دیمه‌نی شانۆگه‌ری - ژیانی وه‌ستاو - لارش نۆرین

ژیانی وەستاو، گەڕانەوەیەکی تری لاش نۆرێن بۆ ژیان و مەرگ


Loading

شانۆنامەنووسی سوێدی (لاش نۆرێن) دەقێکی تازەی خۆی (ژیانی وەستاو) لە شانۆی پادشایەتی پێشکەش دەکات. ئەم دەقە نوێیەی، کە هەر لە ریژی خۆیەتی، زیاتر سیناریۆیەکی درێژە و بە چەشنی نۆتەی مۆسیقا، گوزارشت لە ژیان و مەرگ لە ژیانی ڕۆژانە و هەروەها لە مێژوودا دەکات.

دەقەکە دوو کاتژمێری تەواو لەسەر شانۆ دەخایەنێت و تەنها یەک وشە لەخۆ دەگرێت، لەبری ئەوە ئەکتەرەکان بە جووڵە و جووڵەی گوزارشتئامێز و وێنەی شانۆیی، مێژووی سوێد بەرجەستە دەکەن. خودی دەقەکە دوو سەت لاپەڕەیە؛ ئەمەیش دەروازەیەکە بۆ گێڕانەوەیەکی سەرلەنوێ و جیاوازی مێژووی وڵاتی سوێد. ژیانی وەستاو، کە هیچ دیالۆگێک لەخۆ ناگرێت، بەشێکە لە سێینەیەک، کە نۆرێن بە (سەرەتای کۆتایی) ئاماژەی بۆ دەکات، هەر سێ بەشەکەیش باسی ئەو مرۆڤانە دەکەن، کە تەمەنییان لەنێوان ٧٠ و ٨٠ ساڵیدایە، بەڵام نیوەی کارەکتەرەکانی (ژیانی وەستاو) منداڵن.

نۆرێن دەیەوێت لەم بەشەی سێینەکەدا، گوزارشت لە هەموو چارەنووسی ژیان، لە منداڵەوە بۆ زۆر بە تەمەنەکان، بکات. دوو بەشەکەی تر دیالۆگێکی ئێجگار زۆر لەخۆ دەگرن و وەک (ژیانی وەستاو) بێدەنگ نین. ئەم ئەزموونە نوێیەی نۆرێن، هەنگاوێکی تری ڕەچەشکێن و چاونەترسانەیە، بەرەو دابڕان و مینیمالیست؛ مرۆڤ هەمیشە لە دەرەوەی بەکارهێنانی وشە و زمانەوە، گوزارشتی لە شتە گەورەکانی ژیان کردووە.

 

ئەگەر سەیرێکی خێرای ڕەوتی گەشەی دراماتیکی نۆرێن بکەین، لەنێوان قەبارەیەکی گەورەی پڕ لە تێکست و گەڕانەوە بۆ تێکستی کورت و چڕبوونەوەدا، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە. تەکنیک و شێوازی نوسینی ئەم شانۆنامەنووسە، لە هەر قۆناغێکدا ئاڕاستە و فۆرمەکانی گۆڕیوون، لەگەڵ ئەوەیشدا، سەرەتا و کۆتایی مرۆڤ؛ له‌دایکبوون و مردن، لە چەقی هەموو فۆرم و قۆناغ و گۆڕانکارییەکانیدا بووە. لە هەر فۆرمێکدا بنووسێت، چ شێوازێک هەڵبژێرێت، قەبارەی نوسینەکەی چەند بێت، هەمیشە مەسەلە خودگەراییەکانی مرۆڤ و مەرگ لە چەقدان.

 

لارس نۆرین – فۆتۆی ٢٠٠٧
له‌دایكبووی ١٩٤٤

نۆرێن ئەم گەشە درامییەی دەقەکانی، لەم دوا وێستگەیەیدا، کە بەبێ دیالۆگ و مەنەلۆژ دەنوسێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم قۆناغەی ژیانی خۆی، بۆ بەسەرچوونی تەمەن و نزیکبوونەوە لە دوا ڕۆژەکانی ژیان و مەرگەوە. بە شێوەیەکی گشتی، ئەم دەق و نەمایشە دوو کاتژمێرییە بێدەنگە، باسی ژیان، کات، یادەوەری، خۆشەویستی، هەروەها مەرگ دەکات. لە دەروازەکانی ئەم باسانەوە، لە ورووژانی بیرەوەری و مامەڵەکردن لەگەڵ کات و عەشق و هەروەها مەرگەوە، باسی ژیانی کۆمەڵایەتی و گەشەی سیاسیی سوێد دەکات؛ کات لەم ئەزموونەدا چەمکێکی گرینگی دەق/ نمایشە و لەنێو چەمک و بنەماکانی کاتەوە؛ مرۆڤ، مێژوو، گەشەی مرۆڤایەتی، مێژووی سوێد، بە تایبەتیش لەنێوان ساڵانی ١٨٩٧ بۆ ٢٠١٥دا بەرجەستە دەبن.

 

ئەم مێژووەی نۆرێن لەم دەقەیدا دەیگێڕێتەوە، مێژوویەکی ئاسایی نییە و باسی هیچ جۆرە پادشا، شاژن، سەرکردەی سوپا و سەرکەوتنی شەڕەکانیان ناکات، ئەوەی ئەم مێژووە تۆماردەکات تەنها و تەنها مرۆڤە. مرۆڤی تەنها، مرۆڤ بە گروپ، ئەو مرۆڤانەی ئاڵودەی یەکتر دەبن، ئەوانەیشی لەیەکتر و لە دەستی یەک ڕادەکەن، ئەو مرۆڤانەی جەستەی مردووەکان دەپێچنەوە، منداڵە مردووەکان، ئەو مرۆڤانەی ناپاکی لە یەکتر دەکەن، ئەوانەی ئەوانیتر نابینن و پەراوێزیان دەخەن، ئەو مرۆڤانەی بە ئاسانی مرۆڤ بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەفرۆشن، هەروەها ئەو مرۆڤانەی پیر دەبن و دەچنەتەمەنەوە و دەمرن. دەکرێت بڵێن، ڕووداوەکان، جۆرە بیرەوەریی و بیرکرنەوەیەکن، کە مرۆڤ دەگەڕێتەوە و سەیرێکی ژیانی ڕابوردووی خۆی دەکات.

 

بێدەنگی ئەم دەقە نوێیەی نۆرێن، لە ئەنتوان چێخەف-مان نزیک دەکاتەوە، بە سامۆێل بێکێت-مان دەناسێنێت، لە هەڕەشەکانی هارۆڵد پینتەر-مان دەگەیەنێت و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ بێدەنگییەکەی یۆن فۆسە. ڕەوشی بێدەنگی و شانۆیەکی پانتۆمایم، بارگاویکراو بە مێژوو، جەنگ و چارەنووسی سەد ساڵەی مرۆڤ، لە مێژووی شانۆدا قووڵدەبێتەوە و وێنەیەکی ڕەوش و چارەنوسی ئەم سەد ساڵەی مرۆڤ بەرجەستە دەکات. نۆرێن لەم دەقە بێدەنگەیدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەر (تەرمیناڵ)ەکانی، لە وشە دایان دەبڕێت، کارەکتەرەکانی ڕووتدەکاتەوە، زەمینەیەکی خودگەرایی/فەلسەفی زیاتریان پێدەبەخشێت و لەم ژیانە وەستاوەدا، بە نێو ڕۆحی خۆیاندا شۆڕیان دەکاتەوە. <١>

 

دەقەکە لە ١٠٤ دیمەن پێک هاتووە، دوانزە ئەکتەر و دوانزە منداڵ ڕۆڵی تیا دەبینن، تەمەنی ئەکتەر و منداڵەکان لەنێوان ٧ ساڵییەوە بۆ ٨٩ ساڵی دەبێت. هەر دیمەنێک لەم ١٠٤ دیمەنە، ڕەوشێکی دیاریکراو، ڕووداوێکی بەهێز و کۆنکرێتئاسا لەخۆ دەگرێت. نۆرێن خۆی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە نایەوێت بڵێت ئەم دەقە، یان نمایشەکە باسی چی دەکات، بەڵکوو دەیەوێت نمایشەکە، وەک ئەوە وا بێت، کە مرۆڤ لە پڕ شتێکی بیردەکەوێتەوە، تا مرۆڤ بە تەواوی لە هەموو شتێک نەگات.

 

بەشی یەکەم، بەرجەستەی پیربوونی پیاوێک دەکات، (هاوسەر/باوک/مرۆڤ)  کە هێدی هێدی و بە شێوەیەکی دڵتەزێن و لە پرۆسەی پیربووندا دەمرێت. بەشی دووەم (ئافرەتێکی پیر، ژن/دایک/مرۆڤ)  دەبێتە چەقی ڕووداوەکان، کە ئەویش دەمرێت. لەنێوان ئەم دوو ژیان و مەرگەدا، جەنگ، دابڕان، خۆشەویستی، په‌یوەندییە سێکسیەکان، شێتی، جیابوونەوە و لێکترازانی خێزان و داڕمانی پایە کۆمەڵایەتییەکان، بەرجەستە دەبن.

 

تەماشکردنی نمایشەکە، بە سەیرکردن و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ئەلبومێکی کۆنی وێنە ڕەش و سپییەکانی جاران دەچێت، وێنەیەکی فۆتۆگرافی دەبێتە شانۆ! دیمەنی کورت، کە لە تاریکییەوە دێنە دەرەوە، وێنەی زەمەنێکی لە بیرکراو، وێنەی چەندان گوزارشت، کە بە شێوەیەکی قووڵ لە خودی ئێمەی مرۆڤدا ڕەگی داکوتاوە، نێزیکی لە مەرگەوە، ئەو جەستەیەی دوا وێستگەکانی ژیان تێدەپەڕێنێت. هه‌ندێک لە هاوڕێ و خزم و کەسەکانی ڕابوردوو، لە ئەلبومەکەوە دێنە دەرەوە و سەرلەنوێ دەژێنەوە؛ لە ژیان و ئەزموونەکانییان ڕادەمێنین و ئەو ژیانە وەستاوەی لە وێنە و ئەلبومەکاندان، دەژێنەوە. دەق/نمایش ناوی (ژیانی وەستاو) لەخۆ دەگرێت. بەڵام ئەو ژیانە وەستاوە، تەژییە لە ژیان و جووڵە و هەراوزەنا، هەروەها بێدەنگیش. نۆرێن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، قسەنەکردن و بێدەنگی کارەکتەرەکانی ئەم دەقەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی مرۆڤ، کە سەیری ڕابوردووی ژیانی دەکات، ئەو زەمەنەی بەسەرچووە و ئەوەی ماوە: لەم رەوشانەدا، مرۆڤ وشەکانیی بیرناکەوێتەوە، نایەتەوە یادیی چی گوتووە، ئەوەی لە بیریدا دەمێنێتەوە، هەندێک لە ڕووداوە گەورە و بچووکەکانە.

 

ئەوەمان لەبیر نەچێت، کە ئەم دەق/ نمایشە چەندە لە وشە دابڕاوە، چەندە ئەکتەرەکان بە درێژایی دوو کاتژمێر بێدەنگن؛ هێندەیش بە (دەنگ) دەوڵەمەندە: دەنگی کورسی، جیکەجیکی چرپای نووستن، هەڵوەرینی جومگەکانی جەستەی مرۆڤ، مێزی شیتاڵکردنی جەستەی مردوو، کرتە کرتی ددان… هتد. ئەم دەنگانە و وێنەدەنگییەکان وێنەیەکی تر لەنێو وێنە بێدەنگەکاندا دروست دەکات، مانایەکی تر بە وێنەی نێو ئەلبومەکان دەبەخشێت و لە یادەوەرییەکانمانەوە نزیکتر دەکاتەوە.

 

لە یەکێک لە دیمەنەکاندا، سێ ژن و سێ پیاو، واتە شەش ئەکتەر، کە تەمەنیان جیاوازە، بەرامبەر بە یەکتری دادەنیشن، دیمەنەکە گوزارشت لە سێ قۆناخی جیاوازی تەمەنی هاوسەرگیری ئەم کەسایەتییانە دەکات. یەکێک لە پیاوەکان دەست بۆ ژنەکەی ڕادەکێشێت، ژنەکەی لە دونیایەکی تردا درێژەی بە ژیانی خۆی داوە؛ چاوەڕوانی، دوودڵی، شپرزەیی، خولیابوون و تامەزرۆیی، دیمەنەکە بەشێکە لە وێنەکانی ئەلبومەکە.  دیمەنە کورتەکانی ئەم نەمایشە، لە پڕ لە ڕووناکییەکی بەهێزدا، پانتایی شانۆکە داگیر دەکەن، تا خێرا و بە هەمان شێوە، لەنێو سێبەر و تاریکییەکاندا لە چاو ونببن و بزر ببنەوە.

 

(ژیانی وەستاو) نمایشێکە تەژی لە جەستە، کار لەسەر جەستەی مرۆڤ کراوە؛ ئەو جەستانەی کار دەکەن، جەستەی سۆزانییەکان، جەستە مردووەکان، جەستەی منداڵ، پیرەکان، برسییەکان، جەستەی تەنها و جەستە لەنێو جەستەکانی تردا و بە کۆمەڵ. زمانی هەریەک لەم جەستانە و لەم پانتاییە بێدەنگەدا، زمانی نەمایشەکەیە. کارەکتەرەکان، یان جەستەکان لە بێدەنگیدا پیاسە دەکەن، بەسەر شانۆکەدا ڕادەکەن، بەبێ جووڵە دادەنیشن، پاڵ دەکەون، منداڵەکان ڕادەژەنن، برینەکان تیمار دەکەن، دەمرن و یەکتری بە خاک دەسپێرن.

 

ڕووداوەکان، ئەکتەرەکان لەنێو هێڵی نمایشەکەدا، لە بێدەنگییەکی چڕدا، لەنێو تاریکی و ڕووناکیدا ناچار دەکات، بە شێوەیەکی بەردەوام و بەبێ وەستان لە گۆڕانکاریدابن، دەمرن و لە جەستەی یەکتریدا زیندوو دەبنەوە، بەردەوامی دەدەن بە ژیانییان تا سەرلەنوێ بمرنەوە. (ژیانی وەستاو) جۆرێکە لە قوتاربوون لە تاریکیدا، مرۆڤ ژیانێکی تر لە بێدەنگی و لە تاریکیدا دەدۆزێتەوە و بەجۆرێکی تر دەژی.

 

دیمەنەکان چەندە دیمەنی سەربەخۆن و گوزارشت لە شتێکی کۆنکرێتی دەکەن، هێندەیش دەچنە نێو یەکترییەوە، یەکتر تەواو دەکەن و لەنێو یەکتردا ڕەنگ دەدەنەوە. ئەوەی لەسەر شانۆ بەرجەستە دەبێت، هاوکات ڕەنگدانەوەی ژیانی بینەرانە، ئەزموون و ژیان و هەست و سۆز و جۆرە ڕووبەرووبوونەوەیەکە لەگەڵ پیربوون و خۆئامادەکردن بۆ مەرگ، هەروەها لەدایکبوون و خۆئامادەکردن بۆ ژیان. بینەران ڕووبەڕووی ژان و پەژارەی خۆی دەبێتەوە، هاوکات خۆشی ژیان و چۆنییەتی ڕووبەرووبوونەوەی ژیان.

ته‌واو

 

١تەرمیناڵ، چەندان دەقی کورتی نۆرێنە و وەک ئەزموونێکی جیاواز و تازە کاری لەسەر کردوون، دانا ڕەئووف تا ئێستا چوار دەقی لەم تەرمیناڵانە لە سوێدییەوە کردووە بە کوردی و لە زنجیرەی شانۆی جیهانی، دەزگای ئاراس بڵاو کراونەتەوە.

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین