بوخاری وشیار

Loading

بارانەکە توند

پردەکە خەریکە بکەوێت

بەم بەرەبەیانە  پشیله‌كان دیار نین

By: Igor Shulman

شۆستەکان تەنهاییەکی قووڵیان تێكه‌وتووه‌،

لەدەرەوەم بۆ

هیچ شتێکم بیر نییە…

تەنها ئەوە دەزانم

لەدەست شتێک هەڵاتووم

وشکییه‌کی سەختم بڕیووە

تینووی تەڕبوونێکی ساردم،

کەمێک تاریکیم پێویستە.

بێدەنگییەک ترسێنەر،

 

قووڵاییه‌کم دەوێت

بمخنکێنێت،

ژیان ئازاربەخشە و

ملم تووند دەگوشێت،

تا ڕادەی خوێن تێزان

لەشم پڕە لە برینی قووڵ و تاریک

هەر برینە و ئاوازێکی لە پشتە،

دارستانێک نادۆزمەوە

بۆ خۆ حەشاردان

ئەشکەوتێک نابینم بۆ خەوتن.

 

بەم شارەدا وێڵ

پیاسەدەکەم،

تاقەتم نییە سەرم هەڵبڕم و

شەق لەو قوتووە بەتاڵانە هەڵدەدەم

کە خۆیان دەخەنە ژێر پێم.

جگەرەیه‌کی ڕووسی لەسەر لێومه‌ و

حەز دەکەم جنێو بەم شارە بدەم

جگەرەکەم خۆشتر دەوێ

نامەوێ بکەوێت.

 

دەنگی کەمانچەیه‌ک

لە پەنجەرەیه‌کەوە دێت و

دەموەستێنێت،

سەمفۆنیایه‌کی بتهۆڤن

نامەوێت بیرم بکەوێتەوە ژمارە چەنده‌،

شووشەیه‌ک دەشکێت

بێدەنگی دێت

کۆمەڵێک ڕستەی خنکاو.

 

لەم ڕۆژانەدا شیعرێکم نووسی

لەسەر پردێک بووم

خەریکبوو تاریکی قووتی بدات

By: Igor Shulman

قەلەڕەشێک هاوارێکی ترسێنەری لێ بەرزبۆوە

شیعرەکە ترسێکی تێهەڵگەڕا و

خێرا ونبوو،

تارماییه‌کی مۆر

بەسەر ڕووبارەکەوە

دوور دەرکەوت

بیری خۆ هەڵدانێک هاتە مێشکم

لە باڵکۆنی باڵەخانەیه‌کی سووتاو

بەسەر کورسییه‌کی سپی

ژەنگ هەڵاتوو،

خەبەرم بۆوه‌.

 

لەسەر پردێکم

دیوارەکانی درزیان تێکەوتووە،

لە درزەکانیەوە

ڕووناکییه‌ک بەسەر دیوارەکەوە

بیرەیه‌کی گەرم بووم بەدەستەوەیە

حەز دەکەم درزێک بخەمە ئاوەکەوە.

بیرەکەم خۆشتردەوێت

نامەوێت بەئاگا بێمەوە…

 

خەیاڵێک دەمباتە سەر ڕێگای

شەمەندەفەرێکی بیست و یه‌ك فارگۆنی،

لەسەر سکە ئاسنینەکە

خەوێکی سارد،

دەنگی شەمەندەفەرێک

ناهێڵێت بخەوم.

 

ڕۆژنامەیه‌کم بەدەستەوەیه‌ و

جگەرەیه‌کی ڕووسی

بەسەر مێزێکی سپی ڕەش هەڵاتوو

دەکوژێنمەوە.

لە باڵکۆنی کافێیه‌کدام

قاوەیه‌ک بانگدەکەم،

پێمدەڵێن کوا پاسپۆرتەکەت!

 

لەسەر پردێکم و

بارانەکە تووڕەتر

گیانم پڕە لە بێدەنگی

دەستم لە باخەڵمدا

بەرەو ماڵەوە دەخزێم …

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.