مەعین بەسیسۆ؛ شاعیری فەلەستینی ١٩٢٨ - ١٩٨٤

مەعین بەسیسۆ؛ سترانێك بۆ سه‌مه‌رقه‌ند


Loading

سترانێك بۆ سه‌مه‌رقه‌ند

 مه‌عین به‌سیسۆ

و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

نەژاد عەزیز سورمێ؛ کاری کۆلاژ

 ( له‌ كاتێكدا ته‌یموری له‌نگ دوور له‌ شاری سه‌مه‌رقه‌ند ، خه‌ریكی یه‌كێك له‌ شه‌ڕه‌كانی ده‌بێ ، خانمی ژنی هه‌موو ئه‌ندازیارانی سه‌مه‌رقه‌ند كۆ ده‌كاته‌وه‌ په‌رستگه‌یه‌كی مه‌زنی بۆ دروست بكه‌ن ، پێشوازی ته‌یمووری  پێ بكا ، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك په‌رستگه‌كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژێكدا ته‌واو ببێ .

ڕاستیی هیچ ئه‌ندازیارێك نه‌یوێرا خۆی له‌م پرۆژه‌یه‌ بدا ، ئه‌ندازیارێكی گه‌نج نه‌بێ ، ئه‌ویش له‌به‌رابه‌ر ئه‌وه‌ی خانمی ژنی ته‌یمووری له‌نگ ماچێكی بداتێ ..

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خانم ته‌ماحێكی زۆری خسته‌ پێش ئه‌ندازیاره‌ لاوه‌كه‌ بێ سوود بوو.. ئه‌ندازیار هه‌موو زێڕ و گه‌وهه‌ری ڕه‌ت كرده‌وه‌ و به‌ ماچه‌كه‌وه‌ نووسا ..

ئاكام خانم ده‌ستی خسته‌ سه‌ر ڕوومه‌تی و ڕازی بوو به‌وه‌ی ئه‌ندازیار‌ به‌سه‌ر ده‌ستی له‌رزۆكییه‌وه‌ ماچی بكا ..

به‌م جۆره‌ په‌رستگه‌ دروست بوو .

كه‌ ته‌یموورله‌نگ گه‌ڕایه‌وه‌ ، پێی زانی ، ویستی سزای ئه‌ندازیاره‌ گه‌نجه‌كه‌ بدا ،

به‌ڵام سوودی نه‌بوو ، ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێ ون بوو و ده‌سگیر نه‌كرا . )

نەژاد عەزیز سورمێ؛ کاری کۆلاژ

خانمه‌كه‌م

نه‌ له‌شكرشكێنم ، نه‌ خاوه‌نی ده‌ربار

به‌ڵام پێم ده‌كرێ ئه‌وه‌ت بده‌مێ

شیر و خه‌نجه‌ر و

هه‌موو ته‌خت و تاراجی زه‌وی نه‌یاندابیێ

چه‌ند ئاسانه‌ ئه‌م جیهانه‌ به‌ له‌پی ده‌ست سه‌رببڕێ

چه‌ندیش ئاسته‌م‌

 له‌ لێوی ئێمه‌وه‌ له‌دایك بێ ..

چه‌ند قورسه‌‌ قه‌پێلكی هێلكه‌ بشكێ و

چۆله‌كه‌یێ له‌ شه‌قه‌ی باڵی بدا

یا دارگوڵێ له‌ ژێر لێفه‌ی ته‌یموور بڕوێ ..

خانمه‌كه‌م ، جیهان منداڵێكه‌ له‌ ئێمه‌دا

وه‌ختێ یه‌كترمان خۆش ده‌وێ ، گه‌وره‌ ده‌بێ

ده‌بێ به‌ دڵ  خانمه‌كه‌م !

وه‌ختێ شمشێر جێگه‌ی دڵ ده‌گرێته‌وه‌ ،

خۆشه‌ویستیش ده‌مرێ .

پاسه‌وانه‌كانت له‌ ژێر شووره‌كاندان

بانیژه‌كه‌شت دوور

به‌ڵام من خوێنبه‌ره‌كانم ده‌كه‌م به‌ په‌ت

عاشق ده‌ستی به‌ خۆریش ڕا ده‌گا

ئه‌وه‌یه‌ موئجیزه‌ی خۆشه‌ویستی خانمه‌كه‌م !

گۆچانه‌كه‌ی نه‌شوه‌شێنێ ده‌بێ به‌ مار

ڕسته‌ی ده‌سماڵان ،

ڕسته‌ی ده‌سماڵان له‌ ده‌مییه‌وه‌ ده‌رناكا

نەژاد عەزیز سورمێ؛ کاری کۆلاژ

( هابیل ) له‌ ته‌رمی ( قابیل )

نایێنێته‌ ده‌رێ

خانمه‌كه‌م

جادووگه‌ر هه‌رگیز

نابێته‌ عاشق .

له‌وه‌ جوانتر عاشقی ژنی قه‌یسه‌ر بی و

نەژاد عەزیز سورمێ؛ کاری کۆلاژ

ناپاكی له‌ قه‌یسه‌ر بكه‌ی ..

چی له‌وه‌ جوانتره‌ ،

به‌ینی هه‌ر دوو چاوی قه‌یسه‌ر

بدرێته‌ به‌ر باڵی بولبول ..

– بمده‌ره‌ به‌ر گوڵ

 بمده‌ره‌ به‌ر خه‌نجه‌ر

– خانمه‌كه‌م

 ته‌یموور ئه‌وه‌تا له‌به‌ر ده‌روازه‌ی سه‌مه‌رقه‌ند

ته‌یموور خودواوه‌نده‌

فریشته‌ و شه‌یتانه‌كان

داروده‌سته‌ و سه‌ربازه‌كانییه‌تی

– چی بكه‌م ؟

 ئه‌دی قه‌یسه‌ری گه‌وره‌م ؟

– به‌ڵام من له‌ پێناوی تۆدا

 خیانه‌ت له‌ قه‌یسه‌ریش ده‌كه‌م

هێشووی برووسك ، كه‌زیی قژت

تریفه‌ی برووسكه‌ی له‌ لێوه‌كانتا هه‌ڵبوو

هه‌موو مۆم و ئه‌ستێره‌ی شه‌و

هه‌موو ڕوناهی خۆر دێنێ ..

– ماچم كه‌ !

نەژاد عەزیز سورمێ؛ کاری کۆلاژ

 به‌سه‌ر له‌پی له‌رزۆكی به‌ گۆناوه‌ نووساومدا

 ماچم كه‌ !

به‌ ناوی سه‌مه‌رقه‌نده‌وه‌

ماچم كه‌ !

– خانمه‌كه‌م ماچه‌كانت مه‌رگه‌

 ڕه‌نگی ڤۆدگا ، ڕه‌نگی ئاوه‌ ..

وه‌لێ خانمه‌كه‌م شاعیر

له‌ ڕووبارێكی ڕه‌واندا له ‌دایك نابێ

به‌ڵكه له‌ برووسكه‌یه‌ك

هه‌ڵده‌دێررێ و ده‌مرێ .

قه‌ده‌ری شاعیر ئه‌وه‌یه‌ خانمه‌كه‌م

مه‌دالیای قه‌یسه‌ر ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌

نانی قه‌یسه‌ر ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌

شه‌رابی قه‌یسه‌ر ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و

به‌ خه‌یاڵی مه‌ستیی ،

له‌ چۆڕێ برووسك تێده‌ته‌قێنێ

برووسك ده‌یكوژێ و

برووسك زیندووی ده‌كاته‌وه‌ .

نەژاد عەزیز سورمێ؛ کاری کۆلاژ

خانمه‌كه‌م

ئه‌گه‌ر ماچه‌كانت گه‌ردوونێك و

شارستانیه‌تێك بنیات بنێن ،

داخۆ چه‌ند گه‌ردوون

له‌ ژێر لێفه‌ و سه‌رجێیت له‌ دایك ده‌بن ؟

ڕۆژگارێ دێ

ماچ تا مردن ڕاو ده‌نرێ

جێوبالنگانی عاشقان

پیاڵه‌ی مه‌ی و

به‌یتی شیعر ڕاو ده‌نرێن ..

ڕۆژگارێ دێ

سه‌ری پاساریان ده‌بڕدرێ و

به‌ شووره‌ شۆڕ ده‌كرێنه‌وه‌ ..

به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌یمووره‌

به‌ردێكه‌ له‌ زه‌ویدا ڕواوه‌

خانمه‌كه‌م !

به‌رد چه‌ندی ڕه‌گ و ده‌ماری لێ بڕوێن

نابێ به‌ دره‌خت

شه‌و هه‌ر چه‌ندی برسی بێ

ئه‌ستێره‌ و مانگی خۆی ناخوا

چۆله‌كه‌ی سه‌مه‌رقه‌ندیش

به‌ بن نینۆكی ته‌یمووردا

دانه‌وێڵه‌ هه‌ڵناگرن ..

چی به‌ ئه‌ژدیهاوه‌ ماوه‌ خانمه‌كه‌م

له‌ چڕنۆكی شكاوی و

پاشماوه‌ی ئه‌فسانان به‌ده‌ر

چی پێ ماوه‌ ؟

چ هیلاكه‌ ئه‌و دونیایه‌ی

سیما و ڕووی چۆله‌كه‌ی هه‌یه‌ و

دڵی ئه‌ژدیها ..

( چ هیلاكه‌ .. خانمه‌كه‌م .. )

 

 

سەرچاوە 

 * له‌ كۆشیعری – مه‌عین به‌سیسۆ  ، ( القتلی و المقتلون و السكاری )

    بڵاوكردنه‌وه‌ی ( دار العوده‌ ) – بێرووت 1970- ( ل 64 – 70 )

    كراوه‌ به‌ كوردی .

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌