بەڕەی کوردیی

پڕۆژەی ئەرشیفی پیشەیەکی دێرینی هەزاران ساڵە لە کوردستان


Loading

پڕۆژەی ئەرشیفی پیشەیەکی دێرینی هەزاران ساڵە لە کوردستان

ڕێناس حسن بابەکر

 

لە مانگی ١ی ٢٠٢٣، تیمێکی لێکۆڵینەوە بە سەرپەرشتی ڕێناس حسن بابەکر لەگەڵ پڕۆژەی کلتور دەستیان کرد بە ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی لێکۆڵینەوەی شازدە مانگی لە ژێر ناوی (تۆمارکردنی پیشەی وونبووی لبادی کوردی و لباد دروستکردن لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس). ئامانجی پڕۆژەکە تۆمارکردن و ئەرشیفکردنی یەکێک لە پیشە هەرەدێرینەکانی دامێنی چیاکانی زاگرۆسە لە باشوری کوردستان. ئەم پڕۆژەی لێکۆڵینەوەیە لەلایەن پڕۆگرامی زانیاری ئەو پیشانەی لەبەردەم مەترسی لەناوچوندان (EMKP)، کە پرۆگرامێکە لە مۆزەخانەی بەڕیتانی، پشتگیری دەکرێت.

ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە تۆمارکردنی پیشە و تەکنیکی دروستکردنی یەکێک لە هەرە دێرینترین جۆرکانی قوماشە کە لە بەرگنی بەرخ دروست دەکرێت و پیشەیەکە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە ڕێگەی تۆمارکردن و کۆکردنەوەی زانیاری لەگەڵ دواهەمین لبادچی سەلیم عەلی لە باشوری کوردستان ، تیمەکە هەوڵدەدەن بە مێژووی ئەم پیشەیە و مانەوەی تا ئێستا ڕۆبچن و تێگەیشتنێکی زانستی و کلتوری و مێژوویی ئەم پیشەیە بخەنە ڕوو.

بۆ کۆمەڵگا دێرینەکان، لباد، نەوگ یان کولاڤ (بە کرمانجی) جۆرە قوماشێکی زۆر گرنگ بووە بەو پێیەی کە تەکنیکی دروستکردنەکەی زۆر پێش دۆزینەوەی تەکنییکی ڕستن و چنین بووە، هەربۆیە کەرەستەیەکی سەرەکی بەکارهێنان بووە، بە تایبەت لە میسۆپۆتامیا، ئەناتۆلیا و چەند ناوچەیەکی ئاسیای ناوەند. لباد وەک کەرەستەیەکی پێوستی ڕۆژانە بەکار هاتووە و لە هەندێک لە کۆمەڵگاکاندا گرنگی کلتوری و ئاینی هەبووە و لە بۆنەکانیندا بەکاریان هێناوە.

 

بە هەمان شێوە، کوردەکان لە بەرگنی بەرخ لبادیان دروستکردووە و پۆشاک و کەرەستەی ناوماڵیان لێ بەرهەمهێناوە، تا ئەمڕۆش بەردەوامیان بەم پیشە دێرینە داوە و لەسەر شێوازە نەریتییەکەی بەرهەمی دێنن. هەندێک لەو بەرهەمە کوردیانەی لە لباد دروستدەکرێن بریتین لە لاکێش و ناوجێ، فەرەنجی و پەستەک و کەرەک و کڵاو کە  تا ساڵانی ١٩٧٠ کانیش، لە زۆربەی ماڵە کوردیەکاندا بەڕەی لباد و ناوجێت بەرچاودەکەوت. بەهۆی ناسەقامگیری و ململانێ بەردەوامەکان لە ناوچەکەدا و هەروەها، گۆڕانکارییە پیشەسازیەکان لە بەرهەم هێنانی قوماش و فاشندا، ئەم پیشەیە و بەکارهێنانی لباد بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو کەم دەبێتەوە. سەرەڕای هەبوونی پێگەیەکی کلتوری و مێژوویی لباد لە ناوچەکانی دامێنی چیاکانی زاگرۆس، سەرنجێکی زانستیانە بەم پیشە دێرینە و گرنگییە مژووی و کلتوریەکەی نەدراوە.

هەربۆیە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، ووردەکاری تەکنیکی دروست کردن و چۆنیەتی و شێوازی بەکارهێنانی لباد لە ڕێگەی تۆماری وێنەیی و دەنگی و ڤیدیۆیی و هەروەها تۆماری دەستنووس کۆدەکرێتەوە و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. بە لەبەرچاوگرتنی میتۆدی ئێثنۆگرافی، زانیاریەکان لە ڕێگەی گەرانی مەیداننیەوە کۆدەکرێتەوە لەگەڵ لبادچی و بەکارهێنەرانی لباد و هەروەها لە تێگەیشتن لە بیرەوەری ئەو کەسانەی کە پێشتر دروستکردن و بەکارهێنانی لبادیان لە ناوچەکانی خۆیان ئەزموون کردووە. تیمەکە هەوڵدەدات، لە زۆر سەرچاوەی دی زانیاریەکان دەربارەی لبادی کوردی و لبادی ئەم ناوچە مێژوویە کۆبکاتەوە و هەڵسەنگاندیان بۆ بکات، وەک ووردبوونەوە لە کۆکراوەی ناو مۆزەخانەکان هەر وەک مۆزەخانەی ڕستن و چنین لە هەولێر، مۆزەخانەی بەڕیتانی و مۆزەخانەی پیت ڕیڤەرز لە بەڕیتانیا.

بەم دواییانە لە مانگی سێ و چوارردا، تیمی لێکۆڵینەوەکە یەکەم کاری مەیدانیان لە باشوری کوردستان ئەنجامدا و کۆمەڵێک زانیاری گرنگیان تۆمارکردووە بۆ خوێندنەوەی چڕ لە بابەتەکە کە بە درێژایی ماوەی پڕۆژەکە کاری لەسەردەکەن.

پڕۆژەی کولتور – Kurdish Culture Project 

دامەزراوەیەکی کولتوری قازانج نەویستە لە ساڵی ٢٠١٦ لە بەڕیتانیا دامەزراوە و ئامانجی براوەدانە بە کلتوری کوردی لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەو بڵاوکراوە لە ناوخۆی کوردستان و لە ناو ڕەهەندی کوردی. پڕۆژەی کلتور میوانداری و پشتگیری پڕۆژەی تۆمارکردنی لبادی کوردی دەکات لە ماوەی دیاریکراوی پڕۆژەکە.

پڕۆگرامی زانیاری ئەو پیشانەی لەبەردەم مەترسی لەناوچوندان EMKP

لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە لە مۆزەخانەی بەڕیتانی و پشتگیری ئەو پڕۆژانە دەکات کە تۆماری ئەو پیشەو زانیاریانە دەکەن کە لە ژێر مەترسی لەناوچووندان. لە ماوەی ٥ ساڵی تەمەنیدا، پڕۆگرامەکە پشتگیری ٧٠ پڕۆژەی لە ٤٤ ووڵاتی جیاواز کردووە. لە ٢٠٢٢ دا، پڕۆژەی لبادی کوردی یەکێک لەو پڕۆژانەبووە کە گرانتی پڕۆگرامەکەی پێبەخشراوە.

لە بەرواری ٨\٦\٢٠٢٣ EMKP یادی پێنج ساڵەی دامەزراندنی لە مۆزەخانەی بەڕیتانی دەکاتەوە. لەم یادەدا چەندنین پڕۆژە دەخرێتە روو و سودمەندان باس لە ئەزمونی کارکردنی مەیدانیان دەکەن و ڕێناس حسن بابەکریش هەندێک لەو کەرەستانە و وێنانەی تا ئێستا  و لە ماوەی پڕۆژەکە لەسەر لبادی کوردی کۆیانکردۆتەوە بۆ ئامادەبووان دەخاتە ڕوو.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌