خاوبوونه‌وه‌

ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

به‌یكه‌ن؛ سێینه‌ تابلۆ - ١٩٧٩-١٩٨٠ Francis Bacon- 1979–80 Medium:Oil on canvas Dimensions:Each: 14 3/4 x 12 1/2 in. (37.5 x 31.8 cm)
122
Painting Title: Self Portrait 1973
Francis Bacon

به‌دووی هیچ شتێكدا ڕاناكه‌م

گه‌ر پاسه‌ دووقاتیه‌كه‌ جێیهێشتم

ماڵئاوا …

 

گه‌ر ئه‌م پاپۆڕه‌ جێیهێشتم

ماڵی ئاوابێت

من هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م به‌نده‌رم.

گه‌ر مردن له‌جه‌نگدا نه‌یكوشتم

ماڵی ئاوابێت

خۆمن هه‌ر لێره‌م .

 

 

له‌كوێ په‌له‌ هه‌بوو، من خاو ده‌بمه‌وه‌

له‌كوێ ڕاكردن هه‌بوو، من ده‌وه‌ستم

له‌كوێ هه‌را هه‌بوو

من له‌سه‌ر كورسیه‌ك داده‌نیشم و سه‌یرده‌كه‌م …

 

ئه‌وان به‌ره‌و كوێ كۆچیانكرد

من له‌وێوه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌.

 

فرانسیس به‌یكه‌ن؛ ١٩٦٦
for a Portrait of Lucian Freud, 1966. Bacon, Painting Series

له‌كوێ خاوبوونه‌وه‌ هه‌بێت

خه‌وبینه‌ر هه‌یه‌.

له‌كوێ خه‌وبینه‌ر هه‌بێت

هێمنییه‌ك هه‌یه‌، ڕۆژێك  دێت بیگه‌یتێ …

 

 

له‌كوێش شیعر هه‌بوو

چۆله‌كه‌یه‌ك هه‌یه‌، دڵت خۆشده‌كات.

 

له‌كوێ من هه‌بووم به‌ئیگۆیه‌كی زله‌وه‌

ئه‌وه‌ بزانه‌ خومارم به‌خه‌ونێك …

گه‌ر شه‌پۆله‌كانی ئه‌م ده‌ریایه‌ كشانه‌وه‌

ماڵیان ئاوابێت،

من هه‌ر هێنده‌م پێده‌كرێت.

 

 

گه‌ر دارستانه‌ دێرینه‌كه‌ چیتر منی نه‌ویست

ماڵی ئاوابێت و سوپاس بۆ دره‌خته‌كانی.

ئه‌فسوس، ئه‌م شه‌فه‌قه‌  كاڵ بۆوه‌ و

فریای ئه‌وه‌ نه‌كه‌وتم بڵێم ؛ ئاوه‌دان بیت، ئاوه‌دان …

فرانسیس به‌یكه‌ن؛ بانگكردنه‌وه‌ی ژن – ١٩٦١ – زه‌یتی له‌سه‌ر كه‌نڤاس-
Francis Bacon Reclining Woman 1961 Oil on canvas x Tate – bacon

 

 

ئه‌م په‌نجه‌ره‌یه‌ كه‌ داخرا

بیرمچوو پێی بڵێم؛ ڕه‌نگه‌ شینكه‌ت چه‌ند جوان بوو ..

ئه‌م گوڵدانه‌ كه‌شكا

بیرمچوو ڕۆژێك له‌ڕۆژان سوپاسی بكه‌م .

 

ئه‌و شه‌قامه‌ی هه‌فته‌ی دووجار

پێدا تێده‌په‌ڕم

بیرمچوو پێی بڵێم؛ سوپاس

سوپاس كه‌به‌رگه‌ی خه‌ونه‌كانمت گرتووه‌ …

ئه‌و دره‌خته‌ی ڕه‌شه‌با له‌ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵیكه‌ند

بیرمچوو ئاهی بۆ هه‌ڵكێشم …

 

 

ئاوه‌ها ..له‌كوێ تێپه‌ڕبوونی خێرا هه‌بێت

له‌وێ من خاو،

زۆر خاو، هه‌نگاو ده‌نێم .

له‌كوێ ئاسمان به‌دی بكه‌م

خاو ، زۆر خاو، هه‌نگاو  هه‌ڵدێنم

ده‌هێڵم پاسه‌كه‌ جێمبێڵێت

كه‌شتیه‌كه‌ بڕوات

مردن تێپه‌ڕبێت .

 

 

 

 

 

 

له‌نده‌ن  – 06.01.2017

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

 

You might also like More from author