بوونەوەرە گڕگرتووەکان - Flaming Creatures بونەوەرە گڕگرتووەکان فیلمێکی ئەزموونگەراییە لە دەرهێنانی جاک سمس ساڵی ١٩٦٣. لە ساڵی ١٩٦٤ پۆلیسی شاری نیویۆرک فیلمەکەیان قەدەغە کرد و دواتر یۆناس مێکاس و کێن جاکۆب و فلۆرێنس کارپف زیندانیکران.

لە ستایشی یۆناس مێکاسدا، “هیچ شتێک جگە لە یادەوەرییەکان


Loading

بۆ یه‌کەمجار لەگەڵ بەرگە ڕه‌نگ زەردەکانی ساڵانی پەنجای گۆڤاری کایە دو سینەما[1] دا بوو، تێگەیشتم کە سینەما بە ئەندازەی هونەرەکانی پێش خۆی درەوشاوە و پێشکەوتووە. گۆدار[2]ی گەنج، گۆدارێک کە هەمیشە گەنجە، لەو ساڵانەدا دەڵێت؛  سەردەمی ئەو کەسانەی هێشتا وه‌ها  بیردەکەنەوە کە نوسین بەنرختر و جدیترە لە فیلمگرتن، کۆتایی هاتووە….

لەو کات بەدواوە ئیتر نیکۆڵاس ڕەی هێندەی هەمەنگوەی درەوشاوە بوو. مینەلی بە ئەندازەی فلۆبێر دەیتوانی وێنای جیهان بکات و موناو هیچ کات شتێکی لە شکسپیر کەمتر نەبوو. سینەما تەنیا دوای چەند دەییەک توانی بانگەشەی ئەوە بکات، بە هێندەی هونەرەکانی دی کە چەند سەدەیەک مێژوویان هەیە، بۆ ژیان و مرۆڤەکان گرنگە. بەڵام سینەما جیاوازیەکی گرنگی لەگەڵ هونەرەکانی تردا هەیە. نوسەرێک دەتوانێت ئەگەر لانیکەم بنمیچێك و نان و ئاوی هەبێت، بە تەنیا بنوسێت. نیگارکێشێک بە پەڕمووچ و ڕەنگەکان شاکارێکی بێهاوتا بئافڕێنێت. ئاوازدانەرەکان بۆ نوسینی نۆتە و موزیک پێویستییەکی وایان بە سەرمایە نییە. چەند کەسێک دەتوانن کۆببنەوە و شانۆیەک نمایشبکەن و شاعیرەکان کە لە هەموو ئەمانە هەژارتر بوون.

یۆناس میكاس Mekas, Jonas
1922- 2019

تا پێش هاتنی سەردەمی سینەما ئەگەر لە زەمینەی هونەردا باسی پارە دەکرا، ئەوە مەبەست پەیوەندی نێوان هونەرمەند بوو بە پارەوە، نەک خودی هونەر. قسە لەسەر گوزەران و ژیانی هونەرمەند بوو نەک دروستکردنی هونە. هیچ کەس نەیدەپرسی نیگارکێشێک چۆن و بە چی سەرمایەیەک دەتوانێ تابلۆ بکێشێت. بەڵکو پرسیارەکە ئەمە بوو: نیگارکێشێک چۆن دەتوانێت بەردەوامی بە ژیانی بدات ئەگەر کەس تابلۆکانی نەکڕێت؟ بەڵام سینەما پرسیارێکی نوێ و بنچینەیی هێنایە پێش: دەرهێنەر بەچی سەرمایەیەک دەتوانێت فیلم دروست بکات؟

(کایە دو سینەما) ئەوەی دەرخست سینەما هێندەی هونەرەکانی تر گرنگە، بەڵام لەگەڵ ئەم پرسیارە ڕووبەڕوو نەبووەوە چۆن کەسێک، کەسێکی ئاسایی، لە ململانێی ئەم هونەرە گرنگەدا دەست بە ئافراندن بکات! (هەڵبەت گۆدار لەلایەن خۆیەوە چەند ساڵێک دواتر، بە شێوەیەکی کرداری و بە دروستکردنی فیلمی هەرزان وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگەی دایەوە.) سینەما، بەهۆی ڕەخنەگرە ئەوروپاییەکانی دوای جەنگ، دووبارە فیلمە ئەمریکییەکان توانیان خۆیان لە دەست سەردەمی  فیوداڵیزم دەربهێنن، بەڵام هێندەش دیموکراتی نەبوو. لەو کاتانەدا، هونەرمەندێکی ناوازە، ئەم جارە هونەرمەندێکی کۆچکردووی ئەورووپایی بۆ ئەمریکا دوای جەنگ، کەڵکەڵەی دیموکراتیزەکردنی سینەمای لە زەینیدا پەیدابوو: یۆناس مێکاس. هونەرمەندێکی دووبارەنەبووەوەی ناوازەی دەورانساز. ئەو کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گیانی لەدەست دا.[3]

 

مێکاس بۆ یەکەمجار ڕێی ئەوەی واڵا کرد دەرهێنەرە ئەزموونگەراکان بتوانن لە فیستیڤاڵەکان بە ئاسانی فیلمە هەرزانەکانی خۆیان لە سەر شاشە نمایش بکەن. هەڵبەت بەر لەو کەسانی وەک ئامۆس ڤوگوڵ فیستیڤاڵیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئەوان هاوشێوەی تەواوی فیستیڤاڵەکانی تر، لە سەرەتاوە فیلمەکانیان هەڵدەبژارد بۆیە ڕێیاندەدا ئەو فیلمانەش بێنە پێشبڕکێکەوە. بەڵام مێکاس بە شێوەیەکی جیاواز، بە هیچ جۆرە پێشبڕکێیەک ڕەزامەند نەبوو و دەیگووت؛ کە هەموو فیلمەکان دەتوانن بێ هیچ قەید و شەرتێک لە ڤیسیڤاڵەکاندا بەشدار بن.

ئەم کارە هیچ نەبوو جگە لە مافێكی دیموکراسیی ڕادیکاڵ و یۆتۆپیایەک لە سینەما. ئەو لە هیچ بوارێکی تر بەهەڵبژاردن قاییل نەبوو و لە ساڵانێکدا کە هێشتا لە ئەمریکا یاسای کلاسیک و کۆنەپارێز و سانسۆر لە ئارادا بوو، نمایشی فیلمی تابۆشکێنانەی بونەوەرە گڕگرتووەکان [4]Flaming Creatures لە دەرهێنانی جاک سمس[5] و دواتر دەستگیرکردنی مێکاس بەجۆرێک کاریگەریی هەبوو بەسەر فەزای هونەری ئەمریکادا، کە دواتر تەواوی فەزای هونەری ئەمریکا کەوتە ژێر کاریگەریی فیلمەکە و لە کۆتاییدا بووە هۆی زیندانیکردنی مێکاس.

 

بونەوەرە گڕگرتووەکان – Flaming Creatures بونەوەرە گڕگرتووەکان فیلمێکی ئەزموونگەراییە لە دەرهێنانی جاک سمس ساڵی ١٩٦٣. لە ساڵی ١٩٦٤ پۆلیسی شاری نیویۆرک فیلمەکەیان قەدەغە کرد و دواتر یۆناس مێکاس و کێن جاکۆب و فلۆرێنس کارپف زیندانیکران.

 بۆ بینینی فیلمه‌كه‌ فه‌رموون؛ https://archive.org/details/aronaamora_yahoo_Fcr

 ئەو لەژێر کاریگەریی بزوتنەوەی هونەریی و ڕۆشنبیریی سەردەمی خۆی، لە بزووتنەوە سەرەکییەکانی سینەما پەنای گرت و تا کۆتایی تەمەنی ڕووی کردە سینەمای ئەزموونگەرایی[6] و ئاڤانگارد[7]. سینەمایەکی هەرزان، پێشکەوتوو و داهێنه‌رانه‌، کە وەک خوداکەی سپێنۆزا، هەموو کەس دەیتوانی لەناویدا و بە بەشێک لە خۆی، شتێک بخوڵقێنێت و هەموو ساتێک سینەمایەکی نوێ دروستبکات. کایە دو سینەما کە گەڕابۆوە و یادی ئەوەی هێنایەوە کە سینەما چەندە بەنرخە وەک هەموو هونەرەکانی تر، بەڵام مێکاس وەک باوکی سینەمای ئاڤانگارد هەنگاوێکی گەورەتری هەڵێنا و هەمان لوجیکی لەناو سینەما بردە پێش. میراتەکەی مێکاس ئەوە بوو: فیلمە ئاڤان-گاردەکان و ئەزموونگەراییەکانیش هێندەی فیلمەکانی تر گرنگن.

مێکاس لە شوێنێکدا پێشنیار دەکات بۆ کەسانی تر کە تا دەتوانن فیلم دروست بکەن. ئەو دەیگووت: گرنگ نییە فیلمێکی کامڵ دروست بکەی، لەبری ئەوە هەزاران فیلمی ناکامڵ  دروست بکە…. ئەم گووتانە قسەی کەسێکە کە لە سینەمادا پێش هەر مرۆڤێک، بە پێست و گۆشت و ئێسقان هونەری ئەزموونگەرایی ئەزموونکرد. کەسێک نیو سەدە لەمەوبەر بە یەک نەفەس و بەدوای یەکدا ژیانی ڕۆژانەی خۆی فیلمدەگرت.

یۆناس ڕۆژێک دوای بینینی فیلمێکی جۆن کاساڤێتیس هەس دەکات هیچ ڕێیەکی دیی نییە بۆ زیندوو مانەوە جگە لە فیلمگرتن نەبێت. ئەو بە یارمەتی براکانی کامێرایەکی شانزە میلیمەتری دەکڕێت و دەست دەکات بە فیلمگرتنی ناڕێک و فیلمی سەرپێی. فیلم لە هەموو شتێک دەگرێت، ماڵ، شەقام، دیوار، خۆر، زەوی، ئاسمان، باڵندە، گوڵ، چیمەن، ژن، مناڵ، هاوڕێ و هەرچییەک کە هەیە. ئەو پێیوایە؛ هەرچی کە هەیە شایەنی تۆمارکردنە. ئەم کارە هەر لە سەرەتاوە پرسیارێکی گەورە لای مێکاس دروستدەکات؛  چۆن دەتوانێت ژیانی ڕابوردووی خۆی، ژیانی پێش ئاشنایی بە کامێرا و فیلمسازی، فیلم بگرێت؟ سەردەمی لەدەستچووی ژیانی چۆن تۆمار بکات؟

 

مێکاس لە گوندێکی لیتوانیایی لەدایکبووە، ساڵانی دواتر لە سەردەمی دەسەڵاتی نازیدا دەخرێتە زیندان و دواتر بەرەو ئەمریکا هەڵدێت. ئەو لە تەواوی ئەم ڕووداوانەدا هیچ فیلمێکی تۆمارکراوی نییە و باش دەزانێت وەکو فیگورێکی کۆچکردووی ئەمریکا، ژیانی چەندە وابەستەی ئەم ڕووداوانەیە. هەربۆیە ڕابوردوو دەبێت بە بابەتی سەرەکیی ئەو لە فیلمسازیدا. پەیوەندی فیلمگرتن و ڕابوردوو چییە؟ فیلمگرتن لەگەڵ ڕابوردوو لە کوێدایە؟ ڕابردوو چی بەسەر فیلمگرتندا دەهێنێت؟ ئەو فیلمسازێکە بە تەواوی مانا ئەزموونگەرە و ئەزموون هیچکات بە واتای سەربەخۆیی نایەت لە ڕابردوو. بەبێ ڕابوردوو هیچ ئەزموونێک بوونی نییە و ئەزموون بەبێ ڕابردوو ناتوانێت فۆڕم وەربگرێت.

میكاس له‌گه‌ڵ براكه‌ی له‌ نیویۆرك ١٩٥١

مێکاس لە ساڵی ١٩٧١ دوای بیستوپێنج ساڵ بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە لیتوانیا تا ژیانی بێ فیلمی، فیلم بگرێت. لە فیلمەکانیدا هیچ بەلای ئەو شتانەدا کە لە ماوەی چارەگە سەدەیەک گۆڕانکاریی بەسەر شوێنی ژیانی، شار و وڵاتدا هێناوە، ناڕوات. تەنیا ڕێگایەکی هەبێت، فیلمگرتنیەتی لەو پاشماوانەی ماونەتەوە. مێکاس لە فیلمەکانیدا مەحاڵی ئەم هەوڵدانە پیشان دەدات. ئەو بە زۆر دەیەوێت ڕابردوو بژیەنێتەوە، بەڵام هاوکات تێدەگات کە ناکرێت ڕابردوو دووبارە بژیەندرێتەوە. ئێرە ئەو شوێنەیەک کە واتای یادەوەری دێتە ناو باسەکەوە. یادەوەری وەک ناوبژیکارێک، کە دوو کێشەی ناپەیوەندیداری وەک: ناچاریی تۆمارکردنی جیهان و یادگاریی ڕاوبردوو پێکەوە دەبەستێتەوە. لە فیلمەکانی مێکاسدا، بەهۆی بوون و ئامادەگییەوە هەموو شوێنەکان دەبن بە یادەوەری. ئەم دژیەکە بنچینەییە بەجۆرێکی تر چارە دەکات: گۆڕینی ڕابردوو بۆ کاتی ئێستا ئەستەمە، بەڵام ئێستاش دەگۆڕدرێت بۆ ڕابردوو، نەک تەنیا بۆ ڕابردوو بەڵکو دەشگۆڕێت بۆ یادەوەری. فیلمەکانی مێکاس هەمووی یادەوەرین. تەنانەت ئەو فیلمانەی لە ژیانی ڕۆژانەی خۆی لە  نیویۆرک گرتوویەتی، تایبەتمەندییەکی یادەورییانەیان هەیە. ئەو واز لە فیلمەکانی دەهێنێت و لێدەگەڕێت تا چەند ساڵێک تێپەڕیت و دواتر گرتە فیلمە تەواونەکراوەکان پێکەوە دەلکێنێت، تا شێوەی یادەوەریئاسایان لە کاتی مۆنتاژ بپارێزێت. فیلمەکانی مێکاس وەک یادەوەری تێپەڕ و هەڵهاتوون، بێ ڕیزکردن لە تەنیشت یەکەوەن، لە ناوەڕاستدا دەڕۆن، بێئاگا دیار نامێنن و دووبارە ڕووناکتر دەگەڕێنەوە. هەندێک کات لە ناوەڕاستی فیلمێکدا بێ ئەوەی چاوەڕوان بین، لەناکاو دیمەنی خەندەیەکی نادیار دەردەکەوێت. چەند چرکەیەک دەمێنێتەوە و پاشان لە فرەیمێکدا ون دەبێت. لە هەندێک کاتدا ڕیتمی گرتەی فیلمەکان زۆر دەبن و گرتەفیلمەکان لەناویەکدا تێکەڵ دەبن و وێنەکان شوێنەکانیان دەسپێرن بە وێنەی داهاتوو. جۆرە هەستێک لەم فیلمگرتنە ڕۆژانه‌ییەدا هەیە کە وێنەکان بە خێرایی دەگۆڕدرێن بۆ یادەوەری. هەر فیلمگرتنێک نەک تەنیا فیلمگرتنە لە یادوەری، بەڵکو هاوشێوەی یادەوەری لە فیلمێکدا دەردەکەوێت. تۆمارکردن تەنیا لە ئاستی یادەوەریدایە. تەنێ دەرهێنەرێکی ئەزموونگەرای تاراوگە لەمە تێدەگات.

 

فیلمەکانی مێکاس دەفتەری وێنەی یادەوەرین. ئەو ژیانی خۆی لە ڕێی کامێراوە دەگۆڕێت بۆ نیگایەکی واقیعیانە. یادەوەری ئەو بەشانەن کە لە ڕابردوو پێکهاتوون و تایبەتمەندێتی و جیاوازییەکان دەگونجێنێت. تەنیا ساتە تایبەتییەکانی دەروون دەمێننەوە، یاخود دەگەڕێنەوە زه‌ینین. مەبەست لەو ساتانە تەنیا کاتە گەورە و ڕووداوە گرنگەکانی ژیان نییە، بەڵکو زیاتر ئەو بەشە  ووردانه‌ن  کە هەستێکی پروستین و هەموو ڕۆژ ئەزمووندەکرێن.

 

نیوەڕۆیەکی پاییزی، هەورەکان لە ئاسمان، شنەبا، دەنگگەلی کپی دوور، جووڵەی چەند پیادەیەکی بێگانە و ونبوونیان لە شەقام، جۆرێک نەخۆشی و هەستی ماندووبوونێکی تایبەت. ژیانی ڕۆژانە ئەم چرکەساتانەیە، بەڵام تایبەت. ساتێکی ئاسایی بەڵام بێهاوتا بۆ کەسانێک کە تەنیا یەکجار دەژین. دەفتەری یادەوەرییە سینەماییەکانی مێکاس ئەم وێنانە بەردەوام دەگۆڕێ بۆ یادگاری. یادەوەری وەک شوێنی درەوشانەوەیەک، بریقەیەک، ڕووناکییەک. چوارچێوەی گرتەفیلمەکانی مێکاس بە ڕووناکییەوە نەگۆڕە، ڕووناکی زەرد، گەش و بێهاوتا – من لە هیچ جێیەکی سینەما ڕووناکییەکی هاوشێوەی ڕووناکیی فیلمەکانی مێکاسم نەبینیووە – کە بە نەرمی خۆی دەخشێنێتە چاوی بینەر و بە گەرمی دەدرەوشێتەوە. ڕووناکییەک وەک خۆری ڕۆژێکی خۆش. وەک ڕووناکییەک لە یادەوەری ناو دنیای تاریکی فەرامۆشی. مێکاس دەڵێت: “دەڕوانیتە خۆر، بۆیە دەگەڕێتەوە ماڵ و ئیتر ناتوانی کار بکەیت.” خۆرێکی گەرم هەمیشە لە فیلمەکانی ئەودا دەدرەوشایەوە.

 

مێکاس سەردەستەی ئەو دەرهێنەرانە بوو کە دەیانویست جیهان لە گشتێتییەکەیدا بپارێزن. گۆدار، مارکەر، فارمپتۆن، وارهۆڵ، بینگ و دەرهێنەرانی تر. ئەو هێندەی هەست بە مەترسی دەکرد لەم دنیایە، لە هەموو ساتێکدا ئاوێنەکان ڕوو لە مەرگ و لەناوچوونن، بۆیە دەرهێنەر دەبێت ئەمە بێ دوودڵی و دواخستن لەناو فیلمەکانیدا بپارێزێت. یۆناس مێکاس چەند ڕۆژێک لەمەوبەر مرد و بەڵام هێشتا ژیان بەردەوامە. ئێمە کە لە ژیاندا جگە لە نەفرەت و ستایش شتێکمان نەکردووە، بەڵام خۆزگە ژیان بە جۆرێک بەردەوام دەبوو تا لانیکەم بەسەر نەوەکانی داهاتوودا شانازی ئەوە بکەین ڕۆژێک لە ڕۆژان هاوسەردەمی دەرهێنەرێک بووین بە ناوی یۆناس مێکاس.

سەرچاوە:

https://www.vitascope.biz/essay/74/در-ستایش-یوناس-مکاس/    نوسینی: حیسام ئەمیری  

په‌راوێزه‌كان 

[1] Cahiers du Cinema

[2] Jean-luc Godard

[3] Jonas Mekas (24 December 1922 – 23 January 2019)

[4] بوونەوەرە گڕگرتووەکان فیلمێکی ئەزموونگەراییە لە دەرهێنانی جاک سمس ساڵی ١٩٦٣. لە ساڵی ١٩٦٤ پۆلیسی شاری نیویۆرک فیلمەکەیان قەدەغە کرد و دواتر یۆناس مێکاس و کێن جاکۆب و فلۆرێنس کارپف زیندانیکران.

[5] Jack Smith

[6] Experimental Cinema

[7] Avant-Garde

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.