دوا گفتوگۆم لەگەڵ `گۆشەگیری`*
موئەیەد موستەفا
١
وەک سێوێک نەبووم،
کە کەوتمە خوارەوە،-
نزیک بم لە درەختەکەم،
فڕێدرامە دوورترین ئاوایی.
٢
وەک گیا لەسەر بنجی خۆم ڕوام،
کەچی با بردمی لە باوەشی سلاڤیدا،-
بە سەرخۆشی، بە بێ هۆشی؛
بە ڤۆدکا،
کۆتاییم بە شەو دەهێنا.
٣
فەرهادێک بووم،
بۆنی بەهارم دەکرد،
دەمم دەگەیاندە حاجیلە،
دەستم هاوڕێی تفەنگ بوو،-
قاچەکانم لە دوای خۆما ڕادەکێشا؛
ماندووی شەڕ بوون شەڕ!
٤
دوای هەر قاوەیەک،
دوای هەر پیاسەیەک،
دوای هەر ماچێکی بلۆند؛
هەستم بە تەنیایی دەکرد،
لە کەشێکی خومار دا دەخەوتم،-
تا خۆم بیربچێتەوە.
٥
نامەوێ لێرە بژیم:
بێز لە خۆم دەکەمەوە،
بێز لە سوزی، بێز لە ڤێسنا،
بێز لە ڕۆلاند، بێز لە شرۆیدەر؛
بێز لە ڕیتا، بێز لە مرۆڤ،
مرۆڤ لەبێز دەکەمەوە.
٦
گیربم لە گۆشەیەک دا، نامەوێ،-
ببمە قالۆچەکەی کافکا، گوێم لە دنیا بێ،
کەچی نەتوانم پەیڤێک گۆبکەم؛
دنیا کۆشک بێ، پڕی بێ لە قەحپە و،-
خۆشەویستیش کرم لێی بدا.
٧
دەگەڕێمەوە ئەی نیشتیمانی دایک،
هەر تۆی بنمیچی خوایی،
منی ستوونت ڕاگرتووە.
هەر تۆی شاقوڵیانە بەرزم دەکەیتەوە،
تا باڵا بژیم، باڵا؛ ئەی نیشتیمانی دایک:
خۆشم دەوێی.
٢٤\١١\٢٠٢٤، ماینز
- ئەم قەسیدەیە دوای تەواوکردنی خوێندنەوەی ڕۆمانی (گۆشەگیری) ڕۆماننووس `ئیسماعیل حەمەئەمین` نووسراوە.