نەژاد عزیز سورمێ - کۆلاج

تارای باران، شەقامی تارمایی… دۆت کۆم


Loading

نەژاد عزیز سورمێ – کۆلاج

تارای باران .. شەقامی تارمایی .. دۆت کۆم

نەژاد عزیز سورمێ

 

” چ دەبێ ئەگەر ھەموویان بڕۆن ؟

وازیان لێ بێنە .. من دەمێنمەوە

بە دەریا بەر فراوانەکاندا دێم     .

ئاسمانی بێ پایان تەی ئەکەم .

بێ دڵشکاوی ، بێ شکایەت

دێم

گۆرانی بچڕم ”

یانیس ڕیستۆس

نەژاد عزیز سورمێ – کۆلاج

(1)

مەترسە! کۆڕ گەرمە ، شانۆ ماندوو ..

ھەور باڵیان

بەسەر شارو گوندان دەکوتن ..

مەترسە ! دەستت بێنە !

خۆشەویستی دڵنیایمان دەداتێ ..

خۆشەویستی

لە خەمی بێ چاووگ و سەرچاوەمان

دەپارێزێ ..

مەترسە!

خۆشەویستی لە دیواری ماندوو

لە سەعاتی ھەناسەسوار و

کەوشەنی گومڕاییمان دەترازێنێ ..

مەترسە!

ئیتر ترس

لە دەفتەرە زەردھەڵگەڕاوەکانی مێژوودا

جێگەی نییە ..

مەترسە! بێگومان بای وادە ،

پیاسەیەکمان ھەر پێ دەکا

زۆر لەو سەفەر و گەشتانە خۆشتر

دەزگاو سەندیکاکان بۆ ھەوادارانییانی ڕێک دەخەن..

مەترسە! ئەگەر پەڵەیەک ھەور و

چەند گەزێ خۆر و

نەژاد عزیز سورمێ – کۆلاج

شەرەنگی دواساتمان

لە شەقامە بە جریوە ڕنگاوڕەنگەکانەوە دەست نەکەوت .

 

 

(2)

/ ئاخری / لاوک و / حەیران و / ھۆرە و / سیاچەمانەم / بینی/

بەناو / یەکتر / کەوتبوون .. / من / ڕەخشم / پێ نەبوو/

/ گۆرانییەکی کپکراو / ھاوارێکی بێدەنگ / بەدەردی/

 / چی / دەخوا ؟ / شەقامی تاریک / دیواری کوێر /؟ /

 

پەردەی پەنجەرەم لەسەرمان ھەڵدەلەرزێ ..

پایزێکی درەنگ بوو

لەگەڵ گەلگامش پێکەوە بووین

دۆسیەی بارانمان دەخوێندەوە

کە لەسەر شۆستەدا داوای تەسکەرە و

ناسنامەیان لێ کردبوو… تووڕە ببوو..

لەوێبای دەتدی

چەند گۆرانی ، چەند ئاواز

چەند ئەستێرەی داڕژاو و

پارچەی مانگ پێشێل دەکرێن ..

لەوێبای ، بەتایبەتی

بۆنی مێلاقە و ئەرخەوانت دەکرد

گوێت لە پێخوستی بوولێڵ و

زرنگەی تارای زیوین دەبوو ..

لەوێبای ،

بە ڕێژنەیەک فرمێسک سەوز دەبوویەوە .

ئای لە نەرمە خوناوان ..

ئای لە سەدایێ پایزێ ..

لە باوبۆرانی زستانێ ..

نەژاد عزیز سورمێ – کۆلاج

(3)

/ شیرین قەد / پەشمی ئاودامان / دەپۆشێ  / بڵێی/

 /  دونیا / ئەوە نەبێت دەیبینین ؟ / ئاگری شوانان / لە / دوور ڕا /

 /  دیار / بوو.. / لاڤایی / تاوی / بۆ / دەھێناین/

/  نەقشی / ناسۆر / بوو / لە سنوورانییان / دەکێشا /

/ دڵم / دەڵێ / پێدەکەنی/

دەستم بگرە.. مەترسە!

خەمی وایەرە تێکئاڵاوەکانت نەبێ

گوڵەکانی مافوور چاویان لە کڵاوڕۆژنە بڕیوە..

(ھیوا)ی شێت

(ئومێد)ی لەعنەتی..

پیاڵەیەکی پڕ

لەو دیو ڕۆژگاری گلاراو چاوەڕێمانە ..

شوباتی 2007

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌