەو قووڵتر ئەڕوا،
– دنیا شەوە و دنیا بەفرە.
* شەوان خۆر خۆشەویست ئەبێ.
بەفرە ڕۆژیش.
برین ئەبێتە ئاگردان
– گیانە ڕێگا چاڵە و نزمە
* خۆشەویستم
ئاشقى خۆر .. هەردەم ئەڕوانێتە ئاسمان.
* ڕۆژنامەى هاوكارى، ژمارە( 176) 20/7/1973.
مەم لەسەر مەزاری زیندا
– ئەی زین .. سەرچاوەی ئاگر،
گەر پەرچەمت .. نسار نەكا،
گەر مەمەكانی تۆ نەڕوێ،
گەر خۆر لە چاوەكانتەوە دەرنەكەوێ،
نەورۆز نایە..
ئەی زین .. ئەی سەرچاوەی ئاگر،
هاتنی نەورۆزى – بۆتان –
لە هەڵقوڵانی تۆ دایە!
* كە دێمەوە..
– ئەترسم خاك هەڵتلووشێ..
نەیەیتەوە،
مەترسە، خاك..
كە ڕۆژ دادێ ئەمكاتە گوڵ
لە بەرۆكی زێڕینی هەتاوم ئەدا،
كە شەو دادێ
هۆن هۆن لە گۆمی ئەشقی پاك
ئاوم ئەدا،
* كە دێمەوە؟
– لە دەمی برسێتی شارا
ئەتكەین بە نان،
كە دێتەوە..
لە تینووێتی گوڵەگەنما
ئەتكەین بە بارینی باران،
* كە دێمەوە؟
كە وەك دەرگایەكی سەوز
لە دیواری چاوەكانتا ئەكرێمەوە.
– سەرلەنوێ ئەحمەدی خانی
بە ئاوازێكی گەرمتر
لە دەمی خۆری مرۆڤا..
ئەمانكاتەوە گۆرانی!
* ڕۆژنامهی برایهتی، ژماره (14) 24/8/1972.
لە پەراوێزەكانی شێخ ڕەزای تاڵەبانییەوە
- وشەم پەنجەی گڕ و بارووت
ئەنێتە ناو چاوی تاوان!
هێڵی ژیانی سنوورەكانم ڕەت ئەكا،
وشەم لە سێبەری دەرگای درۆ و فێڵا..
نایەتە سەر چۆكی گریان،
ڕەشەبای خوێن..
لەناو زامە بێ دەنگەكانما هەڵ ئەكا!
- كۆچەری بووم .. لە هەر كوێ دا
ڕەشماڵی ژانی خۆم هەڵدا.
خەمی كام پارچە زەمینم،
بۆ برسێتی شمشاڵەكەم..
ئەكردە نان،
ئەمدی وەكو ئاسمانە بێ ساماڵەكەم
وەك كوردستان،
یەك خەنجەر بوو
ڕەگی زامەكانی ئەبڕی،
یەك -حەمەی وەستا فەتاح- ڕقی ئەفرۆشت
هەر یەك شێخ ڕەزاش بوو، پەردەی
ئەم شانۆگەریانەی ئەدڕی!
- كە هۆنراوەم لە دایك ئەبێت،
دوومەڵە گڕگرتووەكانی ژێر زمانم
ئەتەقنەوە!
عەورەتەكانی لەشی شار..
لە گەرماوی وشەكانما ڕووت ئەبنەوە!
شاعیرەكان..
ئارەقەی كێش و قافیەی پیرە شیعرێ ئەخۆنەوە.
جوانكیلەكان..
هەڵئەگژێنە گەردەنی سنووری شار،
لە ڕووباری یاخی بوونا..
دەم و چاویان ئەشۆنەوە!
- تێر نابم نا..
ڕەگی درەختی هەڵبەستم
چەكی تۆقێنەری دەستم..
برسێتیمە!
* ڕۆژنامهی برایهتی، ژماره (7) 7/7/1970.