پیەر پاولۆ پازۆلینی بە کامێرای یۆناس مێکاس، ١٩٦٧.

دوای خوێندنەوەی هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی پیەر پاولۆ پازۆلینی


Loading

ئەو هاوینە، ئەو پاشنیوەڕۆ گەرمەی هاوینی ڕۆما، بینیمیت لە سەر شۆستەکە دانیشتبوویت، چاوەڕێ بوویت دەرگا بکرێتەوە و هەموو ئەو فیلمانە ببینی، بەڵێ، ئەو هاوینە گەرمەی ڕۆما. دواتر گووتت، پرسیت: “ئایا شۆڕشێک ڕوودەدات؟” …. لای پەنجەرەکە وەستابوویت، لە یەکێک لە باڵەخانەی کرێکارەکانت دەڕوانی کە مۆسۆلۆنی دروستیکردبوو و تۆ لە (ماما ڕۆما)  فیلمت لێ گرتبوو.

“ئایە شۆڕشێک لەوێ ڕوو دەدات؟” گووتم: “بەڵێ، ئێمە بە کامێراکانمان شۆڕش دەکەین. جیهان بە کامێڕاکانمان گەمارۆدەدەین، شەقامەکان، ئۆفیسەکان، کارخانە و زیندانەکان… هەموو شتەکان دەردەکەون، بەڵێ شۆڕشێک ڕوو دەدات.” وەستابوویت، هێشتا لای پەنجەرەکەوە وەستابوویت و لە دەرەوەت دەڕوانی. بێدەنگییەک. پاشان گوتت: ” ئا، بەڵام ئێستا ئەوە چەند ساڵە، وا چەند ساڵە ئامێری تایپمان هەیە… بەڵام ئایا ئامێری تایپەکان شۆڕش بەرهەمدەهێنن؟”

دەمتوانی ئەو کێشمەکێشەی نێو سه‌رت   ببینم هەروەک چۆن تەواوی ژیان و ڕۆحت لە کێشمەکێشدا بوون، لە شیعرەکانت، فیلمەکانت، بەڵێ، خۆڵەمێشی گرامشی…خۆڵەمێشی ڕەفەی کتێبەکان و یادەوەرییەکانی منداڵی. خۆڵەمێشی هەموو سەدەکانی ڕابوردوو و خۆڵەمێشی مارکسیزم و مەسیحییەت. دواتر شیرینییەکان تفکرانەوە، سووتان. بەڵێ، ململانێ و سووتان، کاژفڕیدان لە ئەخلاقیات، لە ئایدۆلۆژییه‌کان، لە حیزبە سیاسییەکان: سووتان، هەمیشە سووتان، سووتان لە هەر دێڕە شیعرێکدا…

لە ناوەڕاستی زەمەنی خۆتدا، خۆتت نیشتەجێکردبوو، لە ئیتاڵیا، ئەو ژیانەڕۆژانەییەی کە هەرگیز جێتنەهێڵا، هەمیشە لە قووڵاییەکانیدا بوویت، بێ شیعرێکی كه‌سیی، ئەوت لە فریولی جێهێشت، ئێستا لە ژیانێکی واقیعدا، ژانگرتووانە، ونبوو لە ناو؛  لێکتێنەگێشتن، پووچێتی، نامرۆڤیی، ڕزگارنەبوو لە ئازار و تووڕەیی شاعیرێکی دەستگیرکراو لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و پڕۆژەی ئازارێکی لە دەست ڕزگارنەبووی مارکیز دو ساد و تۆ ئازارەکەت تۆمارکرد.[1] پیەر پاولۆ پازۆلینی: شاعیر و پیاوێکی ئازاد و بەهەمان ڕاستگۆیی نەفرەتئاسای دانتێ کە دۆزەخی تۆمارکرد.

 

ئێستاش من وا لە قووڵایی (برۆکلین) دام، ساڵانێک دواتر، لە پشت مێزەکەم کە بە شیعرەکانت، فیلمەکانت، ڕۆمانەکان و وتارەکانت داپۆشراوە. ئێستا بە تەنیا لێرەم، لە کێشمەکێش لەگەڵ هەموویاندا، ژیانی تۆ دووبارە دەژیەمەوە، لە فریولی تا ناپۆلی تا ڕۆما تا فەڵەستین تا هیندستان تا ئەفریقا تا چاوسێر تا مارکیز دو ساد و بەڵێ، دایکت، هەمیشە دایک. دایکی خۆمم بیرە کاتێک بەیانیان لە چێشتخانە لەبەر خۆیەوە گۆرانیی دەگووت، منیش خەواڵوو، ئەویش هەمیشە گۆرانیی دەگووت، بەڵێ، دایکت، فریولی، ئەو هەمیشە لەوێیە، فریولی هەمیشە لەوێیە…

 

بەڵێ، بەڵێ، پیەر پاولۆ، بەڵێ، دەمەوێت بزانم ئەو ڕۆژە گەرمەی ڕۆما کاتێک لە سەر شۆستەی سەنتەری سینەماتۆگرافی ئەزموونگەرایی[2] دانیشتبووی، بەڕاستی بیرت لە چی دەکردەوە! ئەو پاشنیوەڕۆ گەرمەی ساڵی ١٩٦٧. یاخود دواتر کاتێک لای پەنجەرەکە وەستایت بە ڕوانینێکی دڵتەنگانە لە دەرەوە، لە شوێنی ژیانی ئەو کرێکارە نەفرەت لێکراوانە، کە لە ژێر دیوار و سەقفە کۆنکرێتییە وەحشییەکاندا ونبووبوون. دڵتەنگییەک، کە پێیدەڵێن واقیعی ژیان. نا، نا، پیەر پاولۆ، پێویستم بە وەڵامی پرسیارەکەم نییە، لێی گەڕێ. هەموویان لەوێن، لە لاپەڕەی کتێبەکانت، لەو فیلمانەی دروستتکردن، لەو ڕۆمانانەدا، لەو دەستەی شیعرت پێ دەنووسی، هەمووی تۆمارکراوە، هەروەک چاوسێر[3] ئەنجامیدا. بەهەمان شێوە کە بە نووسین کارەکەت بە ئەو/ بە خۆت پیشاندا. لە کۆتا وێنەی فیلمی حیکایەتەکانی کانتێربەری، وەک لێبوکێک کردت[تۆمارت کرد]. پێکەنیت. چونکە ئەو ساتە گەڕایتە بۆ فریولی، بۆ چرکە ساتێکی زۆر کورت، لە فریولی دڵخۆش بووی. ڕووخسارت.

 

پیەر پاولۆ پازۆلینی بە کامێرای یۆناس مێکاس، ١٩٦٧.

گفتوگۆیەکە لەگەڵ پازۆلینی

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ گەیشتمە ڕۆما بە بیست پڕۆگرامی سینەمای نوێی ئەمریکییەوە، کە لە سەنتەری سینەماتۆگراف[4] پێشکەش کرا. لە کاتی مانەوەم،  لەگەڵ گیدیۆ بێکمان، هاوڕێی دێرینم کە لەگەڵ پازۆلینی کاریدەکرد، لە ئاپارتمانەکەی پازۆلینی چاوپێکەوتنێکی ڕێکخست.  ئەمەی لە خوارەوە دێت، بەشێکە لە گفتوگۆکەمان لەو ڕۆژەدا.

 

 

پیەر پاولۆ پازۆلینی: پێموایە تەواو نوێگەرییە… با ناوی لێ بنێین (سینەمای ئەزموونگەرای ئەمریکی) ڕوحی (چەپی نوێیە) کە دیاردەیەکی تازەی سیاسی و کۆمەڵایەتیە. ڕۆحی چەپی نوێ تەواو شتێکی نوێیە. تەنانەت ناشڵێم فیلمەکانت بە هۆشیاریانە و بە ئەنقەست تێکەڵن بە پێویستی چەپی نوێ، بەڵام لە قۆناغێکی مێژووییدا ئەو فیلمانە خاوەن گوزراشتێکی جودان لە ڕۆحی سەردەمەکە.  فۆرمە نوێیەکانی تۆ پێکهاتەی نوێی بەرهەڵستین بەرامبەر کۆمەڵگای ئەمریکی.

 

یۆناس مێکاس: هەمیشە ویستوومە پڕۆگرامە گەڕۆکەکانی ئێمە وەک پڕۆگرامی فیلمی سیاسی ناوی لێ بنرێن، بەڵام هەمیشە ڕێکخەرانی نمایشە ناوخۆییەکان ڕێگری دەکەن. لە ڕاستیدا ئەو ویستەی من زۆرترین خرۆشان و گفتوگۆ دەهێنێتە ئاراوە.

 

گیدیۆن باخمان: ڕەنگە لەم حاڵەتەدا پێویست بە ڕوونکردنەوە بکات، کە لە چی کاتێکدا سینەمای ئانارشی و ئەکتی سیاسی پراکتیک بکرێن.

 

پیەر پاولۆ پازۆلینی: بۆ من تەواو ڕوونە. هۆکاری ئەوەی بەڕێوبەری فیستاڤاڵی پیسارۆ نایەوێت فیلمەکانی ئێوە وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی ناوبێنێت. هەڵبەت ئەو لە ڕووی پەروەردە و ئەخلاقیاتەوە سۆسیالیستە و مارکسیستێکی سونەتیشە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یۆناس، ئەو فیلمەکانی تۆ بە سیاسی نازانێت چونکە لەناو ڕوحی چینی ناوەڕاستەوە دێن و هیچ ڕەنگدانەوەیەکی ئەزموونی مارکسیستیان تێدا نییە. بۆ ئەو سەختە ئەوە قبوڵ بکات کە ئەو فیلمانە سیاسین، لە کاتێکدا مارکسیستی نین.

 

یۆناس مێکاس: گومانم هەیە کە ئەو فیلمانەی ئێمە مارکسیستی نەبن، چونکە هەموویان لەناو فرۆید، ولیام ڕایش، بەرەی بیت، ئێل. ئێس. دی. ژیاون یاخود تێپەڕیون…

 

پیەر پاولۆ پازۆلینی: بێگومان، بەڵام لە لایەکی دی، مەعریفەی مارکسیزمی ئەمریکییەکان لەڕێی فێرکارییەوە بووە، نەوەک لەناویدا ئەزموونیان کردبێت. هیچ کاتێک لە ئەمریکادا شۆڕشێک، کە بتوانیین پێی بڵێین مارکسیزم، ڕووی نەداوە. هەر لەم ڕووەوە ئەمریکییەکان ئەزموونێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ مارکیسیزمدا نییە، بەڵام بۆ ئەورووپییەکان مارکسیزم ئەزموونێکی زیندووە. هەربۆیە من شەڕی تۆ بە شەڕێکی سیاسی دادەنێم لە دەرەوەی مارکسیزم، لە دەرەوەی پڕۆگرامی مارکسیزم. لەبەر ئەمە من سینەما نوێیەکەی تۆم خۆشدەوێت و سینەمای نوێی ئیتاڵیم خۆشناوێت. سینەمای نوێی ئیتاڵیم لەبەر ئەوە بەدڵ نییە کە کوالونکویستا[5] و نا سیاسی و بێ تەرەفە. لە هەمان کاتدا سینەمای ئاڤان-گاردی ئیتاڵیش کوالونکویستایە.

 

گیدیۆن باخمان ١٩٢٧ هایلبرۆن -ئه‌ڵمانیا – ٢٠١٦ له‌ كالسروهه‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی دوایی كردووه‌ – كامێرامان و فۆتۆگراف

گیدیۆن باخمان: هەڵبەت ئەو وشەیە وەرناگێڕدرێت، ناچارم کەمێک شیکردنەوەی لەسەر بدەم. بەرەی هاونیشتیمانی[6] حیزبێکی سیاسیی ئیتاڵی بوو کە بە ماوەیەکی کەم پاش جەنگی دووەمی جیهانی، بانگەشەی ئەوەی دەکرد حیزبەکە بۆ هەمووانە، بەڵام لە ڕاستیدا (فاشیزمێکی نوێی)  لە خۆیدا حەشاردابوو. ئەمڕۆ لە فەرهەنگی سیاسیی ئیتاڵیادا کوالونکویستا بووەتە ئاوەڵناو، دەکرێت واتای ئاڵۆزی هەبێت، دەکرێت بە واتای گەڕانەوەی کۆنەپارێزی بێت، یاخود خۆ بە دوور خستنەوە لە بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتیەکان و تۆتالیتاریزم، هاوشێوەی وشەی فریشتەکانی دۆزەخ[7]. شیکردنەوەی سەختە، لە بازنەی پێشکەوتنخوازیدا وشەیەکی قێزەونە. ئەگەر ئەو لیستی تاوانەت بیربێتەوە کە ئۆرسن وێلز لە فیلمەکەی پازۆلینی، لا ڕیکۆتا[8] بەرەو ئەو ڕۆژنامەنووسە گەمژانە هەڵدەدات کە هاتوون چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن، وشەی کوالونکویستای تێدایە…

 

پیەر پاولۆ پازۆلینی: ڕازیستا [ڕەگەزپەرستیش].

 

یۆناس مێکاس: بزووتنەوە ئەورووپییەکان زۆر هۆشیاربوون، وەک ئەوەی خۆت باست کرد لەسەر بنەمای ئەزموونەکان دەجوڵێنەوە، بەڵام لە ئەمریکادا کەمترین ئەزموونی سیاسی هەیە. بزووتنەوە هونەرییەکان – تەنانەت بزووتنەوە سیاسییەکانیش وەک بزووتنەوەی خوێندکاران – بە ئاستێکی هۆشیاری دەستیان پێنەکردووە بەڵکو زیاتر کاردانەوەیەکی فەردی بوو. ئێستا کەمێک لە بیرکردنەوەی مارکسیستی نزیک بوونەتەوە، بەڵام سەرەتا وەکو کاردانەوەیەکی فەردی دەستیپێکرد، وەک ئەوەی کە نەیاندەویست بارودۆخەکە بەو جۆرە بێت کە هەبوو. ئێمە دەڵێین: “نازانین چیمان لە پێشە، بەڵام نامانەوێت لەو شوێنە بین کە وا تێیداین.” ڕەنگە ئەمە گەورەترین جیاوازی نێوان نەوەی گەنجی ئەورووپی و ئەمریکی بێت، لەڕووی ویستی کۆتایی لە سەرەتادا و ئامانج و ئاڕاستەی سیاسی بەر لە کردار. پرسیارێک کە هەمیشە لە ئەورووپا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: “ئامانجتان چییە؟” ئێمەش دەڵێین: “ئامانجمان ئەوەیە لەو شوێنەی کە لێین، بێینە دەرێ.” ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت هەندێک کات پێمان دەڵێن: ئانارشیزم.

 

پیەر پاولۆ پازۆلینی: لە ئەورووپاش ئەزموونێکی هاوشێوە هەبوو، بۆ نموونە شاعیرە بۆهیمییەکانی[9] سەدەی نۆزدە. با ناویان بنێین ڕامبۆییەکان، ئەوانیش لە هەمان ئەزمووندا ژیابوون.

 

یۆناس مێکاس: ئەمڕۆش بزووتنەوەی پرۆڤە هۆڵەندییەکان[10]… ئێمە دەزانین ئێستا لە ئەمریکادا حەوت ملیۆن کامێرا لە ماڵی خەڵکدا هەیە، حەوت ملیۆن کامێرای ٨ ملیمەتری و ١٦ ملیمەتری. ئێمە سینەما لە دەست پیشەسازی دەردەهێنین و دەیدەینە خەڵک لە ماڵەکانیاندا. ئەمە واتای تەواوی سینەمای ژێرزەمینییە[11].

بە دوورخستنەوەی سینەما لە دەست پیشەسازی و زیادەڕەویکردن لە گوتنی ئەوەی هەمووکەسێک دەتوانێت فیلم دروست بکات، ئەو حەوت ملیۆن کامێرایە ئازاد دەکەین. منداڵ کاتێک لە ماڵێکدا گەورە دەبێ و ئەو کامێرایە دەبینێت – لەبری ڤیدیۆی گەشتوگوزاری- دەتوانێت شتێکی تری پێبکات. پێموایە ئەو حەوت ملیۆن کامێرایە وردە وردە بەم جۆرە دەتوانن ببنە هێزێکی سیاسی: هەموو لایەنەکانی واقیع دابپۆشێت. بەرەبەرە کامێراکان دەچنە ناو زیندانەکان، بانکەکان، سووپا و یارمەتیمان دەدەن لەوە تێبگەین کە ئێمە لە کوێین، کەواتە دەتوانین لێرە بڕۆین و بچێنە شوێنێکی دی. دەمانەوێت ئەو حەوت ملیۆن کامێرایە ببێتە دەنگێک.

 

پیەر پاولۆ پازۆلینی: من کەمێک گومانم هەیە… چەند ئامێری نووسین[12] لە ئەمریکا هەیە؟ مەبەستم ئەوە نییە گاڵتە بەو ئومێدەت بکەم، بەپێچەوانەوە.  بەڵام من هەوڵدەدەم بزانم لەبەرچی بۆ ئازادی، سینەما بە ڕێیەکی باشتر دەزانیت وەک لە ئەدەبیات؟

 

یۆناس مێکاس: لەبەرئەوەی بە ئامێری نووسین تۆ فانتازیاکانی خۆت دەنووسییەوە، شێواوییەکانت، خەونەکانت لەناویدا ڕەنگ دەدەنەوە. باشە: تۆ شیعر دەنووسی، بەڵام کامێرا واقعییەت پیشان دەدا، پارچەکانی واقعییەت، ڕووخسارەکان و بارودۆخەکان. چونکە ئەم جۆرە فیلمسازییە هاڵیوود یاخود چینچیتا نییە کە دەخرێتە سەرشاشە. بەڵکو ئەم حەوت ملیۆن کامێرایە وێنە واقیع (هەر بەو جۆرەی کە هەیە) وەک خۆی دەگرێت. هیچ شتێک ناتوانێت لە پشت ئەو ڕووخسارەی کە بەڕاستی دەیبینیت، خۆی بشارێتەوە.

 

پیەر پاولۆ پازۆلینی: دەتوانم بە باشی تێبگەم کێشەکەی تۆ لە چیدایە. یاخیبوونی ئەمریکییەکان شتێکی سەرنجڕاکیش بوو. شتێک ئەمڕۆ لە جیهاندا بەر لە هەموو شتێک ستاییشی دەکەم. بەڵام لە جەوهەردا بۆ هەمیشە لە بنچینەدا نائەقڵانی دەمێنێتەوە کە هەمیشە هاندەرەکان(مۆتیڤ) لە ناو خودی ئەمریکادایە، لە بەشی یاسای ئەمریکا کە دیموکراسیە، ئەوەش ڕاستەقینەترین نموونەی دیموکراسیە. لەم خاڵەدا، هەڵبەت ئەوەی گرنگە ڕێنوێنییە، بەڵام ئەم ڕێنوێنییە تەنیا دەتوانێت ئایدۆلۆژیایەک بێت. ئەمریکا چاوەڕێی ڕێنوێنێک نییە، بەڵکو چاوەڕێی ئایدۆلۆجیایەکە. ئەگەر ئایدۆلۆجیایەکیش لە دایکبێت، ئەوا تۆ توشی جەنگی ناوخۆ دەبیت. ئەگەر جەنگی ناوخۆشت هەبێت ئەوا جیهان ئارامتر ئەبێت، ڕەنگە سێ سەد ساڵ. ئەگەر هەموو ئەمانە کریستاڵیزاسیۆن بکرێن (چونکە مرۆڤ بەم جۆرە دروستکراوە) بەرەو ئایدۆلۆجیایەک، ئەوا هێز بە خەڵک دەبەخشێت بۆ دروستکردنی جەنگی ناوخۆ. لەوانەیە ئەوە ڕاستبێت کە ئایدۆلۆجیا ناتوانێت ئاسانکاری و ئازادییەکانی مرۆڤ دەستەبەر بکات، هەروەها ئایینیش هەیە. ڕەنگە ئەوەی لە ئەمریکادا دروستی دەکەیت بزووتنەوەیەکی سۆفیگەرییانەی ئایینی بێت؟ لەوانەشە بزووتنەوەیەک کە جەنگی ناوخۆ لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.

 

یۆناس مێکاس: جەنگە ناوخۆییەکان خوێناویترینن…

 

پیەر پاولۆ پازۆلینی: لە حاڵیکدا، تەواو ڕوونە ئەگەر ئەم جەنگە ناوخۆییە ڕوو نەدات، ئەمریکا دەبێتە هەڵگری میراتی ئەڵمانیا، دەبێتە وڵاتێکی نازیزم و تا لووتکە لەگەڵ خۆیدا هەڵی دەگرێت.

 

گیدیۆن باخمان:هیچ بارودۆخێکی ئەرێنی لە ئیتاڵیادا هەیە کە سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕاکێشێت؟

 

پیەر پاولۆ پازۆلینی: نا. بەشێوەیەکی زۆر سادە دەڵێم: نا. تازە لە مەغریب گەڕامەوە، لەوێ وێنەی کۆتا فیلمم گرت، لە کاتی گەڕانەوەدا کەوتمە سەر وەسوەسەی ئەوەی کە واز لە هەموو شتێک بهێنم، فیلمەکانم، ژیانی پێشووم و بگەڕێمە بۆ ژیانی مەغریب. لەبەر ئەوە نا کە مەغریبم خۆشدەوێت، بەڵکو گەڕانەوەم بۆ ئیتاڵیا هێندە ترسناک، شۆکهێنەر بوو، لەتاقەت بەدەربوو. هیچ نیشانەیەک بۆ هیوایەک، بۆ ڕووناکییەک نییە، هیچ شتێک. وەک گەڕانەوە بوو بۆ شێتخانەی شێتە ڕاستییەکان، هەمان ئەو شێتە هێمنانە. دە ڕۆژی پڕ لە ترسم تێپەڕاند وەک ئەوەی چیتر نەتوانم لە ئیتاڵیا بژیم. لە ماوەی ئەو دە ڕۆژەدا بیرم لە جێهێشتنی ئیتاڵیا کردەوە، لە هەمووشی خراپتر ئەوەیە ئیتاڵیاییەکان لە هیچ شتێک تێناگەن. دوای ئەوەی تۆ لە بارەی نیویۆرکەوە قسەت بۆم کرد، ڕەنگە دەست لە هەمووشتێک هەڵگرم و بڕۆم لە بیابانێکی مەغریب بژیم، کە کێشەکان سادە و زانراو و پێش-پیشەسازین، تەمبەڵی، گەشەنەکردوویی، هەژاریی – هەموو ئەو شتانەی فێریان بووین لەگەڵ ئەواندا فڕێیان بدەین.

 

 

یۆناس میكاس؛ من هیچ شوێنێكم نییه‌ بۆی بڕۆم – گوته‌یه‌كی میكاس له‌فیلمه‌ك له‌ده‌رهێنانی دۆكلاس گۆردن – ٢٠١٦

لە یادداشتەکانمەوە، ٢٦ـی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٥٩

کاتێک بەیانی وه‌ئاگاهاتم، بەسەر دەشتە بێ كۆتاییه‌كاندا ڕاماندەکرد،  لە دەریاچەی ئێرییەوە بۆ باکوور. پارچە بەفرەکان، درەختە پەرشەکان، ئێستای بەستوو، لە ئارامییەکی مەزندا وەستاون، هێمنییەکی گەورە بە هەموو لایەکاندا پەلیداوە. کاتێک دەڕوانمە ئەم دیمەنە، هێندە کەسایەتی، شێوەی تایبەتی هەبوو، کاردانەوە و وننەبوون لەناویدا سەخت بوو، بەسەرمدا زاڵ بوو، سەرماکەی پاک بوو و زستانی هەقیقەت بوو. ئاسوودەگی و بەختیارییەک لەناویدا بوو، پاکیی دەبەخشی. هێزێکی پێدەبەخشیم هەموو خۆنواندنەکان، ڕەسمیبوونەکان وەلانێم و ببمە خۆم. هەروەک ئەم دیمەنە کە تەنیا خودی ڕووتی خۆی بوو، خودی ڕووتی خۆی، لەم بەیانیە زووەی زستاندا و لەگەڵ درەختە ڕووتە سەرمابردەڵەکان و کلووە بەفرەکان وچاڵاوە بەستووەکان.

پیاوێک هاتە ژوور. لە وێستگەیەکی بچووک. گوتی:”بەفرمان لە پێشە.” وا دیار بوو دیویست بڵێ:”ئاه…بەفر لە ئێمە پاکترە، بەفر لە ئێمە زیاتر خودی خۆیەتی، بەفر لە پیشمانە لە خودێتی خۆیدا، لە سپێتیی پاکی خۆیدا، لە سەرماکەیدا، لە چارەنووسی کریستاڵییدا، لە زستانی دەشتی دەریاچە مەزنەکان[13] بەفر هەمیشە ئەوەیە کە هەیە، هەمیشە چارەنووسی خۆی سەرسەختانە دەهێنێتە دی و لەگەڵ ئارامییەکی وادا کە لەدەرەوەی پەنجەرەی شەمەندەفەرەکەوە هەیە. تەماشا دەکەم و دەمەوێت هاوار بکەم، وەک ئەوەی لە مناڵیدا ڕاهاتبووم: “ ئاهـ بەفر، بەفر، بەفر! دووبارە لەگەڵیدا بمەوە، دووبارە لەگەڵیدا بمەوە!

دیترۆیت، لە دیترۆیت وەستاین. جۆگەلەکانی سەرما هاتنە ژوور. هێندێک کەس دەبوویا بڕۆشتنایە. لەناکاو، چ دیمەنێک! چ کۆکراوەیەکی ناشرین، چ ئاپۆڕایەکی ناشرینی ژنان و پیاوانی تەڕبوو، هەڵکوڕماو، نەفرەتاوی. هەمووان مۆن و تووڕە دیاربوون. تووڕە بوون لە گەڕانەوە بۆ شارەکانیان؟ یاخود تەنیا لەبەر هاتنیان تووڕەن؟ لەناکاو، بەبێ بینینی شارەکە، تەنانەت بەبێ تەماشاکردنیشی، ڕووحی ناشرینی ڕووتی ئەو لە نیگاکانمدا بوو. ڕووحی دیترۆیت.

ئەم خەڵکە مڕومۆچانە، پیاو و ژن، تەنانەت دەردەدارەکان بە گۆچانەکانی دەستیان کە تفیان ڕۆ دەکردە سەر زەوی، وەک ئەوەی قاچ شکاوەکان ڕێ بەخۆیان بدەن تۆڵە لە هەموو ئەوانە بکەنەوە کە قاچیان نەشکاوە – و ئەم ژنە کە مناداڵە چکۆڵانەکەی ڕادەکێشێت، کچێکی چوار ساڵە دەگریت – و هەموو ئەم ژن و پیاوانە بە کڵاوە بێ سەلیقە و ڕووخسارە عەبووس و جانتا پیسەکانیانەوە.

ئەوان ڕوحی دیترۆیت بوون: دیترۆیتێک کە هەرگیز نامەوێت بیبینم. تەنانەت ئێستاش وەک نەخۆشییەک بە پێش چاومدا دێت و ناخودئاگا خۆم بە کورسییەکەمەوە دەنووسێنم و خۆم گرمۆڵە و بچووکتر بچووکتر دەکەمەوە، هەوڵ دەدەم نادیار دەرکەوم، بازنەیەک بە دەورمدا دەکیشم تا خۆم بپارێزم لەم دیمەنە و هەڵمە دڵۆپ دڵۆپ داچۆڕاوەکەی.

دەتوانم بوونی لە دەوروبەری خۆمدا هەستپێبکەم، بۆ ماوەیەکی زۆر لە بارودۆخێکی نادیار و گۆشەگیریی خۆم مامەوە، تا شەمەندەفەرەکە لە تۆپەڵە ئۆتۆمبێلە ڕەشەکانی سکرابخانەکە و درەختە دڕکاوییەکان و خانووی کرێکارە ناشرینەکان و دووکەڵکێشەکانی، ڕەش تەنانەت ڕەش تا ژێر بەفریش، وەڕێکەوت. تا ئەو کاتەی دووبارە دیمەنێکی دیکە دەرکەوتەوە.

 

 

سەرچاوە:

https://bombmagazine.org/articles/pier-paolo-pasolinis-selected-poetry-edited-and-translated-by-stephen-sartarelli/

 

په‌راوێزه‌كان 

[1] Recorded

[2] Centro Sperimentale

[3] نووسەری سەدەی چواردەم، خاوەن کتێبی: حیکایەتەکانی کانتێربەری

[4] Centro Sperimentale di Cinematografia

[5] Qualunquista:بزووتنەوەیەک بوو دوای جەنگی دووەمی جیهانی سەریهەڵدا، کە زیاتر هەوڵیان دەدا حیزبە سیاسییەکان لە دەوڵەت جیابکەنەوە. دەکرێت بەمانای کەمتر گرنگیدان بە سیاسەت و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتیش بێت.

[6] Fronte dell’Uomo Qualunque

[7] Hell’s Angels

[8] La Ricotta

[9] The Bohème poets

[10] Dutch provos بزووتنەوەیەکی سیاسی بوو لە دەیەی شەستەکان، لە ئەمستردامدا دروستبوو.:

[11] Underground Cinema

[12] Typewriter

[13] Great Lakes

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

 

بۆ كۆی ته‌وه‌ره‌ی سینه‌مای یۆناس میكاس فه‌رموون:

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/هونه‌ر/سینه‌ما/jonas-mekas-1922-2010/