گه‌ر خوا هه‌بێت، ئه‌وا خواوه‌ندێكی جازه‌، ناوی مایل دێیڤسه‌

Loading

مایل دێیڤس   Mile Davis  جازیستی ئه‌مریكی ڕه‌ش پێستی به‌ناوبانگ له‌ ١٩٢٦  له‌ئه‌مریكا  دایكبووه‌ و له‌ساڵی ١٩٩١  كۆچی دوایی كردووه‌،  دێیڤس یه‌كێكه‌ له‌خواكانی جاز.

مایل دێیڤس یه‌كێكه‌ له‌خواوه‌نده‌كانی جازه‌، ترۆمپێت ژه‌نه‌.  دێیڤس فلیمێكی له‌سه‌ر كراوه‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایدا،به‌ڵام به‌ڕای من ئه‌م فلیمه‌ بۆ شێواندنی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ و هیچیتر.  ئه‌م فلیمه‌  (Miles Ahead ) له‌  ساڵی ٢٠١٥ دا   له‌لایه‌ن Don Cheadle  ده‌رهێنراوه‌،  له‌ناو هه‌موو ئه‌م بیۆگرافیا گه‌وریه‌ی  (مایل دێیڤس)  كه‌ نه‌ك ته‌نها داهێنه‌ره‌، به‌ڵكو خواوه‌ندی ترۆمپێت بووه‌، به‌چه‌ند ڕووداوێكی بچوكه‌وه‌ ده‌نوسێت، كه‌دوورو نێزیك كاریگه‌ی نێگه‌تیڤیان له‌سه‌ر موزیكی جاز دانه‌ناوه‌، تاوه‌كو   به‌و  گه‌وره‌ییه‌ فۆكۆسی له‌سه‌ر بكرێت و بكرێت به‌وێنه‌ی ئه‌م خواوه‌نده‌ی جاز.

مایل دێیڤس خواوه‌ندێكی جاز بوو له‌ئۆلۆمپی خواوه‌نده‌كانی دیكه‌ی جازدا،   له‌ته‌نیشت چه‌ندانی وه‌ك  (چارلی پاركه‌ر) ی  سێكسفۆنیست  كه‌ به‌ (باڵنده‌ . Bird) ناسرابوو،  هه‌روه‌ها (ڕی چارلس)  و  (مونك ) و (دێڤ بربێك) و زۆریتر …به‌داخه‌وه‌ له‌م فلیمه‌دا  مایلی لێگێند و ئه‌فسانه‌ی جاز وه‌ك پیاوێكی شه‌ڕانی و بێمانا و (تلیكاخۆرێكی به‌د ) وێناكراوه‌، ئه‌م فلیمه‌ باز به‌سه‌ر هه‌موو داهێنانه‌ گه‌وره‌كانی مایل دێیڤسدا ده‌دات له‌جازدا، به‌ڕووداوێكی بچوكه‌وه‌ ده‌نوسێت كه‌ دزینی نۆته‌كانی مایله‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی تره‌وه‌. كێ هه‌یه‌ شێت نه‌بێت، كاتێك به‌ری ڕه‌نجی چه‌ندها شه‌و و ڕۆژ و ساڵی به‌ئاسانی له‌به‌رده‌میدا بدزرێت .

له‌ڕاستیدا ئه‌م فلیمه‌ یه‌كه‌م فلیم نییه‌، كه‌دژی  خواوه‌نده‌ ڕه‌شپێسته‌كانی جاز ده‌رهێنرابێت و تاكه‌ كاری ئه‌وه‌ بێت، فۆكۆس بكاته‌ سه‌ر لایه‌نی كێشانی حه‌شیش و تلیكاخۆری جازیسته‌ ڕه‌شپێسته‌كان. كۆی كاره‌ گه‌وره‌كانیان، تۆنه‌ تازه‌كانیان ، كاركردنیان له‌سه‌ر موزیكی  بلو و دروستكردنی تۆنی نوێ و نۆتی نوێ و زۆریتر به‌ده‌ست ئه‌نقه‌ست فه‌رامۆشكراوه‌. كێ هه‌یه‌ له‌ئێمه‌ لایه‌نی خراپی نه‌بێت؟!

 ته‌نانه‌ت له‌فلیمێكدا له‌سه‌ر (نینا سیمۆن) كه‌ خانمێكی به‌ناوبانگی (ڤۆكال جازه‌) وه‌ك ئه‌لكحولی و به‌دفه‌ڕ وێنای ده‌كه‌ن.  هه‌روه‌ها فلیمێك  له‌سه‌ر (ڕی چارلس)  باز به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌ جوانه‌كانی چارلسی كوێردا ده‌دات و به‌چه‌ند ڕووداوێكی بچوكی ژیانی تایبه‌تیه‌وه‌ ده‌نوسێت. ته‌نانه‌ت فلیمی (باڵنده‌ )  كه‌باس له‌ژیانی (چارلی پاركه‌ر) ده‌كات، پاركه‌ر،  كه‌له‌ سی و پێنج  ساڵیدا ده‌مرێت و له‌و ماوه‌ كورته‌ی ژیانیدا گه‌ورترین داهێنان ده‌كات، كه‌چی له‌و فلیمه‌دا  باس له‌موزیكی ناكات، باس له‌باره‌ ده‌روونییه‌ سه‌خته‌كانی ده‌كات، چ داهێنه‌رێك هه‌یه‌ له‌دونیادا گیرۆده‌ نه‌بێت به‌ده‌ست داهێنانه‌كه‌ی و ژیانی لێ تێكدنه‌دات؟!    كۆی ئه‌م فلیمانه‌  ته‌نها له‌یه‌ك بابه‌تدا یه‌كده‌گرنه‌وه‌ به‌وه‌ی؛  فۆكۆس ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژیانی خوماری و مه‌ستی ئه‌م خواوه‌ندانه‌ی جاز و باز به‌سه‌ر موزیكی ئه‌واندا ده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ی موزیكیان نه‌بێت، سه‌یریش له‌وه‌دایه‌ فلیمه‌كان له‌هۆلیودا له‌ژێر ژانرای (فلیمی موزیك)  پۆلێنكراون!

ئاشكرایه‌ له‌پشت ئه‌م فۆكۆسكردنه‌ی هۆلیوود، ئیره‌یی بردن هه‌یه‌، به‌وه‌ی كه‌ ڕه‌شی ئه‌فریقی توانیان هونه‌رێك دابهێنن كه‌ (مرۆڤی سپی)  تاوه‌كو ئه‌مڕۆ پله‌ دووش نییه‌ تێیدا. ئه‌و ئیره‌ییه‌ی كه‌مرۆڤی سپی نه‌یتوانی  ئه‌م ڕووبه‌ره‌ داگیر بكات، له‌پشت شێواندنی   بیۆگرافیای ئه‌م خواوه‌ندانه‌وه‌یه‌.  مرۆڤی سپی هه‌میشه‌ وێنای خۆی وه‌ك ڕزگاركه‌ر و داهێنه‌ر و زیره‌ك و ڕۆمانسی نیگاركێشی ده‌كات، به‌ڵام له‌پشت ئه‌م وێناكردنه‌ په‌رده‌پۆشی كۆلۆنیالست و كۆیله‌كردن و دروستكردنی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ و  جه‌نگی كوشنده‌ی ئه‌م دونیایه‌و ژینگه‌ پیسكردنی ده‌كات.  

گه‌ر جازیسته‌كان له‌حه‌شیشه‌كێشانه‌وه‌ به‌رده‌وامیان دابێت به‌و خه‌ونه‌  موزیكییه‌ جوانه‌یان، كه‌بۆته‌ هاوه‌ڵی ملیۆنه‌ها مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌، بۆچی گله‌ییه‌یان لێ بكه‌ین. كێ له‌ ئێمه‌ لاشه‌یه‌كی بۆگه‌نی نییه‌ له‌ژێر زه‌مینی ماڵه‌كه‌یدا؟ جازیسته‌كان وه‌ك گوڵه‌ئه‌ستێره‌ وه‌هان كه‌م ده‌ژین و ژیانی خۆیان وێران ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها تۆنێكی موزیكی پێشكه‌ش به‌ئاشقانی موزیك بكه‌ن، لێره‌وه‌ په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ون و خوماری گفتوگۆیه‌ك و مێژوویه‌كی درێژه‌ له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ بوونی هه‌یه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ.

لێره‌وه‌  خواوه‌ندێك هه‌یه‌  هه‌میشه‌ له‌پشت ترۆمپێته‌كه‌یه‌تی، ئه‌و خوایه‌ش  مایل دێڤیسه‌ ….

ته‌واو

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین – فه‌رموون له‌گه‌ڵ مایل دێڤیس