درزێک کەوتۆتە بەلەمەکەم
شیعری: بوخاری وشیار
لەنێو مندا
بەلەمێک دەمێکە بەڕێگاوەیە
کێ ناڵێ لە کەنار ون نەبووە
کەس نازانێ
منیش بێ ئاگا لەوەی
درزێک بە درێژایی زەمەن
کەوتۆتە جەستەی بەلەمەکەم و
چارەنووسیش ئاو دەیزانێ..
دەبێ کەمێک باسی خۆم بکەم
کە بە ئەندازەی دڵی کۆترەباریکەیەک
دڵە کوتە دەگرم
دەمێک لە پەنجەرەوە
سەرنجە ساویلکەکەم
دەکەوێتە سەر کاپتنێک سەرخۆش
بە ئاوازی ئاو
کەناری پەنجەرەکە بۆ من
جێگای تێڕامانە
لە زەردەپەڕی ئێواران و
کۆمەڵێک لەو شتە دووبارانەی
کە ناویان ناهێنم
دەزانم چۆن بە چیڕۆکی سارد
خراپ هەڵدەلەرزم
بۆیە با واز لە چیرۆک بێنین
باشترە بڵێم:
لە نێوان دوو چرکەی پووچدا
دێم و دەچم
لەم هات و چوونەمدا
شتێکم لێ ون بوو
وابزانم نەخشەی دێرینی دەریا بوو
خێرا کەوتە ئاوەکەوە و
خراپ شەو داهات
بیرم نەچێت
پشیلەیەکم هەبوو
ئەوکاتەی مرد
لە کەنار بیرەوەرییەکی چۆڵدا
تلیاکم دەکێشا
یارییەکانی منداڵیم بە گەڕەکدا
پەرش و بڵاو دەکردەوە
ئەو مێشکەی من زۆر خراپە
دووبارە بیرم نەبوو
چاوەڕوانی لە پەنا گۆڕێکی سارددا
چەندە یارییەکی بێ مانایە
چەند ساڵ بەر لەم ئێوارەیە دەمگووت:
بەلەمێک لە دار چنار درووست دەکەم و
دەیخەمە نێو دڵی دەریاوە
بێ ئاوڕدانەوە لە پشیلە و کۆتر و پەنجەرە
پشت دەکەمە ئەم شارە تەنگە و
دوور دەکەومەوە
نازانم بۆ نەمکرد
ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە بڵێم:
دەبێ لە بیابانی سینادا بخنکێم
خراپ دڵم لە دەریا تۆراوە..
تابلۆکان؛ ولیەم تێرنەر، نیگارکێشی بریتانی` ١٧٧٥ - ١٨٥١`
دووتابلۆ لەسەر هەمان بابەت؛
١. ولیەم تێرنەر؛ تێکشکانی بەلەمێک لەسەر کەنارەکانی نۆرسەمبرنلاند.
٢.ولیەم تێرنەر؛ تێکشکانی بەلەمێک، لەسەر کەنارەکانی نۆرسەمبرنلاند ١٨٣٦.