تەکنیکی نووسین بەبێ سرووش

تەکنیکی نووسین بەبێ سرووش

Loading

ڕۆژانە گەلێک دەقی هەمەجۆر لە فۆڕم و ژانری جیاواز دەنووسرێن، زۆر لەوانە پشت بە سرووش و خەیاڵ یاخود بە زانیاری و بوونایەتی بەرجەستە دەبەستن. بەڵام کاتێک دەخوازین بەبێ ئیلهام و باسی کۆنکرێت دەقێکی جدیی بنووسین و توێژینەوەمان هەبێت، پێویستمان بە فێربوونی تەکنیکێکی تایبەتی نووسینە کە یارمەتیدەربێت بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریکردنی دروست. ڕەنگە دەستکردن بەم شێوە نووسینە سەخت بێت، بەڵام کە فێری تەکنیکەکەی بوویت، هەنگاو بە هەنگاو پڕۆسەکە بەرەوپێش دەچێت. لەمبارەیەوە، لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە کۆمەڵێک ڕێنمایی دەدەین دەربارەی چۆنییەتی نووسین بەبێ سرووش:

 

١. هەموو نووسینێک دەبێت ئامانجێکی هەبێت. پێش هەر شت، بیربکەرەوە، دەتەوێت چی بگەیەنیتە خوێنەر؟

٢. بابەتەکە بۆ کێ دەنووسیت؟ کێن ئەوانەی دەیخوێننەوە؟ پێویستە هەر نووسینێک ئاراستەی کۆمەڵێک یاخود کەسانێکی دیاریکراو بکرێت. ئەگەر پێتوایە بۆ هەمووان دەنووسیت، ناگەیتە کەس.

٣. بەبێ دیاریکردنی کاتێک بۆ تەواوکردنی نووسینەکە، دەشێت دەقەکه هەرگیز ئامادە نەبێت. باشتروایە نەخشەیەکی کات دابڕێژیت بۆ هەر هەنگاوێک که لەگەڵ نووسینەکە دەینێیت. بەرنامەکەت وا دابنێ کە هیچ بۆ دواخولەک جێنەهێڵیت.

٤. بیرۆکەکانت لەگەڵ کەسانێک تاووتوێ بکە کە تێبگەن تۆ خەریکی چیت و بیر لە بۆچوونی ئەوانی دی بکەرەوە. بە دەوروبەرەکەت کونجکۆڵبە و بخوێنەرەوە. بۆ وەرگرتنی هەوای پاک و وزە بچۆ دەرەوە و پیاسەی فەلسەفیی دوورەڕێ بکە، ئەمە کاریگەریی سەرسوڕهێنەری بۆ بیرکردنەوە دەبێت. بۆچوون و لێکدانەوەکانت یاداشت بکە.

٥. خوێندنەوەی سەرچاوەی پەیوەندیدار بە بابەتەکەتەوە و کۆکردنەوەی کەرەسە بۆ پڕۆسەی نووسینەکه پێویستە. هەڵبژاردەی بەدواداچوون و سەرچاوەکان لەگەڵ کارەکەت و خشتەی کاتەکانت بگونجێنە. واقیعبینانە مەزەنە بکە فریای چەند دەکەویت؟

٦. چەند پرسیارێک دیاری بکە کە بابەتەکەتی لەسەر بنیات بنێیت. پرسیارەکان بە ڕوونی دابڕێژە و بیرت بێت که تەواو پەیوەندیداربێت بە باسەکەتەوە. لە درێژەی تێکستەکەتدا وەڵامی پرسیارەکان بدەرەوە و بە هێنانە ئارای باسی دی لە تەوەری پرسیارەکان دوورمەکەوەرەوە، تا بابەتەکەت پارچەپارچە نەبێت.

٧. بەبێ سانسۆر دەست بە نووسین بکە، لەم هەنگاوەدا لەسەر ڕێکخستنی زمانەوانی مەوەستە، تەنها لێگەڕێ بیرکردنەوەکانت ببنە پیت و وشە. کاتێک بێسانسۆر دەنووسیت باشتر گوزارشت دەکەیت و دەتوانیت زۆرتر بڵێیت. دوای ئەوەی بڕێکی باش دەنووسیت، بژاری تێکستەکه بکە و بڕگە و دەستەواژە زیادەکانی لێ لابدە.

٨. لە سەروەختی نووسیندا، ئاگاداری ئاماژەدان بە سەرچاوەبە و دڵنیابە لەوەی سەرجەم ڕوونکردنەوە و پەڕەگرافە بێ ژێدەرەکان لێدوانی خودی خۆت بێت. پاش کارکردنێکی باش لەسەر دەقەکە، دەبێت شێوازی داڕێژانی دەقەکەت دیاریکردبێت. کەرەسەی بەکاربراو و تیۆرییە پەیوەندیدارەکانت ناساندبێت. گفتوگۆ و شیکاریی تەواوی بابەتەکەت کردبێت. هەروەک چۆن پێویستە کۆتایی دەقەکە پوختەی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەت بێت و دەستپێکێکی سەرنجڕاکێشیشت بۆ بابەتەکە نووسیبێت کە وا بکات خوێنەر پەلکێشی خوێندنەوە بکات. کاتێکیش دەچیتە سەر پاکنووسی ڕێنووس و خاڵبەندی و چێکردنی زمانەوانی، دڵنیابەرەوە لەوەی داوێکی نەپساو لە دەستپێک تا کۆتایی باسەکە هەبێت.

٩. بۆ کۆتاییهێنان به بابەتەکە، گرنگە پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ شێوازی داڕشتنەکەی بکەیت. ئایا ئەرگومێنتەکان لۆجیکین؟ زاراوە و چەمکەکان لەگەڵ بیرۆکەی نووسینەکەدا گونجاون؟ دەشێت لەم هەنگاوەدا لە دەقەکە ماندوو بووبیت، بەڵام گرنگه پشوودرێژبیت بۆئەوەی دەقێکی ناڕێکوپێک پێشکەش نەکەیت. کات بدە بە خۆت و سەرجەم ناڕێکی و هەڵەکان ڕاست بکەرەوە.

١٠. دیسان بیرت بێت هەموو کارەکه به بەرنامە بکەیت. نووسینی ئەکادیمی وەک ژانرێکی تایبەت دەرئەنجامی پرۆسێسێکە پشت به کات دەبەستێت، ئەمە بەوپێیەی تۆ وەک نووسەری توێژینەوەکە دەبێت کەرەسە کۆبکەیتەوە، سەرچاوە دیاری بکەیت، لە تیۆرییە پەیوەندیدارەکاندا قووڵ ببیتەوە و لێدوان و لێکدانەوەی تایبەت بە خۆتت لەسەر بابەتەکە هەبێت. بۆیە بەبێ بەرنامەدانان کاری باش بە بەرهەم نایەت.

هەڵبەت دەکرێت ئەم تەکنیکە زۆر وردتر شیبکرێتەوە و دەربارەی چۆنییەتی بەئەنجامگەیاندنی کارەکە زیاتر بدوێین، ئەم تێکستە تەنها ئاماژەدانێکی کورتە بە هەنگاوەکان.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.