پێشەوا کاکەیی - لە نەمرەڕێ دا

شیعری ڕوانین و شیعری ڕۆچوون


Loading

شیعری ڕوانین و شیعری ڕۆچوون

پێشەوا کاکەیی

 

 

 وەک گوتارێکی ئەدەبی، لەگەڵ شیعری ڕوانین و شیعری ڕۆچوونداین، بۆ ئەمەیش لە قووڵاییی مێژووی شیعری ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا نیین، بەڵکوو چڕبوونەوەم وەستانە لەسەر مێژووی شیعری ڕوانین و ڕۆچوون لە ڕۆژ‌هەڵات و ڕۆژاوادا لە سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا و [ڕوونتریش لە سەدەی بیستویەکەمدا] بەریەککەوتنی «چێژی شیعری» لە کردەی شیعری نوێی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاواییدا زۆر سەرنجڕاکێشە. پەیوەندیی چێژ لەگەڵ شیعری نوێی هەردوو بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا چەندین کێشەی نوێیەتی بۆ شیعری نوێ لە خۆ دەگرێت. لە ڕووکەشدا، بانگەشەکردن یان نەبوونی «چێژی شیعری» دەرەنجامێکی سرووشتییە کە لە پەرەسەندنی شیعری نوێدا ئاشکرا دەبێت و هەڵبژاردنێکی بابەتیانەیە کە بە هۆی کارلێکی هێزە جوانیناسییە جۆراوجۆرەکانەوە لەناو شیعری نوێدا پێک هاتووە. هەرچی شیعری ڕەگی ڕۆژاوایە بە هۆی نوێیەتی ژیان و پاش‌نوێیەتییەوە، سەرجەمی شیعری سەدەی بیستویەک بەرەو ڕواڵەتی دەڕوات. واتە شیعرێکە چێژ لە بینین دەبینێت. ئەم چێژە کردەی بینین و بەرکەوتنە. شیعرێکە زیاتر بەرەو لەمسی/ بەرکەوتن لەگەڵ کەتواردا دەڕوات. گۆڕینی کەتوار نییە، بەڵکوو شیعرێکە تەواو خۆی خستووەتە ژێر کاریکەری نوێیەتیی سەرمایەدارییەوە. ئەم شێوازە لە شیعری نوێیە، چێژەکەیشی لەگەڵ خۆیدا بینینی هەڵگرتووە. شیعرێک نییە بتگەڕێنێتەوە بۆ قووڵایی لای [ئێلیۆت و هۆلدەرلین و پێسوا…] بەڵکوو ڕەگی ئەم نوێیەتییە شارەوەتەوە و گەڵاکانی سەما دەکەن. شیعری ڕوانین هاوکاتی شیعری ڕواڵەتی هەنگاو دەنێت، ئەگەرچی شیعری ڕواڵەتی جودایە لە ڕوانین. ئەگەرچی شیعری ڕوانین خەریکە ڕەگی ڕۆچوونی هەڵدەقەنێت و لقەکانی دەداتە بەر با بۆ بینین. شیعری ڕوانین، گەڕانەوە نییە بۆ قووڵاییی هەستەکان، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ بینراوەکان.

شیعری ڕۆچوون، هێشتا ڕەگەکەی لە ڕۆژهەڵاتدا جێگیرە و ئەگەرچی ئەمیش بەر شەپۆلەکانی ڕوانینی ڕۆژاوا کەوتووە، بە هۆکاری نوێیەتی، کە نوێیەتیش ئایدۆلۆژیا و تەکنۆلۆژیای لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. شیعری ڕۆچوون، گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ خودی پرسیاری مرۆڤ لە خۆی و ئەویدیکە. ڕەگی ڕۆچوونی شیعر هێندە ئەستەمە کە هێشتا ڕیشاڵەکانی بە تەواوەتی نابینرێت. هەرچی شیعری ڕوانینە، لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراییەکانی تەکنۆلۆژیادا، خواستی کەرەستەکان و پێداویستییەکان و بە ڕۆبۆتبوونی مرۆڤ، ئەوا فریای قووڵبوونەوەی نەماوە و تەنیا چێژ لەوە دەبینێت کە هەیە و بەردەستە. شیعرێکە ناگەڕێت بە دوای پرسی بووندا، بەڵکوو لەسەر هەبووەکان خۆی دادەڕێژێت. شاعیر خەیاڵ ناکاتەوە لە شیعری ڕوانیندا، بۆ ئەوەی لە کەتوارێکی مەترسی ڕزگاری بێت، بەڵکوو خەیاڵکوژە و ڕاستەوخۆ ئەوەی هەیە و دەیبینێت، دەینووسێت. ئەم جۆرە شاعیرانە لەگەڵ کۆمەڵگەی بەرخۆردا مامەڵە دەکەن و خۆیان ڕادەستی کۆمەڵگە و گۆڕانکارییەکانی دەوڵەت و سەرمایەداری دەکەن، نەك خەیاڵبینینیان هەبێت و لەپێش کۆمەڵگەوە بن و پێش بە هەندێک ڕوانین بگرن؛ بەڵکوو لەگەڵ ڕووداوەکان مامەڵە دەکەن و دەیانگوازنەوە، نەک ڕووداو بخوڵقێنن. شیعری ڕوانین، چاوەڕێی خەیاڵکردنی نییە، بیرکردنەوە لە کات پێی زیادەڕۆییە، چونکی خۆی گیرۆدەی سیستەم بووە و لە قالب دراوە. شیعری ڕوانین، بۆ نموونە ناڵێت: [خۆزگە لە قیتارێکدا بم…] چۆن قیتار، میترۆ، ترۆمبێل هەموو پێداویستییەک بەردەستە و خەیاڵ ناتوانێت بیگۆڕێت. یان بڵێت: [بریا بە فڕۆکەیەک بچم بۆ…] هاونیشتمانی ئەورووپی کەی پێیان خۆش بوو سواری فڕۆکە دەبن و گەشت دەکەن، ئەمە بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان و ئەفریقایی وانییە کە بە سەدان خۆزگە دەیبەستنەوە و گەشت دەکەن لە ڕێی خەیاڵەوە. یان ناڵێت: [خۆزگە ماچێکم دەکردی…] لە شیعری ڕوانیندا دەگوترێت [ماچم کردی…] لەبەر ئەوە ڕوانین بەرکەوتن و دەستلێدان و ڕووبەڕووبوونەوەیە و خەیاڵ تێیدا تەسکە و فروان نییە. هەرچی شیعری ڕۆچوونە خەیاڵ تێیدا فروانە و ڕوانین تەسکە.    

کاتێک مرۆڤەکان باس لە شیعری نوێ دەکەن، بەتایبەت کاتێک باس لە دەستنیشانکردنی تایبەتمەندییەکانی شیعری نوێ و هەڵسەنگاندنی دەستکەوتە گشتییەکانی شیعری نوێ دەکرێت، زۆر جار وشەی (شیعری) بە کار دەهێنن. لە ڕووی ئاواز و ئاوەزەوە ئەم جۆرە بەکارهێنانە زۆر جار هەستکردن بە دەسەڵاتی خۆبەخۆ نیشان دەدات و تەنانەت ئاڕاستەی بابەتەکەیش بە ناچاری ڕەنگی بڕوابوونی ئاشکرا دەکات. بەڵام کاتێک ئێمە بەدواداچوون بۆ ناوەوە و دەرەوەی دەقەکەی دەکەین، ئەم چێژە شیعرییە زیاتر ناڕوونێتی دەردەخات. بۆ مێژووی شیعری نوێ، هەم ئەفسانەیەکی سەرلێشێواو و هەم جنۆکەیەکی هەموو شوێنێکە. ئەگەر بڵێین شیعرێکی نوێ، (کە شیعری یان زۆر شیعرییە)، لە هەمان کاتدا، ئاماژە بە پلەیەک لە ستاییشکردن دەکات، ڕەنگە ئاماژە بە ئاستێکی قووڵتر لە ناڕەزایییش بکات؛ تەنانەت ڕەنگە ژێر دەقە ڕەخنەییەکانی دژبەیەک بێت، ڕەنگە دەستخۆشییەک بێت بۆ ئەو هەستە کۆنە کە ئاشکرا دەبێت لە ناوەرۆکی ئەم شیعرە نوێیەدا، بەڵام تەنیا حاڵەتێکی تایبەتە کاتێک لە چوارچێوەی تەواوی شیعرە نوێیەکەدا دەپێورێت. ڕەنگە دۆخێکی باوتر نەبوونی شیعری بێت. لە لایەکی دیکەوە، ڕەنگە بەو شێوەیە سەیر بکرێت: شیعرەکە ڕەنگە لە ڕووی هونەرییەوە تێپەڕ بێت، بەڵام داهێنەری ڕاستەقینەی بەشی ئەوەندە نییە، کە ناوەکی وەڵامدانەوەی ئەو نوێخوازییە بێت کە شیعری نوێ دەبێت هەیبێت. لەم گوتارەدا مەبەستی سەرەکی من ئەوەیە کە چۆن «چێژی شیعری» وەک جۆرێک لە گوتار لە پڕۆسەی کردەیی شیعری نوێدا پێشکەش دەکرێت؛ لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا، چ هێزێکی شیعری بەشداری لە چێژی شیعری لە گوتارییە نوێیەکانی شیعردا کردووە و لە چوارچێوەی تایبەتدا بەدواداچوون بۆ کاریگەرییە ئەدەبی-سیاسییەکانیان بکەن. ئەگەر بتوانم، دەمەوێت لەوەیش بکۆڵمەوە کە گوتاری (شیعری) دەتوانێت چ ڕۆڵێک لە بنیاتنانی کڕۆکی شیعری نوێدا بگێڕێت.

 

یەکەم:

پێدەچێت کردەی شیعری نوێ هێڵێکی کۆکردنەوەی کارا بۆ گوتاری شیعری دابین بکات. لە ژمارەیەکی زۆر لە لێدوانەکاندا سەبارەت بە چێژی شیعری، زەحمەت نییە خەڵک ئەو بڕوایە بە دەست بهێنن کە پێدەچێت شیعری کۆنی ڕۆژهەڵاتی بە شێوەیەکی سرووشتی چێژی شیعری هەبێت، هەروەها تاکە سەرچاوەی هەقپێدان بۆ گوتاری چێژی شیعری دابین دەکات، تەنانەت ئەگەر پێوەرێکی نمایشیش بێت. بەڵام شیعری نوێی ڕۆژهەڵاتی لە بنەڕەتدا کەمیی چێژی شیعری هەیە و بە هۆی ئەم نەبوونی زگماکییەوە، هێشتا شیعری نوێی ڕۆژهەڵاتیی پارادایمی جوانیناسیی خۆی پێک نەهێناوە. بە هەمان شێوە زەحمەت نییە لەوە تێبگەین کە ئەم جۆرە کاریگەرییانە بە شێوەیەکی سرووشتی درێژ دەبنەوە بۆ بەهای جوانیناسی شیعر، کە هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ پۆلە شیعرییە جیاوازەکان- شیعری کۆن و شیعری نوێخوازی لە خۆ دەگرێت. کاتێک باس لە پەیوەندی نێوان سرووشتی ئاسایی شیعری نوێ و دەستکەوتە هونەرییەکانی دەکرێت، مرۆڤەکان بە تایبەتی حەز دەکەن کە نەبوونی شیعری بۆ ڕەخنەگرتن لە کردەی شیعری نوێ کەڵک وەربگرن. لۆژیکی ڕەخنە ئەوەیە کە شیعری نوێ لەبەر ئەوەی خستنەڕووی چێژی شیعری پشتگوێ دەخات، شێوەکەی کێشە و کەموکوڕی سرووشتی هەیە و ئەم کەمییە فەرمیەیش دەستکەوتە هونەرییەکانی شیعری نوێ زۆر کەم دەکاتەوە. لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی وەهادا، گەیاندنی چێژی شیعری نەک هەر وەک پارادایمێکی شیعری کە هەر جۆرە شیعرێک دەبێت پابەند بێت پێیەوە سەیر بکرێت، بەڵکوو وەک بنەمایەکی بنەڕەتی بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کە ئایا کردەیەکی شیعری لەگەڵ کڕۆکی شیعردا دەگونجێت یان نا.

 

 

دووەم:

شیعرییەت پێویستە لانیکەم سێ مەرجی تێدابێت؛ یەکەم: بە زۆری بە شیعر دەگەیەنرێت. تایبەتترین شێوازی بوونی لە شیعردایە. واتە لە ڕوانگەی شێوازەوە شیعر دەسەڵاتدارترین هەڵگری چێژی شیعرییە. لە ڕوانگەی قەبووڵکردنی جوانیناسییەوە، دەتوانرێت مەودای بەکارهێنانی کراوە بێت، تا ئەو کاتەی [وەک ئەوەی لە شیعردا دەربڕدراوە] و لەگەڵ ڕێسا جوانیناسییە تایبەتەکاندا بگونجێت، دەتوانرێت وەک (شیعری)ـیش سەیر بکرێت. لێرەدا، جیاوازی لە نێوان هەستێکی فراوان و هەستێکی تەسکدا هەیە. چێژی شیعری بە مانای تەسک، بە تایبەتی ئاماژەیە بۆ چێژی شیعریی شیعر. چێژی شیعری بە مانایەکی فراوان ئاماژەیە بۆ ئەو بنەمایانەی شیعر وەک ئاماژەیەک وەردەگرن و لە بوارە ئەدەبییەکانی تریشدا هەمان واتایان هەیە؛ وەک لە شیعرەکەدا، ئەوە باشە. دووەم: دەبێت بەهایەکی جوانیناسی بەهێزی هەبێت: [بۆ ئەوەی هەستێکی جوانی بە مرۆڤەکان بدات]. بە واتایەکی تر، دەکرێت جوانی وەک پێوەرێکی ناوخۆیی بۆ تاقیکردنەوەی شیعری دیاری بکرێت. سێیەم: ئەوەی لە کۆتاییدا دەیخاتە ڕوو، دەبێت جۆرێک لە «چەمکێکی هونەری» بێت.

سێیەم:

لە ڕوانگەی بەرهەمهێنانی گوتارەوە، شیعری، بە شێوەیەکی سرووشتی بە واتای «جوانی» دێت. لە ڕوانگەی کرداری نووسینی شیعری نوێوە، جوانی لە ناوەرۆک و زماندا زۆر جار بە مانای سنووردارکردنی تایبەتی ناوەرۆک دێت، کە کێشەیەک بۆ زۆرێک لە نووسینە تاقیکارییە بەرزەکان پێک دەهێنێت. چونکی لە نووسینی شیعری نوێخوازیدا زۆر جار شتە ناجوانەکان ناوەرۆکی سەرەتایین کە شاعیران دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. ناوەرۆکەکەی ئەوەیە کە [نزیک لە ژیان] و [ستاییشکردنی ئاسایی] وەک شاعیری ئەمریکی ڤیتمان کردوویەتی. جگە لەوەیش، ڕەنگە چێژی شیعری بە شێوەیەکی بابەتیانە لە ژیان و سرووشتی کۆمەڵایەتیدا بوونی نەبێت. شیعر پێویستی بە گۆڕینی هەیە لە ڕێگەی هونەرەوە و ئەم پڕۆسەی گۆڕانکارییە بە خودێتی بەهێزەوە ڕژاوە. چ جۆرە نووسین و شێوازێکی نووسین هەڵبژێرین بۆ پێشکەشکردنی چێژی شیعری، ئەو خودێتییە کە تێیدا هاتووە، لە ڕووکەشدا پێدەچێت شاعیر خۆی دیاری بکات، بەڵام لە ڕوانگەی ناوەرۆکی نووسینەوە، زۆر جاریش جۆرێکە لە ئەدەبیاتی ڕەنگدانەوەی سیاسی.

چوارەم:

لە ڕووی جۆر و شێوازەوە، بەتایبەت لەبارەی شیعری کۆن و شیعری نوێوە، مانای ئەوە نییە شیعری کۆن سەر بە شیعری ڕۆچوون بێت و شیعری نوێیش سەر بە شیعری ڕوانین بێت، نا؛ بەڵکوو وەک خۆم ئەمڕۆکە سەدان شیعری کۆن دەخوێنمەوە سەر بە جیهانی ڕوانینە و سەدان شیعری نوێش دەخوێنمەوە سەر بە جیهانی ڕۆچوونە. لێرەدا هاوکێشەکەی شیعری ڕۆچوون و ڕوانین، یەکسان نییە بە جیهانی شیعری کۆن و جیهانی شیعری نوێ. چێژی شیعری ڕۆچوون دەبێت ئەو یاسایە بێت کە هەم شیعری کۆن و هەمیش شیعری نوێ پەیڕەوی لێ بکەن کە شیعر دەوەستێتە سەر قووڵاییی زمان و شیعری ڕوانینیش ئەو یاسایە بێت کە هەم شیعری کۆن و هەمیش شیعری نوێ بە زمانێکی پانئاخاوتن خۆی دەردەخات. لەبەر ئەوە چێژی شیعرییش لە بنەڕەتدا دابەش دەبێت بەسەر جیهانی ڕوانین و ڕۆچووندا. هەروەها پێشمەرجی ئەم لۆژیکە گریمانە دەکرێت، واتە تێگەیشتن لە شیعر لە لایەن شاعیرانی کۆنخواز و شاعیرانی نوێخواز وەک یەک بێت؛ بەڵام دەزانین کە لە جۆرە جیاوازەکانی نووسیندا، وەک نووسینی شیعری کۆن و نووسینی شیعری نوێ، شاعیران ناسنامەیەکی زۆر جیاوازیان لەگەڵ چێژی شیعریدا هەیە. پێشکەشکردن و گەیاندنی چێژی شیعرییش ڕەنگە زۆر جیاواز بێت. لە چوارچێوەی شیعری جیاوازدا، شاعیران مەیلیان هەیە کە شێوازی نووسینی جیاواز پەیڕەو بکەن و شێوازی جیاواز بگرنە بەر. ئەگەر جیاوازی نێوان ئەو دوانە پشتگوێ بخرێت، ڕەنگە شیعر بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکات، لە خراپترین جۆری سیاسەتی ئەدەبیدا نوقم بێت. بۆ نموونە لە کاردانەوەکانی خوێنەری گشتیدا (ماڵپەڕی شیعری جۆراوجۆر و بلۆگی تایبەتی بوونەتە بەناوبانگترینی بوارەکە)، زۆر جار دەتوانین ئەو جۆرە تۆمەتانە لە دژی شیعری نوێ و شیعری هاوچەرخ ببیستین: هۆکاری دابەزینی شیعر لەمڕۆدا کەمیی شیعرییە؛ چونکی مرۆڤە نوێخوازەکان بە گشتی چێژی شیعرییان نییە!

بە بڕیاردان لە پڕۆسەی کرداری شیعری نوێدا، بەکارهێنانی چێژی شیعری لە لایەن خەڵکەوە زۆر بەرفراوانە و ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت، چ وەک خوێندنەوەی بۆچوون و چ وەک زاراوەیەکی ڕەخنەیی، کە شیعرییەت تا ڕادەیەک زۆر بە کار دەهێنرێت. دەکرێت بە وردی دابەش بکرێت بەسەر دوو شوێنەواری ڕوونکردنەوەدا؛ یەکەم کەمتازۆر مانای چێژی شیعری لەسەر ڕێبازی شیعری کۆن هەڵدەمژێت و ڕاستی دەکاتەوە؛ دووەم بە مانای کڕۆکی شیعر. ئەوە هیچ لێرەدا چژی شیعری و سەلیقەی شیعری بەر باسم نەداوە؛ چونکی چێژی شیعری پەیوەستە بە ڕەهەندەکانی جوانیناسییەوە و جوانیناسییش ڕەهەندێکی دەروونناسی نوێیە و تیشک دەخاتە سەر خودێتی. لێرەوە ئەگەر سەرنج بدەین لە شیعری ڕۆچوون، ئەوا دەرهێنانەوە و نیشاندانەوەی چێژی شیعرییە لە ناخەوە. هەرچی شیعری ڕوانینە، نیشاندانەوەی نیشاندراوەکانە.

حوزەیرانی ٢٠٢٣

شوێنپێ: قەڵادزێ

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌