به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕۆژژمێره‌ی له‌سه‌ر دیواره‌که هه‌ڵمکه‌ندووه، کاتێکی زۆر به‌سه‌ر یه‌که‌م ڕۆژی ئه‌م چیرۆکه‌ی مندا تێنه‌په‌ڕیووه. به‌ڵام پێ به‌پێی ئازاره‌کانی نغرۆبوونم لێره، له‌وه‌ته‌ی به‌ئاگام، له‌م کونجه شێ‌دار و تاریکهدام. به‌ڵێ من پاش به‌سه‌ربردنی مانگێک له ده‌ستبه‌سه‌ریی، دادگا بڕیاری ساڵێک زیندانیی بۆ ده‌رکردم. لێ ته‌واویی مانگی یه‌که‌م، به‌ر له‌ده‌رچوونی بڕیاری دادگاش، به‌پێچه‌وانه‌ی عاده‌تی خۆمه‌وه، که‌وتبوومه به‌خۆداهاتنه‌وه و لێپرسینه‌وه‌ی خۆم. جا یان پێشتر بۆم ڕێکنه‌که‌وتبوو که‌هێنده ته‌نیا و بێکار بم، به ئاکاره‌کانی خۆمدا بچمه‌وه یان هه‌ر به سروشتی پیاوێکی بێباک، زلهێزییم کردبوومی به ده‌به‌نگێکی گه‌وره. هه‌رچۆنێک بێت، من له‌و کاته‌دا که ئاره‌قی شهرمهزارییم ده‌ڕشت و ئاگر له‌ویژدانم به‌ربووبوو. په‌شیمان و ڕووزه‌ردی ئه‌و تاوانه نه‌بووم که له‌سه‌ری گیرابووم. نا من به دادوهریشم وتبوو ئه‌گه‌ر ئێستاش بمبه‌نه‌وه ئه‌و ڕۆژه، ئه‌و پارانه ده‌به‌م. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی من کردبووم دزیی بووبێت، ئه‌وا من پێموایه لهسهرمبووه و ده‌بوو ئه‌و دزهبم.
بهلێکۆڵهرهکانم ده‌وت له به‌هانه‌ی بێتاوانیی ناگه‌ڕێم. خوا شایەته تاوانبارم، من وا مانگێکه سه‌ری خۆم ده‌خۆم و ده‌زانم که به زۆر شێوه لایه‌ق به گرتن و تێهه‌ڵدانم. به‌س به‌و تۆمه‌ته نا که له‌سه‌ری ده‌ستگیرکراوم. من تاوانی گه‌وره‌ترم هه‌یه، پێویسته بۆتان بگێڕمه‌وه، ئێوه ده‌بێت گوێم لێ بگرن. به‌ڵام نه‌ک هه‌ر که‌س گوێی لێ نه‌ده‌گرتم، به‌ڵکه زرمه‌ی هه‌ر هاوارێکم له‌ناو دیواره زه‌به‌لاح و ئه‌ستووره‌کانی زینداندا، قایم به گوێم‌دا ده‌زرنگانه‌وه و پتر مێشکییان کاس ده‌کردم. ته‌واوی مانگی یه‌که‌م، کونجهکهم بۆنی که‌ڕووی لێده‌هات و تووشی هه‌ناسه‌ته‌نگیی ده‌کردم. دواتر نازانم، خۆشم تێیدا که‌ڕووم کرد یان بۆگه‌نی ئاکارهکانم، بۆنکهڕووی زیندانه‌که‌ی له‌بیر بردمه‌وه.
شهوگاریبهندیخانه تاڵتر بووه له زه‌قنه‌بووت و ڕۆژ دوای ڕۆژ ده‌روونم وێرانتر ده‌بوو. تا ده‌هات زیاتر یادی ژن و منداڵه‌کانم ده‌کرد و نامهردێکانی خۆمم له هه‌موو سه‌رده‌می ڕابردوودا ده‌هاته‌وه به‌ر چاو. به‌ڵێ تاوانی من ده‌رهه‌ق به‌وان بوو. ئه‌وه ته‌نیا ژن و منداڵه‌کانم بوون، که بووبوونه خۆڵه‌مێشی جه‌به‌رووت و خۆراکی چێژی من.
بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که من هه‌رگیز ئاماده‌ی ئه‌وه نه‌بووم خاوه‌نی منداڵ بم و هه‌ر به‌ڕێکه‌وت باوکی شه‌ش زاڕۆک بووم، که سێ جار به هه‌ڵه و له که‌مته‌رخه‌مبوونی خۆمدا، سکی ژنه‌که‌مم به جمک پڕ کردبوو. وای ده‌کرد قێز له خۆم بکه‌مه‌وه و تف له غیرهتێکم بکه‌م که نه‌مبوو. به‌ڵێ من تاوانبار بووم به‌رامبه‌ر به شه‌ش ڕۆحی سه‌رگه‌ردان، که له نائاماده‌گیی مندا دوور نه‌بوو له برسا به‌لادا هاتبن. ئاخر له سه‌ره‌تای سه‌رده‌می قات و قڕییهکهوهو تا پێش گیرانیشم ده‌بوو من ئێواران بچم پاشماوه‌ی خۆراکی چێشتخانه‌کان و سه‌وزه و میوه گه‌نیو و ڕزیوه‌کانی لاڕێکانیان بۆ کۆبکه‌مه‌وه. سه‌ره‌تا ئه‌و کاره‌م به‌لاوه نه‌نگیی بوو به‌ڵام دواتر پێی ڕاهاتم، چونکه گرنگ ئه‌وه بوو به ده‌ستی به‌تاڵه‌وه، به‌ره‌و ماڵ، نه‌ڕۆمه‌وه.
بیرم له ژنه‌که‌م ده‌کرده‌وه و هه‌ستم ده‌کرد تاوانی من به‌رامبه‌ر به‌و، له‌و گوناهه گه‌ورانه‌ن که هه‌رگیز پاک نابنه‌وه. دڵنیابووم برینه‌کانی ئه‌و، به که‌ڵبه‌ی ژههراوییم، تووشی گانگرینێک هاتوون که نه‌ک ئاسته‌مه سارێژ بن، بگره تا بێت پڕ سوێ تر ده‌بن و زیاتر و زیاتر دهتهنێنهوه. ئاخ ئه‌گه‌ر ئه‌فسه‌ره لێکۆڵه‌ره‌کان گوێبیستم ببوونایه، ئه‌گه‌ر دادوه‌ر ڕێگای بدایه. ده‌مویست ئه‌گه‌ر بۆ جارێکیش بووبێت دان به ئاکاری ئاژه‌ڵئاسای خۆمدا بنێم. ده‌مویست ژنه‌که‌م بۆ بانگ بکه‌ن و له‌به‌ر چاوی هه‌موواندا، له‌به‌رده‌میدا، به‌چۆکدا بێم و پێی بڵێم ببخشه په‌ری، من دڕنده بووم. مه‌خابن که‌س گوێی لێم نه‌بوو که به گه‌رووی گوورگێکهوه له میحنه‌تدا دهمقورسکاند؛ جارێکی تر ئه‌م هه‌له‌م بۆ هه‌ڵناکه‌وێت، جارێکی تر خۆم به خاوه‌نی ئه‌م ئازاره ناکه‌م، ڕۆژێکه و ئه‌مڕۆ که به ده‌می خۆم ده‌ڵێم تاوانبارم. تکایه گوێم لێ بگرن، ئێوه ده‌بێت بزانن؛ من شه‌وانه چۆن ده‌ستدرێژییم کردۆته‌سه‌ر ژنه‌که‌م. به‌ڵێ ژنه‌که‌م به‌ڵام من وه‌کوو سه‌گ په‌لامارمداوه و هه‌رچی پێ ناخۆش بووه، پێم کردووه. ژنه‌که‌م که ئه‌گه‌ر خوای نه‌ناسیایه، منی ده‌په‌رست. به نزیکبوونه‌وه‌م لێی، وه‌ک شه‌قشه‌قه ده‌له‌رزی. به هاتنی شه‌و سپی داده‌گه‌ڕا و ڕۆحی له ده‌رچووندا بوو. ئاخر من جهللادئاسا په‌لامارم ده‌دا و وه‌ک حه‌زیا خوێنییم ده‌مژی. جا من به‌رامبه‌ر به ژنه‌که‌م خاوه‌نی پیسترین دڵی دنیا بووم. هه‌میشه بۆگه‌ن له گومانهکانمهوه هاتووه و له ناڕهسهنێتیی خۆمدا، پیاو نه‌ماوه، به خستنهدوای، تاوانبارم نه‌کردبێت. یه‌کبینه هه‌ناوم لێ کرمێ کردووه و شه‌یتان لهشهڕم ده‌بارێت.
یادکردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێک له زینداندا، ئازاربه‌خشه، نه‌ک هه‌ر که‌مته‌رخه‌میی و زۆردارێتییهکانی خۆم، بگره سهلارێتی ژنه‌که‌م و پێکه‌نینی منداڵه‌کانیشم. به‌ڵێ، له گرتووخانه‌دا بیرکردنه‌وه له هه‌ر که‌س و شوێن و شتێکی ئازیزت، ده‌شێت سه‌ختترین ئه‌شکه‌نجه بێت. ئێستا که ئه‌م چیرۆکه ده‌نووسمه‌وه، یه‌ک مانگم ماوه ئازاد بکرێم. من که به تۆمه‌تی دزیی، بۆ ماوه‌ی ساڵێک به‌ند کرابووم. ئه‌و دزه بێ چاو و ڕووه بووم که له‌کاتی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئامانهتێکدا پێمزانرا بوو. به په‌ندی فه‌رمانگه‌که‌مان کرابووم و تا کونجی زیندانیان هێنابووم. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌بوو له ناوه‌ڕاستی مانگێکدا دوانه ناونجییهکهم زۆر ناساغ بوون و له‌سه‌ر ته‌ختی مردن بوون. پولێک له گیرفانمدا نه‌بوو، که‌سیشم شک نه‌ده‌برد قه‌رزم لێی نه‌کردبێت و هانای بۆ ببه‌م. هه‌ر بۆیه که منداڵه‌کانم وا هیلاک بینی، ده‌ستم تێیچوو، بڕێک پاره‌م له خه‌زنه‌ی فه‌رمانگه‌که‌ی خۆمان برد و به‌ڵێنم به خۆمدا له نزیکترین ده‌رفه‌تدا بیگه‌ڕێنمه‌وه و هه‌ر واشمکرد. ده‌رفه‌ت ڕه‌خسا و پاره‌که‌م گه‌ڕانده‌وه. به‌ڵام وه‌ک وتم پێمزانرا و به‌سه‌رمه‌وه بوونه فس فس پاڵه‌وان.
ئێستاش من گازنده‌ی بێتاوانییم ناکه‌م و خه‌م له به‌ندکردنم ناخۆم، چونکه وه‌ک ده‌زانن من به‌جۆرێک هه‌ر خۆم پێ تاوانباره و خۆم به شایانی قورس‌تر له‌م سزایه‌ش ده‌زانم. بەڵام گیڤبوونهوهی عهلهشیشئاسای تاکه بێمروه‌ت و هه‌لپه‌رسته‌کان له ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌و ڕۆژه‌دا که منیان به دز تیا ناساند، له به‌دڕه‌وشتیی مرۆڤگه‌لێک دڵنیام ده‌کاته‌وه، که چیتر نازانم من ڕۆژانێک به‌وان کاریگه‌ر بووم یان ئه‌وان به من. ئاخۆ هه‌ر که‌مته‌رخه‌میی و ده‌ستدرێژیی من به‌رامبه‌ر به ژن و منداڵه‌کانم تاوانه، یان هێرشی چوارده‌وره‌که‌شم بۆ سه‌ر من. ئاخۆ من بۆ خۆم دڕنده‌م یان دڕندهبوونم به شیره‌وه خواردووه. ئاخۆ من هه‌ر خۆم نامه‌ردم یان ڕێکه‌وتی مهردایهتییم له حیکایه‌ت و خه‌وی شه‌ویشدا نه‌کردووه. من مانگێکی تر ئازاد ده‌بم. به‌ڵام ئاخۆ شتێک له‌م ساڵه‌دا فێر بووم؟ ئاخۆ شتێک له ئازار و شه‌ونخونییه‌کانی زیندان له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌به‌مه ده‌ره‌وه یان هه‌ر لێره بهجێیاندههێڵم؟ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانم مێرده‌زمه‌ی هه‌ژاریی هێشتا گه‌مه به چاره‌نووسی مرۆڤه‌کان ده‌کات و شار ڕۆژه ناله‌باره‌کانی تێنه‌په‌ڕاندووه، شه‌قامه‌کان بۆنی خوێنی براکانمی لێ دێت و گومانێکی پیس و جه‌رگبڕ دڵه بۆگه‌نه‌که‌ی منی داگیرکردووه. چه‌ند ڕۆژێکه دێته خه‌یاڵم و ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر له‌م ساڵه‌دا منداڵه‌کانم مردار نه‌بووبێتنه‌وه، مانای وایه دایکییان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندێکی شاردا ده‌ستی تێکه‌ڵ کردووه؟! داد خودایه، هه‌ژاریی به هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه چ مۆته‌که‌یه‌که. هه‌ژاریی گیرفان و هه‌ژاریی عه‌قڵێکی نه‌خۆش و که‌نفت … زۆر نییه ئه‌گه‌ر منیش بڵێم؛ هه‌ژاریی ئه‌گه‌ر پیاوێک بووایه ده‌مکوشت.*
* وته‌ی ئیمامی عه‌لییه!
له‌ژماره1ی (ڕووبه‌ری داهێنان)دا بڵاوبۆته‌وه.