کولتوری کوردی و جوداوازی


Loading

بەگشتی کولتوری کوردی [لە هەرێمی کوردستان] لە جوداوازی (جیاوازی) دەترسێ، بۆیە داژیەتی جوداوازبوون دەکات و داواکاری بۆ هاوشێوەیی، لەیەکچوون و وەکیەکی بەرزدەکاتەوە. لەبەرئەوە دەیەوێ هەموو مرۆڤەکان وەک یەک و هاوشێوەبن، یەک ڕەنگ بن، وەک یەک بیربکەنەوە و بهزرن. لێرەوە بەو دەرەنجامە دەگەین کە کولتوری کوردی کۆیەکی (کۆلێکتیڤ)یە، تاک لە خۆیدا، بەبێ کۆ واتا بەبێ ئەوانی دیکە بەها و بایەخمەندی نییە. بۆیە لەنێو ئەو کولتورەدا تاک سەرهەڵنادا، ئازادی تاکەکەسی بوونی نییە. تاکەکان لەنێو هاوشێوەیی و یەکڕەنگیدا خۆیان دەشارنەوە، بۆیە بێشوناس و کێیەتی خۆیان دەمێننەوە؛ لەبەرئەوە بەڕێی بنەماڵە، خێڵ، ناوچە، … هتاد یەوە خۆیان دەناسێنن و پێناسەی خۆیان دەکەن.

ئەم کولتوری وەکیەکی، هاوشێوەیی و ناجوداییە هەنووکە لەنێو هزرین، هونەر، ئەدەب، تەلارسازی، شایی و هەڵپەڕکێ، خۆپۆشین، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، پسیکۆلۆگی، سیاسەت، بەگشتی لەنێو هەموو لکەکانی کولتوری کوردیدا پەرچێندراوە و بەئاشکرا خۆی دیاردەهێنێ. کاتێک کە جوداوازی نامێنێ، ئەوا لاساییکردنەوە دەبێتە پارادایم و شائامانج. بۆ نموونە، لە کولتوری کوریدا هەمووان وەک یەک بیردەکەنەوە و دەهزرن، ئەگەر وەک ئەوانی دیکە نەهزری ئەوا دەبیتە ئامانج بۆ هێرشەکانیان. لە هونەردا، زۆربەی هونەرمەندانی کورد هاوشێوەن و وەک یەک بە هونەرەوە خەریک دەبن، ئەگەر هونەرمەندێک جوداواز لە ئەوانی دیکە ئیش بکات، ئەوا ئەوانی دیکە ڕەخنەی دەکەن و ئیشەکانی نزم دەنرخێنن. لەنێو ئەدەبدا، زۆرینەی نووسەران، هۆنەران و ئەدیبانی کورد  لە ئێستادا وەکو یەک بە زمانێکی زارەکی ئاستنزمی ڕۆژانەیی و بازاڕی دەنووسن، ئاخر ئەوان چۆن دەئاخڤن وەهاش دەنووسن، بێئاگا لەوە کە زمانی ئاخاوتن و نوسین لە یەکدی جودان!

ئەگەر ئێمە لە شایی و هەڵپەڕکێی کوردی ڕابمێنین، ئەوا ڕوویەکی دیکەی ئەو هاوشێوەیی و وەکیەکییەمان بۆ ئاشکرا دەبێت. ئاخر لە هەڵپەڕکێی کوردیدا هەمووان پێکەوە دەست دەگرن، بە یەک ئاواز، لەسەر یەک ڕیتم، بە یەک شێواز هەڵدەپەڕن، واتا هەڵپەڕکێی کوردی کۆیەکییە، بۆیە تێیدا تاک هیچ ڕۆڵێکی نییە، تاک ناتوانێ تێیدا گۆزارشت لە خۆی بکات، بەڵکو دەبێ بەدووی ئەوانی دیکە بکەوێ، ئاخر لە هەڵپەڕکێی کوردیدا هەمووان دوای ئەو کەسە دەکەون کە سەرچۆپی بە دەستە ئەوانی دی هەتا گاوانی شوێن ئەو دەکەون، واتا سەرچۆپی ڕۆڵی سەرکردە یان ڕێنومای ئەوانی دیکە دەبینێ، بۆیە جاران ڕەنگە تا هەنووکەش لە هەندێ لە زەماوەندەکاندا لەبەر سەرچۆپی گرتن شەڕ دەکرا و تەنانەت کەسان دەکوژران!

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی خێزانی کوردی ڕوویەکی دیکەی ئەو هاوشێوەییە دەردەخات، هەر لە شێوازی دروستکردنی خانووی کوردییەوە بۆمان دەردەکەوێ کە لەنێو خێزانی کوردیدا هیچ ژمێرەیەک بۆ تاک، سەربەخۆیی تاک، پرایڤاسی و خۆمەندییەکانی تاک ناکرێ. ئاخر لەنێو خانووی کوردیدا هیچ ژوورێک یان شوێنێکی تایبەتی بۆ تاکەکانی نییە، بەڵکو زۆرینەی خێزانی کورد منداڵەکانی هەموو پێکەوە لە ژوورێک یان دوو ژووردا گەورەکردووە. بەتایبەتی لە کۆندا خێزانی کوردی خێزانی گەورە بوون، زۆرینەی خێزانەکان نزیکەی ٨_١٠ ئەندام بوونە، سەرجەمیان لە یەک ژوور نووستوون، خواردوویانە، …هتاد. ئەگەرچی ئێستا ئەمە تاڕادەیەک گۆڕاوە، بەڵام هێشتاش هەموو ئەندامەکانی خێزان ژوور و شوێنی تایبەتی خۆیان نییە، بەتایبەتی کچان! لە لایەکی دیکەوە خێزانی کوردی، باوک و دایکی کوردی، دەیانەوێ لەسەر هەمان شێوەی خۆیان منداڵەکانیان گەورە بکەن، دەیانەوێ خۆیان لەنێو منداڵەکانیاندا ببیننەوە، هەروەک کورد دەڵێ: ”گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە”. بۆیە دەبینین منداڵی کورد زوو گەورە یان پیر دەبێ، بەڵام نەک گەورەبوون یان پیربوونی فیزیکی بەڵکو هەر زوو کۆپییەکی دایک و باوکەکەیان لێ دەردەچێ. لەنێو خێزانی کوردیدا ئەگەر منداڵێک جوداواز بێ لە ئەوانی دی ئەوا هەر زوو باوکە و دایکە، خوشک و براکان سەرزەنشتی دەکەن و دەیانەوێ وەکو خۆیانی لێ بکەن.

 

 لە دوای ٢٠٠٣وە لە شار و شارۆچکەکانی (هەرچەندە ئێمە بە واتای ڕاستەقینەی وشەکە شارمان نییە!) کوردستاندا، شەپۆلێکی خانووسازی، لە ڕاستیدا، نەک تەلارسازی (ئارکیتێکتور)! بە بلۆک و چیمەنتۆ دەستی پێکرد، ئەمە هەموو پنتێکی ئەو هەرێمی کوردستانەی گرتەوە تەنانەت بە گوندەکانیشەوە، ئاخر ئێستا لە گوندەکانیشدا خانوو بە بلۆک و چیمەنتۆ هەڵدەچنن، کە ئەمە لەگەڵ سروشت و سیمای گونددا زۆر نەساز و ناکۆکە. ئەم خانووسازییە بە بلۆک و چیمەنتۆ ڕوویەکی دیکەی ئەو کولتوری هاوشێوەیی و وەکیەکییە، ئاخر هەمووان وەک یەک بە بلۆک و چیمەنتۆ بەخێرایی خانووەکانیان هەڵدەچنن! بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئاخر لە خانوویەکی وەها دروستکراودا، کە هیچ ستانداردێکی ژینگەیی تێدا نییە، هاوین لەبەر گەرما تێیدا هەڵدەقرچێی و زستان لەبەر سەرما تێیدا هەڵدەلەرزی. هەموو پێکڕا وەک یەک خێرا خانووەکانیان لە بلۆک و چیمەنتۆ هەڵدەچنن،  بەبێ ئەوەی بیر بکەنەوە خانووی وەها چەندی وزە دەوێ تاکو بکرێ بە شوێنێک بۆ ژیانکردن، ئاخر ئەو جۆرە خانووە وزەیەکی زۆری کارەبا، ئاو، سووتەمەنی، گاز، و وزەی مرۆڤی دەوێ تاکو لە  هاویندا فێنیک بکرێتەوە و لە زستاندا گەرم بکرێتەوە، بۆیە بەشێکی زۆری وزەی مرۆڤی، پارە و داهاتی خەڵک بۆ ئەو مەبەستە خەرج دەکرێ.   

 

لەنێو کولتورێکی وەهادا خۆبوون و جوداوازبوون گەورەترین باج و قوربانیدانی دەوێ، ئاخر هەر زوو ڕووبەڕووی هێرشی هەمووان دەبیتەوە، چونکە هەمووان دەیانەوێ وەک ئەوان بی، وەک ئەوان بژی، وەک ئەوان بیربکەیتەوە، وەک ئەوان بخۆی، وەک ئەوان چێژ وەربگری، وەک ئەوان خۆ بپۆشی، وەک ئەوان بنوسی، وەک ئەوان خانووی بلۆک و چیمەنتۆ دروستبکەی، نەک ماڵ بۆ تێدا ژیان! وەک ئەوان لەسەر ئاواز و ڕیتمی ئەوان هەڵپەڕی.

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین