Åsa Linderborg

من هیچ كه‌س خاوه‌نم نییه‌


Loading

خودنووسینه‌وه‌ یاخود خودبایۆگرافی یه‌كێكه‌ له‌ ژانره‌ هه‌ستیاره‌كانی ئه‌ده‌ب، كه‌ زۆرجار نووسه‌ر به‌ هۆكاری جیاواز خۆی به‌دوور ده‌گرێت لێی. ئه‌و كه‌سه‌‌ی كه‌ بڕیاری نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری و یاداشتكردنی به‌سه‌رهاته‌كانی ژیانی ده‌دات، پاش لاری نه‌بوون له‌ به‌یانكردنی تایبه‌تییه‌كانی، پێویسته‌ ئاماده‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نزیكترین كه‌سه‌كانی و ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بێت. له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ ڕێی په‌یوه‌ستی و په‌یوه‌ندیدارییه‌وه‌ زیاتر له‌ خۆی تێده‌گات، له‌ نووسینه‌وه‌ی خودبایۆگرافیدا، زۆرجار پێویستی به‌ مامه‌ڵه‌كردنی نزیك ده‌بێت له‌گه‌ڵ ته‌واوی ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا. به‌ مانایه‌كی تر كاره‌كه‌ ده‌خوازێت جگه‌ له‌ خۆت ده‌رباره‌ی كه‌سانێكی تریش بنووسیت. ئه‌م خاڵه‌ زۆر جار گرفت دروستده‌كات، به‌وه‌ی ناوبراوان نیگه‌ران ده‌بن و پێیان خۆش نییه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ بنووسرێت. لێ دواجار سه‌ركه‌وتوویی ئه‌م جۆره‌ نووسینه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ته‌بایی په‌یوه‌ندی نووسه‌ر به‌ ژیانی ئاشكراییه‌وه‌. وه‌كتر به‌ده‌ر له‌ سه‌رنجكێشی ژانره‌كه‌، خوێندنه‌وه‌ی خودبایۆگرافی به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی زه‌نگینی تێگه‌یشتنی ژیان داده‌نرێت …

 

نووسه‌ر و مێژووناسی سویدی (ئۆسا لینده‌ربۆری)، كچی (تانیا لینده‌ربۆری) په‌رله‌مانتار و سیاسه‌تمه‌داری پارتی چه‌پ و (له‌یف بوریس ئانده‌رسسۆن)ی كرێكاری ئاسنگه‌ری‌، پاش مه‌رگی باوكی، ساڵی ٢٠٠٧ ڕۆمانێكی خودبایۆگرافی ده‌نووسێت به‌ ناوی (من هیچ كه‌س خاوه‌نم نییه‌)، كتێبه‌كه‌ زیاتر تایبه‌ته‌ به‌ باوكی و چۆنێتی گه‌وره‌بوونی خۆی، به‌ڵام به‌م ڕۆمانه‌ ئۆسا زۆر خزم و دۆستانی بۆ هه‌میشه‌ له‌ خۆی زیز كردووه‌، لێ ئه‌و به‌ كارێكی ده‌زانێت كه‌ ده‌بوو بیكات. وێڕای هه‌ر شت، ڕۆمانه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی زۆری به‌ده‌ستهێناوه‌، جگه‌ له‌ هه‌بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆری خوێنه‌ر و وه‌رگرتنی خه‌ڵات، كاره‌كه‌ كراوه‌ته‌ شانۆگه‌ری و فیلمیش …

 

كورته‌ی ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌

وێنه‌ی سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌؛ ئۆسا و باوكی له‌ حه‌فتاكاندا

ئۆسا چوار ساڵانه‌ و له‌ دایه‌نگه‌یه‌ كاتێك تانیای دایكی ماڵ به‌جێده‌هێڵێت. ئۆسا لای باوكی ده‌مێنێته‌وه‌. له‌یفی باوكی له‌ كارگه‌ی ئاسنی شاری ڤێسته‌رۆس كار ده‌كات‌. له‌یف گیرۆده‌ی ئه‌لكهووله‌ و ڕۆژانه‌ زۆر ده‌خواته‌وه‌، موچه‌ی كاره‌كه‌ی به‌شیانناكات، هه‌ركه‌ پاره‌یان لێ ده‌بڕێت، داوای پاره‌ له‌ دایكی ده‌كات. ده‌توانین بڵێین هه‌ژاره‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی بێكار ده‌بێت. ئۆسا و باوكی زۆر جار له‌ ماڵی نه‌نكی (دایكی باوكی) نان ده‌خۆن و هه‌ندێك جار پوری خزمه‌تیان ده‌كات و به‌پێی پێویست جلیان بۆ ده‌شوات.

ئۆسا جار جار ده‌چێت بۆ لای دایكی، زیاتر حه‌زی له‌ ماڵی داپیره‌ و باپیره‌یه‌تی (دایك و باوكی دایكی)، ئه‌وان زیاتر ڕۆشنبیرن و گوزه‌رانیان باشه‌، كتێبیان زۆر هه‌یه‌ و گفتوگۆی ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت زۆر ده‌كه‌ن.

باوكی ئۆسا كۆمۆنیستی خۆشده‌وێت، زۆر جار باسی سۆسیالیزم و كۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد له‌ چینایه‌تی بۆ كچه‌كه‌ی ده‌كات و خه‌ون به‌ جیهانێكه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ یه‌كسانی تێیدا باڵاده‌ست بێت. ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی كات سه‌رخۆشه‌ و ئاگای له‌ خۆی نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌یدا هاوڕێیه‌ و به‌ینیان زۆر خۆشه‌. ده‌ ساڵ له‌سه‌ر سیسه‌مێك پێكه‌وه‌ ده‌خه‌ون. تا بتوانێت نازی شیرینه‌كه‌ی ده‌گرێت و ئامۆژگاری ده‌كات، هه‌رگیز وشه‌یه‌كی به‌د و ناشرین به‌ دایكی ناڵێت و په‌یمان ده‌دات قه‌ت به‌جێینه‌هێڵێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌، ژیانی ئۆسای بچكۆله‌ زۆر سه‌خته‌ و له‌ ژیانی منداڵانی هاوته‌مه‌نی ناچێت. شه‌وانه‌ دانی ناشوات، خاولی و پێداویستی ته‌واویان نییه‌ و ئه‌گه‌ر ڕۆژێك نه‌توانێت بچێته‌ قوتابخانه‌، ده‌بێت له‌گه‌ڵ باوكیدا به‌ پاسكیل بچێت بۆ كوره‌ی ئاسنگه‌رییه‌كه‌. خه‌ڵك به‌زه‌یی پێیدادێته‌وه‌ و زۆر جار هاوڕێكانی پێیده‌ڵێنن بۆچی لای دایكت ناژیت.

له‌ هه‌مان ئه‌و ئه‌پارتمانه‌دا كه‌ ئۆسا و باوكی لێی ده‌ژین، سۆنیاش ده‌ژی. سۆنیا و له‌یف خه‌ریكه‌ لێك نزیك ده‌بنه‌وه‌. ئۆسا له‌به‌ر باوكی پێیخۆشه‌، به‌ڵام زۆر نابات سۆنیاش پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌ناسێت و له‌یف به‌جێده‌هێڵێت.

له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا، ئۆسا پاشناوی خۆی ده‌گۆڕێت به‌ پاشناوی دایكی، كه‌ باوكی پێیده‌زانێت بێتاقه‌ت و شۆك ده‌بێت، به‌ڵام هیچ به‌ كچه‌كه‌ی ناڵێت. له‌ شوێنێكدا له‌یف له‌باره‌ی پاشناوییه‌وه‌ ده‌ڵێت ڕاسته‌ ئانده‌رسسۆن ناوداری و پایه‌داری له‌خۆ نه‌گرتووه‌، به‌ڵام ناوێكی سویدی ڕه‌سه‌نه‌. له‌گه‌ڵ خراپتربوونی باری ئابوورییاندا و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین مانگ كرێ خانوویان بۆ نادرێت، ئۆسا باوكی جێده‌هێڵێت و ده‌چێت لای دایكی ده‌ژی. دایكی ئۆسا له‌گه‌ڵ (لاسێ)ی هاوژینیدا ده‌ژی و كچێكیان بووه‌ به‌ ناوی (كه‌یسا). واته‌ له‌وێ ئۆسا خوشكی هه‌یه‌ و لاسێ-ش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵیدا زۆر باشه‌، ئیدی پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌ویش به‌ لاسێ ده‌ڵێت باوكه‌. ئێواره‌یه‌ك له‌یف به‌ سه‌رخۆشی به‌ دیارییه‌كی ساڵی نوێوه‌ بۆ ئۆسا، ده‌چێت بۆ ماڵی ئه‌وان، به‌ڵام ئۆسا له‌ باوكی توڕه‌یه‌ و نایه‌وێت بیبینێت.

چه‌ند ساڵێك تێده‌په‌ڕێت بێ ئه‌وه‌ی ئۆسا باوكی ببیننێت. كه‌ ده‌بێت به‌ حه‌ڤده‌ ساڵ، ماڵ جیاده‌كاته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ باوكی دروستده‌بێته‌وه‌ و جار جار ده‌یبینێت. كه‌ ئۆسا دواناوه‌ندی ته‌واو ده‌كات، هه‌مووان و باوكیشی ده‌چن بۆ ئاهه‌نگه‌كه‌ی، ئه‌و ڕۆژه هه‌موو شت باش به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

پاشان كه‌ ئۆسا له‌ زانكۆی شاری ئۆپساله‌ ده‌خوێنێت، له‌گه‌ڵ كوڕێكدا ده‌ژی و كچێكیان ده‌بێت ناوی ده‌نێن (ئه‌ماندا). باوكی ئۆسا له‌گه‌ڵ ئه‌ماندای كچه‌زاشیدا ده‌بێته‌ هاوڕێ و به‌ینیان زۆر خۆش ده‌بێت. ئه‌ماندا له‌ سه‌روه‌ختی دایه‌نگه‌دایه‌ كه‌ ئۆسا و هاوژینه‌كه‌ی لێكجیاده‌بنه‌وه‌. له‌یف نیگه‌ران ده‌بێت و ده‌پرسێت، چی به‌سه‌ر كچه‌كه‌ دێت؟ ئۆسا ده‌ڵێت خه‌مت نه‌بێت، من وه‌ك دایكم ناكه‌م، به‌رپرسیارییه‌تی هه‌ڵده‌گرم. پاشان پیاوێكی تر دێته‌ ژیانی ئۆساوه‌ و كوڕێكیان ده‌بێت به‌ ناوی (ماكس). له‌یف فریا ناكه‌وێت له‌گه‌ڵ ماكس ببێته‌ هاوڕێ، هه‌رچه‌ند زۆر حه‌ز ده‌كات.

كه‌ ئۆسا خوێندنی زانكۆ ته‌واوده‌كات و له‌ بواری فه‌لسه‌فه‌ و مێژوودا دكتۆرا ده‌هێنێت، هه‌مووان بۆ ئاهه‌نگه‌كی داوه‌ت ده‌كات، ته‌نها باوكی نه‌بێت. پێیوایه‌ وا باشتره‌ بۆ له‌یف تا له‌ناو ئه‌و چینه‌ خوێنده‌واره‌دا تووشی ئیحراجی نه‌بێت. به‌ڵام له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا بیری لای باوكێتی و خه‌م له‌ نائاماده‌گی ده‌خوات. له‌و ساته‌دا كارتێكی له‌ باوكییه‌وه‌ پێده‌گات، له‌گه‌ڵ پیرۆزباییدا، بۆی نووسیوه‌ كه‌ شانازی به‌ كچه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات و ٥٠٠ كرۆنیشی به‌ دیاری بۆ ناردووه‌. ئۆسا هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا بۆ سوپاسكردن ته‌له‌فۆن بۆ باوكی ده‌كات.

ڕۆژێك كه‌ ئۆسا له‌ زانكۆ وانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌، ته‌له‌فۆنێكی بۆ دێت و پێی ده‌ڵێن باوكت به‌ته‌نها له‌ شوقه‌كه‌یدا مردووه‌. پاشان بۆ به‌خاكسپاردنه‌كه‌ی ده‌چێت بۆ ڤێسته‌رۆس و سه‌ردانی ماڵه‌كه‌ی باوكی (ماڵی منداڵی) ده‌كات. ئه‌وكات ئۆسا به‌ هه‌موو ئازار و بیره‌وه‌رییه‌كی برینداری ناخییه‌وه‌، ده‌یه‌وێت به‌ هه‌موو جیهان بڵێت ئه‌و‌ كچی ئه‌و پیاوه‌یه‌ كه‌ هیچ كه‌س خاوه‌نی نه‌بوو، كچی له‌یف بوریس ئانده‌رسسۆنه و شانازی ده‌كات …

 

لێكدانه‌وه‌یه‌كی كورت
ناونیشانی ڕۆمانه‌كه‌ی لینده‌ربۆری (من هیچ كه‌س خاوه‌نم نییه‌) دێڕه‌ شیعرێكی شاعیری سویدی (گوننار ئێكێلیۆف)ه‌. په‌یامی ده‌ربڕینه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ هی خودی خۆیه‌تی و پێویسته‌ خۆی لێپرسراوی ژیانی بێت، به‌ڵام ده‌كرێت به‌و مانایه‌ش بێت كه‌ بڵێیت ته‌نهام و كه‌س منی ناوێت. دیاره‌ ئۆسا ئه‌مه‌ به‌ زمانی باوكییه‌وه‌ ده‌ڵێت.

ئۆسا كتێبه‌كه‌ی له‌به‌ر باوكی نووسیوه‌ به‌ڵام زۆر به‌ واقیعی و بێ ئه‌فراندنی خه‌یاڵی باسی باشی و خراپی هه‌موو خێزانه‌كه‌ ده‌كات. به‌رهه‌مه‌كه‌ وه‌ك تڕاژیدیای كۆمیدی باوكێك، ته‌واو هه‌ستبزوێنه‌. ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ورده‌، زمانێكی جوانی نووسینی هه‌یه‌، قسه‌ی نه‌سته‌ق و ورده‌كاری تایبه‌تمه‌ندی كه‌سایه‌تیه‌كان له‌بیرناكات و ناوی ڕاستییان به‌كارده‌هێنێت. كه‌سه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ناسێنرێن. ڕووداوه‌كان میقاتین و به‌پێی كات ڕێكخراون، زۆر گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌قاوده‌قی به‌سه‌رهات و وشه‌ به‌ وشه‌ی گفتوگۆی تێدایه‌. ئۆسا هه‌موو شت ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی حوكم بدات. سه‌رباری هه‌موو شت پێیوایه‌ باوكێكی هه‌بووه‌ كه‌ هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌كی داوه‌تێ و دایكێكیش كه‌ هه‌میشه‌ له‌لاوه‌ هه‌بووه‌ بۆ ئه‌و.

ئۆسا چڕوپڕ له‌ قووڵایی چیرۆكه‌كه‌وه‌ و له‌ دوورمه‌وداشه‌وه‌ ده‌نووسێت. زیاتر به‌ ڕاناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاك، به‌ زمانی (من) ده‌گێڕێته‌وه‌، بیرده‌كاته‌وه‌، ده‌پرسێت و لێكدانه‌وه‌ بۆ شته‌كان ده‌كات. (من) و (تۆ) له‌ نووسینه‌كه‌دا ته‌واو ڕوونه‌ و ده‌نگێكی به‌رگریكاریش به‌ ئاڕاسته‌كراوی ده‌وروبه‌ر له‌ ئارادایه‌. نووسه‌ر وه‌ك منداڵ ئازاری كێشاوه‌ و به‌ گه‌وره‌ییش ئه‌و منداڵه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌، بۆیه بۆی قورس نییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو (من)ه‌ له‌مێژینه‌كه‌ی و له‌ گۆشه‌نیگای ئه‌وه‌وه‌ بگێڕێته‌وه‌.

له‌ دونیای كتێبه‌كه‌دا، مرۆڤایه‌تی برینداره‌ و ژانی هه‌یه‌. دۆزی نه‌ته‌وه‌ و مۆراڵ و سیاسه‌ت له‌ ژێر پرسیاردایه‌. ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵه‌ی خێزان، ده‌وروبه‌ر، كار و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌درێت و ڕه‌خنه‌ی بنچینه‌یی له‌ دۆخی نیگه‌رانی و ته‌نهایی ده‌گیرێت. ئۆسا كتێبه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ منداڵه‌كانی ده‌كات، ڕه‌نگه بیه‌وێت پێیان بڵێت مرۆڤ پێویسته‌ زیاتر به‌رپرسیار بێت.

وه‌كتر په‌یامی كتێبه‌كه‌ پیشاندانی وه‌فاداری گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌ له‌یف، به‌وه‌ی كه‌ وه‌ك پاڵه‌وان ده‌یناسێنێت. ئه‌و به‌جۆرێك ویژدانی ئازاری ده‌دات، چوون‌ ده‌كرا له‌ باوكی نزیكتر بێت، ڕه‌نگه خودی ئه‌و ئازاره‌ كتێبه‌كه‌ی پێ نووسیبێت، ئۆسا ده‌یه‌وێت به‌ هه‌مووان بڵێت كێ باوكی بوو. ده‌یه‌وێت شتێك بۆ له‌یف ئانده‌رسسۆن بكات و پێی بڵێت خۆشمده‌وێیت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و له‌ ژیانیشدا نه‌مابێت …

 

هه‌ڵبه‌ت خودبایۆگرافی له‌و به‌رهه‌مانه‌یه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نها نووسه‌ران به‌ڵكوو هه‌ر تاكێك ده‌توانێت بینووسێت، له‌م باره‌یه‌وه‌ سوید بایه‌خی زۆر ده‌دات و ده‌كرێت حوكمه‌ت ئه‌ركی له‌چاپدانی هه‌ر ژیاننامه‌یه‌ك له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.

 

تێبینی: وه‌ك له‌ نووسینه‌كه‌دا هاتووه‌، ناونیشانه‌كه‌ دێڕه‌ شیعرێكه‌ و به‌كارهاتووه‌، بۆیه‌ به‌ ڕێزمانه‌وه‌ پابه‌ند نییه‌.

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.