دالی - فۆتۆگرافی ١٩٥١ SALVADOR DALI.-1951.- IN VOLUPTAS MORS...PHOTO BY PHILIPPE HALSMAN.....ON THE SELVEDGE YARD.....

بووم بە ژێر ڕۆژە خێراکانى مۆدێرنەوە


Loading

SALVADOR DALI…1951…IN VOLUPTAS MORS…PHOTO BY PHILIPPE HALSMAN…..ON THE SELVEDGE YARD…..

نامپەرژێت بزانم، کامە ڕەنگى جل و بەرگم لێدێت

چۆن بە ڕێگادا بڕۆم، دەم وچاوم چۆن بێت

خەڵکى ڕقیان لێم نەبێت؟

نامپەرژێت سەردانێکى قوتابخانەکەى سەرەتاییم بکەم

لە دووى ئەدرەسی دڵدارە کۆنەکانم بگەڕێم

هەناسەیەک لە باخچە بچوکەکەى گەڕەکدا هەڵبمژم.

بە ناو مانگ و ساڵە نادیارەکاندا بڵاوبوومەتەوە

بووم بە ژێر ڕۆژە خێراکانى مۆدێرنەوە.

لە ڕابوردوودا زۆر شتم بەجێهێشت

زۆر شتم لە دەستچوو

لە دڵەوە تامەزرۆیانم و

بیریان دەکەم.

ڕابردووم خۆش نەبوو

لە داهاتووشدا هیچ نابینم

دەروازەیەکى مین ڕێژ نەبێت، بەرەو ڕیزێک ڕۆژى خراپ.

من بانگەشەى نائومێدى ناکەم

جیهان خۆی ڕەشە.

مرۆڤ لە هەر شوێنێکى جیهاندا بێت

بونەوەرێکى تەنیایە

تەنیایی سیماى ئەم چەرخەیە.

من هاتوومەتە دونیاوە

بۆ ئەوەى حاڵم ئاسایی نەبێت.

ئەوەى وایکردووە بۆچوونم لەسەر ژیان باش نەبێت

پەڕپوتى و نالەباریی خۆیەتى

دەنا ئارەزووم دەکرد ژیان بەهەشت بێت و

بە قەمەرەیەکى گاڵتینە پیاسەیەکى بە ناودا بکەم.

ئەوەى من لەوانى دیکە جیا دەکاتەوە

بیرکردنەوەیە لە جەنگە بەدفەڕەکان

لە خوێنى ڕژاوى مرۆڤ

لەو ڕۆژەى زەوى دەبێتە خۆڵەمێش.

بیر لە خنکانى مرۆڤ دەکەمەوە

لە وردوخاش بوونى ئێسکى

لەو وشانەى دەمانکەنە ئاسن

لە ڕۆژێکى خۆڵبارین

دەبینە بەرد.

بیر لەو ڕۆژگارە دەکەمەوە

دارستان بە ڕاستى سەوزبوو

شاخ چرچ نەکەوتبوو دەموچاوى

هەوا پاکبوو.

بیر لە ڕۆژێک دەکەمەوە

ماڵەکانمان پڕ نەببوون لە سەگ

خۆشی بەمجۆرە تاڵ نەبوو.

له‌زنجیره‌ فۆتۆگرافیه‌كدا – ١٩٥١

بیر لە زۆرشت دەکەمەوە

لەوشتانەى دەمشێوێنن

لەو شتانەى بڕستم لیدەبڕن و

ڕێگەم نادەن بسرەوم.

ئەم سەدەیە ناو دەنێم

سەدەى تەفروتوونابوونى مرۆڤ

سەدەى گەورەبوونى تۆ بە خوێنى من

سەدەى تەقینەوەى ڕۆژهەڵات

سەدەى درزبردنى ژیان

سەدەى بەربوونەوەى زەوى

سەدەى گەڕانەوەى تاعون

سەدەى قیامەتى خەیاڵ

سەدەى نائومێدییە قووڵەکان

سەدەى دیکتاتۆرە کۆمیدییەکان

سەدەى بانکى گەورە و

ناوى گەورە و

خەونى گەورە و

جیهانی وێران

سەدەى تێپەڕبوونى تۆ بەناو مندا و

ڕووخانى هەمیشەییم.

هەمووان وەک یەک بەر ژیان دەکەوین

هەمووان وەک یەک لەبەردەم کاپیتالیزمدا بەهامان نامێنێت

وڵاتانى زلهێز بە سیاسەت و هونەر و ڕێکخراوەکانیان

کردوینیانەتە مێش

بە چەپۆک نا،  بە چەکى کۆکوژ قڕمان دەکەن.

دیگیتاڵ سەرى ئاوساندووین

چاومان پڕبووە لە ساندویج

فرمێسکمان بۆتە کۆکاکۆلا

ئۆتۆمبێل و ژنە دڵڕەقەکانى مۆدێرنە سوارمان بوون

تەلارە بێتەربێتەکان بینینیان بردووین بۆ ئاسمان

ژیان لە مۆدێرنەدا بێناموسانە فڕیوە .

 ئومێدم بە جیهان نامێنێت.

زەوى بە دەست تەکنەلۆژیاوە گچکەتر دەبێت

پەیوەندییەکان بوونەتە دوگمە

دەستمان بە ڕاستى بەر پێستى یەکتر ناکەوێت

بە ڕاستى بۆنى یەکتر ناچێت بە سەرماندا

بەڕاستى لەرەى دەنگى یەکتر نابیستین

ئومێدم بە جیهان نامێنێت.

دالی – فۆتۆگرافی ١٩٥١
SALVADOR DALI.-1951.- IN
VOLUPTAS MORS…PHOTO BY PHILIPPE HALSMAN.ON THE SELVEDGE YARD…..

مۆدێرنە گوویکردۆتە هەستمانەوە

ئێستا کە ئەم شیعرە دەنوسم

بە چات سێکس لەگەڵ هۆمۆیەک دەکەم لە ئەمریکا

وێبکامەکەم لەسەر چوکم داناوە بۆ ژنێکى 70ساڵ لە پاریس

ئێمە لە یەکتر تێناگەین

زمانی سێکس هاوبەشە.

ئومێدم بە جیهان نامێنێت.

جوانى لە شەقامەکانى مۆدێرنەدا فەرامۆشە

تەنیایی لە فەوزاى ڕۆژەکاندا شوێنێک نییە ئۆقرەى تێیدا بگرێت

ئەخلاق دەستبەسەرە لاى جەنگەکانى ڕاگەیاندن

هەر ساتەى ناخمان بە جۆرێک دەگۆڕین

درۆ دەکەین دەقیقەیەک بڕدەکات

ماسک نەبێت هەموو دەمرین

تێرۆر لە تەنیشتماندا وەک ئێمە دەژی و

گوو دەکاتە ناوەڕاستى ژیانەوە.

ئومێدم بە جیهان نامێنێت.

تونێل و پردەکانى مۆدێرنە بەناو ئێمەدا دەڕۆن

مارکێتەکانى لە ئێمەدا خۆیان ساغ دەکەنەوە

شوشە و نایلۆن و دەبەکانى لە ئێمەدا نوقم دەبن

مەلهاکانى جمەیان دێت لە ڕۆحى کوژراوى ئێمە

کافتریاکانى پڕن لە ئەڤینى لەقوتونراو بۆ ئێمە.

ئومێدم بە جیهان نامێنێت.

SALVADOR DALI…1951…IN VOLUPTAS MORS…PHOTO BY PHILIPPE HALSMAN…..ON THE SELVEDGE YARD…..

گریان بوو بە شەرمەزارى

شاعیرەکان بە بازرگان

شۆڕشگێڕەکان بە پەناهەندە

مامۆستاکان بە شەللاتى

ئومێدم بە جیهان نامێنێت

لە گەردێک ئاو دەچین، لە ئاسمانێک تەمدا

سەیرکە چەندە بچوکین

لە ئاهێک دەکەین، لە گەردەلولی بیاباندا

سەیرکە چەندە ونیین

کەس لە کەس تێناگات

بوار نەماوە بۆ بێدەنگى

کەللەمان بووەتە تەنەکەیەکى بەتاڵ

لە تاو پیسی وەختە شەق دەبەین.

لە ڕۆژەکانى مۆدێرنەدا کەس عاشق نابێت

مایە پووچن ئەوانەى دەسوتێن

کەس خەون نابینێت

خەیاڵ مایەى بەدبەختییە

دەبێت شەو و ڕۆژ لە خودا بپاڕێبنەوە

بمانکوژێت خودا بمانکوژێت.

نە بە عارەق و ویسکى خواردنەوە

نە بە جگەرە و نێرگەلەکێشان

نە بە ئەفیون و کۆکاین و هێرۆین

نە بە ئارتین و سۆماڵدرین و بیلمۆ

ژیان بەڕێوەناچێت.

لە مۆدێرنەدا تاقەتت نییە بژیت

دەتەوێت تێیپەڕێنیت.

ئەم ڕۆژانە بۆ مرۆڤ نەکراون

مرۆڤى ڕاستەقینە بەرگەى ئەم ڕۆژانە ناگرێت.

بووم بە ژێر خێرایى ئەم ڕۆژانەوە

ماندوو ماندوو دەڕۆم و

تێیناپەڕێنم.

وەک ئەم شیعرە لە جێی خۆمم.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین

 

 

سلڤادۆر دالی؛ باوكی سوریالیزم ؛   له‌زنجیره‌ فۆتۆگرافیه‌كدا – ١٩٥١ –  ته‌عبیركردن‌  له‌ژیانی مۆدێرن ؛  كۆنزومه‌ریزم (شمه‌كخۆری ) – به‌كاڵاكردنی جه‌سته‌ ،  ئازار و هاواری مرۆڤ  له‌ناو دیواره‌وكان له‌زه‌مه‌نی مۆدێرنه‌دا‌-  خامۆشی و  پیاوگه‌رایی .