وێنه‌ی ژماره‌ پێنج

Loading

تابلۆ موحه‌مه‌د

لە پەنجەرە بچووکەکەی ژووری کارەکەیەوە سەیرێکی خۆری کرد، کە چەند کاتژمێرێک کەمتری مابو بۆ ئاوابوون. بەدەم خۆیەوە گوتی: دەبێت بڕۆم… ئەو دوو وشەیەی کە تەواوی ڕۆژەکە لەسەر زوبانی بوو وە کەسیش لێی تێنەدەگەیشت.

پاڵتۆ کۆنە ڕەنگ قاوەییەکەی کردە بەری و جانتای کارەکەی هەڵگرت، هێواش هێواش ملی ڕێی گرت بەرەو ماڵەوە. بە دەم ڕێکردنەوە بیری لەو چەند وشەیە دەکردەوە کە پێش چەند مانگێک لە لاپەڕە چواری ڕۆژنامەیەکدا بە ڕێکەوت هاتبووە بەرچاوی، وشەکان هێشتا لە یادەوەریدا بەلێڵی مابوونەوە؛ نەهێڵیت خۆر بەسەر توڕەییتدا ئاوابێت، نەهێڵیت خۆر بەسەر توڕەییتدا ئاوابێت…*

بە مێشک و هزرێكی جەنجاڵەوە، دووبارە هاتەوە هەمان شوێن و ڕێگە و شەقام وەک هەموو ڕۆژ. ئەمە  کاری هەمیشەیی و بەردەوامی ئەو بوو، هەرچەندە بەردەوام لۆمەی خۆی دەکرد کە بۆ جاری داهاتوو جیاواز دەبێت، بەڵام لۆمە بە چی دەچێت؟ … هەموو ڕۆژ ، هەمان وشە و  هەمان پرسیار  و  هەمان بێزاری و هەمان حاڵەت  و هەمان ژیان دووبارە دەبوەوە؛ دوودڵ، ترساو ڕەنگ زەرد و  بێ هێز و لە سەروو هەموویەوە، تووڕە.

فشارەکانی سەر ژیانی زۆر بوون، خۆشی نەیدەزانی تا چەندێکی تر دەتوانێت بەرگەیان بگرێت و لەگەڵیان هه‌ڵبكات؛ تووڕەبوونی بەردەوامی بەڕێوەبەرەکەی، گفتوگۆی پووچی هاوکارەکانی، ئەو نەخۆشیەی  کە چەند ساڵە پێوەی ئەناڵێنێت و کاتێکی کەمی داوەتێ بۆ ژیان، یاخود هەموو ئەو شتە بچووکانەی تر، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەشێویەکی ناسروشتیان دروست کردوە بۆ  دەروونی. دڵنییا نەبوو ئایا دەتوانێ تا کۆتایی لەگەڵیان بەردەوام بێت یاخود نا، به مێشکێکی جەنجاڵ و دوودڵییەکی  زۆرەوە بە خۆی دەگوت: بڕۆم… نەڕۆم، بڕۆم… نەڕۆم، بڕۆم… هێشتا لە ڕێکردن بە ردەوام بوو، تەنها چەند هەنگاوێکی کەم و دەگەیشت بەهێڵی پەڕینەوەکە، ئەو هێڵەی هاوشێوەی ژیانی تەریب بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلەکان، خوار بۆ ژیانی ئەم. وەک ئەوەی چرکەکان گۆڕابن بۆ کاتژمێر و کاتژمێرەکان گۆڕابن بۆ ئێوارەیەکی نەبڕاوەی پڕاوپڕ لە چاوەڕوانی، چاوەڕێی ترافیک بوو ببێت بە سوور، تا بتوانێت گەورەترین پەڕینەوەی ژیانی ئەنجام بدات.

دڵنیابوو کاتێک دەڕواتە ئەوبەری شەقامەکە دەبێتە کەسێکیتر  و  چیتر  بەو شێوەیەی ئێستا نامێنێت، وەک ئەوەی جادووی ڕاستەقینە لەوبەر شەقامەکەوە ڕووبدات. هەتا لە ماڵەوە نزیکتر  دەبێتەوە  بەهێزتر، دڵنیاتر، هێمنتر، لە هەمووی گرنگتر  لەگەڵ بینینی دایکی، ڕەنگی گەشاوەتر دەبێت.

بۆ یەکەمجار بە وردی لەسەر هەمان ڕێگە و شەقام و ترافیک سەیرێکی کەسەکانی چواردەوری کرد. سەرسام بوو، لە ڕوخساری ئەو پیاوە بەقاڵەی کە چەند مەترێک لەولاتر، بە پەڕۆیەکی کودەریەوە،کە پێ نەدەچوو پاک بێت، سێوە ڕەنگ سوورە تازەکانی ئەو ڕۆژەی پاک دەکردەوە. ئەو کۆمەڵە گەنجەی کە کەمێک دورتر وەستابوون، کە دیار بوو لە گفتوگۆیەکی چڕدا بوون، یاخود ئەو خاتوونەی کە زوو زوو لە ئاوێنە بچووکەکەی دەستیەوە سەیری سوراوەکەی لێوی دەکرد، هەتا ئەو منداڵە بچووکەی کە لای چەپی بوو بە خۆیی و  زەردەخەنە بچووکەکەی سەر لێوی و جووتە پووتە ڕەنگ زەردە بریقەدارەکەی پێیەوە، بێ بەش نەبوو لەو هەست و بێ ڕەنگییەی کە هەمووانی گرتبۆوە. وەک ئەوەی کە هەمووان لەم شارەدا، بە تایبەتیش لەم شەقامەدا مەحکومی یەک چارەنووس، يەک جۆر هەست، یەک جۆر ژیان بن.

 

دەنگی هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکان بیرکردنەوە و سەرنجەکانی دەپچرێنن و دووبارە گەرایەوە  هەمان خاڵ و ڕێگە و هێڵی پەڕینەوە. ڕەنگی ترافیکەکە گۆڕا بۆ سەوز، ئیتر کاتی هەنگاونانی گرنگترین پەڕینەوەی ژیانی بوو. بە هەنگاوە خێرا و گەورەکانی لە شەقامەکە پەڕییەوە، وەک ئەوەی جادووەکەی ئەوبەری شەقامەکە کاریی خۆی کردبێت، بە خەندەوه‌ بۆ دواجار سەیرێکی خۆری ئەو ڕۆژەی کردەوە و بە بڕوا بەخۆبوونێکی گەورەوە، دوای ڕەوینەوەی هەموو هەستەکانی و بە تایبەت تووڕەبوونەکەی ڕێگەی ماڵەوەی گرتەوە بەر.  یان گەر باشتر بڵێین ڕێگەی بەرەو خۆشبەختی و باوەشی گەورەی دایکی گرتەوە بەر .

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

  • په‌رواێز؛  ئه‌م دێڕه‌م له‌ كتێبێكی چیرۆكه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، كتێبێك چوار لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می دڕاوه‌ و شێ لێی دابوو، پێده‌چێت له‌ كۆتایی حه‌فتكان یان هه‌شتكاندا بڵاوبووبێته‌وه‌.

  • ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ بڵاوبۆته‌وه‌.