![]()
مەرگ کۆتایی ژیان نییە، بەڵکوو؛ کۆتایی سەپاندنی ژیانە
تێڕوانینێک لەسەر چەمکی «مەرگ» لەناو چوارینەی «وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت»، نووسینی دانا ڕەئووف
لەڕوانگەی هاوارد بارکێر
موحسین مستەفاپور

مەرگ، وەک بناغەی هونەر
هاوارد بارکێر ١٩٤٦ – ٢٠٢٢ شانۆنامەنووس و تیۆریزان و دەرهێنەری بەریتانی، یەکێکە لە دەنگە ڕادیکاڵەکانی شانۆی هاوچەرخ؛ هۆکاری ئەم بابەتە تەنیا تێکشکاندنی فۆڕم لەلایەن بارکێر–ەوە نییە، بەڵکوو لەو ڕوویەوەیە کە ئەو بناغەی بابەتەکانی شانۆیی دەگۆڕێت.
بارکێر، بە پێچەوانەی زۆرێک لە تەوژمەکانی سەدەی بیستەم، کە شانۆ وەک ئامرازێکی هۆشیاری، ئاکار، سیاسەت یان چاکسازی کۆمەڵایەتی دەبینن، شانۆ وەک هونەرێک پێناسە دەکات کە بەشێوەیەکی بنچینەیی مامەڵە لەگەڵ ئازار و ئارەزوو و شکست و مەرگ دەکات.
ئەو، لە کتێبە گرنگەکەیدا “مەرگ، هونەرە بێهاوتاکە و شانۆ“، بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت، کە هونەری مەزن، بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ مەرگ، دەرفەتی بوونی نابێت. لەم کتێبەدا، بارکێر هاوڕا لەگەڵ شۆپنهاوەر، کە مردن بە خواوەندی فەلسەفە ناودەبات، مەرگ بە گەورەترین سەرچاوەی ئیلهام بۆ هونەر دادەنێت. ئەم هاوڕاییە ڕێکەوت نییە. لە نەریتی شۆپنهاوەردا، مردن کۆتایی ژیان نییە، بەڵکوو ئەو خاڵەیە کە وەهمی مانا، پێشکەوتن، ئەخلاق و ئامانج، تێیدا دەڕوخێن.
بارکێر ئەم ڕووخانە وەک هەڕەشە نابینێت، بەڵکوو ئەمە وەک تاکە دەرفەت بۆ هونەر دەبینێت. بۆ ئەو، هونەر کاتێک دەگاتە لوتکە، کە خەیاڵی نەمری، مانا، هیوا، یان ڕزگاربوون تێدەپەڕێنێت و ڕووبەڕووی شتێک دەبێتەوە، کە مرۆڤ هەرگیز بەتەواوی لێی تێ ناگات.
لەم چوارچێوەیەدا، بارکێر هونەرە تراژیدییەکەی خۆی، بە هونەری مەرگ ناودەبات، بەڵام ئەم ناولێنانە، بەمانای نیشاندانی مردنی جەستەی مرۆڤ، یان بەمانای کوشتن، یان بەمانای کۆتایی ژیانی کارەکتەرەکان نییە. مەرگ لە سیستەمی فکری بارکێردا دۆخێکە. دۆخێک کە تێیدا ژیان چیتر ئاشکرا نییە، کات قەڵشاوە، مەیل لە ئەخلاق دابڕاوە و زمان چیتر توانای ڕوونکردنەوەی نەماوە. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە هونەرێک ڕەسەنە و شایەنی بیرلێکردنەوەیە کە بە بەردەوامی، مەرگ وەک بابەتی خۆی هەڵدەبژێرێت، تەنانەت ئەگەر ئەوبابەتە هەرگیز ڕاستەوخۆ هاوار نەکرابێت.
ئەو دەڵێت: مەرگ، بەنرخترین بابەتە بۆ هونەری مەزن.
نەک ئەوەی یەکێک لە بەنرخترینەکان، یان بابەتێک لەلای بابەتەکانی تر، بەڵکوو مەرگ بابەتی بنەڕەتی و ناوەندییە، چونکە تەنها مەرگ دەتوانێت، جوانی لەکار بخات. مەیل لە ئەخلاق، هەروەها زمان لە ڕوونکردنەوە جیا بکاتەوە.
لە کارەکانی بارکێردا، مەرگ بە سێ توخمەوە بەستراوەتەوە: جوانی، ئارەزوو و زمان. جوانی، چونکە ڕزگاری و هیوای تێدانامێنێت. مەیل، چونکە چیتر پاساو نابێت، زمان، چونکە بەجێگەی ڕوونکردنەوە، درز دروست دەکات. مەرگ لەم ڕوانگەیەوە کۆتایی نییە، بەڵکوو سەرچاوەیە. سەرچاوەی هونەر، سەرچاوەی تراژیدیا و سەرچاوەی ئەو ساتەی کە شانۆ لەجیاتی نمایشکردنەوەی جیهان وەک خۆی، دەگۆڕێت بۆ ئەزموونی بوون.
بارکێر، مەرگ وەک تاکە بابەتێک ناودەبات کە شایەنی ئەوەی بێت بە قووڵی بیری لێ بکردرێتەوە، چونکە هەموو بابەتەکانی تر، زوو یان درەنگ بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێندرێن و کورت دەکرێنەوە؛ تا چ ڕادەیێک بەکەلکن بۆ کۆمەڵگە، پەیامی ئەم بابەتە چییە و ئایا بابەتێکی ئەخلاقییە یان نا… هتد. تەنها مەرگ دەتوانێت لە بەرامبەر بەکارهێنان، فێرکردن و کاردانەوەکانی تر، بەتەواوی بەرگری لەخۆی بکات.
لەبەر ئەوەیە شانۆی بارکێر شانۆیەکە نایەوێت هیچ شتێک ڕوون بکاتەوە، هیچ شتێک ڕاست بکاتەوە، یان بینەران ئارام بکاتەوە. ئەم شانۆیە، بینەران دەخاتە دۆخێکەوە کە تێگەیشتن هەمیشە لەدواوەوەی ئەزمووندایە.
ئەم چوارچێوە تیۆرییە، نەک وەک جوانکاری بیرۆکەیی، بەڵکوو وەک ئامرازێکی شیکاری، ڕێگە بە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ورد لەگەڵ چوارینەی «وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت» لە نووسینی دانا ڕەئووف دەدات. چوارینەیەک کە هەرچەندە ڕاستەوخۆ هاواری مەرگ ناکات، بەڵام مەرگ لە دەوری هەموو بوونیدا دەخولێتەوە.
چوارینەکەی داناڕەئووف لەگەڵ تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی بارکێردا دەگونجێت.
“وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت“، لە یەکەم نیگادا، لەوانەیە بکەوێتە ناو پۆلە ئاشناکانی ئەبسێرد، پۆست دراما، یان گێڕانەوە هاوچەرخەکان، بەڵام ئەم پۆلێنکردنانە زیاتر لەوەی دۆخەکە بۆ خوێنەر ڕووناک بکەن، خوێنەر لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە. ئەوەی ئەم چوار شانۆنامەیە، لە زۆرێک لە هاوشێوەکانی جیا دەکاتەوە فۆرمێکی شکاو، نەبوونی پلاتی کلاسیک، یان تەنانەت یاری کردن لەگەڵ کات نییە، بەڵکوو ئەو پەیوەندییەیە کە ژیان، لەم شانۆنامانەدا لەگەڵ مەرگ دروستی دەکات. لەم چوارینەیەدا، مەرگ نەک وەکوو ڕووداوی کۆتایی دراماکە، بەڵکوو وەکوو هێزێکی نادیار، بە بەردەوامی خەریکی ڕێکخستنی هەموو بەشەکانی دراماکەیە و تەنانەت بێدەنگییەکانیش لە ئەوەوە سەرچاوە دەگرن.
دەقەکە ڕاستەوخۆ هاواری مەرگ ناکات. هیچ وتارێکی تایبەتی دەربارەی مەرگ تێدانییە و هیچ فەلسەفەیەکی ئاشکرا سەبارەت بە مەرگمان بۆ شی ناکاتەوە، بەڵام هەموو کارەکتەرەکان لە بارودۆخێکدان کە چیتر بەرگەی ژیان ناگرن و تەنانەت ناتوانن بە دروستی ڕونکردنەوەیان لەسەر ژیان هەبێت. لێرەدایە کە دەقەکە لە بنەڕەتدا بارکێری دەبێت.
ئەم چوارینەیە، بارکێرییە. نەک لەبەر ئەوەی مردن تێیدا ڕوودەدات، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ژیان تێیدا بە ئاو و ئاگری مەرگ بەردەوامە. کارەکتەرەکان زیندوون، بەڵام ئەم ژیانەیان سەرچاوەی مانا نییە، بەڵکوو سەرچاوەی ڕەنجە. بوون، بووە بە بارێکی قورس و گران، وە کات بە جێگەی جووڵەکردن، دووبارە دەبێتەوە. شوێن، جێگیر نییە و ناڕوونە. بڕیارەکانیش نە تەنیا لەڕووی ئەقڵ و ئەخلاقەوە نیین، بەڵکوو لەڕووی مەیلێکی خاو، تاریک و ناڕوون، جێبەجێ دەکرێن.
لەو ڕوویەشەوەیە، کە دەتوانین بڵێین، چوارینەکەی دانا ڕەئووف دەقێکە هاوشێوەی شانۆی تراژیدیکی بارکێر. تراژیدیایەک کە تیایدا نە قارەمانێک هەیە تا بەدوای ڕزگاریدا بگەڕێت و نە تێیدا کەوتنەخوار، بە سزا دادەنرێت. ئەوەی لە ناوەڕاستدایە نەتوانینی ژیانە لە وەڵامدانەوەی خۆی.
هەڵبژاردنی هاوارد بارکێر، بەهۆی زەوقی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو پێویستییەکی شیکارانەیە، چونکە لە چوارچێوەیەکدا کە مەرگ وەکوو بناغەی هونەر پێناسە دەکات، دەکرێت ئەمە ڕوونکرێتەوە، کە چۆن ئەم چوارینەیە سەرەڕای شێوازی پێکهاتە و کۆتایی هاتنی، ئەم کاریگەریە و جەختە ناوەکییە دروست دەکات. بۆچی بینەر بە جێگەی هاوخەمی و هاوسۆزی، تووشی جۆرێک لە نائارامی دەروونی دەبێت؟ بۆچی کارەکتەرەکان و بەتایبەت ژنەکان، بەجۆرێک دەجووڵێنەوە کە کارەکانییان نە بەرگری لێ دەکرێت و نە مەحکوم دەکرێت.
لەچوارینەی دانا ڕەئووفدا، مردن وەک ئاسۆیەکە کە هەرگیز پێی ناگەین. ئاسۆیەک کە تێیدا ژیان چیتر بەڵێن نییە، بەڵکوو هەڵپەسێردراوییە. ڕێک ئەو هەڵپەسێردراوییەشە کە ئەم دەقە دەکات بە یەکێک لە نموونە هاوچەرخەکانی شانۆ کە لەدرێژەی ئەندێشەی بارکێردا لەدایک دەبێت. کاتێک ئەم چوارینەیە بەپێی بنەماکانی بارکێر بخوێنینەوە، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بۆچی ئەم دەقە بەر لەوەی دەربارەی ژیاندان بێت، دەربارەی لاوازی ژیانە.
تایبەتمەندێکانی ئەو هونەرەی بارکێر باسی لێ دەکات و زەقبوونییان لەناو چوارینەی “وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت.”
کاتێک هاوارد بارکێر باسی ئەو هونەرە تراژیدیە دەکات کە هەڵبژاردە و پەسەندی خۆیەتی، بە ئاگایانەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەبارەت بە بوون لای یەکتری کۆدەکاتەوە. ئەم تایبەتمەندییانەی بارکێر باسیان دەکات زیاتر لەوەی تایبەتمەندی کارێکی هونەری بن، لە تایبەتمەندی خودی مەرگ، نزیکن.
ئەمە لیستی ئەو تایبەتمەندییانەیە کە بارکێر باسیان دەکات؛
بێکۆتا
بێکارایی
بێ شوێن
شتێک کە پێگەیشتنی، مەحاڵە
پێشبینی نەکراو
ناعەقڵانی
یاخیبوو
دواتر یەکسەر ئەم پرسیارە دەخاتە ڕوو، کە ئایا ئەو تایبەتمەندییانە هەر لەبنەڕەتەوە، تایبەتمەندییەکانی مەرگ نین؟
خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە بارکێر ناڵێت شانۆ دەبێت باسی مردن بکات، بەڵکوو لەسەر ئەم باوەڕەیە شانۆ دەبێت وەک مەرگ، هەڵسوکەوت بکات. واتە پێکهاتە، کات، کردار، زمان و تەنانەت دۆخی جەستەکان دەبێت هەمان ئەو تایبەتمەندییانەیان هەبێت کە ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگدا ئەزموونی دەکەین. لەم ڕوانگەیەوە، چوارینەکەی دانا ڕەئووف، نەک بەهۆی ڕوودانی مەرگ تێیدا، بەڵکوو بەهۆی بڵاوکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی مەرگ لە سەرانسەری دەقەکەدا، ڕێک لەگەڵ لۆژیکی بارکێردا دەگونجێت.
بێکاراییبوون
لە لۆژیکی بارکێردا مەرج نییە کرداری تراژیدی ببێتە هۆی ئەنجامێک، یان هەڵوەشاندنەوە، یان تەنانەت گۆڕانکاری لە بارودۆخەکەدا. کردار، بێکاراییە؛ نەک بەومانایەی بێ بایەخ بێت، بەڵکوو لەو ڕوویەوە کە لەناو لۆژیکی سوودخوازانەی سیستەمی هۆکار و دەرئەنجامدا ناگونجێت. لەچوارینەکەی داناڕەئووفدا، بەشێکی هەرە زۆری کردارەکان، ڕێک لە بارودۆخێکی وەهادانە. ڕۆیشتنەکان، هاتنەکان، گووتەنییەکان و تەنانەت بڕیارەکانییش، هیچ «کاراییەکی ڕزگارکەر» یان «پاڵنەرانەیان» نییە. کردارەکان، دەگیرێنەبەر، بەڵام دۆخەکە ناگۆڕدرێت.
بێ شوێن بوون
بارکێر لەبارەی هونەرێک دەدوێت کە تێیدا، شوێن، هەرگیز جێگیر نابێت. نەک بەمانای نەبوونی خاڵێکی تایبەت لەجوگڕافیادا (نەبوونی لۆکەیشن)، بەڵکوو بەومانایە، کە هیچ شوێنێک، ڕۆڵی «شوێنێکی ئەمن»، «شوێنێک بۆ گەیشتن»، یان «شوێنێک بۆ مانەوە»، ناگێڕێت.
لەچوارینەکەی داناڕەئووفدا، گەرچی لەوانەیە فەزاکان ، نێویان هەبێت و بناسرێنەوە، بەڵام هیچ کامیان، لەوئاستەدانین کە بتوانن جێگیر بن. شوێنەکان، دێن و دەڕۆن، خلیسکن و گرینگتر لە هەمووی ئاوانە، هیچ بەڵێنییەکیش نادەن. ڕاکردن لە فەزایەکەوە، بەمانای گەیشتن بە فەزایەکی تر نییە، بەڵکوو تەنیا خۆڕاگواستنێکە لەناو هەمان دۆخدا. ئەمە ڕێک، بێ شوێنی بارکێرە: جوگرافیا بوونی هەیە، بەڵام هیچ پەناگایەک بوونی نییە.
مەحاڵبوونی پێگەیشتن
لە ڕوانگەی بارکێردا، پێگەیشتن بە مەرگ، مەحاڵە؛ نەک بەومانایە کە مەرگ ڕوونادات، بەڵکوو لەو ڕوویەوە کە هەرگیز ناکرێت مرۆڤ لێی تێبگات یان داگیری بکات.
لەناو شانۆنامەکانی دانا ڕەئووف–یشدا، ئەوەی خواستی کارەکتەرەکانە، هەمان تایبەتمەندی مەرگی هەیە. نە ئەوینداری، نە ڕزگاری، نە مەرگ وەکوو ئامانجێکی ڕوون و بەردەست، دیاری نەکراون. مەیل و ئاواتەکان دروست دەکرێن، بەڵام هەرگیز نابنە شتێکی ڕوونی جێگیر کە کارەکتەر بتوانێت پێیان بگات. ئەم مەحاڵبوونەی پێگەیشتن، دەقەکە لە خوێندنەوەی جۆری سایکۆلۆژی ئاسایی، دوور دەخاتەوە و ڕزگاری دەکات و دەیخاتە ناو چوارچێوەی تراژیدیای بارکێرییەوە. شوێنێک تێیدا، مەیل و ئارەزوو، بەردەوام زۆرترە لە پێگەیشتن.
پێشبینینەکراو و ناعەقڵانی بوون
لە هونەری بارکێریدا، لۆژیکی مەیل و ئارەزوو، دەبێتە جێگرەوەی لۆژیکی هۆکار و ئەنجام. ڕووداوەکان نەک بەپێی پێویستی چیرۆک، بەڵکوو بەپێی جەختە ناوەکییەکان و ناڕوونەکانی بارودۆخ، ڕوودەدەن. چوارینەی “وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت“یش، پەیڕەوی ئەم شێوازەیە. گۆڕینی بیروڕاکان، بڕیارە لەناکاوەکان، یان تەنانەت بێدەنگییە درێژەکان، پەیرەوی لۆژیکی سایکۆلۆژیای ئاسایی نین. ئەم دەقە لەجیاتی ئەوەی بینەر بانگهێشت کات بۆ تێگەیشتن، دەیخاتە دۆخێکی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆی .
ناعەقڵانیبوونی ئەم جیهانەش، نەتەنیا خاڵێکی لاوازی پێکهاتەیی نییە، بەڵکوو ڕێک وەک ئەو مەرجەیە کە بارکێر بۆ هونەری تراژیدیک دیاری دەکات .
یاخیبوون
یاخیبوون لە ئەندێشەی بارکێردا، بەمانای سڕینەوەی ئەخلاقی دەرەکی نییە. بەو مانایەیە، کە کردار، هیچ پاساوێکی نییە و تەنیا جێبەجێ دەکرێت.
لەم چوارینەیەیشدا، بەتایبەت لەناو کرداری کارەکتەری ژن، ئەم یاخیبوونە بەڕوونی دەردەکەوێت. بڕیارەکان، نە ڕوونکردنەوەیان بۆ دەکرێت و نە خوازیاری ئەوەن ئێمەی خوێنەر هاوڕایان بین. کارەکتەری ژن کارێک دەکات چونکە پێیخۆشە. هەر ئەوەندە و تەواو.
ئەم یاخیبوونە، دەقەکەی لە مۆراڵیزمی ئەبسێردی کلاسیک جیاکردۆتەوە و لە چوارچێوەی ڕادیکاڵی تراژیدیای بارکێری نزیک کردۆتەوە.
بێکۆتابوون
لەناو دەزگای فکری هاوارد بارکێردا «بێکۆتا»بوون، بەمانای مەودایەکی زۆری سەر زەوی، یان بەمانای هەتاهەتاییەکی میتافیزیکی نییە. «بێکۆتا» لە هونەری بارکێریدا، دۆخێک یان حاڵەتێکە کە تێیدا سنووری ئەخلاقی و کاتی و مانایی، بوونی نییە. لەم حاڵەتەدا، کارەسات، نە خاڵێکی تایبەتی دەستپێکی هەیە و نە ساتی بەرزبوونەوە و نە کۆتاییەکی دیارییشی هەیە. مردن، ئارەزوو، ئازار و بڕیار، هەموویان دەکەونە دۆخێکی سەرئاوکەوتوو کە تەحەدای هەر چوارچێوەیەکی کلاسیکی دەکات.
بێکۆتابوون، یانی:
ئازارێک کە سنوورێکی وەک «تا ئێرە، ئازار تا قۆناغێکی تایبەتی کاتی و شوێنی و جەستەیی و هتد» تێیدا بوونی نییە.
بڕیاردانێک کە تێیدا باس لە «دواتر چی دەبێت؟ دواتر چی ڕوودەدات؟» بێ مانایە.
مەرگێک کە نەک بەرامبەر بە ژیان نەوەستاوە، بەڵکوو درێژەی ژیانە.
لەم چوارینەیەشدا ، بێکۆتابوون، ڕۆڵێکی هاوشێوەی هەیە. ئێمە ڕووبەڕووی جیهانێک نابینەوە کە قەیرانەکە تێیدا دەست پێ بکات و چڕتر ببێتەوە و پاشان کۆتایی پێبێت. ئەوەی ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە بارودۆخێکە کە هەر لەپێشترەوە کارەساتبارە و هیچ نیشانەیەکی کۆتاییهاتن تێیدا بەدی ناکرێت.
کارەکتەرەکان، نایەنە ناو کارەسات، لەکارەسات تێناپەڕن و تەنانەت لەدژی ئەودا هەڵوێست ناگرن. ئەوان لەناو دۆخێکی بێ کۆتادا دەژین.
لەم چوارینەیەدا، بێکۆتابوون بەمانای ژمارەی زۆری ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو بێکۆتابوون لە نەبوونی سنوورێک بۆ بارودۆخەکەدا خۆی دەردەخات؛
کات، تێدەپەڕێت، بەڵام ناگاتە هیچ شوێنێک.
گفتوگۆکان دووبارە دەبنەوە، بەڵام هیچ شتێک چارەسەر نابێت.
بەگشتی؛ ئەگەر یاخیبوون پەیوەندی بە بڕیارەوە هەیە، ئەگەر ناعەقڵانیبوون، پەیوەندی بە پچڕانی سیستەمی هۆکار و دەرئەنجامەوە هەیە، ئەگەر بێشوێن بوون، ئاماژە بە ڕاکردنێکی بێ مەبەست دەکات، “بێکۆتایی“ ئەو چەترەیە، کە هەموو ئەمانە لەخۆ دەگرێت.
سڕینەوەی لاساییکردنەوەی سروشت، نیشانەدانەوە، representation، مەرگ وەکوو ڕێگای ڕزگاری شانۆ
یەکێک لە ڕادیکاڵترین بیروبۆچوونەکانی هاوارد بارکێر لە کتێبی “مەرگ، هونەرە بێ هاوتاکە و شانۆ دا” هێرشی ڕاستەوخۆی بۆ سەر چەمکی نیشاندانەوەیە.
بارکێر باوەڕی وایە کە نیشاندانەوە، وەک ئەوەی لە شانۆی ڕیالیستی و تەنانەت بەشێک لە شانۆی مۆدێرندا دەیبینین، لەسەر درۆیەکی بنەڕەتی دامەزراوە.
بارکەر دەڵێت جەختکردنەوە لەسەر مە گ، ئەم درۆیە ڕەتدەکاتەوە.
بۆچی؟ چونکە مەرگ لە بنەڕەتدا نیشاندانەوەی ناکرێت و مەحاڵە. ناتوانرێت دووبارە بنیات بنرێتەوە یان ڕوون بکرێتەوە یان تەرخان بکرێت. مەرگ، بە سڕینەوەی نیشاندانەوە، شانۆ لە وەهمی ریالبوون ڕزگار دەکات.
چوارینەکەی دانا ڕەئووف، ڕێک لەم خاڵەدا لەگەڵ بارکێر هاوڕادەبێت. شانۆنامەکان، نە ڕوونکردنەوەی جیهانن و نە جیهان جێگیر دەکەن. دیمەنەکان زۆرجار نیشانەی دڵنیاکەرەوەیان نییە، دیالۆگەکان بۆشایی دروست دەکەن لە جیاتی ئەوەی زانیاری بدەن. بینەر بەتەواوی نازانێت لە کوێیە، هەروەها دڵنیا نییە لەوەی ئەوەی دەیبینێت هەموو ڕاستییە یان نا. ئەم سڕینەوەی نیشاندانەوە، تەنها هەڵبژاردنێکی فۆڕمی نییە، بەڵکوو ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی بوونی مەرگە وەک ئاسۆیەکی شاراوەی دەقەکە. کاتێک ژیان بە بەردەوامی ئیلهام لە مەرگ وەردەگرێت، چیتر ناتوانرێت وەک دۆخێکی واقیعی نیشان بدرێت و واقیع تێکدەشکێت.
لەناو دەقدا، کاتییش لە نیشاندانەوە ڕادەکات. ئێمە هەست بە کات دەکەین، بەڵام ناتوانین لە ڕێکەوتێکی تایبەت یان پرۆسەیەکی جێگیردا دەستنیشانی بکەین. ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو بەسەریەکتریدا هەڵدەخلیسەکێن. ئەمە لە بێکاتی ئەبسێرد زۆر نزیکە، بەڵام جیاوازێکی سەرەکی لەگەڵ ئەودا هەیە؛ لەم چوارینەیەدا، بەپێچەوانەی دەقە ئەبسێردەکانی تر کە پووچی تێیاندا بووەتە پاڵنەر، لێرەدا مەرگ پاڵنەرە بەهێزەکەیە.
ئەودیمەنانەی سەرەتا و کۆتاییەکی دیاریکراویان نیبە، دیالۆگەکان ناگەنە هیچ وەڵامێک و دۆخەکان جێگیر نابن. هەمووی ئەوانە یارمەتیدەرن بۆ سڕینەوەی نیشاندانەوە.
بینەر چیتر ناتوانێت بەو وەهمەوە لە هۆڵی شانۆ بچێتە دەرەوە، کە لە چیرۆکێک تێگەیشتبێت. ئەو تەنیا ڕووبەڕووی دۆخێک بۆتەوە، دۆخێک کە لەڕوانگەی بارکێردا دەبێت بە هاوارێکی سەیری نەناسراو وەڵام بدرێتەوە.
“خۆزگە بمرم» یان مەیل و ئارەزوو بۆ «لێرە نەبوون“
بارکێر لە بەشێکی گرنگی کتێبەکەیدا، باس لە ڕستەیەک دەکات کە بەڕواڵەت زۆر ئاساییە:
“خۆزگە مردبام یان خۆزگە بمرم“
ڕستەیەک کە لەناو هەموو کەلتوورەکان و زمانەکان و بەشەکانی مێژوودا، دووبارە بۆتەوە، بەڵام بارکێر لەسەر ئەوباوەڕەیە کە هەمیشە بە هەڵە لەم ڕستەیە تێگەیشتووین.
بارکێر ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم ڕستەیە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەربڕینی ئارەزووی ڕاستەقینە نییە بۆ مردن، بەڵکوو دەربڕینی ئاواتێک و خۆزگەیێکە بۆ شتێکی تر:
ئارەزووی لێرە نەبوون،
ئارەزووی لەئێستادا نەبوون،
لەکۆتاییدا ئارەزووی هیچ شتێک نەبوون.
تێگەیشتن لەم جیاوازییە، خاڵێکی گرینگ و پێویستە بۆ خوێندنەوەی ئەم چوارینەیە. چونکە ئەگەر کاتی خوێندنەوەی دەقەکە، مەرگ تەنها وەک کۆتاییەکی بایۆلۆجی یان لەناوچوونی جەستەیی ببینین، ئەوە بەشێکی سەرەکی گرژی ناوەکی و ئێستاتیکای شانۆنامەکانمان لەدەست داوە.
ئەوەی کارەکتەرەکان زیاتر و زووتر لە مردن لێی ڕادەکەن؛ «بوون»ە. بوون لەناو ئێستایەکی ماندووکەر، بوون لەناو کاتێکی لێککشاوە کە کۆتایی نییە، بوون لەناو دۆخێکدا کە تێیدا ئەگەرێک بۆ دەربازبوونێکی مانادار نییە.
لەم چوارینەیەدا زۆرجار ڕووبەڕووی ئەو ساتانە دەبینەوە کە کارەکتەرەکان هەموو وشە و ڕەفتارەکانیان پڕن لە ئارەزووی ڕۆیشتن. ڕۆیشتن نەک بە مانای چوون بۆ شوێنێکی تر، بەڵکوو بەمانای بەجێهێشتنی بارودۆخەکەیە.
بارکێر دەربارەی ئەم حاڵەتەدا دەڵێت: مەرگ وەکوو ئاسۆیەکە نەک وەکوو ڕووداوێک.
دەستەواژەی وەک “نامەوێت لێرە بم“، “ناتوانم چیتر بەردەوام بم،” یان ئەو بێدەنگییانەی کە هیچ کردارێکیان بەدوادانایەت، هەموویان هەڵگری هەمان ئارەزوون. ئەم ئارەزوویە نە ڕۆمانسیە و نە قارەمانانە. هیچ شکۆیەکی تێدا نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە ماندووبوونی میتافیزیکی، ماندووبوون لە بەردەوامی. هەروەها بارکێر، ئاماژە بە ڕستەیەکی ترییش دەکات کە دۆخێکی وەک ئەوەی پێشووی هەیە؛
“من لە مردن ناترسم”
ئەو دەپرسێت: چۆن دەبێت ئێمە لە شتێک نەترسین کە هیچ زانیاریەکمان لەسەری نییە؟ ئەو دەڵێت، ئەم ڕستەیە دەربڕینی ئازایەتی نییە، بەڵکوو نیشانەی ڕاگواستنی ترسە، نەک نەترسان لە مردن، بەڵکوو ترس لە بەردەوامی ژیان لە دۆخێکی بەرگەنەگیراودا.
لەم چوارینەیەدا، ترسی سەرەکی کارەکتەرەکانیش هەر لێرەدایە، نەک ترس لەکۆتایی، بەڵکوو ترسان لە بەردەوامی. لێرەدا، مەرگ وەک ئەگەرێکی تیۆری دەردەکەوێت، ئەگەرێک کە هێشتا وەڕاست نەگەڕاوە، بەڵام بەردەوام لە چینەکانی قووڵایی دەقەکەدا ئامادەیە. مەرگ تاکە شتە کە دەتوانێت ئەم بەردەوامییە سەپێنراوە بوەستێنێت. بۆیە تەنانەت پێش ئەوەی مردن ڕووبدات، دەقەکە تێرمەرگ کراوە .
ئارەزوو لەجیاتی پرسیار؛ بڕیاری ژنانە لە لۆژیکی بارکێردا
یەکێک لە بنەڕەتیترین جیاوازیەکانی هونەری تراژیدیای بارکێری لەگەڵ نەریتەکانی شانۆی مۆراڵیزم ئەمەیە کە مەیل و ئارەزوو دەبێتە جێگرەوەی پرسیاری ئەخلاقی.
بارکێر بەڕوونی باس دەکات کە لە شانۆی پەسەندکراوی ئەودا، ئێمە ئەم پرسیارانە ناکەین کە ئایا کاری کارەکتەر ڕاستە یان هەڵە بووە. ئەم پرسیارە لە بنەڕەتدا پەیوەندیدار نییە. کارەکتەرەکە ئەوەی دەیەوێت و پێویستە ئەنجامی دەدات. ئەم هەڵوێستە، بەتایبەتی لە بەرامبەر بڕیار و کرداری ژنانەدا، ڕادیکاڵ و تەنانەت بێزارکەرە. چونکە بینەر وا ڕاهاتووە کە بۆ کرداری ژن، پاساو بێنێتەوە یان ئیدانەی بکات. بارکێر هەردووکەی ئەم هەڵوێستانە دەسڕیتەوە و دەڵێت: ژن، کردارێک دەکات، ئەم کردارە نە بۆ ئەوەیە لێی تێ بگەین، نە بۆ ئەوەیە لێی خۆش بین.
لە چوارینەی “وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت“، ئەم لۆژیکەی بارکێر زۆر بەرچاوە. کردارەکانی مەستانە و نەشمیل و ئەو ژنانەی تر کە باسیان دەکرێت، نە لەناو چوارچێوەیەکی ئەخلاقیدا شی دەکرێنەوە، نەک خواستی ئەوەیان هەیە ئێمە لەگەڵیاندا هاوخەم و هاوسۆز بین. ئەوان بڕیار دەدەن. تەواو و هەر ئەوەندە. ئەم بڕیارانە زۆرجار لێک نادرێتەوە. ئەوان باکگراوندێکی دەروونناسانەی ڕوونیان نییە، هەروەها ناگەنە دەرئەنجامێکی ڕوون. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارەیشە کە بارکێرین. چونکە مەرج نییە مەیل و ئارەزوو لۆژیکی بن. مەیل یاخییە؛ هەر بەو جۆرەی کە مەرگ یاخییە.
بینەر و خوێنەر لە بەرامبەر ئەم بڕیارانەدا نائارام دەبێت. ئەو نازانێت پشتگیری کێ بکات، کێ بە تاوانبار بزانێت، یان ئایا هیچ تاوانبارێک هەیە. بارکێر دەڵێت بینەر دەبێت وەک بێگانەیەک بێت، کە زمانی ئەم وڵاتە نازانێت و تەنها بە هاوارکردن نائاشنایی خۆی دەرببڕێت. خوێندنەوەی چوارینەکەی داناڕەئوف، ڕێک خوێنەر تووشی ئەم دۆخە دەکات.
مەرگی کارەکتەری تراژیدیک،: بۆچی خەمبار نابین؟
بارکێر، لێدوانێکی ڕادیکاڵی سەبارەت بە تراژیدیا هەیە کە ئەگەر بەجدی وەربگیرێت، بەشێکی زۆری نەریتی هاوسۆزیکردن لەشانۆدا دەڕووخێنێت: “ئێمە بە مەرگی کارەکتەری تراژیدیا، خەمگین نابین، چۆن دەکرێت خەم بۆ کەسێک بخۆین کە ئەوەی پێویستی بووە، بەدەستی هێناوە؟ ”
ئەم ڕستەیە تەنها هەڵوێستێکی جوانیناسانە نییە، بەڵکوو گۆڕانێکی بنەڕەتییە لە پەیوەندیمان لەگەڵ مەرگ. لەم ڕوانگەیەدا، مەرگ نە شکستی قارەمانە، نە سزایەکی ئەخلاقی، نە ئەنجامی هەڵەیە. مەرگ دەستکەوتنە، بەدەستهێنانی ئەو شتەیە کە ژیان نەیتوانیوە بیدات.
ئەگەر ئەم بابەتە بە جدی وەربگرین، خوێندنەوەی چوارینەی “وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت” دەگۆڕێت، چونکە لەم دەقەدا مردن نە کتوپڕ و نە تراژیدیە بە مانا کلاسیکەکەی، نە تەنانەت شۆکهێنەرییشە. مەرگ بە درێژایی دەقەکە هێواش هێواش ئامادە دەکرێت، وەک ئەوەی ماوەیەکی زۆرە پێویست بووبێت، بەڵام هێشتا کاتی بەدیهاتنی نەهاتبێت.
بۆ سیامەند، مەرگ کۆتایی ڕێگا نییە، بەڵکوو کۆتایی داخورانە. ئەو پێش مردنی، چەند جارێک پەککەوتو بووە، لاواز بووە و لە حاڵەتێکی هەڵپەسێردراویدا ژیاوە. ژیان هیچ شتێکی بە ئەو زیاد ناکات، تەنها دەیهێڵێتەوە. هێشتنەوە، لەم چوارچێوەیەدا، توندوتیژترە لە سڕینەوە. لەبەر ئەم هۆیە، مردنی سیامەند وەک سڕینەوەی ئەگەرێک کارناکات، بەڵکوو وەک سڕینەوەی ناچارییەک کاردەکات، بەڵام بارودۆخی مەستانە، زۆر بارکێریترە. ئەو وەکوو قوربانییەکی بێ جووڵە نییە، بەڵکوو ئەوکەسەیە کە مەیل و ئارەزووی خۆی بەرەو ئاستی لەناوچوون دەبات. مەرگ بۆ ئەو، کاردانەوە نییە، بەڵکوو جێبەجێبوونی بڕیارێکە. بڕیارێک کە نە ڕوونکردنەوەی بۆ دەکات، نەک داوای هاوسۆزی بۆ دەکات و نەک چاوەڕوانی لێخۆشبوون لە ئێمە دەکات.
لێرەدا، ئەوە ڕێک ئەو شتە ڕوودەدات کە بارکێر بانگەشەی بۆ دەکات: سڕینەوەی ئەخلاق لە شانۆدا. ئێمە ناپرسین ئایا مەستانە ڕاست بوو یان هەڵە. ئەم پرسیارە لە بنەڕەتدا پەیوەندیدار نییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە مەرگ وەڵامێک بوو بۆ پێویستییەک کە ژیان نەیتوانیوە بەدی بهێنێت. لەبەر ئەوە، پرسە و ماتەمگرتن لێرەدا بێ پاساو دەردەکەوێت. خەم و پەژارە بۆ ئەو بابەتە کاتێک مانایەکی هەیە شتێک بە نادادپەروەری و بەناحەق لەدەست چووبێت، بەڵام لە لۆژیکی بارکێریدا، مەرگی کارەکتەری تراژیدیک، نەبوون و لەدەستدان نییە، بەدیهاتنە. شتێک دەگاتە کۆتایی کە دەبوا گەیشتبا.
لێرەدا جیاوازیەکی گرنگ لەگەڵ تراژیدیای کلاسیک یان تەنانەت ئەبسێردی کلاسیک هەیە. لە زۆربەی دەقەکانی بێکێت یان کامۆ، مەرگ یان شاراوەیە یان وەدرەنگی کەوتووە؛ یان بووە بە مزگێنییەکی نادیار، بەڵام لە چوارینەکەی داناڕەئووف–دا، مەرگ نە مزگێنییە، نە هەڕەشەیە، بەڵکوو پێویستە. پێویستییەک کە بەدی دێت.
مەرگ کۆتایی نییە، بەڵام تاکە ئەگەرە
ئەگەر پێداچوونەوەیەک بەسەر تەواوی ئەم شیکردنەوەیەدا بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم تێکستە هەر لە سەرەتاوە لەسەر یەک لۆژیک دامەزراوە : لۆژیکی نووسین لەڕوانگەی مەرگ، نەک نووسین دەربارەی مەرگ.
هاتنە ناوەوەی هاوارد بارکێر بۆ ئەم خوێندنەوەیە هەڵبژاردنێک بۆ ڕازاندنەوە یان ئەکادیمیک کردنی نووسینەکە نەبوو، بەڵکوو پێویستییەکی تیۆری بوو، چونکە خوێنەر تەنها لە چوارچێوەی ئەندێشەی بارکێردا دەتوانرێت تێ بگات کە بۆچی لە چوارینەی “وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت“، مەرگ هەرگیز وەک ڕووداوی کۆتایی دەرناکەوێت، بەڵام هەموو شتێک لەخۆ دەگرێت.
هەر لە ناساندنی مەرگ وەک بناغەی هونەر تا گونجاندنی تایبەتمەندییەکانی هونەری بارکێر لەگەڵ پێکهاتە و کات و کردار و زمانی هەرچوار شانۆنامە، هێڵێکی فکری بەردەوام دروست بوو کە نیشانی دەدات مەرگ لەم دەقەدا بابەت نییە، بەڵکوو لۆژیکێکی شاراوەیە کە جیهانی کارەکە ڕێکدەخات. بەم شێوەیە، بینیمان کە چۆن تایبەتمەندییەکانی وەک بێکۆتایی، بێکارایی، بێ شوێنی، پێشبینی نەکراو، ناعەقڵانی، مەحاڵبوونی پێگەیشتن و یاخیبوون، جۆری تایبەتمەندی ئەبستراکت نین یان تەنها سیفەتێکی تیۆری نین، بەڵکوو کوالیتی جیهانی شانۆنامەکانن.
لە چوارینەیەکەدا، کردارەکان بە ئامانج ناگەن، ڕاکردنەکان ناگەنە شوێنێکی تر، بڕیارەکان بۆ ڕوونکردنەوە نابن و کات، بە بەردەوامی دەشکێت و هەڵدەپەسێردرێت. ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە کە مەرگ وەک ئاسۆ، هەموو شتێک لە سێبەری خۆیدا دەهێڵێتەوە. سڕینەوەی نیشاندانەوەیش هەر بەم شێوەیە کاردەکات: دەق بەئاگاییەوە لە جێگیرکردنی واقیع، خۆدەپارێزێت، وەهمێک دەربارەی شوێنێکی پارێزراو ساز ناکات و نیشانەی دڵنیاکەرەوە ناداتە خوێنەرەکەی.
شانۆ، لێرەدا، نیشاندانەوەی ژیان نییە، بەڵکوو بەرگرییەکە لە دژی درۆی “بوون لە شوێنی ڕاستەقینە“، بەرگرییەک کە تەنها بە تەرکیز کردن لەسەر مردن ئەگەری بوونی دەبێت. لە چوارینەی دانا ڕەئووف دا، مەرگ شتێکی لەسەر بنەمای ڕووداو نییە، نە ئامرازێکی شۆک و نە توخمێکی ئەخلاقییە، نە لوتکەی گێڕانەوە.
مەرگ کۆتایی ژیان نییە، بەڵکوو؛ کۆتایی سەپاندنی ژیانە.
ئارەزووی مەرگ لەم دەقەدا هەرگیز ئارەزووی لەناوچوون نییە، بەڵکو ئارەزووی “لێرە نەبوون” و “لە ئێستادا نەبوون” و ئازادبوون لە کاتێکی خنکێنەرە.
ڕێک لەم خاڵەدایە کە مەرگ، لە لۆژیکی بارکەر و لە جیهانی دانا ڕەئووف دا، لەگەڵ مەیل، ئارەزوو و زمان و جوانییەوە گرێ دەدرێت: چونکە ئەم خاڵە، تاکە شوێنە کە تێیدا چیتر پێویست ناکات ئارەزوو پاساو بکرێتەوە و جوانی خزمەت بە مانا بکات.
پەیوەندی نێوان خوێنەر یان بینەرییش بە مەرگی کارەکتەرەکانەوە، هەر پەیڕەوی لەم لۆژیکە دەکات. ئێمە بۆ مەرگی ئەوان ماتەم ناگێڕین لەبەرئەوەی دەقەکە ڕێگە بە پرسە و خەمباری نادات. سیامەند، بەتایبەت مەستانە، قوربانی مەرگ نیین، بەڵکوو خوازیاری مەرگن. نەک لە ڕووی نائومێدییەکی ڕۆمانسی، بەڵکوو وەکوو وەڵامێک بۆ گرێی کات، کردار و مەیل. بۆ ئەوان مەرگ، شکست نییە، مەرگ، دەستکەوتە؛ گەیشتن بە دۆخێکە کە چیتر ژیان تێیدا نەسەپێنراوە.
لەکۆتاییدا ئەگەر بمانەوێت چەمکی مەرگ لەم چوارینەیە دا بۆ ڕستەیەکی یەکلاکەرەوە کورت بکەینەوە، دەبێت بڵێین:
مەرگ لە چوارینەی دانا ڕەئووف دا ، دیوێکی تری ژیان نییە، بەڵکوو تاکە شوێنە کە چیتر ژیان تێیدا ناسەپێنرێت.


